رۆشنبیر به بێ شارستانییه‌ت …. د. ئه‌حمه‌ی مه‌لا
به‌شی یه‌که‌م…
ده‌سپێك…
رۆشنبیری كورد هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه له "شیزۆفرینی شارستانییه‌تی كوردی…" پێناسه كرا، رۆ ده‌چێته نێو تیۆرییه هه‌ره هاوچه‌رخه‌كانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ واقیعی دژواری خۆی پێ بخوێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی له بیر ده‌چێت كه سه‌رجه‌م ئه‌و تیۆرییانه له ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی، ئه‌نجامی تیكچڕژانی چه‌ندین كه‌ناڵی مه‌عریفی جیاواز و له كۆتاییش دا سه‌رئه‌نجامی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئاستی لابۆر و زانكۆ و قوتابخانه گه‌وره‌كاندا پێگه‌ییوون و له‌وێوه‌وه رۆشنبیریی رۆژئاوایی ویستوێتی مێژووی خۆی به پله‌ی یه‌كه‌م پێ بخوێنێته‌وه و به پله‌ی دووه‌میش له به‌رهه‌می كولتووری خۆی تێبگات.
جاریكی دیش كولتوور ته‌نها له چه‌ند ده‌قێكی نووسراو پێكنه‌هاتووه كه نووسه‌ران له سیاقی مێژوویی هه‌ر كولتوورێكی دیاریكراودا خستبێتییانه سه‌ر كاغه‌ز و له ئه‌رشیفی كتێبخانه‌كانیش داندرابێتن، به‌ڵكو كولتوور سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكییانه‌ی گرۆته‌وه كه ئینسانه‌كان پێناسه ده‌كه‌ن. له‌م بۆ چوونه‌وه رۆشنبیری كورد یا وه‌ك ره‌خنه‌گرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتۆته پێشه‌وه كه نووسین هێچ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له ژێرخان و سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه ناهێناوهته دی، یا ئه‌وه‌ته و به ئیمتیاز ویستوێتی وه‌ك ره‌خنه‌گرێكی سیاسی سه‌رجه‌م ئیشكالییه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگا ته‌رح كات و هه‌ندێجاریش له ژێر رۆشناییه تیۆرییه‌كانی ماركس بیری له چاره‌سه‌ره‌كان كردۆته‌وه و له‌م ده پانزه ساڵه‌ی دوایش، دوای روخانی دیواری به‌رلین، خه‌ون به قه‌واره‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌بینی به بێ ئه‌وه‌ی هیچ زهمینهخۆشكردنێكی ته‌واویش له ئارادا بێت.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا رۆشنبیری كورد به ته‌واوی بیری لێ نه‌كردۆته‌وه : سه‌رجه‌م وردهواڵهتهكانی ژیان خۆیه‌تی و له ره‌وتی ئه‌و شارستانییه‌ته بگات كه تێی دا ده‌ژێ و بۆ هه‌ر گرفتێكیش ئیشكالییه‌تی تایبه‌تی خۆی ته‌رح كات و واقیع به كۆمه‌ڵێك ته‌ون ببینێ و له نێو ئه‌و سیسته‌مه ئیش بكات. به كورتی واقیعی خۆی بخوێنته‌وه. چونكه رۆشنبیری كورد بیر له كێشه‌كانی شارستانییه‌ت نه‌كردۆته‌وه و ته‌نها هه‌ر به‌رامبه‌ر به ئاوێنه‌ی ژووره‌كه‌ی خۆی سه‌یری روخسار و سیمای خۆی كردووه. ئه‌ویتر له كۆمه‌ڵی تیۆری، له كۆمه‌ڵی زانیاری، له كۆمه‌ڵێ شت پێكهاتووه كه له چه‌كمه‌جه‌كانی كتێبخانه‌كان ده‌ریده‌هێنێ. له باره‌ی هه‌موو دیارده‌یه‌ك شتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ده‌یڵێ و ده‌ینووسێ، به‌ڵام دوور له ژیانی خۆی. وا تێده‌گه‌ین كه زانیاری و مه‌عریفه شتگه‌لێكن له كتێب و زاكیرهكاندا هه‌ن و په‌یوه‌ندیان به ژیانه‌وه نییه.
بۆ ئه‌وه‌ی له بۆچوونێكی ئهپستراكتهوه به‌ره‌و نموونه‌ی حه‌یاتی هه‌نگاو بنێن با بیر له سه‌رجه‌م سیاقی ژیانی كۆمه‌لگای كوردی بكه‌ینه‌وه كه زۆرجار سیاسه‌تمه‌داران له بۆچوونێكی سرف سیاسی به مانا هه‌ره كوردییه‌كه‌ی، ته‌ماشایان كردووه، ئه‌ویش هه‌ر له دارشتنی ده‌ستووره‌وه تا ته‌تبیقكردنی چه‌ند مادده‌یه‌كی ئه‌و ده‌ستووره و هه‌ر لهوێوهوهش ئاسۆی چاره‌سه‌ره ئه‌به‌دییه‌كان به‌دی ده‌كه‌ن. په‌نجا ساڵه دركێك هه‌یه و پێمان ده‌رنه‌هاتووه!!
هه‌مان عه‌قڵییه‌تی جاران له‌مه‌ڕ ته‌تبیقكردنی به‌نده‌كانی حوكمی زاتی، له نێوان ته‌تبیق و تهتبیقنهكردن، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژ له دوای رۆژ پشتی له شار و شارستانییه‌ت ده‌كات. ئه‌گه‌ر رۆشنبیر له‌م مه‌یدانه هاتبێته پێشه‌وه ئه‌وه ته‌نها ره‌خنه‌كانی له‌م بۆچوونانه‌وه خه‌مڵاوه، به واتایه‌كی دی، سیاسه‌تمه‌دار رۆشنبیریی له حه‌پسخانه‌ی دیدی خۆی حهپسكردووه. یا رۆشنبیر ته‌نها له فه‌زای سیاسه‌تمه‌دار دا دونیای خۆێندۆته‌وه و خوێنه‌رانیشیان به‌م به‌زمه راهێناوه. ئه‌مه له كاتێك دا پێش دارشتنی ده‌ستوور و پێش ته‌تبیقكردنی چه‌ند مادده‌یه‌كی، ژیان به تهنیشتمانا تێده‌په‌ڕێت و هه‌نگاوه‌كانمان ته‌نها به‌ر قه‌راغ شۆسته‌ی ژیان ده‌كه‌ون.
له به‌رچێ؟ چونكه كولتوور به مانا هه‌ره فراوانه‌كه‌ی حه‌پسی چه‌ند بۆچوونێكی ته‌سك ده‌بێته‌وه و ژیانیش به هه‌ڵواسراوی ده‌مینێته‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌كی راسته‌قینه نایه‌ته دی. ئا له‌م بۆچوونه و جیهانبینییه، هیچ گۆڕانكارییه‌كی راسته‌قینه دوای ته‌تبیقكردنی ئه‌و ماددانه‌ش نایه‌نه گۆڕێ، چونكه به كورتی هیچ دیدیك له‌مه‌ڕ شارستانییه‌تێكی تایبه‌ته‌وه له لامان سه‌قامگیر نه‌بووه. هه‌نگاو ده‌نێن، به‌ڵام نازانین بۆ كوێ ده‌چین! پرد و باڵه‌خانه دروست ده‌كه‌ین نازانین نه تیایانه بژین نه لهگهڵییانه بژین!
ئا لێره‌وه وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر ئه‌وه‌یه كه له كه‌ڵه‌كه‌بووی تیۆرییه‌كانی دونیا خۆی رزگار كات و دوو ده‌رزی راسته‌قینه له‌مه‌ڕ ژیانه‌وه فێر بێت. "ژیان" چ تێرمێكی سه‌خت و سفت له بۆ تێگه‌یشتن!!
كولتووری گوند و كولتووری شار
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌به‌م، لێره هێچ جۆره به‌هایه‌كی كه‌م نه‌دراوه‌ته كولتووری گوند. ئێمه لێره باس كولتووری گوند ده‌كه‌ین، وه‌كو پاشماوه‌ی عه‌قڵییه‌تێك كه ئیمرۆ به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه. مه‌به‌ست له ته‌لاش و ره‌نجی جوتیاران نییه، مه‌به‌ست له زه‌حمه‌تكێشان و شه‌ونخونی نییه. دواتر دێینه‌وه سه‌ری.
گوند و شار دوو فه‌زان، په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، یه‌ك ئه‌وی تر ره‌فز ناكات. ئه‌ورووپا ئه‌و پانتاییه‌یه ده‌یه‌وێ جیاوازی له نێوان شار و گوند دا نه‌هێڵێ، ئه‌م له‌ناوبردنی جیاوزاییانه بواره خزمه‌تگوزارییه‌كان، به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌وه. گوند له چه‌ند خانوویه‌ك و چه‌ند ماڵێك و چه‌ند جوتیارێكی لاته‌ریكی نه‌خوێنده‌وار و دووره‌ده‌ست پێكنه‌هاتووه، گوند ئه‌و دونیا نه‌خوێنده‌واره نییه ته‌نها له به‌ر چرای فانۆسێك تاقه خوێنده‌واری گوند، مه‌لا و مامۆستا له به‌ریا كتێبه ره‌نگ زه‌رده‌كان به‌سه‌ر كه‌نه‌وه، گوند ئه‌و چۆڵاییه ئهندیشهییهش نییه، كه ته‌له‌فزیۆن و سه‌تالایت و ئه‌نته‌رنێت و پۆست و ئاو و كاره‌بای نه‌گه‌یشتبێ، به‌ڵكو زۆرجار لابۆر و خه‌سته‌خانه و هه‌موو جۆر خزمهتگوزارییهكیشی تێدایه. هه‌ر له نانه‌واخانه‌وه بۆ ده‌رمانخانه، جگه له یاریگا و مه‌له‌وانگه و قووتابخانه تایبه‌ت و گۆڕه‌پانی وه‌رزش و هتد. گوند له رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه له شاران جودا ناكرێته‌وه. له هه‌ندێ وڵاتی كه‌م مه‌ساحه، به حه‌ققه‌ت سنووری جوگرافی شار و گوند به زه‌حمه‌ت دناسرێتهوه وه‌ك هۆڵه‌ندا، سویسرا، به‌لجیكا.
ئه‌م راستییه كوردستانیش ده‌گرێته‌وه :گوند و شاری كوردستانیش دیسانه‌وه هیچ جیوازییهكی ئه‌وتۆیان نییه. له شارێكی وه‌كو هه‌ولێر هه‌موو عیاده و ده‌رمانخانه‌كان پهستراونهته ناوشارێكی دووره ده‌ست. له گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌راغ شاره‌وه بۆ ده‌رمانخانه‌یه‌كی ناو شار هه‌ر به قه‌د ئه‌وه‌یه گوندییه‌ك باروبارگه بپێچێته‌وه و تا بگاته ناو دڵی شار!
عه‌قڵییه‌ت گوند و شار هیچ جیاوزاییهكی نییه. له هه‌موو گه‌ڕه‌كێك مزگه‌وتێك هه‌یه كه شتێكی زۆر سروشتییه، به‌ڵام له هه‌موو گه‌ڕه‌كێك نه ده‌رمانخانه‌ی لێیه، نه كتێبخانه‌ی لێیه، نه یاریگا و مه‌له‌وانگه‌ی لێیه.
پلانی گه‌ڕه‌ك وه‌كو پلانی گوند وایه. خانوو له پاڵ خانوو به بێ ئه‌وه‌ی بیر له دارشتن و پلان كرابێته‌وه. ئه‌مه له حاله‌تێكدا گه‌ره‌ك ده‌بێ شارێكی بچووك بێت و هه‌موو پێداویستیه‌كانی تیا بێت.
شارانی ئێمه پسووله‌ی رابردوویان هه‌یه و به‌م پسووله‌یه له ئاوی حه‌یاتیان داوه، به‌ڵام ناسینه‌وه‌ی شار و پێناسه‌ی شارانی ئیمرۆی جیهان هیچ شارێكی ئێمه ناگرێته‌وه. "شارانی" ئێمه گه‌وره ده‌بن به‌ڵام نابنه شار. وه‌كو منداڵێكه به سه‌قه‌تی هه‌راش ده‌بێت. شار شوێنی تهنگهنهفهسبوون و ناڕه‌حه‌تییه، شوێنی راكه راكه به دوای شتی زۆر ساده و دووباره‌بوو.
ئا له‌م حه‌قیقه‌ت و له‌م دیده‌وه رۆشنبیری كورد خاوه‌ن كولتوورێكی شار نییه، به‌ڵكو رۆشنبیرێكی گوندییه به ئیمتیاز، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بنه‌ڕه‌تی به شاره‌وه نییه. چونكه شار له تۆڕێك په‌یوه‌ندی ئاڵۆز و خاوه‌ن چه‌ندین نهۆم پێكدێت، چونكه كۆمۆنیكسیۆن و به‌ستنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌كان رێگا خۆش ده‌كات تا ئه‌و تۆڕه له نێو یه‌ك دا ههڵبهكهن. بزووتنه و جووله‌كان خێران و تهنزیمكردن به پله‌ی یه‌كه‌م خه‌می هه‌مووانه. بزووتنه‌وه و ریتم شار له گوند جودا ده‌كاته‌وه.
ریتمی جوتیار ریتمێكی سروشتییه، ریتمی شار دروستكراوه. ئه‌م ریتمهیه ده‌چێته نێو ئافراندنه‌وه : ریتمی مۆسیقا، سه‌ما، شانۆ، شیعر، گۆرانی، شایی و ئاهه‌نگ سازكردن و فیستیڤال و ئاژهنسهكانی توریست و هتد.
جه‌سته‌ی ئینسانی كوردی خاوه‌ن ریتم و بارستاییه‌كی دونیایه‌كی قه‌ده‌رییه، جووله‌ی روخسار و ده‌ست و په‌نجه ئاماژه بۆ ژیانێكی دی ده‌كه‌ن كه ههتاوهكانی ده‌مێكه ئاوا بوونه.
شار ته‌نها جاده و ئۆتۆمبێل نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێ په‌یوه‌ندیی تیكچرژاو و ئاڵۆزه و له‌م پانتاییه‌دا، نه‌ك چمكی شارستانییه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌ده‌بییاتی راسته‌قینه‌ش گه‌شه ده‌كات. ئهدهبییاتێك كه رۆ ده‌چێته نێو شته‌كان و شتیش هه‌میشه خاوه‌ن واتای شاراوه ده‌بێت. ماناكان بزێو ده‌بن و زمان له جووله‌یه‌كی به‌رده‌وام دایه و رۆ ده‌چێته نێو هه‌موو شتێك و بێ‌وچان داوای مانا ده‌كات. كه‌چی ئه‌ده‌بییاتی ئێمه هه‌میشه له ده‌وری چه‌ند فیكرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا سیاسی نه‌زۆك دا په‌نگیان خواردووه. زمان تا ئهدواتهكانی لادێ و كشتوكاڵی تیا به‌كارهێنرابێت، هه‌نده به زمانێكی زیندوو زانراوه، چه‌ند له رۆحی فۆلكۆرهوه نزیك بۆته‌وه، هه‌نده ته‌عبیرێكی باڵای له رۆحی نه‌ته‌وه كردووه، چونكه له دوا هه‌وڵه‌كانی له ده‌وری فیكره‌كانی دوانه‌یی دا چه‌قیان به‌ستیوه و له‌وێوه‌ش و سه‌رجه‌م واتاحازر به ده‌سته‌كان، له ده‌وری بۆچوون و چه‌مك ئاشكراكان سروودێكیان بۆ رابردوو چرییهوه یا له ده‌وری چه‌ندین ره‌مزی بێ‌گیان خه‌ونیان به سنووری نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه بینیوه.
مه‌به‌ستمان له كولتووری گوند ئه‌و كولتووره‌یه كه به‌ده‌ره له به‌ها كشتوكاڵسازییهكهی، به‌ده‌ر له ره‌نج و زحمه‌تكێشان و ئارهقرشتن، به‌ده‌ر له‌و شه‌ڕه‌ی كه ده‌كرێ به شه‌ڕێكی وجوودی پێناسه بكرێت له نێو جوتیار و خاك دا. به‌ڵكو مه‌به‌ستمان له كولتوورێكه ته‌نها به ده‌ور ده‌ر به‌هاكانی خوێن و خزمایه‌تی دا چه‌قیان به‌ستووه ؛ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیی خێڵه‌كیی و گهڕهكییهكان، سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه ناراسیۆنالهكان ده‌گرێته‌وه و خۆیان ترانجاندۆته نێو حیزب و دامه‌زراو و بازرگانی و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و كۆكردنه‌وه‌ی سامان به بێ بنه‌مایه‌كی شارستانیی كه یارمه‌تیمان بدات، كولتووره‌كانی گوند به‌ره‌و ئاسۆكانی شارستانییه‌ت بگوازینه‌وه.
ئا لێره‌وه موفارهقهكانی دیمهكراسیبوون له‌و كۆمه‌ڵگایانه سه‌ر ده‌رده‌هێنن. دیموكراسییه‌ت هۆشیاری تاكه به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی كۆ، یا به پێچه‌وانه‌وه هۆشیاری كۆیه به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی تاك. كولتووری گوند سه‌ره‌جه‌م ئه‌م هاوكێشه‌یه تێك ده‌دات.
له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دوایی، كولتووری گوند، به ده‌ست رژێمی سه‌ددامه‌وه گواسترایه‌وه شار، هه‌ر ئه‌و رژێمه‌ش ده‌سپێشخه‌ری ئه‌م كاروانه سه‌قه‌ته بوو، دوای راپه‌ڕینیش عه‌قڵییه‌تی شاخ شارانی گرته‌وه و مۆدێلێك خه‌ریكه خۆی فه‌رز ده‌كات بۆچوونه‌كانی ژیان ته‌سك ده‌كرێته‌وه چه‌ند دیارده‌یه‌كی به رواڵه‌ت نوێ، به‌ڵام به بێ كاریگه‌ریی راسته‌قینه خۆی ده‌سه‌پێنێ.
سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی خێڵ ده‌پاریزرێن و له پێناوی مانه‌وه و رۆ ده‌چنه نێو ته‌ونی به‌ناو دیموكراسییه‌كان و شه‌له‌لی ته‌واو به‌رپا ده‌كه‌ن. دیموكراسییه‌ت له چه‌ند شیكلێكی ده‌ره‌كی ده‌مینێته‌وه. ده‌نگدان ده‌بێته جه‌وهه‌ری دیموكراسییه‌ت. كه‌چی دهنگدام ته‌نها به‌شێكه له پرۆسه‌ی دیموكراسی.
كڵۆڵیی نووسراوه‌كانمان
هه‌ر له حه‌فتاكانه‌وه و به شێوه‌یه‌كی نه‌پچڕاو و تا ئێستا رۆشنبیری كوردی خۆی به نهمهتێكی گۆڤاردهكردن خه‌ریك كردووه كه هێچ په‌یوه‌ندییه‌كی به واقیعی تاڵی كورده‌وارییه‌وه نه‌بووه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كولتووره‌وه نییه به‌و پێناسه‌یه‌ی كه كردمان، به شێوه‌یه‌كی دی، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڤارانه ته‌نها زانیاری و دراو له‌مه‌ڕ شته‌كانه‌وه فێر ده‌بیت. زانیارین له‌مه‌ڕ تێۆری هیترانهوه، چیرۆك و شیعری زۆر زیهنی، یا ئه‌وه‌ته ره‌خنه‌گرتن له‌و به‌رهه‌مانه و هه‌ر هه‌مووشی له نێو بازنه‌یه‌كی دهمداخراو دا ده‌خولێنه‌وه. نه‌مه‌تی گۆڤاری كوردی به چهكمهجهیهك ده‌كات هه‌ر ژهنرێك له چهكمهجهیهك داده‌نرێت. ئه‌گه‌ر بته‌وێت ده‌ق بخوێنیته‌وه، ئه‌وه‌ی چه‌كمه‌جه‌ی ده‌ق ده‌كه‌یته‌وه هتد. هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێو چهكمهجهكاندا نییه.
گرفتی راسته‌قینه لێره‌دایه. ئه‌م نه‌مه‌ته هه‌ر له گۆڤاره‌كانی "به‌یان" و "رۆشنبیریی نوێ" ده‌ستی پێكرد و به گۆڤاری " رامان" و " كاروان" و "ئاینده" هی دیكه كۆتاییان دێت. له راستی دا گۆڤار كۆكردنه‌وه بابه‌تی ئه‌م و ئه‌و نییه و له ته‌رح و ژه‌نری جیاواز دا دابه‌ش بكرێن و بڵاوبكرێنه‌وه. گۆڤار ده‌بێ ته‌عبیر له دیدێكی شارستانی دیاریكراو بكات. جۆره جیهانبینییه‌ك به‌رجه‌سته بكات. شتێكی تایبه‌تمان پێ بڵێت. پرۆژه‌ی نووسین و كۆكردنه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو ته‌عبیر له جۆره نووسینێك بكات. له گۆڤارانه‌ی باسكران شیعری سوریالی و فۆلكلۆری له ته‌نیشت یه‌ك بڵاوده‌كرێنه‌وه.
له دوای راپه‌ڕینیشه‌وه، هیچ جۆره جوداوازییهك له بینین و له نه‌مه‌تی ئه‌و رۆشنبیرانه به‌دی ناكرێت، راپه‌ڕین په‌راوێزێكی گرینگی له‌مه‌ڕ ئازادی ده‌ڕبڕین فه‌راهه‌م كرد، به‌ڵام ئازادی ده‌ربڕین به بێ دیدێكی نوێ هیچ ئاكارێكی لێوه نایه‌ته‌دی. بۆیه خوێنه‌رانی جاران و ئیستای ئه‌و گۆڤارانه هه‌ر به هه‌مان عه‌قڵییه‌تی جاران ته‌ماشی ژیان و جیهان ده‌كه‌ن، چونكه له ناواخن دا هیچ گۆڕانكارییه‌كی جه‌وهه‌ری رووی نه‌داوه. په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان خوێنه‌ران و نووسه‌رانی ئه‌و گۆڤاره هه‌ر له سه‌ر هه‌مان ئاست دامه‌زراوه. گۆڤار نه‌بۆته مینهبرێك بۆ دیالۆگ، به‌ڵكو بۆته مینبه‌رێك بۆ گوێرتن. چونكه راپه‌ڕینه‌كه‌ی پێش شانزه ساڵ گۆڕانكارییه‌كی جه‌وهه‌ری له كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌هێنایه دی و رۆشنبیریش له گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته‌دا، پاسیف و بێده‌ره‌تان هه‌نگاو ده‌نێت.
به جۆرێكی دی، نووسین و خوێندنه‌وه له شیكله هه‌ره چاخمامناوهندییهكهی ماوه‌ته‌وه. قه‌ڵه‌م پیرۆزه و رۆشنبیر له سه‌ر هه‌موویانه‌وه شاعیران به چاوێكی نیمچه پێغه‌مبه‌رانه ته‌ماشا ده‌كرێن و كه‌له‌پوور وه‌كو خهزینهیهك له سنووقێكی داخراودا ده‌پارێزرێت و نابێت هیچ خه‌وشێكی تیا روو بدات، ئه‌مه له حاڵه‌تێكدا كه‌له‌پووری نووسراوه‌ی كوردی تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م سه‌ر به مه‌عریفه‌یه‌كی ده‌مداخراوی كۆنه. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوی به واقیعی كوردیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه نییه. ئه‌ویش له واقیعێكی زیهنی ئاو ده‌خواته‌وه : یا سۆفیگهرییهكه كه له سه‌ده‌ی چوارده‌مه‌وه له كولتووری نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروپشت كۆتایی هاتبوو چونكه ته‌عبیری له خواسته نوێیه‌كانی ئه‌و میلله‌تانه نه‌كرده‌وه، یا سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند خه‌مێكی نه‌ته‌وایه‌تییه كه ته‌نها به ده‌وری خۆی دا ده‌خولێته‌وه.
له لایه‌كی دیشه‌وه حكوومه‌ت مووچه‌ی رێز و حورمه‌ت بۆ هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران ده‌بڕێنێته‌وه و كه‌س نازانێت له كوێی خهزینهكانی ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌و پاداشتانه‌وه دێنه ده‌رێ و چ پاره‌یه‌كیش له رێگه پێچیدهكانی پاداشته‌وه ده‌چێته به‌ڕكی فه‌رمانبه‌رانی لێپرسراوه‌ی پاداشت.
واقیعی ئیمرۆ
واقیعی كولتووری كوردی ئیمرۆ له‌وپه‌ڕی تراژیدیا ده‌ژێت. لێره تێرمی كولتوور به‌كار ده‌هێنێن چونكه تێرمی رۆشنبیر له زمانی كوردی دا ئه‌وه ناگرێته‌وه كه ئێمه مه‌به‌ستمانه. تراژیدیایه نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربڕین نییه، یا ئه‌و ئازادییه ته‌واوه نییه كه نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی كورد نه‌توانێ به ئازادی شت بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به لهقیی ماناكانی ژیانه‌وه هه‌یه.
قه‌د هه‌نده‌ی ئه‌م ده ساڵه‌ی دوای كتێب و نامێلكه و گۆڤار و رۆژنامه له مێژووی كوردیی دا چاپنه‌كراوه، قه‌د هه‌نده‌ی ئێستا ژیانی كوردی له نێوان ریگاكاندا تووشی چهقینهبهستن نه‌هاتووه.
رۆشنبیریی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دا به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و زۆربوونی چاپه‌مه‌نی له گۆڤار و رۆژنامه و گۆوار و رۆڤار و چه‌ندین تێرم و ناونیشانی دیكه ته‌نها حهپهسانێكی كورتخایه‌ن له لایه‌ن كۆڵكه نه‌خوێنده‌واران دروست ده‌كات ئه‌مه له حاله‌تێكدا ده‌بوایه رۆشنبیر و رۆشنبیریی پێی بنایهته قۆناغێكی كولتووری واوه كه به‌شدارییه‌كی فیعلی له گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانی ئینسانی كورد بكردبایه.
ئه‌ی ته‌گبیر؟؟
سه‌رجه‌م ئه‌و تیۆریی و نووسینانه‌ی كه له سه‌رده‌می راپه‌ڕینی فه‌ره‌نسی نووسران ته‌واو به كه‌ڵكی ئێمه نایه‌ن چونكه دوو واقیعی جیاوازن، هه‌موو فه‌یله‌سووفانی سه‌ده‌ی رۆشنگه‌ریی فه‌ره‌نسا به كه‌ڵكی ئێمه نایه‌ن چونكه له مێژوویه‌كی دییه‌وه په‌یا بوونه، سه‌رجه‌م رێبازه سهمبۆلییهلهكان و پاشانیش سوریالیسته‌كان به كه‌ڵكی ئێمه نایه‌ن چونكه له دوو دونیای جیاوازه‌وه هاتوونه‌ته به‌رهه‌م، هه‌موو فیكری وجوودییهت و عه‌به‌سییه‌ت و پێشڕه‌وه‌كانی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م به كه‌ڵكی ئێمه نایه‌ن چونكه دوو جیهانی جیاوازن. به‌ڵام هه‌ر هه‌مووشیان به كه‌ڵكی ئێمه دێن و یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن واقیعی خۆمانی پێ بخوێنیه‌وه. نه‌ك له رێگای ته‌رحكردن و ریزكردنی ناوی فه‌یله‌سووف و نووسه‌رانی و قۆناغه‌كانی ژیانیان، به‌ڵكو به خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه بتوانێ ئاسۆی شارستانییه‌تێكی نوێی لێوه دیار بێت. نه رۆژئاوا مودێلی بێخه‌وشه نه ئه‌ماراتیش ده‌كرێ وه‌كو مودێلێكی رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی ته‌ماشا بكرێت و نه دروشمه چهواشهكهرهكانی شۆڕشی ئیرانی له نێوان نه رۆژئاوایی نه رۆژهه‌ڵاتی كه وزه ئه‌تۆمییه‌كانی گێچه‌ڵێكی مه‌زنی به دواوه‌یه و حوكمدانی رۆژنامه‌نووسانیش ده‌یخاته ریزی حكوومه ئیستیبدادییهكانی رۆژهه‌ڵاته‌وه.
ئه‌ویتر، ده‌بێ به كۆ بخوێندرێته‌وه. ئه‌ویتر رۆژئاوا نییه، ئه‌ویتر رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامیش نییه. ئه‌ویتر ئیمرۆ له دونیادا ده‌كرێ له وڵاتێكی وه‌كو هیندوستان پێكبێت كه خێرایی گه‌شه‌كردنی ئابووری له ئه‌ورووپا گینگت، ده‌كرێ سه‌نغافووره بێت له هه‌مان رووه‌وه، ده‌كرێ وڵاتانی ئاسایای دوور بن، ده‌كرێ ئیسپانیا بێت له رووی سیاسی و ته‌نزیمی ئیدارییه‌وه، ده‌كرێ فیكر و هونه‌ره‌كانی ژیان بێت له لای فه‌ره‌نسییه‌كان، ده‌كرێ مودێل و ئێستاتیكا بێت به نیسبه‌ت پاریس و ئیتالیاوه، ده‌كرێ هتد. ئه‌ویتر ده‌كرێ ته‌ماشای كۆی ئه‌ویتر بكه‌ین و بیكه‌ینه ئاوێنه‌یه‌ك تا خۆمانی لێوه ببینین.
به‌ڵام چۆن خۆمان ببینین؟
له سه‌رجه‌م ئه‌و گۆڤارانه‌ی كه له حه‌فتاكانه‌وه تا ئێستا هاتوونه‌ته به‌رهه‌م، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی رێك و پێكیش نه‌بێت، ئه‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌زوو و رێبازه فیكریی و هونه‌رییانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا، كه‌م تا زۆر چ له رێگای ته‌رجه‌مه‌وه بووبێت، چ له رێگای ئامادهكردنهوهوه باسیان لێوه كرابێت، ده‌یان و به‌ڵكو سه‌دان لاپه‌ڕه‌یان له سه‌ر نووسراوه. واته خوێنده‌واری كورد هه‌ندێ جار ره‌نگبێ له خوێنه‌رێكی فه‌ره‌نسی زانیاری زیاتری له‌مه‌ڕ بوارێكی دیاریكراو پێ بێت، به‌ڵام له ئاستی ژیان و موماره‌سه‌كردنی له‌وپه‌ڕی كڵۆڵیی ده‌ژێت. به واقیع له بارودۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سایكلۆژی چاخه‌كانی ناوه‌ند ده‌ژێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا زانیاری له‌مه‌ڕ دیدرۆ و سارته‌ر و فرۆیده‌وه پێیه. ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ و مافی ژن زانیاری دونیای له لایه كه‌چی هه‌ر باوكیشی ژنی بۆ ده‌هێنێ. باسی ئازادی تاك ده‌كات، به‌ڵام بۆ ژنهێنان ده‌بێ پرس به هاوسێ بكات، پشتگیری له بۆچوون و ته‌رحه‌كانی سیمۆن دو بۆڤار و نه‌وال سه‌عداوی ده‌كات كه‌چی خۆی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وپه‌ڕی كڵۆڵی به‌سه‌ر ده‌بات. له كۆتاییش دا باس له شارستانییه‌تێكی دیاریكراویش ده‌كات به‌ڵام نه هه‌وڵی بۆ ده‌دات بیژێی، نه بۆچوونێكی راسته‌قینه‌شی له‌مه‌ڕ ئه‌و شارستانییه‌ته‌وه پێیه. شارستانییه‌تێكی خه‌ونه زیاتر وه‌ك واقیع! چونكه هه‌موو زانیارییه‌كانی له زیهندا حه‌پس كردووه.
به جورئه‌ته‌وه بیر له ئازادی تاك ده‌كاته‌وه كه‌چی له باوه‌شی خێڵ و عه‌شیره‌ت گه‌وره ده‌بێت، دژ به حیزبه به‌ڵام مووچه‌ی حیزب وه‌رده‌گرێت، ده‌یه‌وێ موماره‌سه‌ی دیموكراسی بكات كه‌چی ده‌نگ نادات. دژ به سیسته‌می په‌روه‌رده‌یه به‌ڵام جوێن به قووتابی خۆی ده‌دات. ره‌نگه سوریالی بێت به‌ڵام حه‌ز ده‌كات گه‌ڕه‌ك سوێند به‌سه‌ری بخۆن.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه یه‌ك سه‌ر ئه‌نجام كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و شت له به‌ركردن رۆشنبیریی نییه، به‌ڵكو چالاكی زاكیره‌یه و هیچ تر.
قۆناغیكی نابووت
له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه فیكره‌كانی ماركس و لینین و ما‌و له كوردستان بڵابوونه‌وه، هه‌مان ئه‌و فیكرانه له سه‌ر ئاستی جیهاندا باو بوون، چونكه شووره‌وی ده‌وڵه‌تێكی مه‌زن بوو، چونكه دونیا له دوو به‌ره پێكهاتبوو و شه‌ڕی ساردیش له‌و په‌ڕی ههرهكهتی بوو. فیكری ماركس جیهان له دیدی رۆژئاواوه راڤه ده‌كات. له نێوان ماددییه‌تی مێژوو و زۆرانبازیی چینایه‌تی خولاسهیهك پێشكه‌شی ئینسان ده‌كات. ماركس پێش هه‌موو شتێك رۆژئاواییه پێش ئه‌وه‌ی جیهانیی بێت، ته‌واوكه‌ری تیوۆریی پێش خویه‌تی پێش ئه‌وه‌ی بانگه‌وازێكی ئینسانی بێت له سه‌ر ئاستی گه‌ردوون. واته تیۆرییه‌كه بۆ مێژووی رۆژئاوا له ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراو دا. له‌م دیدهوهش، ئه‌ڵمانیا یا فه‌ره‌نسا، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تیا زیاتر به‌رقه‌راره وه‌ك له روسیا، یا هه‌ر وڵاتێكی بلۆكی ئه‌ورووپای رۆژهه‌ڵات. فیكره‌كانی سوسیالیستی له رۆژئاوا وه‌كو موماره‌سه له هه‌موو وڵاتانی به ناو سوسیالیست زیاتر گه‌شه‌ی كردووه.
به‌ڵام ماركسییه كورده‌كان چۆن واقیعی كوردی‌یان پێ ده‌خوێندوه؟ له دوا پێناسه‌دا، بۆ ئه‌وان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كومه‌ڵگه‌یه‌كی چینایه‌تییه، له نێوان كرێكار و جوتیار و ده‌ربه‌گ و بورژوزای و بورژوازی كۆمرادۆر یا بورژوازی نیشتیمانی پێك دێت. كه‌چی له واقیع دا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به هیچ جۆرێك كۆمه‌لگه‌یه‌ك چینایه‌تیی نییه به‌و شێوه‌یه‌ی كه ماركس، یا ما‌و یا لینین لێكی داوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر بوترێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چینایه‌تی نییه زیادهرهی تێدا نییه، ئه‌مه نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كسان له ئارادایه نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، نه‌خێر، به‌ڵكو جیاوزییهكه له جۆر و جوداوازی چین دا نییه، به‌ڵكو به هه‌بوون و نه‌بوونه‌وه هه‌یه. جیاوزای هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند له هه‌بوونی سامان و نه‌بوونی سامان دایه. واته ئینسانی كوردی هه‌ژار هه‌یه وه‌كو ئه‌وه‌ی ئینسای كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌بێت. به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كورد، له رووی پێكهاته‌ی ده‌روونی و فه‌زای زیهنی و ئاستی رۆشنبیریی و عه‌قڵییه‌ت دا سه‌ر به چینی هه‌ژاره. ده‌وڵه‌مه‌ندی كورد، ده‌وڵه‌مه‌ندێكی هه‌ژاره. ته‌نها سامانی هه‌یه، ئه‌گینا له رووی هۆشیاری چینایه‌تییه، له رووی رۆشنبیریی و كولتوورییه‌وه خاوه‌ن هه‌مان جیهانبینییه. هه‌مان قسه‌ی نه‌سته‌ق و هه‌مان حیكمه‌ته‌كانی ژیان دووباره ده‌كاته‌وه. خاوه‌ن یه‌ك جیهانبینین.
به واتایه‌كی دی، له جه‌وهه‌ردا، جیاوازیی چینایه‌تی ته‌نها جیاوازی له رووی هه‌بوون و نه‌بوونه‌وه نییه، به‌ڵكو هه‌ر چینێك خاوه‌ن كولتوورێكه، ئه‌م كولتووره له چونییه‌تی ژیان و نه‌مه‌تی ژیان پێكهاتووه، له به‌كارهێنانی زمان و ده‌سته‌واژه پێكهاتووه تا ده‌گاته چێژ بۆ شانۆ و سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و تابلۆ كۆكردنه‌وه و میعمار و رازاندنه‌وه و دیكۆر و مۆسیقا و چێشتخانه و جلوبه‌رگ و خشڵ و هتد. گه‌ڕه‌كی دۆلاره‌وه و گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه ته‌نها له رووی پاره‌وه جیاوزییان تیا به‌دی ده‌كرێت، ئه‌گینا له رووی عه‌قڵییه‌ت و كولتووره‌وه خاوه‌ن یه‌ك شتن. رۆژی هه‌ینی به ته‌نیش یه‌كه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌مان مه‌لا، گوێ بۆ خوتبه ده‌گرن و هۆڕ هۆڕ ده‌گرین. فرمێسكی هه‌ژارێك و فرمێسكی ده‌وڵه‌مه‌ندێ به‌رامبه‌ر به رۆژی په‌سڵان هه‌ر هه‌مان فرمێسكه.
رۆشنبیری كورد له نێو ئه‌م كڵۆڵییه ده‌ژێت و بێده‌نگه، چونكه ئازادی ئه‌وه‌یان داوه‌تی شیعری خۆی بنووسێت و ماوه‌ی ئه‌وه‌شی هه‌یه سوریالی بێت و ده‌توانی ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندیش بێت ته‌كعیبی بێت یا ئاپستراكت هێڵ و پانتاییه‌كانی دابه‌ش كات، له حاله‌تێك دا ئه‌م هه‌موو رێباز و ته‌زووانه سه‌ر به مێژوویه‌كی كۆكن و یه‌كگرتوون. كۆمه‌ڵاگای كوردی له‌م رووه‌وه به كۆلاژی ده‌ستی ناشییهك ده‌كات.
ئه‌م شكسته ته‌نها شكستی كوردیی نییه، به‌ڵكو شكستی هه‌موو ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌یه. ژیان به بێ سه‌ر هه‌نگاو ده‌نێت. بۆ چاودێرێكی ئاسایی، یه‌كسه‌ر له‌و حه‌قیقه‌ته تێده‌گات كه عه‌قڵییه‌تی ئینسانی كوردی ساڵانی شه‌ست و په‌نجاكان هیچ گۆڕانكاییهكی بنه‌ڕه‌تی تیا نه‌هاتۆته دی. ئه‌مه شكستی فیكریی و شارسانییه. فیكرییه له‌و رووه‌وه كه خوێندنه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ویتر یارمه‌تی نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ی واقیعی پێ بخوێنێته‌وه، جۆره سه‌پاندنێكی تیۆری ئه‌وه‌ی دیكه بوو. نموونه‌ی ماركسمان هێنایه‌وه، به‌ڵام له رووی فیكره‌ی ئێتا-ناسیۆنهوهشهوه هه‌ر راسته. واته ئه‌گه‌ر ماركسییه‌ت وه‌كو فیكر له واقیعی عه‌ره‌بی-كوردی نه‌یتوانی ببێته موماره‌سه، به‌ڵام دابه‌شكردنی ئه‌و ناوچه‌یه و كردنه به‌ری چه‌مكی ئێتا-ناسیۆن هیچ سه‌ركه‌تنێكی ئه‌وتۆی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. به كورتی فیكره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كه زاده‌ی فیكره‌ی ئه‌ورووپای سه‌ده‌ی حه‌ڤده و ههژهد و نۆزده‌یه، نه‌یتوانی تا ئێستا عێراق وه‌ك ئیتایهك و ناسیۆنێك خۆی به دونیا بناسێنێ.
ئێستاش فیكره‌ی فیدرالیسم كه ئه‌ویش بۆ عه‌ره‌ب و زۆرێكی شیعه جۆر دابه‌شكردنێكی زه‌وی و رۆح ده‌گه‌ینێ، چونكه دابه‌شكردن له فیكری خه‌ڵكانی لای ئێمه له گوناهه‌وه زیاتر نزیكه وه‌ك له سیسته‌مێكی ئیداری و سیاسی. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به عه‌قڵییه‌ت و جهقبهستنی فیكر و مومارهسهنهكردنی ژیان ده‌گرێته‌وه. دابه‌شكردن گوناهه زیاتر له تێگه‌یشتن. عه‌شیره‌ت نابێت دابه‌ش بێت، زمان نابێت ده‌ستی لیبدرێت، سنوور نابێ ده‌سكاری بكرێت. ئه‌م چهقبهستنهیه ژیانمانی به‌ره‌و هه‌لاكه‌ت بردووه.
بۆیه كۆنگره به‌ستن و راڤه‌كردن و لێكدانه‌وه و تویژینه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك له سیاسه‌تمه‌دار چاره‌سه‌ری گرفته بنه‌ڕه‌تییه‌كان ناكات، چونكه ته‌نها ئه‌وانه‌ی كه كۆكن به‌شداریی ئه‌م جۆره كۆنگره و كۆڕ و سیمینارانه ده‌كه‌ن، چونكه به‌شداریی له نێو نه‌یاره‌كان هێشتا نه‌چۆته نێو كه‌له‌پووری كولتووره‌وه كه دیالۆگ ته‌نها یه‌كێكه له پێكهاته‌كانی.
ژیان هیچ پێناسه‌یه‌كی نییه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه ته‌نها له كۆمه‌ڵگه‌رایی دا واتاكان ده‌خه‌مڵێن. واته كێشه‌كانی خوێن و خزمایه‌تی، خێڵ و خێڵایه‌تی كه له دوا پێناسه‌دا حیزب ته‌نها له پێكهاته‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانن كه له‌سه‌ر خزم و خوێن و خێڵ به‌ندن. پاسه‌وانه‌كانی هه‌موو كاربهدست و لێپرسراوه گرینگه‌كان، پاسه‌وانی پهرلهمتارهكان له كوڕ و پسمام و كوڕانی خوێن گه‌رمی عه‌شیره‌ت پێكهاتوون. له‌م باروه دۆخه‌دا چۆن فیكره‌كانی فیدرالییه‌ت و ئاسۆكانی عه‌قڵ خۆیمان پێ نیشان ده‌دات. فیدرالییه‌ت وابه‌سته‌یه به دیموكراسییه‌وه و دیمهكراسییهتیش له‌سه‌ر به‌هاكانی تاك به‌نده. ئه‌وه‌ی له‌م هاوكێشه‌یه‌دا نه‌بێت، جۆره گه‌مه‌یه‌كی خۆماڵییه به ده‌ستی كارگێرانی جیهانه‌وه‌یه و هیچی تر.
ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دار پێێهكی له نێو شیلاوی وههم و حه‌زی ده‌سه‌ڵاتدا بێت و پێیه‌كی دی له سه‌ر وشكاییه‌كان واقیع دا له شوێنپێیه‌ك بگه‌ڕێت، ئه‌وه خۆ رۆشنبیر وه‌كو توخمێكی غه‌ریب ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، چ به نیسبه‌ت خۆیه‌وه، چ به نیسبه‌ت به ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌وه. له كۆتاییش دا، رۆشنبیر له زیهنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و پیاوه ماقوڵه پێكدێت له ژێر جوببه‌ی مه‌لاوه كه‌وتۆته‌وه.
ئێتا-ناسیۆن له ناوچه‌ی عه‌ره‌بی دا به نیسبه‌ت رهشهخهڵكهوه وجوودی نییه، سه‌ر به ناوچه و هه‌رێم و عه‌شیره‌ت بایه‌خی گه‌لێ زیاتره. هه‌ر وه‌كو تایه‌ر بین جه‌لوون ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ته‌نها به نیسبه‌ت رۆشنبیران و ئهنتیلێكتوالی عه‌ره‌به‌وه جیهانی عاره‌بی بایه‌خی هه‌یه. جیهانی عه‌ره‌بی ته‌نها له زیهنی ئه‌واندا وجوودی هه‌یه. جامیعه‌ی عه‌ره‌بی زاده‌ی ئه‌و خه‌یاڵه‌یه كه په‌نجا ساڵه پێنج مه‌تر واقیعی عه‌ره‌بی به‌ره‌و پێش نه‌چوواندووه! ئه‌م نه‌خۆشیی وه‌همه هه‌ندێجار ئێمه‌ی كوردیش ده‌گرێته‌وه، بیر له دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردیی ده‌كه‌ینه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی كۆڵه‌گه و بناغه‌ی خۆمانمان به ته‌واوی قایم كردبێت. ئه‌م غاردانه به دوای تراوێلكه ته‌نها له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تمه‌داراندا ته‌واو ده‌بێت.
چونكه ده‌وڵه‌ت به بێ بینینێكی روون له‌مه‌ڕ شارستانییه‌تێكی دیاریكراوه‌وه ته‌نها كه‌ڵه‌كه بووی شتگه‌لێكی بێگیانه. به سامانی مردووی ده‌وڵه‌مه‌ندی لای ئێمه ده‌كات.
ده‌وڵه‌ت دروستكردن په‌یوه‌ندیی به ژیانه‌وه هه‌یه، كاتێ هه‌لومه‌رجه‌كانی ژیانمان نابێت، ده‌وڵه‌ت ته‌نها شیكلێكه، وه‌كو قاوغی هێلكه‌یه‌كه له زه‌ردێنه‌كه‌ی بهتاڵكرابێت، نه بۆ خواردن ده‌شێت نه بۆ هه‌ڵهێنان. سه‌ره‌رای چه‌ند فاكته‌رێكی ده‌ره‌كی، هه‌ر ئه‌م ئاڵۆزیی جیهانبینییه كه وایكردووه كه فه‌له‌ستینییه‌كان له دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌وه دووركه‌ونه‌وه.
رۆشنبیری كوردی خه‌رێكی شه‌ڕێكه له به‌ینی ده‌سه‌ڵات و خۆی دا هه‌ڵیگیرساندووه. شه‌ڕێكی هیچ مانایه‌كی نابێت ئه‌گه‌ر بێت رۆشنبیر بیر له سه‌رهه‌ڵدانی شارستانییه‌تێكی دیكه نه‌كاته‌وه، بیر له دیدێك نه‌كاته‌وه و نه‌توانێ ئیمرۆ له جیهان دا هه‌ست به وجوودی خۆی كات.
….درێژه‌ی هه‌یه ….
دانشگای كاستییا لامانچا-ئیسپانیا١-٨-٢٠٠٧