Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
‌به‌له‌می به‌ردین…..دیدار مه‌سیفی

‌به‌له‌می به‌ردین…..دیدار مه‌سیفی

Closed

 ‌به‌له‌می به‌ردین
   دیدار مه‌سیفی
  بۆ یاده‌وه‌ری باوکم که به ئۆتۆمبیله‌که‌ی هه‌رده‌م له سه‌فه‌ر دا بوو ‌
 
 
 ژنێک چیلکه‌ دارێک له‌ زه‌مین ده‌خشێنێت و شوێنه‌که‌ی لاناچێت.   ‌ سه‌گه‌ کپ و مات بووه‌کانی کاربێریش به‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌و ژنه‌ له‌ پڕ به‌ هاواره‌وه‌ ده‌حه‌پن و هه‌رگیز بێده‌نگ نابن.   

balamiBardin_230483463.jpg  

 کاربێری شارۆچکه‌یه‌کی ده‌لالی نێو شاخه‌کانی پیرینێیه‌ و ده‌که‌وێته‌ قولینچکی سه‌روو و لای راستی ئه‌و خاکه‌ چوار گۆشه‌یه‌ی که‌ له‌ جوگرافیا دا پێیده‌ڵێن نیمچه‌ دورگه‌ی ئیبیریا. که‌ به‌ ووردی له‌ نه‌خشه‌که‌ی ڕابمێنیت ده‌ڵێیت ئیبیریا سه‌ری که‌سێکه‌ به‌ ناوی ئه‌وروپا که‌ بۆ ماچ و ڕاموسان له‌گه‌ڵ کچێکی ئه‌سمه‌ری مه‌راکشی چه‌ماوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام کاربێری دڵگیر و ده‌لال وه‌ک سه‌ره‌تا و شوێن پێیه‌ک بۆ رۆمانێکی جوان و سیحراوی ژۆزێ سه‌ره‌ماگۆ به‌ حه‌پینی پڕ له‌ هاواری سه‌گه‌کان ڕێنادات ئه‌و ئه‌و واقیعه‌ هه‌روا بگوزه‌رێت و بگونجێت. کاربیری له‌ {به‌له‌می به‌ردین} دا پنتێکی سووره و زه‌نگی جیابوونه‌وه‌ و دابڕان لێده‌دات. بۆیه‌ هه‌ر که‌ جوانا سادرا چیلکه‌ داره‌که‌‌ی به‌ زه‌مین دا ده‌خشێنێت، ئیتر ئیبیریا نابێته‌ سه‌ری که‌سێکی ئه‌ویندار ئه‌وه‌نده‌ی له‌ به‌له‌مێکی زه‌به‌لاحی چوارگۆشه‌ی به‌ردین ده‌چێت.          
 ژۆزێ سه‌ره‌ماگۆ وه‌ک ته‌کنیکێکی تایبه‌ت به‌ خۆی که‌ له‌ رۆمانه‌کانی دیکه‌ی دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، کاره‌ساتێکی نه‌ بیستراو و له‌ ناکاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و‌ له‌ رۆمانه‌کانی دا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ توانایێکی بێئه‌ندازه‌ بۆ تاساندنی خوێنه‌ر وه‌گڕ ده‌خات و به‌ دوای زه‌نگ و ده‌نگی رووداو و وه‌سف و کاره‌کته‌ره‌کانی خۆی په‌لکێشی ده‌کات.                                     
 له‌ {به‌له‌می به‌ردین} دا سه‌ره‌ماگۆ جیابوونه‌وه‌ی نیوه‌ دورگه‌ی ئیبریای وه‌ک سومبلێک به‌ کار هێناوه‌ و له‌ په‌نادا گه‌لێک مانای قووڵ و شاراوه‌ی ده‌رخستووه‌‌. ئه‌و وه‌ک پیرێکی لێزان له‌ {به‌له‌می به‌ردین} دا کاره‌کته‌ره‌کانی به‌ هه‌ر چوار قوژبی ئه‌و نیوه‌ دورگه‌یه‌ دا ده‌گێڕێت که‌ ووڵاته‌که‌ی خۆی پوتوگال و ئیسپانیای دراوسێ ی له‌سه‌ره‌.                                      
 کرۆکی رۆمانه‌ بریتی له‌ جیابوونه‌وه‌ی ئیبیریا له‌ ئه‌وروپا و كشانی به‌ره‌وه‌ قووڵایی ئاوی ئه‌تلانتیک. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ چاوه‌روان نه‌کراوه‌ رووبدات. جوانا سادرای ته‌لیسماوی چیلکه‌ دارێک ده‌گرێته‌ ده‌ست و بێئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت شوێنی شکانی زه‌مین دیاری ده‌کات، ژواکیم ساسای ئه‌فه‌ندی به‌ هه‌موو هێزییه‌وه‌ به‌ردێکی قورستر له‌ توانای خۆی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ قووڵایی ئه‌تلانتیک فڕێی ده‌دات، پێدرۆ ئۆرسی هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌ر پێ و یه‌که‌م که‌سی سه‌ر نیمچه‌ دوورگه‌که‌یه‌ که‌ هه‌ست به‌ له‌رزینی خاک بکات، ژۆسێ ئه‌ناسیۆی مامۆستا هه‌ر که‌ ده‌چێته‌ پیاسه‌کردن پۆلێک له‌ پاساری وه‌ دوای ده‌که‌ون، دوا که‌س ماریا گه‌ڤایرای خودان زه‌مین گۆره‌وییه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و چه‌ندی ده‌کات به‌ کۆتایی ناگات.
 له‌ به‌شه‌کانی سه‌ره‌تایی رۆمانی {به‌له‌می به‌ردین} سه‌ره‌ماگۆ باس له‌ شه‌ق بوون و ئاکامه‌کانی ده‌کات که‌ به‌ درێژایی شاخه‌کانی پیرینێ رووده‌دات و خه‌ڵک نیگه‌ران و هه‌راسان ده‌کات. باس له‌ دروست بوونی خه‌ره‌ند و دۆڵی قووڵ قووڵ ده‌کات، یان له‌ شکانی رووباره‌کان تاڤگه‌ی به‌رزی هه‌زار مه‌تری نیشان ده‌دات و لایه‌نێکی جوان سیحراوی ئه‌و کاره‌ساته‌ مه‌زنه‌ نیشان ده‌دات.            
 دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ و باس له‌ یه‌کتر گه‌یشتنی پێنج کاره‌کته‌ره‌ پڕ له‌ موعجیزه‌کانی ده‌کات که‌ چۆن به‌ شێوه‌ی ڕیکه‌وت ڕێگایان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێی یه‌ک و دوو. ئه‌وان به‌ر له‌ ته‌واوی خه‌ڵکی سه‌ر نیمچه‌ دوورگه‌که‌ به‌و کاره‌ساته‌یان زانیوه‌. به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ق بوونی زه‌مین و دورکه‌وتنه‌وه‌ی ئیبیریا له‌ رۆژێکدا به‌ هه‌ژده‌ کیلۆمه‌تر ده‌خه‌ملێنێت. سه‌ره‌تا ژواکیم ساسا وه‌ک دۆن کیخۆته‌یه‌تی تازه‌ به‌ هه‌مان گوڕ و تین سواری ئۆتۆمبێله‌که‌ی ده‌بێت و ده‌چێت ژۆسێ ئه‌ناسیۆ ده‌دۆزێته‌وه‌. کاره‌کته‌ره‌کانی سه‌ره‌ماگۆ له‌ رۆمانی {به‌له‌می به‌رین} دا یه‌ک له‌ دوای یه‌ک کۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌بن به‌ هاورێ و هاوده‌می یه‌کتر. ئه‌وان وه‌ک رزگارکه‌ر به‌ سه‌رتاسه‌ری نیمچه‌ دورگه‌ی ئیبیریا دا ده‌گه‌ڕێن و ده‌چن له‌و شوێنه‌ی جوانا سادرا هێڵه‌که‌ی کێشاوه‌ دوای سه‌گێک ده‌که‌ون که‌ په‌تێکی شین به‌ ده‌می دا شۆڕبۆته‌وه‌. سه‌گه‌که‌ به‌ ره‌وتی شه‌ق بوونی زه‌مین ده‌زانێت هێواش هێواش هه‌ر پێج کاره‌کته‌ره‌ به‌ دوای خۆی ده‌خات.                                                             
 به‌ر له روودانی کاره‌سات، ژواکیم ساسا و ژۆسێ ئه‌ناسیۆ که‌ موعجیزه‌ له‌ ژیانی هه‌ردوکیان دا روویداوه‌ گه‌شتێک بۆ ئیسپانیا ده‌که‌ن و ده‌بینن له‌ شوێنێک دا‌ که‌سێکی پیر به‌ ناوی پێدرۆ ئۆسی له‌ به‌ر ده‌رگای ده‌رمانخانه‌که‌ی دایه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی زه‌مه‌نێک بێت له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و‌ دوو هاوڕێیه‌ی وه‌ستابێت . دواتر جوانا سادرا له‌ لیشبۆن ده‌ناسن و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانبات بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که‌ هێڵه‌که‌ی به‌ زه‌مین دا کێشابوو.                                                                        
 دووباره‌، ته‌کنیکی سه‌ره‌ماگۆ له‌ به‌رهه‌مهێنانی رووداو بێوێنه‌ و سه‌رسوڕ‌هێنه‌ره‌. بۆیه‌ خوێنه‌ر له‌ ناسینی کاره‌کته‌ره‌ ئاسایی یه‌کانی ئه‌و هه‌ست ده‌کات پاڵه‌وانانی وه‌ک سپارتاکۆس و کاوه‌ و هیرۆکلیسی ناسیوه‌.                                      
 له‌ {به‌له‌می به‌ردین} دوایی گه‌ڕان و کات به‌ سه‌ربردنی کاره‌کته‌ره‌کان بۆ گه‌یشتن بۆ وه‌ڵامێک بۆ ئه‌و کاره‌ساته‌ له‌ ناکاوه‌ ، شڵه‌ژان و تێکقژانی خه‌ڵک ده‌ست پێده‌کات که‌ خه‌ریکه‌ هێواش هێواش هه‌ست ده‌که‌ن خاک له‌ ژێر پێیه‌کانیان دا ده‌جوولێت. به ڕامان له‌و کاره‌ساته‌ی و باری ناهه‌مواری خه‌ڵک له‌ نێو ئه‌و رۆمانه‌ دا، خوێنه‌ر بیری بۆ ئه‌و نه‌هامه‌تی و کاره‌ساته‌ واقیعیانه‌ ده‌چێت که‌ رۆژانه‌ له‌ دونیادا رووده‌ده‌ن. کاتێک خه‌می گه‌وره‌ی خه‌ڵک ده‌بێته‌ خۆ رزگارکردن و ده‌ربازبوون. بۆیه‌ خه‌ڵکی {به‌له‌می به‌ردین} له‌ هه‌مان ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ده‌چن که‌ له‌ واقیع دا ده‌ژین. که‌چی پێنج کاره‌کته‌ره‌که‌ی سه‌ره‌ماگۆ، پینج گیانی جیاوازن و خه‌مێکی گه‌لێک گه‌وره‌تر له‌ ناخی هه‌ر یه‌کێکیان دایه‌.  به‌ دانانی هه‌رتک لا له‌ رۆمانه‌که‌ی، سه‌ره‌ماگۆ ده‌یه‌وێت شتێکمان پێبڵێت که‌ زۆر قووڵتره‌ له‌ باس کردنی رووداوێک که‌ به‌ ته‌نها ره‌وتی ژیان ده‌شڵه‌ژێنێت و شته‌کان تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات. ئه‌و له‌ {به‌له‌می به‌ردین} دا پرسیارێکی قورس ده‌خاته‌ روو و نیشانی ده‌دات که‌ دوایی ساڵانێکی درێژی شارستانیه‌ت وا دیسان یاسای جه‌نگه‌ڵ له‌ گۆڕێ دایه‌ و له‌ کاتی کاره‌سات دا به‌هێز به‌ر له‌ بێ هێز خۆی رزگار ده‌کات، پیاو به‌ر له‌ ژن و منداڵ.           
 دوا ووته‌، پانتایی دونیای رۆمانی {به‌له‌می به‌ردین} جیا له‌ کاره‌کته‌ره‌کانی له‌ رۆژگاره‌کانی کۆچڕه‌وی کوردان ده‌چێت که‌ ئه‌وان وه‌ک نیمچه‌ دورگه‌ی ئیبیریا که‌چی به ره‌وتێکی‌ پێچه‌وانه‌وه‌وه‌‌ به‌ره‌و شاخه‌کان ده‌کشان و ترسێکی به‌ قه‌واره‌ی دونیا به‌ دوایانه‌وه‌ بوو. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ق بوونه‌ی که‌ له‌ رۆمانی {به‌له‌می به‌ردین} دا رووده‌دات، ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵکی ئه‌وێ مایه‌ی گه‌وره‌ترین نیگه‌رانی و ترس و شڵه‌ژان بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ به‌سه‌ر چووانه‌ی کوردان به‌له‌مێک بێت ئه‌فسووناوی. به‌ڵێ، تاکه‌ چاره‌ بێت بۆ رزگاربوون له‌ زه‌مه‌نێکی کۆن و به‌رده‌وام له‌ کۆچ و هه‌ڵاتن و ڕاگواستن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وا پێشهات ژواکیم ساسا و هاورێیانی، یان ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیرده‌که‌نه‌وه پێکه‌وه‌ بڵێن، چش، له‌ که‌سانی وه‌ک ئێمه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رگیز نه‌ بووبن.                  
 چش، له‌و رۆژه‌ش که‌ سه‌گێک به‌ خۆی و په‌تێکی شینه‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕێنیشانده‌ر!‌ ‌ 

dmasifi289@yahoo.ca 
                                                        
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.