
بیست و چوار دواین ژماره ده‌بێت؟
بیست و چوار دواین ژماره ده‌بێت؟
. نامق هه‌ورامی
که‌رکوک ئه‌مڕۆ له‌گشت کاتێک زیاتر ئاڵۆزه، خه‌ڵک و سه‌رکردایه‌تی کوردستانیش نیگه‌رانن له‌وه‌ی روده‌دات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوو له‌که‌رکوک رویدا شتێک نه‌بوو چاوه‌روان نه‌کراوبێت، هه‌میشه ئه‌وانه‌ی له‌سایه‌ی دیموکراسییه‌تی ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانه‌کانییه‌وه گه‌شتون به کورسی ده‌سه‌ڵات زۆربه‌یان ئه‌وانه‌ن تا پێش نیسانی 2003 به‌باڵای دیکتاتۆری له‌ناوچودا هه‌ڵیان ده‌دا و ئه‌مڕۆ له‌نێو پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا باڵاده‌ستن وجارێکی تر هه‌ر ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئێمه ده‌ده‌ن.
مادده‌ی 24 به‌شێکه له‌و پیلانه‌ی نه‌یاران که دژی ئیراده‌ی کورد ده‌وه‌ستنه‌وه، هه‌مان سیناریۆیه که پێشتر ره‌نگڕێژی بۆکرابوو له فیدراڵییه‌تی پارێزگاکاندا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له به‌رگێکی تر‌و فۆرمێکی تردا خۆیمان بۆ نمایش ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه‌و ده‌کرێت زیاتر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێت مه‌سه‌له‌ی تێپه‌ڕاندن و ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه بڕیاره له‌کاتێکدا لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌نێو هۆڵه‌که‌دا نه‌بوون، ئه‌مه بۆخۆی ده‌مانکێشێته نێو جۆرێک له‌بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیف و توشی ده‌یان گومانمان ده‌کات، گومان له‌وه‌ی که ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حکومه‌تیش له به‌غدادا بیانه‌وێت هه‌موو کارێک ده‌که‌ن، ئه‌ی پێگه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی؟
کامه‌یه هێزی گوشار‌و قورسایی کورد و هاوپه‌یمانییه ستراتیژییه‌که‌ی، چۆن جارێکی تر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه شرۆڤه بکه‌ینه‌وه کاتێک ده‌گوترا ( به‌بێ دانگدان و ئاماده‌بوونی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان په‌رله‌مانی عێراق ناتوانێت هیچ پرۆژه‌یه‌ک بکاته بڕیار) ئه‌میش واده‌رنه‌چوو، ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه وابوو که‌پێمان وابوو لیستی هاوپه‌یمانی ده‌توانێت باڵانسی هێز و بڕیار بگۆڕێت، ئه‌ویش واده‌رنه‌چوو ئیدی نازانم خۆیان بۆ شتی گه‌وره‌تر هه‌ڵگرتووه یا….
داوی نێوان ئێمه‌و به‌غدا جێبه‌جێکردنی ده‌ستوره ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌ک له‌ده‌ستوردا بکرێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌وه، ئه‌مه یه‌کێکه له‌و قسانه‌ی که حه‌ماسه‌تی زۆرێکی هێنایه جۆش ، دواتر بینیمان هه‌ر رۆژه‌و به ناو‌و بیانویه‌که‌وه ده‌ستور ئیجتیهادی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تێدا ده‌کرێت، له‌به‌غدا ده‌ستور کاڵ وکاڵتر ده‌بێته‌وه، لێره‌ش داوی په‌یوه‌ندییه‌که‌مان ئه‌ستور و ئه‌ستورتر ده‌بێت!!
دی مستۆرا له راسکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی که کردبوی له‌مه‌ڕ ئه‌و ناوچانه‌ی که کێشه‌یان له‌سه‌ره له‌کۆتاییدا ئه‌وه‌ی زیاد کردووه که رێز له مادده ده‌ستورییه‌کان بگیرێت، ئه‌مه‌ش جۆرێک له گه‌مه‌و دڵدانه‌وه‌یه و به‌دیوێکدا، له‌لایه‌کی دیکه‌وه خه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌کارییه ده‌نا ئاشکرایه ده‌بێت ده‌ستور رێزی لێبگیرێت، به‌ڵام له‌کوێ..له‌کام وڵات‌دا؟
کرۆکی بێمتمانه‌یی خه‌ڵک به حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌وه‌دایه که ئه‌م حکومه‌ته له پێکهاته‌یه‌کی خێڵه‌کی ده‌چێت نه‌ک دامه‌زراوی مه‌ده‌نی، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه که‌تا ئێستا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیراندا( ( www.pmo.iq ئاڵا کۆنه‌که‌ی عێراقی له‌سه‌ره، سه‌رۆک وه‌زیران خۆی واژوی له‌سه‌ر گۆڕینی ئاڵای وڵات کردووه که‌چی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ی نه‌گۆڕدراوه، ده‌بێت چاوه‌ڕێی چی لێبکرێت، ئه‌وه‌ی بۆ کورد گرنگه ئه‌و داوه بپسێنێت نه‌ک بیهۆنێته‌وه ئه‌ستوری بکات و بیکاته گوریس، نابادا رۆژێک له ملی خۆمانی بکه‌ن و بمانده‌ن له‌دار.
namqjournalist@yahoo.co.uk