کاتێک گۆرانی خاڵیده‌کرێته‌وه له عیشقه‌کانی دی
کاتێک گۆرانی خاڵیده‌کرێته‌وه له عیشقه‌کانی دی
به‌کر ئه‌حمه‌د
سه‌رتاپای گۆرانی کوردی، عیشقه. که‌سێک تێکستی گۆرانی کوردی وه‌ربگێڕێته سه‌ر هه‌ر زمانێکی دیکه‌ی دنیا، هه‌ستده‌کات له‌م مه‌مله‌که‌تی عیشقستانهدا، ڕق و تۆله و ژن‌کوژی جێگای نابێته‌وه. به جیا له ئاماده‌یی سروشت و جوانییه‌کانی، که جێی داخه له زۆر باردا هه‌ڵدان نییه به سروشت خۆیدا، به‌ڵکو ئاماده‌یی ئه‌و له ناو پڕۆژه‌یه‌کی ناسیونالیستیدا شه‌پۆلده‌دات، خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ترین ڕووباره‌کانی ناو گۆرانی کوردیه.
ڕه‌نگه ئه‌م ئاماده‌ییه گه‌وره‌ییه‌ی عیشق له گۆرانی کوردی‌دا، له‌به‌ر بڵاوبوونی مه‌مله‌که‌ته واقعییه‌کانی خودی خۆشه‌ویستییه‌وه نه‌بێت له پله‌ی یه‌که‌مدا، به‌ڵکو له نائاماده‌ییی و بچووکی خودی عیشقهوهیه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. مه‌مله‌که‌تێک تا ساته وه‌خته‌کانی ئێستایش، خۆشه‌ویستی، به مانای به‌رینی ناوی خۆی، له سه‌دان تان و پۆی جه‌نجاڵی قه‌ده‌غه و حه‌رام و شه‌ره‌ف و کولتور و ئایین و سیاسه‌ته‌وه ئاڵاندووه و له ژیانی ڕۆژانه‌ی ئینسانه‌کاندا، وه‌ک چۆن له ناو گۆرانیدا ئاسان ده‌رده‌که‌وێت و پراکتیزه‌ده‌کرێت، ته‌واو پڕ گێرمه و کێشه‌یه. به‌ڵام چی وا ده‌کات، گۆرانی ده‌ستبه‌رداری خۆشه‌ویستی نه‌بێت. به‌ڵام گریمان پرسیارێکی بێسهمهر ده‌که‌ین و سه‌رنجی گۆرانی زۆرێک له وڵاتانی دنیا پێمان بڵێت، له‌وێش عیشق به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێت. به‌ڵام به جیا له عیشق، له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆشه‌ویستی، چالاکییه‌کانی دیکه‌ی ژیان، کار، نائومێدی، بێ‌کاری و هه‌موو ئه‌و چالاکییانه‌ی دیکه‌ی ئینسان، ئاماده‌ییه‌کی زیندوویان هه‌یه. گۆرانی کوردی، رێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێڕوانینه ساده‌یه‌یه که ڕۆژگارێک شۆڕشگێڕانه بووه و ئه‌مڕۆش، وه‌ک ڕاستییه‌کی به‌لگه نه‌ویست دێته به‌ر چاو. ئه‌ویش ئه‌و تێروانینه‌یه که ده‌ڵێ: ئینسان به‌ر له‌وه‌ی بیر له فیکر و فه‌لسه‌فه‌و زۆر شتی دیکه بکاته‌وه، ده‌بێ سه‌ره‌تا له خه‌یاڵی دابینکردنی پێداویستییه مادییه‌کانی بژێوی ژیانی خۆیدا بێت.
هه‌ر بۆیه‌ش گۆرانی له ناو جه‌رگه‌ی کاردا له دایک ده‌بێت و له دوای ته‌واوبوونی کاریشه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی خۆشه‌ویستی.
به‌ڵام له دۆخی گۆرانی کوردی‌دا، عیشق سه‌رتاپای به‌ده‌نه‌ی ئه‌وی داگرتووه و کار و ته‌واوی چالاکییه‌کانی تری ئینسان که له کۆمه‌ڵگادا ده‌یکات، بوونی نییه. ڕه‌نگه له زه‌مه‌نێکی زۆر کورتی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، کار له کۆمه‌ڵگای کشتوکاڵیدا، ویردی سه‌ر زاری گۆرانی بووبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی شاردا و پاشه‌کشه‌کردنی به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵی له‌به‌رانبه‌ر به‌رهه‌مهێنانی کاڵاییدا، ده‌چێته‌وه خانه‌ی فۆلکلۆر. درکاندنی ئه‌م ڕاستییه، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵگای کوردی نییه وله‌سه‌ر تاپای دنیادا، له گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵدا، گۆرانی ئاماده‌ییه‌کی هه‌میشه‌یی هه‌بووه.
مه‌به‌ستم له نائاماده‌بوونی کار له گۆرانی کوردی‌دا، خۆدی گۆرانی نییه بۆ کار، گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌ی:" من ئه‌و که‌سه‌م هه‌موو ڕۆژێ ژیانی ئه‌مڕۆم ده‌فرۆشم، بۆ کڕینی نانی سبه‌ی" نییه، به‌لکو ته‌واوی ئه‌و پڕۆسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که له ده‌وری کار دروستده‌بێت. کار به‌رله‌وه‌ی ئه‌نجامدانی فیزیکی کارێکی تایبه‌تی بێت که ده‌کرێ به تاک وکۆمه‌ڵ ئه‌نجامبدرێت، پڕۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌گه‌ر له جێژوانی گۆرانی کوردی‌دا، مهحبووبهیهک ئاماده‌یی هه‌یه، ئه‌وا جێژوانێکی هه‌مه‌ڕۆژه‌ی ئینسان هه‌یه که نه‌وجه‌وانان و ژنان و پیاوان بانگده‌کاته مه‌مله‌که‌ته‌کانی خۆیه‌وه و که‌سیش له ئێمه پێیوانییه له جێژوانی ئه‌وداین. به‌رله‌وه‌ی باوه‌ش به مه‌حبووبه‌ی خۆماندا بکه‌ین ، هه‌موومان به ناچاری ده‌بێ له‌گه‌ل کاردا له جێژوانێکی هه‌میشه‌ییدا بین. به‌رله‌وه‌ی ئیمکانی باوه‌شکردن به مه‌حبووبه‌ی خۆشه‌ویستی خۆماندا هه‌بێت، ده‌بێ به ناچاری گرێبه‌ستێکی بهسهرماندافهرزکراو قبووڵبکه‌ین و بچینه خزمه‌تی کاره‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌لێ:" من هه‌میشه عاشقم"، که زیاتر زرنگانه‌وه‌یه‌کی شاعیرانه له گوێدا دروستده‌کات، یان خۆی گێلده‌کات، یان به‌نیازه کڵاو له‌سه‌ر خه‌ڵکی بنێت. هیچ به‌شه‌رێکی ئه‌م سه‌ر ڕووی زه‌مینه رۆژانه هه‌شت سه‌عات عاشق نییه. به‌ڵام ده‌کرێ زیاتر له دوانزه سه‌عات له عه‌شقێکی به‌سه‌ردا فهرزکراودا، یان کار بکات، یان به‌شوین کار و مشتهقاتهکانییهوه وێڵبێت. به‌ڵام بۆچی کار و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی ده‌وری کار له یه‌ک گۆرانیدا جێیان نابێته‌وه. کێ به‌رپرسیاره؟ خودی گۆرانیبێژانن، نووسه‌ری تێکستی گۆرانییه‌کانن که هێشتا خه‌ونی کار له مێشکیاندا چه‌که‌ره‌ی نه‌کردووه و هێشتا له پرخه‌ی خه‌ونی عهشقدان، یان پرسیارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییه؟
به بڕوای من هه‌موویانن. به‌لام له پێش هه‌موویانه‌وه، باڵاده‌ستی گوتارێکی سیاسیه که کار و سه‌رتاپای ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان له ژیان خاڵیکردۆته‌وه. مێژووی شه‌ره سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگای عێراق و کوردستان به‌گشتی، مێژووی شه‌رکردن نییه له‌سه‌ر ژیان و پێداویستییه‌کانی، به‌ڵکه شه‌ڕه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی نیشتیمان. که بێگوومان له دوا ده‌رئه‌نجامه‌کانی خۆیدا گره‌وێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر کار و ژیانی ئینسان و له‌به‌رگێکی تردا خۆی ده‌رده‌خات. هه‌موو به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کێتی و پارتی و هاوشێوه و ئامۆزا و خاڵۆزا سیاسییه‌کانی ئه‌وان، بڕگه‌یه‌کی له‌سه‌ر ژیا ن و کار و خۆشگوزه‌رانی ئینسانی تیا نا‌بینیت. کاتێكیش ئه‌م گوتاره سیاسییه باڵاده‌ست بوو، گۆرانی کوردی پڕده‌بێت له سرووده‌کانی نیشتیمان، ئه‌گه‌ر چی هاوڵاتییه‌کانی سه‌ر سنگی نیشتیمان، له ژێر زه‌بری کرێی خانووه‌کانی سه‌ر نیشتیمان‌دا،ده‌ناڵێنن.
به‌ڵام به‌ر پرسیارێتییهکێش له‌سه‌ر خودی گۆرانیبێژانه، ئاخر هاوڵاتی کۆمه‌ڵگای ئێمه، چاوی چ خۆشه‌ویستییه‌ک به نیگای مه‌حبووبه‌که‌ی خۆ‌یا هه‌ڵبێنێ کاتێک حه‌بیب و مه‌حبووبه، سه‌تڵ به‌ده‌ست و کۆڵانه و کۆڵان بهشووین ئاوه‌وه‌ن. تۆ بڵێێ کام له گۆرانیبێژانی ئیمه بێت و گۆرانی بۆ مه‌راقه‌کانی به‌لووعه‌یه‌ک بڵێ که له خه‌ونی ئاودا، له بنچکێکی سه‌حرا ده‌چێت. کێ به ته‌نگ ئومێدی ئه‌و گڵۆپانهوهیه که تاریکی کوێری کردوون. کێ گۆرانی بۆ ڤڕه‌ڤڕی ئه‌و مووه‌لیدانه بڵێت که ده‌نگیان خه‌ریکه ده‌بێت به‌به‌شێک له تۆنه ناسراوه‌کانی گوێچکه‌مان و له ده‌نگی مهحبووبهکانمان زیاتر ئامه‌ده‌یی هه‌یه؟
2008-08-16