Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
ژیان لە نێو سندوقێكى گەورە

ژیان لە نێو سندوقێكى گەورە

Closed
by August 17, 2008 گشتی

 ژیان لە نێو سندوقێكى گەورە
 رەگەز رەشید

  رەنگە هیچ فۆرمێك بەقەد وێنەى سندوق ژیانى ئێمەى داگیرنەكردبێت و هەركەس لە ئێمە خاوەنى چەندان سندوقى تایبەت بەخۆیەتى و دواجاریش لە نێو چەندەها سندوقى ئاشكرا و شاراوە ژیان بەسەردەبات.
 لەماڵدا لە نێو سندوقێكى گەورەداین و لە ژوورەوەش لە نێو سندوقێكى بچوكتر.. كە شەوان دەخەوین, لەسەر سندوقێك پاڵدەكەوین و بەیانیانیش دەرگاى چەندەها سندوق دەكەینەوە (دەرگایەك بۆ خۆگۆڕین و دەرگایەك بۆ خواردەمەنى و, دواجاریش لەسەر سندوقێكى دیكە چێشت ئاماد دەكەین و لەسەر یەكێكى تریش نان دەخۆین). كە دەچینە دەرەوەش بەسوار سندوقێكەوە (ئۆتۆمبێل) دەڕۆین و بۆ گۆىَ گرتن لە گۆرانیش لەنێو هەمان سندوق, كاسێتێك لە شێوەى سندوقێكى بچووك دەخەینە نێو سندوقێكى گەورەترەوە.. كە دەچینە هەر شوێنێكى تریش, لە دەرگاى سندوقێكى تر دەدەین و بەرەو سندوقى تر دەچینە ژوورەوە.
 *  *  *
 هیچ كام لە ئێمە گیرفانەكانمان بازنەیى نین و كەسیشمان تابلۆیەك ناخاتە نێو سێگۆشەیەك و هەلیواسىَ, كاتێكیش بیر لە زەمەن ئەكەینەوە, چاومان بۆ سندوقەكان دەگێرین و لەنێو سندوقى جیاواز جیاوازەوە وێنەكان دەبینین.. بیركردنەوە لە داهاتووش, بیركردنەوەیە لە سندوقێكى تر كە نەدۆزراوەتەوە.. رەنگە زێدڕەویش نەبێت ئەگەر بڵێین هیچ سەردەمێك هێندەى ئێستا, ژیانپڕى نەكردووە لە سندوقى جۆراوجۆر, واتە تا ژیان دەروا سندوقى نوىَ تر ئەدۆزێتەوە, بۆیەش دەكرێت بڵێین, پەیوەندیەكى هاوتەریب لە نێوان پێشكەوتن و سندوقەكان ئامادەیە. بە واتایەكى تر مرۆڤ لەو كاتەى لەنێو ئەشكەوتەكان دەژیا و ئەشكەوت تاكە ماڵێك بوو بۆ هەموویان, سندوق ئامادە نەبوو, وەلىَ كاتێك ماڵى كرد, هاوكێشەكان گۆڕان و هەركەسێك بووە خاوەن گیرفان و سندوقى خۆى. هەریەكێكیش لەو سندوق و گیرفانانە, ماڵى تایبەت و شوێنى نهێنیەكانى بوو. ئیدى لەوىَ ى ئەو ماڵە تایبەتانە سندوقەكان زێتر دەرەوسانەوە..
 *  *  *
 سەرجەم ستراكتۆرە تەكنەلۆژییەكان لە سندوق ئەچن, لە تەلەفۆنەوە بگرە بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆن و فاكس و مۆبایل و دواجاریش بۆ تازەترین دۆزینەوەى نوىَ, كە كۆمپیوتەرە. بۆیەش هەریەكێك لەو سندوقە تەكنەلۆژیانە مرۆڤ ناچار دەكات بەردەوام ببێتە كۆیلەى سندوقەكان.
 *  *  *
 هەر یەكێك لە ئێمەخاوەن چەند سندوقێكى تایبەتین, بەشێك لەو سندوقانە هەڵگرى نەهێنیەكانن, رەنگە نزیكترین و پڕنەهێنیترین سندوقیش (گیرفان) بێت, بۆیەش ئەكرێت كردنەوەى سندوقەكانى تر زۆر زەحمەت نەبن, بەڵام ئاشكراكردنى ئەوەى لەنێو گیرفانە كارێكى ئەستەم بێت.
 *  *  *
 كە نامەیەكى دڵدارى بۆ یارەكەت دەنووسى, دەیخەیتە نێو سندوقێكەوە و توند چەسپى دەكەیت, دەفتەرى یاداشتنامەكانیش تا ئەو كاتەى دەمرى, لە خوێندنەوەى كەسانى تر بەرگرى لێدەكەیت. تا ئەوكاتەى دەمرى, لە خوێندنەوەى كەسانى تر بەرگرى لێدەكەیت. شتە ئەنتیك و بەنرخەكانیش دەخەینە نێو سندوقێكى تایبەتەوە, كە سەفەریش جانتاكەت كە چەند سندوقى جۆراجۆر دەگرێتە خۆ, بەسەر شتە تایبەتەكان دابەش دەكەیت..
 *  *  *
 بەشێكى زۆرى بێتاقەتى كەسى زیندانى, پەیوەندى بەو سندوقە داخراوە هەیە, كە بە بچوكى لەنێوى دا شەو رۆژ دەكاتەوە, كاتێكیش مرۆڤ حەزدەكات بچێتە نێو سروشت و لەتەك دار و گوڵ دابنیشێت, هێندە چێژ وەرگرتن نىیە لە جوانیەكانى, هێندەى حەزێكى نادیارە كە لە نەست و سایكۆلۆژیەتى لە دایك دەبێت بۆ راكردن لە سندوقەكان, بۆیەش جیهانى دەرەوە, جیهانى دووركەوتنەوەیە لە سندوقەكان.
 *  *  *
 كە دەمریت دەتخەنە نێو سندوقێكەوە و لەژێر خاكیش بۆ دواجار لەنێو سندوقێكى تەسك دەمێنیتەوە.
 
 
 r_ragaz@ yahoo.com
 
 
 

Previous
Next