ئاینه‌كان له‌نێوان قه‌یرانی لێبورده‌یی و ترسی خۆلهدهستداندا
ئاینه‌كان له‌نێوان
قه‌یرانی لێبورده‌یی و ترسی خۆلهدهستداندا *
ئیبراهیم مه‌لازاده
له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خه‌ڵكی كورد به گشتی و ئێلیتێی كورد به‌تایبه‌تی ژماره‌یه‌ك گۆڕانی سیاسی و ئاینی و ڕۆشنبیری هه‌مه‌جۆری به‌خۆوه بینیون، هه‌ندێكیان بۆی هه‌یه زۆریش گرنگ بووبن به‌ڵام به‌بێده‌نگی تێپه‌ڕیون و هیچ كێشه‌یان دروست نه‌كردووه، هه‌ندێكیشیان بۆی هه‌یه زۆریش گرنگ نه‌بووبن به‌ڵام كێشه‌ی زۆری لێ كه‌وتۆته‌وه. به‌گرنگی ده‌زانم هه‌ندێك له‌و گۆڕانكاریانه به‌بیر خوێنه‌رانی ئازیز بێنمه‌وه.
"كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانی كورد" كه تازهكریستیانی كوردن، یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆیان سه‌ر له ئێواره‌ی 11/02/2005 له شاری هارلمی وڵاتی هۆڵه‌ندا ده‌به‌ستن، پاشان كۆنگره‌كانیان ده‌به‌نه‌وه كوردستان و تا ئێستا دوو كۆنگره‌ی تریان به‌ستووه.
پاشان كڵێسایه‌كی كوردی زمان له شاری هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه به هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم.
له‌لایه‌كی تر له‌و چوار تا پێنج ساڵه‌ی دوایی كۆمه‌ڵێك نوسه‌ری كورد ژماره‌یه‌كی زۆر كتێب و نوسینی ڕه‌خنه ئامێز له‌سه‌ر ئاین و سیستمی ئاینی له‌كوردستان ده‌نوسن.
هزری ئه‌تایزم له‌ناو كورد زۆر به‌هێز سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی به‌هێز له‌و بواره‌وه ده‌كه‌ونه تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه.
له‌و دوو ساڵانه‌ی دواییدا بزاڤی زه‌رده‌شتیزم له كوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان زیاتر گرنگی پێ ده‌درێت و له‌و چه‌ند مانگه‌ی دواییشدا له مانچێسته‌ری سێیه‌م شاری به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خۆیان به‌ست و زیاتر له حه‌فتا لاوی كوڕ و كچی هه‌واداری زه‌رده‌شتی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون و كه‌سێكیان وه‌كو پیری زه‌رده‌شتی خۆیان هه‌ڵبژارد.
له 10ی مانگی پێنج 474 مه‌لا و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر یادداشتنامه‌یه‌ك ده‌ده‌ن به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. سه‌رۆكی هه‌رێمیش لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوون پێك دێنێت.
زۆر نابات كتێبی "جه‌هاله‌تی ئیسلام" به بڕیاری دادگا قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
ئه‌مه‌و چه‌ندین كار و كاردانه‌وه‌ی ههمهجۆر له‌نێوان نوسه‌ران و باوه‌ڕدارانی مسوڵمان و تادوایی.
ئایا ئه‌و گۆڕانكاریانه ئاماژه‌ن بۆ هوشیاریه‌كی تازه و ڕابوونێكی ویژدانی خه‌ڵكی كورد یا بێجگه له گه‌ڕه‌لاوژێی هزر و بێ ئامانجی خه‌ڵكی كورد شتێكی تر به‌ده‌سته‌وه نادات؟ یا ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له ده‌ره‌نجامه‌كانی گڵۆبایزه و له به‌رامبه‌ریشدا پێویستی به جیاوازی و لێبوورده‌یی هه‌یه؟
لێبورده‌یی "تۆلێرانس" ئه‌و كۆنسێپتهیه كه له واقیعی ئه‌مڕۆی میلله‌تاندا بووه به پێویستییه‌كی گه‌وره و بێی لێبوورده‌ی ژیان ده‌بێت به‌دۆزه‌خ. گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌م 20 ساڵه‌ی دوایی كوردستان جۆرێك له ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ماف و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ئاشته‌وایی و لێبورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه ژیان و تا دوایی كۆنسێپته نوێیه‌كان دروست كردووه. ئه‌گه‌ر پێشان له ڕه‌فتاری خه‌ڵكیشدا تا ئاستێك لێبورده‌یی هه‌بووبێت، به‌ڵام كۆنسێپتی لێبورده‌یی بهناوهرۆكه نوێیه‌كه‌ی نه‌هاتبووه ناو فه‌رهه‌نگی گه‌لانی مسوڵمان و كوردیش وه‌كو یه‌كێك له‌و گه‌لانه.
سه‌ره‌تای لێبورده‌یی له مێژووی نوێ‌دا له‌گه‌ڵ بزاڤی ڕیفۆرمی پرۆتستانته‌كان له‌ساڵی 1527 دا سه‌ری هه‌ڵدا. ڕێفورم هه‌موو بواره‌كانی كولتوری، ئابووری، سیاسی و ئاینی له‌خۆ گرتووه و ڕێبهرهكهشی مارتن لۆسه‌ر بوو.
جۆن لۆك (په‌یامێك سه‌باره‌ت به لێبورده‌یی ) له‌ساڵی 1689 بڵاوده‌كاته‌وه. لۆك له‌ڕووی زانیاری زیاتر و تیۆری سیستماتیكی لێبورده‌یی زیاتر خسته‌ڕوو و ناساند له‌وانه‌ش بنه‌ماكانی له‌یه‌كتر جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئاین كه پاشان بوو به بناغه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تانی دیموكراسی ده‌ستوری. یه‌كه‌مین قانونی لێبورده‌یی كه په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌ریكرد له 29 مای 1689 بوو. ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مێكی سیاسی بوو بۆ تیۆریه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌می لێبورده‌یی.
پاشان ڤۆلتێر یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی ڕۆشنگه‌ری ده‌بێت كه پێشكه‌وتنێكی زۆر ده‌خاته سه‌ر چه‌مكی لێبورده‌یی و كۆنسێپتی لێبورده‌یی ئاینی په‌ره‌پێده‌دات.
هه‌ڵبه‌ت بێجگه له مانای فره‌یی و هه‌مه‌جۆری بۆ كۆنسێپتی لێبورده‌یی له‌لایه‌ن زۆرێك له فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆگهكان كۆنسێپتێكه بۆ تێڕوانین له كێشه هاوچه‌رخه‌كانی وه‌كو جودایی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیكی، ڕه‌گه‌زی نێوان گه‌لان، ڕه‌گه‌زی نێوان ژن و پیاو و په‌ككه‌وته‌كان و تا دوایی به‌كار دێت.
له‌دوای ڕۆشنگه‌ری ڕۆژئاوا و گه‌شه‌كردنی جیاوازیه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ی هه‌مه‌جۆری فیكری، ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ریشدا لێبوورده‌یی و ئازادی بیركردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین گه‌شه‌ی نه‌كردبا، ئه‌سته‌م بوو كۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوا بیتوانیبایه به‌و شێوه‌یه له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ستونی و ئاسۆیی به‌و خێراییه به‌ره‌و پێش بچێت.
له‌ژێر تێڕوانینی ئه‌و دیدگایانه پێم وایه ناتوانین باس له لێبورده‌یی بكه‌ین تا بناغه‌ی سروشتی خۆی نه‌بێت كه ئه‌وانیش بریتین له:
یه‌كه‌م: ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی، قانونی تێدا باڵا ده‌ست بێت، هه‌موو مافه‌كانی ئازادی ڕاده‌ربڕین بۆ هه‌موو كه‌سێك و له هه‌موو شوێنێكدا كراوه بێت، به‌و مانایه‌ی هیچ پیرۆزیه‌ك پاوانكراو نه‌بێت له‌به‌رده‌م قه‌ڵه‌می ڕه‌خنه‌ی مرۆڤه‌كاندا، نه پیرۆزی ئاینه‌كان و نه كه‌سه‌كان.
دووه‌م: ده‌وڵه‌ت و ئاین به‌ته‌واوه‌تی له‌یه‌كتر جیاواز بن. بۆ ئه‌وه‌ی بوار به چه‌مكی هاوڵاتی بدرێت جێی خۆی بگرێت. ئیتر تاكه‌كان چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه، چۆی قسه‌ده‌كه‌ن، چ بیر و باوه‌ڕێك بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن ئازادن. له‌و جۆره ده‌وڵه‌ته‌دا چیتر له‌سه‌ر ناسنامه و ئای دی كارت نانوسرێت چ ئاینێكی هه‌یه، یا سه‌ر به چ ئێتنیكێكه. هه‌ر ئه‌مه‌شه پێناسه بۆ ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا له ئاینه‌كان و به تایبه‌تیش له ئیسلامدا لێبورده‌یی هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ له‌و په‌ڕی توندڕه‌وه‌كانه‌وه تا ده‌گاته مه‌لا و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ره‌كان به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه له پیرۆزیه‌كانی ئاین بێ ئارام ده‌بن و ده‌ست به هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و په‌نا بۆ كاره قانونی و ناقانونیهكان ده‌بن؟
ئایا ئه‌وه‌ی له مێژووی ئیسلامی‌دا هه‌یه لێبورده‌یی بووه یا شتێكی تر؟
ئایا ئه‌وانیش مافی ئه‌وه‌یان نیه به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن؟
چونكه زۆركه‌م قسه له كۆنسێپتی "تۆلێرانس" كراوه، به گرنگی ده‌زانم هه‌ندێك له تێڕوانینه‌كانی زانایێكی وه‌كو محه‌مه‌د ئه‌رگۆن بخه‌ینه ڕوو، له‌به‌ر ئاڵۆزی كێشه‌كه و قوڵبوونه‌وه و پسپۆری ئه‌و پیاوه له بواری ئایندا به گشتی و ئاینی ئیسلام به تایبه‌تی. ئه‌و پێی وایه كه زۆرێك له نوسه‌رانی مسوڵمان به‌ئاگایانه یاخود بێ ئاگایانه چه‌مكی "به‌خشین" یاخود "غوفران" له‌گه‌ڵ لێبورده‌یی "تۆلێرانس" تێكههڵ ده‌كه‌ن. غوفران وشه‌یه‌كی ئاینی كۆنه و له هه‌موو ئاینه‌كاندا هه‌یه، به‌مانای ئه‌وه‌ی خودا لێخۆشبوو‌ن به به‌نده گوناهبارهكانی ده‌به‌خشێت. به‌ڵام وشه‌ی لێبورده‌یی (تسامح) له زمانی عه‌ره‌بیدا وشه‌یه‌كی داتاشراوه، تازه له زمانی عه‌ره‌بیدا جێی خۆی كردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش به مانا هاوچه‌رخه‌كه‌ی زۆر فراوانتره له مانا ئاینییه كۆنه‌كه. محه‌مه‌د ئه‌رگۆن ده‌ڵێت، "لێبورده‌یی ڕێك ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه، دان به‌وه‌دا بنرێت بۆ تاك/ هاوڵاتی كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت و بتوانێت له ناوه‌وه‌ی پانتاییه مه‌ده‌نییه‌كاندا هه‌موو ڕاوبۆچوونه ئاینی و سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌كانی خۆی ده‌رببڕێت. كه‌سیش ناتوانێت سزای بدات له‌سه‌ر ڕاوبۆچوونه‌كانی، مه‌گه‌ر هه‌وڵ بدات له‌ڕێگای هێز و توندوتیژی بیسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌وانی دی‌دا". ئه‌و پێی وایه "گیراوی ڕاوبۆچوون له كۆمه‌ڵگا ئازاد و دیموكراسیه‌كاندا بوونیان نیه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه لێبورده‌یی به‌مانا نوێیه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن".(1)
ئه‌رگۆن به فراوانی باس له كێشه‌ی عه‌قڵی ئاینی ده‌كات و سێ دینگه بۆ ئه‌و عه‌قڵه ده‌سنیشان ده‌كات ئه‌وانیش، "توند و تیژی، پیرۆزگه‌رایی، حه‌قیقه‌ت" ئه‌م سێ دینگانه له كه‌سی دینداری سه‌ر به هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ڕێكخراوی ئاینی جیانابنه‌وه. ئه‌و دیندارانه پێیان وایه ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان پێهێناوه حه‌قیقه‌ته، حه‌قیقه‌تیش به‌لای ئه‌وانه‌وه پیرۆزه و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه خوێنی بۆ بڕێژێت. ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤی دینداره كه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌شه كۆمه‌ڵگا دابه‌شی سه‌ر كافر و مسوڵمان، باش و خراپ، پاك و ناپاك، باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕ ده‌كات. ئاین ده‌كاته ئه‌و ههوێنهی كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك تێكه‌ڵ بكرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌كانیش بگرێته‌وه، بۆیه به‌لای مرۆڤی دینداره‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ئاینی ئه‌و نین هاوڵاتی نین به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی، ئه‌وان ده‌چنه ژێر پێوه‌رێكی جیاواز، یاخود قانونێك كه تایبه‌ت ده‌بێت به غهیرهدینان، له‌ئیسلامدا ئه‌و قانونه پێی ده‌گوترێت "جزیه". ئه‌گه‌ر "جزیه" له‌ڕووی ناوه‌رۆكیشه‌وه بڕینه‌وه‌ی بڕه پاره‌یه‌ك بێت نامسوڵمانهكان بیده‌نه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، له جیاتی ئه‌و زه‌كاته‌ی كه موسوڵمانێك ده‌یبه‌خشێته ده‌وڵه‌ت، خۆ له‌ڕووی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه حاڵه‌تێكی ته‌واو جیاوازه. كه‌سی جزیهدهر ده‌چێته ناو چوارچێوه‌یه‌كی جیاواز له‌و چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه سه‌رده‌سته له كۆمه‌ڵگا، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی جیاوازی بۆ ده‌سنیشان ده‌كرێن، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ش ده‌بێت، ئه‌و گروپه ئاینییانه "ئه‌هلی كیتاب" متمانه‌یان پێناكرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی ئاینی به‌ركه‌نار ده‌كرێت. ئه‌وه چش له‌و حه‌دیسانه‌ی كه حوكمی غه‌یره‌دین یا ئه‌هلی كیتاب دیاری ده‌كه‌ن. له‌وانه‌ش، له سونه‌نی ئه‌بی داود له به‌شی ئادابدا هاتووه ده‌ڵێت، نابێت ده‌ستپێشخه‌ری بكرێت له سڵاولێكردنیان"، هه‌روه‌ها "له ڕێگادا ناچاریان بكه‌ن بۆ ته‌سكترین ڕێگا"(2). بۆیه به‌و مانا نوێیه لێبورده‌یی نه‌ك هه‌ر له تێڕوانینی ئاینه‌كان نابێت به‌ڵكو پانتاییه‌كی قهدهغهكراویشه و نابێت كه‌س نزیكی بكه‌وێته‌وه. زۆر جار بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئایه‌تی 256 سوره‌تی به‌قهره "لا اكراه فی ا‌لدین" ده‌كرێت به به‌ڵگه بۆ لێلێبوردهیی ئاینی، ئه‌گه‌ر چی به‌ڵگه‌ی تر و ته‌فسیری تریش زۆرن، به‌ڵام محه‌مه‌د ئه‌رگۆن به‌ڵگه به ته‌فسیری فه‌خره‌دینی ڕازی دێنێته‌وه و ده‌ڵێت، "ئه‌و ته‌فسیره‌یه كه پانتایی عه‌قلی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستمان دێنێته‌وه بیر، ئه‌و واته ڕازی ده‌ڵێت: خوا ده‌یه‌وێت مرۆڤ له دونیادا تاقی بكاته‌وه، بۆ زانینی ناوه‌رۆك و خۆڕاگری مرۆڤ به‌ر له سه‌پاندنی حوكمی خوا به‌سه‌ریدا و چاره‌نوسی دیاری بكرێت داخۆ ده‌چێته به‌هه‌شت یا ده‌چێته ئاگر، ئا ئه‌وه‌یه مانای "لا اكراه فی ا‌لدین"، مانای ئه‌وه نیه مرۆڤ ئازاده ئایندار بێت یاخود بێ ئاین.
ئه‌گه‌ر تا ئاستێك لێبورده‌یی له لایه‌ن ئاینێكه‌وه به‌رامبه‌ر ئاینه‌كانی تر هه‌بێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندی ئاینداران به‌رامبه‌ر كه‌سانی هه‌ڵگه‌ڕاوه له ئاینه‌كه‌یاندا ته‌واو نائومێدكه‌ره و هیچ جۆرێك له لێبوورده‌یی بوونی نامێنێت. تا ئێستا مه‌زهه‌به‌كان له ئاست هه‌ڵگه‌ڕاوه ده‌ستیان لێنه‌دراوه و كۆكن له‌سه‌ر كوژرانی هه‌ڵگه‌ڕاوه. هه‌ڵبه‌ت كڵێساش تا ده‌سته‌ڵاتی له‌ده‌ست نه‌دابوو به ڕاست و چه‌پ حوكمی كوشتن و سوتاندنی به‌سه‌ر ههڵگهڕاواندا ده‌دا، سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست پڕن له نمونه‌ی له‌و جۆره.
هێشتا كۆمه‌ڵگا مسوڵمانه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه خۆیان له دونیایه‌ك بیر و بۆچوونی كه‌ڵه‌كه‌بوو ڕزگار بكه‌ن كه له‌وانه‌یه زۆری هه‌ر په‌یوه‌ندی به ده‌قه پیرۆزكراوهكانیشهوه نه‌بێت. یه‌كێكیش له‌و شته كه‌ڵه‌كه‌بووانه پرسی لێبورده‌ییه و ئه‌رگۆن به "بیرلێنهكراوهی مه‌حاڵ" ناوی ده‌بات. به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه كه له كوردستان ده‌گوزه‌رێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ڕه‌خنه ده‌گرن بێجگه له قه‌ڵه‌م شتێكی تریان نیه. به‌ڵام نابێت له‌بیرمان بچێت كه ئه‌و مافه بۆ هه‌مووانه، ئاییندارهكانیش ده‌توانن به قه‌ڵه‌م وه‌ڵام بده‌نه‌وه، یاخود له‌سه‌ر بیروبۆچوونه‌كانی تر بنوسن. ئیسلامیه‌كانی كوردستان له‌وانه‌یه له‌زۆربه‌ی ئیسلامیه‌كانی دونیا ده‌رفه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه‌یان زیاتر هه‌بێت، هه‌موویان كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ناوخۆیی یان ئاسمانیان هه‌یه. كه‌واته سوپایه‌ك له‌و خه‌ڵكه‌ی كه به بیری ئه‌وان بیرناكاته‌وه و تێڕوانینی بۆ ژیان و زۆربه‌ی پرسه‌كانی ژیان جیاوازه، ناترسن. ئه‌ی بۆ ئه‌وان به كتێبێك و ڕه‌خنه‌یه‌ك تاویان له‌به‌ر هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌ست به واژۆكۆكردنه‌وه ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر دوانگهكان هێرش و هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌وه ڕه‌گدانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه، یا ترسانه له خۆلهدهستدان؟
گلۆبالیزه ئه‌و ته‌وژمه‌یه بوو هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌یتوانی پێشی لێ بگرێت، له‌كاتێكدا كه دونیای سێیه‌م به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی و نا عه‌ره‌بی زۆرینه مسوڵمان، له قه‌یرانی دیموكراسی و ئابووری و ئازادیه‌كاندا ده‌ژین، گلۆبالیزه هۆكارێك بوو بۆ چاوكرانه‌وه‌ی خه‌ڵك و چیتر نه‌ترسان له ده‌سته‌ڵاته ترادیسیۆنێلهكانی كۆمه‌ڵگا. بۆیه جۆرێك له شۆك له‌و كۆمه‌ڵگایانه دروست بوو، كه‌مینه ئاینی و ئه‌تنیكیه‌كان چاویان كرایه‌وه و چیتر ناتوانرێت چاوبه‌ست بكرێن و به‌خۆشی و به ناخۆشی به‌به‌شی بژی و بمری خۆیان ڕازیبكرێن. خه‌ڵكیش به‌گشتی فێری ڕه‌خنه‌گرتن و ڕاده‌ربڕین بوون و داوای زیاتر ئازادی و مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. نمونه‌ش زۆرن له‌و وڵاتانه‌ی زۆرینه مسوڵمان. تا ئێستا لێبوورده‌ی له‌و وڵاتانه له‌خه‌ون نزیكتره تا له واقیع. له‌وانه‌ش چه‌وساندنه‌وه‌ی سوننه‌كان و به‌هائیه‌كان له ئێرانی ئیسلامی‌دا، ئه‌وه چش له چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره فارس به‌تایبه‌تیش گه‌لی كورد. چه‌وساندنه‌وه‌ی شیعه‌كان له سعودیه‌ی عه‌ره‌بیدا، ئه‌و وڵاته‌ی كه هه‌موو كتێبه‌كانی ئاینه‌كانی تری تێدا قه‌ده‌غه‌كراون و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه تا ئێستا شوفێری به ئافره‌ت ڕه‌وا نابینێت. له‌پاكستان ساڵانه به‌ده‌یان كه‌س ده‌بنه قوربانی هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه، تا ئێستا ئه‌حمه‌دیه‌كان و به‌هائی و ئاینیه‌كانی تر ناتوانن به ئازادی خواپه‌رستی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن له‌و وڵاته‌دا، له عێراقی نوێ بینیمان شیعه و سوننه چ نه‌ما به‌یه‌كتری نه‌كه‌ن، كریستیان و ئێزیدی و مهندائیهكان ته‌نها له‌به‌ر جیاوازی ئاین له لایه‌ن عه‌ره‌به توندڕه‌وه‌كانه‌وه هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر. له میسر قیبتیه‌كان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕۆژانه ده‌بنه‌وه، ئه‌زهه‌ر جێگای مهحاكیمی ته‌فتیشی ئه‌و سه‌ده‌یه‌ی گرتۆته‌وه، نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر كریستیانه‌كان به‌ڵكو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی له بنه‌چه مسوڵمان و ڕه‌خنه‌گر له گه‌وهه‌ره‌كانی ئیسلام، هه‌رچی له‌ڕاوبۆچوونی ته‌قلیدی ئه‌زهه‌ر ده‌رچوو ده‌درێته دهدگا، یا ژنی لێ جیا ده‌كرێته‌وه، یاخود نوسینه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت. له‌سودان گه‌لانی دارفور و نوبا ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی پاكتاوی ڕه‌گه‌زی ده‌بنه‌وه. له جه‌زائیر تازهكریستیانه عه‌ره‌به‌كان ده‌درێنه دادگا و ته‌نها به گومان ژیانیان لێ تاڵ ده‌كرێت، به تۆمه‌تی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له ئیسلام و هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی باوه‌ڕداره مسوڵمانه‌كان. له توركیا هه‌رچی دژی سیستم و فیكری ئه‌تاتۆركی بێت و ڕه‌خنه بگرێت له‌به‌ین ده‌برێت، چه‌ندین ڕۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر كوژراون و ده‌كوژرێن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت، ئه‌وه چش له‌وه‌ی كه تا هه‌نووكه‌ش میلله‌تێكی وه‌كو كورد به جڕوجامشت ده‌ژمێرن. ده‌بێ چ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیسلامی هه‌بێت مرۆڤ تێیدا ئازاد و سه‌رفراز بێت و قانونێكی مرۆڤدۆست و لێبوورده‌یی هه‌بێت، ژیانی خه‌ڵكی ڕێك بخات؟
ئه‌مه مانای وانیه كه له كۆمه‌ڵگا نا ئیسلامیه‌كانیشدا كێشه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ نیه، هه‌موو مافه‌كان ده‌سته‌به‌رن. هه‌روه‌ها مانای ئه‌وه‌ش نیه كه ته‌نها ئیسلام لێبورده‌یی به، "بیرلێنهكراوهی مه‌حاڵ" ده‌زانێت. به‌ڵكو هه‌موو ئاینه‌كان به‌شی خۆیان له‌و بیركردنه‌وه‌یه هه‌ڵده‌گرن. مانای ئه‌وه‌ش نیه كه ئاینه‌كان شتی جوانیان تێدا نه‌بێت، هه‌ر ده‌قێكی مێژوویی خاڵی نیه له بیروبۆچوونی باش، چونكه له ده‌ره‌نجامدا كرده‌ی چركه ساتێكی مێژوویین و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌و چركهساتانهیان كردووه. به‌ڵام كێشه‌كه له‌و ناعهقڵانیهته دایه كه ئاماده نیه پانتاییه‌كی بچوكیش بۆ عه‌قڵ بێڵێته‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی تا هه‌نووكه‌ش ژیانی خه‌ڵك ڕێك ده‌خات زیاتر میزاجی كه‌سه‌كان و هێزه تا قانون. لێبورده‌یی به‌رامبه‌ر بیروڕای جیاواز و ڕه‌خنه‌گران و ژنان له‌وپه‌ڕی هه‌ڕه‌سهێنان دان. له ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌ی باوك و مامۆستای قوتابخانه و سیاسی و به‌رپرسه‌كان و پیاوانی ئاینی و كه‌سانێكی زۆری سه‌ر به حیزبه ئاینی و نا ئاینیه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه كو‌لتورێك باوه هیچ ڕێزێك بۆ تاك و تایبه‌تیه‌كانی تاك دانانێت.
دیمه‌نه‌كان واده‌بینرێن كه كۆمه‌ڵگای كوردی له حاڵه‌تێكی لنگاوقوج دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، له‌ڕواڵه‌تدا وه‌كو دیموكراسیخواز و پارێزه‌ری مافه‌كان خۆی مانیفێست ده‌كات، كۆشك و ته‌لاری ده‌سته‌یه‌ك به‌رپرس و ده‌وڵه‌مه‌ند ڕكابه‌ری یه‌كتری ده‌كه‌ن له بڵندبوون و تازه‌گه‌ری، ته‌نها دیوی ده‌ره‌وه‌ی شار و باژێڕه‌كان ده‌ڕازێننه‌وه. به‌ڵام دیوی ناوه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه له نه‌بوونی دادوه‌ریی و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و تادوایی گه‌نده‌ڵیه‌كان ده‌ڕزێته‌وه. بیروڕای ئازادیش ئه‌گه‌ر لێشی نه‌درێت به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت. زۆربه‌ی جارانیش ڕه‌خنه‌گرتن به تاوان ته‌ماشا ده‌كرێت. ئه‌وه چش له‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی كه پێمان ده‌ڵێت زۆرێك ئه‌و خه‌ڵكه له ململانێیه‌كی بێ به‌رنامه‌دان و نازانن چیان ده‌وێت، ده‌سته‌ڵاتی ئاینیش ئاماده نیه واز له ڕوحی ویسایه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بێنێت.
له دیدگای ئه‌و نامه‌یه‌ی كه كۆمه‌ڵێك پیاوی ئاینی و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر واژۆیان له‌سه‌ر كردبوو، داوایان له لایه‌نی ده‌سته‌ڵاتدار كردبوو كه سنوورێك بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه دابنێن كه له ئاین و گه‌وهه‌ره‌كانی ئاین ده‌گیرێن، ده‌توانین چه‌ند شتێك بخوێنینه‌وه:
یه‌كه‌میان: زۆر گرنگه جیاوازی له‌نێوان ڕه‌خنه‌ی جیددی و زانستی بكه‌ین له‌گه‌ڵ سوكایه‌تی پێكردن و هه‌ڕه‌شه و جنێودان و یه‌كتر به‌هیچ دانه‌نان. ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له ئاین ده‌گیرێن، تێیاندا هه‌ن ڕه‌خنه‌ی جیددین و به‌دوای وه‌ڵام و چاره‌سه‌ری ژماره‌یه‌ك كێشه‌دا ده‌گه‌ڕێن. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه له‌نێوان ئه‌و نوسینانهشدا هه‌ن هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن و زۆربه‌ی جاران سوكایه‌تی پێكردن و وڕوژاندن و ناشیرینكردنێكی بێ بڕوبیانۆیه. له ناو پیاوانی ئاینی و ده‌سته‌ڵات و هه‌وادارانی ئاینیشدا هه‌ردوو تیراز ده‌بینرێن.
دووه‌م: تا ئێستا له كوردستان قانونێك نیه ئه‌و كێشانه ڕێكبخات. ئه‌وه‌ی هه‌یه قانونه كۆنه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری عێراقن. ئه‌مانه‌ش له‌ڕووی كولتوری و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ بارودۆخی خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بن، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه نوێیه‌كانی دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس. بۆیه په‌نابردن بۆ دادگا به دۆڕان و بێده‌نگكردنی نوسه‌ران و ڕه‌خنه‌گران ته‌واو ده‌بێت. هۆكاره‌كانی ئه‌و ململانێیهشن كه وای كردووه تا ئێستا قانونی ڕۆژنامه‌نوسان یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه. چونكه هه‌م ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و هه‌میش ده‌سته‌ڵاتی ئاینی له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نیه ئازادیه‌كی ڕه‌های ڕۆژنامه‌نوسی ببێته ڕۆحی قانونه نوێیه‌كان. نابێت له بیریشمان بچێت كه زۆرجاران ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ئاین مۆبیلیزه ده‌گات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی.
سێیه‌م: گۆڕانكاریه‌كان هێنده خێرا و زۆرن، به‌رده‌رگای ناوه‌نده ئاینی و كولتوریه‌كانی گرتۆته‌وه. بۆیه وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بۆ هه‌ر هه‌ستكردنێك به مه‌ترسی له‌ناوچوون یا له‌ده‌ستدانی ده‌سته‌ڵات، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌رگری له‌خۆكردن ده‌بێته كاراكته‌رێكی ڕۆتینی ڕۆژانه‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه. زۆربه‌ی جارانیش له‌جیاتی به‌خۆداچوونه‌وه و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخی نوێ، یا هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كان، هێرشبردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌بێته سیمایه‌كی ڕۆژانه و هه‌ندێكجار توندوتیژیش به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. به‌ڵام له‌وه‌ش ترسناكتر ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌ت به چه‌كی قانون و ده‌سته‌ڵاته‌وه بچێته سه‌نگه‌ری دژه ڕه‌خنه و ئازادی ڕاده‌ربڕین.
چواره‌م: ئه‌وه‌ی كه له كوردستان سه‌رنجڕاكێشه، هێنده‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له ئاین و گه‌وهه‌ره‌كانی ئاین ده‌سته‌ڵاتی ئاینی قه‌ڵس ده‌كات، ئاین گۆڕین ئه‌و ڕۆڵه نابینێت. دیاره بزاڤی ئاینگۆڕین له‌كوردستان وه‌كو زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی تر له‌و ساڵانه‌ی دوایی به شێوه‌یه‌كی بهرچاوتهشهنهی كردووه، به‌ڵام ئه‌و كاردانه‌وه‌ی كه پیاوانی ئاین و هه‌وادارانی ئاین و حیزبه ئیسلامیه‌كان له‌دژی ڕه‌خنه‌گران هه‌یانه هێنده له‌دژی ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته كریستیان یا زه‌ڕده‌شتی هه‌ستی پێنه‌كراوه. بێجگه له‌و به‌یانه‌ی كه یه‌كگرتووی ئیسلامی و بزاڤی ئاشوریه‌كان له‌دژی كریستیانه نوێیه‌كان ساڵی ڕابردوو ده‌ریان كرد.
پێنجه‌م: ئه‌و لایه‌نه‌ی پیاوانی ئاینی و ئیسلامیه‌كانیش له پشتیانه‌وه په‌نایان بۆ بردووه دادگا نیه، ئه‌مه‌ش له خۆیدا، له‌لایه‌ك ئیحراجكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كارایی و كاریگه‌ری هه‌وادارانی ئاین به‌ده‌ر ده‌خات له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسی. بۆیه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ژێر كارایی ئه‌و داواكاریه لیژنه‌یه‌ك پێك ده‌هێنێت بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كێشه‌یه. پاشان زۆری پێناچێت كتێبی "جه‌هاله‌تی ئیسلام و دونیای هاوچه‌رخ"ی نوسه‌ر ئارام ڕه‌شید، به بڕیارێكی دادگا و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه‌وه كۆده‌كرێته‌وه. ئه‌م بڕیاره‌ش ژماره‌یه‌ك نیشانه‌ی پرسیار به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداره بۆ به‌كارهێنانی هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتی ڕاپه‌ڕاندن و دادگا له‌دژی ئازادی ڕاده‌ربڕین. ئێمه‌ش ده‌پرسین ئه‌گه‌ر كتێبێكی ئاوا له كتێبخانه‌كان كۆبكرێته‌وه، ئه‌ی چ له ئینته‌رنێت ده‌كه‌ن كه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت له ئینته‌رنێته‌وه له‌ماڵی خۆی دایبه‌زێنێت؟ ئایا ئه‌وانه‌ی به‌و قه‌ده‌غه‌كردنه دڵیان خۆش ده‌بێت هه‌مان نمونه‌ی نه‌عامه‌یان به‌سه‌ردا ناسه‌پێت؟
له‌دووتوێی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه كوردستان و كۆمه‌ڵگاكانی زۆرینه موسوڵمان به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن، پێناچێت ده‌سته‌ڵاتی ئاینی و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ڵاتی سیاسیش هێشتا گه‌یشتبنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه بیرۆكه‌ی لێبورده‌یی بڕه‌و پێبده‌ن و بواری خه‌ڵك بده‌ن به‌ئازادی ڕاوبۆچوونه‌كانی خۆیان ده‌رببڕن یا به‌ئازادی ئاینداری خۆیان بكه‌ن. ئه‌وان له‌وه بێ‌ئاگان كه ئیتر گۆڕان یه‌كێكه له‌و ته‌وژمانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌خۆشی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت ئه‌وا ده‌بێت به‌ترشی دانی پێدا بنێن.
ئه‌وه‌ی له میسر و له جه‌زائیر ده‌گوزه‌رێت وه‌كو به‌ڕێز عادل باغه‌وان له ستونێكی ڕۆژنامه‌ی چاودێری ژماره (179) لاپه‌ڕه (17) دا پرسیاری كردبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌رگومێنته‌ی له دادگایی حه‌بیبه‌دا له جه‌زائیر به‌كارهاتووه، له ئه‌وروپا پێچه‌وانه‌ی بكه‌ینه‌وه، ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی بوون به موسوڵمان به هه‌مان ئه‌رگومێنت دادگایی بكرێن، ئایا كاره‌ساتی لێ ناكه‌وێته‌وه؟. بۆیه قۆناغی داهاتووی كۆمه‌ڵگا زۆرینه مسوڵمانه‌كان به‌ره‌وڕووی كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه ده‌بنه‌وه ئه‌گه‌ر ئیتر پرسی لێبوورده‌ی نه‌چێته ناو سیستمی بیركردنه‌وه و قانون و ده‌زگا كه‌لتوری و ئاینیه‌كاندا.
(1) قضایا في نقد العقل الدینی، محه‌مه‌د ئه‌رگۆن، وه‌رگێرانی هاشم ساڵح، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی دار الطلیعة/ بیروت، 2004، له‌په‌ڕه 243.(2) حدثنا حفص بن عمر حدثنا شعبة عن سهيل بن أبي صالح قال خرجت مع أبي إلى الشام فجعلوا يمرون بصوامع فيها نصارى فيسلمون عليهم فقال أبي لا تبدءوهم بالسلام فإن أبا هريرة حدثنا عن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال لا تبدءوهم بالسلام وإذا لقيتموهم في الطريق فاضطروهم إلى أضيق الطريق. سنن ابی داود، باب الادب.
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره (439) و (440)ی ڕژۆنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوكراوه‌ته‌وه.