به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د:
به‌ڕوخسه‌تی مه‌زنترین زمان‌ناسی کورد، مه‌سعود محه‌مه‌د:به‌شی سێیه‌م
بۆ پرۆ- دووستانده‌رده‌کانی زمانی کوردیی له هه‌ر کوێیه‌ک بن!
کامیار سابیر
"زمانی هاوبه‌ش نه‌ک دایه‌لێکته‌کان، نوێنه‌رایه‌تی ئایدێنتیتیی نیشتمانیی ده‌کات"
"جڤاکی نیشتمانیی له زمانێکی نیشتمانییدایه"
Thorlac Turville-Petre
به‌شی سێیه‌م
نه‌ته‌وه‌و زمان
ناسیۆنالیزمی کوردیی له‌ناوخۆی کوردستاندا، له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا نه‌یتوانیوه له‌هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان، که‌ره‌سه‌کان و توخمه‌کانی به‌نه‌ته‌وه‌بوونی کورد مکۆمتر بکات. زمان وه‌ک یه‌کێک له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌ڵکشانی ناسیۆنالیزم، هێزێکی ئه‌وتۆی له‌خۆ نه‌گرتووه. ماوه‌ی دوو- سێ ده‌یه‌شه کۆموینیتی کوردیی په‌رته‌وازه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بوونه و جۆرێک له جڤاکی دایاسپۆرایان پێک هێناوه. ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزمی دایاسپۆراش نه‌یتوانیوه ئه‌م فه‌نكشنه سیاسیی و کولتوورییه‌ی به‌رنامه‌ی زمانیی له‌ئه‌ستۆ بگرێ. ئه‌وه‌ی بێنه‌دیکت ئه‌ندرسن" ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرا" به" ناسیۆنالیزمی دوورمه‌ودا" ده‌چوێنێ، ناسیۆنالیزمێکه جگه له زایۆنیزمی لێ ده‌رچێ، نه‌یتوانیوه فه‌نكشنه ته‌واونه‌کراوه‌کانی ناوخۆ ته‌واو بکات(١٩٨٣، Anderson ).
ناسیۆنالیسته کورده‌کانی تاراوگه، زمانناسه کورده‌کانی دایاسپۆرا، نه‌یانتوانیوه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م ئه‌جێندایه گه‌شه پێبده‌ن. له‌هه‌مان ئۆربیتاڵی ناسیۆنالیزمی وڵاتی دایک ( کوردستان )دا ده‌خولێنه‌وه. ناسیۆنالیزمی سیاسیی و ناسیۆنالیزمی زمانیی دوو هاوتای یه‌کترین و زۆرینه‌ی کات ده‌ستله‌ملانی یه‌کترین. له که‌یسی ناسیۆنالیزمی کوردییدا به‌ته‌واویی ئه‌مه بزره. ناسیۆنالیزمێک هیچ پلانێکی ستراتیژیی و زمانیی نییه بۆ چێکردن یان جێکه‌وتکردنی زمانێکی فه‌رمیی و یه‌کگرتوو، لای که‌م له‌هه‌ریه‌ک له‌پارچه‌کانی کوردستاندا، هه‌ر حیزب و ده‌سه‌ڵاته لای خۆیه‌وه به‌گوێره‌ی دێمۆگرافیای ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆی بره‌و به‌و دایه‌لێکته ده‌دات که زۆر‌و بۆریی خه‌ڵکه‌که پێی ده‌ئاخفن، بۆ ئاوێزانکردنیش، جارجار وه‌ک دیشله‌مه زاراوه‌که‌ی تری تێکه‌ڵ ده‌که‌ن.
له خودی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، ناسیۆنالیزم که‌مترین ورده‌کاریی و زۆرترین چه‌وت و شاشیی هه‌یه. ناسیۆنالیزم مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر ئاستی کو‌لتووریی و ئێسنیکیی دابه‌ش ده‌کات و به‌شوێن په‌یداکردنی قه‌واره‌یه‌کی سیاسییه‌وه وێڵ ده‌بێت. له‌م ئاقاره‌شدا، گه‌ڕان به‌دوای ئایدێنتیتیهکدا که له‌زماندا باڵاده‌ستر ده‌بێته‌وه، گۆڵمه‌زه‌که قووڵتر ده‌کاته‌وه. ناسیۆنالیزمی کوردیی ئه‌وه‌نده‌ی دوای ده‌سه‌ڵات و پاره که‌وتووه، هه‌رگیز دوای ساغکردنه‌وه‌و ستاندهردکردنی زمانی کوردیی نه‌که‌وتووه، بگره ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بهئهندێشهیدا نه‌ڕوات، ساغکردنه‌وه‌ی زمانی فه‌رمیی و ستانده‌ردی کوردییه.
پلاندانان بۆ زمان، له زاری Wardhaugh ه‌وه، ده‌ستێوه‌ردانی مرۆییه له پرۆسه‌ی ساغکردنه‌وه‌ی زمان و دایهلێکتهکانیدا، ده‌ستێوه‌ردانێکی به‌ئه‌نقه‌سته له پرۆسه‌ی گۆڕینی زمان و سروشتی زماندا، پلانی زمانیی، جه‌خت له ستاتوسی status زمان یان گۆڕینی سه‌روگوێلاکی زمان ده‌کاته‌وه. له هه‌نووکه‌ی کوردستانی عێراقدا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، هیچ پێویستیی به‌مانه نییه که بیانکات، به‌ڵکوو ته‌نیا مۆرکردنی ئه‌و دیفاکتۆیه‌یه که زمانی کوردیی به زاراوه‌ی کرمانجیی ناوه‌ڕاست جێپێی خۆی تێیدا توندوتۆڵ کردووه ( ٢٠٠٢ ، Wardhaugh ).
وه‌ک فێرگه‌سن Ferguson باسی دایگڵۆسیای زمان ده‌کات، چه‌ندین کارێکته‌ری سه‌ره‌کیی بۆ دایگڵۆسیا ده‌ستنیشان ده‌کات، گرنگترینیان فه‌نکشن، پرێستیژبوون، میراتی ئه‌ده‌بیی، ده‌ستکه‌وتن( وه‌رگرتنی زمان)، ستاندهردایزبوون، سه‌قامگیریی، رێزمان، لێکسیکۆن و فهنۆڵهجی phonology ن. له‌هه‌لومه‌رجی دایگڵۆسیای زمانی کوردییدا وه‌ک زۆربه‌ی زمانه‌کانی دنیا، زمانێکی باڵا هه‌یه، زمانێکی نزم هه‌یه، وه‌ک زمانی ستانده‌ردی ئاڵمانیی که به‌زمانی باڵا High اسراوه، له‌به‌رامبه‌ریشدا ، زمانی ئاڵمانیی –سویسرایی که به‌زمانی نزم Low ناسراوه. له‌هه‌لومه‌رجی کوردستانی عێراقیشدا ئه‌م دایگڵۆسیایه به‌ته‌واویی زه‌قبووه‌ته‌وه. له‌ئاستێکی گشتیی‌دا، سه‌ره‌ڕای په‌رته‌وازه‌بوونی divergent زمانی کوردیی ، به‌ڵام کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو، فۆرمێکی گشتگیر و نۆرمێکی ستاندهردیان له‌نووسین و ئه‌ده‌بیاتی کوردییدا جێکه‌وت کردووه.
ئه‌م دایگڵۆسیابوونهی زمانی کوردیی، فه‌نکشنی خۆی زۆر به‌جوانیی و رێکوپێکیی ده‌کات و به سروشتییش به زمانی پرێستیژی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ناسراوه. به‌ڕای ئه‌م نووسینه ئه‌گه‌ر گرنگترین کارێکته‌ره‌کانی فێرگه‌سن له‌سه‌ر دایگڵۆسیای زمانی کوردیی به‌راورد بکه‌ین، فه‌نکشن و پرێستیژبوونه. له‌ولاشه‌وه، بنزاراوه‌ی بادینانیی وه‌ک به‌شێک لهکرمانجیی سه‌روو له‌هه‌ردوو کاته‌گۆرییه سه‌ره‌کییه‌که‌دا، واته له فه‌نکشن و پرێستیژبووندا، که‌وتووه‌ته دواوه و له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا بووه‌ته زمانی ده‌ڤه‌رێکی به‌رته‌سک ، هیچ قورساییه‌کی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ناوه‌ند و پایته‌خت و زمانی پرێستیژی کوردیی نییه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردیی خۆی تێ هه‌ڵنه‌قورتێنێ و ژێربه‌ژێر کاری حیزبیی و ئایدیۆلۆژییانه‌ی بۆ نه‌کات.
یه‌ک راستییه‌کی لینگویستیکیی، مێژوویی و سیاسیی له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردییدا هه‌یه، خۆبه‌خۆ زمانی کوردیی بهدووسهریی و به‌دوو کوێخایی هه‌نگاوی ناوه، به‌شێکی پێوه‌ندیی به جیۆپۆلیتیکی کوردستان و وڵاته کۆڵۆنیالیسته‌کانه‌وه هه‌یه، به‌شێكی تریشی پێوه‌ندیی به تێکست و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م دوو زاراوه‌یه‌وه ( کرمانجیی ناوه‌ڕاست و ژووروو) هه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ورامییه‌کانیش ستایڵی نووسینی جودایان هه‌یه. ئه‌و دوو ستانده‌رده‌ی هه‌ندێ که‌س باسی ده‌که‌ن، نه شتێکی نوێیان داهێناوه‌و نه نهێنییه‌کی زمانه‌وانییان دۆزیوه‌ته‌وه. به‌واتایه‌کی تر، هه‌لومه‌رجێکی دیفاکتۆ هه‌یه له ئاستێکی گشتیی‌دا به‌ڵام نه‌ک له‌کوردستانی عێراقدا که وا ده‌خوازێ ئه‌م دوو زاراوه‌یه شانبه‌شانی یه‌کدی رێبکه‌ن، ئه‌م دیفاکتۆیه‌ی زمانی کوردیی ( کوردستانی گه‌وره ئه‌گه‌ر یه‌ک قه‌واره بێت!!) ئه‌گه‌ری جێبه‌جێکردنی هه‌یه، به‌ڵام به‌م دابه‌شبوونه‌ی ئێستای کوردستانه‌وه، شێتخانهیهکه، نهێنییه‌که‌ی به‌س له هاوپه‌یمانیی هه‌ندێ له کۆمۆنیسته‌کان و پانکوردیستهکاندا ده‌دۆزرێته‌وه .
وێڕای ئه‌وه‌ی که کرمانجیی ژووروو نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که ستانده‌ردبوونی خۆی له‌ناو تێکستی کوردییدا بخه‌مڵێنێ، به‌واتایه‌کی تر له‌هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌دایه که خۆی ستاندهردایز بکات له‌ناو که‌وڵی خۆیدا ( نه‌ک له‌ئاستی ئه‌ده‌بی کوردییدا). به‌ڵام ئه‌م نووسینه بڕوای وایه، که نابێ ئه‌م شلهخهجێیه تا سه‌ربێت. ده‌بێت یه‌کێکیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییدا پرێستیژبوونی ئه‌ویدیان بسه‌لمێنێ و پێکه‌وه یه‌ک ستانده‌ردی گشتگیر دروست بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه روونه‌دات، ئه‌وه دوو زمانی ته‌واو جیاواز دروست ده‌بێ، ئه‌م دووزمانییهش له دوور مه‌ودادا، سه‌ره‌نجام کاره‌ساتی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی لێده‌که‌وێته‌وه‌و دابڕانێکی زۆر گه‌وره روو ده‌دات، که ئێسنیکبوونی کوردیش ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. به‌ڵام بۆ بناغه‌ی یه‌کزمانیی، باشترین هه‌لی مێژوویی و کو‌لتووریی له کوردستانی عێراقدا له‌ئارادایه، ده‌کرێ له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه، به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م ستاندهربوونه گشتگیره دابنرێ. ئه‌م بناغه‌یه‌ش بۆ یه‌کده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێداویستییه‌کی سه‌ره‌کییه. به دیوێکی تردا زمان و نه‌ته‌وه دوو کاته‌گۆری ئه‌و ئێسنۆ-نه‌ته‌وانه‌ن که ئێسنیکبوون بناغه‌ی نهتهوهییبوونیانه، نه‌ک هاوڵاتییبوون له وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌و فره ره‌گه‌زدا. چونکه کوردستان وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه نییه، راسته عه‌ره‌ب و تورکمان هاوشانی کورد ده‌ژین، به‌ڵام زمانی فه‌رمیی و سه‌رتاسه‌ریی ده‌بێ کوردیی بێ، زمانی عه‌ره‌بیی و تورکمانیی ، به‌هاوشانی کوردیی زمانی ئه‌و شوێنانه ده‌بن که زۆرینه‌یان عه‌ره‌ب و تورکمان بن، یان تێکه‌ڵه بن.
جیاوازییه کولتوورییه‌کانی دایه‌لێكت و زمان
نووسه‌ران و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری بادینانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، ده‌توانن یارمهتییدهرێکی باش بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌تپه‌تێنه‌ی ستانده‌ربوونی زمانی کوردییه له‌ئاستی سه‌رجه‌م هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کۆتایی پێبهێنن. ئه‌گه‌ر کوردبوون و ئایدێنتیتیی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی کوردیان له‌ئاستی عێراقدا بۆگرنگتره له تام و چێژی دایهلێکتهکهیان، ئه‌گه‌ر ده‌خوازن یه‌ک زمانی فه‌رمیی کوردیی له‌به‌غداد له‌به‌رامبه‌ر زمانی عه‌ره‌بییدا هه‌بێ، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ له‌پاڵ خوێندنی زمانی فه‌رمیی و ستانده‌رددا، زاراوه‌که‌ی خۆیشیان بخوێنن چ له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدا و به گوێره‌ی پسپۆرانی په‌روه‌رده‌یی، چ له‌ده‌ره‌وه‌ی داموده‌سگا فه‌رمیی و حکومیی و په‌روه‌رده‌ییه‌کاندا، گه‌شه‌ش به‌زاراوه‌که‌ی خۆیان بده‌ن.
به‌ڵام گه‌ره‌که خۆیان ساغبکه‌نه‌وه، یان کوردبوون له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، یاخود با به‌ئاشکرا داوای جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن. منیش ده‌نگم ده‌خه‌مه پاڵ ده‌نگی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌بێژن: ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی بادینانی هه‌رێمی کوردستان، له گه‌لی کوردی کوردستانی باشوور خۆیان پێ جیاوازتره و خولیای سه‌ربه‌خۆیی له مێشکیاندایه، با داوای سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن و جودا ببنه‌وه. له‌دڵیشه‌وه پیرۆزباییان لێده‌که‌م. ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافی که‌مینه‌کان لێره‌دا به‌ده‌رده‌که‌وێ، نه‌ک له‌په‌نای ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه ئه‌م ئاگری جودایی و دووزارییه زێتر گه‌ش بکرێته‌وه‌و گه‌وره‌ترین زه‌بر له جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بدات .
ئه‌وه چ پێوه‌ندییه‌کی به‌مافی مرۆڤ و سته‌م و جه‌وری په‌روه‌ره‌ده‌یی و کولتوورییه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌کوردستانی عێراقدا، ئه‌وه‌ی خودی ناسیۆنالیسته عه‌شایه‌رو مۆدێرنه‌کانی کورد ناویان ناوه "چه‌پکه‌گوڵ"، ئه‌گه‌ر له‌ناو ئه‌و چهپکهگوڵهدا، گه‌شترین و جوانترین گوڵیان هه‌ڵببژێردرێ و ئه‌وانی دیکه‌ش بکرێن به هۆکاری زێتر رازاندنه‌وه‌و ره‌ونه‌قدان پێی، چ زیانێکی بۆ زاراوه‌کان ده‌بێ؟. ئا لێره‌دا شۆڤینزمی "ناوچه‌یی، تیره‌یی، عه‌شیره‌تیی، شاریی، به‌ره‌بابیی، بنزاراوهیی، حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی" و ته‌نانه‌ت ترادیسیۆنی پۆشاک جیاوازییش زه‌قده‌کرێنه‌وه. ئه‌وانه‌ی پاساو بۆ ئه‌مانه ده‌هێننه‌وه، به‌شێک له‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه که خۆیان به ئێنتێڵهجێنسیای نایاب و خه‌مڵیو و دنیادیده ئه‌ژمارد ده‌که‌ن. یاخود له باشترین دۆخدا، سه‌رکزیی و بێده‌نگیی هه‌ڵده‌بژێرن له ئاست بیانووی خوێندن بهزاراوهو بنزاراوهکاندا ، بیانه‌وێ یان نه‌یانه‌وێ، که‌مته‌رخه‌میی ده‌که‌ن و خۆیان له‌ڕاستییه‌کان ده‌دزنه‌وه. بیانه‌وێ یان نه‌یانه‌وێ مامهحهمیی ده‌که‌ن و نایانه‌وێ دڵی که‌سیان لێ بڕه‌نجێ. ئه‌م دڵنهڕهنجان و دڵڕاگرتنی هه‌موو که‌س و هه‌موو لایه‌نێک، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دوالیزمیی و ساخته‌کارییه‌کی رهنگو ڕوو گۆڕینه له سایکۆلۆژیا و مێنتاڵی ئاده‌میزاده رۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا شه‌خته‌ی به‌ستووه.
ئه‌م ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ی دایه‌لێکته لۆکاڵییه‌کانی زمانی کوردیی، له دڵ و ده‌روونی عه‌شایه‌رو ئێنتێڵهجێنسیاکانیدا، له سه‌ر مه‌وداکانی ستاندهردایزبوونی زمانی کوردیی ، وه‌ک ئه‌و ترسه وایه له کانیباڵیزمی cannibalism ( خۆخۆریی) مێنتاڵی کوردییدا جێکه‌وت بووه. ئه‌م کانیباڵیزمی لینگویستیکییه هه‌مان ئه‌و ترسه‌یه که کاڵڤێت Calvet به گڵۆتۆفاجی glottophagy ( زمانکوژیی) ناویده‌بات ( Calvet,١٩٧٤). به‌ڵام کاڵڤێت، ئه‌م گڵۆتۆفاجییه بۆ زمانی کۆڵۆنیالیسته‌کان له‌هه‌مبه‌ر زمانی نه‌ته‌وه و وڵاته داگیرکراوه‌کاندا به‌کارده‌هێنی، نه‌ک وه‌ک ئه‌و شێتخانه‌یه‌ی له هه‌ناوی ئه‌و ئارگیومێنت و گرم وزرمهی له‌سه‌ر ددانپێداهێنانێکی فه‌رمییانه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌زمانی کوردیی ئۆفیشهڵدا هاتوونه‌ته ئاراوه.
له‌کاتێکدا کرمانجیی ناوه‌ڕاست، که تا هه‌نووکه‌ش هه‌ندێ ئینتێڵه‌جێنسیای کامڵ و سکۆلارو سیاسیی و ئایدیۆلۆژیست، به‌ده‌میاندا نایات ناوی به زمانی کوردیی بهێنن و بۆ سووکایه‌تیی و لێکه‌مکردنه‌وه‌ی به" سۆرانیی" ناوزه‌دی ده‌که‌ن، خۆبه‌خۆ بووه‌ته زمانێکی کریۆڵ ( Creole Language)، به‌ڵام کریۆڵ زمانێکه که تێکه‌ڵه‌یه‌ک نییه له‌زمانه بێگانه‌کان، به‌ڵکوو ئاوێته‌یه‌که combination له زاراوه کوردییه‌کانی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران، به‌تایبه‌تییش له هه‌ردوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کیی کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو پێکهاتووه. ئه‌م کریۆڵایزهیشنهی زمانی کوردیی، ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به هێجه‌مۆنی کو‌لتووریی و ئه‌ده‌بیی و سیاسییه‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌نده پێوه‌ندیی به خودی زانستی زمانناسییه‌وه نییه
ئه‌گه‌ر به تێڕوانینه کلاسیکییه‌که‌ی ئه‌نسرۆپۆلۆجیستی زمانه‌وانیی بۆوس Boas یش بێت، که ده‌ڵێ"زمان په‌نجه‌ره‌یه‌که به‌سه‌ر کو‌لتووردا ده‌کرێته‌وه" یاخود " کولتووریش له‌زماندا ده‌بریسکێته‌وه" ( ١٩٨٢، Boas ) . ئه‌وه کولتووری خێڵ و عه‌شیره‌ت و زاراوه‌و بنزاراهوه کوردییه‌کانه، که په‌نجه‌ره‌ی زمانی به‌سه‌ردا ده‌کرێته‌وه وتێیدا ده‌بریسکێته‌وه، یان کولتووری نه‌ته‌وه‌ی کورده که رۆڵی ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه ده‌بینێ. زمانی کوردیی ده‌بێ رۆڵی یه‌ک په‌نجه‌ره بلێزێ، هه‌ر کاتێ بوو به‌چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌ک، به‌دڵنیاییه‌وه چه‌ندین کولتوور‌و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ش( له دوور مه‌ودادا) دروست ده‌بێ.
بۆکماڵیی و نینۆرسکیی
له وڵاتی نۆریوژدا، ته‌نیا دوو زمانی ئۆفیشه‌ڵ نین، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێ زمان هه‌ن، له‌وانه: بۆکماڵ، نینۆرسک، سامیی Saami ، سه‌ره‌ڕای فینلاندیی و سوێدییش… له‌ساڵی ١٨٢٨ ه‌وه که نۆ‌رویژ به فه‌رمیی، سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی راگهیاندو ده‌سه‌ڵاتی دانیمارک کۆتایی پێهات، کۆمه‌ڵێ دایه‌لێکتی جوداجودایان هه‌بوو، به‌ڵام زمانێکی نیشتمانی‌یان نه‌بوو. له‌ناو هه‌موو دایهلێکتهکاندا، دووان مانه‌وه، سه‌ره‌تای بۆکماڵ له‌ساڵی ١٩٢٨ ه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که له‌سه‌ر میراتی زمانی ریکسماڵ Riksmal که به زمانی ده‌وڵه‌ت ناسرابوو، پێیگرت و خۆی به‌دیفاکتۆ کرد‌و به‌زمانی کتێبه‌کان ناسرا.
هه‌رچیی نینۆرسکه، که له‌سه‌ر زمانی لاندسمال Landsmal ه‌وه په‌یدابوو، به‌زمانی ده‌شته‌کییه‌کان ( Language of the country) ناسرابوو، زۆر که‌شوفشی به ناسیۆنالیستبوون و رهسهنبوونهوه ده‌کرد، خۆی به‌زمانی نۆرویژیی نوێ ناساند. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و توندڕۆیی و خۆڕادان و خۆڕاپسکانهی زمانی نینۆرسک، که به‌پێی یاسای نۆریوژیی یه‌کێکه له زمانه ئۆفیشهڵهکانی نۆ‌رویژ، که‌چیی رۆژبه‌ڕۆژ باکگراواندی خۆی زێتر له‌ده‌ست ده‌دات و تا ئێستاش به زمانی ئۆفیشه‌ڵی هیچ شارێکی سه‌ره‌کیی نه‌بووه. ته‌نانه‌ت شاری Bergen له ناوه‌ڕاستی ترادیسیۆن و جه‌رگه‌ی ناوچه‌کانی نیۆرسکدایه، که‌چیی زمانی داموده‌سگا فه‌رمییه‌کان له‌و شاره‌شدا، هه‌ر به زمانی بۆکماڵییه. له‌به‌رامبه‌ریشدا، نینۆرسک تا دێت له کۆمیونیتی لادێیه‌کان و جووتیاره‌کاندا زێتر قه‌تیس ده‌بێت.
زمانناسیی پانکوردیست و کۆمۆنیسته کورده‌کان
زۆرکه‌س له‌وانه‌ی ره‌خنه‌و سه‌رنجیان هه‌بوو له‌سه‌ر پێشنیاره‌کانی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی داوای ستاندهردایزکردنی زمانی کوردی‌یان له‌کوردستانی عیراقدا کردبوو، له‌و چه‌پ و کۆمۆنیسته لاکهوتهو لیبڕاڵه ئه‌نتی ئیسلامییانه‌ن، که پێیانوایه، نه‌ده‌بوو ناوی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانی تێبخرێت!. سه‌یری ئه‌م گاڵته‌جاڕییه ئایدیۆلۆژییه بکه‌ن، چونکه ئیسلامیین و بیروباوه‌ڕیان له‌سه‌ر بنه‌ما دینییه‌کان پێڕۆ ده‌که‌ن، ئیتر نابێ هیچ حیسابێکیان بۆ بکرێ. پێش هه‌موو شتێ، به‌هۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی یه‌کێتیی و پارتیی خستوویانه‌ته‌وه، یه‌کگرتووی ئیسلامیی چ به چنگه‌کڕێی خۆی بێ، چ به‌هۆی کۆمه‌کی شێخه‌کانی که‌نداو و ته‌وژمی ئیسلامی سیاسییه‌وه بێ ، گه‌یشتووه به‌و ئاسته‌ی که حیسابی هێزی سێیه‌می له‌کوردستاندا بۆ بکرێ.
هه‌نووکه وه‌ک دیفاکتۆ، هێزێکی سیاسیی به‌رچاوه، ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ خۆماندا سه‌رڕاست بین، له زۆرێک له‌و کۆمۆنیست و چه‌پانه هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر پرسه نیشتمانیی و کوردستانییه‌کان باشتره، که نهکهرکوک به‌کوردستان ده‌زانن و نه بڕوایشیان به‌سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانیی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد هه‌یه. له‌م ئاقارهیشهوه، زۆربه‌ی پرۆ دووستانده‌رده‌کان له‌کۆمۆنیسته‌کان و چه‌په‌کانن، چونکه رابه‌ری جووتستانده‌ردیی، باکگراونده سیاسیی و ئایدۆلۆژییه‌که‌ی کۆمۆنیزمه. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێشه‌وه، ئایا مێنتا‌ڵیتی نووسه‌ر و رۆشنبیری کورد بۆ ئه‌وه‌نده وابه‌سته‌ی ئایدیۆلۆژیای سیاسییه، به‌خوێی چێشتیش له‌ڕووی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییه‌وه به‌و که‌سه بگاته‌وه، که قسه‌ی دڵی ئه‌ویش نه‌کات، هه‌ر ده‌که‌وێته لایه‌نگرییکردن. به‌خواستن له بۆوسهوه Boas ،زمان ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌یه به‌سه‌ر هه‌مووماندا ده‌کرێته‌وه، هه‌ر بیروباوه‌ڕێکی سیاسییمان هه‌بێ یان نه‌مان بێ، که‌س بۆی نییه تاکێک، لایه‌نێک به‌هۆی ئینتیمای سیاسیی و ئایینییه‌وه ههڵاوێردێ. پێویستیشه ئه‌م دیبه‌یتی زمان ستاندهردبوونه له‌هه‌موو حه‌زو خولیایه‌کی ئایدیۆلۆژیی دابماڵرێ و بخرێته‌وه سه‌ر ئێسقانه ره‌ق و ته‌قه‌که‌ی که" زمانناسیی" پێ ده‌گوترێ .