به بڕوای من بۆ هه‌ر که‌سێک بیر له به‌دیهاتنی عه‌مه‌لییانه‌ی سۆسیالیزم و شۆڕشی کرێکاری ده‌کاته‌وه،
به بڕوای من بۆ هه‌ر که‌سێک بیر له به‌دیهاتنی عه‌مه‌لییانه‌ی سۆسیالیزم و شۆڕشی کرێکاری ده‌کاته‌وه،
لینین وه‌ک بیرکه‌ره‌وه‌و ڕابه‌رێکی سیاسی هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی فێربوون و ئیلهام وه‌رگرتن ده‌بێت*…..
منصور حکمت
و: ئاوات سه‌عید
له چاپدانه‌وه‌ی: جبار محسن….
ئه‌نته‌رناسیۆنال: ئایا لینینیزم پێویستی به پێداچوونه‌وه نییه؟ ئایا تۆ هه‌تا ئێستا خۆت به لینینیست داده‌نێیت؟
منصور حکمت: زه‌مانه به جۆرێکه که پێش وه‌ڵامدانه‌وه به‌م جۆره پرسیارانه ده‌بێت سه‌ره‌تا مهقولاتهکانمان پێناسه بکه‌ین. ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی لینین و ڕاست و دروستی نه‌زه‌رات و پراتیکی ئه‌و له بۆچونی مارکسیزمه‌وه، وه به‌شداریه‌تی له بیرکردنه‌وه‌و کاری شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکار‌و له‌م جۆره شتانه، ده‌بێت بڵێم که بێ گومان من خۆم به لینینست ده‌زانم. به بۆچوونی من لینین مارکسیستێکی ڕه‌سه‌نه به لێکدانه‌وه‌یه‌کی ته‌واو دروسته‌وه له‌م تێڕوانینهو ڕابه‌رێکی شایسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی چینی کرێکاری دنیا بوو.
لینینیزم وه‌ک یه‌ک له‌قه‌ب و" ناونیشان"ی جیاکه‌ره‌وه‌ی باڵه جیاوازه‌کان و مه‌یلی دیاریکراوی نێو بزووتنه‌وه‌ی ناسراو به کۆمۆنیزم، مێژووچه‌ی خۆی هه‌یه‌و داهێنه‌رانی سه‌ره‌تایی ئه‌م له‌قه‌به له سه‌رده‌می ستالین و وه‌یان کۆمه‌ڵه ڕه‌وتێک که لێک جیابوونه‌وه‌کانی دوواتری نێو ئه‌م پایه ڕه‌سمییه‌ی کۆمۆنیزم وه‌ک مارکسیست ـ لینینیست ناسران، که‌ڵکیان له‌م جۆره ناونیشانه ڕێک هه‌روه‌ک زۆرێک له زاراوه مارکسیستییه‌کانی دیکه وه‌رگرتووه بۆ ده‌ربڕینی جیاوازیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه ماددیه غه‌یره سۆسیالیستیه‌کان. به بۆچوونی من ئه‌مانه نه‌ک ته‌نها خراپ که‌ڵک لێ وه‌رگرتن بوون له ئیعتیباری لینین به‌ڵکو لینینیزم به‌و ده‌ربڕینه‌ی که من له باره‌یه‌وه هه‌مه، ته‌واو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره " لینینیست"انه‌دا ده‌وه‌ستێته‌وه. قسه‌که‌رانی بۆرژوازیش به‌پێی توانای خۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رجه‌م ته‌جروبه‌ی سۆڤیه‌ت بده‌نه پاڵ لینین و وه‌ک درێژکراوه‌ی سروشتیی ڕێبازی لینین له قه‌ڵه‌می بده‌ن. بێ گومان ئه‌مه ئه‌مڕۆ زیاتر بووه به باو. ئه‌وان ئه‌وه له یاد ده‌که‌ن که له ڕۆژی خۆیدا، له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ردا، ته‌نانه‌ت خودی بۆرژوازیش به ئاشکرا دانی ناوه به جێگه‌و ڕێگه‌ی لینینیدا وه‌ک یه‌ک شۆڕشگێڕی ئازادی خواز‌و عه‌داله‌تخواز. واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه که لینینیزم نه‌له بیرووبۆچوون و کاروکرده‌وه‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی سۆڤیه‌ت و نه له چین و ئه‌ڵمانیا نه له ته‌جروبه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی سۆڤیه‌تدا نوێنه‌رایه‌تی نه‌کراوه. ئه‌م حزبانه‌و ئه‌م ته‌جروبه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی لینین و بیروبۆچوون و ئامانجه‌کانی دامه‌زراون. لینین نوێنه‌ری به‌تین و تاوی یه‌کسانی و ئازادی و ئینسانیه‌ت بوو. دیکتاتۆری و بیرۆکراتی و سه‌رکوتی میللی و ڕیزگرتن بۆ نان وگۆشت، به هیچ بیانوویه‌که‌وه ناکرێت بدرێته پاڵ لینین.
له بواری بیرکردنه‌وه‌و پراتیکی مارکسیستیدا لینین جێگاوڕێگایه‌کی به‌رجه‌سته‌ی هه‌یه. ئه‌م جۆره داڕشتنانه‌ی که ده‌ڵێت (لینینیزم مارکسیزمی سه‌رده‌می ئیمپریالیزمه)و هتد به ڕای من لێ که‌وتوون. پێویسته گرنگی لینین و ڕۆڵی دیاریکراوی لینین له بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیدا له‌و په‌یوه‌ندیه ڕۆشنه‌دا بدۆزینه‌وه که ئه‌و له نێوان تیۆری و پراتیکی شۆڕشگێڕانه‌دا پێکیدێنێت. به بڕوای من لینین نمونه‌ی ته‌واو که‌مالی وه‌فادارییه به ته‌عبیره‌که‌ی مارکس له کۆمۆنیزم به ناونیشانی (ماتریالیزمی پراکتیک). ڕۆڵی تایبه‌تی لینین تێگه‌یشتنی ده‌وری ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکاره له ڕه‌وتی مادی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا و تێگه‌یشتنی بواری پراکتیکی توخمی هه‌ڵسوڕاوی شۆڕشی کرێکارییه له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌سه‌له مه‌وزوعییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر قۆناغێک. لینین تێڕوانینی تهکامولییانه و ئینفیعالیانهی زاڵ به‌سه‌ر نێو نه‌ته‌وه‌یی دووهمدای پاشه‌کشه پێ‌کرد و هه‌مان ده‌ربڕینی هه‌ڵسوڕاوانه‌ی له کۆمۆنیزم به ده‌سته‌وه دا که جێی مه‌به‌ستی مارکسه. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت باسه‌که‌م ساده بکه‌مه‌وه، سۆسیالیزمی پێش لینین به گشتی (زه‌رووری و حه‌تمی بوون) ی سۆسیالیزم له مارکسه‌وه فێربوو، لینین ته‌ئکید له (مومکین بوون)ی سۆسیالیزم ده‌کاته‌وه له‌م چهرخهداو به عه‌مه‌لی ده‌ست به‌کار ده‌بێت بۆ به‌دیهاتنی. تێگه‌یشتنی لینین له مێژوو و له ڕۆڵی پراتیکی شۆڕشگێڕانه‌ی چینه‌کان له گۆڕانگاری مێژوودا به قووڵی مارکسیستیانهیه. لینین جێ بۆ ئه‌م پراکتیکه ده‌کاته‌وه‌و ڕێکی ده‌خات. ده‌زانم که لێکدانه‌وه‌کانی دواتر‌و به گشتی لێکدانه‌وه ووردهبۆرژوازیهکان سه‌باره‌ت به گرنگی توخمی هه‌ڵسوڕاو (العامل الذاتى) و پراتیکی شؤڕشگێڕانه یه‌ک مه‌یلی ئیرادهگهریانهو ئالیتیستی و پیلانگێڕانه‌ی له سۆسیالیزمدا دروست کرد، به‌ڵام هه‌ر لێ ووردبوونه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی تێڕوانینه‌کان و پراکتیکی سیاسی لینین نیشانی ده‌دا که ئه‌و بێ به‌رییه له‌م ئیرادهگهرێتیه. چونکه یه‌که‌م: کاری شۆڕشگێڕانه بۆ لینین مه‌فهومێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی هه‌یه و دووه‌م: لینین به هیچ شێوه‌یه‌ک له هه‌لومه‌رجی مه‌وزوعی و مهوزوعیاتی کۆمه‌ڵایه‌تی که مه‌ودای پراکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ی چینه‌کان دیاریکراو و به‌مه‌رج ده‌کاته‌وه، دانابڕێت و پشتگوێی ناخات.
به بڕوای من بۆ هه‌ر که‌سێک که سۆسیالیزم نه‌ک وه‌ک یه‌ک ئایدیاڵی تیئۆرییانه به‌ڵکو وه‌ک یه‌ک مه‌سه‌له‌ی خێرا‌و عه‌مه‌لی سه‌یرده‌کات، بۆهه‌رکه‌سێک بیر له به‌دیهاتنی عه‌مه‌لییانه‌ی سۆسیالیزم و شۆڕشی کرێکاری ده‌کاته‌وه، لینین وه‌ک بیرکه‌ره‌وه‌و ڕابه‌رێکی سیاسی هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی فێربوون و ئیلهام وه‌رگرتن ده‌بێت.
————————-
* ئه‌م نوسراوه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێکه له چاوپێکه‌وتنی بڵاوکراوه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنال،ئۆرگانی مه‌رکه‌زی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، له‌گه‌ڵ منصور حکمت، که له کانوونی دووه‌م، یانواری ساڵی 1992دا بڵاو کراوه‌ته‌وه له ژێر ناونیشانی ( مارکسیزم و جیهانی ئه‌مڕۆدا)و به شێوه‌ی نامیلکه‌یه‌ک ڕه‌وتی کۆمۆنیست خوستویهتیه به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران. من ئه‌م به‌شه‌ی نوسراوه‌که‌م وه‌ک خۆی نوسیوه‌ته‌وه‌و هیچ دهسکارییهکم نه‌کردووه.