نوێژه‌بارانه‌و گۆڕانی که‌ش‌و هه‌وای هه‌ساره‌ی زه‌وی
"نوێژه‌بارانه"و گۆڕانی که‌ش‌و هه‌وای هه‌ساره‌ی زه‌وی
حه‌مه‌غه‌فور
هه‌میشه ئایینه‌کان وه‌کو دامه‌زراوه‌ی زل‌و زه‌به‌لاحی به‌رهه‌مهێنانی خورافات‌و پڕوپووچی دوور له زانست‌و یاسا سرووشتییه‌کان له دوو توێی ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی ئاسایی مرۆڤدا ئاماده بوون. هه‌میشه‌ش ئایدیۆلۆژیای دینی خاڵی لاوازی فه‌لسه‌فه‌ی ژیان‌و هونه‌ری خۆشه‌ویستیی ژینگه‌و تێڕووانینی ئۆبجه‌کتیڤی نه‌وه دوای نه‌وه بووه بۆ ئایینده‌یه‌کی باشتر. مه‌زهه‌ب‌و ئایینه‌کان له پێناوی کۆسپ دانان له به‌رده‌م ئاراسته‌ی ڕه‌وتی شارستانی‌و پرۆسێسی گه‌شه‌و نه‌ش‌و نمای عه‌قڵانییه‌ت‌و زانست‌و پێشکه‌وتن‌دا، وه بۆ جڵه‌وکردن‌و به‌لاڕێدابردنی تێکۆشانی مرۆڤایه‌تی به مه‌به‌ستی کۆنترڵی لایه‌نه عاسییه‌کانی سروشت‌و به‌رگرتن به کاره‌ساته مرۆییه‌کان‌دا، تاریکخوازانی مفته‌خۆری ناو بنکه‌و ناوه‌نده ئایینییه‌کان زۆر ترین خۆشخزمه‌تییان پێشکه‌شی ده‌سه‌ڵاتداران کردووه به‌مه‌ی که ڕوئیای کرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی ناڕه‌زایه‌تی‌و توڕه‌یی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ریان له ناو موزه‌خره‌فاتی "موقه‌ده‌راتی ئیلاهی‌و تاقیکردنه‌وه‌ی خواوه‌ند یاخود غه‌زه‌بی په‌روه‌ردگار"و دواتر به ته‌سلیم کێشانی ویست‌و ئاره‌زووه‌کانیان له به‌ر پێی نه‌زانی، داماوی، لاڵانه‌وه‌و کڕوزانه‌وه له‌به‌ر ده‌م ده‌رگای "خودا‌و ئاسمان"دا به‌تاڵ کردۆته‌وه.
ئێستا که پله‌ی گه‌رمی هه‌ساره‌ی زه‌وی به‌رزبۆته‌وه‌و ته‌کنۆلۆژیای ژێر سایه‌ی سیستمی کاپیتاڵیزم گه‌وره‌ترین مه‌ترسی سه‌ر ژینگه‌یه، توانه‌وه‌ی شاخه سه‌هۆڵییه‌کان له پاڵ کاره‌ساتی له‌ناوچوونی ڕووه‌ک‌و سه‌وزایی سه‌ر گۆی زه‌وی که به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی دووهه‌م ئۆکسیدی کاربۆن‌و که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئۆکسژینی لێ که‌وتۆته‌وه، گۆڕانی که‌ش‌و هه‌وای به شوێن خۆیدا هێناوه. جیهانی شارستانی‌و پێشکه‌وتوو سه‌رقاڵی پلان دانان‌و خۆئاماده‌کردنه بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی مرۆیی له ئاکامی ئه‌م گۆڕانکارییه‌دا. که‌چی له کوردستان ده‌سه‌ڵاتداران شانی خۆیان له هه‌ر مه‌سئولییه‌تێک خاڵی کردۆته‌وه‌و ئیسلام‌و پیاوانی ئایینی‌یان کردبووه چاره‌که سه‌وزی به‌ر له‌شکرو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ووشکه‌ساڵی ئه‌مساڵ نوێژه بارانه‌یان به خه‌ڵکی ده‌کرد! ئه‌م کاره بێجگه له چاوبه‌ستنی خه‌ڵکی له دواوه خۆشی له خۆیدا جێگای پێکه‌نینه!
به‌هاری ڕابردوو که نیشانه‌کانی ووشکه‌ساڵی به که‌ش‌و هه‌وای کوردستانه‌وه به‌دیئه‌کرا، ناو جه‌رگه‌ی شاره‌کانی کوردستان شاهیدی نمایشی پووچ‌و نه‌فامانه‌ی پیاوانی ئایینی بوون بۆ ڕێکخستن‌و به‌رپاکردنی ئاکسیۆنی نوێژه بارانه. شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیش ڕیکلامیان بۆ ئه‌م نیعمه‌ته هه‌رزان به‌هایه‌ی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ده‌کرد که خه‌ڵکی به‌شداری تێدابکه‌ن. ئه‌م که‌مپینه گاڵه‌جاڕه بۆ ئه‌وه بوو که شه‌رعییه‌ت بدرێ به بێ به‌رنامه‌یی‌و خۆدزینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له وه‌ڵامدانه‌وه به لانی که‌می گرفتی ووشکه‌ساڵی. به‌ڵام ده‌بینین ئێستا له سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولدا ڕاده‌ی بارانبارین ده‌گاته ئاستی هه‌ڵسانی لافاو له هه‌ندێ جێگادا. وه له ته‌نیشت ئاسووده‌یی‌و خۆشحاڵبوونی خه‌ڵکییه‌وه ئه‌گه‌ری زه‌ره‌رو زیانی گیانی‌و ماڵیشی به‌شوێنه‌وه‌یه. چه‌ند ڕۆژه شه‌پۆلی باران بارین ڕووی کردۆته کوردستان‌و ترووسکایی خستۆته دڵ‌و ده‌روونی خه‌ڵکه‌وه. پله‌ی گه‌رما هاتۆته خوارو ئومێدێکی به‌خشیوه به جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش.
حکومه‌تی ئه‌حزابی حاکم له کوردستان له ماوه‌ی حه‌ڤده ساڵدا که توانایی چاره‌سه‌ی که‌میی یا نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌و ڕووناکی نیشان نه‌داوه، شایسته‌یی به‌رگرتن به نه‌خۆشی سکچوون‌و کۆلێرا له بوون‌و فه‌لسه‌فه‌یدا سه‌وز نه‌بووبێ، به‌ڵام به ته‌قه‌کردن له ئاکسیۆنی داواکردنی ئاوی خواردنه‌وه وه‌ڵامی ژیان‌و خواستی جه‌ماوه‌ر بداته‌وه، له جیاتی پلان دانان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر کێشه‌و گرفتی که‌می بینای خوێندنگا‌و قوتابخانه‌دا، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پان‌وپۆڕتر بکاو ئاسانکاری بکات بۆ قوتکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی زیاتری مزگه‌وت‌و مه‌دره‌سه ئیسلامییه‌کان‌و فه‌رعی (ئه‌زهه‌ر) له شاری هه‌ولێر بکاته‌وه به مه‌به‌ستی تۆکمه‌تر کردنی ده‌زگای ئایینی‌و باڵاده‌ست تر بوونی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی‌و مه‌زهه‌بی، وه له کاتێکدا که پاره‌و پوولێکی مۆڵ‌و بێ ئه‌ندازه زۆریشیان له سه‌روه‌ت‌و داهاتی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵلووشیوه‌و لایان داوه بۆ خۆیان‌و گوێ به کێشه‌و گرفتی خه‌ڵکی ناده‌ن، هه‌قه وه‌کو حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌زان‌و بێ‌به‌رنامه‌و دژه خه‌ڵک له‌کار بخرێ‌و بیر له ئه‌ڵته‌ناتیڤێکی دیکه بکرێته‌وه. له هه‌مان کاتیش‌دا عه‌قڵییه‌تی نوێژه به‌بارانه ده‌بێ ڕیسوا بکرێ‌و خورافاتی ئایینی هه‌ق وایه فڕێبدرێته زبڵخانه‌وه.
11سێپتێمبه‌ر2008