چی له نامه‌که‌ی کێسینگه‌ردا هه‌یه؟!
چی له نامه‌که‌ی کێسینگه‌ردا هه‌یه؟!
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
ئه‌گه‌رچی په‌یماننامه‌ی جه‌زائیری 1975ی نێوان عیراق و ئێران بۆ کورد کاره‌ساتێکی گه‌وره بوو، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، له لایه‌که‌وه دوابزمار بوو له تابووتی ئابڕووی عاره‌بایه‌تی عیراق درا و پێناسه‌که‌ی ئاشکرا کرد، له لایه‌کی تره‌وه، شه‌ره‌ف و ئابڕووی ئه‌مه‌ریکای بۆ کورد هه‌ڵماڵی، له لایه‌کی تریشه‌وه گه‌وره‌ترین وانه بوو بۆ کورد له مێژووی نوێیدا. که کورد هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و عاره‌بی عیراقدا ده‌بێ، ناشێ له هیچ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ و هه‌ڵسوکه‌وتێکدا ئه‌و دوو خه‌سڵه‌ته‌یان له‌بیر بکا و ده‌بێ هه‌میشه له به‌ر چاوی بێ ئه‌و دوو ته‌ره‌فه‌ی کێشه سیاسییه‌کان، له ده‌ستیان دێ تا چ ئاستێک له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد بن. عاره‌بی عیراق له‌ده‌ستیان هات ئاو و خاکی عاره‌ب هه‌ر بۆ ئه‌وه به ئێران ببه‌خشن کورد به مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی نه‌گا و ئه‌مه‌ریکاش له‌و ده‌مه‌دا که به ڕوومانه‌وه پێده‌که‌نێ، تیغی سه‌ربڕینمان تیژ ده‌کا!
ئه‌گه‌ر له خۆمانی تێکنه‌ده‌ین ده‌زانین، که هیچ شۆڕشێکی کورد به شاخدا هه‌ڵنه‌گه‌ڕاوه له ئه‌نجامدا پێیدا دانهگهڕابێتهوه و هیچ سه‌رکه‌وتنێکی بچووک یا گه‌وره‌ی له شاخه‌وه به‌ده‌ست نه‌هێناوه ئه‌گه‌ر شکستی گه‌وره‌ی به دوودا نه‌هاتبن. گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنی کورد له ئاداری 1970دا بوو به‌ڵام شکستی شۆڕش و ئه‌نفال له لووتیان هێناینه‌وه. خه‌ڕه‌کی چوونه شاخ و (عافوات) و حه‌ره‌س حدوود و شکست سه‌رجه‌می مێژووی کوردی گرتۆته‌وه و هه‌تا ئێستاش ده‌سبه‌رداری نه‌بووه. که ده‌ڵێم هیچ شۆڕشێک، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، له شۆڕشه‌که‌ی (فره‌وه‌رتیش)ی (ماد)ی پێش ساڵی (512ی پ ز)ه‌وه بگره که دژی داریوش به‌رپای کرد و (هێزدات)ی لێ بووه جاش و به ئه‌بو موسلیمی خوراسانیدا تێهپهڕه تا ده‌گه‌یته هه‌رچییه‌کی ئێستا به شاخه‌وه‌یه یا به نیازی چوونه شاخه. داریوش له قه‌د بێستوون نووسیویه‌تی: "فرهوهرتیشیان گرت و هێنایانه لام. لووت و گوێ و زمانیم بڕین و هه‌ردوو چاویم ده‌رهێنان. به زنجیر له ده‌ربار به‌سترایه‌وه و هه‌موو شۆڕشگێڕه‌کان به چاوی خۆیان دیتیان. ئه‌وجا فه‌رمانم دا له ئه‌کباتان بکرێته نیشانه‌ی تیر…"
ئه‌مڕۆش هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارێکی داگیرکه‌ر داریوشه و هه‌موو شۆڕشگێڕێکی کوردیش فرهوهرتیشه و جاشه‌کانیش (هێزدات)ن و ئه‌نجامی هیچ شۆڕشێکی کورد له ئه‌نجامی شۆڕشه‌که‌ی ئه‌و باشتر نه‌بووه و وا نه‌بوایه، له یه‌که‌م سه‌رکه‌وتندا ده‌بووینه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆمان، که پتر له 25 سه‌ده‌یه چاوه‌ڕوانین. شۆڕشه نوێیه‌کان هه‌مان ئه‌نجامیان بووه به‌ڵام سه‌رکرده‌کان نه چاویان ده‌رهێندران و نه زمانیان بڕدرا… ئه‌وه جیاوازییه‌که‌یه!! به لامه‌وه نه‌نگ نییه بڵێم زۆر له شۆڕشوانانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کورد، به‌ر له چوونهشاخ، هه‌نگاوی کشانه‌وه یا په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر کردووه و پردی زۆریان له‌دوای خۆیانه‌وه چێکردووه و جێهێشتووه بۆیه چ له چاوده‌رهێنان نه‌ترساون و هه‌ر که‌سێکیش ده‌کوژرێ له خۆی ده‌چێ و هه‌زاران سڵاوی بێ خه‌رجی و مه‌سره‌ف و یه‌ک ده‌قیقه وه‌ستانی ڕێزلێنان نه‌بێ که له ئاهه‌نگدا بۆی ڕاست ده‌بنه‌وه، هیچی تر بۆ خۆی و نه‌وه‌کانی نامێنێته‌وه: نه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و نه ئاڵای بێمنه‌ت و نه دڵنیایی له سبه‌ینێیه‌کی نێزیک و ئه‌وه‌ی ئێستاش له باشووری کوردستاندا بۆته که‌ڵه‌کی سه‌ر ئاو، به خۆراک و ده‌رمان و که‌ره‌سه‌ی ژه‌هراوی و گه‌نده‌ڵی و دزی و ریکلامکردن بۆیان، به ئیراده‌ی کوردی خۆی ئه‌نفال ده‌کرێته‌وه، جگه له‌وه‌ی که کورد هیچ متمانه‌یه‌کی به هه‌نگاوی داهاتووی خۆی نییه و نازانێ چی له پێچه‌کانی ڕۆژگاردا چاوه‌ڕوانێتی.
له ئه‌نجامی شکستی هه‌موو شۆڕشێکدا، یه‌ک پرسیار له کورد بۆته مۆته‌که: "بۆچی شکستمان هێنا؟" یا: "بۆ وامان به سه‌ردا هات؟" یه‌که‌م وه‌ڵامی حازربهدهستیش بۆ ئه‌و پرسیاره، که هه‌موو که‌س پێی ده‌وێرێ و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا هه‌ر ئه‌مه بووه: "ناته‌بایی ناوخۆ و خیانه‌تکاری!" به‌ڵام که‌س نایه‌وێ بزانێ که شۆڕش درێژه‌ی کێشا، بوونی خیانه‌ت له ڕیزه‌کانیدا، ده‌بێته ئه‌نجامێکی سروشتی، هه‌روه‌ها بوونی جاش، به‌رهه‌مێکی سروشتی شۆڕشی درێژخایه‌نه. ناشێ شۆڕش ده ساڵ به شاخه‌وه بێ و ڕیزهکانیشی به پاکی بمێننه‌وه یا دووبه‌ره‌کییان تێ نه‌که‌وێ، مه‌گه‌ر شۆڕشگێڕان به‌ڵێنده‌ر بن یا خه‌ریکی ئه‌نجامدانی کارێکی بازرگانی بن. شکست و ناته‌بایی و له‌تبوون و جاشایه‌تی و فایلدارێتی، پاشه‌ڕۆی شۆڕش خۆین، به تایبه‌تی له ناو میلله‌تێکدا، که ده‌ست به شۆڕش ده‌کا، ئامانجی ئه‌وپه‌ڕی ناڕوونه… به‌ڵکو تا ئاستی تارایکیی لێڵه و که‌س نازانێ چی گه‌ره‌که. له ناو کورددا، شۆڕش واته ئازایه‌تی و گفتوگۆ و عه‌فوات و به‌ردانی به‌ندکراوه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی ده‌رکراوه‌کان بۆ سه‌ر کاری خۆیان ـ که به هۆی شۆڕشه‌وه ڕوو ده‌ده‌ن و ده‌ستکه‌وت نین، نه‌ک ته‌مای سه‌رکه‌وتن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت… شۆڕش له ناو شاره‌کانی دوژمن‌دا، شۆڕش نییه!… کوشتار له کوردستان و شاخدا شۆڕشه و له شاره‌کانی داگیرکه‌ردا تیرۆره و ئه‌م باوه‌ڕه کوردی تاساندووه. شۆڕش بۆ ئه‌وه به‌رپا ده‌کرێ کوڕه ئازاکان ناو ده‌رکه‌ن و مفاوهزاتچی بچنه به‌غدا و ئامانجی دوورتریشی ئه‌وه‌یه حکوومه‌ت بڕووخێنێ و دوایی به ده‌ستی خۆی حکوومه‌تێکی دی دروست بکاته‌وه تا بکه‌وێته‌وه گیانی میلله‌ته‌که و دیسان شۆڕش له پێناوی گفتوگۆ و لێبوردنێکی گشتیدا به‌رپا ببێته‌وه. کورد که‌وتۆته ناو بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وه و پێویستی به داڕشتنه‌وه‌ی ئامانج و پێناسه‌کردنه‌وه‌ی شۆڕش و جاش و دڵسۆزی و خیانه‌تکاری هه‌یه. ئایه دژایه‌تیکردنی هه‌رکه‌سێکی له شاخ بێ، جاشایه‌تییه؟! ئایه هه‌موو چوونهشاخێک شۆڕشه؟! ئایه ئه‌وه‌ی دژی قاسم کردمان شۆڕش بوو یا ئه‌وه‌ی دژی سه‌ددام کردمان؟ ئه‌دی له کامیاندا فایلمان زۆرتر بوو؟ شۆڕشگێڕێتی شۆڕش و دڕنده‌یی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌ت جه‌ده‌لییه و چه‌ند ئه‌مه‌یان توندوتیژ بێ ئه‌ویان، بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ئامانجه‌کانی بکرێ باڵاتر ده‌بێ!
هه‌رچی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کم له کتێبی (البارزانی والحرکە التحرریە الکردیە)ێ کاک مه‌سعوود بارزانیدا خوێنده‌وه، ئه‌وه‌ی پێ ده‌گوتم که سه‌رکرده‌کانی کورد باوه‌ڕ ته‌واویان به شای ئێران و ئه‌مه‌ریکا هه‌بووه و پیلانی جه‌زائیر چۆن بۆ من و هه‌زارانی وه‌ک منچاوهڕاننهکراو بوو بۆ ئه‌وانیش وا بوو. کاک دکتۆر مه‌حموود، دوو ڕۆژ دوای ڕێکه‌وتنی عیراق و ئێران نامه‌یه‌کی نووسیوه و تیایدا ده‌ڵێ: "… ئه‌مان کومه‌کی خویان قگع ئه‌که‌ن لێمان و بریاریان داوه که حرکهکه به‌و شیوه‌یه‌ی که هه‌یه نه‌مینێت ئه‌وه‌ی له ئێمه که ئه‌یه‌وێت بێته ایران (میوان) بێت و ئه‌وه‌ی تری که ئه‌یه‌وێت بگه‌رێته‌وه عیراق تسلیم بێت". دوای ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "به راستی قه‌ت هیچ که‌سێکی ئێمه توقعی وای نه‌ئه‌کرد به‌لام وا ده‌رکه‌وت که شت ئه‌گه‌ر اساسی سیاسی و التزامی ملموسی نه‌بێت رۆژێک هه‌ر مشکله‌ی تێدا دروست ئه‌بێت"
که‌واته که‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له شای خوێنسێنمان و کێسینگهری دۆستمان نه‌ده‌کرد!! به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا هۆشی لێکدانه‌وه‌یان هه‌بوو شای ئێرانیان ده‌ناسی و ده‌یانزانی چۆن مه‌لا مسته‌فا له ده‌ستی ده‌رباز بوو و هه‌ڵوێستی شا به‌رانبه‌ر کوردی بنده‌ستی ئێران چۆن بوو. هه‌مان ئه‌و شایه نه‌بوو؟ هه‌ر باشه کاک دکتۆر مه‌حموود به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه که "شت ئه‌گه‌ر اساسی سیاسی و التزامی ملموسی نه‌بێت ڕۆژێک هه‌ر مشکله‌ی تێدا دروست ده‌بێت" و ئه‌وه زه‌خیره‌یه‌کی چاکه بۆ ڕۆژگاری سیاسی دواتر! به‌ڵام ئایه سه‌رکردایه‌تی کورد هیچ وانه‌یه‌ک له‌وه‌وه فێر بوو؟! ئایه ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی کورد و ئه‌مه‌ریکا (ئه‌ساسی سیاسی و ئیلتیزامی مه‌لموس)ی هه‌یه یا وه‌ک ئه‌وسا هه‌ر به گۆتره و په‌نا به‌خوایه؟! دیسان شه‌ره‌فی چککردووی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا گه‌ره‌نتییه یا وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه و زرێی پۆڵاینی ئیراده‌ی سه‌رکرده فایلاویهکانمان؟!! ئایه ئه‌و ڕێکه‌وتنه دووقۆڵی و سێقۆڵییانهی نێوان به‌ره‌ی کورد و عاره‌ب چ (ئه‌ساسی سیاسی و ئیلتیزامی مه‌لمووس)یان هه‌یه به تایبه‌تی له باره‌ی که‌رکووکه‌وه؟
نازانم خوێنه‌ری به‌ڕێزیش وه‌ک من درک به‌وه ده‌کا که ترووسکاییه‌کی به‌رده‌وامبوونی شۆڕش له‌و ڕسته‌یه‌ی کاک دکتۆردا هه‌یه که ده‌ڵێ "حرکهکه به‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌یه نه‌مێنێت" یا نا؟ لێره‌دا مه‌سه‌له ئه‌وه نییه به‌رده‌وام بوایه باش بوو یا باش نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه ئایه شا و ئه‌مه‌ریکا مه‌ودای به‌رده‌وامبوونی شۆڕ‌شیان هێشتۆته‌وه یا نا؟ که‌چی له وه‌رگێڕانی نامه‌که‌دا، ئاوهای لێ هاتووه: "وقد اتخژوا قرارا بوقف الحرکە القائمە". ئه‌مه وه‌رگێڕانێکی جوانه به‌ڵام ئه‌و ڕووناکاییه‌ی به‌رده‌وامبوونی تێدا به‌دی ناکرێ که له نامه‌که‌دا هه‌یه و ده‌بوو ئاوها بوایه: "وقد اتخژوا قرارا بوقف الحرکە بشکلها الحالی"، جا کاک دکتۆر مه‌به‌ستی ئه‌و ڕووناکاییه بووبێ یا نه‌بووبێ، من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له که‌سێکی سیاسه‌تمه‌داری سه‌رکرده ده‌که‌م، به مه‌به‌ست وشه‌ی خۆی هه‌ڵبژاردبێ. به هه‌رحاڵ، ئێستا، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زۆر که‌سه‌وه من پێم وایه باشترین کارێک مه‌لا مسته‌فا ئه‌نجامی دابێ ئه‌و بڕیاره بوو که کۆتایی به شۆڕش هێنا و ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌و جه‌نگه هه‌شت ساڵییه بوو که له نێوان عیراق و ئێران‌دا به‌رپا بوو به‌ڵام سیاسه‌تمه‌دارانی کورد نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی بیقۆزنه‌وه، به‌ڵکو هه‌ر لایه‌نه و به شێوه‌یه‌ک شانی کوردی دایه به‌ری و بۆ کورد کردیانه کاره‌سات… ئه‌و هه‌رایه‌ش که به دوای داگیرکردنی کوێتدا هات، ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ی مه‌لا مسته‌فا بوو که ڕێی بوغرایی بۆ سه‌ددام خۆش کرد، نه‌ک شتێکی تر… واته: کۆتایی شۆڕشی ئهیلوول بۆ کورد کاره‌سات بوو، به‌ڵام له‌وه کاره‌ساتتر به‌فیڕۆدانی ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته بوو که دوای ڕێکه‌وتنی عیراق و ئێران بۆ کورد ڕه‌خسان!
هێنری کیسینگه‌ر له کۆتایی ئه‌و نامه‌یه‌دا که بۆ بارزانی نووسیوه و دوو پیتی ناوه‌که‌ی، به بێ پله‌وپایه و ئیمزای خۆی له‌خواره‌وه نووسیوه، ده‌ڵێ:
Please accept my sincerest good wishes and high esteem
کاک مه‌سعوود بارزانیش له کتێبه ناوبراوه‌که‌یدا ئاوهای کردۆته عاره‌بی:
(هژا وتقبلوا اخلێ تحیاتی و احتراماتی)، که به کوردییه‌که‌ی ده‌بێته: ئیدی دڵسۆزانه‌ترین سڵاو و ڕێزم قه‌بووڵ بکه‌ن.
له وه‌رگێڕانی ده‌قێکی ئاسایی‌دا، ئه‌و عاره‌بییه وه‌رگێڕانێکی ته‌واوه و چ عه‌یبێکی تێدا نییه و نامه هه‌ر ئاوها کۆتایی پێ دێ، به‌ڵام بیژوویهکی بێویژدانی وه‌ک کێسینگهر، که له 22ـ 2ـ 1975 دا ئه‌وه‌ی نووسیبێ، که ده‌کاته دوو حه‌فته پێش مۆرکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر و به‌فیڕۆدانی خوێنی کورد، هه‌ڵوێسته‌یه‌کی وردتری ده‌وێ له‌و وه‌رگێڕانه سهرپێێهی که له کتێبه‌که‌ی کاک مه‌سعووددا هاتووه. ته‌نانه‌ت ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ش لێوردبوونه‌وه‌یه‌کی ده‌روونناسانه و ئه‌خلاقیانه و سیاسیانه‌ی گه‌ره‌که. که مرۆڤێک ئاوها خه‌مساردانه بنووسێ و بشزانێ که دوو حه‌فته‌ی دی، کورد به‌ره‌و ڕووی چ کاره‌ساتێک ده‌بێته‌وه، ئاسایی نییه!
هه‌ر نه‌نووسینی ناوی ته‌واوی خۆی و پله‌وپایه‌ی له حکوومه‌تدا، به‌سه بۆ گومانی ناپاکی و پیلانی دوژمنانه، به‌ڵام پێناچێ که‌س حسێبی بۆ ئه‌وه کردبێ و دووریش نییه ستوونی پێنجه‌می ناو شۆڕش (ئێستا نازناوی فایلداریان هه‌یه) هه‌زار بیانوویان بۆ هێنابێته‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئهرێتییان بۆی کردبێ، قسه‌کانی دکتۆر مه‌حموودیش، که که‌س ته‌وه‌قوعی شتی وای نه‌کردووه، به‌ڵگه‌ن. ئه‌وه‌تا کاک مه‌سعوود له وه‌رگێڕانه‌که‌یدا، به ته‌نیشت (H.K)ه‌وه (هینری کیسنگر)یشی بۆ زیاد کردووه. بۆ لێکدانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی کێسینگهر، من ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه ئاوها ده‌که‌مه کوردی: تکایه ڕاستگۆیانه‌ترین ئاواتی باشه و ڕێزی به‌رزم قه‌بووڵ بکه.
ئه‌رێ کێسینگهر ئاواتی باشه‌ی بۆ مه‌لا مسته‌فا خواستووه؟ ئه‌و خه‌ریکی پیلانگێڕان بووه له کورد و پیلانی جه‌زائیر، به ئاگاداری خۆی له ئارادا بووه، که‌چی ئه‌و ئاواته‌ی بۆ ده‌خوازێ و ئاواتێکی ڕاستگۆیانه‌ش، ها! ئه‌وه‌یه که ده‌ڵی سیاسه‌تمه‌دار ئه‌و که‌سه‌یه که ڕقی لێت بێت و بتوانێ خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌رت ده‌ربڕێ! واته: بتوانێ پیلانی له‌ناوبردنت دانێ و له هه‌مان کاتدا باسی پرۆژه‌ی پێشکه‌وتنی ژیانت بکا. که ئه‌وه‌شیان به چاوی کیسهنگهردا دایه‌وه، شتێکی له‌م بابه‌ته‌ی گوت: "ئێمه پیاوی خوا نین، سیاسه‌ت ده‌که‌ین!" که‌وابێ سیاسه‌ت له‌خشته‌بردنه.
کێسینگهر له نامه‌که‌یدا، که 22ـ 2ـ 1975 بۆ مه‌لا مسته‌فا نووسیویه‌تی، ده‌ڵێ:
"جه‌نه‌راڵی خۆشه‌ویست
به گه‌یشتنی نامه‌ی 22ـ 1ـ 1975ت ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵ بووم. ده‌مه‌وێ بزانی ڕێزمان بۆ خۆتان و گه‌له‌که‌تان و هه‌وڵی قاره‌مانانه‌تان هه‌یه که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئه‌و ناخۆشییانه‌ی که ڕووبه‌ڕووتان بوونه‌ته‌وه، زۆر گه‌وره‌ن…" ئاوها، ها! زۆر گه‌وره‌ن! ده‌بێ ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه نه‌گه‌یه‌نێ که پێتان هه‌ڵناسووڕێ؟! یا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که به‌و خۆڕاگرییه‌ی کورد له پێناوی هیچدا سه‌رسامه! من گومان له هه‌موو وشه‌یه‌کی که‌سێکی وه‌ک ئه‌و کێسینگهره ده‌که‌م که به زاریدا دێ یا نایێ!
کێسینگهر، یه‌کێکه له سه‌رکه‌وتووترین سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان، با گه‌وره‌ترین تاوانکاریش بێ به‌رانبه‌ر به کورد. ئیدی به‌و درۆوده‌له‌سه‌یه، ئه‌گه‌رچی سه‌رکردایه‌تی کوردی له خشته بردووه و قۆڵی بڕیوه، به‌ڵام ڕیسوایی له ئاستی کێسینگهر، به پێوه‌ری به‌شه‌ر، ده‌سته‌وه‌ستانه و هیوادارم ئه‌م دواڕستهیهم بگاته‌وه به‌ر گوێی خۆی!
ئایه جهناراڵی به لاوه خۆشه‌ویست بوو؟ بۆ به گه‌یشتنی نامه‌که‌ی بارزانی خۆشحاڵ بوو؟ بارزانی چی بۆ نووسیبوو وا خۆشحاڵی کردووه؟ ئایه به ڕاستی ڕێزی بۆ خۆی و بۆ گه‌له‌که‌ی، که کورده، هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی به‌لاوه گه‌وره بوون، پیلانی جه‌زائیری بۆ ئاسانکاری بۆ دانابوو؟! ئه‌م وشانه‌ی کێسینگهر، یه‌ک به یه‌کیان درۆن… هه‌ر ده‌ڵێی قوربانییه‌ک بۆ سه‌ربڕین ده‌ڕازێنێته‌وه و ئاوی ده‌دا و خۆراکی ده‌داتێ… و ده ده‌قیقه‌ی تر سه‌ری ده‌بڕێ و مه‌سه‌له‌که چ په‌یوه‌ندی به چاره‌نووسی سه‌رجه‌م میلله‌تێکه‌وه نیه.
کێسینگهر له‌گه‌ڵ کورددا درۆزن و ساخته‌کار بوو، به‌ڵام بۆ وڵات و حکوومه‌ته‌که‌ی خۆی، ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆز و سه‌رکه‌وتوو بوو. کاری سیاسی ئاوها ده‌کرێ! ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد وایان پێ نه‌کرێ، باشترین کارێک که ده‌یکه‌ن ئه‌وه‌یه ده‌ست له سیاسه‌ت هه‌ڵگرن! سیاسه‌ت ئه‌وه نییه شانازی بکه‌ی که ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی ئهنفالچیت به ڕێز و حورمه‌ته‌وه به‌ڕی کردووه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه چاوترسێنیان بکه‌یت و تۆڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانیان لێ بکه‌یته‌وه و تێیانبگهیهنی که نابێ خوێنی کورد به فیڕۆ بچێ، ئه‌وسا هه‌زاران پینه‌وپه‌ڕۆ بۆ هاشالێکردنی بکه‌یت و هه‌وڵ بده‌ی بیخه‌یته ئه‌ستۆی ناحه‌زانی تری کورده‌وه! با دواتر بتگه‌یه‌ننه لاهای و له‌وێ، له بری ئه‌وه‌ی به‌رگری له خۆت بکه‌ی، به‌رگری له نه‌ته‌وه‌که‌ت بکه‌یت! سیاسه‌ت ئه‌وه نییه به سه‌ردانی کۆنده‌لیزا شاگه‌شکه بین، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه له هه‌نگاوه‌کانیدا جیڕه‌ی پیلانی کێسینگهر بژنه‌وی و له سیمای‌دا کێسینگهر ببینی و له وشه‌کانیدا نامه‌که‌ی کێسینگهر بناسینه‌وه!… کێسینگهر ناو و کاری خۆی نه‌نووسیوه و ئێمه بۆی زیاد ده‌که‌ین و رایس له دیداره‌کانیدا هه‌ڵوێستی دیاره به شانی کێوه وه‌ستاوه و له ڕۆیشتندا کێ ده‌خاته پێش خۆی و پێش کێ ده‌که‌وێته‌وه و له‌به‌رچی، که‌چی ئێمه لێکدانه‌وه‌ی وای بۆ ده‌که‌ین دڵی ساویلکه‌ی خۆمان خۆش بێ. ئاخر ڕایس ئێستا، ئه‌گه‌ر کێسینگهریش نه‌بێ، بۆ کێسینگهر چاره‌کی ده‌وێ!
کێسینگهر دوژمنێکی بێویژدانی کورده، به‌ڵام که‌س نییه هاشا له‌وه بکا که سیاسه‌تمه‌دارێکی سه‌رکه‌وتووی ئه‌مه‌ریکایه. سیاسه‌تمه‌دارانی کوردیش، به پێچه‌وانه‌وه، به‌رانبه‌ر دوژمنی خۆیان ئه‌وپه‌ڕی به‌ویژدان و دڵناسکن، به‌ڵام به‌رانبه‌ر به میلله‌تی خۆیان که کورده، هێنده له کیسینگه‌ر که‌متر نین. که‌س هه‌یه به سه‌رانی کورد بڵێ سیاسه‌تمه‌داری سه‌رکه‌وتوو؟ پێیان ده‌ڵێن واقعی و ڕاستگۆ و جێی متمانه و واقعبین، به‌ڵام سیاسه‌توان، نا! ئه‌وه‌ی کێسینگهر به کوردی کرد، سیاسه‌تمه‌داره‌کانی خۆشمان پێمان ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی کوردستا و چاره‌نووسی کورد، تاقیگه‌ی درۆکردن و قۆڵبڕین بن! که کێسینگهر قۆڵمان ده‌بڕێ نه‌فره‌تی لێ ده‌که‌ین و دوور نییه نه‌وه‌کانی داهاتوومان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تۆڵه‌ی لێ بکه‌نه‌وه، به‌ڵام چی به قۆڵبڕه‌کانی خۆمان بڵێین! سیاسه‌تمه‌دارانی خۆمان ئاگایان له‌وه نییه وه‌ک نووح هاوسه‌فه‌ری مه‌یموون و پشیله‌ن و ئه‌گه‌ر که‌شتییه‌که نقووم بێ، هه‌ر پشیله دوای نابڕێته‌وه! ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد له‌و که‌شتییه، به بێ مه‌یموونه‌کانیان ده‌ربازیش بن، به بێ حه‌بی (ڤالیۆم) خه‌و ناچێته چاویان.
سیاسه‌تمه‌دارانی کورد واقیعبینن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان له واقیعه‌که‌دا هه‌بێ. واقیع به سه‌ریاندا ده‌سه‌پێ و ئه‌وانیش ڕه‌چاوی ده‌که‌ن. له‌شکری تورک هێرش دێنێ و ده‌وڵه‌تی ئێران بۆردومانمان ده‌کا. ئه‌وانه واقیعن و ده‌بێ ئه‌وانیش واقیعبین بن. به‌ڵام که‌س هه‌یه پێش له‌شکرکێشییه‌که د‌رکی پێ بکا و هه‌وڵی گۆڕینی بدا، تا واقعێکی ترد ببینین؟! من ناتوانم سه‌رپێیی له‌و کۆنسوڵخانانه بڕوانم که له هه‌ولێر ده‌کرێنه‌وه یا دڵم به‌وه خۆش بکه‌م که سه‌رکرده‌کانمان مێوانی گه‌وره‌یان دێن. ئه‌و کۆنسولخانه و ئه‌و مێوانانه، وه‌ک پشیله به بۆنی دۆلار و نه‌وته‌وه دێن نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی به‌ها به (ئه‌زموونه ساواکه‌مان) بده‌ن و هاتنیشیان کاتییه. کورد کۆیله‌یه. ئه‌وه واقیعه! که‌واته نابێ ئه‌و واقیعه بگۆڕین! ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت بۆ هه‌موو دنیا هونه‌ری مومکین بێ، بۆ کورد هونه‌ری داهێنانی مومکینه‌کانه و سه‌رانی کورد له به‌فیڕۆدانی ده‌رفه‌ت و مومکیندا یه‌که‌می هه‌موو جیهانن. له‌و بهڵگهنامهنهدا که له توێی (البارزانی والحرکە التحرریە الکردیە)دا بڵاو کراونه‌ته‌وه، به ئاسانی ئه‌وه تێده‌گه‌ین که شۆڕش به دروشمی په‌نا به خوا به‌ڕێوه چووه، نه‌ک (کوردستان یا نه‌مان) که دروشمی ڕه‌شوڕووتی کورد و شه‌هیده‌کانمان بوو. دوو ڕۆژ دوای ڕێکه‌وتنه شوومه‌که‌ی جه‌زائیر، کاک دکتۆر مه‌حموود له تارانه‌وه ده‌نوسێ: "له به‌ر ئه‌و وهزعو تگوره تازه‌یه‌ی که زۆر خگیره په‌یدا بوه پاش اتفاقی عیراق و ایران که وا دیاره زور قول و اساسیه کاک محسن هات بولاتان بو شه‌رحی وه‌زع به تفێیل له‌م روه‌وه به راستی وه‌زعێکی ناخوشه به‌لام امری واقعه…" به‌ڵێ ئه‌مری واقیع بوو! تۆپه‌کانی ئێران و ئه‌و (مه‌عاش)هی کاک دکتۆر به پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا و به‌شی ئه‌فه‌ندی و چڵکن جیاوازییان هه‌بوو، بوونه ڕێخۆشکه‌ری ئه‌و واقیعه. شه‌وگاری قومارکردنی شه‌هاده‌داره دهسبهتاڵهکانی ناو شۆڕش ئه‌و ئه‌مری واقیعه‌ی ڕه‌خساند. ده‌یان هه‌زار په‌ناهه‌نده ئه‌مری واقعیان سه‌پاند. من خۆم یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی له کۆشکی یه‌کێ له‌به‌رپرسه دامێنهکاندا، که که‌وتبووه سه‌ر گردێکی نێوان چۆمان و ناوپردان کارم کردووه به‌ڵام شوکرێ تێیدا نه‌فسی. ده‌بێ کاک دکتۆر له بیری مابێ ئێمه‌ی دوو گه‌نج بۆ مه‌کته‌بی سیاسی چووینه خزمه‌تی و به عاره‌بی قسه‌ی ده‌کرد! بۆ نا؟ خۆ کاک مه‌سعوودیش کتێبه‌که‌ی به عاره‌بی نووسیوه بۆیه په‌رله‌مانی ئێستامان ده‌قه‌کانیان به عاره‌بی داده‌ڕێژن و دوایی به وه‌رگێڕانێکی سه‌قه‌ت بۆ کوردی، ده‌یخه‌نه به‌ر ده‌ستی هاوڵاتیانی پشتگوێخراوی کوردستان! دوور نییه کاک مه‌سعوود ئه‌و کتێبه‌ی بۆ عاره‌به‌کان نووسیبێ، به‌ڵام خۆ ده‌بوو یه‌کێکیش بۆ میلله‌ته بێ‌ئاگا و ده‌ستبڕاوه‌که‌ی خۆی بنووسێ! ده‌بێ کورد شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بێ بۆی بنووسرێ؟!! کوردی بێخهبهر، که‌شکه‌کی به‌سه!
ئه‌و کتێبه‌ی کاک مه‌سعوود، پڕه له به‌ڵگه‌نامه‌ی که‌لله‌ته‌زێن و وانه‌ی تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت و جیاکردنه‌وه و ناسین و ناسینه‌وه‌ی دۆست و دوژمن و هیوادارم بتوانم جارێکی تر بچمه‌وه سه‌ری… ئه‌گه‌رچی ده‌رده‌که‌وێ که کورد چه‌ند بێکه‌س و بێپشته، ئه‌وه‌ش ده‌رده‌که‌وێ که کورد خۆی چه‌ند بێخهبهر و بێئاگایه له‌وه‌ی که به ده‌وریدا ده‌چندرێ و چه‌ندیش به پێچه‌وانه‌ی ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌وه ده‌ڕوا! دنیا پیلانی لێ ده‌کا و سیاسه‌تمه‌دارانی خۆشی، ئه‌م له سه‌ر ئه‌و ده‌نوسێ و ئه‌و له سه‌ر حیسابی ئه‌م خۆی له سه‌رکرده نێزیک ده‌خاته‌وه! ئه‌و ده‌مه، یه‌کێ له خه‌مه گه‌وره‌کانی کورد ئه‌و سه‌نگه‌ره بووه که میسر ده‌یگرێ!! که‌س ناڵێ ئه‌گه‌ر پشتت میسر بێ ڕێکه‌وتنێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی جه‌زائیر پێک دێ! کورد بۆ فیرعه‌ونه‌کانی میسر چییه و کیلۆی به چه‌نده؟! ئه‌م خۆشباوه‌ڕییه چۆته کرۆمۆسۆمی کورده‌وه و له نه‌وه‌یه‌که‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی دی ده‌گوازرێته‌وه. باوهڕهێنانێکه به کۆیلایه‌تی خۆمان، تا ئاستی کردنی به ئایین! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردێک و کوردێک ناکاته دوو کورد، پێمان وایه عاره‌بێک و عارهبێکیش، ناکاته دوو عاره‌ب! له‌به‌ر ئه‌وه، فه‌له‌ستینی و میسری و عه‌مر مو‌سا به دۆستی خۆمان ده‌زانین و پاشه‌ڕۆژی کورد ده‌ده‌ینه ده‌ستی مه‌شهه‌دانییه‌وه!
ڕه‌وتی سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی کوردستان وا ده‌رده‌خا، ئه‌و کتێبه‌ی کاک مه‌سعوود بارزانی له سه‌ر ڕووی ئاو نووسرابێ و نه که‌س ده‌یخوێنێته‌وه نه که‌س، ته‌نانه‌ت کاک مه‌سعوود خۆشی، سوودی لێ ده‌بینێ! هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وه‌ی به سه‌ر کورددا هات، به سه‌ر به‌رددا هاتووه و که‌س ئازاری پێوه نه‌چه‌شتووه! ئه‌گه‌ر کورد نامه‌که‌ی دکتۆر مه‌حموودی خوێندبایه‌وه دیاره به بێ ((ئه‌ساسی سیاسی و ئیلتیزامی مه‌لمووس) هاوکاری ئه‌مه‌ریکای نه‌ده‌کرد. ئه‌گه‌ر بیرمان له‌وه کردباوه عاره‌ب تا چ ئاستێک بۆ تێکشکاندنمان ده‌ڕۆن، سوپامان بۆ دروست نه‌ده‌کرده‌وه. ئه‌گه‌ر شتێ له ئه‌خلاقی سه‌لام عارف و زه‌عیم سه‌دیقه‌وه فێر بوایه‌ین، سه‌ددام و عه‌لی کیمیاویمان نه‌ده‌ناسی و له ئه‌نجامدا پێویستمان به‌وه نه‌ده‌بوو به‌رگری له سوڵتان هاشم بکه‌ین و بۆ ئیعدامنهکردنی عه‌لی کیمیاوی باکمان نه‌بێ! ئه‌گه‌ر ئێستاش شتێ له عه‌لی کیمیاییه‌وه فێر نه‌بین، (محێسن)ێکی ئه‌تۆمیمان لێ په‌یدا ده‌بێ! گوتمان: له پشته‌وه خه‌نجه‌ر له سوپای عیراق ناده‌ین، سوپای عیراق ئه‌نفالی کردین. ئێستا سوپای عراقمان دروست کردۆته‌وه تا چیمان لێ بکا؟! ئێمه بهستهزمانگهلێکین، کوشتن و تاڵانکردنمان له هه‌موو مهزهبێکدا حه‌ڵاڵ کراوه! ژنه کوردیش بۆ تاڵانکردن تا ئه‌و ئاسته حه‌ڵاڵه که بهرگریکهرانیان له مافی خۆیان، ئه‌وه‌نده ته‌سلیمی ئه‌و ڕاستییه‌ن، خۆیان سه‌ر به دوو یا سێ هه‌وێ مێرد ده‌که‌ن! عاره‌به‌کان، به‌خۆیان ده‌ڵین: سه‌لاحه‌ددین سه‌رکه‌وتوو بوو و بووه قاره‌مانێکی عاره‌ب، ئه‌گه‌ر دۆڕاو بوایه ده‌بووه کوردێکی خائین!
پیلانێکی تری جه‌زائیر… با ئه‌مجاره توونس بێ، دکتۆر مه‌حموودێکی تر، با ئه‌مجاره عه‌دنان موفتی یا که‌مال که‌رکووکی بێ، ده‌نووسێ: قه‌ت ته‌وه‌قوعمان نه‌ده‌کرد ئه‌مه‌ریکا ئه‌وه‌مان پێ بکا! باوه‌ڕمان نه‌ده‌کرد ئه‌و سوپایه‌ی خۆمان دروستمان کرد، وڵاتمان هێران بکا. ده‌نووسن: له بنه‌بانی ماڵی خۆمانه‌وه خیانه‌تمان لێ کرا… ده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنمان پڕ بوو له دز و خۆفرۆش و (فرسهتتهلهب) و کۆنه هه‌موو شتێکی به‌د و فایلدار، بۆیه میلله‌ت پشتی به‌رداین. میلله‌تتان وه‌ها بێزار کردووه، خۆزگه بۆ سه‌رده‌می سه‌ددام بخوازێ و ئه‌مه‌ش لووتکه‌ی سیاسه‌تێکی ناسه‌رکه‌وتووی ناوخۆیه و به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی (البارزانی والحرکە التحرریە الکردیە) که‌س نایخوێنێته‌وه و که‌س سوودی لێ نابینێ و ته‌نها بۆته بابه‌تی کۆبوونه‌وه و سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ پینه‌وپه‌ڕۆی شه‌هاده‌ی ته‌زویر!
سیاسه‌تمه‌دارانی کورد بۆ وان؟ به‌خشنده‌یی و لێبورده‌ییان به‌رانبه‌ر هه‌ر که‌سێکی ده‌ستی به خوێنی کورد سوور بووبێ بۆچی؟! بۆچی بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عیراق ئاوها به‌په‌رۆشن؟ بۆ ئه‌وه‌ی لای عاره‌ب خۆشه‌ویست بن؟ که‌رکووک که شارێکی کوردستانه، به بێ سه‌رهێشه گه‌ڕاندیانه‌وه؟ ئایه ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا ئاسانتر بوو یا له‌گه‌ڵ مالکی بێده‌سه‌ڵاتدا؟! گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شارۆچکه‌کان بۆ سه‌ر که‌رکووک (مفاوه‌زات)ی بۆ چییه وا ڕایانگرتووه؟ هه‌ر ئه‌مه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو قسه‌یه‌کیان به‌گومان بین؟ چه‌وتکاری به‌ڕێوه‌به‌رانی باشووری کوردستان له‌وه ده‌رچووه بخرێته ئه‌ستۆی هه‌ڵه‌وه. ئه‌وانه به ده‌ستی ئانقهستن و ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی هۆیه‌که‌یان بزانین.
ئه‌و ده‌مه‌ی شۆڕشوان بووی ئه‌مه‌ت ده‌ویست و توێشهبهرهکهت ئه‌مه‌ی بۆ کورد تێدا بوو؟ به به‌هاراتی کوردایه‌تییه‌وه، ڕووخاندنی حکوومه‌تێک و دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی ترت له هه‌مان کۆیلهخانهی عیراقدا بۆ کورد ده‌ویست! که‌ی له گۆڕینی حکوومه‌ته‌کانی به‌غدا بێزار ده‌بن؟! قاسم به زه‌بری شۆڕشی کورد ڕووخا و به‌عس به دوایدا هات. چاکمان کرد؟ ده‌ستلێنه‌دانی باشتر نه‌بوو؟ به‌عس ڕووخا و عارفه‌کان به دوایدا هاتن. ئه‌وان ڕووخان و به‌کر و سه‌ددام هاتن… ئێستاش، که سه‌ددام ڕووخا، زۆر ڕێی تێ ده‌چێ (موقته‌دا)یه‌کی ئه‌تۆمی حوکم بگرێته ده‌ست و ڕه‌حمه‌ت بۆ (عه‌لی کیمیاوی)ی مرۆدۆست و برای کورد بنێرین! ئێ! ئه‌ی دوای ئه‌وه؟!
ده‌شێ کۆندۆلیزا ڕایس نامه‌که‌ی کێسنگهر کۆپی بکاته‌وه و بۆ سه‌رکرده‌کانی کوردی بنێرێ و له بنه‌وه، له بری (هـ. ک) بنووسێ (ک. ڕ)! ته‌نها ناوه‌کانی و ڕۆژی نووسینی بگۆڕێ، ته‌واو بۆ ئه‌مڕۆ ده‌ست ده‌دا! ڕایس له کێسینگهر به ئهخلاقتره و ناتوانێ نیازپیسی خۆی به‌رانبه‌ر به کورد بشاریته‌وه و گه‌ڵاوی و دڵڕه‌شی له ههنگاوهکانیشیدا دیارن، چجای له سیما و هه‌ڵوێست و قسه‌یدا! ئه‌وه‌ی ڕایس ده‌یکا خه‌ونێکی قورسه و پێشتریش دیومانه. کۆتاییه‌که‌ی، هه‌مان ئه‌و وێستگه‌یه‌یه که کیسنگه‌ر له ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیردا بۆی ده‌ستنیشان کردین!
ده‌مه‌وێ ده‌ستی کوێرێک بگرم و له شه‌قامێکی جه‌نجاڵی بپه‌ڕێنمه‌وه! لێم قه‌بووڵ ده‌کا بیپهڕێنمهوه؟! ئه‌گه‌ر بۆ ملشکاندنی خۆی لێیگه‌ڕێم، ملی خۆمی پێوه ده‌شکێ… ملی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێوه ده‌شکێ و ئه‌مه هه‌ڵوێستی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ڕه‌خنه‌گره دڵسۆزه‌کانی کورده! ئه‌م قسانه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌که‌م که سه‌رانی کورد، کورد بن نه‌ک عاره‌ب و به‌عسی، به زمان و جلوبه‌رگی کوردییه‌وه! له ڕاستیدا، ئه‌و گومانهشم هه‌یه چونکه ناشێ هه‌ڵه بگاته ئه‌و ئاسته‌ی منداڵانی میلله‌تی خۆت بۆ خه‌ڵکی تر ده‌رخواردی نه‌هه‌نگه‌کانی ئیجه و بانده‌کانی ئیتالیا بده‌یت و میلله‌تی خۆت به خۆراکی پیسی تورکیا و ئێران ژه‌هرخوارد بکه‌ی! ناشێ به به‌ر چاوته‌وه گونده‌کانت تۆپباران بکرێن و تۆش، ته‌نانه‌ت گله‌ییه‌کی دۆستانه‌ش نه‌که‌یت! من که له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌پێچمه‌وه نه له‌به‌ر خاتری مۆسکۆیه و نه کرێکارانی جیهان و نه سه‌بره و شاتیلای فه‌له‌ستینیه‌کان، به‌ڵکو شینی پاشه‌ڕۆژی میلله‌تی خۆم ده‌گێڕم و به‌رگری له نه‌ته‌وه‌ی خۆم ده‌که‌م که بۆیان بۆته مه‌زه‌ی سه‌ر مێز و قسه‌ی په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌کان.
له کۆتاییدا ده‌ڵێم:
ئه‌گه‌ر ده‌نگی ده‌سه‌ڵات ده‌نگی تێرخواردهکانی کورده، ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانیش له گه‌رووی کورده‌وه دێ و ئه‌مه‌یان به‌سوێتره! سه‌رنج بده‌ن: چۆن قسه‌ی ڕه‌خنه‌گران دره‌نگ یا زوو هه‌ر دێته دی!
kakaways@hotmail.com