ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی که‌رکوک
ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی که‌رکوک
کامیار سابیر
سیاسه‌تی حیزبه کوردییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد له‌مه‌ڕ دۆزی که‌رکوک سیاسه‌تێکی ناڕۆشن و نابه‌ڵه‌د و که‌مته‌رخه‌م بووه. نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌کۆتایی ٢٠٠٧ دا، کورد به‌پله‌ی یه‌که‌م خۆی لێی به‌رپرسیاره. سیاسه‌تی یه‌کێتیی و پارتیی ، سیاسه‌تێکی نیشتمانیی نه‌بووه به‌ڵکوو سیاسه‌تێکی حیزبیی بووه. سیاسه‌تێکی قۆنتهراتچییهتیی و چاوبرسییانه بووه. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ، له‌کوردستان پووشێک خواربووبێتهوه، له‌سه‌ر که‌رکوک بووه ، زۆر راسته. هه‌موو خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ره‌های کورد له پارچه‌کانی تر و تاراوگه‌ش، چاویان له‌که‌رکوکه، چونکه سته‌مێکی زۆر گه‌وره له کورد کراوه. به‌ڵام ئه‌م چاولێبوونه له‌که‌رکوک بۆ خه‌ڵک جودایه، له‌چاو دوو حیزبه‌که‌ی کوردستانه‌وه. ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی به‌شوێن پچڕینی ده‌ستکه‌وت و که‌ڵه‌که‌کردنی سامانن بۆ حیزبه‌کانیان و بۆ بنه‌ماڵه‌و نه‌وه‌کانیان، یه‌ک له‌سه‌دی ئه‌وه‌ش خه‌می خه‌ڵکی کوردستان و چاره‌نووس و داهاتووی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانیان نییه.
کورد ماوه‌یه‌کی زۆر سیاسه‌تی کرد، به‌ڵام به‌شه‌ڕ کردی. بهچهمکه باوه‌که‌ی ما‌و تسیتۆنگ بێ، "سیاسه‌ت شه‌ڕێکه به‌بێ خوێنڕشتن، به‌ڵام شه‌ڕ سیاسه‌تێکه خوێنڕشتنی تێدایه". کورد هه‌میشه شه‌ڕێکی خوێناویی کردووه بۆ که‌رکوک، که‌چیی کاتێ دێته سه‌ر سیاسه‌تکردن به‌بێ شه‌ڕ، سه‌رکرده سیاسییه‌کانمان، هه‌میشه کڵاو له‌سه‌ریان ده‌نرێ. سه‌رۆک وه‌زیرانی کانه‌دای ساڵانی ( ٦٣-٦٨ ) Leaster B Pearson قسه‌یه‌کی به‌بڕشتی هه‌یه" سیاسه‌ت، به‌کارامه‌یی به‌کارهێنانی تشته کوله‌کانه "، ئه‌م قسه‌یه له‌مه‌ڕ دۆزی که‌رکوک، پڕ به‌پێستی ناکارامه‌یی حیزبه کوردییه‌کانه.
تشته که‌وده‌ن و کوله‌کان، ده‌کرێ، دڵ و قودسی کوردستان بن، دروشمه ناسیۆنالیستییه توندڕۆ‌کان ، یاخود هه‌ر تشتێ که هه‌ستی نه‌ته‌وه‌کانی تر ده‌ورووژێنی و په‌نگاوی بێزاریی خه‌ڵکی کوردستانیش لێوانلێوتر ده‌کات. ئه‌و تشته کول و کهودهنانه، ده‌کرێ به‌کارامه‌یی به‌کاربهێنرێن، گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک به‌یه‌کڕیزیی کورد ده‌بێت، ئه‌م یه‌کڕیزییه له‌ناو خه‌ڵکی ساده و هاووڵاتییاندا هه‌یه، ئه‌م یه‌کڕیزییه له‌ناو پارتیی و یه‌کێتییدا نییه. له میدیا‌و کۆبوونه‌وه‌کانی به‌رده‌م زوومی کامێراکاندا ته‌باییان لێدهڕژێتهوه، به‌ڵام له پێنج ساڵی رابردوودا، له‌که‌رکوک فێڵ له‌یه‌کتریی و له سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌که‌ن.
هه‌موومان ده‌زانین، ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی پارتیی هه‌یه‌تی، به‌رهه‌می ٣١ی ئابه، پارتیی چۆن ئاماده نییه له هه‌یبه‌تی سیاسیی و سه‌ربازیی خۆی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک که‌مبکاته‌وه، به‌هه‌مان میتۆدیش بۆ یه‌کێتییش وایه. من تا هه‌نووکه‌ش هیچ سووربوونێکی پارتیی نابینم له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌ده‌ر له‌وه‌ی یه‌کێتییش هه‌ر خه‌ریکی خولانه‌وه‌یه به‌ده‌وری بازنه‌یه‌کدا و ئه‌جێندا نیشتمانییه‌کانی بۆ که‌رکوک، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پارتییدا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه. جدیینهبوونی پارتیی، له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ، که پایه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌که‌رکوکدا که‌مه. به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی گه‌رمیان و سنووره‌کانی هه‌ولێر، رێژه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیی ده‌چێته سه‌ره‌وه.
پارتیی گه‌وره‌ترین ئازایه‌تیی و هه‌ڵوێستی نیشتمانیی ده‌بوو، ئه‌گه‌ر ، له‌بری برابه‌شیی ، هاوکاریی یه‌کێتیی بکردایه. ده‌یتوانی کارێک بکات، له پانتایی سیاسیی‌دا، یه‌کێتیی شه‌رمه‌زار بکات، به‌وه‌ی هیچ بۆ که‌رکوک نه‌کراوه. پارتیی ده‌یتوانیی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر کارا له‌که‌رکوکدا ببینێ ، له‌کاتێکدا له هه‌ولێر و دهۆک حاکمی ( ئاسمان و زه‌ویی ) ه ، یه‌کێتیی به‌س له‌سلێمانیی ئه‌و پۆسته‌ی هه‌یه، بۆیه له‌باری سوسیۆکولتووریی تاکی کورد و میلیشیای کوردیی و حیزبی کوردییه‌وه، کارێکی زۆر دروستی ده‌کرد، باڵانسێکی به ئاستی هاوکارییه‌کانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رکوک بدایه.
ئه‌مه به‌و واتایه نییه، که‌رکوک ببێته موڵکی یه‌کێتیی، به‌ڵکوو به‌و واتایه‌یه، هه‌لومه‌رجی سوسیۆکولتووریی شاری که‌رکوک و سۆسیۆلۆژیای تاکی کورد و حیزبه کوردییه‌کان، ئه‌مه‌ی پێویسته. که‌رکوک ئه‌گه‌ر بارزانیی یه‌که‌م به دڵی کوردستانی چواندووه، به‌ڵام دوای تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی کورد له‌ساڵی ٧٥ دا، یه‌کێتیی بووه‌ته هێزی سه‌ره‌کیی ئه‌و ناوچه‌یه و تا هه‌نووکه‌ش یه‌کێتیی هێجه‌مۆنی سیاسیی و حیزبیی زێتره. به‌ڵام پارتیی ده‌توانێ له‌ڕێی خه‌باتی سیاسیی و دێمۆکراسییهوه، له‌ڕێی خزمه‌تگوزاریی و سیاسه‌تێکی ژیرانه‌وه ببێته حیزبێک که قورساییه‌که‌ی هاوشانی یه‌کێتیی ببێ یاخود زێتریش بڕوات.
پارتیی و سه‌رۆکی هه‌رێم، له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردوودا، بۆ ورووژاندنی شه‌قامی کوردیی، زۆر دروشمی گه‌وره‌یان به‌رزکرده‌وه، کوردایه‌تییه‌که‌یان زۆر تۆخکرده‌وه. به‌ڵام ئه‌و خۆ ڕادانانه به‌رامبه‌ر نه به‌حکومه‌تی تورکیا و نه به‌حکومه‌تی عێراق بوو، به‌ڵکوو بۆ به‌کارهێنانی ناوخۆیی بوو. روو له‌شه‌قامی کوردیی بوو، بۆ به‌ڕه ده‌رکردن بوو له‌ژێر پێی ره‌قیبه ناوخۆییه‌که‌یدا ( یه‌کێتیی)، بۆ تووتن لهزاخهکردن بوو، له‌کوێش له دڵ و ده‌روونی تاکی خۆشباوه‌ڕی کورددا. له‌به‌رامبه‌ریشدا، یه‌کێتیی زۆر خاووخلیچکیی کرد و زۆر سیاسه‌تێکی نه‌رم و راگه‌یاندنی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ی ده‌دا، که هه‌میشه ده‌بووایه، تیمێک له‌دواوه پینه‌وپه‌ڕۆی بکه‌نه‌وه.
هه‌نووکه، که‌رکوک له‌مه‌ترسییه‌کی زۆر گه‌وره‌دایه، ئه‌مجاره که‌رکوک له‌ده‌ست کورد بچێ، مه‌گه‌ر به‌جێبهێڵرێ بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک نه به خۆگیڤکردنه‌وه‌و شیڕه‌شیڕ ده‌بێ، نه به‌قسه‌ی سه‌ر مایکرۆفۆن و لهخۆکهمکردنهوه ده‌بێ . به‌سیاسه‌تێکی ژیرانه ده‌بێ که توانای خوێندنه‌وه‌ی دیفاکتۆکانی هه‌بێ. دیاره نه به‌و شلوشاوییهی یه‌کێتیی و نه به‌و توندڕۆیی و خۆسوورکردنهوهیهی پارتیی ده‌بێ، که‌رکوک به‌ئیراده‌ی سیاسیی گه‌لی کورد و حیزبه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ئیراده سیاسییه نابێ له‌سه‌ر حیسابی عه‌ره‌ب و تورکمانی که‌رکوک بێ. راسته ناکرێ دڵی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی عه‌ره‌ب و تورکمانی که‌رکوک رازیی بکرێن، لای که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی و پانتۆرانیی زۆر کاریگه‌ریی خراپیان داناوه، به‌ڵام ده‌کرا، خه‌ڵكێكی زۆر له عه‌ره‌ب و تورکمانی که‌رکوک به خزمه‌تگوزاریی و خۆشگوزه‌رانیی له‌هه‌رێمی کوردستاندا قایل بکرانایه. باربهێنرانایه، که مافی هاووڵاتییبوونیان له‌کوردستاندا به پێی ده‌ستوور و یاسای هه‌رێم و پارێزگاکان پارێزراو ده‌بوو.
بۆ ئه‌وه‌ی که‌رکوک له‌ده‌ست گه‌لی کوردستان نه‌چێ و نه‌وه‌کانی داهاتووش ئه‌م ده‌رده‌سه‌رییه درێژه پێنه‌ده‌ن. پێویسته ئه‌جێندا نیشتمانییه‌کان بخرێنه سه‌روو ئه‌جێندا حیزبیی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کانه‌وه، سیاسه‌تێکی ژیرانه‌و دێمۆکراسییانه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاشووریی و ئه‌رمه‌نییه‌کانی که‌رکوک پێڕۆ بکرێ. پێویسته ده‌ستبه‌رداری فاکوفیکی کوردایه‌تیی و شه‌قام ورووژاندن بۆ ئه‌جێندای حیزبیی ببین. گرنگه رای گشتیی و جه‌ماوه‌ریی به‌لای ئه‌جێندا نیشتمانییه‌کاندا به‌گه‌ڕ بخه‌ین. مافی هاووڵاتییبوون بۆ عه‌ره‌ب و تورکمان و کورد…تاد وه‌ک یه‌ک بن. که‌رکوک ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ شاری برایه‌تیی بێت، به‌قسه نابێ، به‌کرده‌وه ده‌بێ ئه‌مه بسه‌لمێنرێ.
خاڵێکی تر که زۆر گرنگه، عێراق جه‌نگه‌ڵێکه، هێز زۆربه‌ی هاوکێشه‌کان یه‌کلایی ده‌کاته‌وه. هه‌نووکه هه‌ردوو حیزبه کوردییه‌که ١٧ ساڵه میلیشیا راده‌گرن و پرۆڤه‌ی لۆجیستیکیی و مه‌شقی سه‌ربازییان پێده‌که‌ن. ئه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌سگا حکومیی و حیزبییه‌کانی لێده‌ربکه‌ی، له کوردکوژیی وخۆکۆژیی و ژنکوژیی و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان زێتر، شاکارێکی تری نه‌کردووه. کورد ده‌توانێ هێزی پێشـمه‌رگه به‌کاربهێنێ بۆ سه‌پاندنی داوا ره‌واکانی گه‌لی کورد به‌سه‌ر حکومه‌تی عێراقییدا. هاوکات زۆر پێویسته، هێزی پێشمه‌رگه، که زۆرینه‌یان له‌چینه نه‌داره‌کانی خه‌ڵکی کوردستانن، بژێوی ژیانیان باشتر بکرێ، نه‌ک هه‌ر به‌رپرسه‌کان تێر بکرێن و پێشمه‌رگه‌ش به کولله‌مه‌رگیی بژی.
وێڕای ئه‌وانه‌ش، زۆر گرنگه ئه‌م هێزه نه‌خرێته ئاستێکه‌وه که شه‌ڕی خه‌ڵکی سیڤیلی عه‌ره‌ب و تورکمان بکات. ده‌بێ به‌وریاییه‌وه ئه‌م هێزه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی داوا مێژووییه‌کان بێ، له‌هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق و ته‌نانه‌ت به سوپای ئهمێرێکاش بڵێ " له‌ل". کورد تا به ئه‌مێریکا نه‌ڵێ " نا" ، ناتوانێ که‌رکوک بگه‌ڕێنێته‌وه. له‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کاندا، کورد ده‌توانێ سیاسه‌تێکی دێمۆکراسییانه بکات، نمایشی هێزیش بکات، گۆشتی حکومه‌تی عێراقیی و هێزه‌کانی ئه‌مێریکاش بخوات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێسقانیان ئازاری پێ بگات. به کورتیی، کورد پێویستی به‌جۆرێک له‌سیاسه‌ته که خوێنی تێدا نه‌ڕژێ و بهکارامهییش له‌گه‌ڵ کات و هه‌لومه‌رج و دیفاکتۆکاندا کاردانه‌وه‌ی هه‌بێ.