شەنو كەوێكى (فەرهەنگى دیوانى نالى)
شەنو كەوێكى (فەرهەنگى دیوانى نالى)
سەڵاح سالار
(1 ـ2)
بەڕاى من ئەو كتێبە شایانى رەخنەیەكە شایانى خوێندنەوەیە، مەبەست لێرەدا ئەو رەخنە نەخۆشە نییە، كە لاى خۆمان هەیەو رۆشنبیریی كوردیى گیرۆدە كردووە.
مەبەست رەخنەیەك نییە، كە غەرەزێكى لابەلا دنەی داوە، بەڵكو رەخنەیەكە لە خەمو خۆشەویستییەوە دێ، رەخنەیەك بەناچاریى و بە زۆر خۆى دەنووسێتەوە.
ئەم كتێبەى دكتۆر مارف خەزنەدار (فەرهەنگی دیوانى نالی) بەراستى شایانى خوێندنەوەو هەڵگرتنو گەڕانەوەیە بۆ لاى وەختىَ دەمانەوێ نالى روونتر ببینین، دیارە دوكتۆر مارف یەكێكە لەوانەى نالییان بەنەوەى ئێمە ئاشنا كرد دەستبەدەست لەگەلأ مەلا عەبدولكەریمو مەسعود موحەممەدو ..هتد.
من لەوە تێدەگەم ئەوكارەى دوكتۆر مارف بە خۆشەویستییەكى گەورەوە نەبێ بۆ نالیى بەرهەم نایەت.
لەگەلأ ئەوەشدا هەر هەوڵێك چەند بڵندو بەهێز بێت هەر بەریى نییە لە كەموكورتىو لاوازیى، لێرەدا بڕواى من وابوو لە چەند شوێندا نەدەكرا بێدەنگ بم، لە چەند شوێندا خەمو خۆشەویستیى نالى واى لێكردم هەڵبدەمآو بنووسم، ئیتر چەند توانیومە راستبم, ئەمەیان باسێكى دییە.
ئێستاش خوێنەرى سەنگین با شەن وكەوێكى فەرهەنگەكەى دوكتۆر مارف خەزنەدار بكەین. سەرەتا ئەوەندى، كە بە هەڵەى زەقم زانیبێت، یان ئەو شتانەى سەرنج بەروونى رادەكێشن وەرمگرتووەو لێیان دواوم، سەرنجێكى گشتیى ئەوەیە دوكتۆر ماناى وشەكانى حەزرەتى نالیى لێكداوەتەوە، بەڵام ئاماژەى نەداوە وشەكە سەر بە چ زمانێكە، دەبوو ئەو تێبینییەى بنووسیبا، كامەیان عەرەبییە، كامەیان فارسییە.. هتد، ئەو یەكسەر مانا كوردییەكەى نووسیوەو وازى لىَ هێناوە.
سەرنجێكى تر، جارى وا هەیە مامۆستا هاتووە وشەى ناكوردیى بەكار هێناوە بۆ راڤەى وشەیەكى ترى ناكوردیى، كە نالیى لە شیعرەكانییدا بەكارى هێناوە.
دكتۆر پێناسە، یاخود راڤەى بۆ هەندێك شت كردووە، بەدەر لە مەبەستى نالیى، بۆ نموونە: ناوى پەیامبەرەكانو .. هتد، ئەمە جگە لە هەڵەى خاڵبەندیىو گرنگیى نەدان بە رێنووسى كوردیی، من هەولأ دەدەم درێژدادڕیى نەكەمو بە كورتى ئەو سەرنجانەى تر روون بكەمەوە.
ئادەم: لە لاپەڕە (9)دا لە بارەى وشەى (ئادەم)، دوكتۆر نووسیویەتى: "ئادەم: ئینسانى یەكەم، باوكى نەوەى مرۆڤە، بە پێى بیروڕاى ئایین خودا لەسەر شێوەى خۆى دروستى كردووە، لە بەهەشتى عەدەنى دانا، حەوواى لە پەراسووى ئادەم دەرهێناو كردى بە ژنى".
تێبینی من ئەوەیە، یەكەم: جوانتر بوو بنووسێت باوكى تەواوى مرۆڤایەتییە، نەك نەوەى مرۆڤ ئاوا مانادارترە.
دووەم: ئەو دەنوسێت: "بەپێى بیروڕاى ئایین خودا لەسەر شێوەى خۆى دروستى كرد، لە ئایینى ئیسلامدا شتى وا نییە، خودا خۆى دەفەرموێت: (ڵیْسَ كَمِپْلِهِ شَیْوٌ) هیچ شتێك لە شێوەى خودا نییە، ئەگەر مەبەستیشى ئایینەكانى دییە، دەبوو ئاماژەى پێبدایە، لە كام ئاییندا، جوو، یان گاور.. هتد، ئەو بیروڕایە هەیە، لەبەر ئەوە وشەى ئایین بەو رەهاییە هەموو ئایینەكان دەگرێتەوە، بە تایبەت لە ناو گەلێكى موسڵمانى وەك كورددا یەكسەر سەرنجى خوێنەر بۆ لاى ئایینى ئیسلام دەڕوات، لەبەر ئەوەى (نالیی)ش هەم كوردو هەم موسڵمان بووە، دەبوو بە پێى ئەو ئایینەى كە (نالیى) هەیەتى راڤەى بكردایە، لەوكاتەشدا بە نیسبەت ئاینی ئیسلامەوە قسەكەى دوكتۆر مارف هەر هەڵەیەكى تەواو دەبوو".
ئەحوەل: لە لاپەڕە (13) نووسیوەتى: "ئەحوەل: خێل، ئەو كەسەی، كە گلێنەى چاوى لە جێى خۆیدا نەبێو لە قەراغ چاویدا بێ، لە ئەدەبیات دا خێلى مایەى جووانییە".
نازانم بۆچى چاوى خێل مایەى جوانیی بێت! بەش بە حاڵى خۆم ئەوەم نەبیستووە، تەنانەت (نالیى) دەڵێت:
ئەحولى تەفرەقە نەزەر تەقوییەتى سەبەب دەكا
عاریفى وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەكا.
دیوانى نالى لا(97).
لە بارەى حەبیبەى خۆشەویستیشیەوە دەڵێت:
پێم دەڵێن: حەبیبە خێلو قیچە مەیلى شەڕ دەكا
خێلو قیچە یا تەرازووى نازى نەختێ سەر دەكا.
لەم دێڕە شیعرەدا دیارە خێلیى ماناى بوونى ناتەواوییو بەكەم سەیركردنە.
(نالی)یش بە چاوى رەزامەندییەوە سەیرى یارەكەى دەكاتو دەڵێت: عەیبدار نییە، تەرازووى نازى سەر دەكات، ئەمە لاى نالیی ئاوایە، نەك ئەدەبیات بە گشتیى.
ئەمانەت: لە لاپەڕە (17) نووسیویەتى "ئەمانەت: دڵنیابوون، راستیىو دروستى، هێمنىو بێ ترس، نەترسان، شتێك بە كەسێك رابسپێررآ بۆ پاراستن".
بە بۆچوونى بەندە، تەنها بینیوسیبا (سپاردە) باشتر بوو، وشەیەكى كورتو جوانو مانادارەو دەقاودەقیش واتاى خۆى دەدات بەدەستەوە.
ئەمەگ: لە لاپەڕە (17) نووسیویەتى: "ئەمەگ: رەنج، پیاوەتى، كارى چاك لە پێناوى یەكێكى تر".
ئەوەندەى من بزانم، ئەمەگ بە ماناى (وەفادار) هاتووە، ئەم وشەیەش باشتتر دەیپێكێت.
ئەمین: هەر لە لاپەڕە (17) نووسەر نووسیویەتى: ".. یەكێكە لە نازناوەكانى پێغەمبەرى ئیسلام".
راستییەكەى (ئەمین) بەر لە پلەى پێغەمبەریی نازناوى ئەوبووە، پییان وتووە (موحەممەدولئەمین) یان (ێادیقولئەمین)، دوكتۆر دەبوو ئەمەى لە یاد بوایە.
ئەیوان: لە بارەى وشەى (ئەیوان)ەوە لە لاپەڕە (18) نووسیویەتى: "ئەیوان: هەیوان، تاق، دەروازە، تاقى كیسرا لە مەدائین لە نزیك بەغداوەیە".
لە راستییدا (ئەیوان) ناوچەیەكى بەرفراوانیشە لە پارێزگاى (لوڕستان) (ئیلام) لە وڵاتى ئێران، كە پێشى دەڵێن: ئەیوانى كەڵهوڕ، دەبوو ئاماژەی بەوەش بدایە.
ئیسلام: لە لاپەڕە (20) لە سەر ئەو وشەیە ئاواى نووسیوە: "ئیسلام: ئایینى موسڵمانان لە دەوروبەرى ساڵى (611ز) بە هۆى موحەممەدى كوڕى عەبدوڵڵا بڵاو بووەوە، لە پێشانا لەناو عەرەب، ئینجا لەناو هەندێ نەتەوەى تریش، خۆدان بەدەستەوە چوونە ناو ئاشتییەوە، بوون بە موسڵمان".
ئەم پێَناسەیە كەموكورتە، راستە سەرەتا لە ناو عەرەب بڵاوبووەوە، بەڵام دوایی نەك لە ناو هەندێ نەتەوەى تر، بەڵكو لە هەموو جیهان بڵاو بووەوە، پاشان ئیسلام كۆتا ئایینو بەرنامەیە خودا بۆ سەر مۆڤایەتى رەوانە كردبێت، دەبوو باسى لێوە بكردایە.
بژ: لە لاپەرەِ (23) نووسیویەتى: "بژ: توكى زۆرى زبرو بەهێزە".
راستییەكەى دەبوو بینووسیبا: قژ: یان توكى زۆرو ئاڵۆزكاو، وشەى بەهێز، لەوێدا مانادار نییە.
پەرستن: لە لاپەڕە (35) نووسیویەتى: "پەرستن: ستایش كردن، بەندەیی كردن، خزمەت كردن".
وشەى (ستایشكردن) زەیادەیەو دوورو نزیك پەیوەندیی بە پەرستنەوە نییە، من لە سەرەتاى ئەم نووسینەمدا هەندێك ستایشى قەڵەمەكەى دوكتۆر مارف-م كردووە، ئەگەر وابێت، یانى من ئەوم پەرستوووە و ئەویش ستایشى هەركێى كردبێت ئەوى پەرستووە، هەروەها وشەى (خزمەتكردن) ماناى پەرستن ناداو ئەویش زیادەى سەرشكێنە.
پیرمەسوور: لە لاپەڕە (36) دوكتۆر نووسیەتى: "پیرمەسوور: ناوى چاكێكە لە سلێمانى لە تەك گەڕەكى مەڵكەندى..".
یەكەم: ئەو ناوى پیرمەنێورەو لەسەر زمان ئاسان كراوە، بووە بە پیرمەسوور، دەبوو ئاماژەیەكى تەواوى بەناوەكەى بدایە.
دووەم: باش وایە بینوسیایە ناوى پیاوچاكێكە، نەك (چاكێك) كەى دروستە بڵێیت ماڵەكانى دەورى چاكەكە، چاك بە تەنها ماناى تر دەبەخشێت، هەروەها ئەو گۆڕەى پیرمەسوور لە تەك گەڕەكى مەڵكەندیى نییە، بەڵكو لەناو گەڕەكەكەدایە.
تاقى كیسرەوى: لە لاپەڕە (40) دەنووسێت: "تاقى كیسرەوى: تاقى كیسرا..، بە پێى ئەفسانەى ئایینى كوردەواری گۆیا تاقەكە لە حەژمەت پەیدا بوونى ئایینى موسڵمان درزى بردووە، چونكە رەمزى سەردەمى گاوورىو بوتپەرستى بووە".
یەكەم: بەپێى راى زانایانى نێو ئایینى ئیسلام، نەك كوردەواریی، چونكە عەرەبەكانیش ئەو قسەیان كردووە، هەرچەند قسەیەكى بێبنچینەیەو هیچ بنەماى نییە.
دووەم: ئەو تاقە ڕەمزى نە گاور، نە بتپەرست بووە، بەڵكو هى ئاگرپەرست (مەجوسی) بووە، هەروەها "ئایینى موسڵمان" هەڵەیە، یان دەبێت بڵێت، ئیسلام، یان موسڵمانان.
تانجەرۆ: لە لاپەڕە (40)دا دەنووسێت: "تانجەرۆ: رووبارێكە لە ئاوى سەرچنارى باكوورى رۆژئاواى شارى سلێمانى دەبێتەوەو بەرەو خوارووى شار دەروا، ئینجا لا دەدا بەرەو شارەزوور تا دەگاتە دوواوان، لاى كانى گۆمە ئاوى ئالیشەى تێ دەكا، لە پاشان ئاوى تەقتەقیش..".
یەكەم: تانجەرۆ ناوى ناوچەكیشە، ئێستا مەركەزى ناحیەى (عەربەت)ە.
دووەم: ئاوى تەقتەق لە كوێو تانجەرۆ لەكوێ؟ ئەوە ئاوى (چەقچەق)ە ئەو بەهەڵەداچووە.
جەڕڕاح: دوكتۆرى بەڕێز لە لاپەڕە (50)دا دەڵێت: "جەڕڕاح: ئەو كەسەیە كە برین تیمار دەكا، ئەو پزیشكەیە كە تیمارى برین دەكاو هەندێ پارچە لە لەش دەبڕآ، كە لە ئەنجامى نەخۆشى خراپ پەیدا دەبێ".
ئەم پێناسەیە بە زمانى ئەمڕۆ تاڕاددەیەك وایە، بەڵام لە سەردەمى (نالیی)و ئەو قۆناغەدا جەڕڕاح، ئەو كەسە بووە ئێسكى شكاو، یان لە جێ چووى گرتووەتەوە، یاخود درزو قڵیشاوى ئێسقانى چارەسەركردووە، كە تا ئەمڕۆش هەركەس ئەو كارانە بكات، هەر هەمان ناوى هەیە، بەڵام ئەوەى دوكتۆر باسى دەكات ئەو سەردەمە پێیان وتووە: (حەكیم).
جەناب: لە لاپەڕە (51) دەنوسوێت "جەناب: وشەى گەورەكردنە لە پێش ناوى كەسى گەورە دەهێنرێ،..".
ئەم قسەیە راستە، بەڵام تەنها لە كاتى ئارامیىو موجامەلەدا، دەنا لە كاتى توڕەبووندا رێك ماناكەى پێچەوانە دەبێتەوە، بۆ بە كەمگرتنو شكاندن بەكاردێت، وەك: جەنابى حاكمت، جەنابت.. هتد.
حەز (حڤ): لە لاپەڕە (58)دا نوسویەتى: "حەز (حڤ): بەخت، نەسیب، بەهرە، كارمەرانى".
دوكتۆر هاتووە، راڤەیەكى كوردیى بكات، كەچى دەنوسوێت (نەسیب) راسترر وابوو بینوسیبا (بەش) یان بەخت.
خەلیفە: لە لاپەڕە (64)دا لە راڤەى ئەو زاراوەیەدا نووسیویەتى: "جێ نشینى پێغەمبەر..، ناوى سەرۆكى دەوڵەتە ئیسلامییەكان بوو لە پاش موحەممەدەوە تا رووخانى دەوڵەتى عوسمانى".
ئەم قسەیە دەقاو دەق تەواو نییە، تا سەردەمى عەباسییەكان پێى وتراوە خەلیفە، عوسمانییەكان پێیان وتووە سوڵتان.
دارى زەرد: لە لاپەڕە (68)دا نووسویەتى "دارى زەرد: كانىو ئاوێكى ساردو فێنكە لە ناوچەكانى قۆپی قەرەداغ لە وڵاتى سلێمانى..".
دەبوو باسى ئەو داربەڕووەى بكردایە، كە گەڵاكەى هەمیشە زەردە، تەنانەت شوێنەكەش بەناوى ئەو دارەوە ناونراوە.
خدر: لە لاپەڕە (68) نووسیویەتى: "(خدر خچر): نازناوى نالییە..، ناوى یەكێكە لە پێغەمبەران، .. لە لاى موسڵمان دا پێغەمبەرێكە هاوڕێى موسابووە..".
راستییەكەى خدر پیغەمبەر نەبووەو تەنها پیاوچاكێك بووە، لاى موسڵمانان, قسەى راستو دروستو پەسەند ئەوەیە، با لە قورئانیشدا ناوى هاتبێت.
دەربارەى ئەوەى سەرەتاش كە دەڵێت: "نازناوى نالییە"، راستتر ناوى ئەسڵیى نالییە، نەك نازناو، چونكە نازناو بە ناوە خوازراوەكە دەوترێت، نەك ئەسڵییەكە.
دەسبەند: دوكتۆر لە لاپەڕە (72) نووسیویەتى: "دەستبەند: بازنە، كەلەپچە، رەزیل، قرچۆك".
مامۆستا مەلا عەبدولكەریمى مودەرڕیس لە شەرحى ئەم وشەیەدا، دەڵێت: "دەستگرتن لە كاتى هەڵپەڕكێدا" (نالی)ش لە دوو شیعردا دەڵێت:
"دەستبەندیانە دێنو دەچن، سەروو نارەوەن"
زیاتر وشەى دەستگرتنو هەڵپەڕكێكە نزیكترە، بۆ راڤەى شیعرەكانى (نالى).
دەلأ: لە لاپەڕە (73)دا دەنووسێت: "دەلأ: سەگى مێ، دەڵەسەگ، دێڵە سەگ". ئەمە تەواوە، بەڵام بە هەمان شێوە بە گورگیش وا دەڵێن.
دڕك: لە لاپەڕە (77) نووسیویەتى: "درك: تیغى دارو دەوەن". بە راستى ئەمە وانییە، راستە هەندێ داریش دڕكى هەیە، بەڵام دڕك ناوە بۆ ئەو گژوگیایانەى ئەو تیغەى هەیە، یان بۆ دڕكەزیىو دڕكى شیلانو گوڵەباغ.
رێگى رەوان: دوكتۆر لە لاپەڕە (81) نووسیویەتى: "رێگى رەوان: لمى بیابان، ئەولمەیە كە با لێى دەداتو دەیبزوێنآو وەكو ئاو شەپۆڵ دەداو گردۆڵكە دروست دەكا".
ئەى بینوسیایە (سەراب) باشتر نەبوو؟ چونكە جارى وا هەیە لمیش نییەو لە دوورەوەش شێوەى ئاو پیشان دەدات.
روو سپى: لە بارەى ئەم وشەیە لە لاپەڕە (83) نووسیویەتى: "رووسپى: كینایەتە بۆ ژنى بێ ئابڕوو، بەدكار، فاحیشە، قەحبە، رووسپى زادە: حەرامزادە، زۆلأ، بێژوو، بێژى، رووسپى بار: مێباز، ژنباز، پیاوى زیناكار".
بەڕاستیى لەم لێكدانە، سەرم سوڕما، چونكە لە كوردەوارییدا رووسپى بە ژنى بە حەیاو حورمەت و سەربەرز دەوترێت، لە شارەزوور، گەرمیان، هەورامان، پشدەر، بتوێن، هەولێر و.. هتد، پرسیارم لەسەر ئەم وشەیە كرد، راى هەموویان هەر ئەو قسەیەیە كە نووسییمان، تەنانەت كاتێك ئافرەتێك بەخێرهاتنى پیاو یان ژنێك دەكات، لە وەڵامدا پێى دەڵێت: رووسپى بیت، ئەمەش نزایەكى زۆر جوانە، قابیلە مەبەستیان بێت پێى بڵێن: یاخوا بێئابڕوو بیت، قەحبەو زیناكارو زۆلأ بیت؟! بۆ زانیاریی زیاتر سەیرى فەرهەنگى (هەمبانە بۆرینە)شمكرد، مامۆستا هەژاریش هەر دەڵێت: "ئافرەتى بە ئابڕوو.. سەربەرز.. هتد"، بەڵام لام سەیر بوو مامۆستا مەلا عەبدولكەریمو مامۆستا فاتیحى كوڕى ئەو رایەیان هەیە، كە دوكتۆر نەقڵى كردووە، ئەویش لە شەرحى ئەم بەیتەى (نالی)دا:
چاوەكەم مەنواڕە رەنگى زاهیریی
خۆ دەزانى رووسپى چەند رووسیان. دیوانى نالیی (326).
پاش گەڕانێكى زۆر بەناو فەرهەنگە فارسییەكاندابۆم دەركەوت ئەم وشەى (روسپى)یە كوردیى نییەو ئەو مامۆستا هێژایانەش ئاماژەیان پێنەداوە كە ئەمەش سەر لە خوێنەرى كورد تێكدەدات.
(روسپى) وشەیەكى فارسییەو ماناى ژنى (بەدڕەوشتو بێئابڕوو دەگەیەنێت)، تەنانەت دەبێت خوێنەر ئاگاداری ئەوەبێت، ماناى وشەى (روسپى) فارسیی لەگەلأ وشەى (رووسپى) كوردیدا جودایە، لە بەرانبەر رووسپى كوردییدا، فارس وشەى (روسفید) (روو سەفید) یان هەیەو ماناكەشى هەمان مانا كوردییەكەى خۆمانە، كە رووسوورییو سەربەرزیی دەگەیەنێت.
salahsalar@gmail.com
لەژمارە (334)ى رۆژنامەى (كۆمەڵ) بڵاو كراوەتەوە.