نامه‌یه‌ک بۆ به‌ختیار عه‌لی…..
نامه‌یه‌ک بۆ به‌ختیار عه‌لی
ئه‌گه‌ر ئاوا ده‌نووسیت چیتر مه‌نووسه.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش
هه‌موومان ده‌زانین تۆ یه‌کێکیت له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی، دونیای ئه‌ده‌ب و نووسینی کوردیت به خۆته‌وه سه‌رقاڵکردووه‌و… وا بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌چێت وه‌ک داهێنه‌رێک ئاماده‌یت هه‌یه و قسه‌ت له باره‌وه ده‌کرێت و شیعر‌و نووسین و ڕۆمانه‌کانت شه‌ن و که‌و ده‌که‌ن و… بازاری به‌رهه‌مه‌کانت تا دێت گه‌رم و گورتردهبێت و… که‌سانێکی زۆر له ده‌وری به‌رهه‌مه‌کانت کۆبوونه‌ته‌وه‌و ته‌واو بڕوایان به توانای تۆ هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم: وه‌ک تاقانه قه‌ڵه‌می داهێنه‌ری ئه‌ده‌بی کوردی ده‌تخوێننه‌وه. ئه‌وه بێگومانم به‌یه‌کێک له داهێنه‌ره دیار‌و ده‌نگ زوڵاڵه‌کانی دونیای نووسینی کوردی دهتژمێرن و بڕواناکه‌م له دونیای ئه‌ده‌ب و نووسینی کوردی‌دا هیچ قه‌ڵه‌مێک هێنده‌ی تۆ قسه‌ی له‌باره‌وه کرابێت و بووبێته جێگای مشتوومڕی کۆڕ‌و به‌رنامه‌و گفتوگۆکان، بڕواناکه‌م هیچ نووسه‌رێکی کورد ئه‌وه‌نده خواستی له سه‌ر بووبێت و داوای لێکرابێت بۆ ئه‌وه‌ی دیدار‌و گفتوگۆی له گه‌ڵدا سازبکرێت، له‌و هه‌موو نووسینانه‌ی له باره‌ی به‌رهه‌مه‌کانی تۆوه نووسراون و قسه‌ت له‌باره‌وه کراوه زۆرینه شه‌یدای دونیای نووسینی تۆن و ده‌ڵێن: سیحری زمان و خه‌یاڵ و دونیای نووسینه‌کانی به‌ختیار عه‌لی ته‌واو داگیریکردووین و دونیایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. ده‌ڵێن :به‌ختیار عه‌لی، که به خه‌یاڵ حیکایه‌تی جیگایه‌ک یان کاره‌کته‌رێک ده‌کات هیچ که‌سێک نییه ئیمان به بوونی ئه‌و جێگایه یان ئه‌و کاره‌کته‌ره نه‌هێنێت. ئه‌سته‌مه بتوانیت شیعرێکی یان بابه‌تێکی یان ڕۆمانێکی بخوێنیته‌وه‌و… دڵ گه‌رمانه به‌دوای به‌رهه‌مه‌کانی تری‌دا نهگهرێیت. له گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شه‌یدایی و عه‌شقه‌ی بۆ به‌رهه‌مه‌کانت هه‌یه، چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێکی دیار‌و به‌توانای دونیای نووسینی ئه‌ده‌بی کوردی کە لە کتێب و بەرهەمەکانیاندا بە زەڕەبین، کون و کەلەبەری دونیای فیکر و ئەدەبیان پشکنیوە، هاو ڕانین و بڕوایان به‌وه‌نییه که تۆ نووسه‌رێکی ته‌واو داهێنه‌ربیت و شیعر‌و گوتاره فیکریی و ئه‌ده‌بیی و ڕۆمانه‌کانت زاده‌ی بیری خۆت بن، ئه‌م چه‌ند بلیمەتە ڕه‌خنه گره‌ی ئه‌ده‌بی کوردی هه‌روا قسه فڕینادهن و خاوه‌نی پاشخانێکی ڕۆشنبیری ئەوەندە ده‌وڵه‌مه‌ندن، مرۆڤ سەری لەوە دەسوڕمێت چۆن ئەو هەموو زانستەیان کۆکردۆتەوە و سه‌ریان له هه‌رچی قوتابخانه‌و ڕیگاو ڕچه‌و میتۆد و چه‌مک و مه‌مک هه‌یه ده‌رده‌چێت و ئاگاداری ته‌واوی ڕۆشنبیری و فه‌لسه‌فه‌و فیکری دونیان و زهنگیانهیهکیان لێ‌ون نابێت و… به‌و په‌ڕی دڵسۆزی و ویژدان و ئینسانییه‌ته‌وه، دوور له شارچێتی و حیزب چێتی و ناوچه چێتی و گه‌ڕه‌ک چێتی و برادهرییهوه، بەبێ بوغز و درۆ و کینە هه‌موو ده‌قێک ده‌خوێننه‌وە و گرێکانی بۆ خوێنه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌و ته‌واو ڕاڤه‌ی ده‌که‌ن و وه‌ک هێلکه‌ی پاککراو ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستی خوێنه‌ر و هه‌زاران مه‌تر خاکی مانا و خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی تازه‌ی لێدهدۆزنهوه و هه‌ر پووچی و به‌تاڵی و کاڵییهک له ده‌قه‌که‌دا هه‌بێت ده‌یخه‌نه به‌ر تیشکی ڕه‌خنه و ڕاڤهیدهکهن، تائێستایش ده‌یانجار ڕه‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ شیعر‌و ڕۆمانه‌کانی تۆ کردووه و سه‌لماندوویانه تۆ داهێنهرنیت و به‌رهه‌مه‌کانت زاده‌ی بیر‌و خه‌یاڵی خۆت نین و … که‌چی تۆ ئاماده‌نیت گوێ له‌و پیاوە بلیمەتانە بگریت که ئاوی چاویان داهات به‌ده‌ست خویندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی تۆوه. هه‌رجاره‌و به شێوه‌یه‌کی زانستی و ئه‌کادیمی و عیلمی و فه‌نیی و غه‌نییه‌وه دێن و…له ده‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد‌و پڕ زانیاریی و دروسته‌وه ڕۆمانێکت به‌تاڵ ده‌که‌نه‌وه‌و بۆ هه‌موو خوێنه‌رێکی ده‌سه‌لمێنن که ئه‌مه نه‌ک شاکار نییه به‌ڵکو ناکرێت وه‌ک کتێبێکی پوختیش بخوێنرێته‌وه، بۆنموونه له یه‌که‌م کتێبی شیعری تۆوه ( گوناه و که‌رنه‌ڤاڵ) تا ڕۆمانه‌کانت (مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م) ( ئێواره‌ی په‌روانه ) (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) (شاری مۆسیقاره سپیه‌کان) (غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ ) له یه‌که‌م کتێبی شیعریتهوه تاده‌گاته دواین ڕۆمانت هه‌ر یه‌کێک له ڕۆمانه‌کانت به چەندەها خوێندنه‌وه‌ی قووڵ و پڕ تێڕوانینی ڕۆشنبیرانه‌ی ئه‌و مامۆستا ڕه‌خنه‌گرانه‌ی باسمکردن، ده‌رکه‌وت که به‌ڵێ، ڕۆمانه‌کانت نه‌ک شاکارنین به‌ڵکو هه‌ر وتنه‌وه‌ی شته‌کانی ڕۆمان و کتێبه‌کانی تری دونیان، به به‌ڵگه‌وه سه‌لماندیان که هیچ داهێنانێکت نه‌کردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌و مامۆستا ڕه‌خنه‌گرانه‌ی دونیای ئه‌ده‌بی کوردی، ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماند که داهێنهرنیت، هه‌روه‌هاش زمانهکهیشت له ڕووی ڕێنووسه‌وه هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر یه‌که‌وه حسابیانکهین نزیکه‌ی یه‌ک فه‌رده واوت نه نووسیوه، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه ئه‌و وشانه‌ی به دوو واو ده‌نووسرێن تۆ غه‌درێکی گه‌وره‌ت لێکردوون و به‌یه‌ک واو نووسیوتن، بێئەوەی بزانیت ئەو واوانە لای ئەو مامۆستایانە چەند گرنگ و بەنرخن، واتا هه‌ر واوێک له دووری واوه‌که‌ی هاوڕێی سووێیبۆتهوهو له ته‌نیایدا شێتبووه، ئه‌مه‌ی تۆ کردووته ته‌واوی یاسا‌و ڕێساکانی ڕێنووسی ستانداردی کوردیی شێواندووه و گوناهێکه لێخۆشبوونی بۆ نییه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی به دوو (ی) ده‌نووسرین تۆ به‌یه‌ک (ی) نووسیوتن. ئێستا مامۆستا ڕه‌خنه‌گره‌کانی کورد هه‌ر له غه‌می ئه‌وه‌دان ئه‌و( یی، یانه) ژیرکهنهوه هه‌ر یه‌کێک له‌و( یی، یانه) له دووری (یی، یه‌که‌ی) که‌ی هاوڕێی به‌رده‌وام ده‌گری، ئیدی باسی هه‌ڵه‌کانی ڕێنووسی ڕۆمانه‌کانی تۆ ناکه‌م چونکه منیش شاره‌زاییه‌کی وام له ڕێنووسی زمانی ستانداردی کوردی‌دا نییه، با لهوهگهڕیین بۆ عوله‌ما گەورەکانی زمانی کوردیی . به‌لام ده‌پرسم دوای ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ی جوان و قوڵ و ورد ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌کانت نووسران و په‌نجه‌یان خسته سه‌رئه‌وه‌ی که دونیائ ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لی به حیکایه‌ت و کاره‌کته‌رو خه‌یاڵ و ڕووداو و سه‌ره‌تاو کۆتاییه‌وه له زۆر ڕۆمانی تردا هه‌ن. که‌چی تۆ وه‌ک به‌ختیار عه‌لی بۆ جارێکیش داوای لێبوردنت له خوێنه‌ره‌کانت نەکرد. ده‌توانی بهمن و ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌یش بڵێیت چۆن چۆنی ڕۆمانه‌کانت داهێنانن. تۆ چیت نووسیوه پێشتر قسه‌ی له باره‌وه کراوه بۆنموونه تۆ له ڕۆمانه‌کانتا قسهلهبارهی عه‌شق و خواوه‌ند و خود و مردن و ژیان و منداڵی و ژن و دایک و غوربه‌ت و نیشتیمان و ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆرو زیندان و ئازادی و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و جه‌للادو کرێکار‌و بازرگان و بازار‌و باران و باو و باوک و به‌هارو به‌رد و به‌فرو به‌هه‌شت و قوربانی و کوشتن و سووتان و گریان و پێکه‌نین و شێت و خه‌یاڵ و پاکیزه‌و سۆزانی و سهرمایهدارو کۆمۆنیست و ڕادیکاڵ و چه‌پ و ڕاست و ئاین و مێژوو وه‌فاو خیانه‌ت و ئاهه‌نگ و پرسه‌و دادگا‌و کۆیله‌و مۆسیقا‌و مه‌لهه و مه‌له‌و مه‌لا و مه‌یت و مه‌یته‌رو مه‌یخانه‌و مزگه‌وت و مه‌کته‌ب و ئه‌ستێره و ئاو و ئاسمان و … چی و چییه‌وه کردووه ئه‌مانه‌و زۆریتر به‌ر له تۆ له زۆر ڕۆمانی دونیادا قسه‌یان له باره‌وه کراوه، ئیدی تۆ دێیت له ڕۆمانێکی خۆتدا قسه‌یان له باره‌وه ده‌که‌یت ئه‌مه هیچ داهێنان و شاکار نووسینێک نییه. تۆ دەبێت ئەم بابەتانە لابدەیت و بابەتی تر بۆ خۆت بدۆزیتەوە، ئیتر لە کۆی دەیانهێنیت گرفتی خۆتە. دوای ئه‌وه ئه‌و کاره‌کته‌رو جێگا‌و شوێنانه‌ی له ڕۆمانه‌کانی تۆدا هه‌ن هه‌موویان له زۆر ڕۆمانی دونیادا ناویان هاتووه‌و هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به قسه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌و من نه‌ڵێیت ئه‌مه وانییه، به به‌ڵگه‌وه قسه ده‌که‌م بۆ نموونه،
له ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لی دا،
مزگه‌وت،هه‌یه، مه‌کته‌ب،هه‌یه، دارستان هه‌یه، شاخ هه‌یه، باخ،هه‌یه، ده‌ریا هه‌یه، بیابان هەیە، هوتێل هه‌یه، حه‌مام هه‌یه، تیاترۆ هه‌یه، شار هه‌یه، گوند هه‌یه، چێشتخانه هه‌یه، چاخانه هه‌یه، چاپخانه هه‌یه،ئه‌شکه‌وت هه‌یه، کتێبخانه هه‌یه، بازار هه‌یه، گه‌راج هه‌یه، ته‌یاره‌خانه هه‌یه، گارگه هه‌یه، که‌لاوه هه‌یه، وه‌ک کاره‌کته‌ره‌کانیش له رۆمانه‌کانی تۆدا هەر ئەو کاراکتەرانە هەیە کە لە ڕۆمانی تردا بینیومان، ژن هه‌یه، منداڵ هه‌یه، پیره‌مێرد هه‌یه، مرۆڤی سووتاو و که‌مئه‌ندام و عاشق و خائین و به وه‌فاو ده‌ڵاڵ و ده‌لاک و ئاغا‌و پاشا و جوتیارو کرێکار‌و زیندانی و به‌رپرس و دوکاندارو پیاوکوژو و زۆڵ و سۆزانیی و ئازا‌و ترسنۆک و نه‌زۆک و نه‌زان و گه‌مژه‌و زانا‌و مامۆستا‌و شێخ و ئه‌فسه‌رو شۆرشگێڕو شاعیر‌و ساحیر‌و دکتۆرو دڵپیس و دڵخۆش و ده‌نگخۆش و گاڵته چی که‌ڕو، کوێرو بێزار‌و گۆرانیبێژ و شێوه‌کارو حیکایهتبێژو درۆزن و ڕاستگۆ‌و شێخ و پۆلیس و ئاسایش و نانه‌واو دهستگێرو شۆفێر‌و سۆفی و حاجی و باڵنده‌و ئه‌سپ و سه‌گ و قاچاخچی هه‌یه. ئه‌مانه پێش تۆ له زۆر ڕۆمانی دونیادا هه‌ن و قسه‌یان له باره‌وه کراوه ئیتر چۆن ده‌کرێت تۆ باسی ئەمانە بکەیتەوە. بۆیه به‌ناوی ئه‌و مامۆستا ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کورده‌وه پێتده‌ڵێم؛ ئه‌گه‌ر شوێنی تر نادۆزیتەوە و خەڵکی تر نادۆزیتەوە لەسەریان بنووسیت، ئیتر ڕەوای هەق نییە بنووسیت. ئیتر گەرئاوا ده‌نووسیت چیتر مه‌نووسه. هه‌وڵده ده‌نگێک ڕه‌نگێک ڕچه‌یه‌ک ڕێگایه‌ک بۆ خۆت بدۆزه‌ره‌وه‌و بابه‌ت وکارهکتهرو حیکایه‌ت و شێواز‌و خه‌یاڵی خۆت هه‌بێت، هه‌وڵبده ئه‌ستێره‌یه‌کی تر بدۆزه‌ره‌وه لەسەری بنوسیت، چونکە ئەو ڕەخنەگرە داهێنەرانەی کورد پێیان خۆش نییە، لەسەر ئەم شتانەی سەر ئەم ئەستێرەیە بنووسیت و پێویستە بچیتە ئاستی ئەو جیهانانەوە کە ئەوان کەشفیان کردوە. ئەو جیهانەی ئەو بابەتانە و ئەو شوێنانەو ئەو کەسانەی تێدا نییە. هه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌ی زه‌وییه‌یه له باره‌یه‌وه نووسراوه و قسه‌کراوه ئیدی تۆ هه‌رچی بنووسیت نابێت بە داهێنان و له ڕۆمانه‌کانی تردا هه‌ن. بۆیه جارێکی‌تریش به ناوی ڕه‌خنه‌گره بلیمه‌ته‌کانی کورده‌وه پێتدهبێژم: ئه‌گه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌کی تر بۆ خۆت نادۆزیته‌وه، ئه‌گه‌ر هەر لەسەر ئەم ژیان و ئەستێرەیەی ئێمە دەنووسیت چیتر مه‌نووسه. دواشت ئه‌وه ده‌ڵێم: هێنده باسی خه‌یاڵ و عه‌شق مه‌که چونکه زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گره‌کانی ئێمه تاقه‌تی عه‌شق و خه‌یاڵیان نییه، شتێکیان بۆ بدۆزەرەوە بە ئەندازەی توانای دڵ و عەقلی خۆیان بێت.
حه‌مه‌کاکه‌ڕه‌ش.
تێبینی: من له‌م نامه‌یه‌دا گاڵته‌م به عه‌قڵی ئه‌و ڕه‌خنه گره فس فس پاڵهوانانهیادێ که به‌م عه‌قڵییه‌ت و لۆژیکه ده‌خوێننه‌وه‌و ڕه‌خنه ده‌گرن، که‌چی به‌داخه‌وه زۆر خوێنه‌رو نووسه‌ر به هه‌ڵه له‌م نامه‌یه‌ی من تێگه‌یشتبوون و وه‌ک ئه‌وه‌ی قسه‌کانی ناو ئه‌م نامه‌یه ڕه‌خنه‌ی منن له نووسینه‌کانی به‌ختیار عه‌لی.
بۆیه لێره‌دا حه‌زمکرد ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه بنووسم که ئه‌مه ڕه‌خنه نییه له به‌ختیار عه‌لی به‌ڵکو گاڵته‌کردنه به‌و شێوه بیرکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که بڵێم به‌ختیار عه‌لی له سه‌روی ڕه‌خنه‌وه‌یه به‌ڵام ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی وه‌ک ئه‌م نامه‌یه ڕه‌خنه ده‌گرن ڕه‌خنه‌کانیان له ئاستی دێڕێکی به‌ختیار دا نییه.حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش