
خوێندن بۆ هه‌مووان… به‌شی دوو
خوێندن بۆ هه‌مووان… به‌شی دوو
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
یه‌کێک له ڕیفۆرمه نوێیه‌کانی تری سیسته‌می فێرکاری سوید ئه‌وه‌یه که هه‌موو به‌شێک له قۆناغی ئاماده‌یی، بۆ نموونه به‌شی زانستی یا وێژه‌یی، ئه‌نجومه‌نێکی خۆی هه‌بێت. ئه‌نجومه‌نه‌که پێکدێت له چه‌ند نوێنه‌رێک له خوێندنی باڵا بۆ نموونه له زانکۆکانه‌وه هه‌روه‌ها چه‌ند نوێنه‌رێک له بازاڕی کاره‌وه بۆ نموونه له کۆمپانیا و شه‌ریکه تایبه‌تیه‌کانه‌وه له هه‌مانکاتدا چه‌ند نوێنه‌رێک له بواری په‌روه‌رده‌دا. کاری ئه‌نجومه‌نه‌که ئامۆژگاریدان و ڕێپیشاندانه، ڕاوێژکاری و گفتوگۆیه له سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی به‌شه‌که. ئه‌م هه‌نگاوه زیاتر قوتابخانه و کۆمه‌ڵ له یه‌ک نزیک ده‌کاته‌وه و سودێکی زۆری ده‌بێت بۆ خوێندکاره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له پێویستیه‌کانی خوێندنی باڵا و بازاڕی کار تێبگه‌ن و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ڕێڕه‌وی ژیانی خۆیان باشتر ده‌ستنیشان بکه‌ن. ئه‌م نزیکبونهوهیهی قوتابخانه ئاماده‌ییه‌کان له بازاڕی کار و خوێندنی باڵا، پرۆسه‌ی ئاماده‌کردنی خوێندکار بۆ ژیانی گه‌وره‌ساڵی ئاسانده‌کات، له‌هه‌مانکاتدا بازاڕی کار ده‌توانێت کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی فێرکاری له پێناوی زیاترکردنی به‌رهه‌مهێنان له وڵات‌دا.
ئێمه له کوردستان کێشه‌ی نه‌خوێنده‌واریمان هه‌یه، ئه‌م کێشه‌یه وه‌ک میکرۆب خوێنی له‌شی خاکه‌که‌مانی پیس کردووه و تووشی ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، سایکۆلۆجی و ئابووری کردووه. یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کار که حکومه‌تی کوردستان له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا بیکات، هه‌وڵدانی بێوچانه بۆ بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واری تا له‌و ڕێگایه‌وه ئاستی ڕۆشنبیری گشتی به‌رزبێته‌وه و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کان، له کوشتنی ژنان، لێدانی منداڵ و گه‌نده‌ڵی که‌مبێته‌وه. بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واریش کاتێک ده‌کرێت که کارئاسانی بۆ قوتابیان بکرێت و پرۆسه‌ی فێرکاریان لا خۆشه‌ویست بکرێت. ده‌بێت قوتابخانه له شوێنی ترس و سه‌رکوتکردنه‌وه بکرێت به شوێنی دڵنیایی و دڵخۆشی قوتابیان. ئه‌م ڕیفۆرمه تازانه‌ی که له سوید دا به‌ڕێوه‌یه بۆ زیاتر به‌هێزکردنی ڕۆڵی قوتابیه. به به‌راورد له‌گه‌ڵ کوردستاندا ده‌بوایه سوید هیچ پێویستیه‌کی به ڕیفۆرمکردنی سیسته‌می وڵاته‌که‌ی نه‌بوایه به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر به‌هێزکردن و چاکسازی سیسته‌مه‌که‌یان. به‌داخه‌وه له کوردستان له کاتێکدا سیسته‌مه‌که‌مان ده‌یان که‌لێن و پێویستی گرنگی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر به‌رهه‌ڵستی هه‌یه له به‌رامبه‌ر نوێخوازی و ڕیفۆرمدا، هه‌ندێجار به‌و هۆکاره‌ی که پێویستمان به کاتی زیاتر هه‌یه بۆ لێکۆڵینه‌وه و ئاماده‌کاری. له کاتێکدا ئێمه زۆر باش ده‌زانین سیسته‌می سزادان و تاقیکردنه‌وه سیسته‌مێکی دواکه‌وتووه، ئیتر لێکۆڵینه‌وه‌ی چی بکه‌ین؟ ئایا نازانین که قوتابی له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا سه‌رکوت ده‌کرێت؟ ئایا نازانین که ئه‌و سیسته‌مه کۆنه‌ی تاقیکردنه‌وه و ده‌رچون و ده‌رنه‌چونی قوتابیان له سزادان زیاتر هیچ جۆره مرۆڤێکی خاوه‌ن توانا و سه‌ربه‌خۆ دروستناکات؟
سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن ده‌بێت له خزمه‌تی هه‌مواندا بێت، ده‌سنیشانکردنی ستراتیژی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی کوردستان ده‌بێت له ئاستێک‌دا بێت که مرۆڤی خاوه‌ن توانا و به‌هره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستبکات که مورال و ڕه‌وشتی ناو ده‌روونی وایلێبکات که بوێرانه دژی هه‌موو جۆره سه‌رکوتکردنێک بێت. بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی له کوردستاندا پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه و ته‌نیا به خه‌ڵکی خوێنده‌وار و خاوه‌ن ڕۆشنبیری گشتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نه‌ک که‌سانێک که به‌رهه‌می سیسته‌مێکی سه‌رکوتکه‌ر بن. کارئاسانی بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان له خوێندنه‌که‌یان به‌رده‌وام بن له ڕێگای لابردنی کۆسپه‌کانی به‌رده‌میان یه‌کێکه له‌و ئامڕازانه‌ی که ده‌بێت به‌پێی ستراتیژێکی په‌وه‌رده‌یی درێژخایه‌ن پلانی بۆ دابنرێت. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که نراون له‌و ڕێگه‌یه‌دا زۆر گرنگن به تایبه‌تی لابردنی ده‌رنه‌چوون له پۆله‌کانی یه‌ک ودوو و سێی بنه‌ڕه‌تیدا له‌گه‌ڵ نه‌مانی تاقیکردنه‌وه‌کانی نیوه‌ی ساڵ و به‌کالۆری شه‌شی بنه‌ڕه‌تی. به‌رده‌وامی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه به تایبه‌تی لابردنی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی و شه‌شی ئاماده‌یی (پۆلی دوانزه) هه‌روه‌ها لابردنی تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی هه‌موو پۆله‌کان، ڕیفۆرمی گرنگن و پێویسته بکرێن. هه‌روه‌ها گرنگه که قوتابی و خوێندکار مافی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت و بۆی هه‌بێت له‌و وانانه‌دا قوڵبێته‌وه که پێویستی پێیه‌تی و ئه‌و وانانه لاببات که پێوسیتی پێی نیه. به‌شه‌کانی ئاماده‌یی گرنگه زیادبکرێت. له سوید 17 به‌شی ئاماده‌یی هه‌یه. هه‌ر به‌شه‌ی چه‌ندین لقی جیاوازی لێده‌بێته‌وه، بۆ نموونه به‌شی زانستی، چه‌ند لقێکی هه‌یه له‌وانه لقی ماتماتیک، لقی کۆمپیوته‌ر، لقی زانستی خوێندنی باڵا…هتد.
له‌م ڕیفۆرمه تازه‌یه‌ی سوید ژماره‌ی به‌شه‌کانی ئاماده‌یی له 17 به‌شه‌وه ده‌کرێت به 19 به‌ش، له‌وانه پێنج به‌شیان تێورین و بۆ ئاماده‌کردنی قوتابیانه بۆ خوێندن له په‌یمانگا، زانکۆ و خوێندنی باڵا. 14 به‌شیان پیشه‌ین و بۆ ئاماده‌کردنی قوتابیانه بۆ بازاڕی کار.
له کوردستان به‌شه‌کانی قۆناغی ئاماده‌یی له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێناپه‌ڕن. هیچ کام له به‌شه‌کانیش لقیان لێنابێته‌وه، واته خوێندکاری قۆناغی ئاماده‌یی له کوردستان چه‌ند ڕێگایه‌کی سنوورداری له‌به‌رده‌مدایه و مافی هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدا زۆر سنووردار کراوه. به‌ڵام له سوید له 17 به‌شه‌وه ده‌یکه‌ن به 19. هه‌ر به‌شه‌ش سێ تا چوار لقی هه‌یه واته نزیکه‌ی 60 به‌ش و لقی جیاواز هه‌یه. ئه‌مه‌ش واده‌کات که خوێندکارێک ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێت به ئه‌ندازیار زیاتر وانه‌کانی ماتماتیک و فیزیا بخوێنێت نه‌ک بایۆلۆجی و مێژوو و جوگرافیا. مرۆڤ که مافی هه‌ڵبژاردنت دایه زیاتر هه‌وڵده‌دات بگات به ئامانجه‌کانی چونکه هه‌ست ده‌کات که گوێ له ده‌نگی گیراوه و بواری بۆ ڕه‌خساوه که گه‌شه بکات. له کوردستان بواری زۆر بۆ قوتابیان و خوێندکاران ناڕهخسێنین بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان سه‌ربه‌ستانه بڕیاری خۆیان بده‌ن . کاره‌ساته‌که گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی که سیسته‌مه‌که ڕێگا له قوتابیان ده‌گرێت که داخڵی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری ببن و ڕێگه‌یان لێده‌گیرێت که هه‌وڵبده‌ن زیاتر کۆشش بکه‌ن و به‌رده‌وام بن له قوتابخانه. داخڵکردنی هه‌موو قوتابیانی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری بڕیارێکی باش بوو، ئه‌نجامه‌که‌ی بووه هۆی ده‌رچوونی پێنج هه‌زار قوتابی. ئه‌م کارئاسانیه هه‌زاران لاوی کوردستانی به‌هێزکرد له بڕوابه‌خۆبوون و وزه‌یه‌کی زۆری داونه‌تێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر خوێندنه‌که‌یان. کوردستان پێویستی به‌ده‌یان بڕیاری له‌و جۆره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندن شیرین بکات لای قوتابی و ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری که‌مبکاته‌وه.
به‌شه‌کانی خوێندنی قۆناغی ئاماده‌یی له سوید به پێی ئه‌م ریفۆرمه تازه‌یه بریتین له:
1. به‌شی ئابوری
2. به‌شی هونه‌ری و مرۆڤیی
3. به‌شی وێژه‌یی (زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی) و مێدیا
4. به‌شی زانستی (زانستی سروشتی)
5. به‌شی ته‌کنیک
6. به‌شی ته‌کنیکی بیناسازی
7. به‌شی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵناسی
8. به‌شی کاره‌با و وزه
9. به‌شی ته‌کنیکی فڕین
10. به‌شی ماشێن و گواستنه‌وه
11. به‌شی بازرگانی و کارگوزاری
12. به‌شی کاری ده‌ست
13. به‌شی گه‌شتوگوزار و ئوتێل
14. به‌شی ته‌کنیکی پیشه‌سازی
15. به‌شی رێبه‌ری
16. به‌شی خوارده‌مه‌نی و رێستوران
17. به‌شی ته‌کنیکی ده‌ریاوانیی
18. به‌شی ته‌کنیکی که‌شوهه‌وا و گه‌رمی
19. به‌شی چاودێری و په‌رستیاری
به‌شه‌کانی 1-5 تیۆرین، به‌شه‌کانی 6-19 پیشه‌یین.
ئه‌و وانانه‌ی که ده‌بێت هه‌موو قوتابیه‌ک بیخوێنێت به بێ گوێدانه به‌شه‌کان بریتین له: ماتماتیک، ئینگلیزی، سویدی، وه‌رزش و ته‌ندروستی، زانستی ئاینه‌کان، زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی سروشتی، مێژوو.
ژماره‌یه‌کی زۆری وانه‌ش که قوتابی به پێی ئاره‌زو و پێویستی خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت.
بێجگه له به‌شه‌کانی تیۆری و پیشه‌یی، به‌شێکی تریش هه‌یه که زۆربه‌ی وانه‌کانی له کۆمپانیا و شه‌ریکه و شوینه‌کانی تری بازاڕی کاردا ده‌خوێندرێن.
یه‌کێک له ریفۆرمه گرنگه‌کانی تری ئه‌م سیسته‌مه تازه‌یه له سوید بریتیه له بونی رێپیشانده‌ری خوێندن و کار له قوتابخانه‌کاندا. ئه‌م ریفۆرمه له یاسای قوتابخانه‌کانی سویددا ده‌نوسرێت له ژێر ناوی مافی قوتابی له وه‌رگرتنی ئامۆژگاری له لایه‌ن رێپیشانده‌ری خوێندن و کاره‌وه.
ریفۆرمه‌کان گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ن. هه‌ر بۆ زیادکردنی ئاستی زانستی و زانیاری قوتابی نین به‌ڵکو هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزکردنی هه‌ست و به‌رزکردنه‌وه‌ی قوتابین تا ئه‌و ئاسته‌ی باوه‌ڕی به‌خۆی ده‌بێت و ژیانی لا خۆشه‌ویست ده‌بێت.
زانست ده‌توانێت مرۆڤ یا سه‌رکوتبکات یا به‌ختیاری بکات. زانست به‌بێ به‌هره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته ئامرازی سه‌رکوتکردن. مامۆستایه‌ک ئه‌گه‌ر قوتابیه‌که‌ی لێی ترسا یا دکتۆرێک ئه‌گه‌ر لوتبهرزبێت به‌رامبه‌ر نه‌خۆشیک، ئه‌و مامۆستا و دکتۆره هه‌رچه‌نده ئاستی زانستیان به‌رزبێت، هه‌ر سه‌رکوتکه‌رن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی به‌هره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان نزمه.
مامۆستا رێبه‌ره، یا رێبه‌رێکی باشه یا خۆی پێویستی به باشبون هه‌یه. رێبه‌ری باش له رێگه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رزی مرۆڤایه‌تیه‌وه له‌گه‌ڵ قوتابیه‌کانیدا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. رێبه‌ری خراپ خاوه‌ن پۆستێکه که پێی دراوه به بێ ئه‌وه‌ی به‌هره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت.
قوتابی پێویستی به‌وه هه‌یه که رێبه‌ره‌که‌ی به‌رزی بکاته‌وه، بیباته پێشه‌وه، ژیان و زانستی لا خۆشه‌ویست بکات. کارئاسانی بۆ بکات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر خوێندن.
خوێندنێش ده‌بێت بۆ هه‌موان بێت هه‌تا بتوانین له کوردستاندا نه‌خوێنده‌واری بنبربکهین هه‌روه‌ک له وڵاتی سویددا کراوه. گه‌یشتن به‌و ئامانجه پیرۆزه کارێک نیه نه‌کرێت. به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ویستمان هه‌بێت و به‌رده‌وامبین له‌سه‌ر چاکسازی له سیسته‌می فێرکاریدا ئه‌وه ده‌گه‌ینه ئامانج چونکه کوردستانیان هیچیان که‌متر نیه له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری ئه‌م سه‌رزه‌مینه ئه‌گه‌ر بواری پێشکه‌وتنیان بۆ بڕه‌خسێنرێت.