Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تۆ كامیانیت …!؟

تۆ كامیانیت …!؟

Closed
by September 10, 2008 ئەدەب

 تۆ كامیانیت …!؟
 بەهێز حوسێن

 
 وەكو ڕۆحم …بىَ پرس
 هاتویتەتە گیانمەوە
 ئەزانم كە تەمەنێكى و لە هەناسەیەكدا
 ئەبڕێیتەوە..!
 زۆر وەرزى ساڵم تێپەڕاندووە و
 كەچى نەمتوانى وەك حەزى خۆم
 بۆنى گوڵێكى وەنەوشەیى بكەم
 دەماخم پڕبكات لە بۆنى هەناسەیەكى تەزیو
 كە بەدیار گەرمى جەستەى عەشقێكەوە سەما دەكا
 نەمتوانى لە درێژترین شەوى زستانا
 یەڵدایەكى پڕ لە ڕاموسان بگوزەرێنم
 نەمتوانى خۆم بە بارانى ئەوەڵینى پایز بسمیل بكەم
 ئەوەتەى هەم ،
 شەرم ڕێگەى پێنەداوم
 ناوم لە تەوێڵى بارانا بنوسمەوە
 هەنگاو تینى نەداومەتىَ ملى ڕێگایەك بگرم
 ئەوسەرى نەبىَ ..
 ئەوەتانىَ …
 هێشتا لە تولەڕێیەكى لەكاروان دابڕاودام ، دەتلێمەوە
 ونبویەكم ، پەیم بە هەموو پەنهانەكانى كچێنى دونیا بردووە
 كەچى گرفتارانە
 بەدیار دۆزینەوەى پیاوەتیمەوە وەنەوز ئەمباتەوە..ّ !
 كەتۆ هاتوویى ،
 وەك ئەوەى هەورێك بى و لەگەرمەى هاوینا
 ژانى بارانێكت بۆ هاتبىَ
 وەك مشتىَ بەرائەتبى و بەسەر كوخى شەیتانێكدا ئارەزووى توانەوە بكەیت
 وەك ئەوەى تۆ منبیت و بتەوێت خۆمم نیشان بدەیتەوە
 ئاوا .. بەڵىَ ئاوا دێیت و
 مەنگترین گۆمى بیركردنەوەم ئەشڵەقێنیت..!
 
 گەر هەورى یەقینى،
 بەنازى پڕ لەجوانى خواوە داببارىَ
 گەر عەشقى
 بێ پاڕانەوە ، گوڵەكان بۆنپرژێن بكە و
 ناوىَ لەم عەرعەرەى بیابانى ڕۆحم بنىَ
 گەر كچێنیت ،
 سییەكانم پڕكەرەوە لە هەناسە و
 چاوەكانیشم لە تاسە
 ئەگەر خەونى،
 ئەم وەنەوزەم لێ تێك مەدە و
 لە شەوێكى یەڵدادا
 بێ بڕانەوە وەرە سەر بیلبیلەم
 گەر هەتاوى لە شەودا هەڵبێ
 گەر ڕێبوارى
 هەر لێرەوە تێپەر ببە و بێرەدا بێ
 ئا .. گەر ئاگرى
 لەم بن كەوڕگە چۆڵ و تەزیوەى ڕۆحمەوە
 بڵێسە بسێنە و
 خۆ ئەگەر مردنیشى
 تۆ بەرم پێبگرە
 چونكە هەر تۆ دەتوانى بەسانایى و
 بەبىَ فیزاع ، ڕۆحى شیرینم لىَ بسێنى …..!
 
                               2/8/2008
                               سلێمانى
 Bahez2006@hotmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.