کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه ….هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه یه‌کێکه له ئۆرگانه گرنگه‌کانی هاوکاری نێوان قوتابی و کارمه‌ندانی قوتابخانه. ئۆرگانێکه هه‌روه‌ک کۆبونه‌وه‌ی پشتیوانی قوتابی و شورای پۆل تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه و پرۆسه‌ی دیموکراتی له قوتابخانه‌دا به‌هێزده‌کات.
به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه کارێکی ئاسان نیه و ئه‌نجامه‌کانی باش نابێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌که بکه‌وێته ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که. ده‌سه‌ڵات مرۆڤی چاوساغ، چاوکوێر ده‌کات. مێژوی گه‌لان پڕێتی له‌و ڕێبه‌رانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی دیموکراتی و به نیازێکی پاکه‌وه بۆ کارێکی پیرۆز تێکۆشاون و ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، پاشان ده‌سه‌ڵات نابینای کردون. له پێناو مانه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا تووشی گه‌نده‌ڵی بوون. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵات کۆبونه‌وه له لای یه‌ک که‌س، یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌رگرتنی ریسکێکی گه‌وره‌یه که له کۆتایی ڕێگادا کۆمه‌ڵگا نرخه‌که‌ی ده‌دات.
کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه یه‌کێکه له‌و ئامڕازانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ناو قوتابخانه له تاکه‌وه ده‌گوێزێته‌وه بۆ گروپ، به‌وه‌ش بڕیاره‌کان هه‌مه‌لایه‌نه و پاش گفتوگۆ و بیرلێکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر ده‌درێن. بڕیاره‌کان له پرۆتۆکۆڵی کۆبونه‌وه‌که‌دا ده‌نوسرێن. پرۆتۆکۆله‌که ده‌قێکی گشتیه و هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت بیبینێت ده‌توانێت له قوتابخانه‌که داوا بکات و بیخوێنێته‌وه. له هه‌مانکاتدا له قوتابخانه‌که‌دا هه‌ڵده‌واسرێت و به‌وشێوه‌یه‌ش هه‌موو قوتابیه‌ک ئاگای له هه‌موو بڕیارێکی گرنگی قوتابخانه ده‌بێت.
ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه له ساڵێکدا چوار جار ده‌به‌سترێت، دووجار له کۆرسی پاییزدا و دووجار له کۆرسی به‌هاردا. به‌شدارانی کۆبونه‌وه‌که بریتین له به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که که سه‌رۆکی کۆبونه‌وه‌که‌یه، نوێنه‌رانی شورای قوتابیان له زۆر کاتدا سه‌رۆکی شوراکه و چه‌ند ئه‌ندامێکی تری ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوراکه، دوو مامۆستا یا زیاتر، توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی قوتابخانه‌که و کارگوزارێکی قوتابخانه‌که.
له به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه نه‌یتوانی له کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه‌دا به‌شدار بێت، ده‌کرێت به‌ڕێوه‌به‌ر یه‌کێک له جێگه‌ی خۆی دابنێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆبونه‌وه‌که.
گرنگه که ژماره‌ی مامۆستایان و ژماره‌ی قوتابیان وه‌ک یه‌کبن و هه‌ر به‌شدارێک یه‌ده‌کێکی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆی نه‌یتوانی ده‌بێت یه‌ده‌که‌که‌ی به‌شداری بکات. بڕیاره‌کانی کۆبونه‌وه‌که ده‌بێت گشتی بن و بۆ هه‌موو قوتابخانه‌که بێت، واته نابێت بڕیار ده‌رباره‌ی یه‌ک قوتابی یا یه‌ک پۆل بێت.
کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه بۆی هه‌یه بڕیاربدات کاتێک که به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه یا بریکاره‌که‌ی و نیوه‌ی ئه‌ندامان ئاماده‌بن.
له کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له پرسه گرنگه‌کانی ناو قوتابخانه ده‌کرێت، له پێش هه‌موو شتێکه‌وه ئه‌و پرسانه‌ی که بۆ قوتابی گرنگه. له‌وانه:
بودجه‌ی قوتابخانه، نوێژه‌نکردنه‌وه‌ی قوتابخانه، بوون و نه‌بوونی کتێب و کورسی و پێویستیه‌کانی قوتابخانه، چۆنیه‌تی ئاهه‌نگی کۆتایی ساڵی خوێندن، بڕیاره تازه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده، چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی پشووه‌کانی نێوان وانه‌کان، بۆیه‌کردنی قوتابخانه، باسکردنی چۆنیه‌تی هه‌ڵسانگاندنی ئه‌نجامی قوتابیان، به‌راوردکردنی ئه‌نجامی کۆتای قوتابخانه‌که به قوتابخانه‌کانی تر، لایه‌نه لاوازه‌کانی قوتابخانه‌که، لایه‌نه سه‌رکه‌وتووه‌کانی قوتابخانه، شێوه‌ی ڕه‌فتاری مامۆستایان له‌گه‌ڵ قوتابیاندا، په‌یوه‌ندیه‌کانی ناو قوتابخانه، ناوونابانگی قوتابخانه‌که، په‌یداکردنی پشتگیری بۆ قوتابخانه‌که، چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیکردن به بازاڕی کاره‌وه، ژینگه‌ی قوتابخانه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، ئاوی قوتابخانه، کاره‌بای قوتابخانه، گه‌رمی و ساردی قوتابخانه، پاک و خاوێنی قوتابخانه، به‌شداری قوتابی له پلانی کاری قوتابخانه‌که‌دا، ده‌سه‌ڵاتی قوتابی، به‌هابنه‌ماییه‌کانی قوتابخانه، یاساکانی قوتابخانه، سه‌ردانی داموده‌زگاکان، سه‌یرانی قوتابخانه، چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی به دایکوباوکانه‌وه، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و پرسیار و بابه‌تانه‌ی که به‌لای قوتابیانه‌وه یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه‌وه گرنگن.
به‌داخه‌وه له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا، ده‌سه‌ڵات دابه‌ش نه‌کراوه، به‌ڕێوه‌به‌ر بڕیاره‌کان ده‌دات، قوتابیه‌کان له بنه‌وه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدان. له زۆرکاتدا به‌ڕێوه‌به‌ریش به‌رامبه‌ر بڕیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی بێده‌سه‌ڵاته، واته له کاتی بڕیاری گه‌وره‌دا پرسیاری لێنه‌کراوه و بیروڕای له‌گه‌ڵدا نه‌گۆڕدراوه‌ته‌وه.
له وڵاتی سوید، کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه، به‌پێی ڕێنماییه‌کانی قوتابخانه ئاماده‌ییه‌کان ده‌بێت ببه‌سترێت و پشتگوێخستنی کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه دژ به یاسای قوتابخانه‌کانه. کارمه‌ندانی په‌روه‌رده و قوتابیان ئه‌وه ده‌زانن که کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه ئۆرگانێکه له ئۆرگانه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه که تیایدا گفتوگۆ و زانیاری گۆڕینه‌وه ڕووده‌دات له نێوان قوتابیان و کارمه‌ندانی قوتابخانه و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌دا.
هیوام زۆره به هۆی ئه‌و ڕیفۆرمه نوێیانه‌وه که له سیسته‌می قوتابخانه‌کاندا کراوه، کۆبونه‌وه‌ی قوتابخانه، ببێته ئامڕازێکی گرنگی به دیموکراتیکردنی سیسته‌می فێرکاری و قوتابیه‌کانی کوردستان بخرێنه ناوه‌ندی بڕیاردانه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که له پێناوی ئه‌واندا بوونی هه‌یه.
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید