تەحەداكردنى گوللە بە وشە
تەحەداكردنى گوللە بە وشە
پێشڕەو حەمید
لەدواى تیرۆركردنى ( سۆرانى مامەحەمە ) لەلایەن كەسانى نەناسراوە و هەڕەشەى كوشتن لەچەند ڕۆژنامەنوسێكى تر لەلایەن كەسانى ترسنۆك و بەرپرسە گەندەڵكارەكانى دەسەڵاتى كوردییەوە , ڕۆژنامەنوسانى زیاتر هاندا كە بڕیاربدەن كوشتن و تۆقاندن نەبێتە لەمپەر لەبەردەم قسەكردنى زیاتریان لەسەر ئەو فاكتەرانەى كە دەبنە مایەى ماڵوێرانى بۆمیللەت و نەتەوەكەیان , هەروەها بڵاًوكردنەوەى ئەو هەمووتارە لەسەر تیرۆركرنى ( سۆران ) و پرسى ئازادى ڕادەربڕین لەكوردستان و گردبونەوەى ڕۆژنامەنوسان لەشوێنەجیاجیاكانى كوردستان و دەرەوەى كوردستان, ئەو خاڵە بەهێزەبو كە ڕۆژنامەنوسانى یەك خست بۆ ( تەحەدا ) كردنى زمانى ( گوللە ) و هەڕەشەنامەى نامەردانەى ئەو كەس و لایەنانەى كە تەنها دەزانن مرۆڤ بكوژنو وشە بخنكێنن و قەڵەمى ئازاى نوسەر و ڕۆژنامەنوسى ئازاد, لەڕێگەى چەند جاش قەڵەمێكى لەرزۆك و ترسنۆكەوە ناشرین بكەن.
لەدواى گەورەبونى مەترسى بۆسەرژیانى ڕۆژنامەنوسان و هەوڵدان بۆبەرتەسككردنەوەى مەوداكانى ئازادى نوسین و ڕادەربڕین لەكوردستاندا, ئەوەندەى ڕێكخراو لایەنەبیانییەكان هەڵوەستەیان لەسەر مەترسیەكانى دواى كوشتنى ( 0سۆران ) كرد لەسەر ژیانى ڕۆژنامەنوسان , ئەوەندە لایەنەپەیوەندى دارەناوخۆیەكان نەیان توانى بەشێوەیكى جدیى و ئازایانە قسەى لەسەربكەن , تەنانەت ڕۆژنامە حیزبییەكان وەك ڕوداوێكى ئاسایى مامەڵەیان لەتەكداكردو تیرۆركردنى ( سۆران ) یان وەك هەوڵێكى ئاسیاى لەسوچى لاپەڕەكانى ناوەوەى ڕۆژنامەكانیاندا بڵاو كردەوە و كوشتنى سۆران نەبوە مانشێتى هیچ كام لەوڕۆژنامەحیزبیانە , تەنها چەندڕۆژنامەو گۆڤارێكى ئەهلى نەبێت توانیان سۆران بكەنە موڵكى خویان و هەڵوسیتى توند لەسەر تیرۆركردنەكەى دەرببڕن؟چونكە ئەو ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسنانە بەوە دەزانن كە ( سۆران ) وەك ڕۆژنامەنوسێك ئامانجى یەكەمى دوژمونانى ووشە ئازاد نەبو , بەڵكو ئامانجى بكوژەكانى سۆران ترساندن و تۆقاندنى تەواوى ئەوڕۆژنامەنوسانەبو كە بۆ بەرنگاربونەوەى ناشرینییەكانى دەسەڵات و سروتە باوەكانى كۆمەڵگاو كارو پیلانى گەندەڵكار , تەنها وشەیان شك دەبرد بۆجەنگاندن دژ بەو سیاسەتەى كە دەخوازێت تەواوى تاك بەتاكى كۆمەڵگاى كوردى بونەوەر گەلێكى شەرمن و تێكشكاوبێـت.
لەدواى ئەو پێشهاتە نەخوازراوەى كەئەمڕۆ بو وەتە مایەى نیگەرانى ڕۆژنامەنوسانى كوردستان , سەندیكاى ڕۆژنامەنوسانى كوردستان وەك ئەوەى خۆى بە ( ڕێكخراوێكى شەرعى ) دەزانێت كە بەرگرى لە مافى ڕۆژنامەنوسان دەكات و سەرقاڵى نوسینەوە پڕۆژەیاساى كارى ڕۆژنامەنوسیى یە ؟!لەبەرامبەر پێشێل كردنى مافى ڕۆژنامەنوسان و تیرۆركردن و هەڕەشەكردن لەڕۆژنامەنوسان , شەرمنانە بەدەركردنى بەیان نامەیەك هەوڵسیتى خۆیان دەربڕى و ئەوانیش هەروەك میدیا حیزبییەكان وەك هەر ڕوداوێكى ترى ئاسایى هەڵوێستێكیان كردو و ئیدى بۆهەمیشە شەرمنانە وازیان لەو پرسە مەترسیى دارە هێناو خۆیان بەكردنەوەى نوسینگە لەشارۆچكەكاندا سەرقاڵكرد بۆمەرامى تایبەتى خۆیان و كۆكردنەوەى زرۆترین ژمارەى ( بەناو ڕۆژنامەنوس ) تابۆئەوەى لەكاتى هەلّبژاردنەكارتۆنییەكانیاندا سەرلەنوىَ دەنگیان پێبدەنەوە و لەسەر حسابى ڕۆژنامەنوسە بوێرەكان درێژە بە كپكردنەوەى دەنگى ئازاد و بەرتەسككردنەوەى ئازادى ڕادەربڕین بدەن , كە لەكاتێكدا ئەوەندەى ڕۆژنامەنوسان پێویستیان بەفەراهەمكردنى ئازادى دروستكردنى پانتاییەكى ئازادهەیە بۆدەربڕین و گەیاندنى پەیامەكەیان , ئەوەندە پێویستیان بە كردنەوەى نوسینگەو ئەندام بون نییە لەو ( ڕیكخراوە حیزبیەدا ).
لەدواى تیرۆركردنى ( سۆران ) و غەم ساردى سەندیكاى ڕۆژنامەنوسانى كوردستان,ئێستا هەردو حیزبى دەسەڵاتدار زیاتر چاویان لەبەشە ئەندام و نەقیب و جێگیرەكەى سەندیكایەو دەیانەوێت وەك چۆن تەواوى كایەجیاجیاكانى كۆمەڵگایان مۆنۆپۆل كردوە ئاواش سەندیكاى ڕۆژنامەنوسان كۆنترۆڵبكەن و بەخواستى ئەوان بەیان نامەدەربكەن و ئەندام تەیاربكەن لەڕیزەكانیاندا و ئامانجى هەردو حیزبیش وەك دیارە,دەستەمۆكردنو بارگاوى كردنى ڕۆژنامەنوسانى كوردستانە , هەربۆیە هەمیشە لەجەنگدان لەدژى ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆكان و دەیانەوێت كوردستان پڕبكەن لە قەڵەم بەدەستى لاواز و سازشكار.
لەدواى ( 40 ) ڕۆژ لەكوشتنى سۆران بەدەستى دوژمونانى ووشەى ئازاد,ئاخۆ سەندیكاو میدیا حیزبیەكان لەخۆیان پرسییەوە ئەوهەمو بێباكییەیان لەچى بو لەبەرامبەر كوشتن و هەڕەشكردن لەڕۆژنامەنوسان , لەكاتێكدا كوشتنى سۆران نەك خەڵكى كوردستان بەڵو خەڵكانى دەرەوەى كوردستانیشى توشى شۆككرد,تەرح كردنى ئەم پرسیارە دەیان پرسیارى بىَ وەڵامى هاوشێوەى ئەم پرسیارە بەدواى خویدا كێش دەكات و ئاراستەكردنى تەنها پرسیاریك بەسە, بۆ ئەو میدیا حیزبیانەى كە سەردانى ( بەرپرسێكى لق و لێپرسراوێكى مەڵبەند)ى بە گەورەتر زانى بیكاتە مانشێتى ڕۆژنامەكەى تاكوشتنى سۆران و هەڕەشەكردن لە ڕۆژنامەنوسان و هاپیشەكانیان,بەڵام لەتەك ئەوەشدا و لەم پانتاییە تەواو وێرانى وەك ئەوەى ئێستا كە بەناوى ئازادییەوە دەبەخشرێتەوە و بەرپرسان شانازى بەبەخشینەوەوەى دەكەن و وەك دەسكەوتێكى مێژویى و نەتەوەى پێمانى دەفرۆشنەوە , هێشتا جێگەى گومانە كە لە فەزایەكى وەهادا و لە دواى تیرۆركردنى (سۆران)ى ڕۆژنامەنوس دەیان قەڵەمى ترنەكوژراوە؟!سەرلەنوىَ و لەدواى هەڕەشە بەردەوامەكانى (ماسك ) دارەكان,یان ئەو كەس ولایەنانەى كە بڕیاریان داوە هەمیشە ڕۆژنامەنوسى بوێرو( زبر نوسەكان ) بەپێناسەى ڕۆشنبیرەكانى ناو حیزب , بكەنە ئامانج بۆكوشتن و كۆتایى پێهێنانى ووشەكانیان , ئەركى ڕۆژنامەنوسان و سەكۆى ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەهلییەكان زیاتر كاركردنیان لەوبوارەدا قورستر بو وە و لەبەردەم ئەركێكى ئەخلاقیدان بەرامبەر بە پیشەكەیان بەپلەى یەكەم و هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەڵنەبم ئەوا ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوسان ڕۆڵى ئۆپۆزسێونیش دەبینن ؟! چونكە ئەوەى ئەمڕۆلە كوردستاندا ناوى لەخۆى ناوە حیزبى ( نەیار ) نەیتوانییەوە لە دروشم و بانگەشە بێماناكانى خۆى ڕزگاربكات و بكەوێتە بارى براكتیزەكردنەوە و چالاكانە نەیارى دەسەڵات بێت و لەبەرامبەر ئەو هەمو ناعەدالەتى و هەڵایسانى گەندەڵیەدا زمان بگرێت و هەوڵى یەكخستنى شەقام بدات بەئامانجى گۆڕینى دەسەڵات,یان تەندروستكردنى دەسەڵات لەكارى بەرێوەبردن و خزمەتگوزاریدا,هەرئەو فاكتەرانەشە ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوسان هان ئەدات بەپلەى یەكەم ئەو ڕۆڵە بینن و لەبەرامبەر یەكخستنى گوتارێكى میللى یەكگرتو دا بەردەوام لەهەوڵداندابێت بۆ بەرنگاربونەوەى ناعەدەلاتییەكانى دەسەڵات و پێشخستنى بیرى كۆمەڵایەتى.
تێبینى : ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەى ( ئــاوێنە ) ژمارە ( 137 ) ى لاپەرە ( 13 ) ى بەروارى ( 2/9/2008 ) بڵاو كراوەتەوە