
کرێکارێکی بچکۆله
کرێکارێکی بچکۆله
به‌کر ئه‌حمه‌د
من سه‌عات حه‌وت هه‌ڵده‌ستم و ده‌چم بۆ کار
کوڕه‌که‌یشم چاوخه‌واڵوو، ده‌بێ بچێ بۆ دایه‌نگا
من ته‌مه‌نم سه‌ر و چله‌و
ئه‌ویش پێنج ساڵ و چکێکه
من هه‌شت سه‌عات له‌سه‌ر کارم
ئه‌ویش هه‌شت سه‌عات ئازادی وا به‌ده‌ستی کچه‌کانی دایه‌نگاوه.
سه‌عات دوانزه پشووم هه‌یه، ئه‌ویش وه‌ک من.
سه‌عاتی پێنج دێمه‌وه ماڵ، ئه‌ویش هه‌روا.
من نازانم ،
سه‌عاتکاری من درێژه، یاخود هی ئه‌و
کێ له‌وی دی ماندووتره و
کێمان له باوه‌شی کێدا، چاوه‌کانی دهچێتهخهو.
من نازانم
ئه‌وه منم کار ده‌مباته "باوهنگا"ی خۆی
یاخود ئه‌وه، کاری یاری ده‌یباته ناو دایه‌نگای خۆی
من نازانم، له‌م وڵاته‌ی کاری منداڵ قه‌ده‌غه‌یه
بۆ کرێکاره وردیلانهکهم نابینرێ
بۆ که‌س ناڵێ: پیاوی گه‌وره
ده‌کرێ بۆ کار، هه‌شت سه‌عاتی خۆت بفرۆشی،
به‌ڵام ئاخر، هه‌شت سه‌عات له خه‌نده و بزه، چۆن ده‌فرۆشرێ؟
6ی سێپتێمبه‌ری 2008