Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
كورد تەنها ئاگای لە گرێبەستە نەوتیەكانە، نەك كێشە سیاسیەكان؟!*

كورد تەنها ئاگای لە گرێبەستە نەوتیەكانە، نەك كێشە سیاسیەكان؟!*

Closed
by September 8, 2008 گشتی

 كورد تەنها ئاگای لە گرێبەستە نەوتیەكانە، نەك كێشە سیاسیەكان؟!*  
  ئاسۆعەبدوللەتیف 
                                                                                                                      
 كوردو دەسەڵاتە "سیاسیەكەی" دیارە سیاسەت بە مانا تەقلیدیەكەی چونكە كورد بەس سیاسەت ناكا ئەگینا لە بیزنس و نەوت و گرێبەستە نەوتیەكان زۆر شارەزان و چەندین جار شاندی كوردی چوونەتە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە، كورد باش ئەو راستیە ئەزانێ عەرەب لە عیراق نە مادەی 58 ی سەردەمی ئیبراهیم جەعفەری و نەمادەی  140 ی سەردەمی مالیكیان جێبەجێنەكرد، كودەتای 22ی تەمموزی 2008 یشیان خستەسەر بە دەركردنی یاسای ژمارە 24ی پارێزگاكان، بەداخەوە هەرگیز كورد پێش رووداوەكان نەكەوتووەو هەركاتێكیش باری كەوتبێتە لاری پەنای بردۆتە بەر هەستی جەماوەرو گریان و جوڵاندنیان، لەكاتی رەوشە ئاساییەكانیشدا نەفرەتكردن لە جەماوەر، ئەو كارەی دەسەڵاتی كوردی كە بە خۆپیشاندان ئەنجامیدا جوڵاندنی هەستی تاكی كوردیە و كاركردنە لەسەر عاتیفەی نەتەوەیی و بە خۆپیشاندان و دروشمبازی تازە ناتوانرێت هاوسەنگی كورد راستكرێتەوە كە لە بەغدا هەر كورد خۆی هاوسەنگیەكەی تێكدا، پاشەكشەو شكستی كورد لە جەلەولاو قەرەتەپە و چۆڵكردنی شوێنە ستراتیجیەكان مایەی كارەسات و تراژیدیایە كەچی لای هەندێ لە رەمزەكانی كورد شتێكی ئاساییە و ئەشیانەوێت ئاساییكەنەوە لامان كە ئەوەی روویدا وانەبوو كە میدیاكان گەورەیانكرد، بابەكر زێباریش شەرعیەتی دایە سوپای عیراق كە بۆی هەیە هەموو ناوچەكانی عیراق ببەزێنێت! بۆیە كورد بەم شێوەیە ناتوانێ جارێكی دیكە بەو گوتارە لاوازەوە هاوسەنگی جاران رابگرێتەوە، چونكە ئەوە روونە لای هەمووكەس فاشیزمێكی عەرەبی بەرێوەیە كە ئۆكسجین ئەبەخشێتەوە بە دیكتاتۆریەتی پاش سەدام، كوردیش بە حوكمی لاوازی و شەرمنی نوێنەرەكانیەوە لە بەغدا بەرگەی ئەو فاشیزمە نوێیە ناگرێت كە ئێستا پێچراوە بە گەمە دیموكراتی و سیاسیەكانی بەغداوە، قەرەتەپەو جەلەولامان دۆراند و لە خانەقینیش دانوستانێكی شەرمنانەمان كرد تا دۆخەكە بە ئاقاری جەنگدا نەروات چونكە ئێستا كورد زۆر لە جەنگ ئەترسێ و باوەری بە جەنگاوەرەكانیشی نەماوە بە پێچەوانەی سوپای عیراقیەوە، سوپای عیراقیش ئەم بەزم و ئاریش و هەرەشانەی بەرانبەر بەكورد بە پشتیوانی و تیشكی سەوزی ئەمریكا بوو كە كورد بەردەوام بە هاوپەیمانی خۆی ئەزانێت، دیارە هاوپەیمان بە سیاسەتی كوردیانە!! بێ ئەوەی كە بزانین ئەم سیناریۆیانە بۆ ئەوەبوو كە كەركوك و یاسای 24 لە یادەوەریماندا كاڵ بكەنەوەو سازشمان پێ بكەن لەسەر زۆر بابەتی جەوهەوری و پاشان وورەو توانای سوپایی و جەنگاوەریی كوردیشیان بۆ دەركەوت كە چەند وورە نزم و كەم تواناو نەرمە لە دانوستانەكاندا، بەڵام ئەم هەنگاوەی سوپا گەر بۆیان بچێتەسەر بە مەترسیدارترین هەنگاوی دیكتاتۆریانەی حوكمی نوێ دادەنرێت بەرانبەر كورد، هەنگاوێك كە بۆنی ترس و تۆتالیتاریەت و حوكمی زۆرینەی لێ دێت دژ بە هەموو كەمینەو نەتەوەكانی دیكە بەتایبەتی كورد، دەركەوتنەوەی ئەم شۆڤێنیەتە دەرخەری ئەوەیە كە هێشتا عەرەبەكانی عیراق بە گشتی نایانەوێت كورد بناسن و كورد خاوەن دەستكەوت و سەروەری و بستەخاكی خۆی بێت، ئەگەر كورد ئەم نیەتەی نەخوێندبێتەوەو نەیزانیبێ ئەوا بێئاگاو غافڵ و جاهیلە بەرانبەر بە عەرەب، لە رووی مێژووییشەوە گەر سەیری ئەم پەرەسەندنانە بكەین هەمیشە نەتەوەی عەرەب و باڵی شۆفێنیزمی عەرەبی توندرەو بە نەزەرێكی شۆڤێنیانەوە لە ئەزمون و دەستكەوتی حكومەتی كوردییان روانیوەو قەت بەبیریاندا نەهاتوە رۆژێك لەرۆژان نەك كورسییەكی سیادی و وەزیرێكی باڵا بەكورد رەوا ببینن بەڵكوخودی نەتەوەی كوردیان هەمیشە بە هیچ زانیوەو تەنانەت حسابی كەمینەیەكی خێڵەكیشیان بۆ نەكردووە، ئێستاش كورد بە بێ ئەجندا دەیەوێت لە عیراقدا گەمەی سیاسی خۆی بكات و لە لایەك لە كاتە ئاساییەكاندا خۆی بە عیراقی دەرەجە یەك ئەزانێت و دەیەوێت لە بودجەو نەوت و پۆستی سیادی و ئیمتیازاتی عیراق سودمەند بێت و لە لایەكی دیكەوە دەیەوێت وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ گوتاری ئاگرین بدات و خۆپیشاندان بكات و سەنگەربەندی بكات لە خانەقین، بەڵام ئایا ئەمە سیاسەت و لۆژیكە یان میزاجی سەركردەكان؟! كورد كە نەیتوانی لە رابردوودا پارێزگاری لە زمانی كوردی وەك زمانی رەسمی و مادەی 140 ی دەستوور، وە نەشیتوانی بۆ ساتێك پارێزگاری لە جەلەولاو قەرەتەپە بكاو بە شكستەوە سەنگەرمان بۆ چۆڵكردن و سازشمانكرد، دڵنیام بۆ زۆر پرسی دیكە لە دۆرانێكی حەتمیداین، بۆیە كورد گرنگە لە ئێستادا ئاگای لە سیاسەت و دۆرانی خۆی بێت نەك گرێبەستە نەوتیەكان و دەستكەوتە كاتیەكان؟ وەك چۆن نەوت و گرێبەستەكانی پێویستی بە پسپۆری و لێبران هەیە ئەوا سیاسەتیش پسپۆری و لێبرانی خۆی دەوێت.
 
 * لە گۆڤاری "ئاگا" دا بڵاو بۆتەوە
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.