
ئینشا نووسەكان …. سمكۆ عەبدولكەریم
ئازادى بیروڕا ئەو خاڵە جەوهەرییەیە كە زۆر گرنگە بەهەند وەربگیرىَ و بەردەوام قسەى لەسەر بكرىَ ، بەڵام نەك بەو زمانى ئینشانوسانە كە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و لافلێدان ، بۆ ئەوەى بڵێن ئێمە لەبەرەى گەلداین و داكۆكیكارى هەرە لە پێشەوەى داواكارییەكانى كۆمەڵانى خەڵكین راست و چەپ كەوتونەتە ئینشا نووسین و فڕێدانى وشەى بریقەدارو دەستەواژەى بێسەروبەر .ئەمەش نەك هەر سوود بەو ئامانجانە ناگەێنى كە پێیانوایە لە و پێناوەدا دەنووسن ، بەڵكو خەریكە ئاراستەى ئەمجۆرە نووسینانە دەبنە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەرەو پێشەوەچوونى ئازادى بیروڕا ، بەو مانایەى ئەوە ئینشانووسەكانن بە پلە یەك ئازادى بیروڕا دەخەنە بەردەم مەترسییەوە نەك دەسەڵات ، ئەمەش ئەوە ناگەێنىَ بمانەوىَ بڵێن دەسەڵاتى كوردى ئەو دەسەڵاتەیە هیچ كەمو كوڕییەكى نییە و جگە لە جوانییەكان شتێكیان نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەى نووسەران و رۆژنامەنووسان لەسەرى بنووسن ، ئەو ئیشانووسانە دەبىَ مەمنونى یەكێتى و پارتى بن كە بوونەتە سەرچاوەى ئینشاكانیان ، چەند مانگێكە بابەتى گۆڕینى سەرۆكى حكومەت كە كردویانەتە مانشێت و هەواڵى سەرەكى هەفتەنامەكانیان هێندەى ئەو هەفتەنامانە بازاڕى خۆیان پێگەرمكردوە و خەڵكیان پێوە سەرقاڵكردوە نیو هێندە جێى بایەخى هاوڵاتیان نەبووە ، چونكە نەبۆتە هۆى وەستانى كاروبارى هاوڵاتیان و هیچ بۆشاییەكى ئیداریشى دروست نەكردوە وەك ئەوەى نەبەز گۆران لە ئینشاكەیدا وەك كێشەیەك وەسفى كردوە .
ئینشانووسى وامان هەیە ئێستا لەدەرەوەى ولاتە و هەرخواشدەزانىَ بە چ سیناریویەك و دروستكردنى چ بوختانێك ئیقامەى وەرگرتوە و بەردەوامیش پێیەكی لە دەرەوەیەو پێیەكى لە كوردستانە لەو دەزگایەش كە لێى ئیهانەكراوەو بە قسەى خۆى لەبەرى هەڵاتوە ئێستا باشترین مووچەى لێوەردەگرىَ ، كەمنین ئەوانەى ناوە ناوە دەگڕێنەوە ئەو وڵاتەى كە پێیان وایە گۆشەیەكى تێدا نەماوە پیاو تێدا هەناسە بدات ، ئەو برادەرە دەرەبەدەركراوەى بە قەولى نەبەزگۆران سەر پىَ هەڵگیراوە كە لە نووسنەكەى ژمارەى 385 ى هەفتەنامەى هاوڵاتى یەكێتى و پارتى بەوە تاوانبار دەكات كە بوونەتە هۆى ئەوەى ( نەفرەت لە نیشتیمان بكەن و سەرى خۆمان هەڵگرین ) بەڵام ئەوە راستییەكە ئەگەر پیاو پێشى خۆش نەبىَ دەبىَ بگوترىَ بۆ ئەوەى راستییەكان وەك خۆى بگوترىَ نەبەز دەتوانىَ چەند ناوم پێى بڵىَ كە لە ترس و راودونانى یەكێتى و پارتى سەریان هەڵگرتوەو دواى 16 ساڵ تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە كوردستان ، بەڵام باسى ئەوانەم بۆ مەكە كە لە ترسى كەیسەكەیان لەو وڵاتەى پەنیان بۆ بردوە سەردانى توركیاو ئیران دەكەن لە وێشەوە بە قاچاغ دێنەوە كوردستان بۆ ئەوە ى كە گەڕانەوە بە پاسپۆڕتەكەیانەوە دیار نەبىَ سەردانى كوردستانیان كردوە ئەو قسانەیان بەدرۆ دەرنەچىَ كە لە كەیسەكانیاندا تۆماركراوە ، ئەوە جگە لەوەى زۆرجار گوێبیستى ئەوە دەبین و دەخوێنینەوە لە دیدارو چاوپێكەوتنەكانیاندا فلان بڕیارى داوە بە یەكجارى بگەڕێتەوە كوردستان ، كەچى دواتر دەردەكەوىَ كە بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە دابمەزرێتەوە و دواتر خۆى خانە نشین بكات و لە ئەوروپاش پارەى سۆشیال وەردەگرىَ ، یان بەلێنى ئەوەى پێدراوە ئەگەر بگەڕێتەوە پۆستى دەدرێتى ، ، ئەوكەسەى كە هەموو ئەو ئینشانووسانە هیواكانى خۆیان لەسەر هەڵچنیوە و رۆژێك لە رۆژان بە ناودارترین نووسەرى بەرهەلستیكار لە ئەوروپا خۆیان پیشاندابوو تەنیا بە یەك چەقەنە دەگەڕێنەوە كوردستان و چەند مانگێك لە فاخرترین ئۆتێل دادەندرێن و باشترین خزمەت دەكرێن و رێزیان لێدەنرێت .
نەبەز گۆران لەو نوسینەدا گەورەترین بێرێزى بەرامبەر بە پێشمەرگە كردوە و دەڵىَ: (شانزە ساڵ بەر لە ئێستا پێشمەرگەیەكى جوان لە شاخەكانەوە هاتە ناو شارەكان ، ئێستە ئەو پێشمەرگەیە بوەتە گەورەترین گەندەڵى ئەم مەملەكەتە)لە بڕگەیەكى دیكەى ئینشاكەیدا پێشمەرگە (بە ناشیرنترین مەخلوقى ئەم وڵاتە ) وەسف دەكات ، ئەگەر پێشمەرگە نەبىَ ئەو برادەر باش دەزانىَ ئێستا لە چ كونجێك دەبوایە خەریكى چنینەوەى خەونەكانى بێت ، بەرزى پێشمەگە لەوەدا بەرجەستە دەكرىَ كە كۆتایى بە كابوسێك هێنا و هەموومان ئەبىَ سەر بۆ بەرزى و پیرۆزییەكەى دانەوێنین ، بۆخۆشى باش دەزانىَ ئەو ئێستا لە سێبەرى ئەو پێشمەرگەیەدا هەناسە دەدات.