
خوێندنه‌وه‌ی کتێبی به سویدی نووسراو کوردستان ئه‌و وڵاته‌ی که نییه
خوێندنه‌وه‌ی کتێبی به سویدی نووسراو "کوردستان ئه‌و وڵاته‌ی که نییه"
وریا ماملێسی… ستۆکهۆڵم
کتێبی "کوردستان ئه‌و وڵاته‌ی که نییه" به‌رهه‌می ئینگمار کارلسۆنه که دیپلۆماتکارێکی سویدییه و سه‌رۆکی کۆنسولخانه‌ی سویده له ئه‌سته‌مبۆڵ. کتێبه‌که به زمانی سویدی بۆ خوێنه‌ری سویدی نووسراوه. له‌وانه‌یه خوێنه‌ری کورد بپرسێ بۆچی ئه‌م وتاره به کوردی ده‌رباره‌ی ئه‌م به‌رهه‌م بنووسرێ. له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم مه‌به‌ست له‌م وتاره هه‌ڵسه‌نگاندن و ناساندنی بۆچوونێکی سویدی و تا ڕاده‌یه‌کیش ئه‌وروپای ڕۆژئاوایه ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد.
پێش هه‌موو شتێک مرۆڤ ده‌بێ بڕوانێته ناونیشانی کتێبه‌که که ده‌ڵێ "کوردستان ئه‌و وڵاته‌ی که نییه". بۆچی نووسه‌ر ئه‌م ناونیشانه‌ی بۆ کتێبه‌که‌ی هه‌ڵبژاردوه؟ ئایا نووسه‌ر ده‌یه‌وێ چی به خوێنه‌ری سویدی بڵێ و چۆن بیروڕایه‌ک ده‌رباره‌ی کورد و کوردستان لای سویدییه‌کان دروست بکات؟
کتێبه‌که له به‌شێکیدا (کوردستان – جوگرافیا، زمان و دین) باس له شوێنی جوگرافی کوردستان و زمانی کوردی و باوه‌ڕی دینی خه‌ڵکی کورد ده‌کات . ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه له‌م به‌شه‌ی کتێبه‌که‌دا باس کردنی شوێنی جوگرافی و زمانی کوردییه. ده‌رباره‌ی جوگرافیای کوردستان نووسه‌ر ده‌ڵێت "پێناسه‌ییه‌کی جوگرافی قبوڵکرا و ڕوون نییه و هه‌رگیزیش نه‌بووه" خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌ر بیگوتایه جوگرافیایه‌کی سنوور دیاریکراوی به ڕه‌سمی ناسراو بوونی نییه رێکتر ده‌رده‌چوو له‌گه‌ڵ واقیعی سه‌پاودا. ده‌نا هه‌موو که‌سێک شوێنی جوگرافیا و سنووری جوگرافی کوردستان ده‌زانێ. پاشان نووسه‌ر له شوێنیکی دیکه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ وشه‌ی کوردستان به فه‌رمی ئه‌و یه‌که جوگرافی و ئیدارییه ده‌گرێته‌وه که ئوستانێکه له ئێران و شاری سنه‌ش ناوه‌ندێتی و سنووری به سنووری عێراقه‌وه‌یه". نووسه‌ر به هیچ جۆرێک باسی باشووری کوردستان ناکات که یه‌که‌یه‌کی ئیداری و جوگرافییه و له ساڵی 1970 وه به ڕه‌سمی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه ناسراوه و پاش ڕوخانی ڕژیمی سه‌دامیش له په‌رله‌مانی عێراقدا ئه‌و به‌شه به ڕه‌سمی ناسراوه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت که نووسه‌ر دان به‌و به‌شه‌دا نانێ. ئه‌م بۆچوونه‌ش هه‌مان بۆچوونی ده‌وڵه‌تی تورکیایه که دان به بوونی هه‌رێمی کوردستاندا نانێت. لێره‌دا نووسه‌ر بۆچوونێکی تورکی به زمانی سویدی دووباره ده‌کاته‌وه.
ده‌رباره‌ی زمان نووسه‌ر ده‌ڵیت "پێناسه کردنی کورد له ده‌راوی زمانه‌که‌یه‌وه کارێکی زه‌حمه‌ته چونکه فاکته‌رێکی په‌رشوبڵاوییه نه‌ک یه‌کگرتوویی". نووسه‌ر که باسی زمانی کوردی ده‌کات ناڵێت له چه‌ند دیالێکتێک پێک هاتووه به‌ڵکو ده‌ڵێ له چه‌ند زمانیک پێکهاتووه وه‌کو زمانی کرمانجی و زمانی سۆرانی و زمانی زازایی… نووسه‌ر ده‌ڵێت "جیاوزای نێوان سۆرانی و کرمانجی وه‌ک جیاوازی نێوان ئه‌ڵمانی و سویدی وایه". ئه‌م بۆچوونه سه‌رنجڕاکێشه له‌به‌ر دوو هۆ:
1- زمانی ئاڵمانی و سویدی زۆر له‌یه‌کتر جیاوازن و خه‌ڵکی ئه‌و دوو زمانه جیاوازه به هیچ جۆرێک له‌یه‌کتری ناگه‌ن.
2- نووسه‌ر ده‌یتوانی جیاوازی نێوان سۆرانی و کرمانجی به جیاوازی نێوان سویدی و دانیمارکی بچوێنێ، که پتر له ڕاستییه‌وه نزیکه. سویدییه‌کان و دانیمارکییه‌کان له زمانی یه‌کتری تێده‌گه‌ن و گرفتیان نیه. نووسه‌ر که سویدی و ئه‌ڵمانی به نموونه هێناوه‌ته‌وه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێ که قسه‌که‌رانی سۆرانی و کرمانجی به هیچ جۆرێک له‌یه‌کتری ناگه‌ن. له‌وانه‌یه خوێنه‌ر پێی وا بێ ئه‌م نموونانه شتێکی ئه‌وتۆ نین مرۆڤ سه‌رنجی لێ بگرێ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین، نووسه‌ر بۆ خه‌ڵکێک ده‌نووسێ که شتێکی ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ی کوردستان نازانن، له‌م بۆچوونانه‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌یه‌وێ به خوێنه‌ری سویدی بڵێ خاکێک نه‌یه به ناوی کوردستان و زمانێکیش نیه به ناوی زمانی کوردی، که ئه‌مه‌ش بۆچوونێکی که‌مالیزمی تۆرانییه و له دروست بوونی کۆماری تورکیاوه و تا ئێستاش بۆچوونی فه‌رمی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه.
به داخه‌وه به‌شێکی زۆری جڵه‌وبه‌ده‌ستانی سیاسی و میدیای سوید و وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا که‌م یان زۆر له چوارچێوه‌ی ئه‌م بۆچوونه ده‌ڕواننه دۆزی کورد. نموونه‌ی ئه‌م بۆچوونانه له هه‌ڵوێستی یه‌کێتی ئه‌وروپاوه ده‌رده‌که‌وێ کاتێک یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌فه‌رمی داوا له تورکیا ده‌کات چاکسازی و بیرازی سیاسی له وڵاته‌که‌یدا بکات به‌یه‌ک وشه‌ش ناوی کورد ناهێنن و ته‌نها داوا له تورکیا ده‌که‌ن که ڕێز له مافی که‌مینه‌کان بگرێ. هه‌ڵبه‌ت که من ده‌ڵێم به فه‌رمی مه‌به‌ست داوا فه‌رمییه‌کانی کۆمیسیۆنی ئه‌وروپایه له تورکیا، ده‌نا جار جار په‌رله‌مانتاره‌کانی ئه‌روپا به ناوی خۆیانه‌وه یان گروپ داوای چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌که‌ن.
ئینگمار کارلسۆن له باسی مێژووی کوردستاندا باس له‌وه ده‌کات که خه‌ڵکی کورد کۆچه‌ر و خێڵه‌کی و عه‌شاییر بووه، مرۆڤی کورد هه‌میشه هه‌ستی موسڵمانیه‌تیی و عه‌شیره‌تگه‌ریی به‌هێزتربووه له هه‌ستی خۆ به کورد زانین، هه‌ر بۆیه کورد له مێژووی خۆیدا خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت یا سه‌رکرده‌یه‌ک نه‌بووه که هه‌موو کوردی خستبێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه. ئه‌م بۆچوونه به‌شێکی ڕاسته که کورد هه‌ستی موسڵمانیه‌تیی و عه‌شیره‌تگه‌ریی به‌هێز تر بووه له هه‌ستی خۆ به کوردزانین، به‌ڵام ئه‌مه هۆ یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک لاوه‌کییه بۆ نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی له کوردستاندا که هه‌موو خاکی کوردستان بگرێته‌وه، هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌شه ڕۆشنبیری کوردی پێشکه‌وتنخواز و سه‌رده‌م کردوویه‌تی به‌هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی، ئه‌م بۆچوونه‌ش مه‌له‌ی سه‌قافه‌تی کوردییه له ته‌نکاوی بیردا و خۆ دانه به‌ر شه‌پۆلی باوی پێشکه‌وتنخوازیی و مۆدێرنیزمه. بێگومان نووسه‌ریش یا بیرتهنکه و زۆر به قوڵی ناڕوانێته مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلام و ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌ت و ئیمپراتۆره‌کان. یاخود ئه‌و بۆچوونه‌ی مه‌به‌سته‌که‌ی ده‌پێکێ که کورد به میلله‌ت دانانێ و به‌ڵکو کۆمه‌ڵێ خێڵ و عه‌شیره‌تی په‌رشوبڵاو که له‌یه‌کتر تێناگه‌ن.
ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ئیمپراتۆرانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی ئیسلامدا داده‌مه‌زران هه‌موویان بنهماکهییان دینیی یا بنه‌ماڵه‌یی بووه، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یا ناسیۆنالیزمی شێوه ئه‌وروپا له ده‌ورانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهاندا و به تایبه‌تی دوای ئه‌و جه‌نگه گه‌شه‌ی کرد. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی که ده‌ڵێ کورد هه‌ستی گیانی عه‌شیره‌تگه‌ریی یا بنه‌ماڵه‌یی وای لێ کردوه که خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نه‌بێ بۆچوونێکی هه‌ڵه‌یه. کاتێ که خێڵ و بنه‌ماڵه تورکه‌کان به‌ره‌و ئاسیای ناوه‌ند کۆچیان کرد چه‌ندین ده‌وڵه‌تیی بنه‌ماڵه‌ییان دروست کرد وه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقی و قه‌ره‌قۆینلۆ و ئاققۆینلۆ و ئیمپراتۆرهتی عوسمانی که هه‌ر هه‌موویان ده‌وڵه‌تی بنه‌ماڵه‌یین نه‌ک نه‌ته‌وه‌یی تورکی. به‌ڵام به داخه‌وه هیچ کاتێک ئه‌و هه‌له بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌کی به توانای کورد نه‌ڕه‌خسا که بتوانێ ده‌وڵه‌تێک یا ئیمپراتۆییهکی به‌هێز دامه‌زرێنێ و ناوه‌نده‌که‌ی له کوردستان بێت. ده‌سه‌ڵاتی کوردی له بازنه‌ی میرنشینی که‌م ده‌سه‌ڵاتی بچووکی سه‌رده‌م جوداوازدا مایه‌وه. مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د له بۆچوونێکیدا ده‌ڵێت هۆی دروست نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت یا ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز له کوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان تووشی لێچۆڕاندنی ئابووری (نه‌زیفی ئابووری) بوو بوو، ئه‌وه‌ی له کوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرا له شاره گه‌وره‌کانی ده‌وروبه‌ری کوردستان ساغ ده‌کرایه‌وه. مامۆستا مه‌سعوود ده‌ڵێت هه‌رگیز ڕووی نه‌دا له کوردستان ناوه‌ندێکی ئابووری و بازرگانی به‌هێز دروست ببێت که سه‌رمایه و به‌رژه‌وه‌ندی تێدا کۆببێته‌وه و پێویستی به حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات هه‌بێ بۆ پاراستنی. بێگومان ئه‌مه بۆچوونیکه و من پێم وایه تاڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌وری هه‌بووه له نه‌بوونی ناوه‌ندێکی به ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا و یه‌کێکه له گرنگترین فاکته‌ره‌کانی دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک که ناوه‌نده‌که‌ی کوردستان بێت. ده‌نا هه‌ستی دینی و مه‌زهه‌بیی و عهشیرهتگهرێتیی، ئێستاش له نێو میلله‌تانی گه‌لێک له ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که، به‌هێزتره له هه‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی که ده‌مێک ساڵه پێیان ده‌گوترێت ده‌وڵه‌ت. عێراقی له‌مه‌ڕ خۆمان باشترین نموونه‌یه.
نووسه‌ر به جیا باسی هه‌ر یه‌ک له پارچه‌کانی کوردستان ده‌کات. له سه‌ره‌تادا ده‌رباره‌ی باکووری کوردستان بۆچوونه کهمالیزمییهکانی خۆی ده‌رده‌بڕێ به تایبه‌تی زۆر به شێوه‌یه‌کی دوژمنکارییانه باسی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆکه‌ی باکووری کوردستان ده‌کات و په‌که‌که و سه‌رۆکی په‌که‌که به مافیا و پیاوکوژ و تێرۆریست له قه‌ڵه‌م ده‌دات. من لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه بۆ به‌ڵگه. نووسه‌ر ده‌ڵێ "له ساڵی 1978 بیست‌و دوو (شۆڕشگێڕی کورد) له نۆڤه‌مبه‌ری 1978 بانگهێشتی گوندێکی نزیک شاری لیجه‌ی ویلایه‌تی دیاربه‌کر کران بۆ دامه‌زراندنی په‌که‌که. سێ که‌س له بانگکراوه‌کان نه‌هاتن بۆ کۆبوونه‌وه‌که. له‌و نۆزده که‌سه‌ی به‌شدارییان کرد، حه‌وتیان پاشتر به فه‌رمانی ئۆجه‌لان کوژران، پێنجیان، ژنه‌که‌ی ئۆجه‌لان یه‌کێکیان بوو (که‌سیره)، به خائین تاوانبار کران به‌ڵام توانیان ده‌رباز بن، ئه‌وانی تر پاش ماوه‌یه‌ک، له لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تییه‌وه لێپرسینه‌وه و سوکایه‌تییان پێ کرا. دوو که‌سی تریان له گرتووخانه خۆیان کوشت، یه‌کێکیشیان له لایه‌ن پارته‌که‌ی تاڵه‌بانییه‌وه کوژرا". نووسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک بکات ئه‌م جۆره قسانه ده‌کات، که ئه‌مه زیاتر له شێوازی نووسینی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌چێ به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی داخرا و دیکتاتۆردا که نه‌یارانی یه‌کتر، بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک درۆی له‌و بابه‌ته بۆ یه‌کتری هه‌ڵده‌به‌ستن. نووسه‌ر لێره‌دا هه‌ر ده‌ڵێی له ژێر سه‌یوانی که‌مالیزم په‌روه‌رد بووه و له ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ئه‌تاتورکه‌وه ده‌رباره‌ی کورد ده‌نووسێ. له‌و ده‌قه‌دا نووسه‌ر شۆڕشگێڕی کوردی خستۆته نێو دوو که‌وانه‌وه پاشان که ده‌ڵێ دوانیان له گرتووخانه خۆیان کوشت به شیوه‌یه‌کی وا فێڵبازانه ده‌ریبڕیوه که خوێنه‌ری سویدی نه‌زانێ مه‌به‌ستی گرتووخانه‌کانی تورکیایه یاخود ئۆجه‌لان. لێره‌دا مه‌به‌ستی مه‌زڵووم دۆغان و ههڤاڵهکانێتی که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا له گرتووخانه‌ی ئامه‌د وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک له مانگی نه‌ورۆزدا ئاگریان دایه به‌ر جه‌سته‌ی خۆیان. هه‌ر وه‌ها که ده‌ڵێ یه‌کێکیان له‌لایه‌ن پارته‌که‌ی تاڵه‌بانییه‌وه کوژرا مه‌به‌ستی یه‌کێک له‌و دوو سه‌رکرده‌یه‌ی په‌که‌که‌یه که بۆ ناوبژی کردنی شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌کێتی له ساڵی 1983 له چیای قه‌ندیل کوژران. نووسه‌ر هه‌م ژماره‌که‌ی به هه‌ڵه گوتووه هه‌م ڕوونیشی ناکاته‌وه که بۆ کوژراوه.
له شوێنێکی تردا نووسه‌ر ده‌ڵێ" یه‌کسه‌ر دوای کۆنگره‌ی 1986 په‌نجا تا شه‌ست ئه‌ندام له سێداره دران و وای لێهات ئێدی جێگه نه‌ما بۆ ناشتنیان" سه‌رچاوه‌ی قسه‌کانی نووسه‌ر کریس کۆچێرایه که ئه‌ویش ئاماژه به سه‌ڵاحه‌دین چه‌لیک ناوێک ده‌کات که یه‌کێکه له ئه‌ندامه به‌رزه‌کانی په‌که‌که و پاشان وازی له په‌که‌که هێناوه. تۆ بڵێی په‌که‌که له ساڵی 1986دا ئه‌و کاره‌ی کردبێت و به‌ڵام تا ئێستا که‌سێکی تر باس له‌و به کۆمه‌ڵ کوشتنه‌ی ئه‌ندامه‌کانیان ناکات که ده‌زانین تاکو ئێستا به ده‌یان و بگره سه‌دان که‌س ڕیزه‌کانی په‌که‌که‌یان به‌جێهێشتووه و خۆیان ته‌سلیمی نه‌یارانی په‌که‌که کردوه له نێویاندا به ده‌یان ئه‌ندامی پایه‌به‌رزی تێدایه؟
له ڕاستیدا نووسه‌ر له زۆر شوێنی کتێبه‌که‌یدا هه‌وڵ ده‌دات به خوێنه‌ری سویدی بڵێ په‌که‌که گروپێکی خوێنڕیژه و ده‌وڵه‌تی تورکیش وه‌ک قوربانییه‌کی ئه‌و خوێنڕیژانه ده‌بێ به‌رگری له خۆی بکات. بۆ نموونه نووسه‌ر که باس له ڕاگوێزانی گونده‌کان ده‌کات به‌وه پاساوی بۆ دێنێته‌وه که ده‌وڵه‌تی تورک ناچاره ئه‌و گوندانه ڕاگوێزێت بۆ ئه‌وه‌ی گوندنشینه‌کان له په‌لاماری په‌که‌که بپارێزێت. هه‌روه‌ک چۆن ڕژێمی سه‌دام گونده‌کانی باشووری کوردستانی کاول ده‌کرد به بیانووی جۆراو جۆر.
نووسه‌ر له باره‌ی توانای مادیی په‌که‌که ده‌ڵێت، په‌که‌که به‌شێکی دارایی له کۆمه‌کی کوردانی هه‌نده‌رانی ئه‌وروپا به تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا کۆده‌کاته‌وه هه‌ندێکی به‌خۆشی و هه‌ندێکی تریشی به زۆر. به‌ڵام به‌شێکی زۆری دارایی په‌که‌که له چالاکییه تاوانکارییه‌کانه‌وه وه‌ک دزی و حه‌شیشه فرۆشتن په‌یدا ده‌کرێ. نووسه‌ر له‌م باره‌یه‌وه ئه‌م کۆپله‌یه ده‌ڵێ" ساڵی 1998 حکومه‌تی به‌ریتانی دووپاتی کرده‌وه په‌که‌که ده‌ستی هه‌یه له فرۆشتنی %40 ئه‌و هێرۆینهی له ئه‌وروپا ده‌فرۆشرێ که داهاته‌که‌ی 500 ملیۆن دۆلاره" گه‌ر حکومه‌تی به‌ریتانی و نووسه‌ر هێنده دڵنیان له قسه‌کانیان بۆ ناوی یه‌ک ئه‌ندامی په‌که‌که ناهێنن که له‌سه‌ر کارێکی وه‌ها گیرا بێت و دادگایی کرا بێ. ئه‌و جۆره قسه بێبنه‌ما و لهوجهڕانه نابێ بخرێنه توێی کتێبێکه‌وه که ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌کی زانستی و ئه‌کادیمی باس له دۆزی میلله‌تێک بکات.
وڵاتانی ئه‌وروپا کۆمه له هیچ کارێکی دزێو و تاوانکاری ناکه‌ن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌کانیان ده‌نا سه‌دامی خوێن‌ڕێژ چۆن چه‌کی کیمیاوی ده‌ست ده‌که‌وت که بووه هۆی قڕکردنی ده‌یانهه‌زار کورد گه‌ر حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا له خزمه‌تی ڕژێمی به‌عسدا نه‌بوونایه. که‌چی میلله‌تێک بۆ پاراستنی بوونی خۆی نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌کانی به‌رگری له خۆی بکات به تێرۆریست و حهشیشهفرۆش تاوانباری ده‌که‌ن، هاوکێشه‌ی وه‌ها له‌نگ هه‌ر لای کاکی نووسه‌ری سۆسیال دیمۆکراتی ئاشتیخواز ئینگمار کارلسۆن ده‌ست ده‌که‌وێ.
نووسه‌ر له هه‌ندێ ده‌ربڕیندا ده‌گاته ئاستێکی هه‌ره نزمی ئه‌وتۆ که هه‌ر ده‌ڵێی کاربه‌ده‌ستێکی یه‌کێک له وڵاته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانه و هه‌موو پرنسیپێک بۆ ئازادی ڕاده‌ڕبڕین له بیر ده‌کات و ده‌ڵێت " وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا پێویسته یه‌ک هه‌ڵوێستی یه‌کگرتوویان هه‌بێ دژی ئه‌و ڕێکخراو و دامودهستگایانهی که گۆیا نزیکن له په‌که‌که وه یاخود سه‌لمێندراوه که سه‌ر به په‌که‌که‌ن. نموونه‌یه‌ک له‌و کێشانه ته‌له‌فیزیۆنی (ڕۆژ) ه که بنه‌ی به فه‌رمی له بروکسله و له وڵاتی دانیمارکه‌وه مۆڵه‌تی پێدراوه و په‌خشی خۆی ده‌کات. حکومه‌تی تورکیا له مێژه سکاڵا له که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ڕۆژ ده‌کات که پڕوپاگه‌نده بۆ په‌که‌که ده‌کات، به‌ڵام حکومه‌تی دانیمارک تا ئێستا ڕازی نه‌بووه په‌خشی ته‌له‌فیزیۆنی ڕۆژ ڕابگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌له‌فیزیۆنه به‌رده‌وام به شانوباڵی ئۆجه‌لاندا ده‌ڵێت".
خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌م نووسه‌ره سویدییه له وڵاتێک‌دا په‌روه‌رده بووه ئازادی ڕاده‌ربڕین یه‌کێکه له به‌نده هه‌ره پیرۆزه‌کانی دیمۆکراسی کۆمه‌ڵگه‌ی سویدی، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی سوید به بیانووی ئازادی ڕاده‌ربڕین گروپه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کان قه‌ده‌غه ناکات. که‌چی نووسه‌ر هه‌راسان ده‌بێ به بوونی ته‌له‌فیزیۆنێکی کوردی و داوا له دانیمارک ده‌کات دایبخات هه‌روه‌ها داوا ده‌کات هه‌رچ رێکخراوی کوردی هه‌یه به تایبه‌تی هی کوردانی باکوور جا ئه‌و ڕێکخراوه فه‌رهه‌نگی، مرۆیی، پیشه‌یی یا سیاسی بێ، دابخرێت و رێگه به کوردان نه‌درێ له هه‌نده‌ران رێکخراوه‌کانی خۆیان دابمه‌زرێنن، که ئه‌مه داواکارییه‌کی به‌رده‌وامی لێپرسراوانی تورکه له کاتی دانوستاندنیاندا له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ئه‌وروپییه‌کان.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌کی که‌من له بیروڕاکانی ئینگمار کارلسۆن ده‌رباره‌ی شۆڕش و دۆزی کورد له باکووری کوردستان. هه‌ندێک له‌م بۆچوونانه‌ی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی په‌که‌که دووباره کردنه‌وه‌ی کتێبێکی تری سویدییه که نووسه‌ره‌که‌ی ناوی هانس هۆڵمهره. ئه‌م پیاوه که ئێستا له ژیاندا نه‌ماوه ماوه‌یه‌ک سه‌رۆکی ده‌زگای پۆلیسی نهێنی بوو، ماوه‌یه‌کیش سه‌رۆکی پۆلیسی شاری ستۆکهۆڵم بوو. کتێبێکی هه‌یه به ناوی "ئۆلف پالمه کوژرا" که کتێبه‌که وه‌ک به ناوه‌که‌یدا دیاره ده‌رباره‌ی کوشتنی سه‌ره‌ک وه‌زیران و سیاسه‌تمه‌داری به‌ناوبانگی سویدی ئۆلف پاڵمه‌یه. ئۆڵف پاڵمه له ساڵی 1986 له شاری ستۆکهۆڵم کوژرا. هانس هۆڵمه‌ر له‌و ساڵه‌دا سه‌رۆکی پۆلیسی ستۆکهۆڵم بوو بۆیه بوو به به‌رپرسی دۆسیه‌ی لێکۆڵینه‌وه له کوشتنی پاڵمه. هانس هۆڵمه‌ر پێی وابوو که په‌که‌که پاڵمه‌ی کوشتووه بۆیه لێتۆژینهوهکانی له جغزی ئه‌و بۆچوونه قه‌تیس مابوو، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی ده‌دا بۆچوونه‌کانی بسه‌لمێنێ، ده‌ستی کرد به گرتن و راونانی ئه‌و کوردانه‌ی که لایه‌نگیری په‌که‌که بوون. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که نه‌یتوانی بۆچوونه‌کانی بسه‌لمێنی، که‌وته به‌ر لێشاوی ڕه‌خنه و ناچار کرا واز له کاره‌که‌ی بهێنێ. له ساڵی 1988 کتێبی ئاماژه پێکراوی نووسی. ئه‌م روون کردنه‌وه‌یم ته‌نها بۆ ئه‌وه نووسی که بۆ خوێنه‌ری کوردی روون بکه‌مه‌وه که درۆ و ده‌له‌سه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و ده‌مڕاستانی سویدی شتێکی نوێ نیه ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی باکوری کوردستان.
ئینگیمار کارلسۆن بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد له باکوری کوردستان پێشنیازی ئه‌وه ده‌کات که حکومه‌تی تورکی لێبوردن بۆ ئه‌و گه‌ریلایانه ده‌رکات که تاوانیان نه‌کردوه و له هه‌مان کاتدا ئه‌و سه‌رکردانه‌ی په‌که‌که که له لایه‌ن پۆلیسی نیۆده‌وڵه‌تییه (ئنته‌رپۆڵ) ه‌وه داوا کراون له وڵاتی وه‌ک عێراق په‌نایه‌ن بدرێتێ، حکومه‌تی تورکیش بایه‌خی ئابووری به ناوچه کوردنشینه‌کان بدات و ڕێگه له زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی نه‌گرێ. نووسه‌ر ده‌یه‌وێ پاش سی ساڵ له قوربانی دان و خوێن ڕشتنی هه‌زاران لاوی کورد و کاولکردنی هه‌زاران گوندی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی کورد و ڕیکخراوه‌کانی بڵاوه‌ی لێ بکه‌ن و ئه‌و ئیراده کوردییه‌ی که له ئه‌نجامی ده‌یان ساڵ قوربانی خوڵقاوه بێنێته‌وه خاڵی سفر و کوردان بێ رێکخراو و ئیراده بێ. پاشان وڵاتانی وه‌ک سوید و یه‌کێتی ئه‌وروپا جار جار به به‌یاننامه‌یه‌ک داوا له حکومه‌تی تورکیا بکه‌ن مافی که‌مه نه‌ته‌وه‌کان پێشێل نه‌کات.
هه‌ر کاتێک سه‌رکرده‌یه‌کی کورد توانا و کاریزمای به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بێت که له پارچه‌یه‌کی کوردستان کوردانی یهکخستبێت و سیمبۆلی به‌رخودان و کوردایه‌تی بێت، دوژمنانی کورد هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ له‌ناوبردنی. له ساڵانی شه‌سته‌کاندا که مسته‌فا بارزانی سیمبۆلی کوردایه‌تی و به‌رخودان بوو له باشوری کوردستان و کاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر به‌شه‌کانی تری کوردستان، ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندی له به‌غدا ده‌یانگوت دۆزی کورد چاره‌سه‌رده‌که‌ین به‌ڵام ده‌بێ جارێ بارزانی و بزووتنه‌وه‌که‌ی له‌ناوبه‌رین چونکه ئه‌و تێکده‌ر و به‌کرێگیراوی بێگانه‌یه. هه‌میشه هه‌وڵیان ده‌دا بارزانی و شۆڕش له دۆزی کورد جودا بکه‌نه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی بارزانی له ئارادا نه‌ما گوند کاولکردن و ئه‌نفال و کیمیاوی ڕیگه‌ی چاره‌سه‌ر بوون بۆ دۆزی کورد. ئێستا هه‌مان سیناریۆ له باکوری کوردستان دووباره ده‌بێته‌وه، تورکیا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی ده‌یانه‌وێ له پێشدا شۆڕشی باکوور و په‌که‌که و سه‌رکرده‌کانی وردوخاش که‌ن و پاشان چاره‌سه‌ری دۆزی کورد بکه‌ن. جار جار هه‌ندێ کوردی سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیریش بۆچوونی له‌م جۆره‌یان هه‌یه. به‌ڕاستی مرۆڤ بیروڕای هه‌رچیه‌ک بێ ده‌رباره‌ی په‌که‌که و ئۆجه‌لان، له‌و ڕاستییه دانالهنگێنێ که ئیراده‌ی ڕێکخراوی به‌شێکی زۆری کوردی باکوور له په‌که‌که و ئۆجه‌لاندا به‌رجه‌سته بووه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕێکخستنه کوردی باکوور ئیفلیج و په‌رش و بڵاو و ناچالاکه. خۆزگه پارته سیاسییه‌کانی باکوری کوردستان یه‌که به یه‌که‌یان نیو هێنده‌ی په‌که‌که چالاک بوونایه و ئه‌و کوردانه‌ی بڕوایان به ڕێباز و خه‌باتی په‌که‌که نیه، ئه‌وان پارتانه بیانتوانیایه ڕێکیان بخه‌ن و ته‌وژمێکی زیاتریان بدایه به بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی.
نووسه‌ر که دیته سه‌ر باسی باشووری کوردستان دیسانه‌وه شۆڕشی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا به بزووتنه‌وه‌یه‌کی خێڵه‌کیی و دارده‌ستی شای ئێران و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیلی داده‌نێت. ئه‌م بۆچوونه‌ی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی دارده‌ست بوونی شۆڕشه کوردییه‌کان له هه‌موو ناوه‌ڕۆکێکی به‌رخودان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کوردان دژی ئه‌و واقیعه‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پێندراوه که‌م ده‌کاته‌وه و بۆچوونێک لای خوێنه‌ری سویدی دروست ده‌کات که کورد له هیچی که‌م نییه، به‌ڵکو وه‌ک میلله‌تێکی کاڵفام و سه‌ره‌تایی هێزی ده‌ره‌کی به‌کاریان ده‌هێنن بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان. نووسه‌ر ده‌رباره‌ی بارزانی و شۆڕشی ئهیلوول ده‌ڵێت " به درێژایی ساڵانی شه‌سته‌کان بارزانی به‌رده‌وام بوو له هێرش کردنه سه‌ر ئه‌و گرووپه کوردییانه‌ی نه‌یار به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی وایان تێبگه‌یه‌نێ که ترسیان له بارزانی پتر هه‌بێ نه‌ک له حکومه‌تی به‌غدا". نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ" هه‌ندێ عه‌شیره‌تی گچکه چوونه پاڵ بارزانی له کاتێکدا گه‌لێک عه‌شیره‌تی تر پاڵیان دا به حکومه‌ته‌وه". سه‌یره له‌وه ده‌چێ به وته‌ی نووسه‌ر بارزانی دژی کۆمه‌ڵێک عه‌شیره‌تی کوردی شۆڕشی کردبێ و به‌شێکی زۆری کوردانیش لایه‌نگیریی حکومه‌تی به‌غدا بن.
نووسه‌ر که دێته سه‌ر باسی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵی ده‌داته قه‌ڵه‌م و سه‌رکرده‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌وه تاوانبار ده‌کات که پۆسته گرنگه‌کانی ده‌سه‌ڵات به خزم و که‌سوکاری خۆیانیان سپاردووه. لێره‌دا ئه‌م چه‌ند دێڕه پێویست به هه‌ڵسه‌نگاندن ناکات ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری ڕاستگۆ ده‌ڵێم خۆزیا ده‌سه‌ڵاتی کوردی وا نه‌بوایه. نووسه‌ر باسی چۆنیه‌تی ڕفاندنی ڕۆژنامه‌نووسی کوردی دانیشتووی نه‌مسا به‌م شێوه‌یه ده‌کات و ده‌ڵێت "له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2006 که‌مال سه‌ید قادر که ڕۆژنامه‌نووسێکی کوردی نه‌مساوییه ڕفینرا دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند وتارێکی نووسی ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵی له نێو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هه‌روه‌ها چه‌ند دۆکیومێنتێکی خسته ڕوو که پێوه‌ندی نێوان مه‌لا مسته‌فای بارزانی و KGB ی سۆڤیه‌ت ئاشکرا ده‌کات. له دادگاکردنێکی گاڵته‌جاڕی که 15 خوله‌کی خایاند، که‌مال به 30 ساڵ زیندانی حوکم درا. پاش ده‌ست تێوه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ناڕه‌زایی نێوده‌وڵه‌تی حوکمه‌که لابردرا". نووسه‌ر وه‌ک هه‌ر جارێکی تر که باسی هه‌ر ڕووداوێک ده‌کات له کتێبه‌که‌یدا ئاماژه بۆ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک ناکات.
بێگومان ئه‌م باسه له ڕاگه‌یاندنی کوردی و ته‌نانه‌ت ناکوردیش ده‌نگی دایه‌وه. لێره‌دا تراژیدیای نێوان ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیریی کوردی ده‌رده‌که‌وێت. ده‌سه‌ڵاتیک که حورمه‌تی خۆی ناگرێت و هه‌روا به ئاره‌زوو له دانیشتنێکی داخراودا حوکمی سی ساڵی ده‌رده‌کات. ڕۆشنبیرێکیش که ئه‌ویش حورمه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی ناگرێت و سه‌رکرده‌یه‌کی مێژوویی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات به پیاوی KGB. گریمان بارزانی پیاوی KGB بوو، به‌ڵام دژی کێ؟ خۆ بارزانی پیاوی KGB نه‌بوو دژی ده‌سه‌ڵاتێک یا ده‌وڵه‌تێکی کوردی تاکوو به خائین له قه‌ڵه‌م بدرێ!!
نووسه‌ری ئه‌م کتێبه کونسوڵی گشتی سویده له شاری ئه‌سته‌مبوڵ و ساڵانێکه له‌و شاره ده‌ژی. نووسه‌ر به‌گوێره‌ی یاسا و ڕیساگهلی باوی بازاڕی ئه‌سته‌مبوڵ له مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌نۆڕێ. نووسه‌ر ده‌ڵێت" له به‌رژه‌وه‌ندی کوردایه چاوه‌ڕی بکه‌ن له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ تا ئه‌و کاته‌ی نه‌وت له عێراقدا نامێنێ" چونکه به گوێره‌ی نووسه‌ر نه‌وتی که‌رکووک له کزبووندایه و باشتره کورده‌کان به‌شیان هه‌بێ له هه‌موو نه‌وتی عێراق نه‌ک ته‌نها نه‌وتی که‌رکووک. ئه‌م بۆچوونه جگه له کاڵفامی و گه‌مژه‌یی هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی تری نییه مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێ نووسه‌ر به گاڵته‌جاڕییه‌وه ده‌ڕوانێته کورد و دۆزه‌که‌ی. له مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکدا نووسه‌ر پێی وایه باشتره که‌رکووک وه‌ک هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بێت و نه‌خرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
له لاپه‌ڕه‌کانی کۆتایی به‌شی کوردستانی عێراق نووسه‌ر ده‌ڵێت "له کاتێکدا تاڵه‌بانی جۆره تێگه‌یشتنێکی هه‌بوو بۆ هێرشه‌کانی تورکیا دژی بنکه‌کانی په‌که‌که له عێراق. به‌ڵام مه‌سعوود بارزانی ده‌یگوت ئه‌و هێرشانه شه‌ڕێکه دژی هه‌موو گه‌لی کورد، ئه‌م قسه سه‌یرانه له لایه‌ن پیاوێکه‌وه ده‌گوترێ که ده ساڵ لهمهوپێش داوای هاریکاری له تورکیا ده‌کرد دژی هه‌مان ڕێکخراو" . نووسه‌ر هه‌راسانه که کورد یه‌کتری ناکوژن و به قسه‌ی سه‌یری داده‌نێ که مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تی تورک دژی هه‌موو گه‌لی کورد شه‌ڕ ده‌کات. نووسه‌ر که له شاری ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ژی سه‌یره ئاگای له‌و هه‌ڕه‌شه و چاوسورکردنه‌وه یه‌ک له سه‌ر یه‌کانه‌ی به‌رپرسانی تورک نیه که له باشووری کوردستانی ده‌که‌ن!
کارلسۆن چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کیشی پڕ کردۆته‌وه ده‌رباره‌ی کورده‌کانی ئێران و سوریا و لوبنان. هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕوانینی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی باکوور و باشووری کوردستان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له بۆچوونی ئه‌م نووسه‌ره تێبگات. له هه‌مان کاتدا نووسه‌ر پتر له کتێبه‌که‌یدا باسی باکوور و باشووری کوردستانی کردوه.
له کۆتایدا نووسه‌ر به به‌شێک کۆتایی به کتێبه‌که‌ی دێنێ به ناوی "کوردستانی گه‌وره خه‌یاڵه" نووسه‌ر پێی وایه بارودۆخی ئێستای کورده‌کان ده‌کرێت به‌راورد بکرێت به بارودۆخی پۆڵۆنییه‌کان که له نێوان ساڵانی 1795 تاکو شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م خاکه‌که‌یان دابه‌ش کرابوو به‌سه‌ر ئیمپراتۆرییه‌کانی ئه‌ڵمانی، رووسی و نه‌مسایی، له ئاکامی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئیمپراتۆرییانه وڵاتی پۆڵۆنیا دامه‌زرایه‌وه. به‌ڵام نووسه‌ر پێی وایه که هێشتا کورده‌کان هێنده‌ی پۆڵۆنییه‌کانی ساڵی 1918، که یه‌کیان گرته‌وه و ده‌وڵه‌تیان دامه‌زراند، له نێو خۆیاند یه‌ککگرتوو نین. هه‌روه‌ها زۆر په‌رشوبڵاوترن له چاو ئه‌و ئه‌ڵمانانه‌ی که ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتووی ئه‌ڵمانیایان دامه‌زراند له ساڵی 1871 و ئه‌و ئیتاڵیایانهی که له ساڵی 1861 ئیتاڵییان یه‌کخست.
جگه له‌م به‌راوردکردنانه نووسه‌ر ده‌ڵێت کورده‌کان سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییان نیه. هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کوردیش نه ئه‌و ڕۆڵه‌ی خستۆته ئه‌ستۆی خۆی نه ده‌توانێ ڕۆڵی (ئه‌تاکورد) ببینێ که نوێنه‌ری بیرێکی نه‌ته‌وه‌یی پان کوردی بێ.
خوینه‌ری هێژا ئه‌م بۆچوونانه‌ی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی دۆزی کورد هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ کرد بۆچوونێکی تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌وروپییه له ئاستی فه‌رمیدا. هیچ وڵاتێکی ئه‌وروپی نه به‌ڕه‌سمی دانی به بوونی دۆزێک هێناوه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به نێوی دۆزی کوردی هه‌روه‌ک دۆزی فه‌له‌ستینی و نه له چوارچێوه‌ی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالیزم بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد ده‌چن. ئه‌مه‌ریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپا پێیان وایه له چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤ و کهمنیهکان چاره‌ی مافه‌کانی گه‌لی کورد ده‌کرێت. هه‌ر بۆیه‌یه تاکو ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌فده ئه‌وروپییه‌کان سه‌ردانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن و کونسولخانه له شاری هه‌ولێر ده‌که‌نه‌وه، که‌چی فیدراڵیزم و حکومه‌تی هه‌رێم به ڕه‌سمی ناناسن. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا و وڵاتی ئه‌مه‌ریکا زیاتر له ژێر کاریگه‌ریی ده‌وڵه‌تی تورکیایه.
له کۆتاییدا ماوه ئه‌وه بڵێم ئه‌م کتێبه له راگه‌یاندنی سویدی مشتومڕی نایه‌وه له نێو ئه‌و که‌سانه‌ی که سه‌رقاڵ یا شتێک ده‌رباره‌ی دۆزی کورد ده‌زانن. ڕۆژنامه‌ی گه‌وره و بڵاوی سوید داگنس نیوهێته‌ر چه‌ند وتارێکی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌رباره‌ی ئه‌م کتێبه بڵاو کرده‌وه که هه‌موویان ده‌چنه خانه‌ی پیاهه‌ڵدان و به کتێبێکی ئۆبجه‌کتیڤ و زانستی ناو ده‌به‌ن. به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی ئێکسپرێسن چه‌ند وتارێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بڵاوکرده‌وه و هه‌روه‌ها له چه‌ند ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌یه‌کی تردا بۆچوونی جیاواز ده‌رباره‌ی ئه‌م کتێبه بڵاوکرانه‌وه.
تێبینی: ئه‌و ده‌قانه‌ی که له نێو جووت کۆمادان ته‌رجه‌مه‌ی ده‌قه سویدیهکهییهکانه که بۆ نموونه هێناومه‌ته‌وه ده‌نا به شیوه‌یه‌کی گشتی ئاماژه‌م بۆ بۆچوونه‌کانی نووسه‌ر کردوه.