Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
له‌ چی قه‌ڵسن؟! ….جه‌مال موحسین

له‌ چی قه‌ڵسن؟! ….جه‌مال موحسین

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 له‌ چی قه‌ڵسن؟!
 وه‌ڵامێکی کورت به‌ یه‌کێتی زانایانی ئیسلامی
 جه‌مال موحسین
 jamal_muhsin@yahoo.com
 
 ئه‌مجاره‌یان شتێکی تر براده‌رانی "زانا" ی ئیسلامی قه‌ڵس و په‌ست کردووه‌. ئه‌مجاره‌یان دڵیان به‌ بۆنه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ویب سایته‌ دانیمارکییه‌ی که‌ کاریکاتێری په‌یامبه‌ری ئیسلام و نووسینی بابه‌تێک له‌سه‌ر مانگی ڕه‌مه‌زان له‌ ئۆکتۆبه‌ردا گه‌ردی گرتووه‌. هه‌روه‌ک له‌ به‌یاننامه‌یه‌کی لقی گه‌رمیانی ئه‌و یه‌کێتیه‌دا، که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، هاتووه‌: "له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو كاره‌ساتانه‌ی كه‌به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌، كه‌ ئێسته‌ لای‌ خۆی‌ ئازادین، ئازادیه‌كه‌مان بووه‌ته‌ بێ‌ سنوور‌و تازه‌ به‌تازه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ كوردستان له‌ژماره‌ یانزه‌‌یدا، ئه‌و كاریكاتێره‌ی‌ كه‌ له‌دانیمارك سوكایه‌تی‌ به‌پێغه‌مبه‌رمان محمد(ێلى ‌الله علیه وسلم)كردبوو، وێنه‌كه‌ی‌ هێناوه‌و داویه‌تی‌ له‌رۆژنامه‌كه‌ی… به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا به‌ مانشێتی گه‌وره‌ قسه‌ی به‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان کردووه‌‌". ئه‌مجاره‌ش که‌وتوونه‌ته‌وه‌ لێدانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌وانه‌ سوواوه‌ی که‌ نووسین له‌سه‌ر دین و ڕه‌خنه‌ و کاریکاتێر "سوکایه‌تییه‌ به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی". هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستم زانی وه‌ڵامێکی کورت به‌ یه‌کێتی ناوبراو بده‌مه‌وه‌.
 
 کێ خۆی کردووه‌ به‌ وه‌کیلی کۆمه‌ڵگای کوردستان و باس له‌ ئازادی بێسنوور ئه‌کات؟
 با له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین که‌ یه‌کێتی زانایانی ئیسلامی کێن؟ زۆر ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مێژووی سه‌رده‌می به‌عس که‌ ئه‌وه‌ مه‌لا و زانایانی ئاینی بوون له‌گه‌ڵ ته‌قاندنی "الگلقە الرحمە" دا ته‌ڵقین و فاتیحه‌یان ئه‌خوێند به‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌دا که‌ جه‌للادانی به‌عس له‌ناو شاره‌کاندا ڕه‌مییان ئه‌کردن. به‌ڵام با له‌م چه‌ند ساڵه‌ی سایه‌ی حاکمیه‌تی ئه‌حزابی ناسیۆنالیستیشدا تازه‌ترین نمونه‌ بهێنینه‌وه‌ که‌ مه‌لاکان و زانایانی دینی چ ڕۆڵێکیان بینیووه‌. ئه‌م به‌ڕێزانه‌ هه‌میشه‌ و له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا خۆیان خستۆته‌ ژێر چه‌تری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و بازاڕیان له‌پاڵ ئه‌واندا گه‌رمه‌ و ناحه‌قیشیان ناگرم چونکه‌ پاروی چه‌ور لای ئه‌وانه‌! گه‌ر به‌ ئه‌رکی نازانن پێمان بڵێن ئایا که‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشاندان کرا، قسه‌تان کرد؟ ده‌یان که‌س هه‌ر ئێستا له‌ زیندانه‌کانی یه‌کێتی و پارتیدان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان گرتووه‌ و ئازادانه‌ ئه‌نووسن، قسه‌یه‌کتان هه‌یه‌؟ ئه‌و هه‌موو ژنه‌ ئه‌کوژرێ و ئه‌سووتێنرێ و ئه‌بێته‌ قوربانی پیاوسالاری فزه‌تان لێوه‌ دێ؟ کاره‌با و ئاو بۆته‌ مه‌شغه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک ده‌نگێک ئه‌که‌ن؟ خه‌ڵک بێکار ئه‌کرێ، بێنان ئه‌کرێ و به‌به‌رچاویشیانه‌وه‌ داهاتی کۆمه‌ڵگا ئه‌چێته‌ گیرفانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ وورته‌یه‌کتان لێوه‌ دێ؟ نا، ڕاستی ئه‌مانه‌ش کاری ئێوه‌ نییه‌. ئێوه‌ له‌سه‌ر تیرۆرکردنی ژنان هه‌ڵناده‌نێ چونکه‌ ژن له‌ په‌یڕه‌وه‌که‌ی ئێوه‌دا "نوقسان" و پله‌ دووه‌ و ئێوه‌ له‌ ئازادی ژنان ئه‌ترسن، ئێوه‌ له‌سه‌ر پێشێلکردنی ئازادی هه‌ڵناده‌نێ چونکه‌ له‌ ئازادی ڕه‌خنه‌ گرتن ئه‌ترسن هه‌ربۆیه‌شه‌ که‌ خه‌ڵک ئازادانه‌ بیر ئه‌کاته‌وه‌ و ئازادانه‌ ئه‌نووسێت ئێوه‌ ئه‌که‌ونه‌ هاوار، ئێوه‌ له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروڕا و ئازادی بێدینی ئه‌ترسن چونکه‌ ڕوناکیه‌که‌ دڕ به‌ تاریکی و خورافه‌ی دینه‌که‌ی ئێوه‌ ئه‌دات. ئێوه‌ موچه‌خۆری حکومه‌تن و له‌ کاتی ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکدا ئه‌بنه‌ هاوه‌ڵی لوله‌ی تفه‌نگی ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌بێ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن خه‌ڵک هێور بکه‌نه‌وه‌ و ئامۆژگارییان بکه‌ن که‌ وه‌ک کوڕه‌ بچکۆله‌ به‌ قسه‌ی باوکیان بکه‌ن و داواکارییان نه‌بێ و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رنه‌بڕن.
 ئێوه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا نین و به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌ مه‌که‌ن و شتێک که‌ لای خۆتان موقه‌ده‌سه‌ به‌ هی خه‌ڵکیشی دامه‌نێن. ڕاسته‌ کوردستان موسوڵمانی زۆری تیایه‌، مه‌سیحی تیایه‌، جوله‌که‌ و یه‌زیدی تیایه‌، به‌ڵام بێدین و بێخوداشی تیایه‌. که‌س ناتوانێ بازاڕی فرۆشتنی موقه‌ده‌ساتی خۆی گه‌رم بکا و خه‌ڵکیش ناچار بکا ببنه‌ کڕیاری! ئێمه‌ ده‌ستتان ناگرین که‌ بچنه‌ مزگه‌وت و ته‌قوای خۆتان بکه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ش بۆتان نییه‌ قه‌ڵه‌می خه‌ڵک بشکێنن و بتانه‌وێ ده‌میان دابخه‌ن! ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ سنوورێک هه‌بێ له‌ گۆڕێ، ئه‌وه‌ ئه‌بێ بۆ ده‌ستدرێژی ئێوه‌ بێ بۆ سه‌ر ئازادی بێدینی خه‌ڵک و ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن. لێره‌دا ئیتر ستۆپ بکه‌ن و زیاتر پێی لێ دامه‌گرن.
 
 کاریکاتێره‌که‌ی محه‌مه‌د
 هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ جێگه‌ی باسکردن له‌ شه‌خسیه‌تی محه‌مه‌د نییه‌، ئه‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ڕاسته‌ محه‌مه‌د که‌سایه‌تیه‌کی مێژووییه‌ و ڕه‌مزی ئیسلام و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێستاش په‌یڕه‌وه‌کانی موحه‌مه‌ده‌ که‌ له‌ ئال سعوده‌کانه‌وه‌ بگره‌ له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، ئه‌میره‌کانی که‌نداو، ئایه‌توڵاکانی ئێران و لوبنان، هه‌تا ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌ ئه‌فغانستان و حوکم و باڵاده‌ستی ئیسلامی له‌ پاکستان و… هتدی به‌رداوه‌ته‌ گیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ و له‌ تاریکستاندا غه‌رقی کردوون و داغانی کردوون. له‌ کام یه‌کێک له‌و ووڵاتانه‌ په‌یڕه‌وی له‌ یاسای شه‌ریعه‌ و فه‌رمووده‌کانی محه‌مه‌د ناکرێ؟ ئه‌وه‌ ئیتر غه‌ریبه‌ گه‌ر که‌سانێک په‌یدا نه‌بن و ڕه‌خنه‌ له‌ محه‌مه‌د و خوا و قورئانه‌که‌ی نه‌گرن، یان نه‌یکه‌نه‌ کاریکاتێر، ژنانێک حجابه‌که‌یان دانه‌که‌نن و له‌گه‌ڵ قورئاندا نه‌یسووتێنن! خه‌ڵک ساڵه‌هایه‌ ناچار کراوه‌ ته‌حه‌مولی خورافاتی دینی به‌ گشتی و ده‌ست و قاچ په‌ڕاندن به‌ شمشێری ئیسلامی بکات، ده‌ براده‌رانی "زانا" ئێوه‌ش ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ بکه‌ن ئه‌و که‌سه‌ی که‌ به‌رنامه‌که‌ی زیاد له‌ هه‌زار ساڵه‌ ملی خه‌ڵک ئه‌کات به‌ په‌تا بکرێ به‌ کاریکاتێر و فیلمی کارتۆن!
 
 ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر پیرۆزی ڕه‌مه‌زان!
  ئه‌ڵێن ئێمه‌ قسه‌مان به‌ مانگی ڕه‌مه‌زان کردووه‌. ڕاسته‌، ئه‌بێ ئه‌و قسه‌یه‌ بکه‌ین که‌ هه‌موو ساڵێک له‌م مانگه‌دا بێکاری هێرش ئه‌باته‌ سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵک و هێرش بۆ سه‌ر ئازادیه‌کانی خه‌ڵک ده‌ست پێئه‌کات، بازرگانه‌کان نرخی شتومه‌ک ئه‌فڕێنن. براده‌رانی "زانا" له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گرانیه‌ی زیاتر له‌م مانگه‌دا بازاڕه‌کانی کوردستانی گرتۆته‌وه‌، ده‌نگیان لێوه‌ نایه‌ت به‌ڵام که‌ ڕه‌خنه‌ له‌م مانگه‌ ئه‌گیردرێ هاواریان لێ به‌رز ئه‌بێته‌وه‌. به‌ڵێ دووباره‌ی ئه‌که‌مه‌وه‌ که‌ ناکرێ ڕه‌مه‌زان به‌ پیرۆز به‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بقه‌بڵێنرێت و لای من مانگێک که‌ زیاتر ببێته‌ مایه‌ی نانبڕینی سه‌دان مناڵی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش، زه‌ڕڕه‌یه‌ک پیرۆزی تیا نییه‌. که‌سێکیش هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌همی دینی و خورافه‌ی پاداشتی ئه‌و دنیا مێشکی داگرتبێ، به‌ڵام له‌ ئایدۆلۆژیاکه‌یه‌وه‌ سه‌یری دنیا و ژیان نه‌کا، له‌ په‌یوه‌ند به‌ ژیان و مه‌رگی مناڵه‌که‌یه‌وه‌ ته‌ماشای بکا پێویست ئه‌کات پیرۆزی ئه‌و مانگه‌ بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. خۆ ئێمه‌ ئیبراهیم نین ئاماده‌ بین چه‌قۆ بخه‌ینه‌ سه‌ر ملی ئیسماعیلی کوڕمان له‌ پێناوی خوادا!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.