مێلۆدییه‌کانی(گۆڕ غه‌ریب)له نیشتیمانی دۆزه‌خدا
مێلۆدییه‌کانی(گۆڕ غه‌ریب)له نیشتیمانی دۆزه‌خدا
هه‌ژار مه‌عروف (ده‌وه‌ن)
خوێندنه‌وه‌یه‌که بۆ کتێبی (گۆڕ غه‌ریب) له نووسینی شاعیر و رووناک‌بیر (عه‌بدولقادر سه‌عید)
هه‌ژار مه‌عروف (ده‌وه‌ن)
پێویسته ئێمه‌ی رۆشنبیر به‌چاوێکی کراوه‌وه سه‌یری حه‌قیقه‌ت بکه‌ین، نه‌ک وه‌ک رابووردو به‌هه‌شت بگۆڕینه‌وه به دۆزه‌خ
کارڵ پۆپه‌ر
ده‌ق به‌رپرسیاره له پێکهاته‌کانی (زمان، مۆڕاڵ، ئێستاتیکا) که ده‌کرێ به ده‌یان میتۆدی سۆسۆلۆژی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بهێنینه ناو دهیالۆژه تایبه‌تییه‌کانییه‌وه، که له ئاست به‌رپرسیارێتی ده‌ق و ئێستاتیکای خۆیدا هه‌میشه ده‌گه‌ڕێ به شوێن ماناکانی جه‌وهه‌ری زمانی داهێناندا، ده‌ق بۆ خۆی هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ مانای جه‌وهه‌ری و ئێستاتیکای فه‌نتازیای ده‌ق خۆیه‌تی، وه‌ک چۆن زمان یه‌که‌یه‌کی کولتوری هاوبه‌شه به‌وجۆره‌ش ده‌ق رۆحیانهتێکی زیندووه له سیاقی مێژووی زمان و ده‌قدا. وشه‌کانی (گۆڕ، غه‌ریب) وشه‌یه‌کن وه‌ک (دۆزه‌خ و به‌هه‌شت) به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا هه‌ڵگری ته‌فسیری جیاواز و مانای جودان له دێباته ئه‌ده‌بی و زانستی و هونه‌رییه‌کاندا، که نابێت به سانایی به‌سه‌ریدا بگوزه‌رێنین و خۆمانی لێقوتار بکه‌ین، ره‌نگه بۆ هه‌موو ده‌قه‌کانی دونیا خۆمان بۆ ته‌فسیری جیاواز مه‌ڵاس بده‌ین، وه‌لێ کاتێ ده‌ق خۆی ده‌بێته داهێنانی زمان و فه‌نتازیا و ئێستاتیکا، ئه‌وجا به ناچاری په‌لکێشمان ده‌کاته ناوه‌خنی قسه‌وباسی ئه‌ده‌بی له رووی مه‌عریفه و زانینی په‌سه‌نده‌وه، بۆ دێباتکردن و سازدانی قسه‌ی جدی له گشت ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی دونیای نووسین و داهێناندا، نووسین بۆ خۆی ئاوێنه‌یه‌کی دیاری خوێنه‌ری جیدی و نووسه‌ری رۆشنبیره له هه‌موو تێکسته‌کاندا، وه‌ک چۆن خوێنه‌رێک به‌رپرسیاره بۆ خۆ رۆشنبیرکردن نووسه‌ریش ده‌گه‌ڕێ به شوێن مانای تازه و فیکری تازه بۆ هێنانه خه‌مڵاندنی ده‌قی تازه، که‌وابێ بۆ نووسین به ته‌نیا لایه‌ک خاوه‌ن پرسیار و خاوه‌ن ده‌ق نییه، به‌ڵکو دێڕ به دێڕ و وشه به وشه هه‌ر هه‌موومان به‌رپرسیارین له ئاست هێنانه دروستکردنی ده‌قی ئێستاتیکیانه، هه‌ر ئه‌م سلوک و مۆڕاڵهیه که ناکرێ لێی بێده‌نگ بین و وه‌ک بێگانه ته‌ماشای بکه‌ین. گه‌ر توانیمان و ئه‌مه‌مان کرد ئه‌وا بێگانه‌بوون ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه جیدییه‌کانی دونیای ئێمهبوونهوه، هه‌ر هه‌مان پرسیار و وردبوونهوهییه که ئاڵوگۆڕ به جوانییه‌کانی ده‌ق ده‌کات له ناوه‌وه‌ی ده‌ق و بازنه فه‌نتازییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، لێره‌دا گێڕانه‌وه‌ی ده‌ق خودی نووسه‌ر و خوێنه‌ر له ئامێزی یه‌ک پرسیاردا دێنێته ئاخافتن و گێڕانه‌وه‌ی مانا و ناوه‌رۆکی ئێستاتیکای رووداوه‌کانی ده‌قه‌وه، ئه‌م وردبوونه‌وه‌یه له نێوانی من و تۆدا جوداییه‌ک قبوڵ ده‌کات، ئه‌ویش قسه‌وباسی لۆژیکیانه به زمانی قبوڵکردن بۆ یه‌کتری له گێڕانه‌وه‌ی مۆڕاڵی به‌رپرسیارێتی له زمان و ئێستاتیکا و داهێنانی ئه‌ده‌بیانه. ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ نووسین حاڵیبوونه له خودی زمانی جودا و مۆڕاڵی ئاوێته‌بوون، له به‌رامبه‌ر هۆشداریمان بۆ داهێنانی ده‌ق و مۆڕاڵی یه‌کدی، جوانییه‌ک ده‌خوڵقێنێ که ماناکان هیچ کێشه‌یه‌کی ئێستاتیکی و مۆڕاڵی دروست ناکات، به مه‌رجێک هه‌موومان خاوه‌ن بڕیاری رۆشنبیری بین بۆ هێنانه‌کایه‌ی خوێنه‌ری دروست و نووسه‌ری دروست. (رۆلان بارت) دروست تێماندهگهێنێ که ده‌بێژێ: (ره‌خنه زمان ده‌خاته به‌رده‌ستی ئاخاوتنی ده‌گمه‌نه‌وه، که خوێندنه‌وه ده‌خوڵقێنێ و ئاخاوتنێک له نێوان ئاخاوتنه‌کانی دیکه به زمانی فه‌نتازیا ده‌به‌خشێ که به‌رهه‌م پێکدێنێ.) ئیراده‌ی نووسه‌ر و خوێنه‌ر وابه‌سته‌یه به داهێنانی تازه‌وه، گه‌ر له نێوان ئه‌م دوو کائینه‌دا ئیشکالاتێک دروست بوو ده‌رحه‌ق به مانه‌وه له نێوان تێکسته کاڵهکاندا، ئه‌وا خۆمان ده‌خه‌ینه به‌رده‌می لێسانه‌وه‌ی دێڕه کاڵهکانهوه، که ده‌توانین بڵێین ئه‌م کایه و گه‌مه‌یه جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ دواتر هیچ مانایه‌کی تر نابه‌خشێ و ئه‌وده‌م مۆڕاڵ ده‌که‌وێته ناو بازنه‌ی گێڕانه‌وه ده‌مییه‌کان(شه‌فه‌یی) که ناتوانرێت ئێستاتیکا و زمان به‌رهه‌مبێنێ و له پشته‌وه‌ڕا هێرمۆنتیکا تێکه‌ڵ به میتۆده نادروسته‌کان ده‌کات و کاره‌ساتێک ده‌خوڵقێنێ ئه‌ویش تۆرانی رۆشنبیر و خوێنه‌ره له ده‌قه زیندووه‌کان، ئارایشتکردنی ده‌ق به‌رپرسیاره له جوانکردنی زمان و گێڕانه‌وه‌ی ئێستاتیکییانه‌ی هه‌ستیاریی ده‌ق که ده‌کرێ وه‌ک نه‌خشه‌داڕێژی ئێستایکییانه حیسابی بۆ بکه‌ین. گه‌ر نووسه‌ر له ده‌قدا نه‌یتوانی هه‌ستیاریی زمان و ئارایشتکردنی گێڕانه‌وه له‌ناو جوانکارییه‌کانی هێرمۆنتیکا جێکاته‌وه، ئه‌وجا قسه‌ی ناوێ ئه‌و ده‌قه پێیناووترێ ده‌قی ئێستاتیکایی، خه‌سڵه‌تی نووسینی جوانناسی پرژینه بۆ دزه‌نه‌کردنی موهاته‌رات و دوورکه‌تنه‌وه له کاڵبوونه‌وه، به بڕاوی من خاڵی هه‌ره گرنگ ئاوێته‌بوونی مۆڕالی زمانه به ده‌قی زمان، هه‌ستیار و گێڕانه‌وه‌ی زیندووی ڕووداوه‌کان له محتهوهیاتی نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر، که ره‌نگه ئه‌م شێوازی نووسین و گێڕانه‌وه‌یه به ته‌نیا له‌لای چه‌ند قه‌ڵه‌مێک ئاماده‌گی هه‌بێت وه‌ک(به‌ختیار عه‌لی، رێبوار سیوه‌یلی، ئازاد حه‌مه، جه‌مال غه‌مبار، کاروان کاکه‌سوور، ره‌ووف حه‌سه‌ن، شێرزاد حه‌سه‌ن، عه‌بدولقادر سه‌عید)خه‌سڵه‌تی ئه‌م عه‌قڵانه جییاکاری زمان و مۆڕاڵ چێده‌که‌ن له مرۆری نووسیندا. ئه‌ز ده‌خوازم قسه له‌سه‌ر یه‌کێک له کتێبه زمان جوانه‌کانی دونیای ئه‌مڕۆ بکه‌م ئه‌ویش کتێبه‌که‌ی نووسه‌ر و شاعیر و رووناک‌بیر (عه‌بدولقادر سه‌عید)ه له ژێر ناوی(گۆڕ غه‌ریب). خه‌سڵه‌تی ئه‌م کتێبه بۆ من بابه‌ته‌کانی ناویه‌تی که به‌گێڕانه‌وه‌ی رۆمانئامێز و زمانی رۆمان نووسیویه‌تی، واته له هه‌موو له‌حزه‌کانی ناو گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کاندا هه‌ستیاریی زمان و بازنه‌کانی فه‌نتازیا و واقیع دێر به دێڕ بوونی هه‌یه و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانباته ناودۆزهخی نیشتیمانه‌وه، ئه‌م کتێبه له کائێنێکی کڕ و ده‌ست به ئه‌ژنۆوه ده‌مانخاته ناوبازنه‌ی رووداو و گێڕانه‌وه‌ی زمانی دروست که له هه‌موو له‌حزه‌یه‌کدا نیشتیمان دهنێتهناو مشتمانهوه و پێماندهبێژێ هاوڕێیان ئه‌مه‌یه دۆزه‌خی نیشتیمان، پێموایه کاک(رێبوار سێوه‌یلی)یه که هه‌ندێ نووسینی خاوه‌ن قهڵهماکانی تر به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که یاداشته‌کانیان نووسیوه‌ته‌وه و ناویان ناوه کتێب، به‌ڵام ئه‌م ناولێنانه دووره له زمانی چیرۆک و رۆمانه‌وه، هه‌ر ئه‌م کێشه‌ییه که وا ده‌کات نووسه‌ر و رووناک‌بیر رێبوار سیوه‌یلی ده‌خاته گومانه‌وه و ناوی ده‌نێ کتێبی گریان، وه‌لێ کتێبی(گۆڕ غه‌ریب)له یه‌که‌مین رسته‌وه تا دواهه‌مین دهمانخاتهناو پرسیاری کۆچ و بێزاربوون له تاراوگه‌بوونه‌وه، یان پشتکردنه له حه‌وشه‌ی سیاسی کورد له زه‌مه‌نی ئێستادا، که بۆ خۆی ئه‌م پشتکردنه جیاخوازی له نێوان جوانکار و قهڵهمهکاڵهکاندا ده‌خوڵقێنێ، پێماندهبێژێ شوکرانه‌ی خودای ته‌باره‌ک و ته‌عالا بکه‌ن، چونکه نیشتیمانی ئێمه خاڵییه له پاکژی و تژییه له حیکمهتخانهی ده‌سه‌ڵات، که‌وابێ ئه‌مه ئه‌و جیاوازی راسیۆناڵه عهجولهیه که ده‌خوازێت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له بوونی خودی خۆیان له به‌رامبه‌ر ئازادی‌دا هوشدارییان هه‌بێت، و کامڵانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دونیای ئێستادا بکه‌ن. یان ئه‌م کائینه حه‌ماسی دروستکردنی شۆڕشێکی رۆشناکی به هۆشماندا ده‌هێنێت و داوا ده‌کات له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه ئه‌م په‌ککه‌وتوویی عه‌قڵه توڕده‌ن و جیهانێکی دی دوور له شه‌ڕ بخوڵقێنین. پۆپه‌ر وته‌نی: (زه‌رووره‌تی ئێمه له‌وه‌دایه که هه‌رهه‌موومان به‌کارهێنانی توندوتیژی له به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا ره‌ت بکه‌ینه‌وه.) لێره‌یه گۆڕ غه‌ریب له لاپه‌ڕه(104) به ده‌نگی به‌رز بانگمان ده‌کات و ده‌بێژێ: (من بۆ ژیان هاتم به ده‌ستی خۆم خه‌ریکه به شوێن مردنی خۆمدا ده‌گه‌ڕێم، سۆراخی مه‌رگی خۆم ده‌که‌م. لۆژ لۆژ به شه‌قامی غه‌ریبیدا شۆڕده‌بمه‌وه، هه‌ست به بێمانایی ژیان ده‌که‌م، هه‌ست ده‌که‌م به شوێن هیچدا ده‌گه‌ڕێم، به‌لای که‌مه‌وه براکه‌م بۆیه مه‌رگی هه‌ڵبژارد تاکو له‌نێو هه‌موو مانا هیچهکاندا مانایه‌ک بدا به ژیان که خه‌ڵکی به‌و مانایه‌وه بیناسنه‌وه.) نووسه‌ر ده‌خوازێت مردن له‌لای هه‌موومان جوان بکات، وه‌ک یۆستاین گارده‌ر(گه‌ر مردن نه‌هێنینه به‌رچاومان، ئه‌وا ناتوانین هه‌ست به ژیانمان بکه‌ین.) نووسه‌ر ناسنامه‌ی ژیان ده‌گۆڕێته‌وه بۆ مردن، له هه‌موو عهردهکانی دونیادا به‌ته‌نیا مردن ده‌کاته ناسنامه نه‌ک ژیان، نووسه‌ر گشت جوگرافییه‌کان به هه‌موو کولتوره جیاوازه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌ته‌کێنێت و له‌وێدا مۆڕاڵ و ده‌ق ئاوێته‌ی یه‌کتری ده‌کات له به‌رامبه‌ر ئێستاتیکای ده‌ق و هێرمۆنتیکای گێرانه‌وه‌ی ده‌ق، یۆستاین گارده‌ر و عه‌بدولقادر سه‌عید هه‌ردوکیان خوێنه‌ر و کۆمه‌ڵگا ده‌خه‌نه‌به‌ر پرسیارێتی قوربانی مردن و ته‌مه‌ڵی ژیان. هه‌ردووکیان پێمانده‌ڵێن گه‌ر ژیان بێ‌مانا بوو، ئیدی پێویست به گه‌ڕان ناکات به دوای خودا و ئازادی‌دا، له‌وان جوانتر و قهشهگتر مردنه مردن. سه‌رله‌به‌ری ده‌قی(گۆڕ غه‌ریب) گێڕانه‌وه‌ی جه‌نگه نه‌گریسه‌کانی ئه‌م دونیا جه‌نجاڵه‌یه که زۆرجار مه‌حکومان ده‌کات به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌ی که ناونرا شه‌ڕی براکان، دیسانه‌وه له لاپه‌ڕه(17 ). گۆڕ غه‌ریب کۆده‌کانی جه‌نگ ده‌شکێنێت و بیرمان دێنێته‌وه و ئێژێت: (شه‌ڕ هونه‌رێکی رموزن بوو، هه‌ندێ هونه‌رمه‌ندی ترسنۆک جه‌نگاوه‌ره‌کانیان هانده‌دا چه‌قۆ بکه‌ن به سکی مناڵه‌کانیاندا، تفه‌نگ بنێن به‌ناوچه‌وانی ژنه‌کانیانه‌وه و فێری سروود خوێندیان ده‌کردن، چۆن ژێرکراسی دایکی یه‌کتر هه‌ڵبه‌نه‌وه، چۆن پرچی خوشکی یه‌کتر ببڕن، چۆن وابکه‌ن هونه‌ری شه‌ڕکردنی گا هاره‌کان و شه‌ڕکردنی مرۆڤه‌کان له‌یه‌ک بچن؟! لاپه‌ڕه17). وای چه‌ند تاڵه ئه‌م حه‌قیقه‌ته شه‌ڕ به ته‌نیا نه‌بوو، ژن، مناڵ، گه‌نج، رۆژنامهبازهکان، جه‌لاده‌کان، فێڵبازه‌کان، مه‌ده‌نیه‌ت، دیمۆکراسی، دین و ههرههموومیان تیایدا به‌شدار بوون. له‌لای(گۆڕ غه‌ریب) چرکه‌ساته‌کانی جه‌نگ و شه‌ڕ بریتییه له کۆمه‌ڵێک سروتی مرۆڤ کوشتن که له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌وه تاکو گه‌دایه‌ک بۆ یه‌کدیان دهچڕییهوه.(دێن و به چه‌پک گۆڕانی نوێ و شیعری نوێی به‌رگریمان بۆ دهخوێێننهوه، ئه‌و گۆرانیانه‌مان بۆ ده‌ڵێن که هه‌وه‌س بزوێنن، ئه‌و شیعرانه‌مان بۆ ده‌خوێننه‌وه که ده‌مانکات به پاڵه‌وان. لاپه‌ڕه 48) لێره‌وه ده‌ق به‌رپرسیارێتی خۆی و مۆڕاڵ ده‌ئاخنێته ناو سیاقی مێژووی گێڕانه‌وه‌وه، به جۆرێک ده‌ستی خوێنه‌ر ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات بۆ لای زمانی دایکی و، له‌وێ له بهریهکهووتنیاندا بیریان دێنێته‌وه و پێیانده‌ڵێ کوڕه‌کانم لێره ته‌نیا تۆران و سه‌رهه‌ڵگرتن عیلاجی ده‌ردی دڵی مرۆڤه ناخجوانهکان ده‌کات، و نیشتیمان ده‌که‌ن به یاده‌وه‌ری شه‌وانی غوربهتیانهوه. (دایکم وتی؛ کوڕم له خۆت بپرسه مه‌ولانه بۆ سه‌ری هه‌ڵگرت و ئیدی بیری له گه‌ڕانه‌وه نه‌کرده‌وه، نالی بۆچی شیعره‌کانی کۆکرده‌وه و که‌شکۆڵه‌که‌ی دا به شانی‌دا و گۆڕ غه‌ریب بوو؟! لاپه‌ڕه 48) ئه‌م پرسیاره‌ی دایک له هه‌ست و فرمێسک و حه‌سره‌ته‌وه تاکو قه‌ڵه‌م دهمانسووتێنی و ناخمان پڕ ده‌کات له عه‌زاب و مه‌راق، لێره‌دا نووسه‌ر (عه‌بدولقادر سه‌عید) سیناریۆیه‌ک ده‌خوڵقێنێ و کارئه‌کته‌رێکی جدی دێنێته قسه‌کردن که له‌گه‌ل خوێنه‌ر و ده‌ق و گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا مێژوو وه‌ک حیکایه‌تخوانێک ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌م ئاڵوگۆڕه له رووی نووسینه‌وه جوانکارییه‌کی بێ وێنه‌یه و ده‌کرێ وه‌ک ده‌قی کراوه ته‌ماشای بکه‌ین، چونکه له سه‌ره‌تادا ئێمه کهوتوینهتهدووی ئه‌و رووداوانه‌ی که نووسه‌ر ده‌یانگێڕێته‌وه، به‌ڵام لێره‌دا کارئه‌کته‌ر دروست ده‌کات و به‌شێک له رووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه، واته ئاوێته‌کردنی زمانی رۆمانئامێز به سیناریۆ، ئه‌مه بۆ خۆی کارێکی ده‌گمه‌نه له بونیادی نووسیندا، که ئه‌گه‌ر سه‌لیقه‌یه‌کی زه‌نگین و رۆشنبیرییه‌کی پاکژ و سه‌رده‌میانه‌ی له پشته‌وه نه‌بێت هه‌رگیز دروست نابێت، نووسه‌ر دێت و به هه‌موو قودره‌تی ئه‌خلاقییه‌وه کۆده ژهنگهکانی مێژووی خواجه نه‌زانه‌کان ده‌شکێنێت و له‌جێی ئه‌ودا فه‌نتازیا ئاوێته‌ی هێرمۆنتیکا ده‌کات و عاریفانه له‌زه‌تی گێڕانه‌وه‌ی مێژووی ژیانی غوربه‌ت ئاوێته‌ی گۆرانییه‌کانی مێژووی نیشتیمان ده‌کات. نووسه‌ر به چڕینی لاوک و حه‌یرانه‌وه به سه‌دای هاڕمۆنی ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێت و ئێژێت: هه‌موو رۆژێک له‌وێنده‌رێ له‌پاڵ ناسنامه‌ی نیشتیمان‌دا بۆنی تاوان و گۆناه له خۆڕا تک تک ده‌ڕژێته ناو جه‌سته‌ی ماندوومانهوه بۆ له‌توپه‌تکردنی شوناسی ئێمه. نووسه‌ر بۆ هه‌میشه له چاوه‌ڕوانیدایه به شوێن حه‌قیقه‌ته‌کاندا هه‌روه‌ک سامۆییل بێکیت ده‌بێژێ: (ئه‌وه حه‌قیقه‌ته مرۆڤ هه‌میشه له حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانیدایه) چاوه‌ڕوانی نووسه‌ریش له گشت کات و زه‌مه‌نه‌کاندا چاوه‌ڕوانییه له به‌رامبه‌ر هێنانه‌دی دونیای ئازادی و حه‌قیقه‌ت به گشت مانا و پێکهاته‌کانییه‌وه، له پێناو جوانکردنی ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگه به دیدی مرۆڤدۆستانه. حیکمهتیکاری نووسین له‌وه‌دا به‌ده‌رده‌که‌وێت که نووسه‌ر له‌ناو خودی ده‌قدا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی ده‌قدا دروست بکات، و وه‌زیفه‌ی بێت خوێنه‌ر پهلکێشبکاته ناوه‌خنی شه‌ڕ و پێکدانه‌کانی ناوه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌کان. ئالان رۆب گرێ وته‌نی؛ (شه‌ڕ له‌ناو ده‌قدا، واته شه‌ڕی ده‌ق له‌گه‌ڵ خودی ده‌ق خۆیدا) ده‌توانین بڵێین ئه‌م شه‌ڕ دروستکردنه له‌زوربه‌ی هه‌ره زۆری رۆمانه‌کانی دونیادا بوونی هه‌یه و وه‌ک جوانترین حاڵه‌ته‌کانی نووسین ته‌ماشا ده‌کرێت، لێره‌دا ئه‌ز ده‌خوازم یه‌کێک له حاڵه‌ته ده‌گمه‌نه‌کانی(گۆڕ غه‌ریب) بخه‌مه‌ڕوو که شه‌ڕێکه له به‌رامبه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا دروستی ده‌کات، و پرسیاری ئه‌وه‌مان لێده‌کات (حیکمه‌تی جوانی ژیان له‌کوێدایه؟) ئه‌م پرسیاره هه‌ڵگری دونیاییه‌ک ته‌فسیری فره جودا له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێته قسان و ناچارمان ده‌کات بچینه‌وه به‌ناو گشت ئه‌و میتۆدانه‌ی که بوونه‌ته هۆی جوانکردنی ژیانی مرۆڤه‌کان، ئه‌ی چی واده‌کات ژیانی مرۆڤه‌کان بێ ئومێد و نائاسووده بێت له ژیاندا؟ کاتێک مرۆڤ توشی ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونییه ده‌بێت که ژیان مانای نییه، و چیدی شتێک نییه پێێ بووترێ ئاسوده‌یی، ئیدی ئه‌وجا ته‌مێکی ره‌ش سه‌راپا هه‌ست و هۆشمان داگیر ده‌کات و ژیانمان لێده‌بێته دۆزه‌خ نه‌ک فیرده‌وس، له خۆڕا نییه(گۆڕ غه‌ریب) تووشی ئه‌م ته‌مه غه‌ریبیه ده‌بێت و پرسیار و باسی جوانی ژیانمان لێده‌کات و ئێژێت: (ئه‌سینا شیعرێکه به مانای وشه تۆی رێبوار و غه‌ریبه ده‌توانیت شه‌قام به شه‌قام باخچه به باخچه بیخوێنیته‌وه، ده‌توانی بۆنی گوڵه (ئه‌سخیلۆس)ییه‌کان بکه‌یت، ده‌توانی به دارعیرفانی(ئه‌فلاتون)دا سه‌رکه‌ویت، سه‌یری جوانییه‌کانی(ئه‌نتی گۆنا)بکه‌یت، له ته‌نیشت په‌یکه‌ری (سوکرات) راوه‌ستاویت و وێنه بگریت،ده‌توانی یادگاره‌کانت ببه‌یته سه‌رکێوی(ئه‌کرۆپۆلی) لاسایی قوتابییه‌کانی ئه‌فلاتون بکه‌یته‌وه. گوێ له هاژه‌ی برینه‌کانی رۆح بگریت، ئێمه وامان کرد تابزانین فه‌لسه‌فه چییه؟ حیکمه‌تی جوانی ژیان له کوێدایه، له چییدایه؟ لاپه‌ڕه96) ئه‌م پێناسه‌یه‌ی نووسه‌ر دێڕێکی ئایریس مێردۆک دێنێته‌وه یادم؛ (ئه‌دیب به ئه‌نقه‌ست فه‌زایه‌ک بۆ گه‌مه‌ی خوێنه‌ر به‌جێدێڵێت، وه‌لێ فه‌یله‌سوف نابێ هیچ فه‌زایه‌ک جێبێڵێت.) گه‌مه‌ی ئه‌دیب نه‌شئه به زمان و جوانی ده‌ق ده‌به‌خشێت له رووی هێڵی پارادایم و خوڵقاندنی ئێستاتیکای رووداوه‌کانی سه‌ره‌تا، و ناوه‌ڕاست و کۆتایی و به‌ستنه‌وه‌یان به که‌سه‌کانی ناو ده‌ق خۆی و باسه مێژووی و واقیعیه‌کانی ناوه‌وه‌ی نووسینه ئه‌ده‌بییه‌کان. رۆلان بارت وته‌نی: (نووسینی ئه‌ده‌بی له ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌م هه‌ڵگری له‌خۆ بێگانه‌بوونی مێژووه و هه‌م هه‌ڵگری روانینی مێژووه.) نووسه‌ری گۆڕ غه‌ریب به ته‌نیا خاوه‌ن قه‌ڵه‌م نییه، به‌ڵکو فۆتۆگرافێکی سه‌رکه‌ووتووه له وێنه‌گرتنی شاری ئه‌سینا و شه‌قامه‌کانی، ئه‌وه‌تا به چاوی کامێراوه گشت شوێنه سه‌رنجڕاکێشه‌کانی شاری ئاتێن ده‌گرێت و باخچه و گوڵه‌کانی شانۆی شار، مرۆڤه خاوه‌ن ئیدراکهکانی وه‌ک (ئه‌فلاتون، ئه‌سخیلۆس،سوکرات، ئه‌نتی گۆنا)و هه‌موو موزیکژه‌نه‌کان ده‌گرێت و له چاوی قه‌ڵه‌مه‌وه نیشانمان ده‌دات. ئه‌مه وامان لێده‌کات که بڵێین عه‌بدولقادر سه‌عید فۆتۆگرافێکی لێزان و به‌سه‌لیقه‌یه له چاوی مێژووه‌وه، نووسه‌ر ده‌خوازێت پێمانبڵێت: ئێمه خاوه‌نی هیچ نین جگه له مێژوویه‌کی شێواو و هه‌ڵبه‌ستراو، که ناتوانین به سانایی خۆمان بکه‌ین به خاوه‌نی. شه‌ڕی ده‌ق ئه‌مه‌یه نووسه‌ر له‌وێوه له شاره ده‌وڵه‌تی ئه‌سیناوه به شیعر و قه‌ڵه‌م و مێژوو حیکایه‌ته‌کان وه‌ک خۆی ده‌نووسێته‌وه و شانازی به‌و هه‌موو جوانییه ده‌کات که مرۆڤه‌کانی پێش سێ هه‌زار ساڵ خوڵقاندویانه بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوویان، نووسه‌ر راستگۆیانه پشوومان ده‌داتێ و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو مێژووه‌دا بۆ که‌مه‌کێ هه‌ر هه‌موومان گوێ له گۆرانی دۆلفینه‌کان رادێرین، تاکو فێربین سروشت و باڵدارهکانمان خۆش‌بووێت و موزیک ئیلهامبه‌خشی ژیانمان بێت، سروشت ئه‌و ئاسمانه‌یه که دهنگهخۆشهکان له‌خۆ ده‌گرێت، چرینی هه‌موو گۆرانییه‌ک گرێدراوه به ده‌نگخۆشییه‌وه، ئه‌و ساتانه‌ی که گوێبیستی ده‌نگخۆشێک ده‌بین ئیدی هه‌ست و رۆحمان ئاوێته‌ی سه‌دای ده‌نگ و جوانی ریتم و به‌رز و نزمی ئاوازه‌کانی مرۆڤ و سروشت ده‌بێت، دێنیس دیدرۆ وته‌نی: (موزیک لاساییکردنه‌وه‌ی سروشته) ئه‌وه ئه‌رکی نووسه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون و زه‌نگینه که ده‌توانێ موزیک و ژینمان له‌لا جوان بکات و رۆحمان تێکه‌ڵ به جلیوه‌ی ئه‌ستێره‌کان بکات، له‌پێناو جوانکردنی ژیان بۆ داهاتووی نه‌وه‌کانی ئایندهی دوور، له ده‌سته‌کانی شه‌ڕ و جه‌نگه دۆڕاوه‌کانی وه‌ته‌ن. هه‌موو پێناسه‌یه‌کی دروست مانای جدی و راڤه‌ی عه‌قڵانی دروست ده‌کات، هه‌رچه‌نده گه‌ر پێناسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا ریتمی گوێگرتن نهخوڵقێنی، ئه‌وا مه‌حاڵه دێڕه‌کان به سانایی مانای ته‌واومان بده‌نێ و جوانییه‌ک له ئێستاتیکای ده‌قدا دروست بکات، وه‌لێ کاتێ ده‌قی(گۆڕ غه‌ریب) ده‌خوێنینه‌وه، له‌گه‌ڵ گشت رووداوه‌کاندا هه‌ست به ئاماده‌گی خۆمان ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی ده‌ق و بازنه فه‌نتازییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌م شێوازی نووسینه گه‌ڕانه به شوێن وه‌ڵامه‌کانی خود و خستنه‌ڕووی ئیحتیماله‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق، میلان کۆندێرا وته‌نی:(رۆمان وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ناداته‌وه، به‌ڵکو ئیحتیماله‌کان ده‌خاته‌ڕوو.) ژبه‌ر هه‌ندێ زمانی رۆمان ته‌واو زمانێکه جودا له هه‌موو ژانره ئهدهییهکانی تر له رووی گێڕانه‌وه‌ی واقیع بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌ق. میلان کۆندیرا دیسانه‌وه ده‌بێژێ: (رۆمان ئاوێنه‌یه‌که بۆ مێژووی ئینسان.) هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا روونمکرده‌وه (گۆڕ غه‌ریب)ده‌قێکی رۆمانئامێزه و ئاوێنه‌ی مێژووه بۆ تاکه‌کانی ناو ده‌قه‌که، نووسه‌ر عاقڵانه گوێ له ریتمی دێڕه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق ده‌گرێ، به جۆڕێک له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه96دا ئه‌م دروستییه له رووی نووسینه‌وه هه‌ست پێده‌که‌ین، یان به دیوێکی تردا هه‌موومان گوێمان له ده‌نگی پێی پیاوه رهبهنهکانه، گوێمان له وشه‌ی عاشقان و ماچی ژووان ده‌بێت له ژێر قوبه ئاڵتوونییه‌کانی(دۆم)دا. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه هێند غه‌مبار و عهزابنۆشه خوێنه‌ری زیته‌ڵ هه‌ست به بوونی ریتمی ده‌نگی دێڕه‌کانی ده‌کات. (کڵێسا‌ی(Doom)مه‌ڵبه‌ندی پیاوه ره‌به‌نه‌کان، مه‌ڵبه‌ندی ژنه ته‌نیاکانه، له‌وێ له‌ژێر قوبه ئاڵتونییه‌کانی دۆمدا عه‌شق دروست ده‌بێته‌وه، ژیان سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێده‌کاته‌وه. دۆم کڵاوی قوتی سهرهبزێوهکهی شاری (کۆڵن)ه، که هه‌میشه زۆران له‌گه‌ڵ جوانیدا ده‌گرێ، تا گره‌وی شاجوانه‌کانی دنیا بباته‌وه. دۆم میتۆلۆژیای هه‌موو نوشهستییهکانی مرۆڤه له هه‌ر کوێیه‌ک هاوارێ له زۆردارێک کرابێ هانایه‌ک بۆ گوڵه‌گه‌نمێک برابێت، له‌وێ له‌سه‌ر یه‌کێ له قوبه له ته‌م غهرقبووهکاندا داستانه‌که‌ی نووسراوه‌ته‌وه. هه‌ر په‌یکه‌ره چیرۆکێکی راسته‌قینه‌ی ئازارێکه و له دووری هه‌زاران میله‌وه گه‌یشتۆته خه‌یاڵی داهێنه‌رێک. لاپه‌ڕه 113) لێره‌دایه نووسه‌ر وه‌ک دهقیكێ شانۆیی خۆی نمایش ده‌کات و له‌گه‌ڵ هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌کدا دیمه‌نێکی تازه‌مان نیشان ده‌دات به موزیکه کلاسیکییه‌کانی بێتهۆڤن و لیسزت و مۆزارت دهمانخاتهناو ده‌نگی ئۆپێراکانی غوربه‌ته‌وه، که مرۆڤ ناتوانێ به‌بێ گوێگرتن له‌و ده‌نگانه خۆی له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو رووداوانه‌دا بگرێ، له هه‌مان کاتدا ده‌گه‌ینه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که(گۆڕ غه‌ریب)ده‌قێکی فره لایه‌ن و خاوه‌ن ریتمی دێڕه‌کانی خۆیه‌تی له گشت حاڵه‌ته‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا، واته ئه‌م ده‌قه خاڵییه له ده‌قه(سۆزداری و ئه‌ڤینداری)یه‌کان، به دیوێکی تردا له دوای خۆی فه‌زایه‌ک جێدێڵێت بۆ گه‌مه‌ی خوێنه‌ره جدییه‌کانی دونیای ئه‌ده‌ب و ئایدیۆلۆژیای خودی ئه‌ده‌ب خۆی. له به‌ریه‌ککه‌وتنی ئه‌م تابلۆیانه‌دا ناکرێ خوێنه‌ری جدی کڕ و بێده‌نگ بێت له ئاستیاندا. نووسه‌ری(گۆڕ غه‌ریب) قه‌ڵه‌مێکی (به به‌ینه‌ت)ه له ئاست حیکایه‌ت و ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ی زمانی ده‌ق، که به جۆرێک هه‌موو زه‌رووره‌ته میزاجییه‌کان تووڕ ده‌دات له‌پێناو به‌خشینی ده‌قێکی(شیکپۆش) به دیدێک که ره‌واجیان هه‌بێت بۆ قسه‌کردن و راڤه‌کردنی لۆژیکیانه. توبیاس وۆڵف وته‌نی: (نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی دژوار ده‌بێ له ده‌روونی خۆیدا به دوای ئیراده‌ی خۆیدا بگه‌ڕێ.) نووسه‌ری (گۆڕ غه‌ریب) ئیراده و ته‌کنیکێکی گێڕانه‌وه‌ی فرهجوانی هێناوه‌ته به‌ردیده‌مان، ده‌کرێ بڵێین نه‌ک هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی دروستی خه‌مڵاندووه، به‌ڵکو زمان و ئێستاتیکایه‌کی جدی هێناوته به‌رهه‌م، که هه‌موو چیرۆکه‌کان ده‌نک ده‌نک بوونه‌ته ملوانکه‌ی سه‌رکێلی گۆڕ غه‌ریب و له ملی هه‌ر یه‌کێکماندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام چیده‌که‌یت کاتێ بینینی خوار و دڵی پڕ له قین ئه‌م حه‌مکه جوانییه نابینێت و خۆی له به‌رامبه‌ر داهێنانی (گۆڕ غه‌ریب)دا ده‌بێته ته‌ماشاچییه‌کی رق سۆز و لاسار، ئه‌مه ئه‌و حاڵه‌ته‌یه که له مێژه داهێنه‌ران و رۆشبنیرانی کورد گیرۆده‌ی بوون و زووربه‌ی جاره‌کان نووسه‌رانی جدی ئێمه که‌وتوونه‌ته‌به‌ر تانه و ته‌شه‌ری کاڵفامی هه‌ندێک له بوختانچییهکانی ناوه‌ندی رۆشنبیری کورد، وه‌لێ من دڵنیایان ده‌که‌م که زه‌مه‌ن گۆڕاوه و چیدی قڕتێکهوتووهکانی گه‌لۆری نووسهرهبازهکان، ناتوانن نووسه‌رانی خاوه‌ن ئیراده و بێغه‌ل و غه‌ش وه‌ک جاران مه‌حف بکه‌نه‌وه، و نه‌غمه‌ی قه‌ڵه‌مه‌کانیان بتاسێنن. نموونه‌گه‌لێکی زۆرمان هه‌ن که له خۆڕا و به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌کی مه‌عریفی نووسه‌رانی جدی ئێمه‌یان به حسابی خۆیان دڵشکاو کردووه، و گوایه داهێنانیان نه‌خوڵقاندووه، که ده‌توانین جوانترین نموونه‌ی ئه‌م رۆژگاره‌ی داهێنان وه‌ک زه‌رووره‌تێک بهێنینه عه‌ردی ئه‌م نووسینه‌وه، رۆماننوس و رووناک‌بیر (به‌ختیار عه‌لی) یه‌کێکه له‌و داهێنه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆی دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه، که هه‌ر له یه‌که‌مین نووسینیه‌وه خۆی وه‌ک قه‌ڵه‌مێکی زیته‌ڵ و حیکمهتکار نیشاندا و ده‌قی فره تازه و جوانی هێنایه‌به‌ر دیده‌مان، که ده‌توانین بڵێین داهێنانه‌کانی (به‌ختیار عه‌لی) دونیایه‌ک بونیادی مه‌عریفی و زمانه‌وانی و ئێستاتیکای خسته‌ناو په‌رتووکخانه‌ی زمانی کوردییه‌وه و پرسیارگه‌لێکی جدی خوڵقاند بۆ دواڕۆژی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه و ته‌سه‌وراتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی له لامان رۆشنکرده‌وه و له‌زه‌تی ئاخاوتنی به‌خشی به‌نه‌وه‌کانی دوای خۆی، به شێوازێک خۆشبه‌ختی له دونیابینی رۆشنبیریماندا ده‌وڵه‌مه‌ند کرد و رووخساری نووسین و خوێندنه‌وه‌مانی ئاوێته‌ی ره‌نگه پیرۆزه‌ییه‌کانی ئیراده‌ی ئینساندۆستی کرد، وێڵ دۆرانت وته‌نی: (مرۆڤی خۆشبه‌خت ئه‌و مرۆڤه‌یه که پێش مه‌رگ ده‌توانێت رووخساره جوانه‌کانی میراتی شارستانی گوڵبژێر بکات و بیگوێزێته‌وه بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆی.) ده‌قاوده‌ق ئه‌م بۆچوونه‌ی وێڵ دۆرانت له‌گه‌ڵ دونیا بینییه‌کانی رۆماننوس(به‌ختیار عه‌لی)و دێره‌کانی(گۆڕ غه‌ریب)دا یه‌کده‌گرنه‌وه که نووسه‌ر و رووناک‌بیر(عه‌بولقادر سه‌عید) چاوی قه‌ڵه‌م و رووی نووسینمان تێده‌کات و ده‌پرسێت: (حیکمه‌تی جوانی ژیان له‌کوێدایه،له چیدایه؟) ئه‌مه ئه‌و جه‌نگه پڕ مانا و هزره‌یه که خه‌می زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رووناکبیرانی دونیا و رۆشنبیرانی خۆشمانی خستۆته به‌رده‌م لێپرسراوێتی خود و ئازادییه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان، به جۆرێک هه‌میشه ده‌گه‌ڕێن به شوێن جوانکردنی ژیان له پێناو خۆشبه‌ختی بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆیان، و دونیا عیرفانییه‌که‌ی ئینساندۆستی. هه‌ر ئه‌م مانا ئینسانیبوونهیه که رووناکبیرێک ده‌خاته به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌قامه خوێناوییه‌کانی زه‌مه‌نی کوێربونه‌وه‌ی وه‌ته‌ن و مێژووی فیتنهچییهکانی داڵانه‌کانی شه‌ڕ، لێره‌وه‌یه غوربه‌ت ده‌بێته ئاوێنه‌یه‌کی ته‌ڵخ و تۆنێکی نه‌شاز له دید و خه‌یاڵی گۆڕ غه‌ریبدا ده‌ڕوێنێت، و نیشتیمانی لێده‌کات به مشتێ گێلاسی سوور و له‌زه‌ت ده‌به‌خشێت به هه‌نگاوه‌کانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خاکی نه‌شئه په‌رستانی وه‌ته‌ن.(بۆ یه‌که‌مجار ته‌پوتۆزی غه‌ریبیم له خۆم ته‌کاند، بڕیارمدا ئه‌وکاته‌ی بیرم له هه‌موو جوانییه شاراوه و ئاشکراکان ده‌کرده‌وه. به خه‌یاڵ گوند به گوند ئه‌گه‌ڕام، بیره‌وه‌رییه جێماوهکانم کۆئه‌کرده‌وه، هه‌ر به خه‌یاڵ سڵاوم له‌و ماڵانه ئه‌کرد که ژه‌مه‌نانی مناڵه‌کانیان ئه‌به‌خشی به من ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵی پهژمودهم نه‌ڕه‌نجێ. به‌و شه‌قامانه‌دا ره‌ت ئه‌بووم که شوێن په‌نجه‌ی خوێناویم له‌سه‌ر یه‌ک به یه‌کیان به‌جێمابوو. لاپه‌ڕه 145) پێشتر گه‌ر له بیرتان بێت ئه‌ز گوتم قه‌ڵه‌می ده‌قی (گۆڕ غه‌ریب)به بهیینهته، فیعله‌ن خاوه‌نی قه‌ڵمی گۆڕ غه‌ریب به ئه‌مه‌ک و به وه‌فایه له به‌رامبه‌ر خودی نیشتیمان و بست به بستی جوگرافیاکه‌یدا، ئه‌وه‌تا له غوربه‌ته‌وه تۆزی نامۆبوون ده‌ته‌کێنێت و خۆی و جه‌سته‌ی به به‌شێک له خاک له وه‌ته‌ن له مێژوو نیشانده‌دات، مهخلوقهکهی به فریشته‌کانی ئاسمان ده‌شوبهێنێ و بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵیان ده‌ژی و رێگه به خۆی و قه‌ڵه‌م و یاده‌وه‌رییه‌کانی نادات زاکیره‌ی خیانه‌تی لێبکه‌ن و نیشتیمانی پێ بگۆڕنه‌وه به ئهسفهلهسافلین! ناخوازێت وه‌ک بێتهۆڤن قه‌ده‌ر له ده‌رگای ماڵه‌کانیان بدات و ژیانیان بگۆڕێته‌وه به (هادیس) شوێنی مردووانی ئه‌فسانه‌کانی گریک، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ره‌کیه‌تی بنووسێت و بێژێت وه‌ته‌ن: (ئه‌و عه‌شقه‌یه شاعیرانه ئازادی ده‌دوێنێ، هونه‌رمه‌ندانه له تابلۆی یه‌کسانی ورد ده‌بێته‌وه و عاشقانه گوێ له مۆسیقای جوانییه‌کان ده‌گرێ.لاپه‌ڕه 147) گۆڕ غه‌ریب و خامه‌که‌ی (عه‌بدولقادر سه‌عید) مێفێستۆیانه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، جارێک میوانی ئهشکمانه و جارێک له خوانی موزیکدۆستاندا سروودی گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌ته‌ن ده‌چڕن، و ناخوازن له هیچ عهردێک ئێمه و ئێوه گۆڕ غه‌ریب بین، گه‌ره‌کیانه گشتمان پێکه‌وه له کۆته‌ڵی حه‌شر و نه‌شری نیشتیمان‌دا گۆرانی بچڕین سه‌ما بکه‌ین. ئه‌و مرۆڤانه‌ی به دوای خۆشبه‌ختیدا ده‌گه‌ڕێن، پێکه‌نین چاوه‌ڕوانیانه. ئه‌و زاتانه‌ی به دوای گریاندا ده‌گه‌ڕێن فرمێسک چاره‌نوسیانه!