سوپای ئه‌نفال… سوپای ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیالیزمی ئێراقه..
سوپای ئه‌نفال… سوپای ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیالیزمی ئێراقه..
زاگرۆس زه‌رده‌شتی..!
به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی سوپای ئێراقه‌وه، پار ساڵ له باشووری کوردستان رۆژی دامه‌زراندنی، ئه‌و سوپا داگیرکاره کرایه پشووی فه‌رمی…!
به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه شۆک گرتمی نه‌مده‌توانی بڕوا به‌و ده‌نگۆکانه بکه‌م..! به‌ڵام وته‌بێژ به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه گومانی له‌سه‌ر هه‌واڵه‌که لابرد و هه‌واڵه‌که‌ی سهرراستکردهوه
ئه‌ز وه‌ک کوردێک هه‌رگیز بڕوا ناکه‌م، که گه‌لێکی وه‌ک کورد، له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بدۆزیته‌وه، که هێنده‌ی گه‌لی کورد که‌سایه‌تی تێکشکێنراو بێت و نرخی مرۆڤایه‌تی له سه‌دانی ژێر سفردا بێت.
ده‌نا گه‌لۆ له‌کام کونوکه‌له‌به‌ری ئه‌م دنیایه‌دا بووه، که گه‌لیکی ئه‌نفالکراو، گه‌لێکی هه‌زارانجار گلێنراو، گه‌لێکی داگیرکراو، گه‌لێکی هه‌تککراو، گه‌لێکی تاڵانکراو، گه‌لێکی راگوێزراو، له جه‌ژنی بکوژیا دههۆڵلێدهر و له مه‌رگی خۆیدا سه‌رچۆپی بکێشێت..؟!
کام سه‌رکرده و پۆلهتیکوانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م گه‌لانه‌ی دنیا هه‌بووه و بینراوه، که شه‌و و رۆژی کردبیته یه‌ک بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیرکاری نه‌ته‌وه و خاکه‌که‌ی…؟!
کام سیاسه‌تمه‌داری گه‌لان… هه‌ڵکه‌وتی مێژووی که بۆ رزگاری گه‌ل و نیشتیمانی ههڵکهوتبیت، سازشی له‌سه‌ر کردووه و گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی کردۆته قوربانی ده‌سکه‌وت و پله‌و پایه‌ی که‌سی بۆ خۆی و بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی…!؟ و به ئاشکراش شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و هه‌ڵکه‌وته مێژووییه‌یان کردۆته قوربانی سیاسه‌تی چه‌وت و نه‌زانی خۆیان… ئایا ئه‌مانه سه‌رکرده‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بن له‌سه‌ر ئه‌و دانپیانان و تاوانه مه‌زنه… گه‌ل بهداگایان ناگه‌یه‌نێت…؟!
له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئێراقی ئینگلیز کرده‌وه، به دامه‌زراندنی سوپای ئێراق له 12.06.1921 له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه،به بیانووی پارێزگاری کردنی سوپا له خاکی ئێراق دژی ئیمپراتۆری ئوسمانی…! هه‌ر له‌و رۆژه‌وه ئه‌و سوپا چنگ به خوێنه، به گیانێکی شۆڤینزمی و ره‌گه‌زپه‌رستی دژی گه‌لانی ناوچه‌که به‌تایبه‌ت گه‌لی کورد په‌روه‌رده‌کران.
ئه‌و سوپا دڕنده‌یه به ئاگرو ئاسن وه‌ڵامی داخوازیه‌کانی گه‌لی باشوور و شۆڕشی (شێخ مه‌حود)یان دایه‌وه.ئه‌و سوپایه به درێژایی مێژووی درووستبوونی سوپایه‌کی دڕنده و چنگ به خوێن بووه.
سوپای ئێراقی ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیالیزم، به بیانووی پارێزگاری کردن له ئێراق و نه‌ته‌وه‌ی ئاره‌ب، هه‌میشه وه‌ک داشه‌هاره له په‌لامارده‌ر بووه.
سوپای ئێراق هه‌رگیزاو هه‌رگیز سوپای به‌رگری نه‌بووه، به‌ڵکو سوپایه‌کی داپلۆسهر و ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و سوپایه، له سهربازێکێوه تا باڵاترین پله‌ی ئه‌فسه‌رێک، خه‌ڵکانیکی رووخا و ره‌وشت نزم و نه‌خوێنده‌وار و تونگوتیژ به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکانی سڤیل و ترسنۆک به‌رامبه‌ر که‌سانی به‌هیز… هه‌روه‌ک له جه‌نگی که‌نداودا، ئه‌و سه‌ربازه ئیراقیانهمان ده‌بینی که چۆن فانیلهکانی به‌ریان داده‌که‌ند و ده‌یانکرد به ئاڵای سپی و به‌گریان و پێڵاو ماچکردنه‌وه خۆیان به‌ده‌ست سه‌ربازانی ئامریکیهوه ده‌دا. سوپای ده‌وڵه‌تی ئیراقی کۆلۆنیالیزم، له په‌لاماره‌کانیدا چ له سه‌رده‌می ئینگلیز چ له‌سه‌رده‌می رژێمه یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی ئیراقدا، گه‌لێک جار بۆ خاکی وڵاتانی تر سنوور به‌زێنیان کردووه. ئه‌و سوپا خوێنڕژه، به‌ناوی رزگارکردنی فه‌له‌ستینه‌وه، خۆیان گه‌یانده ته‌لئه‌ڤیب.
ساڵی 1967 له شه‌ڕی هه‌فت رۆژه‌ی نیوان ئارهبان و ئیسرائلدا خۆیان گه‌یانده وڵاتی ئوردۆن. سوپای جینۆساید له سه‌ره‌تای 40 کانی سه‌ده‌ی رابردووه، خه‌ریکی کۆده‌تا و پاکتاوکردنه. تا دووا کۆده‌تای سه‌دام به‌سه‌ر (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر)دا.
جه‌نگی ئێراق و ئێران ساڵی 1980 که سوپای داگیکاری ئیراق سنووری ده‌وڵه‌تی ئیرانیان به‌زاند، چه‌ندان شاری ئێرانیان داگیر و وێران و کۆمه‌ڵکوژ و تاڵانکرد. یه‌کێک له ئه‌ستێره‌کانی ئه‌و جه‌نگه هه‌شت ساڵه‌یه (هاشم سوڵتان)ی (په‌یامبه‌ری ئه‌نفال)ی کوردان بوو.
ساڵی 1990 سوپای خوێنڕێژی ئێراق وڵاتی کوێتی داگیرکرد و گه‌لی کوێتیان کۆکوژ و وڵاته‌که‌شیان ویران و تاڵان کرد، به سه‌دان له خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته تائێستاش بێسه‌ر و شوێنن. ئه‌و سوپا تاڵانکار و دزه، له شه‌ڕی که‌نداویشدا خاکی سهئودیان به‌زاند. ئه‌م سوپای ئه‌نفاله به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد و داخوازیه‌کانی، هه‌میشه پێشکاروانی بێناموسی و خوێنڕشتن و تاڵانکاری بووه.
ساڵی 1963 ئه‌م سوپا داگیرکاره له ستانی (سلێمانی) گه‌وره‌ترین تاوانی کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نجامدا، به‌سه‌دان مرۆڤی بێتاوانی له سه‌ربازگه‌ی سلێمانی و شار‌و شارۆچکه و گونده‌کان زیندوبهچاڵ کرد. پاڵه‌وانی ئه‌م تاوان و جینۆسایده، (زه‌عیم سه‌دیق) هاوخوێنی سوڵتان هاشم و خه‌ڵکی موسڵ بوو.
له‌سه‌رده‌می (قاسم، ره‌حمان و سه‌لام، به‌کر ) که ئه‌م چواره، هه‌ر چواریان سهرهکۆماری ئێراق و هه‌ر چواریشیان جه‌نه‌راڵی ئه‌و سوپا چنگ به‌خوێنه کورد کوژه بوون. سوپای داگیرکاری ئێراق بۆ ته‌نیا ساتێکیش له هێرشکردنه سه‌ر خاکی کوردستان نه‌وه‌ستا. دیارترین جه‌نگی ئه‌م سوپا داگرکاره له ساڵی 1960دا، بهزینیانه له داستانی چیایی (هاندرێن)دا. ساڵانی هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، مێژوویه‌کی تری ئه‌م سوپا کورد کوژه‌یه.که به ناپاڵم و بۆمبی فۆسفۆڕ شاری قه‌ڵادزی و هه‌ڵه‌بجه‌یان خاپوور کرد و به سه‌دان که‌س بوونه ئامانجی فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی سوپای جینۆساید.
ساڵه‌کانی 80 سه‌ده‌ی رابردوور، ئه‌و سوپا دڕنده‌یه جگه له‌وه‌ی که به جه‌نگی ئیرانه‌وه خه‌ریک بوو، به‌ڵام بۆ وچانیکیش گه‌لی کوردیان له بیر نه‌کرد و به ده‌یان و سه‌دان گوندی کوردیان،تاڵان و وێران و سوتماک و ته‌ختی زهویکرد. به میلێۆنان له خه‌ڵکی کورد له خاکی باوباپیرانیان راگوێزی ئۆردوگای زۆره ملێکرد و به سه‌دان هه‌زار کوردیان ئه‌نفالکرد و خاکی کوردستانیان به بۆمبی کیمییایی کیمییاباران کرد، دیارترینیان شاری هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالکردنی 180 هه‌زار کورد بوو 7000 بارزانی و بێسهرو شوێنکردنی هه‌زاران هه‌زار له کورده فه‌یلیه‌کان و رهههندهکردن و تاڵان‌کردنی ماڵ و سامانیان بوو.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه که ئاماژه‌ی پیکرا، مێژووی ئه‌و سوپا داگیرکاره‌ی ئێراقه. ئه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه، ده‌وڵه‌تی ئێراقی کۆلۆنیالیزم، به هیمه‌تی سه‌رانی کورد، له پارچه‌بوون، رزگارکرا، سه‌رانی کورد هه‌موو هه‌وڵێکیان خسته گه‌ڕ بۆ رزگارکردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هاروماره، ئێستاش سه‌رانی ده‌وڵه‌تی داگیرکاری ئێراق به هاوکاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کانی تری کوردستاندا، جارێکی تر له هه‌وڵی داگیرکردن و گه‌راندنه‌وه‌ی شوێنه ئازادکراوه‌کان که گه‌لی کورد به خوێنی هه‌زاران هه‌زار له رۆڵکانی به‌ده‌ستی هێناوه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه له باشووری کوردستان نه‌کارێت، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی ده‌وڵه‌تی داگیرکاری ئێراق بێت. نیشانه‌کانی ئه‌و بێخه‌مییه‌ی یه‌کێتی و پارتی، دهرپهڕاندنیانه له ناوچه و شار و شارۆچکه‌کانی جه‌له‌ولا و هاتنه‌وه‌ی سوپای داگیرکاری ئێراق. به‌زینی هیزی پێشمه‌رگه به‌بێ ته‌قینی ته‌نیا فیشهکییک به رووی ئه‌و سوپا داگیرکارهدا و چۆڵکردنی ئه‌و ناوچانه، کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشبه‌تاڵه. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی سوپای ئێراق به‌م زووانه که‌رکوکیش ده‌گرێته‌وه. ئێستا سه‌رانی کورد، باس له چاره‌سه‌ری (یاسایی و دیمۆکراتی، ته‌وافق و شه‌فافیه‌ت و) ئه‌م قسه بۆش و بێبناخانه ده‌که‌ن… تازه‌به‌تازه له (به‌غا) وه پێمانده‌ڵێن، که ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی رژێم ئێراق مه‌به‌ستی سیاسیان له پشته‌وه‌یه…! ئه‌وه‌یه کاره‌سات…! هه‌موو کوردێک ده‌بێت ئه‌و پرسیاڕه بکات و بڵێت، ئه‌یباشه ئه‌م هه‌موو په‌رله‌مانتاره کورده له په‌رله‌مانی ئێراقیدا له گوێی گادا نووستبوون…؟ که ئاگایان له پیکلانی ماده‌ی 24 نه‌بوو..؟ ئه‌ی سهرهکۆمار، به‌رهه‌م سالح، هوشیار زێباری، بابه‌کر زیباری کۆمانداری گشتی سوپای ئێراق… هتد.. ئه‌مانه چ کاره‌ن له به‌غا…؟ ئایا ئه‌مانه ئاگاداری ئه‌م هه‌موو پیلان و سیاسه‌تانه نیین…!؟ یان خۆیان به شێکن له پیلانه‌که…؟
هه‌ر بۆیه رووداوه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن.. کورد ده‌بێت به شه‌ڕێکی سه‌رتاسه‌ری دژی ئه‌و سوپا خوێنڕێژه. واتا به شه‌ڕی نیشتیمانی و رزگاری ئه‌و سوپا هاره ته‌مێ بکرێت، بۆ دوواجار له خاکی نیشتیمان هیزی کۆلۆنیال به‌و شه‌ڕه نیشتیمانیه، توڕبدریته ده‌ره‌وه، ده‌نا نه به‌م سیاسه‌ته دیماگۆگیانه وه‌ک (شه‌فافیه‌ت، ته‌وافق، فیدرالی، دیمۆکراتی.) نه که‌رکوک ئازاد ده‌بیت، نه خانه‌قین ئارام ده‌بێت، نه شه‌نگال و مه‌خمور شوێنه‌کانی تر بۆسه‌ر باشووری کوردستان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه.
زاگرۆس زه‌رده‌شتی
2008