قاپاندنی فیکر .. 1000 عه‌یب
قاپاندنی فیکر .. 1000 عه‌یب
عه‌لی سه‌عید
من ناڵێم سواربوون عه‌یبێکه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ی که داده‌به‌زیت، باڵی لێ فش بکه‌یته‌وه و لافی ئه‌وه لێبده‌یت که سواربوون عه‌یبه و، ئیددیعای ئه‌وه بکه‌یت که تۆ کاتی خۆی زۆر تاقه‌تت نه‌بوو بیری لێبکه‌یته‌وه، ئه‌گینا هه‌ر زوو ده‌تتوانی بزانیت که سواربوون هه‌ڵه‌یه، ئه‌مه ئیتر عه‌یبێکه که مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ناو ڕۆشنبیریی کوردییدا نموونه‌ی بۆ بدۆزیته‌وه.
ژماره‌ی ئه‌م عه‌یبه به‌ڕای من ئه‌وکاته ده‌گاته 1000، گه‌ر بێت‌و به‌خشپه بێیت فیکره‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕه‌خنه‌یان له سواربوونت هه‌بوو، بقاپێنیت و بێیت به‌ناوی فیکری ته‌واو خۆماڵیی خۆته‌وه بیانکه‌یت به ووتار و بڵاویان بکه‌یته‌وه.
1000 عه‌یبه‌یه‌کی وا له‌م دواییه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی کاک سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د ناوێک قه‌وما که سه‌ره‌تا یه‌کێک بوو له‌و 53 که‌سه‌ی که ئیمزای ئه‌و نامه‌یه‌ی کرد که داوایان ده‌کرد سۆرانی بکرێته زمانی ستاندارد و، دوایی لێی په‌شیمان بووه‌وه.
کاک سه‌ڵاح به‌و ڕاگه‌یاندنی په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌ی کارێکی دروستی کرد، چونکه عه‌یب ئه‌وه ده‌بوو دوای قه‌ناعه‌ت گۆڕینیش، وه‌ک هه‌ندێک له‌وانی تر، هه‌ر ئیمزاکه‌ی نه‌کێشایه‌ته‌وه، به‌ڵام کاری نادروست ئه‌وه‌بوو که له‌نامه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌که‌یدا لافی ئه‌وه لێده‌دات که هه‌ر خۆبه‌خۆ و له‌خواییه‌وه قه‌ناعه‌تی گۆڕا و به بیرکردنه‌وه‌ی ساف و ساده‌ی خۆی گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که ئه‌و داوایه‌ی ئه‌و 53 که‌سه کارێکی نادروسته. من ئه‌وکات ئه‌م کاره‌م هه‌ر به نموونه‌یه‌کی تری ئه‌و ناته‌وازوعیی و هه‌ستکردن به عه‌یبه‌یه زانی که له‌ناخی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی کورددا هه‌یه و وام لێکدایه‌وه که ئه‌ویش وه‌ک هه‌ر قه‌ڵه‌مبده‌ستێکی تری ناو ڕۆژنامه‌کان ده‌یه‌وێت ئه‌و فێڵه له خوێنه‌ر بکات که بڵێت من خۆم هه‌موو شتێک ده‌زانم و قه‌ت له که‌سی تره‌وه فێری شت نه‌بووم و هه‌رچییه‌ک ئه‌یڵێم له که‌سم نه‌قاپاندووه. به‌ڵام گرفتی گه‌وره ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئێستا هاتووه له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره 443 دا ووتارێکی درێژی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌فکار و قسه‌کانی ڕه‌خنه‌گرانی کردنی سۆرانی به زمانی ستاندارد بۆ خۆی داڕشتۆته‌وه و کۆپیی قسه‌کانی ئه‌وانی کردووه و وه‌ک فیکری تازه و گرنگی خۆی ده‌یانخاته بازاڕه‌وه و ده‌ستکراوانه له‌ده‌ستی ده‌رده‌چێت ئه‌و ووتاره‌مان، به هه‌موو ئه‌فکاره گرنگه‌کانی ناویه‌وه، بۆ بخاته ”سه‌ر خه‌رمانی ڕۆشنبیریی کوردی”. ماڵی ئاوا، به‌ڵام من زۆرێک له‌و نووسینانه‌م لای خۆم هه‌ڵگرتووه که له‌سه‌ر زمانی ستاندارد نووسران و ئه‌مجاره گه‌ڕامه‌وه سه‌ریان و بینیمه‌وه که ئه‌و به‌ڕێزه هه‌موو بیرۆکه جیدیه‌کانی ناو ئه‌و وتارانه‌ی کۆپی کردۆته‌وه که دژ به ئیمزاکانی ئه‌وان نووسران و هاتووه (وه‌ک نه بای دیبێ و نه ئه‌و وتارانه) بیرۆکه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ خۆی خستۆته قاڵبی وتارێکی ئاگرینه‌وه و شه‌ڕی ئه‌وه‌ی پێده‌کات ئه‌وه بیری خوێنه‌ر به‌رێته‌وه که ڕۆژێک ساده‌ییه‌کی نواند و ئیمزای خۆی دایه ده‌ستی که‌سانێکه‌وه که ئێستا به ”فاشیسته سۆرانییه‌کان” ناویان ده‌بات.
بۆ پیشاندانی ئه‌و فیکرقاپاندنه‌ی کاک سه‌ڵاح، داوا ده‌که‌م خوێنه‌ر بچێت ئه‌و وتاره‌ی ئه‌و له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره 443 دا به‌روارد بکات به بۆ نموونه ووتارێکی سێ به‌شیی که له‌لایه‌ن ئه‌میر حه‌سه‌نپوره‌وه نووسراوه و له به‌شی وتاری سایتی (سبه‌ی)دا بڵاوبۆته‌وه، یان به وتارێکی سێ به‌شیی که له‌لایه‌ن سیروان عه‌بدوله‌وه نووسراوه و هه‌ر له سایتی (سبه‌ی)دا بڵاوبۆته‌وه، یان به وتارێک که له‌لایه‌ن جه‌عفه‌ر شێخولیسلامی یه‌وه نووسراوه و له (هاوڵاتی) ژماره 437 دا بڵاوبۆته‌وه. ئه‌مانه و چه‌ندین وتاری تر که کاک سه‌ڵاح بیرۆکه ئه‌سڵییه‌کانیانی بۆ خۆی ماڵ کردووه بێئه‌وه‌ی بچوکترین ئاماژه به سه‌رچاوه‌کانیان بدات. خوێنه‌ر که چووه‌وه سه‌ر ئه‌و ووتارانه ده‌توانێت به‌دوای بیرۆکه‌کانی ناو ئه‌م ئیقتیباسانه‌ی خواره‌وه‌وه بگه‌ڕێت که له وتاره‌که‌ی کاک سه‌ڵاحه‌وه وه‌رمگرتووه، ئه‌و کاته ده‌بینێت که ئه‌م که‌سه چه‌ند بێباک له ئاشکرابوون بیرۆکه‌ی ئه‌م و ئه‌و ماڵ ده‌کات بۆ خۆی:
– یه‌ك هۆكاری عه‌قڵانی نییه ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه شتێك هه‌یه له سۆرانی‌دا كه وای لێده‌كات شایسته‌ی ئه‌وه بێت ببێت به زمانی هه‌موو كورده‌كانی عێراق و ئه‌و شته له گۆران یان له لووڕی یان له كرمانجییدا نه‌بێت.
– ئه‌وانه‌ی كه باس له زاڵكردن‌و سه‌پاندنی شێوه‌زارێك ده‌كه‌ن به‌سه‌ر هه‌موو شێوه‌زاره‌كانی دیكه‌دا خه‌ریكه مه‌سه‌له‌یه‌كی خه‌ته‌ری وه‌ها ده‌هێننه ئاراوه كه جگه له چه‌سپاندنی نایه‌كسانی زیاتر ده‌رئه‌نجامی دیكه‌ی نییه.
– ئه‌گه‌ر به‌هانه‌كه پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یه، ئه‌وا پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كه زمانی خه‌ڵكێك قه‌ده‌غه بكات له قوتابخانه‌كاندا پڕۆژه‌یه‌كی دژه‌ئازادییه .. منداڵان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به زمانی دایكیان بخوێنن.
– هه‌ر ئه‌ژێندایه‌ك كه رووبه‌ری ئازادییه سروشتییه‌كانی هاوڵاتی ته‌سكبكاته‌وه، ئه‌و ئه‌ژێندایه سه‌ر به پڕۆژه‌یه‌كی فاشیسته، جا ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن پێبزانن یان نه‌زانن.
– ئه‌گه‌ر ئه‌م باسی زمانی یه‌كگرتووه له مه‌سه‌له‌ی مافه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌وا له هه‌ناویدا پێشێلكاریی مافی چه‌ندین كه‌مینه له خۆده‌گرێت .. هه‌ندێك هه‌ن به ناوی یه‌كگرتووییه‌وه مافه سروشتییه‌كانمان زه‌وت ده‌كه‌ن.
– مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز به‌ند نییه به بونیادنانی یه‌ك زمانه‌وه.
– ئه‌و پێشنیازه‌ی باسی ئه‌وه ده‌كات كه سۆرانی و كرمانجی تێكه‌ڵ بكرێن له لایه‌ن هه‌ندێ «شاره‌زاوه» و دوای ده‌رئه‌نجامه‌كه وه‌كو زمانی یه‌كگرتوو بناسرێت به نوكته ده‌چێت.
– پڕۆژه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت هه‌رچییه‌ك بێت ره‌وایه‌تی به‌وه نابه‌خشێت كه منداڵێكی ناسۆرانی سۆرانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ له مه‌كته‌ب، یان منداڵێكی ناكرمانجی كرمانجی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ.
– كوردایه‌تی ده‌بێ رابگیردرێ به‌ر له‌وه‌ی ببێت به خه‌رده‌ل.
مایه‌وه بڵێم که ئه‌مه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه کردوویه‌تی ته‌نانه‌ت جیاوازه له‌و کاری قه‌پاندنه‌ی که ڕۆشنبیرانی ”چاونه‌ترس”ی تری کورد ده‌یکه‌ن. ئه‌وان ده‌چن دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکانێک شتێک ده‌نووسن که فیکرێکی تیایه، ئه‌وانیش به‌ده‌وری هه‌مان فیکره‌دا وتارێک ده‌نووسن. ئه‌مه عه‌یبێکه، به‌ڵام وه‌ک شه‌فاعه‌تێک بۆیان که‌سێک ده‌توانێت بڵێت ده‌ی ئه‌مانیش هه‌ر له ئه‌سڵدا هه‌مان ڕایان هه‌بووه و ده‌یانه‌وێت به وتارێک ئه‌وه پیشان بده‌ن که ئه‌مانیش هه‌مان ئه‌و ڕایه‌یان هه‌یه، به‌ڵام شه‌فاعه‌تێکی وا بۆ کاک سه‌ڵاح ده‌ست نادات چونکه ئاشکرایه ئه‌و ڕایه‌کی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو و کاتێک هه‌بوو ڕای گۆڕا. کاتێکیش ڕای ده‌گۆڕێت، ئه‌وا ئه‌خلاقی ئه‌کادیمیی ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوازێت یان فیکری که‌سانی تر کۆپی و دووباره نه‌کاته‌وه بۆ خۆی، یانیش ئه‌گه‌ر کردی ده‌بێت سه‌رچاوه‌کانی ده‌ستنیشان بکات، یان هه‌ر هیچ نا ئه‌وه بنووسێت که فڵان و فڵانیش به‌ر له‌و ئه‌و ڕایانه‌یان هه‌بووه و به‌ر له‌و نووسیویانه‌ته‌وه و به‌ر له‌ویش بڵاویان کردۆته‌وه. دیاره ئه‌م جۆره ده‌ستپیسییانه له وڵاتانی ڕۆژئاوا نه‌ک هه‌ر عه‌یبه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، به‌ڵکو گه‌ر وا بکه‌یت ڕۆژنامه‌یه‌ک نابینیته‌وه ئاماده بێت وتاره‌که‌ت بۆ بڵاوبکاته‌وه، یان خوێنه‌رێک نابینیته‌وه ئاماده بێت وه‌ک نووسه‌رێکی جیددی سه‌یرت بکات و شتت بخوێنێته‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م قاپاندنی فیکره له‌ناو ڕۆشنبیرانی ئێمه‌دا زۆر باوه. خۆی حه‌قه ئه‌وانه‌ی که هه‌مان ڕای نووسه‌رێکی پێش خۆیان هه‌یه و ده‌چن ئه‌وانیش وتارێک به‌ده‌وری ئه‌و بیرۆکه‌یه‌دا ده‌نووسن بێ ئه‌وه‌ی بنووسن که فڵانیش به‌ر له‌وان ئه‌مه‌ی نووسیوه، حه‌قه ئه‌وانه ئه‌و کاره‌یان به 1000 عه‌یب له‌سه‌ر بژمێردرێت. به‌ڵام ئه‌م کاره‌ی کاک سه‌ڵاح ده‌یکات، که سه‌دوهه‌شتا پله ڕا ده‌گۆرێت و دوایی ده‌چێت ڕای ڕه‌خنه‌گرانی ڕای پێشووی خۆی ماڵ ده‌کات و وه‌ک ئه‌وه‌ی هێشتاش ئه‌و خۆی به مه‌غدور بزانێت، به تۆنیکی تووڕه‌ییه‌وه بۆ خۆی ده‌یانکاته ووتاری ئاگرین، ئه‌مه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو کوردیش‌دا بێت، له 1000 عه‌یب زیاتره.