چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌د
کۆمۆنیزم ده‌بێ هه‌میشه کارى خۆى بکات، ئه‌مه فاکته‌رێکى زۆر مهمه بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ى له ناکاوى شۆڕش
ئاماده‌کردنی: جبار محسن
له ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی
• پێت وایه که پێویسته یادی لێنین بکرێته‌وه؟ وه بۆچی؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د: کاتێک ده‌ڵێن ئایا پێویسته یادى لنین بکرێته‌وه؟ ده‌کرێ له‌م پرسیاره تێگه‌یشتنى جۆراوجۆر بکرێت، بۆ نمونه یادێکى عاتفى له لنین وه‌کو شخسیک یان شخسیهتێک و ڕابه‌رێکى شۆڕشگێڕ که ده‌ورێکى گه‌وره‌ى بینیوه له خه‌باتى بۆ ئازادى به‌شه‌ریه‌ت، له‌لایه‌ن هاوبیران و که‌سانێکه‌وه که لینینیان خۆش ده‌وێ. ئه‌مه کارێکه ده‌توانرێ بکرێت، به‌ڵام جیاوازى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى وه‌کو پێویستییه‌کى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى باسى لێوه بکرێت.
به‌ڵام ده‌کرێت مه‌به‌ست له یادى لنین، که‌مپینێکى سیاسى بێت بۆ ناساندنى بیروباوه‌ڕو بۆچون و ده‌رس و ته‌جروبه‌و ڕێبازى شۆرشگێڕانه‌ى لنین و لنینیزم به مه‌به‌ستى به‌رده‌وامى پێدان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ڕێبازه. بۆ ئه‌مه‌یان بهبڕواى من ناوبردنى به یادى لنین پربهپێست و ده‌قیق نیه. بۆ نمونه ئێستا ڕه‌وتى ئێمه له عیراق و له ئیران که‌مپینێکى ساڵانهیى یه‌ک هه‌فته‌یى هه‌یه به ناوى هه‌فته‌ى منسور حکمت. ئه‌م هه‌فته‌یه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه نییه که دۆستان و یارویاوهرانى منسور حکمت له‌ده‌ورى یه‌کتر کۆبنه‌وه‌و یادێک له که‌سێکى خۆشه‌ویستى خۆیان بکه‌نه‌وه، به‌ڵکو مه‌به‌ست و ناوه‌رۆکه‌که‌ى بریتیه له که‌مپینێک بۆ ناساندنى تیئورى و بیروباوه‌ڕو باس و داهێنانه‌کانى منسور حکمت و حیکمه‌تیزم به دنیاى هاوچه‌رخ.
هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌که به نسبه‌ت لینینه‌وه جیاوازى هه‌یه. لنین و لنینیزم له ئاستێکى زۆر فراوانى جیهانیدا ناسراوه، ئه‌گه‌ر که‌سێک نه‌یناسێ جێگاى سه‌رسوڕمانه. به‌ڵام خودى ئه‌م ناسینه به‌شێکه له مه‌سه‌له‌که، چونکه به‌شێکى خه‌ڵکى دنیا لنین و لنینیزم وه‌کو ڕه‌مزو ڕابه‌رى خه‌بات بۆ ئازادى و یه‌کسانى ئینسانیه‌ت و ڕزگارى چه‌وساوه‌کان و جه‌ساره‌تى وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر به چه‌وسێنه‌ران ده‌ناسێت، به‌ڵام به‌شێکى تر‌ى خه‌ڵکى دنیا به زه‌برى تۆپبارانى پڕوپاگه‌نده‌ى بورژوازى، لنین و لنینیزم وه‌کو ئاشوبگێڕى و شه‌ڕانگێزى و ته‌نانه‌ت دکتاتۆریه‌ت و سه‌رکوتى سیاسى ده‌ناسن. به‌شێکى تر ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ى که خۆیان به ناوى لنین و لینیزمهوه هه‌ڵواسیوه، ناوه‌رۆکى لینیزمیان گۆڕیوه بۆ شتیکى دژ به خۆى و له ژێر ئه‌و ناوه‌دا له دژى لینینزم کاریان کردوه‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ترین و سهکوتگهرترین سیسته‌مى سیاسیان بهرپاکردوهو کۆنه‌په‌رستانه‌ترین جوڵانه‌وه‌یان به‌ڕێخستوه، خودى بلۆکى شه‌رق و جۆره‌ها ڕه‌وتى به‌ناو چه‌پ کۆمۆنیست و سۆسیالیست له ئاستى دنیادا نمونه‌ى ئه‌مه‌ن.
له‌لایه‌کى تریشه‌وه ئه‌و حه‌قیقه‌ته هه‌یه که ئه‌و شۆڕشه‌ى که لنینیزمى دا به گوێی هه‌موو جیهاندا، به نیوه ناچڵى و له نیوه‌ى ڕێگادا پێش ئه‌وه‌ى به‌سه‌رکه‌وتنى یه‌کجارى بگات، به شکست کێشرا. ئه‌مه‌ش به‌هانه‌و خاڵێکى لاوازى لینینیزمه به ده‌ست دوژمنانى کۆمۆنیزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى کۆمۆنیزمى لنین و لنینیزم وه‌کو خه‌ون و خه‌یاڵێک که به‌دی نایه‌ت و سه‌رناکه‌وێت، یان وه‌کو ته‌جروبه‌یه‌کى سه‌رنه‌که‌وتوو له ڕوانگه‌ى بورژوازیه‌وه بده‌نه به‌ر نه‌قد بۆ ئه‌وه‌ى نه‌ک ته‌نها ته‌جروبه‌که به‌ڵکو ناوه‌رۆکى لینینزم ڕه‌تبکه‌نه‌وه. ئه‌و یاده‌ى که باسى ده‌که‌ن به بڕواى من پێویسته بۆ ناساندنى حه‌قیقه‌تى لنینیزم و ده‌رس و ته‌جروبه شۆرشگێڕانهکانى به دنیاى هاوچه‌رخ، له هه‌مان کاتدا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ته‌جروبه‌ى شۆڕشى مه‌زنى ئۆکتۆبه‌ر له ڕوانگه‌ى خودى لنینیزمهوه. لنین شۆڕشێکى گه‌وره‌ى ڕابه‌رى کردوه که ئاڵوگۆڕێکى گه‌وره‌ى جیهانى پێکهێناوه‌و سه‌رجه‌م هاوکێشه‌ى سیاسى و ئایدۆلۆجى جیهانى له ده‌ورانێکدا هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه. ئه‌م جۆره یادکردنه‌وه‌یه له ڕوانگه‌یه‌کى مارکسیستیه‌وه ده‌بێ هه‌مه‌لایه‌نه بێت هه‌م ده‌سکه‌وت و خاڵه به‌هێزو درهخشانهکانى به‌رجه‌سته بکریت و هه‌م خاڵه لاوازه‌کانى ده‌ست نیشانبکرێت و ڕه‌خنه‌ى کۆمۆنیستى لێبگێرێت. یادکردنهوهیهکى به‌م جۆره ئیلهام ده‌به‌خشیت به ڕه‌وتى خه‌باتى ئێستا‌و داهاتوو بۆ ڕزگارى چینى کرێکار‌و بهشهریهتى چه‌وساوه.
• لێنین هه‌میشه سه‌نگێکی مه‌حه‌ک بووه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندی زۆرێک له بواره‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی. ئه‌گه‌ر به هه‌مان پێوانه بڕوانینه حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنیت؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د: هه‌ڵسه‌نگاندنێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق له ڕوانگه‌ى لینینزمهوه. باسێکى فراوانتره له قه‌باره‌ى ئه‌م باسه‌ى لێره خه‌ریکین ده‌یکه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به کورتى بڵێم، حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، له ڕووى به‌رنامه‌و سیاسه‌ت و هه‌تا تاکتیکهکانیهوه حیزبێکه له‌سه‌ر خه‌تى لینین به‌ڵام بێگومان له سهردهمیکى زۆر جیاواز له سه‌رده‌مى خودى لنین. کۆمۆنیزمى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، کۆمۆنیزمى لنینه له دنیاى هاوچه‌رخدا. به ماناى ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵوگۆڕو په‌ره‌سه‌ندنه‌ى که پێویست بوو لنینیزم له‌م سه‌رده‌دا بیکات له‌و بوارانه‌دا که له‌سه‌ره‌وه ئیشاره‌م پێ‌کرد، له‌م حیزبه‌دا مسۆگه‌ر بووه، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستى فهزڵهکهى ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ منسور حکمت،.
حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریی عێراق له دهورانێکى سه‌خت و دژوارى جیهانیدا، که له‌ژێر کاریگه‌رى شکستى بلۆکى شه‌رقى ناوبراو به سۆسیالیزم، گه‌وره‌ترین حه‌مله‌ى دژى کۆمۆنیستى به تایبه‌تى له دژى لنین به‌رپاکرابوو، له کاتێکدا که په‌یکه‌ره‌کانى لنین له زۆر جێگاى دنیادا تێکده‌شکێنران و ده‌هێنرانه خواره‌وه، له کاتێکدا که به لێشاو ئه‌وانه‌ى پێشتر به خۆیان ده‌گوت کۆمۆنیست و پێڕه‌وانى لینیزم، ناوى کۆمۆنیزم و ئاڵاى سورو داس و چهکوشهکانیان وازلێدههێنا، له‌و ده‌ورانه سه‌خته‌دا حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى له عێراق و له ئێران ئاڵاى لنینیزمیان شه‌کاوه ڕاگرت و په‌یگیرانه به‌رگریان له حهقانیهتى کرد.
هه‌روه‌ها حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق بۆ یه‌که‌م جار له مێژووى کۆمه‌ڵگاى عێراقدا له زۆر مه‌یداندا سوننه‌تى لینینزمى له ئاستى کۆمه‌ڵایه‌تیدا پڕاتیک و به‌رجه‌سته کرده‌وه‌و لینینیزمى بردوه‌ته مه‌یدانى کێشمهکیشى فکرى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ سوننه‌ت و بزووتنه‌وه کۆنهپهرستانهکانى کۆمه‌ڵگا. هه‌روه‌ها پێکهێنانى ڕیزى سه‌ربه‌خۆ و جیاوازى سیاسى و چینایه‌تى بۆ کرێکاران و جه‌ماوه‌رى زه‌حمه‌تکێش، نوینه‌رایه‌تى کردنى سیاسى ئه‌م ڕیزه چینایه‌تییه سه‌ربه‌خۆیه، دهخاڵهتگهرى سیاسى له هه‌موو هه‌لومه‌رج و دهورانێکداو ده‌سته‌وه‌ستان نه‌مانه‌وه، هه‌وڵدان بۆ ئاڵوگۆڕى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى به قازانجى کرێکاران و جه‌ماوه‌رى زه‌حمه‌تکێش، وه‌ستانه‌وه دژى زولم و زۆر‌و چه‌وسانه‌وه‌و کۆنه‌په‌رستى، ته‌حه‌زوبى کۆمۆنیستى و حیزبیهتدان به ڕیزى کۆمۆنیزم…هتد ئه‌مانه له تایبه‌تمه‌ندیه هه‌ره به‌رجه‌سته‌کانى لینینزمه که له‌م ده‌ورانه‌دا له‌لایه‌ن حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریه‌وه نوێنه‌رایه‌تى کراو خاڵه به‌هێزه‌کانى ئه‌م حیزبه‌ى پێکهێناوه.
به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ته‌جروبه‌ى پراتیکى 15 ساڵى ڕابردوى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق فاسڵه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌کارو سوننه‌ت و ته‌سویره سیاسیه‌ى لنینیزم که به تایبه‌تى له ده‌ورانى پێش شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ردا له‌لایه‌ن لینینه‌وه به‌رجه‌سته‌و پیاده‌کرا و توانى له ماوه‌ى چه‌ند مانگێکدا حیزبى بهڵشهفى له حیزبێکى بچوکى ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بگۆڕێ به‌ڕابه‌رى شۆڕشێکى گه‌وره‌و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌ده‌سته‌وه بگرێت. لنینیزم به تایبه‌ت له ساڵانى ئه‌خیرى جه‌نگى جیهانى یه‌که‌مدا توانى حیزبى بهڵشهفى له‌گه‌ڵ گرفت و کێشه سه‌ره‌کیه‌کانى کۆمه‌ڵگاى ڕوسیا هه‌ڵپێکێت و ئه‌مه بکاته بنه‌ماى به‌هێزبوونى خۆى و ڕه‌وتى شۆڕش له ڕوسیادا. به پێوانه‌ى لنینیزم به بڕواى من خاڵى هه‌ره لاوازى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق ئه‌وه‌یه که له‌وه‌دا کورتى هێناوه چۆن هه‌موو کار‌و هه‌لسوران و کێشمه‌کێشه‌کانى بخاته خزمه‌ت به ده‌ست هێنانى توانایى سیاسیه‌وه (قودره‌تى سیاسى)، وه چۆن نابێ یه‌ک ڕۆژو یه‌ک فرسه‌ت له ده‌ستبدات بۆ خۆبه‌هێزکردن و توانایى سیاسى په‌یداکردن، چۆن نابێت یه‌ک زه‌ڕڕه خۆشباوه‌ڕى به‌وه هه‌بێت که بۆرژوازى هه‌ر یه‌که‌مین فرسه‌ت په‌یدا بکات، هاوڕێیانى له‌گه‌ل کۆمۆنیزم و هه‌ڵسورانى ته‌حه‌مول ناکات. به کورتى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق له‌م 15 ساڵه‌ى ڕابردوودا بووه قوربانى له بهرچاونهگرتنى ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ى که ئه‌گه‌ر له‌و فرسهتانهى بۆى ده‌ڕه‌خسێ سه‌رنه‌که‌وێ و بورژوازى نه‌شکێنێ، ئه‌وه بێ‌شک ده‌یشکێنن. حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى لینینیزم به دیاریکراوى له ساڵى 1917 کردى، نه‌یتوانى هیزى کۆمه‌ڵایه‌تى پێویست بۆ پیاده‌کردنى به‌رنامه‌و سیاسه‌ت و تاکتیکه لینینیهکانى سازبدات. هۆکاره‌کانى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و تهسویرو سوننه‌ت و شێوه‌کاره سیاسى و عه‌مه‌لیه‌ى که ئه‌م حیزبه له پراتیکى خۆیدا په‌یڕه‌وى لێکردوه. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کاریگه‌ری ئه‌و سونهتانهى چه‌پی ته‌قلیدى که له دواى شکستى شۆرشى ئۆکتۆبه‌ره‌وه ده‌یان ساڵه باڵى به‌سه‌ر گشت بزووتنه‌وه‌ى کۆمۆنیستى و چه‌پدا کێشاوه.
• له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس کۆمه‌ڵێک جوڵانه‌وه‌ی موتاڵهباتی له ناو کرێکاران و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه جۆراوجۆره‌کاندا سه‌ری هه‌ڵدا به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت غیاب یان که‌م ڕه‌نگی هه‌ژمونی لێنینه، تۆ ڕات چییه له‌سه‌ر ئه‌مه؟ ئه‌مانه نه وه‌زعی ئه‌وانی به‌ره‌و باشتر برد نه له باری چینایه‌تیه‌وه له هێز هاوسه‌نگیه‌کی باشتر به‌هره‌مه‌ندی کردن!
ڕێبوار ئه‌حمه‌د: ئه‌م پرسیاره زۆر موجهڕهدو گشتییه، ڕاسته سازدان و ڕابه‌ریکردن و به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنى خه‌باتى رۆژانه‌ى چینى کرێکار مه‌یدانێکى گرنگى خه‌باتى کۆمۆنیستى و لینینستییه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌کى لینینیزم نییه، ڕه‌وته ڕیفۆرمیستیهکانیش له‌م مه‌یدانه‌دا که‌میان نه‌کردوه. من ده‌ڵیم به پێچه‌وانه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌کى لینینیزم ئه‌وه‌یه که دژى غه‌یره سیاسى کردنه‌وه‌ى خه‌باتى ئابورى و غه‌یره سیاسى کردنه‌وه‌ى چینى کرێکار‌و غه‌یره کریکارى کردنى سیاسه‌ت ڕاوه‌ستاو شوێن ده‌ستى لینین له‌م مه‌یدانه به‌رجه‌سته‌یه. بۆیه ئه‌وه‌ى باسى ده‌که‌ن به بڕواى من نابێته به‌لگه‌یه‌ک بۆ غیابى لینین.
من له پرسیاره‌که‌تاندا ئه‌وه‌م بۆ رۆشن نیه که چۆن هه‌ست به غیاب یان که‌م هه‌ژمونى لنین ده‌کرێت له‌و دهورانهى عێراقدا؟ هه‌ڵبه‌ت گومان له‌وه نییه که له نێو ئه‌م ڕووداو‌و ده‌ورانه سه‌خت و دژواره‌ى عێراقدا کۆمۆنیزم و خه‌تى لینین لاواز بوو، خودى هه‌لومه‌رجه‌که هۆکارێکى گه‌وره‌بوو بۆ ئه‌مه، ئێمه پێشتریش پێشبینى ئه‌مه‌مان ده‌کرد که ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ڕووبدات، سیناریۆیه‌کى ڕه‌ش له عێراق ده‌خولقێنێت و توانا‌و ئیراده‌ى خه‌ڵک تێکدههاڕێت و ڕه‌وتێکى ڕوولهپاش به‌سه‌ر کۆمه‌لگادا فه‌رز ده‌کات. سه‌ربارى ئه‌مه‌ش له گشت دنیاى ئه‌مرۆدا چه‌پ و کۆمۆنیزم جێگاوڕێگایهکى لاواز‌و لاوه‌کى هه‌یه، ئه‌مه په‌یوه‌ندى هه‌یه به هه‌لومه‌رجێکى جیهیانى و گشت ڕه‌وتى مێژووى دواى شکستى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ره‌وه تا ئێستا. بۆیه ده‌رکێشانى هۆکارى به جێگایه‌ک نه‌گه‌یشتنى بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتى کرێکارى، ڕاسته‌وخۆ له‌وه‌وه که لنین له‌م دهورانهى دوایى عیراقدا غایب بوو، تێگه‌یشتنێکى ده‌قیق به‌ده‌سته‌وه نادات.
به‌ڵام له‌مه‌ش زیاتر ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌م حوکمه ناده‌قیق و به تایبه‌تى زۆر یه‌کلایه‌نه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه له‌و ده‌ورانه‌دا سه‌ربارى نقوم بونى عیراق له گێژاوێکى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى یه‌کجار گه‌وره، لنینیزم له ئاستى کۆمه‌ڵگاى عێراقدا، سه‌ربارى لاوازیهکهى، به موباله‌غه‌ى نازانم بڵێم له هه‌موو خاڵێکى تر‌ى جیهان ئاماده‌ترو بهرجهستهتربوو. له کوێى دنیاى ئیستادا هه‌تا له‌و ئاسته ناڕهزایهتبهخشهى عێراقدا، کۆمۆنیسته‌کانى هاورێبازى لینین ڕێکخراوو به‌رچاو ڕۆشن و خاوه‌ن حیزب و خاوه‌ن درکێکى ڕۆشنن له لینینزم؟ له کوێی دنیادا لینینستهکانى هاوچه‌رخ به ئه‌ندازه‌ى لینینستهکانى عێراق له‌گه‌ڵ ڕابه‌رى کردنى خه‌باتى کرێکاران و ژنان و بێکاران و جه‌ماوه‌رى ئازادیخوازدا سه‌رقاڵ و له‌گه‌ڵ ڕه‌وته بورژوازیه‌کاندا ده‌سته‌ویه‌خه بوون؟ له کوێی دنیاى ئێستادا کۆمۆنیسته‌کانى هاو ڕێبازى لنین به ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى له عێراقدا کراوه خه‌ریکى ناساندن و ئاشناکردنى ڤێرژنێکی لینینستى له کۆمۆنیزمى مارکس بوون؟ له کوێی دنیاى ئێستادا لینینستهکان وه‌کو ئه‌وه‌ى له عێراقدا ده‌کرێت خه‌ریکى دانانى مه‌دره‌سه‌ى مارکس و ته‌رویجى که‌پیتاڵ و مارکسیزمن؟ به بڕواى من به پێچه‌وانه‌وه له‌م ده‌وره‌یه‌دا ڕه‌نگه له عێراقدا له چاو هه‌موو جێگایه‌کى تر‌ى دنیا لنینیزم ئاماده‌یى زیاترى په‌یدا کرد. له واقعدا هه‌ر لێره‌وه ده‌کرێت سه‌ربارى هه‌موو که‌موکوڕیه‌کان و هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کمان له ته‌جروبه‌ى خۆمان له عێراقدا، نوقته عه‌زه‌مه‌تى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى ببینرێت. ده‌قیق لێره‌وه ده‌کریت بایه‌خى گرنگى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق به هه‌موو که‌موکوڕى و ته‌جروبه سهرنهکهوتوهکهیهوه درک بکرێت. ئه‌م حیزبه له دنیاى ئه‌مرۆدا سه‌رمایه‌و خاڵێکى به‌هێزى کۆمۆنیزمى لینینه‌و ده‌بێ پارێزگارى بکرێت و خاڵه لاوازه‌کانى پڕبکرێته‌وه. ئه‌وه‌ى ئێستا لینینستهکان له عێراق هه‌یانه به داخه‌وه ڕه‌نگه بڵێم جگه له ئێران له حاڵى حازردا له هیچ جێگایه‌کى تر‌ى دنیادا نه‌بێت.
ئه‌وانه‌ى باسم کرد چه‌ند گۆشه‌یه‌کن له حزورى لینیزم له‌م دهورانهى عێراقدا، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه که سه‌ربارى ئه‌وانه هێشتا، لینیزم له هاوکیشهى سیاسى و توانایى سیاسى عێراقدا زۆر لاواز بوو، هێشتا له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو خۆى به‌رێته نێو هاوکێشه‌ى سیاسه‌ت و قودره‌تى سیاسیه‌وه، هێشتا نه‌گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ى خۆى له‌گه‌ڵ گرفت و کێشه ئهساسیهکانى کۆمه‌ڵگا لێکههلپێکێت و ببێته به‌دیل و ڕێگاچاره بۆیان. ئه‌مه‌ش میحوه‌رى نقدێکى لینینیه له ته‌جروبه‌ى ئه‌م حیزبه‌و تا هه‌مه‌لایه‌نه‌تر بکرێته‌وه، کۆمه‌ک ده‌کات به په‌ره‌سه‌ندن‌و ڕوناکردنهوهى ئاسۆى داهاتووى.
لایه‌نێکى موهیم تر‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕه‌نگه به‌رئه‌نجامى تێڕوانینێکى هه‌ڵه‌و غه‌یره مارکسیستى بێت بۆ لنین. گومان له‌وه نیه که لنین وه‌کو شه‌خس له دنیاى ئه‌مرۆدا غائیبه، به‌ڵام لنینیزم ده‌کرێت به‌رده‌وام بێت و به‌رده‌وامیشى هه‌یه. لینینزم به ماناى دوپاتکردنه‌وه‌ى قسه‌و تیئوریهکانى لنین نییه، به‌ڵکو به ماناى به‌کاربردن و نوێنه‌رایه‌تى کردنى ڕێبازى لنینیزمه له‌لایه‌ن کۆمۆنیسته‌کانى سه‌رده‌مه‌وه له په‌یوه‌ند به وه‌زعى ئێستاى دنیاوه، به ماناى به‌کاربردنى میتۆدى لینینه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌و کێشه‌و مه‌سه‌لانه‌ى دنیاى ئه‌مرۆ که نه کاتى لنین له ئارادا بونه‌و نه لنین وه‌ڵامێکى پێداونه‌ته‌وه. ئه‌مه ته‌نانه‌ت بۆ منسور حکمت که 70 تا 80 ساڵ پاش لنین ڕابه‌رى کۆمۆنیزمى کردوه‌و زۆر داهنینانى تازه‌ى بووه بۆسه‌ر کۆمۆنیزمى مارکس و لنین، به هه‌مان شێوه دروسته. ئه‌مرۆ کۆمۆنیزمى منسور حکمت و لنین پێویستی به‌وه‌یه که له نیو کۆمۆنیسته‌کانى جیلى ئه‌مرۆدا نوێنه‌رایه‌تى بکرێت، نه‌ک به ماناى دوپاتکردنه‌وه‌ى قسه‌کانى ئه‌وان. قسه‌کانى ئه‌وان تۆماره‌و هه‌یه‌و له‌به‌رده‌ستدایه، به‌ڵام به‌بێ به‌رده‌وامى پێدان و نوێنه‌رایه‌تى کردنى له‌لایه‌ن جیله زیندوو حهیى و حازرهکانهوه، وه‌ڵامى دنیاى دواى خۆیان ناده‌نه‌وه. ئه‌مڕۆ ده‌بێ به‌و ڤێرژنه له کۆمۆنیزم وه‌ڵامى دنیاى ئه‌مڕۆ بدرێته‌وه. به‌رده‌وامى ڕێبازى ئه‌وان له‌مه‌دایه نه‌ک له دوپاتکردنه‌وه‌ى قسه‌کانى ئه‌وان.
به بڕواى من ئه‌وه‌ش لێکدانه‌وه‌یه‌کى دروست نییه که له هه‌ر جێگایه‌ک جوڵانه‌وه‌ى کرێکارى و بزووتنه‌وه‌ى مهتاڵهباتى ده‌سکه‌وتى به‌ده‌ستهێنا یان هاوسه‌نگى هێزى به قازانجى چینى کرێکارى گۆڕى، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه که لنین غائیب نیه‌و به پێچه‌وانه‌وه ماناى ئه‌وه‌یه لنین غائیبه. لنین ساڵه‌ها له مه‌یدان بوو، بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتیش له نێو کرێکارانى ڕوسیادا به‌رده‌وام بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌میشه یان هه‌تا زۆربه‌ى کات، توانیبێتى ده‌سکه‌وت یان هاوسه‌نگى هێزى چینایه‌تى بگۆڕێت، ته‌نانه‌ت شۆڕشى 1905 به حزورى لینینه‌وه شکستێکى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. ڕه‌نگه له‌م باره‌یه‌وه ته‌نها ماوه‌ى نێوان شوباتى 1917 تا ئۆکتۆبه‌رى 1917 ئه‌و ده‌ورانه بوو که وه‌کو قۆستنه‌وه‌ى فرسه‌ت و ته‌جروبه‌یه‌کى زۆر گه‌وره بۆ به‌هێزو تواناکردنى حیزب و چینى کرێکار و گۆڕینى به‌ڕابه‌رى کۆمه‌ڵگاو ئاڵوگۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى زۆر به‌رجه‌سته‌یه. له کاتێکدا له زۆر جێگاى تر‌ى دنیادا بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتى کرێکاران به غیابى لینین و لینینیزمیش توانیویه‌تى ده‌سکه‌وتى گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێت و هاوسه‌نگى هێزى چینایه‌تیش بگۆڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م حه‌قیقه‌ته نه‌بینین ڕه‌نگه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان به‌رێت که تهسویرێکى مه‌زهه‌بى له لنین په‌یدا بکه‌ین، بڵێین لنین هه‌بێت هه‌موو شتێک ده‌بێت ئه‌و نه‌بێت هیچ نابێت، له هه‌رکوێ کرێکاران ده‌سکه‌وتیان بوو لنین ئاماده بوه‌و لهههرکوى ده‌سکه‌وتیان نه‌بوه لنین غائیب بووه. من ئیختلافیکى قوڵم له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌سویره هه‌یه.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچى ده‌بێ لنین و غیابى لنین به‌م شێوه یه‌کلایه‌نه‌یه به بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتى کرێکاران بپێورێت؟ من ئه‌وه به‌دروست نازانم که بزووتنه‌وه‌ى داواى بیمه‌ى بیکارى، یان زیادکردنى کرێ، یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یاساى نه‌وت و غاز، بۆ نمونه له بزووتنه‌وه‌ى وه‌ستانه‌وه دژى تیرۆرى ژنان و به‌رگرى له مه‌ده‌نیه‌ت و ئه‌منیه‌تى کۆمه‌ڵگاو گرتنى یه‌خه‌ى ئاخوند‌و قه‌ومپه‌رست و بکوژانى به کۆمه‌ڵى خه‌ڵکى مه‌ده‌نى، لینینى تربێت، یان له وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر شه‌ڕو له‌شکرکێشى و ملهورى نه‌زمى نوێ لینینى تر بێت، له وه‌ستانه‌وه دژى شه‌رو ئاشوبى قه‌ومى و تائیفى که هه‌ڕه‌شه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و نابوتکردنى کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌کات لینینى تر بێت، به‌م پێوانه‌یه بێت ڕابه‌رێکى ڕیفۆرمیستى کرێکارى که کرێکاران ڕاکێش ده‌کات بۆ دورکه‌وتنه‌وه له سیاسه‌ت و ده‌خاڵه‌تى سیاسى، ده‌بێ لینینى تر بێت له ڕابه‌رێکى بزووتنه‌وه‌ى ژنان که ده‌چێته جه‌نگى کۆنهپهرستانى ئیسلامى و قه‌ومپه‌رست. من هه‌ر به‌و ڕاده‌یه ده‌خاڵه‌ت له بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتى کرێکارى به لینینى ده‌زانم که چونه جه‌نگى ئیسلامى سیاسى و قه‌ومپه‌رستى به‌وه ده‌زانم، خه‌بات بۆ ده‌رهێنانى کۆمه‌ڵگا له سیناریۆى ڕه‌ش به‌وه ده‌زانم و ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه له هه‌لومه‌رجى تایبه‌تی ئێستاى عێراقدا، دروست له ڕوانگه‌ى سه‌ربه‌خۆى چینى کرێکاره‌وه هه‌ندێک له‌و مه‌یدانانه بخه‌مه پێش بزووتنه‌وه‌ى موتاڵهباتى کرێکاریه‌وه.
• که ناوی لێنین ده‌هێنرێت یه‌کسه‌ر باسی شۆڕش دێته ئاراوه، به‌مانایه‌ک لینین بۆته عینوانێک بۆ شۆڕش. ئێستا ئه‌م باسه زۆر که‌م ده‌هێنرێته ئاراوه‌و شۆڕش خۆی قوت ناکاته‌وه له باس ومهسائیله سیاسیه‌کاندا، ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی غیابی لینین نییه؟ ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی دووری ئه‌حزابی کۆمۆنیستییه له لینینه‌وه؟ یان ئه‌وه تێزی شۆڕشه که پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د: پێشتر ووتم که من له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره مامه‌ڵه کردنه له‌گه‌ڵ لنین ئیختلافم هه‌یه. واته له په‌یوه‌ند به پرسیاره‌که‌ى ئێوه‌وه بۆ نمونه ئه‌گه‌ر باسى شۆڕش له ئارادابوو که‌واته لنین ئاماده‌یه و ئه‌گه‌ر باسى شۆڕش له ئارادا نه‌بوو که‌واته لنین غائیبه. شۆڕش دیارده‌و رووداویکى واقعى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌و به وێنه‌ى زه‌روره‌تێکى تاریخى له‌سه‌ر پایه‌و زه‌مینه‌ى واقعى دێته پێشه‌وه، شتێک نییه به شێوه‌ى ئیختیارى له زهنى ئه‌وانه‌ى که گوایه لینینیستن ڕوبدات و بخولقێ و بخرێته ناو کۆمه‌ڵگاوه. ئه‌وه‌ى که ناوى لنینیى له‌گه‌ڵ شۆڕشدا لێکههلپێکاوه زیاتر ئه‌وه‌یه که ئه‌و به کرده‌وه له فرسه‌تێکى میژوویدا گه‌وره‌ترین و عهزیمترین شۆڕشى سه‌ده‌ى بیسته‌مى ڕابه‌رى کردووه، نه‌ک ئه‌وه‌ى که مقولهى شۆڕش هه‌میشه له‌سه‌ر زمانى لینین بوبێت. هه‌روه‌ها لایه‌نیکى به‌رجه‌سته‌ى لنین ئه‌وه‌یه که خاوه‌ن ئیراده‌و جهسارهتێکى به‌هێزى شۆڕشگێڕانه بووه و له جێگاى خۆیدا بڕیارى شۆڕشگێڕانه‌ى گه‌وره‌و حه‌ساس و سه‌خت و چاره‌نوسسازى داوه‌و په‌یگیرانه له‌به‌رامبه‌ر سه‌ختییه‌کانى ڕاوه‌ستاوه. لنین گه‌وره‌ترین ده‌ورى له‌وه‌دا بینیوه که تیئۆرى و پراتیکى شۆڕشگێڕانه‌ى لێکههلپێکێت، لینین زیاتر له‌وه‌ى به مقولهى شۆڕش مه‌شهور بێت به مارکسیستێکى پراتیکى مه‌شهوره. به هه‌رحاڵ ئه‌مانه هه‌مووى له جێگاى خۆیدا بۆ لینین ماناى بووه نه‌ک مقولاتێکى هه‌میشه‌یى بوبن و به‌رده‌وام تکرارى کردبێتنه‌وه. به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌مه جوت کردن و ئاوێزان کردنى ناوى لنین به‌م جۆره له‌گه‌ڵ مهقولهى شۆڕش به‌گشتى و تهجریدى، ئه‌و کێشه‌یه ده‌هێنێته ئاراوه که مفهومى لنین بۆ شۆڕش بشێوێنێ، پرسیار ئه‌وه‌یه کام شۆڕش؟ چه‌سپاندنى مهقولهى تهجریدى شۆڕش و هه‌موو شۆڕشێک به ناوى لینینه‌وه هه‌ڵه‌و خهتایهکى گه‌وره‌یه. به‌شێکه له‌و به‌ڵایه‌ى که لینینیسته درۆینه‌کان بۆ شێواندنى لینینیزم به‌سه‌ریان هێناوه. شۆڕشى جۆراوجۆر له دنیاى ئه‌مرۆدا ناو ده‌برێت، له شۆرشى دیموکراسیه‌وه تا شۆرشى میللى و ته‌نانه‌ت ئیسلامى….له کاتێکدا لینین ڕه‌مزى شۆڕشێکى دیاریکراو جیاواز بوو، ئه‌ویش شۆڕشى سۆسیالیستییه. به‌شێک له ئیختلافى ئێمه له‌گه‌ڵ جۆره‌کانى تر‌ى کۆمۆنیزم هه‌ر ئه‌وه‌یه که سۆز‌و لایه‌نگرى بۆ هه‌موو شۆرش و خرۆشان و هه‌رایه‌ک نیشانده‌ده‌ن یان به جۆرێکى تر ئاڵاى سورى سۆسیالیزم وه‌کو په‌رچه‌مى هه‌موو هه‌ستان و خرۆشانیکى جه‌ماوه‌رى به‌رز ده‌که‌نه‌وه. که له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا به ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى شۆڕشگێڕى لینین ڕه‌فتار ده‌که‌ن و له ڕاستیدا شۆڕشى لینینستى ده‌که‌ن به قوربانى.
شۆڕشى سۆسیالیستى ڕووداوێک نییه که هه‌موو ڕۆژێک ڕووبدات، سازدانى شۆڕش به دوپاتکردنه‌وه‌ى ده‌سته‌واژه‌ى شۆڕش له ناو باس وپلمیکه سیاسیه‌کان نه شۆڕش نزیک ده‌کاته‌وه‌و نه ده‌ورێکى هه‌یه له خولقاندنى شۆڕشدا. شۆڕشى سۆسیالیستى که به بڕواى ئێمه هه‌موو زه‌مینه‌و مهلزوماته کۆمه‌ڵایه‌تى و تاریخى و ئابوورى و بابهتییهکانى زۆر ده‌مێکه ئاماده‌یه، له‌سه‌ر ئاماده‌یى هێزى به‌شه‌رى بۆ ئه‌نجامدانى ڕاوه‌ستاوه، به‌بێ ئه‌م ئاماده‌ییه هیچ کات روو نادات. بۆیه مهمترین عامل له ئێستادا بۆ سازدانى شۆڕش ئاماده‌کردن و سازدانى هێزى به‌شه‌رییه. بۆیه هه‌وڵدان له‌م مه‌یدانه، له‌وانه حیزب دروست کردن، هێز کۆکردنه‌وه له ده‌ورى کۆمۆنیزم، به‌رگرى له کۆمۆنیزم و ته‌رویجى کۆمۆنیزم، سازدانى جه‌ماوه‌رو به‌گه‌ڕخستنى ئیراده‌یان، ڕێکخستنى خه‌باتیان… بهبڕواى من هه‌موو ئه‌مانه هه‌وڵی ڕاسته‌وخۆن بۆ سازدانى شۆڕش، نه‌ک دوپاتکردنه‌وه‌ى ده‌سته‌واژه‌ى شۆڕش.
لایه‌نێکى تر‌ى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مقولهى شۆڕشدا ئه‌وه‌یه که زۆر ئهلگۆى به ناو کۆمۆنیستى، هه‌ڵسورانى کۆمۆنیستى ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌لومه‌رجى شۆڕشگێڕانه‌وه، ئه‌نجامگیرى کۆتایش له‌م ته‌سویره ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجى شۆڕشگێڕانه نه‌بێت، ئیتر کارێک بۆ کۆمۆنیزم نابینێت، بۆیه هه‌میشه شۆڕش ده‌کات به شیعار و بانگه‌وازێکى ڕۆژانه‌و ئیختیارى بۆ ئه‌وه‌ى بونى خۆى و زه‌مینه‌ى بونى خۆى نیشانبدات. له کاتێکدا کۆمۆنیزمى لنین پێی وایه شۆڕش هه‌میشه‌و هه‌موو ڕۆژو کاتێک له ئارادا نییه، به پێی قسه‌ى منسور حکمت شۆڕش ڕووداوێکه له ناکاو به پێى زه‌مینه‌و زهروریاتێکى دیاریکراو دێته ئاراوه، به‌ڵام شۆڕش له ئارادا هه‌بێت یان نا، کۆمۆنیزم ده‌بێ هه‌میشه کارى خۆى بکات، ئه‌مه فاکته‌رێکى زۆر مهمه بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ى له ناکاوى شۆڕش.
له باره‌ى به‌شى کۆتایى پرسیاره‌که‌تانه‌وه منیش پێم وایه له نێو ده‌ریایه‌ک له ئه‌حزابى به ناو کۆمۆنیستى ئه‌م 70 تا 80 ساڵه‌ى ڕابردوودا، لنینیزم هیچ جێگایه‌کى نه‌بووه‌و به‌م مانایه‌ش ئه‌و حیزبانه دووریان له‌گه‌ڵ لنین و لنینیزم زۆر بووه، ته‌نانه‌ت له دژى ناوه‌رۆکى لینینیزم کاریان کردوه‌و ده‌کرێ بڵێم زۆربه‌یان دژى لینینستى بوون. به‌ڵگه‌کانی ئه‌م حوکمه‌ش زۆرن، به‌ڵام به‌ڵگه‌ى زه‌قیان ئه‌وه نیه که له پلمیکهکانیاندا باسى شۆڕش ناکه‌ن. به‌شێکى زۆر له‌و حیزبانه‌ى که زۆر باسى شۆڕش و شۆرشگێڕیان له شیعار‌و پلیمیکهکانیاندا کردوه، له‌وانه‌ن که دوریان له لنینینزمهوه زۆرتره.
به‌ڵام ئایا تێزى شۆڕش پێویستى به پێداچونه‌وه هه‌یه؟ پرسیار ئه‌وه‌یه که مه‌به‌ست له کام جۆر پێداچونه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و پێداچونهوانهیه که به تایبه‌تى له دواى شکستى بلۆکى شه‌رقه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى شۆڕش و پێکهێنانى ئاڵوگۆڕ به بێ شۆڕش و گوایه ئیتر سه‌رده‌مى توندوتیژى و خوێن ڕشتن نه‌ماوه‌و ده‌کرێ له‌ڕێگاى ده‌نگدان و دیموکراسییه‌وه ئاڵوگۆڕه‌کان ڕووبده‌ن و کێشه‌کان چاره‌سه‌ربن و ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕى پێبکرێت، ئه‌وه کاره‌ساته گه‌وره‌و تراژیدیا ئینسانیهکانى ئه‌م 15 تا 20 ساڵه‌ى دواى ئه‌و ڕووداو‌و ههراوهوریایانه سه‌لماندیان که ئه‌و به‌ربه‌ریه‌ت و توندوتیژى و خوێنڕێژیهى له‌م سه‌رده‌مه‌دا له سایه‌ى باڵاده‌ستى دیموکراسى غه‌ربى به‌سه‌ر دنیادا هێنرا، توندوتیژیه‌کانى گه‌وره‌ترین شۆڕشى سۆسیالیستى سه‌ده‌ى بیسته‌م بۆ ڕوخاندنى ده‌سه‌ڵاتى بورژوازى له یه‌ک له‌سه‌ر سێی گۆى زه‌ویدا، له چاویدا دڵۆپێک بوو له ده‌ریایه‌ک. بۆیه دروست دنیاى سه‌رمایه‌دارى به‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ى شۆڕش و سۆسیالیزم یان به‌و ڕاده‌یه‌ى ئه‌و ههڕهشهیى لێ دورکه‌وێته‌وه، له به‌ربه‌ریه‌تى سه‌ده‌کانى ناوه‌راست نزیک ده‌بێته‌وه‌و توند‌و تیژى به‌وپه‌ڕى خۆى ده‌گه‌یه‌نێ و ڕوبارى خوێن به‌ڕێده‌خات.
به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که "تێزى شۆڕش" هیچ پێداچونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئاڵوگۆڕپێدان و گه‌شه‌سه‌ندنێک هه‌ڵناگرێت؟ به تایبه‌تى که دنیاى ئێستا‌و دنیاى بۆ نمونه سه‌رده‌مى شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر جیاوازییه‌کى زۆریان له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یه، توانایه‌ک که ئه‌مرۆ بورژوازى و نیزامى سه‌رمایه‌دارى له ڕووى جه‌نگى و ئیعلامى و دام و ده‌زگاى سه‌رکوت و فریودان و جه‌نگى فکریه‌وه په‌یداى کردووه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا له به‌راوردکردن نایه‌ت. له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وه باسێکى مهمه که له نێو ئه‌م ئه‌وزاعه‌دا ئه‌و شۆڕشه‌ى که جێگا مه‌به‌ستى لینین بوو ده‌بێ چۆن سازبدرێت و چۆنیه‌تى سازدانهکهى چ جیاوازییه‌کى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا. هێزه بهشهریهکهى کامه‌یه و جیاوازى له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى لینین چییه‌و له چ جێگاوڕێگایه‌ک به‌هره‌مه‌نده؟ تاکتیکه‌کانى کامانه‌ن؟ شێوه عهمهلیهکانى چین؟ پێکهاته حیزبى و ئامرازه‌کانى چ جۆریکن و چ فه‌رقێکیان له‌گه‌ڵ ڕابردوودا هه‌یه؟ مهلزوماتهکانى ئێستاى شۆڕش چین و چ جیاوازیه‌کیان له‌گه‌ڵ ڕابردوو هه‌یه؟ ….هتد ، هه‌موو ئه‌مانه ده‌کرێت جێگاى باس و لێکدانه‌وه و پێداچونه‌وه بێت.
• دووا ووته‌و په‌یامت چییه به‌م بۆنه‌یه‌وه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د: دوا ووته‌م ئه‌وه‌یه که نابێ ڕێگابدرێت تهسویرێکى مه‌زهه‌بى له لنین به‌ده‌سته‌وه بدرێت، گرنگى لنین له‌وه‌دا نییه که هه‌رگیز به هه‌ڵه‌دا نه‌چوبێ، هه‌تا له پێشدا له به‌هێزى و قوڵى تیئوریهکانیدا نییه، له‌وه‌دا نییه که هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک هه‌ڵناگرێ، ته‌نانه‌ت له ڕوووى شۆڕشگێرێتیهوه لنین شۆڕشێکى ڕابه‌رى کرد که به سه‌رکه‌وتنى یه‌کجارى نه‌گه‌یشت و شکستى خوارد، به‌ڵام لنین وه‌کو پراتیسیۆنێکى یه‌کجار بهرجهستى مارکسیسست، له تاریخى به‌شه‌ریدا ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لماند که ئه‌گه‌ر به‌شه‌ر ئیراده بکات ده‌توانێ چاره‌نوسى خۆى به‌ده‌سته‌وه بگرێت، ده‌توانێ چاره‌نوسى خۆى بنه‌خشێنێ. سه‌لماندى که چاره‌نوس شتێکى نوسراو بڕاوه‌و بڕیار له‌سه‌ردراو نییه‌و ده‌کرێت بنوسرێت. لینین به ته‌جروبه‌یه‌کى گه‌وره سه‌لماندنى که چه‌وساوه‌کان ئه‌گه‌ر یه‌کبگرن له ده‌ورى ئاڵا‌و به‌رنامه‌و ڕیزى سه‌ربه‌خۆی حیزبیان ڕێکخراوبن و ئیراده بکه‌ن، ده‌توانن قه‌ڵاى ده‌سه‌ڵاتى چه‌وسێنه‌ران بڕوخێنن، ده‌توانن ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن، ده‌توانن ئیداره‌ى سیاسى کۆمه‌ڵگا بگرنه ده‌ست، ته‌نانه‌ت ده‌توانن به‌رامبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌و په‌لامارى ده‌وڵه‌تانى زلهێزى سه‌رمایه‌دارى و سوپا‌و پیلانه‌کانیان، به‌رگرى له ده‌سه‌ڵاتى خۆیان بکه‌ن. ده‌توانن حکومه‌تى خۆیان دامه‌زرێنن، لینین سه‌لماندنى هه‌موو ئه‌مانه کارى مومکین و عه‌مه‌لین و خه‌یاڵ نین. شۆرشى ئۆکتۆبه‌ر به‌ڕابه‌رى لنین هه‌موو ئه‌و ده‌وران و قۆناغانه‌ى تێپه‌ڕاند. هه‌مووى به کرده‌وه سه‌لماند، هه‌رچه‌ند له جێگایه‌کى تردا به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌یه‌کى تر شکستى خوارد، به‌ڵام ئه‌وه ده‌رس و ته‌جروبه‌یه‌کى زۆر گرنگ بوو که هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌ته عهزیمانهى به کرده‌وه سه‌لماند. ته‌جروبه‌ى لنین به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر چه‌ند جاریش کرێکاران و چه‌وساوه‌کان له‌م هه‌وڵه‌یاندا شکست بخۆن یان به سه‌رکه‌وتن نه‌گه‌ن، به‌ڵام ئیمکانى سه‌رکه‌وتن له‌به‌رده‌میدا به کراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه ده‌توانێ ده‌رسێکى گه‌وره بێت بۆ کۆمۆنیزم و کۆمۆنیسته‌کانى ئه‌مرۆ.