سەرۆكەكان و سیاسەتەكانیان
بەرەو ئەمریكا -(2)
سەرۆكەكان و سیاسەتەكانیان
و / هێمن مەحمود
هەڵبژاردەكانی دادێ ی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیارە پایزی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت نەوەك بەنیسبەت ئەمریكا و گەلانی ئەمریكاوە گرنگە، بەڵكو بۆ هەموو دانیشتوانی سەر ئەم زەمینە گرنگی خۆی هەیە.
ماوەیەك بەر لەئێستا نوسەرێكی جیهانی لەوتارێكیدا نوسیبوی هەق وایە هەَلبژاردنی سەرۆك لە ئەمریكا هەر تەنیا تایبەت نەبێت بە دەنگدەرە ئەمریكیەكانەوە، بەڵكو بەحوكمی كاریگەری سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەو وڵاتە لەسەر تەواوی دانیشتوانی جیهان، گەلانی جیهانیش مافی ئەوەیان هەبێت لەو پرۆسەیەدا دەنگبدەن و سەرۆك دەستنیشان بكەن.
ئەم داوایە كە هەرچەندە هیچ بڕیاردەرێكی ئەمریكی بەبایەخەوە ئاوڕی لێنەدایەوە و قسەكانی بەهەند وەرنەگیرا كۆمەڵێكی زۆر راستی تیادایە.
ئێستا ئەمریكا خۆی پۆلیسی جیهان و خۆشی داڕێژەری سیاسەتی جیهانە. ئەم وڵاتە كە زۆربەی رودواوەكانی جیهان بەژێر فلتەری سیاسەتی ئەودا تێپەڕدەبێت، بمانەوێ و نەماوێت یەكێكە لەهەرە وڵاتە دیموكراسیەكانی دونیا.
من لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە كە رەنگە هەندێ جار سیاسەتێكی ناعادیلانە و بەرژەوەندخوازانە و نادیموكراسی بێت تەماشای رەوتی دیموكراسی ئەو وڵاتە ناكەم.
بەڵكو لەناوەوە سەیری ئەمریكا دەكەم، لەناوەوە سەیری دەستور و یاساكانی ئەو وڵاتە دەكەم كە نەك سەرۆك بەڵكو هیچ تاكێكی ئەمریكیش ناتوانێت پێشێلی بكات و سزای یاسایی خۆی وەرنەگرێت.
ئەمەیە ئەمریكای راستەقینە، ئەو یاسایانەی كە ئەم وڵاتەیان بنیاتناوە و ئەم وڵاتەیان كردۆتە بەهێزترین وڵاتی دونیا نابێت كەس لەو یاسایانە بەهێزتربێت.
پێم خۆشبو بەبۆنەی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە ئەم زنجیرە وتارە بكەمە كوردی و خوێنەری كوردیش ئاشنای دیموكراسیەتی ئەم وڵاتە دیموكراسیە بێت وبزانێت ئەمریكا چیە و چۆن چۆنیش بەرێوە دەچێت
ئەو پرسیارەی كە ئێستا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردوە ئەوەیە كە كێ دەبێتە سەرۆكی ژمارە 44 هەمینی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەڵام تاوەكو رۆژی 2ی نۆڤەمبەری 2008 نەیەت كەس نازانێت.
تاكە شتێك هەبێت بزانرێت ئەوەیە كە سیاسەتی ئەمریكی جا ئەو سیاسەتە هەرچی جۆرێك بێت بەگۆڕینی سەرۆكەكان گۆڕانكارییەكی وەهای بەسەردا نایەت.چونكە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ستراتیژیەتیەكی گەردونی و بەرژەوەندی دیاریكراوی وەهای هەیە كە ئەو كەسەی دێتە كۆشكی سپی ناتوانێت دەستبەرداری بێت، جا چ كۆماری بێت یاخود دیموكرات، ژن بێت یاخود پیاو، رەش بێت یاخود سپی، ئارەزووە كەسایەتی و حەزە سیاسیەكانی هەرچی بێت، یاخود ئینتیما عەقائیدییەكانی هەرچی جۆرێك بێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دڵسۆزی بۆ ئیسرائیل لەكۆنەوە تاوەكو ئێستاش ڤیزەی چونە ناو كۆشكی سپی بوە.
باسەیرێكی سەرۆكەكانی ئەمریكا بكەین تاوەكو زیاتر ئەو راستیانەی سەرەوەمان بۆ رون بێتەوە:
1/ جۆرج واشتنتۆن (1789-1797): یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە و فەرماندەی گشتی سوپای موستعەمەراتەكان بوە لەكاتی جەنگی سەربەخۆیدا و بۆ دووجاری لەسەر یەك هەڵبژێردراوە.
2/ جۆن ئادامز (1797- 1801) (پارتی فیدراڵی): یەكەمین سەرۆكە كە لەكۆشكی سپیدا نیشتەجێ بوە دوای ئەوەی كۆشكە تەواوبوە و لەسەردەمیدا چەندین تەنگژە هەبوە و ئەمریكای لەگەڵ فەرەنسادا لەشەڕێكی حەتمی لەگەڵ فەرەنسادا لادا.
3/ تۆما جێڤرسۆن (1801-1809) (پارت: دیموكرات- كۆماری) : یەكەمین سەرۆكە كە واشنتۆنی كردە پایتەخت و رێگای بە ئازادیی ئاینی دا و سیستەمی خوێندنگای گشتی جێبەجێكرد.
4/ جەیمس مادیسۆن (1809-1817) (پارت: دیموكراتی- كۆماری) : بە (باوكی دەستور) بەناوبانگە و دەستیكردوە بەجێبەجێكردنی تۆڕی ئاووئاوەڕۆ و شەقامە گشتیەكان.
5/ جەیمس مۆنرۆ (1817- 1825) (پارت: دیموكرات- كۆماری): بنەماكانی (مۆنرۆ)ی راگەیاند كە رێگا نادات بەوڵاتانی بیانی دەس لەكاروباری وڵاتە ئەمریكیەكان بدەن.
6/ جۆن كوینسی ئادامز (1825- 1829) (پارت: دیموكرات- كۆماری): كوڕی سەرۆك جۆن ئادامزە، ئەو كاتەی تەمەنی 14 ساڵان بوو باوكی وەك سكرتێری وەزیری ئەمریكی مفەوەز لە روسیا دایمەزراند.
7/ ئەندرۆ جاكسۆن (1829- 1837) (دیموكراتی): لەدامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتە، لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی 1832 بەسەر ركابەرەكەیدا (هینری كەیلی)دا سەركەوت.
8/ مارتن ڤان بۆرین (1837- 1841) ( دیموكرات): یەكەمین سەرۆكی ئەمریكی یە كە سەد دەر سەد خەڵكی ئەمریكا بێت و بەریتانی نەبێت، لەسەردەمی ئەودا ئەمریكا توشی (ركود)ی ئابووریی هاتبو.
9/ ولیام هنری هاریسۆن (1841- ئەپریل 1841) (ئازادیخوازەكان) : دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێك بو بەسەرۆك كۆچی دوایی كرد، بەگەورەترین سەرۆكی ئەمریكا دادەنرێت.
10/ جۆن تایلەر (1841- 1845) (ئازادیخوازەكان) : جێگری سەرۆكی پێشوبو، وە یەكەمین جێگریشە كە ببێتە سەرۆك و یەكەمین سەرۆكیشە لە كۆشكی سپیدا ژن بهێنێت.
11/ جەیمس بۆلك 1845- 1849 (دیموكرات): سیاسەتی كشان بەرەو رۆژئاوای پیادەكرد بۆ ئەوەی زۆرترین زەوی داگیربكات و بەوهۆیەشەوە جەنگی لەگەڵ مەكسیكدا هەڵگیرساند.
12/ زكای تایلۆر 1849- 1850 (ئازادیخوازەكان) : تەنها 16 مانگ لەدەسەڵاتدا بوو، هەرچەندە لە باشورەوە هاتبوو بەڵام پشتگیری ئازادیی كۆیلەكانی دەكرد.
13/ میلارد فیلمۆر 1850- 1853 (ئازادیخوازەكان): یاسایەكی ئیمزاكرد كە رێگەی دەدا بە گەڕانەوەی كۆیلەكان بۆلای خاوەنەكانیان بەڵام بەهۆی دژایەتی زۆری ئەم یاسایەوە جارێكی دیكە هەڵنەبژێردرایەوە.
14/ فرانكلین پێرس 1853- 1857 (دیموكرات): تاكە سەرۆكە كە لەماوەی سەرۆكایەتیدا وتاری نەدابێت و بەزۆرینەیەكی بێ وێنە هەڵبژێردراوە.
15/ جەیمس بیوكاتان 1857- 1861 (دیموكرات) : تاكە سەرۆكە لەمێژوی ئەمریكادا ژنی نەبێت، یەكەمین كەسیشە كە خەتی لاسكی بۆ ئەو دیو زەریای ئەتڵەسی بەكارهێنابێت.
16/ ئەبراهام لنكۆڵن 1861- 1865 (كۆماری) : بەناوبانگترین سەرۆكی ئەمریكایە و رەمزی دیموكراتیەتی ئەمریكییە، چونكە ئەو كۆیلەی بۆ هەتا هەتایی ئازادكردو ویلاتەكانی باكورو باشوری بەستەوە بەیەكەوە.
ساڵی 1865 لەسەر دەستی (جۆن وایكزبوس) تیرۆركرا و یەكەمین سەرۆكی ئەمریكی بوو لەكاتی دەسەڵاتدا تیرۆربكرێت.
17/ ئەندرۆ جۆنسۆن 1865- 1869 (دیموكرات): كۆنگرێس بەهۆی هەندێك سیاسەتیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد بەڵام توانی بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێ، ساڵی 1867 ویلایەتی ئالاسكای كڕی.
18/ یۆلیسس سمسۆن گرانت 1869- 1877( كۆماری): فەرماندەی هێزەكانی ئیتیحادی بوو لەشەڕی ناوخۆدا و لەسەردەمی ئەودا خراپترین تێكچونی ئابووریی بەخۆیەوە بینی.
19/ رۆسەر فۆرد هێلز 1877- 1881( كۆماری): گرنگی بەچاكسازی و فراوانتركردنی خزمەتگوزاری مەدەنی دا و سەردەمی ئەو بەسەردەمی گەشە و هەڵسانەوەی تەكنەلۆژی دادەنرێت.
20/ جەیمس ئەبراهام چارفیلد 1881- سێپتەمبەری 1881 (كۆماری): تەنها 4 مانگ لەدەسەڵاتدا بو دواتر لەسەردەستی كەسێك بەناوی (شارڵ گیتۆ) لەساڵی 1881 تیرۆركرا و بوو بە دووەم سەرۆكی تیرۆركراو.
21/ تشتر الن ئارسەر 1881- 1885 (كۆماری): سەردەمی ئەو بەسەردەمێكی دادگەری ناسراوە و دژی كۆچكردنی چینیەكان بو بۆناو ئەمریكا.
22/ گرۆفەر كلیفلند 1885- 1889 (دیموكرات) : تاكە سەرۆكە كە لەدوو ماوەی جیاوازدا بوەتە سەرۆك و مەنهەجێكی چاكسازی گرتبویە بەر.
23/ بەنجامین هادیسۆن 1889- 1893 (كۆماری): كوری سەرۆك (ولیام هینری هاریسۆن) ە، لەسەردەمی ئەودا یەكەمین مانگرتنی گەورەی پیشەسازیانە رویداوە هەروەها سنوری رۆژئاوای داخست.
24/ گرۆفەر كلیفلند 1893- 1897 (دیموكرات): بۆ جاری توانی ببێتە سەرۆك .
25/ ولیام ماكنلی 1897- 1901 (كۆماری): گرنگی بە بەرژەوەندییە بازرگانیەكانی ئەمریكا داوە و لەساڵی 1901 لە (بافلۆ)ی سەر بەویلایەتی نیویۆرك دوای ئەوەی بۆ جاری دوهەم هەڵبژێردرا تیرۆركرا.
26/ تیۆدرۆ رۆزفلت 1901- 1909 (كۆماری): بچوكترین سەرۆكی ئەمریكا بوە كە بوەتە سەرۆك و یەكێكە لەو سەرۆكانەی كە جەماوەرێكی زۆری هەبوە، گرنگی كردۆتە سەر پاراستنی داهاتەكان و دەستیكردوە بە پرۆژەی كەناڵی دەریایی (پەنەما) و چەندین كتێبی لە بواری سیاسەت و مێژودا هەیە و شەڕی روسیا و ژاپۆنی راگرتووەو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتوە.
27/ ولیام هەوارد تانت 1909- 1913 (كۆماری): لەیەك كاتدا دوو پۆستی گەورەی لەوڵاتدا بەدەستەوەبوە سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆكی دادگای باڵا بوە.
28/ تۆماس وودرۆ ولسۆن 1913- 1921 (دیموكرات): ئەو سەرۆكە ئەمریكیە كە توانی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتوەكان دابمەزرێنێت، مامۆستای زانكۆ بوە و چەندین تیۆرەی سیاسی هەیە.
29/ وارنەر هاردینج 1921- 1923 (كۆماری): لە سەردەمی سەرۆكایەتیدا گیانی لەدەست داوە و سەردەمی ئەو لەهەموو سەردەمێك زیاتر ریسوایی سیاسی و ئیداریی تیادا ئاشكرابوە.
30/ كاڵفن كۆلیدج 1923- 1929 (كۆماری): سەردەمی ئەو بە چاكترین سەردەمی گەشانەوە دادەنرێت و سیاسەتی دەست نەخستنە ناو كاروبارەكانەوە لەلایەن حكومەتەوە پەیڕەو كردووە.
31/ هێربەرت كلارك هۆفەر 1929- 1933( كۆماری): لەسەردەمی ئەودا بازاڕی ئەوارق مالی تێكشكاوەو نەیتوانیوە وڵات لەو كێشە ئابوورییە رزگاربكات، بەڵام خاوەنی ناوبانكێكی جیهانی بوە چ وەك ئیدارییەك و ئەندازیارێَك.
32/ فرانكلین رۆزفلت 1933- 1945 (دیموكرات): تاكە سەرۆكە چوارجار و بۆ ماوەی 12 ساڵ حوكمی كردوە بەهۆی ئەوەی گەلی ئەمریكا بەناوارتەیی حسابیان بۆ كردوە، ئابوری وڵاتی چاككردەوە و لەگەڵ بەریتانیادا بەشداری جەنگی جیهانی دوهەمی كردووە.
33/ هاری ترومان 1945-1953 (دیموكرات) : رایگەیاند كە هاوكاری ئەو وڵاتانە دەكات كە شیوعیەت هەڕەشەیە بۆ سەریان، هەر بەئیعلانكردنی ئیسرائیلیش دانی بەم وڵاتەدا ناوە.
لەساڵی 1945 دوو بۆمبی ئەتۆمی بەسەر (هێرۆشیما) و(ناكازاكی)دا داوە كە بونەتە هۆی لەناوچونی 400 هەزار هاوڵاتی.
34/ دوایت ئایزەنهاوەر 1953- 1961 (كۆماری) دوو جار هەڵبژێردراوە و وەك فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمان لەجەنگی جیهانی دوهەمدا ناوبانگی وەدەست هێناوە و لەبەرامبەر هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر لەساڵی 1956 هەڵوێستێكی یەكلایكەرەوەی هەبوە.
35/ جۆن كەنەدی 1961- 1963 (دیموكرات): خاوەنی جەماوەرێكی بەرفراوان بوە بەتایبەت توێژی گەنجان،لەسەردەمی ئەودا جەنگی سارد ئارام بوە و توانی روبەروی كێشەی كوبا بوەستێ بەتایبەت دوای ئەوەی كوبا بەلای شیوعیەت دا خۆی یەكلایكردەوە، لەكاتی سەردانیدا بۆ (دالاس) لەویلایەتی (تەكساس) لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (لی اوزوالد) تیرۆركراوە.
36/ لیندۆن جۆنسۆن 1963- 1969 (دیموكرات): لەو فڕۆكەیەی كە تەرمی (جۆن كەنەدی) تیادابوو سوێندی سەرۆكایەتی خواردووە و لەسەردەمی ئەودا چەندین یاسایی دارایی ئیمزا كردوە.
37/ ریتشارد ملهۆس نیكسۆن 1969- 1974 (كۆماری) : سیاسەتی هاوپەیمانی لەگەڵ مۆسكۆدا بەكارهێناوە و ئەمریكای بردۆتە ناوجەنگی ڤێتنامەوە، لەدوای ریسوایی بەناوبانگی" وتەرگێت" ئیستیقالەی كردووە وبەمەش بوەتە یەكەمین سەرۆك كەبەهۆی ریسواییەوە ئیستیقالە بكات.
38/ جیرالد فۆرد 1974- 1977 (كۆماری): جێگری نیكسۆن بوە و لەهەڵبژاردنەكان 1976دا سەرنەكەوتوە و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بوە لەزانكۆ.
39/ جیمی كارتەر 1977- 1981 (دیموكرات) : جوتیار بوە لەویلایەتی جۆرجیا و لەسەردەمی ئەودا چەندین كێشەی ئابووری هەبووە و بێ خوێن رشتن هایتی داگیركردوە، بەشداری لەچارەسەركردنی كێشەكانی سودان و نیكاراگۆ و سەلفادۆرو ئەسیوبیا كردوە.
40/ رۆنالد رێگان 1981- 1989 (دیموكرات) : لە هەوڵێكی تیرۆركردن لەساڵی 1981 رزگاری بوە و نەشتەرگەری لە مێشك و قۆڵۆن و پرۆستات داكردوە، بریاری هێرشی ئاسمانی داوە بۆ سەر لیبیا لەساڵی 1986.
41/ جۆرج بۆش 1989- 1993 (كۆماری) : لەساڵی 1991 سەرۆكایەتی ئازادكردنی كوەیتی كردووە و هێزەكانی عیراقی لەو وڵاتە دەركردووە، دوای ئەوەی ژاپۆنیەكان لەجەنگی جیهانی دوهەمدا فرۆكەكەی دەخەنە خوارەوە توانیویەتی لەبەرزی 12500 پێ وە خۆی فڕی بداتە خوارەوە، لەساڵی 1974 بەرێوەبەری (c.i.a ) بوە.
42/ بیڵ كلنتۆن 1993- 2001 (دیموكرات) : دوو جاری لەسەر یەك بوەتە سەرۆك، یەكەمین سەرۆكە كە لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە لەدایكبوبێت، بۆ ماوەی 12 ساڵ حاكمی ویلایەت بوە، توانیویەتی گەشە بەئابووری ئەمریكا بدات و باج كەمبكاتەوە، لەكێشەی (مۆنیكا لوینسكی) تۆمەتباركراوە.
43/ جۆرج بۆشی كوڕ 2001- تاوەكو ئێستا سەرۆكە (كۆماری): حاكمی ویلایەتی تەكساس بوە، كوڕی سەرۆكی ئەمریكی پێشوتر (جۆرج بۆش)ە، دووهەم كوڕی سەرۆكە كە دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا.
44/ …………………………
HEMNM1979@YAHOO.COM
سەرچاوە/ سایتی (المحیط)