گروپی ( ف ) و تیرۆری سۆرانی مامە حەمە
گروپی ( ف ) و تیرۆری سۆرانی مامە حەمە
ڕێبوار عارف
ژمارە 144ی بڵاوكراوەی هاوڵاتی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەسێك بەناوی ( ئازاد فاتع ڕەحیمی ) ئەنجامداوە لە پەیوەند بە ئەركێك كە دەزگایەكی ئەمنی یەكیتی نیشتمانی كوردستان پێیان سپاردووە، سەبارەت بە تیرۆركردنی كەسێك كە گوایە ئەمیرێكی ئەنساروئیسلامەیەكانە. جێگەی خۆیەتی لەمبارەوە هەڵوێستەیەك بكەین وچاوێك بەم ڕووداوەدا بخشینین.
لەو چاوپێكەوتنەكەدا ( ئازاد فاتع ) ئاماژەی بەوەكردوە كە پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكیەتیەو یەكێك لە كادرە دیارەكانی دەزگایەكی ئەمنی یەكیەتی نیشتمانی كوردستانە لە شاری كركوك كە تائیستە چەندین كاری تیرۆریستیان ئەنجامداوەو ئێستە زیاتر لە ساڵێكە لە زیندانی ئاسایش هێلاویانەتەوە بەبی ئەوەی كە ڕێگەی پێ بدرێت نە پارێزەربگرێت و نە هیچ كەسێك سەردانی بكەن. ناوبراو لەم چاوپێكەوتنەدا چۆنیەتی داستانی تیرۆركردنی كەسێك دەگێڕێتەوە كە بە فەرمانی دەزگایەكی ئەمنی نهێنی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان پێَی هەستاوە.
( چیرۆكە سەرسوڕهێنەرەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە ڕۆژێك كارێكی پێدەسپێرن و وەك خۆی باسی دەكات پاش سێ مانگ بێنەوبگرەو چەند دانیشتنێك لەسەر ئەو مەوزعە ڕیكەوتوون. ئازاد دەڵێ: پێیانووتم كابرایەكی ئەمیری تیرۆریست هەرجارەی بەشێوەیەك دێتە ناو كەركوك، ئێستا ئەندامێكیان بەناوی مەلا مەحمود سێ ڕۆژە گیراوەو ئەو ئەمیرە مەوعیدی لەگەل مەلا مەحمود هەیە، بەلام ئەمیرەكە مەلا مەحمود ناناسیت .. ئازاد فاتح ئاماژەی بەوەكردوە كە دەزگا ئەمنیەكە ڕایانسپاردووە لەگەل ( ف ) بڕۆن خۆیان بە مەلا مەحمود بەو كەسە بەحساب ئەمیری ئەنساروئیسلامە بناسێنن،..)) سەرئەنجام بەپێی نەخشەیەكی پێشتر ئامادەكراو كەسێك كەبەحساب ئەمیری گروپێكی تیرۆریستی بووە دەكوژن. پاشان ئازاد دەگێڕێتەوە كە چۆن لە دادگای بۆی دەركەوتووە كە دەزگا ئەمنیەكە كەسێكی تریان پێكوشتووە نەك ئەمیری گروپێكی تیرۆریست. دواین پەیام و داواكاری ئازاد لەكاتی دادگای كردنا بەم شێوەبوو : …. ڕاستە من ئەمڕۆو سبەی لەسەر ئەم قەزیەیە حوكم دەدرێم ، بەلام با ئەمە دووبارە نەبێتەوە لەناو كۆمەلدا، كە حیزبەكەم كلاوی كردووەتە سەرم)).
وێنەكانی پشت ئەم ڕووداوە بە كوێمان دەگەیەنن ؟
لەكۆمەڵگایەكدا كە بەفراوانترین شێوە تارمای تووندوتیژی ژیانی هاولاتیانی هەرسانكردبێت و نائەمنی لە هەموو ئاستە سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابوری و فەرهەنگیەكاندا تەنگی بە ژیانی خەڵك هەڵچنیبێت، ئەوا وەك ئێستە ئەوەی كەبە گۆشت وپێست ئیسقانی خۆمانەوە هەستی پێدەكەین پەلهاوێشتنی تیرۆر، كوشتن، ڕاونان، بۆردمان، لەشكركێشی، گەمارۆ، تەقینەوە، هەلاوسان، گەندەلی تا نەبوونی ماف و ئازادەیە فەردی و مەدەنیەكانیەكان باڵ دەكێشێت بەسەر ژیانی هاولاتیاندا. بۆیە ئیتر قسەكردن لەڕوداوێكی وەك تیرۆركردنی كەسێك ڕەنگە زۆر جێگەی بایەخپێدان نەبێت. بەلام مخزاوپەیاِمەكانی پشت ئەم ڕووداوە پێویستە زۆر هۆشیارانە سەرنجی بدرێت و ڕاگوزەرانە بەسەر جەستەی قوربانیەكانیدا تێنەپەڕین و هەر لێرەشەوە پێویستە بە قوڵی لە پەیام و دەرئەنجامە شاراوەكانی تری ئەم ڕووداوە ووردبینەوە.
دەكرێت لەو پرسیارگەلەوە دەست پیًبكەین كە ئاخۆ پەیوەندی تیرۆرو یەكیەتی نیشتمانی كوردستان چیە ؟ ئەگەر یەكیەتی خوازیاری حكومەتێكی مەدەنیە، ئەگەر یەكیەتی خوازیاری سەروەری یاسایە، ئەگەر یەكیەتی ادعای دیموكراسیەت دەكات ئەگەر یەكیەتی… ئەوا دەزگای تیرۆری بۆچیە ؟ كەواتە سەرەتا وەلامدانەوە بەو پرسیارەی كە ئاخۆ پەیوەندی نێوان ( یەكیەتی وتیرۆر ) چیە ؟ دەكرێ وەك كلیلی چوونە نێو باسەكە تەماشابكرێ. پرسیارەكە ئەویە كە ئایا یەكیەتی نیشتمانی لەپاڵ هەموو ادعاكانی خۆیدا پەنای بۆ كاری تیرۆرو تیرۆریستی برودوە ؟ وەلامی ئەم پرسیارە نەك هەر ئەمڕۆ لە زمانی یەكێك لەو كەسانەوە پەردەی لەسەر لادەبرێت كە خۆی بە فەرمانی دەزگایەكی ئەمنی پێی هەڵساوە، بەڵكو لە ڕاستیدا تیرۆر چەكێكی تەمەنی درێژو یارو یاوەری یەكیەتی بووە. كەبەدلنیای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان دوورو نزیك ئاگاداری كارنامەی سیاسی یەكیەتی نیشتمانی كوردستانن ئاگادارن كە چۆن لەهەر قۆناغیكی جیاوازدا بەپاساوی جیاواز چەكی تیرۆریان بۆ دەستەبەركردنی ئامانجەكانی خۆیان بەكارهیناوە. جێگەی خۆیەتی لێرەدا چەند نموونەیەك لەئەرشیفی كارنامەی ئەم هێزە دەربكێشین كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەك بەر لەئێستە ڕوویداوە. ڕەنگە زۆرێك لە ئێمە لەیادی مابێت كە كۆتای سالانی حەفتاكان وسەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو هێزی چەكداری یەكیەتی لە شاخ بڕیاری كوشتن و تیرۆركردنی ژمارەیەك لە ژنان و كچانی شارەكانی كوردستاندا بەبەهانەی بێڕەوشتی و گومان لێكردنیان بەوەی كە گوایە سیخورن و سەربە بەعسن. لەمبارەوە ئەم كارە بە ریكخستنەكانی ناو شار سپیردراو بێگومان زۆرێك لەو هاوڕێ و دۆستانەی كە سەربە ڕێكخستنەكانی یەكیەتی و بەتایبەت كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بوون، كێشمەكێش و راوەستانەوەكانی ئەو سەردەمەیان لەیادە لە پەیوەند بە كوشتن و تیرۆركردنی ئەو ژن و كچانەی كە ناوەكانیان لەشاخەوە دیاری كرابوو بۆ تیرۆركردن.
بەلام لەپال هەموو نارەزایەتیەكانی ئەو ڕۆژگارەشدا سەرئەنجام تا ئەو شوینەی كە من ئاگادارم لەشاری هەلەبجە تەقە لە چەند ژنێك كرا كە دوانیان بەناوەكانی ( س ، گ )ەوە بوو… ئەو سەردەمانە كوشتن و تیرۆری ئەم بەشە لە ژنان بەپاساوی پاكردنەوەی ڕیزەكانی گەل بوو لە جاسووس و كەسانی بێ رەوشت وخراپ . قۆناغی دواتر پەنابردنی یەكیەتی بوو بۆ هەر ڕەوشتێكی ناسیاسیانە دژ بەو جولانەوەی كە بەناوی عیراقچیەكانەوە خستیە ڕێ هەر لە چەككردن و سووكایەتی پێكردن و سزادان و ((ترۆكردن ))و دەسبەسەركردن و ئەشكەنجەوە تا پەنایان بردن بۆ لەناوبردن و تیرۆركردنی مغالفینی سیاسی خۆیان كە خوێنی ئازادی مەلاو كوشتنی وریا ڕەش بە تەور نموونەیەكی تری ئەو ڕاستیانەن كە (تیرۆر) چەكێكی هەمیشەی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان بووە لەسەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە تا ئەمڕۆ. گاڵتەجاری پاساوی ئەم كردەوانە لەوەدابوو كە پاساوەكانی ئەو سەردەمانە بۆ كوشتن وتیرۆركردنی مغالفینی سیاسی خۆیان بە ( پاكردنەوەی ڕیزەكانی شۆڕش لە كەسانی خائین بە گەل و شۆرش لەقەلەم دەدا ).
بێدەلیل نیە بەلام …
بێدەلیل نیە كەپارتی و یەكیەتی لەوپەڕی هەوڵوتەقەلای خۆیاندان بۆ پەلكێشكردنەوەی حیزبی بەعس بۆ سەر شانۆی سیاسی و شەرعیەت دانەوە بەوهێزەی كە گۆشەیەك لە كارنامەی دەسەلاتداریەتیان بەخۆینی سەدان هەزار ئینسانی ئەنفالكراو، كیمیاباران كراو، اعدام وگولەبارانكراو تۆماركراوە. ئاخر بەعس پەلكێشكرێتەوە یا نا ئەمان لە سەروساماندان و وەفاداربوون بۆ یاساو ریساو داب ونەریتەكانی بەعسدا كەمیان نەهێناوە و داهینانیان لەخۆنیشانداوەو جیاواز لە ڕەسمیەت پێدانەوە بە یاساو ڕێساكانیان، لەگەلێك ڕەوشت و ڕێگەی دەستەلاتداریەتی بەعس بەهرەمەند بوون. ئاخر ئەمڕۆ لە كوردستان تەنیا دەزگاكانی زانیاری و پاراستن لەباتی مخابەرات و استخباتی بەعس نیە بەڵكو دروست كردنی دەزگای ئەمنی وتیرۆریستی لەسەردەمی لوتكەی دەسەلاتداریەتیاندا. كەواتە ئەنجامدانی تیرۆر لە فەرنگی سیاسی یەكیەتی نیشتمانی كوردستاندا لە هەر قوناغێكدا تیرۆری خۆی هەیە وەك باسمان كرد سەردەمانیك خۆینی ژنان حەلال دەكەن بەپاساوی ئەوەی كە ڕیزەكانی گەل لە جاسووس و بێروشتەكان پاكینەوەو لە قۆناغیكیتردا كوشتن و تیرۆری مغالفینی سیاسی بە پاساوی پاكردنەوەی ڕیزەكانی گەل و شۆرش لە كەسانی خائین و لادەرو دژی شۆرش لە قوناغی ئەمڕۆشدا بەكارهێنانی چەكی تیرۆر بۆ هێشتنەوەو پاراستنی دەسەلاتیان.
بێدەلیل نیە كە یەكیەتی نیشتمانی و ئەم حزبە دەسەتدارانە سالەهایە بە تەوای مانا شانی خۆیان لە كوشتن و تیرۆركردنی هەزاران ژن لە كوردستاندا خاڵی كردوەتەوەو كەمترین پەرچەكردار لەخۆیان نیشان نەداوە، ئاخەر ئەگەر بێتو دەست بەرن بۆ كردنەوە فایلی تیرۆری ژنان لە كوردستان ئەوا ئەوان وەك داهێنەری ئەم نەریتە پشكی شێریان بەردەكەوێت كە ڕەنگە ئەو خەلاتە زۆر بە قازانیجان نەبێت.
هەربەو مانایەش بێ دەلیل نیە كە پارتی و یەكیەتی لەبەرامبەر بە تیرۆرو مەرگی سۆرانی مامە حەمەدا قۆلترین بێ دەنگی و خۆكڕكردنیان لەخۆیان نیشانداوە. هەرلێرەوە جاریكیە سەرنجتان بۆ دانپیانانەكەی ئازاد فاتح ڕادەكێشمەوە كەباس لە ئەنجامدانی چەندین عەمەلیات و تیرۆركردنی چەندین كەس دەكات …. ئایا ئەو دانپانانە ئەو پرسیارە ناوروژێنێت كە بلین ئایا هەر گروپەكەی ( ف ) و گروپە هاوشیوەكانیان نین كە بە فەرمانی دەزگا ئەمنیەكانی ئەم حزبانە دەكەونە گیانی ئەو كەسانەی كە لەسەر ((ئەمنیەتی قەومی)) مەترسیان هەیەو تیرۆریان دەكەن؟ كەواتە تا ڕۆشنكردنەوەو یەكلای كردنەوەی فایلی مەرگ وتیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە تەنیا ڕێگە بەرپرسی كردنی دەسەلات و حیزبە سیاسیەكانیانە بەشێوەیەك گوشارێكی گەورە لەسەر ئەم حیزبانە دابنیریت بۆ ناساندنی تاوانباران بەرلەوەی كە چاوەران بكەین لە ئایندەیەكیتردا، ئازاد فاتحیكیە پەردە لە ڕووی تاوانێكی تری دەزگا ئەمنیەكانی ئەم حیزبانە هەڵبداتەوەو دانبنی بە تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەدا بنێت .
r-arif@welho.com
8/8/8..
ئەم بابەتە لە هاولاتی ژمارە 249 بلاوكراوەتەوە !