
به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د: به‌شی دووه‌م
به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د:
بۆ پرۆ- دووستانده‌رده‌کانی زمانی کوردیی له هه‌ر کوێیه‌ک بن!
کامیار سابیر
به‌شی دووه‌م
له ره‌وشێکدا که زمانی کوردیی له قۆناغێکی بڵندی دایگڵۆسیاییدایه، ده‌بێت به‌ئیراده‌یه‌کی سیاسیی و نیشتمانیی گه‌وره‌وه بیر له یه‌ک ستانده‌ردی سه‌رتاسه‌ریی بکرێته‌وه. دایهلێکهتهکانی تر ده‌بێ به‌ڕێژه‌یه‌کی گونجاو له پرۆگرامه‌کانی خوێندندا هه‌بن، ئه‌ویش له‌پێناو خزمه‌تکردنی زمانی کوردییدا، نه‌ک بۆ سه‌رئێشه‌و ئاژاوه نانه‌وه. سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان، پێویسته یه‌ک زمانی فه‌رمیی و ئیداریی هه‌بێ. مخابن له‌هیچ شوێنێکی دنیادا، نه‌بووه دایه‌لێکتێکی خۆماڵیی له هه‌مبه‌ر زمانی ستانده‌ردی نیشتمانییدا، له‌به‌رامبه‌ر زمانی پایته‌خت و حکومه‌تدا لاساریی بکات. که‌چیی له بادینان، تابلۆی سه‌ره‌کیی زانکۆی دهۆک به بنزاراوهکهی خۆیان نووسراوه. ئه‌م به‌ره‌ڵاییه له‌و وڵاتانه‌ش نییه که به‌حیساب جووتستاندهردن. مه‌گه‌ر ئه‌وه نییه نینۆرشکهی ( نینۆرسک) وڵاتی نۆ‌رویژ خه‌ریکه ده‌چێته‌وه که‌وڵی خۆی، له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆکماڵیی رۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌شه‌کردندایه.
دۆکترینی دووستانده‌ردیی یان چه‌ند ستانده‌ردیی بۆ زمانی کوردیی، هه‌مان مێنتا‌ڵیتی سه‌رۆک هۆزه‌کانی کورد، سه‌رۆک حیزبه‌کانی کورد، سه‌رۆک ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستانه به‌ڵام به بیچمێکی ئه‌کادیمیی و لینگویستیکییهوه له‌بازاڕی گه‌نده‌ڵیی کوردستاندا ساغده‌کرێته‌وه. هه‌مان مێنتا‌ڵیتی یه‌کێتیی و پارتییه له سیسته‌می فیفتیی بهفیتییدا که ده‌سه‌ڵاتیان قۆرغکرد و له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شیانکرده‌وه. راییکردنی دڵی هه‌موو ئه‌و سیاسیی و ئه‌کادیمیی و رۆشنبیرانه‌یه، به‌بست له ده‌واری خێڵ و عه‌شیره‌تگه‌رایی دوور نه‌که‌وتوونه‌ته‌وه. دووستاندهردی به‌سروشتیی له ناو هزری کوردی خێڵه‌کییدا ته‌واو دیفاکتۆیه، به‌بیانووی پاراستنی زاراوه‌کانه‌وه! ( کهنامۆیه به‌هه‌موو پێوه‌ره لینگویستییهکان) ده‌یانه‌وێ له‌ئاستی سیاسیی و کو‌لتووریی و نه‌ته‌وه‌ییشدا بهدیفاکتۆی بکه‌ن. به‌بڕوای ئه‌م نووسینه ئه‌مه به‌شێوه‌ی پراکتیک، سه‌ره‌تای که‌رتکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورده.
به‌م تێڕوانیانهوه، زمان و دایه‌لێکت، سه‌ره‌نجام لهشهڕێکدان و شه‌ڕه‌که‌ش هه‌ر ده‌بێ بکرێ. شه‌ڕه‌که له‌به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه. سیاسه‌توانێکی کاریزمای ده‌وێ ئه‌م چه‌له‌حانێیه‌ی زاراوه لاواندنه‌وه‌یه کۆتایی پێ بهێنێ. بڕیارێکی سیاسیی خورت و بوێری نیشتمانییانه‌ی گه‌ره‌که. له ئاستی جیهانییشدا، ئه‌و ئه‌ڤیندارییه له‌گه‌ڵ زاراوهکاندا به‌سه‌رچووه. لهمانیفێستۆی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا UN و له‌پێشه‌کیی preamble و ناوه‌ڕۆکی چارتهرهکاندا، باسی پاراستنی مافی نه‌ته‌وه‌و که‌مایه‌تییه‌کان و مرۆڤه جیاوازه‌کان و زمانه‌کان کراوه، باسی ره‌گه‌زی نێر‌و مێ و جیاوازیی ره‌نگ-پێستیی…تاد کراوه به‌ڵام هیچیان توخنی دایه‌لێکت و سهبدایهلێکتهکان ناکه‌ون. ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن کورد چه‌ند زمانێکی نووسینی هه‌بێ ( به‌شێوازی ره‌شبه‌ڵه‌کی دایه‌لێکته‌کان) و وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بمێنێته‌وه، له دنیایه‌کی زۆر فانته‌سیی و ئایدیۆلۆژییدا باسکی ئه‌فسووناویی راده‌ده‌ن. باسکێک له دوور‌و نزیکه‌وه به‌ر یه‌ک گه‌ردی زمان و زانستی زمانه‌وانیی ناکه‌وێ.
یه‌کێک له نه‌خۆشییه ده‌رده‌داره‌کانی زمانی کوردیی ئه‌وه‌یه، که‌مترین توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کراوه، راستییه‌که‌ی کورد له‌سه‌ر هیچ تشتێک توێژینه‌وه‌ی ته‌واوی نییه. له‌مه‌ڕ که‌رکوک به‌میلیۆن وتاری سیاسیی پڕ له دروشمی کوردایه‌تیی و شۆڕشگێڕیی نووسراوه، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌هه‌مووی چوار توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی ورد نییه. زمانی کوردییش خه‌ریکه وه‌ک هه‌ر بابه‌تێکی تر به‌وتاری سیاسیی و لافیته نووسین و ناڕه‌زایه‌تیی ئاغاوات و عه‌شیره‌ته‌کانی کورد بسپێردرێ. خه‌ریکه کۆمه‌ڵی واعیزنووسی خۆبهزمانزان و کۆمه‌ڵی پینه‌دۆزی به‌ناو زمان‌زان خۆیان بهکاپتنی زمانی ستانده‌ردی کوردیی ده‌ناسێنن. له‌کاتێکدا ژماره‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌ماوه‌ی دوور‌و نزیکدا له‌سه‌ر زمان کراون، ئه‌وه‌نده که‌من هه‌موویان به‌یه‌ک رۆژ ده‌خوێنرێنه‌وه. به‌بڕوای ئه‌م نووسینه، باشترین چه‌کێکی هێمنانه‌و ئاشتییانه که بۆ ستانده‌ردایزی زمانی کوردیی به‌کاربهێنرێ، ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر زمانی کوردیی وتار و توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی و داتابهخش بنووسرێن. ته‌نیا نووسین و توێژینه‌وه‌یه، ئارگیومێنته‌کان بای باڵیان تێیدا ده‌ده‌ن و که‌سانی پسپۆر و رووناکبیرانی کورد و زمانناسه‌کان، به ئه‌نجامگیریی ده‌گه‌ن.
ئه‌وانه‌ی له‌ڕووی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌وه، له‌ڕووی مێنتا‌ڵیتی هۆز و ناوچه‌گه‌رییه‌وه باسی مافی زاراوه‌کان و بنزاراوه‌کان و چه‌وساندنه‌وه‌یان ده‌که‌ن، به کڵاوله‌سه‌رنانی لینگویستیکیی و فڕوفیشاڵی زمانه‌وانیی به‌خه‌ڵکی کوردستانی ده‌فرۆشنه‌وه، به‌یه‌ک رسته، قه‌ڵای وڕێنه و مۆتیڤهکانیان هه‌ره‌س دێنێ. " له کۆنفراسه جیهانییه‌کانی زمانناسییدا، باسی کڕوزانه‌وه‌ی دایه‌لێکته‌کان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێ". به‌ڵکوو باسی زمان و مافی پاراستنی زمانی که‌مینه‌کان و جڤاکه‌کان ده‌کرێ. له‌ڕاگه‌یاندراوی جیهانیی مافه زمانه‌وانییه‌کاندا (Universal Declaration of Linguistic Rights) ، که کۆنفرێنسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بوو، له‌سه‌ر زمان و مافه‌کانی، له‌شاری بارسلۆنه ( به‌رشلۆنه) له‌ساڵی ١٩٩٦ دا به‌سترا ، به‌سه‌دان جار باسی زمان و مافه‌کانی به‌هه‌موو جۆرێک کراوه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باسی دایه‌لێکته‌کان و سهبدایهلێکتهکان نه‌کراوه. به‌م دیده لینگویستیکییهوه، ئه‌م نووسینه به‌ڕۆحێکی دیکتاتۆریانه‌ی لینگویستیکییهوه داوای ئه‌وه ده‌کات، له کوردستانی باشووردا ده‌بێ زمانی ستانده‌ردی کوردیی ساغبکرێته‌وه. هاوکات داوای له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ته‌واوی زاراوه‌کان بۆ خزمه‌تی زمانی کوردیی و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی له‌ئایینده‌دا ده‌کات. پێویسته یه‌ک زمانی نووسین هه‌بێ. زمانی ده‌وڵه‌ت و داموده‌سگا حکومیی و ئیدارییه‌کان بێت. زمانی په‌روه‌رده‌و دادگا و یاساکان بێت.
که‌یسه ناوازه‌کان و زمانناسه خۆتێههڵقورتێنهکان
له زۆرینه‌ی ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وانه‌ی که زمانی نووسینی تێدا ساغکراوه‌ته‌وه، دایهلێکتێ، یان زمانێ له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی تر به بڕیارێکی سیاسیی، ئه‌کادیمیی، یان بڕیارێکی جه‌ماوه‌ریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به زمانی ستاندهرد کراوه. ئێستاش له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌مان خه‌ڕه‌ک له‌ئارادایه، هه‌ندێک هه‌ن، پێیان سه‌خته ددان به‌و راستییه لینگیوستیکییهدا بنێن که زمانی ستانده‌ر، له‌ڕێگه‌ی ساغکردنه‌وه‌ی زمانێکه‌وه ده‌بێ به‌سه‌ر زمانه‌کانی تردا، یاخود له‌ڕێگه‌ی ساغکردنه‌وه‌ی دایه‌لێکتێک ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا. ئه‌مه بۆخۆی دوالیزمێکه کورد به‌ده‌ستییه‌وه گیری خواردووه. فاکته‌کان و دیفاکتۆکان وه‌ک رۆژی رووناک ده‌بینێ، که‌چیی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی پراکتیک و نووسیندا، ناوێرێ ددان به‌ڕاستییه‌کاندا بنێ و خه‌ریکی منگه‌منگ و پاساو هێنانه‌وه‌ی نالۆژیکییه. له‌گه‌ڵ ناخی خۆی و نووسینه‌کانی خۆیشیدا راست ناکات.
ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن زمانی کوردیی به‌ده‌ردی زمانی نۆرویژیی به‌رن، ئاخۆ ئاگایان له‌وه هه‌یه که زمانی نینۆرسک Nynorsk ( زمانه‌و دایه‌لێکت نییه ). له‌کاتێکدا به‌پێی یاسای وڵاتی نۆ‌رویژ، زمانێکی فه‌رمیی و نیشتمانیشه، که‌چیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌هیچ شارێکی نۆریوژدا زمانی فه‌رمیی دامودهسگاکان نییه. زمان و ستاندهردایزبوونی که یه‌کێکه له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردیی، به‌دڵنیاییشه‌وه زۆر ناسیۆنالیزمێکی گه‌لحۆ و گه‌لۆره، هیچی له‌مه‌ڕ زماندا پێناکرێ. ناسیۆنالیزمی کوردیی، له‌سیاسه‌تیشدا گورجوگۆڵ و نابه‌ڵه‌ده، مه‌گه‌ر بهپشتداخستنی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا، جگه له یه‌کێتیی و پارتیی که سه‌ره رمی ناسیۆنالیزمی کۆنه‌پارێزی کوردیین، کهسیتر و لایهنیتر ئه‌وه‌نده لێی به‌رپرسیارن.
هه‌ردوو دۆکترینی دووستانده‌ردیی و هیچستاندهردیی ( سفرستاندهردیی! ئه‌وانه‌ی داوای ئه‌وه ده‌که‌ن که زمانی کوردیی، هه‌لومه‌رجی سیاسیی و نێوده‌وڵه‌تیی رێگه‌ی پێنادات ستاندهردایز بێت و به ئازادبوونی کوردستانی گه‌وره‌وه ده‌یبه‌ستنه‌وه)، پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی و سۆسیۆلینگویستییهکانی چه‌مکی نه‌ته‌وه دروستبوونن. واته هه‌ردوو دۆکترینی دووستانده‌ردیی و هیچستاندهردیی ( که پانکوردیسته‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن)، له‌گه‌ڵ هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی بۆچوون و دۆکترینی چێ‌کردنی نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت و مۆدێرنیزم‌دا نه‌ک هه‌ر نایه‌نه‌وه، به‌ڵکوو زۆریش لێوه‌ی دوورن.
بۆچوونه‌کانی فه‌یله‌سوف و ئهنسرۆپۆڵۆجیستی کۆمه‌ڵایه‌تیی ( ئێرنست گێڵنه‌ر- Ernest Gellner ) له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم و رۆڵی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له ستاندهردکردنی خودی نه‌ته‌وه‌دا به‌مشێوه‌یه‌یه ، ئه‌وه ناسیۆنالیزم و ره‌هه‌نده فیکرییهکهیهتی ، نه‌ته‌وه و جڤاکه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنێن نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه (١٩٨٣، Gellner ). ئه‌گه‌ر به‌م کرایتێریایه بێ، ناسیۆنالیزمی کورد که هه‌نووکه له کوردستانی باشووردا له ترۆپکی ده‌سه‌ڵاتدایه ، نه‌ک هه‌وڵی چێ‌کردنی نه‌ته‌وه‌ی کوردی به‌هیچ کلۆجێ نه‌داوه به‌ڵکوو نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌سه‌ر کوڕه قۆزه‌کانی عه‌شیره‌ت و خێڵدا، به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ڤه‌رێکی به‌رته‌سکی ناوچه‌که‌ی خۆیان له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه داده‌نێن، ته‌خشان و په‌خشان ده‌کات.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک بناغه‌یه‌کی توندوتۆڵ ده‌بووایه یه‌کێک له‌به‌رنامه‌کانی به‌رنامه‌ی زمانیی بووایه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی زمانی فه‌رمیی هه‌رێم، به‌پێی ستانده‌رده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، چه‌مکی نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت nation-state و داڕشتنه‌وه‌ی بنه‌ما کو‌لتووریی و زمانه‌وانییه‌کانی پێویسته وه‌ک یه‌کێک له‌فاکته‌ره‌کانی ته‌بایی و خۆڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵی نه‌ته‌وه‌یی، زمانێکی کۆمۆنی هه‌بێ. ئه‌م زمانه کۆمۆنه‌ش ده‌بێ سه‌رتاسه‌ری ناوچه جیۆگرافییه‌کان بگرێته‌وه، باشه هۆی چییه هێز نییه بتوانێ که‌ڵه‌گایی دایه‌لێکتێکی کوردیی بنیشێنێته‌وه؟ ئایا ئه‌و لۆبییه‌ی له‌پشت ئه‌مانه‌وه‌ن کێن و کێ کۆمه‌کی ماددییان ده‌کات؟ ئه‌و لۆبییه‌ی که توانیویه‌تی مه‌ڵاشووی هه‌ندێ کوردییزانی لاکه‌وته و په‌خشاننووسی کوردستانی رۆژهه‌ڵات له‌تاراوگه‌دا ته‌ڕبکات ، بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ستانده‌ردبوونی زمانی کوردیی له‌کوردستانی باشووردا بکه‌ن. له‌کاتێکدا کوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌لومه‌رجی زمانی کوردیی تێیدا زۆر له کوردستانی باشووره‌وه نزیکه. له ساته‌وه‌ختێکدا ستانده‌ردبوونی زمانی کوردیی له‌هه‌رێمدا گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی سیاسیی و کو‌لتووریی ده‌بێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌گشتیی و کوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تیی.
کێشه‌ی لینگویستیکیی له کازاخستان و کوردستان
ئه‌م ئاسته‌نگی زمان ستاندهردبوونه، هه‌ر ده‌رگیری کوردستان نه‌بووه، بگره وڵاتێکی وه‌ک کازاخستان و بیلاروسیاش ده‌رگیرن. ده‌کرێ له‌سه‌ر ته‌وه‌زه‌لیی و نه‌زانیی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه، له‌هه‌مبه‌ر دۆزی زماندا باسی ناسیۆنالیزمێکی تر بکه‌ین، بۆ نموونه له‌دوای پێرێسترۆیکاوه perestroika که هه‌ره‌سی سیاسیی و جیۆگرافیی سۆڤێتی به‌دواوه بوو ، یه‌که‌مین وڵاتێک که‌داوای ستاندهردایزکردنی زمانه‌که‌ی خۆی کرد، وڵاتی ئیستۆنیا بوو، هه‌ر دوای که‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت له کۆماره‌کانی پێشووی سۆڤێت، له ماوه‌ی که‌متر له ساڵێکدا، ته‌واوی کۆماره سه‌ربه‌خۆکانی تر، هه‌مان پرۆسێسی ستاندهردایزکردن و ئۆفیشهڵکردنی زمانه‌کانی خۆیان گرته‌به‌ر. هه‌نووکه حه‌ڤده ساڵه ناسیۆنالیزمی عه‌شیره‌تیی کورد له‌کوردستانی عێراقدا نه‌یتوانیوه زمانی کوردیی ساغبکاته‌وه. له‌هه‌رێمی کوردستاندا، ستانده‌ردبوونی زمانی کوردیی، به‌واتای بهماستهرکردنی هیچ دایه‌لێکتێک به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا نایات. به‌ڵکوو ئه‌وه کێڵگه‌ی ئه‌کادیمیاو ئه‌ده‌بی کوردییه که کرمانجیی ناوه‌ڕاستی به ماستهرزمان کردووه.
ئه‌وه‌ی که گرفتی ستانده‌ردبوونی زمان له وڵاتی کازاخستاندا، هاوشێوه‌ی ئه‌و سه‌رگه‌ردانییه‌ی کوردستانه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ناسیۆنالیزمی کازاخیی، به‌هه‌مان میتۆدی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمێکی وریا نه‌بووه، ناسیۆنالیزمێکی داوه‌شاو بووه، دوای رووداوه‌کان که‌وتووه، نه‌ک پێش رووداوه‌کان بکه‌وێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پانکازاخییهکانیش به‌هه‌مان مێنتا‌ڵیتی پانکوردیسته‌کان له زمان و فه‌نکشنه‌کانی زمان ده‌گه‌ن. ئه‌م مۆدێلی سه‌رگه‌ردانییه، رێک به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی کورددا قشت و خشت جێکه‌وت ده‌بێ، ناسیۆنالیزمی کوردیی هه‌میشه زۆر دره‌نگ به‌خۆ که‌وتووه، زیندووترین نموونه‌ش ئه‌و هه‌موو هه‌رایه‌ی له‌سه‌ر که‌رکوک ده‌یکه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی پارله‌مانی عێراق، بڕیاری دابه‌شکردنی شاره‌که‌ی تێپه‌ڕاند. ئه‌گه‌ر چاره‌کی ئه‌وه‌یان بکردایه له‌پێشتردا و حیزبحیزبێنهیان نه‌کردایه‌و گه‌نده‌ڵیی به‌شێوه‌ی خۆره هه‌لاهه‌لای نه‌کردنایه، هه‌نووکه که‌رکوک له ئامێزی کوردستاندا ده‌بوو، زمانی کوردییش، هاوشانی عه‌ره‌بیی و تورکماننی، زمانی سه‌ره‌کیی و فه‌رمیی شاری که‌رکوک ده‌بوو.
زمان بوونی نه‌ته‌وه‌یه، رۆحی نه‌ته‌وه‌یه، دڵی نه‌ته‌وه‌یه، هه‌روه‌ک چۆن ناسیۆنالیستی ئۆکرانیی مایکۆلا کۆسیڤ ده‌ڵێ" زمان نه‌بێ، خه‌ڵکیش نییه، خه‌ڵک نه‌بێ ده‌وڵه‌تیش نییه" (١٩٩٤kosiv, ). داوهشینه بۆ ناسیۆنالیزمێک داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بکات ، که‌چیی دوو په‌روه‌رده‌ی حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی له‌و شاره‌دا شانبه‌شانی یه‌ک به‌سه‌ر زارۆکی کورددا تێده‌په‌ڕێنن. ناسیۆنالیزمێک له‌په‌روه‌رده‌و مه‌سه‌له‌یه‌کی ههستیارو پڕ له‌داتای وه‌ک زماندا، ئه‌جێندایه‌کی هاوبه‌شی نه‌بێ، چۆن له چاره‌نووسی سیاسیی شارێکدا، که مێژووی خه‌باتی نیو سه‌ده‌ی کوردی تێدا خه‌رجکراوه، هاوده‌نگیی ده‌بێ؟ زۆربه‌ی ئه‌و ناسیۆنالیزمانه‌ی که وڵاتیان داگیرکراوه یان لهئۆپۆزیسیۆندا بوونه ، له زمان و کو‌لتووردا خۆیان ساغکردووه‌ته‌وه. به‌ڵام ناسیۆنالیزمی کوردیی ده‌ستی بۆ ئه‌مه‌ش نه‌بردووه.
به‌پێی ئاماره‌کانی کازاخستان بێت، له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمۆنیزم و ستالینیزمدا، که‌متر له‌١% خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته به ته‌واویی تونیویانه به زمانێکی پاراوی کازاخیی بئاخفن. كه‌چیی به‌و دهردهسهریهشهوه ناسیۆنالیزمی کازاخیی توانیتی زمانی وڵاته‌که‌ی خۆی ستاندهردایز بکات له‌ڕێی پلانێکی سیاسیی و زمانیی بهرنامهڕێژکراوهوه، به‌زمانی ده‌وڵه‌ت " State Language" کرا. ته‌نیا پاش یه‌ک ساڵ و به‌پلانێکی ستراتیژیی ولینگویستیی، به زمانی فه‌رمیی ته‌واوی داموده‌سگا سیاسیی و کو‌لتووریی و ئه‌کادیمییه‌کان دانرا. ورده ورده، به باشترین مۆدێل( Optimal Model) بڕیار درا، پێوه‌ندییه فه‌رمییه‌کان ته‌نیا و ته‌نیا به‌زمانی کازاخیی بێ(١٩٩٨،Kolstø).
هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی خه‌ڵک زارۆکه‌کانیان ده‌نارده ئه‌و خوێندگایانه‌ی به‌زمانی روسیی بوون، به‌ڵام ئه‌مه له پلانی زمانیی و نه‌خشه‌داڕشتنی ستانده‌ربوونی زمانی کازاخیی که‌منه‌کرده‌وه. وێڕای ئه‌مانه‌ش هێشتا زمانی روسیی زمانێکی باڵاده‌سته‌و قورسایی خۆی له‌بواری ئابوورییدا به‌ته‌واویی راگرتووه. به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت، چاره‌سه‌ری کێشه‌ی زمان له‌کازاخستان، له‌چاو کوردستاندا ئاسانتره. بایلینگوالیزم bilingualism هه‌روه‌ک چۆن له کانه‌دا و به‌لجیکا له سیسته‌می سیاسیی فیدراڵییدا جێکه‌وت کراوه، له کازاخستانیش ده‌کرێ زمانی روسیی و کازاخیی به دوو زمانی ستاندهرد bilingual Standard جێکه‌وت بکرێن.
به‌ڵام بۆچیی ئه‌م دۆخه ناوازه له کوردستانێکدا جێکه‌وت بکرێ که زۆرینه‌ی ره‌های دانیشتوانه‌که‌ی سه‌ر به‌یه‌ک ئێسنیکن که کوردیان پێ ده‌گوترێ؟ بۆچیی ده‌بێ دایه‌لێکته‌کانی کورد، ببرێته ئاستی جیاوازییه‌کانی دوو زمانی ره‌گ جیاوازی وه‌ک ئینگلیزیی و فڕانسیی، روسیی و کازاخیی………تاد. ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ، سیسته‌می سیاسیی و جیۆگرافیی له‌وڵاتی کانه‌دا، هێشتا ته‌واو سه‌قامگیر نییه، ئه‌و به‌شه دێمۆگرافییهی فڕانسیی زمانن، هه‌مووی چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بوو لهریفهرێندهمێکدا ویستیان له کانه‌دای به‌شه ئینگلیزییه‌که جودا ببنه‌وه. له‌هه‌ر ریفهرێندهمێکی تردا ئه‌مه بۆیان سه‌ر بگرێ ، هه‌ردوو به‌شه ئینگلیزیی و فڕانسییهکه له‌ده‌وری ته‌وه‌ره‌ی یهکستاندهردیی و یه‌کزمانیی چه‌ق ده‌به‌ستنه‌وه.
هه‌نووکه پلان و بیرکولیی پانکازاخییهکان له بواری پراکتیکدا ده‌رده‌که‌وێ، له پاش ده ساڵ له رمانی ستالینیزم ، گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ناسیۆنالیزمی کازاخیی هه‌ڵه بوو له سه‌پاندنی زمانی کازاخیی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی کازاخییدا، که زۆر کۆمیونیتی گه‌وره‌ی روسیی، ئاڵمانیی، کۆریایی… تاد تێدایه. زمانی کازاخیی بناغه و کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات له‌به‌رامبه‌ریشدا زمانی روسیی پێی قایمتر ده‌کاته‌وه. له دۆخێکی ئاوادا، لینگویستهکان بیر له دوو ستانده‌ردیی ده‌که‌نه‌وه، واته دوو زمانی فه‌رمیی و ستاندهرد ( روسیی و کازاخیی) ، نه‌ک وه‌ک سهرگهردانییهکهی ئێمه‌ی کورد، دوو ستانده‌ردیی یان چه‌ند ستانده‌ردیی له نێوان خودی دایه‌لێکته کوردییه‌کاندا به زمانناسیی بچوێنین!
له سییه‌کانی سه‌ده‌ی پێشوودا، پتر له‌نیو میلیۆن کۆریایی راپێچی ناو کۆماره‌کانی سۆڤێتی جاران کران، هه‌موویان لهرهگوڕیشهوه توێنرانه‌وه، ئێستا ته‌نیا به خوێن کۆریایین، زمانیان لێ قه‌ده‌غه‌کرا، کولتووریان لێ زه‌وتکرا، پتر له‌سه‌د هه‌زار کۆریایی هێشتا له کازاخستاندان ، زمانی سه‌ره‌کییان روسییه. که‌چیی کۆمۆنیسته زمانناسه‌کانی کورد ، نه‌ک سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هه‌موو سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌و جینۆسایده ناکه‌ن که له‌لایه‌ن کۆمۆنیسته‌کانی روسیاوه ده‌رهه‌ق به‌گه‌لانی تر کران، به‌ڵام شه‌ڕێکیان ناوه‌ته‌وه که جگه لهشهقوپهقکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد هیچ ئه‌جێندایه‌کی مرۆیی و زمانه‌وانیی تری له‌پشته‌وه نییه. هه‌ندێ نووسه‌ری کوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش له‌تاراوگه‌دا، که زۆربه‌یان یان کۆنه تووده، کۆنه چریکی چه‌پ و کۆمۆنیستن، یاخود کوردایه‌تییه‌کی زۆر کوێرانه ده‌که‌ن، خۆیان ته‌رخانکردووه بۆ ئه‌وه‌ی له دوو ستانده‌ردیی زمانی کوردیی داکۆکیی بکه‌ن. ستانده‌ردبوونی کرمانجیی ناوه‌ڕاست له کوردستانی عێراقدا، به زوڵم و سته‌م ده‌ناسێنن! مۆتیڤی ئایدیۆلۆژییش زۆر کۆنه چه‌پ و کۆنه کۆمۆنیستی رۆژگاری راستکرده‌وه و بێ هیچ لۆژیکێک و داتایه‌کی زمانه‌وانیی ده‌ستخۆشیی و سه‌نا بۆ ئه‌م جۆره بهلاڕێدابردنانهدا ده‌نێرن.