Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
له‌م ده‌ڤه‌ره‌ حكومه‌تێكی به‌پیلان، هونه‌رێكی خه‌سێنراو!!

له‌م ده‌ڤه‌ره‌ حكومه‌تێكی به‌پیلان، هونه‌رێكی خه‌سێنراو!!

Closed
by September 4, 2008 گشتی

 له‌م ده‌ڤه‌ره‌ حكومه‌تێكی به‌پیلان، هونه‌رێكی خه‌سێنراو!!
 
 دیاری قه‌ره‌داغی له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناو خۆ پێی ده‌وتین ئه‌رێ كاكه‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ چ كانیاوێكی یاقوتییه‌ ئه‌م خوێنه‌ی له‌سه‌ر ده‌ڕێژن؟
 
 هێرش قه‌ره‌داغی- سلێمانی
 Heersh_qeredaxi@yahoo.com
 
 هونه‌ر بێده‌نگه‌ بۆیه‌ كاره‌كته‌ره‌كانیشی بێسه‌نگن
 
 
 حكومه‌ت رێگه‌ نادات، ئه‌و هونه‌ره‌ كاریگه‌ره‌ له‌ دایك بێت، جگه‌ له‌ هونه‌رێكی زه‌لیل و به‌ چێژ بۆ كاتی مه‌ستبوون
 
 
 ئه‌گه‌ر واتێبگه‌ین هونه‌ر ده‌بێت ده‌نگی هه‌بێت له‌كاتی بێده‌نگی و ره‌نگی هه‌بێت له‌كاتی بێڕه‌نگی ئه‌وا ده‌بێت هه‌موو بزانین شتێك نیه‌ لێره‌ و له‌م وڵاته‌دا ناوی هونه‌ر بێت
 
 
 ئه‌گه‌ر بتوانن هونه‌ر به‌و هه‌موو كاریگه‌رییه‌وه‌ بكه‌نه‌ ده‌نگێكی نوساو، شانۆگه‌رییه‌كی خامۆشكراو، مۆسیقایه‌كی شپرزه‌كراو، وشه‌گه‌لێكی زه‌لیلكراو، فیلمێكی چه‌واشه‌ كراو، میتۆدێكی بارگاوی كراو، هونه‌رمه‌ندیش بكه‌نه‌ كه‌سێكی خه‌سێنراو، ئه‌وه‌ پیلان نیه‌ ده‌ێگێڕن؟
 
 …………………………………………………………
 
 
 كاتێك خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبوومێك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌بیستین، هه‌مووان ده‌م ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بێ پلانه‌، كاتێك كه‌ خه‌رجی فیلمێكی سینه‌مایی یان شانۆگه‌رییه‌ك یان دراماو زنجیره‌ درامایه‌ك ده‌بیستین، یان كلیپ و كورته‌ فیلمێك ده‌بیستین، وا تێده‌گه‌ین ئه‌م حكومه‌ته‌ گێل و نه‌زان و نه‌خوێنده‌واره‌، واتێی ده‌گه‌ین ئه‌مانه‌ پاره‌یان له‌ پێناوی بوارێك هه‌ڵڕشتووه‌، كه‌ نایهێنێ ئه‌وه‌نده‌ی لێبدرێت، به‌ڵام نازانین ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌یكات پلانه‌، واته‌ ئه‌و پاره‌ هه‌ڵڕشتنه‌ پیلانێكه‌ حكومه‌ت بۆ نه‌هێشتنی ده‌نگی هونه‌ر ده‌یگێڕێت و پلانێكه‌ بۆ پاراستنی خۆی واته‌ نازانین له‌و بواره‌ حكومه‌تێكی خاوه‌ن پلانمان هه‌یه‌، هه‌ندێكیشمان بێ تێگه‌شتن له‌و پیلانه‌ واتێیده‌گه‌ین به‌ڕاستی ئه‌م حكومه‌ته‌ هونه‌ر په‌روه‌ره‌ و هونه‌ردۆسته‌، وا ده‌زانین كه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن وه‌ك خۆی له‌شته‌كان ده‌گه‌ن، ده‌یانه‌وێت گرنگی به‌بوارێك بده‌ن كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ به‌جێدێلێت و ویژدانه‌كان ده‌له‌رزێنێت.
 به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هیچ كام له‌و بۆچوونانه‌نه‌مان راست نین، به‌ڵكو زۆریش به‌هه‌ڵه‌داچووین، چونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ هێڕ نیه‌ پاره‌ بدات به‌شتێك خزمه‌ت به‌ به‌رپرسه‌كانی نه‌كات و له‌ خزمه‌تی گشتیدا بێت، تۆ بڕوانه‌ دایكی ئه‌نفاله‌كان، بڕوانه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ تاكو ئێستاش ئاسه‌واری چه‌كی كیمیاوی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌جه‌سته‌یانه‌وه‌ جێماوه‌، بڕوانه‌ هێدی هێدی مه‌رگ به‌ره‌و مردنیان ده‌بات و كه‌س نیه‌ لێیان بپرسێت، بڕوانه‌ پێشمه‌رگه‌ كۆنه‌كان چۆن خۆیان و خاو خێزانیان له‌هه‌ژاریدا گیان ده‌به‌خشن و توانای بڕینی پلیتی دكتۆرێكیان نیه‌، بڕوانه‌ ئه‌و پیره‌ پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ له‌ ناو پارتی و یه‌كێتی فێری ته‌مه‌ڵی كران و ناویان لێنرا كۆمه‌ڵایه‌تی، ئێستا قه‌رزاری جگه‌ره‌كێشانی دوكانه‌ دراوسێكان و عاره‌بانه‌ سه‌وزه‌ فرۆشه‌كانن، بڕوانه‌ و بڕوانه‌ و ده‌یان جاریش بڕِوانه‌، بێ بینین و بێ نموونه‌ نابیت، هه‌رشته‌ و دێته‌ به‌ردیده‌كانت، كه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیكه‌ن خزمه‌تی وڵات و خزمه‌تی گشتی پێده‌كه‌ن، له‌ ئه‌نجامدانیشیان ته‌نها كه‌سێك نابێت ده‌ست خۆشیان لێنه‌كات، به‌ڵام نایكه‌ن ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ پێویستانه‌ ئه‌نجامبده‌ن، ده‌بنه‌ جێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌و پاره‌ بردنه‌یان له‌ده‌ست ده‌چێت كه‌ بۆ شه‌خسی به‌رپرسه‌كان ده‌بێت، ئه‌و پرۆژانه‌ له‌بار ده‌چن به‌هۆی بێ پاره‌ییانه‌وه‌ كه‌ بۆ خودی خۆیان و ده‌ورووبه‌ره‌كه‌یانه‌ بۆیه‌ نایكه‌ن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ هۆی چییه‌ ئه‌وان ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجامناده‌ن، كه‌ له‌ جێی گله‌یی و ناڕه‌زایی ده‌بێته‌ جێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك و ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن كه‌ زۆری و بێبه‌رنامه‌یی میزانیه‌كه‌ی هه‌ر تاكێكی ساده‌و كاڵفامیش هه‌ستی پێده‌كات، هه‌ست به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و میزانیه‌ زۆره‌ بۆ ئه‌و كارانه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ منداڵه‌كه‌ت ژماره‌ی پێڵاوه‌كانی پێی چوارده‌ بێت و ژماره‌ په‌نجا و شه‌ستی بۆ بكڕیت، ئه‌ویش خه‌رجی كارو پرۆژه‌ هونه‌رییه‌كانن له‌م وڵاته‌، كه‌ له‌ جێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك له‌ ئه‌نجامدانیان بووه‌ته‌ جێی ناڕه‌زایی و بگره‌ جنێودانی دایكی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ كه‌ون و نوێكان و عاره‌بانه‌چی و كرێكاره‌كان و فه‌ڕاش و فه‌رمانبه‌ره‌كان و، كه‌س و كاری ئه‌نفال و كیمیابارانه‌كان و قوتابی و مامۆستایان و پزیشك و كارمه‌نده‌كان، خاوه‌نی ته‌كسی و پاس و سه‌كنی پاسه‌كان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌نا كه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ بێهونه‌ره‌، پێی سه‌خته‌ هاوكاری هونه‌رمه‌ند بكرێت، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو تاكێك هه‌ست به‌بێ به‌رنامه‌یی و پاره‌ هه‌ڵڕشتن له‌و بواره‌ ده‌كات، بۆ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ هونه‌رمه‌نده‌ جدییه‌كانیش خه‌سێنراون، به‌ڵام هه‌ست به‌ ئامانجه‌كه‌ ناكات، لێره‌دا ده‌بێت بچمه‌وه‌ په‌ڕه‌گرافه‌كانی سه‌ره‌وه‌ بۆ دووربوون له‌ ته‌ناقوز، من له‌سه‌ره‌وه‌ باسی هه‌بوونی پلانی حكومه‌تم كرد له‌و خه‌رجییه‌ی كه‌ ده‌یكات، لێره‌شدا باسی هه‌ستكردنی خه‌ڵك ده‌كه‌م به‌بێ پلانی حكومه‌ت، ئه‌سڵی ئه‌م دوو قسه‌یه‌ ئه‌گه‌ر روننه‌كرێته‌وه‌ ته‌ناقوزه‌، چونكه‌ نه‌بوونی پلان و هه‌بونی پلان دژ به‌یه‌كن.
 كاتێك من باسی پلانی حكومه‌ت ده‌كه‌م، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌نده‌ لاوازنین پاره‌ی میلله‌ت كه‌ ئه‌مڕۆ ناوی پاره‌ی گیرفانی ئه‌وانه‌، بۆ بوارێك هه‌ڵبڕێژن كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گیرفانی خۆیان، یان پاراستنی ئه‌وه‌ی له‌ گیرفانیاندایه‌، كاركردن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خودی، ئه‌گه‌ر بۆ كۆی گشتی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ش پلان نه‌بێت، بۆ خودی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یكات پلانه‌، چونكه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زاتییه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت، ئاخر ئه‌مڕۆ پاراستنی حكومه‌ت به‌داخه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا یه‌كسانه‌ به‌ پاراستنی گیرفانی كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسێك، كه‌ ژماره‌كانیان سنوورداره‌ نه‌ك یه‌كسان بێت به‌ پاراستنی كۆی گشتی هه‌موومان، ئه‌دی قۆرغكردنی بوارێك كه‌ توانای یه‌كخستنی هه‌موو ده‌نگه‌ ناكۆكه‌كانی هه‌بێت، كردنی به‌ هۆكارێك بۆ سواركردن یان كپكردنی ده‌نگه‌كان یان كرابێته‌ هۆكارێك، بۆ سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵك و له‌ بیر بردنه‌وه‌ی بێزاری گه‌نجه‌كان له‌ ئه‌دای سه‌قه‌تی ئیداره‌ له‌م وڵاته‌، كه‌ ئه‌ویش هونه‌ره‌ ئه‌وه‌ پلان نیه‌؟ سه‌رانی ئیداره‌ به‌ده‌ست به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن؟
 باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان بتوانن هونه‌ر به‌و هه‌موو كاریگه‌رییه‌ی خۆیه‌وه‌ قۆرخ بكه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بیكه‌نه‌ ده‌نگێكی نووساو و شانۆگه‌رییه‌كی خامۆشكراو، مۆسیقایه‌كی شپرزه‌كراو، وشه‌گه‌لێكی زه‌لیلكراو، فیلمێكی چه‌واشه‌ كراو، میتۆدێكی بارگاوی كراو و هونه‌رمه‌ندیش بكه‌نه‌ كه‌سێكی خه‌سێنراو، ئه‌وه‌ پیلان نیه‌ ده‌یگێڕن؟ بێگومان ئه‌وه‌ پیلانه‌ چونكه‌ هونه‌ر له‌توانایدا هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ رۆڵی موعاره‌زه‌یه‌كی نه‌بوو له‌م وڵاته‌ بگێڕێت، هونه‌ر ده‌توانێت ده‌روازه‌ی گه‌یاندنی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی خه‌ڵك و ورووژاندنی بۆچوون و تێڕوانینه‌ خه‌فه‌كراوه‌كان بێت، هونه‌ر ده‌توانێت زه‌نگی به‌هۆش هێنانه‌وه‌ی ویژدانه‌ بۆگه‌ن لێهاتووه‌كان و به‌هۆشهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ هۆش كڕدراوه‌كان بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی شانۆ له‌سه‌ر ده‌می رێنیسانس له‌ ئه‌وروپا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی سته‌م كردی، به‌ڵام لێره‌ كه‌سێك به‌ هونه‌ر جگه‌ له‌ سینه‌و به‌رۆكێ و دان مرواری و جگه‌ له‌ شانۆگه‌رییه‌كانی قه‌یسه‌ر و جگه‌ له‌ فیلمه‌كانی پیرۆزكردنی رابردوو، هیچی تر نه‌بێت كاری له‌سه‌ر بكات و به‌ئه‌ركی خۆی نه‌زانێت، ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌نده‌و ئه‌وه‌ هونه‌ره‌ ئه‌و ده‌یكات؟ نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هونه‌ره‌ كامه‌یه‌ هونه‌ری ئه‌م هونه‌ره‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش بڕوانین واتێبگه‌ین هونه‌ر ده‌بێت ده‌نگی هه‌بێت له‌كاتی بێده‌نگی و ره‌نگی هه‌بێت له‌كاتی بێڕه‌نگی ئه‌وا ده‌بێت هه‌موو بزانین شتێك نیه‌ لێره‌ و له‌م وڵاته‌دا ناوی هونه‌ر بێت.
 تۆ بڵێی ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ره‌تای درووستبونیه‌وه‌ هه‌روا بووبێت؟، هونه‌ری بێده‌نگ و هونه‌رمه‌ندی بێسه‌نگ بێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ئێستای هونه‌ر بڕوانین ده‌بێت بڵێین كه‌ وایه‌.
  به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانین له‌سه‌ر ده‌می رابردوودا ئه‌گه‌ر له‌ژێر لێویشه‌وه‌ بووبێت هونه‌رمه‌ندان توانیویانه‌ باس له‌ رۆتینیاتی حكومه‌تی ئه‌و ده‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی میلله‌ت و بێزاری خه‌ڵك بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مرۆ هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یاندا ده‌ژی، كێشه‌یه‌كیان نه‌بێت جگه‌ له‌ عه‌شق، پیرو گه‌نجییان عاشق بوون و گۆرانی بۆ عه‌شق ده‌ڵێن و هونه‌ر بۆ عه‌شق ده‌كه‌ن، نه‌ك ورووژاندنی رای خه‌ڵك، بێگومان ئه‌مه‌یه‌ واده‌كات بڵێین هونه‌ر بێده‌نگه‌ بۆیه‌ كاره‌كته‌ره‌كانیشی بێسه‌نگن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین له‌م سه‌رده‌می بێده‌نگییه‌ش هونه‌رمه‌ندمان هه‌بووه‌ ده‌نگ و ره‌نگ و سه‌نگی هه‌بووبێت، بیرمانه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌مبیست و به‌رگوێم ده‌كه‌وت "دیاری قه‌ره‌داغی" له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ پێی ده‌وتین "نه‌فره‌ت له‌ جه‌نگ" پێی ده‌وتین "ئه‌رێ كاكه‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ چ كانیاوێكی یاقوتییه‌ ئه‌م خوێنه‌ی له‌سه‌ر ده‌ڕێژن"، دروستبوونی ئه‌و گۆرانیانه‌ش وه‌ك كورد ده‌ڵێت، له‌كاتێكدابوو هه‌ر پیاوێك به‌رانبه‌ر هه‌ر كام له‌ دوو حیزبه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كه‌، بیگوتبیایه‌ بوونم هه‌یه‌ نافه‌كیان ده‌بڕی، واته‌ له‌پیاوه‌تیان ده‌خست و شه‌ره‌فیان ده‌شكاند، باشه‌ ئا له‌وكاته‌دا كه‌باسی بێده‌نگی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌ین و له‌وكاته‌ی كه‌باسی ئه‌و ده‌مه‌ ده‌كه‌ین نه‌ك ده‌نگ هه‌ڵبڕین، كه‌س نه‌یده‌توانی بڵێت هه‌م هونه‌رمه‌ندێك بێت، ئه‌وه‌ بڵێت كه‌وابوو مژده‌ی له‌ دایكبوونی هونه‌رێك ده‌دات، كه‌ توانای قسه‌كردن و ورووژاندنی كێشه‌كانی خه‌ڵك و گه‌یاندنی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌بێت، تا ئێمه‌ش بڵێین به‌ڕاستی هونه‌ر په‌یامی مرۆڤایه‌تییه‌، دیاری قه‌ره‌داغیش له‌و كاته‌دا دروست ئه‌وكاته‌ی بیرهێناینه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووی ئه‌وروپادا شانۆ رۆڵی باڵای هه‌بووه‌، بۆ گۆڕین و ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می ده‌سه‌ڵات و خورافیاتی كڵێسا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌رپرسانی ئه‌م دوو حیزبه‌ له‌كاتی له‌دایك بوونی ئه‌و جۆره‌ هونه‌ره‌ی كه‌ دیاری قه‌ره‌داغی ده‌یكرد، دروست وه‌ك قه‌شه‌و بابه‌ ئاینییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی ئه‌وروپا، توانیان زیره‌كتر له‌ خه‌ڵكی بێزار هونه‌ر به‌كار بهێننه‌وه‌، بۆ گێڕانه‌وه‌ی خورافیاته‌كانی خۆیان و شه‌رعییه‌ت دانه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و بكوژو ببڕی خۆیان ئه‌وه‌ نه‌بووو دوای لێدانی موزیك وشه‌ی "هۆیها" مان ده‌بیست؟ كه‌ له‌ گه‌نجی كورد ده‌كرا، ئه‌وه‌ نه‌بووو دوای بیستنی موزیك، رسته‌ی لابه‌لامان ده‌بیست؟
 به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌س نه‌بوو بۆ كوشتنی ئه‌و جۆره‌ هونه‌ره‌ی دیاری و ئه‌وانه‌ی ده‌یان ویست وه‌ك ئه‌و هونه‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو پاره‌یان هه‌ڵڕشت بۆ كڕینی ده‌نگ و دروستكردنی ده‌نگی نه‌شاز، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ بیسه‌رانی ئه‌و گۆرانییانه‌ش، كه‌ ئه‌گه‌ر دروست بن مه‌ستیان بكه‌ن به‌ شیله‌ی مه‌مانی هۆنراوه‌ هه‌ڵیت و پڵیته‌كانی گۆرانی گه‌نجه‌كان، بڕوانه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ئه‌وانه‌شی كه‌ ویستیتیان به‌ڕێچكه‌ی شێوازی یه‌كه‌میاندا بڕۆن، ته‌سلیمی ئه‌م پیلانه‌ بوون ده‌نگ و ره‌نگی خۆیان دا به‌ پاره‌، چونكه‌ فێركران بچنه‌ ستۆدیۆكانی توركیاو واز له‌ میكسه‌ره‌ ته‌پوتۆزاوییه‌كانی ئێره‌ بهێنن، فێركران له‌ رۆخی ده‌ریاكاندا ده‌ست بكه‌نه‌ ملی كچه‌ چاو شینه‌كان، ئێ ئاخر ئه‌و ده‌سله‌ملكردنه‌ش كه‌ له‌ خه‌یاڵی هونه‌رمه‌نده‌كاندا به‌ر له‌ دروستبوونی گۆرانییه‌كان دروست ده‌بێت، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن وشه‌ی ناسك و ته‌ڕی پێویسته‌، نه‌ك ئه‌و وشانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن "دیسان شه‌ڕی ده‌سته‌و ده‌ستم"، خۆ ناكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و چاوشینانه‌دا شه‌ڕی ده‌سته‌و ده‌ست دروستبكات، بۆیه‌ ناچاره‌ له‌ پێناو جوان بوونی كلیپه‌كه‌ی و نه‌رم ده‌ست له‌ملكردنی كچه‌ چاو شینه‌كه‌ وشه‌ی نه‌رم بڵێت.
 دواتر ئه‌م پیلانه‌ شانۆو سیه‌نه‌ماشی گرته‌وه‌، تا گه‌یشته‌ په‌یكه‌رتاشی و شێوه‌كاریش، كه‌وابوو ئالێره‌وه‌ لای هه‌موومان روونه‌ چۆن حكومه‌ت هه‌وڵی ده‌مكوتكردنی موعاره‌زه‌و ده‌نگی ناڕه‌زایی ده‌دات، به‌هه‌ر پلانێك بێت ئاواش له‌ڕێی پاره‌وه‌، هه‌وڵی بێده‌نگ و بێسه‌نگكردنی هونه‌ریش ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان له‌ هیچ كاتێك نه‌پرسن ئێره‌ چ كانیاوێكی یاقوتییه‌، وا ئه‌و هه‌موو خوێنه‌تان له‌سه‌ر رشت؟ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌پرسن ئه‌گه‌ر ئه‌و كانیاوه‌ یاقوتییه‌شه‌ بۆچی ئێوه‌ تاڵانفرۆشی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ش وه‌ك گوتم به‌ پاره‌كردیان و تاكو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن، بۆیه‌ ده‌بێت بزانین هۆی چییه‌ حكومه‌ت به‌و هه‌ره‌مه‌كییه‌ پاره‌ هه‌ڵده‌ڕێژێت، ده‌بێت بزانین هۆی چییه‌ حكومه‌ت ئاماده‌یه‌ پاره‌ بۆ بوارێك خه‌رجبكات، هیچی بۆ حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كانی تێدا نه‌بێت، ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ ده‌بێت بكرێت له‌كاتی گه‌ڕانیش به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا له‌وه‌ بپرسین هونه‌ر چییه‌، ده‌توانێت چی بكات، ئاخۆ جگه‌ له‌ هونه‌ر كام بوار هه‌یه‌ بتوانێت رۆح وه‌به‌ر هه‌ڵه‌كانی رابردوودا بهێنێته‌وه‌ و له‌كاتی گێڕانه‌وه‌یاندا بمانباته‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌؟ بێگومان ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ قودره‌تی هونه‌ردایه‌ و له‌توانای هونه‌ردایه‌ بیكات، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌وه‌شدا گه‌ڕاین بۆچی پاره‌ به‌هونه‌ر ده‌درێت، له‌ پێناو چ بێده‌نگییه‌كدایه‌ له‌ پێناو چ خه‌فه‌كردن و چ خه‌ساندنێكدایه‌، كه‌ گه‌شتینه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ش ده‌زانین هونه‌ر چییه‌ و له‌ ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا تا چه‌ند بوونی هه‌یه‌، ئه‌وكاتیش ده‌زانین هونه‌رمه‌نده‌كان چه‌ند خه‌سێنراون.
 ئه‌گه‌رنا بڕوانه‌ حكومه‌ت كه‌ دڵنیا ده‌بێت هونه‌ر پێیان ده‌ڵێت، ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ چ كانیاوێكی یاقوتییه‌ تا ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ی له‌سه‌ر بڕژێت، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێت په‌راوێز بخات و ئه‌و جۆره‌ هونه‌ره‌ش بكات به‌ژێر هونه‌ره‌ كرچ و كاڵه‌كانه‌وه‌، به‌ هه‌ڵڕشتنی پاره‌، ئه‌گه‌رنا له‌ كۆڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو خه‌رجییه‌كانی هونه‌ر ده‌ركردنی یاسایه‌كی به‌سه‌ بۆ پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك ده‌رچوو مافی هونه‌رمه‌ند پارێزێت، هونه‌ر له‌سه‌ر پێی خۆی ده‌وه‌ستێت و هونه‌رمه‌ند پێویستی به‌كه‌س نابێت، ئه‌و كات لغاوی ده‌می هونه‌رمه‌ند له‌ ده‌ستی حكومه‌ت ده‌رده‌چێت و ده‌نگی به‌هێزی هونه‌ریش دروست ده‌بێت، بۆیه‌ حكومه‌ت رێگه‌ نادات ئه‌و ده‌نگه‌ هه‌بێت و ئه‌و هونه‌ره‌ كاریگه‌ره‌ له‌ دایك بێت، جگه‌ له‌ هونه‌رێكی زه‌لیل و به‌ چێژ بۆ كاتی مه‌ستبوون، خۆ ئه‌گه‌رنا له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌م حكومه‌ته‌دا، یاسای وا ده‌رده‌چێت به‌ ته‌نها 24 سه‌عات  داڕشتن و خوێندنه‌وه‌و په‌سه‌نكردنی بۆ ده‌كرێت، كه‌وابوو ده‌بێت بڵێین ئێستا له‌ به‌رانبه‌ر بێده‌نگكردنی ده‌نگه‌ كاریگه‌ره‌كان، حكومه‌تی كوردی به‌ پلانترین حكومه‌ته‌و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پلانه‌ش، هونه‌رمه‌ندی ئێمه‌ خه‌ساوترین هونه‌رمه‌نده‌، جگه‌ له‌ یه‌ك دوو هونه‌رمه‌ند نه‌بێت كه‌ دواتر لێیان ده‌دوێم.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.