
منیچ*……. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
منیچ*……. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سێ گوتاری هاوڕێیان عوسمان عه‌سكه‌ری و ئاكۆ موحه‌ممه‌د عه‌لی و هاوڕێ باخه‌وان و گوتارێکی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداو ، بوونه هه‌وێنی بیرۆكه‌یه‌ک و هانیان دام منیش چه‌ند دێڕێک له‌مه‌ڕ ئه‌و كۆمپانیا و گه‌شتانه‌ی كوردستانه‌وه بنووسم**.
به كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، خه‌ڵكی كورد، به تایبه‌ت كوردی هه‌نده‌ران، كۆڵێک دڵخۆش بوون و پێیانوابوو، ئیدی له ڕێگه پێچه‌ڵپێچ و دوور و پڕدهردهسهرییهكانی توركیا و سووریا و ئێران، ڕزگاریان ده‌بێ و ڕاسته‌وخۆ ده‌چنه‌وه كوردستان.
ساڵانێكیشه له میدیای كوردیدا(ته‌له‌ڤزیۆن، ڕۆژنامه، گۆڤار، ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێت و…)، په‌یتا په‌یتا، ڕێكلام بۆ كۆمپانیاگهلیك ده‌كرێن، كه ڕێكخه‌ری گه‌شتن له كوردستانه‌وه و بۆ كوردستان. ناو ی ده‌یان كۆمپانیا، كه پێگه و جێكاریان هه‌م له هه‌نده‌ران و هه‌م له كوردستان هه‌ن، به ژماره ته‌له‌فۆن و ناوونیشانی ته‌واوه‌وه له‌و ڕێكلامانهدا هاتوون.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه گه‌شته ئاسمانییه‌كانی ئه‌و كۆمپانیانه له هه‌نده‌رانه‌وه بۆ كوردستان و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده‌ستیانپێكردووه.
زۆرێكم له‌و كه‌سانه‌ی، كه به ڕێگه‌ی ڕاسته‌خۆ و له ڕێگه‌ی ئه‌و كۆمپانیانه‌وه چوونه‌ته‌وه كوردستان و هاتوونه‌وه، دیتووه و دواندووه و به ده‌گمه‌ن تاكهتاكهیهكم تووش بووه، له گه‌شته‌كه‌ی ڕازی بووبێت و چ ڕه‌خنه‌یه‌كی نه‌بووبێت. زۆرینه‌ی گه‌شتیاران، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌نده‌راننشینان ڕه‌خنه‌یان نه‌ک هه‌ر له كۆمپانیا و كارمه‌ند و چۆنیه‌تی ڕه‌وتار و به‌ڵێن و كاره‌كانیان هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵكه جاروبار ڕهخنهیشیان له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانییش هه‌بووه و هه‌یه.
یه‌كه‌مجارم بوو من بۆ خۆم به یه‌كێک له‌و هێڵه ڕاسته‌وخۆیانه‌ی ستۆكهۆڵم كوردستان، بچمه‌وه بۆ كوردستان. فڕۆكه‌كه‌ی پێی چوومه‌وه به كۆپنهاگن و به‌یرووتدا چووه‌وه هه‌ولێر.
هه‌موو له‌وه تێده‌گه‌ین، كه فڕۆكه بۆ كوردستان به سه‌ر خاكی توركیادا ناتوانێت بفڕێت، به‌ڵام له‌وه‌ی، كه له دوو شوێن(كۆپنهاگن و به‌یرووت) دابه‌زین و گه‌شته‌كه نزیكه‌ی نۆ(9) كاتژمێری پێ چوو، تێنه‌گه‌یشتم!
شتێكی دیكه، كه من تێیناگه‌م ، کاتێک بلێتی گه‌شته‌كه‌م كڕی، به‌و هاوڕێیه‌ی بلێتهكهی پێ فرۆشتم گوت، من خۆراكی گۆشت و ئه‌وانه ناخۆم و ڕووهكخۆرم، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی له كن خۆی و له نێو كۆمپیووتهرهكهیدا و له سه‌ر بلێتهكهی من نووسی و پێی‌گوتم، كاره‌كه ئاسانه و ڕێكی ده‌خه‌ن و ئه‌و جۆره خۆراكه جێبه‌جێ ده‌بێ. كه سواری فڕۆكه بووم و كاتی نانخواردن هات، یه‌كێک له‌و ژنانه‌ی خۆراكیان ده‌به‌شییه‌وه، به‌سته‌یه‌ک خۆراكی دایه ده‌ستم و منیش لێم پرسی، ئه‌و خۆراكه گۆشتی تێدایه یا نه! گوتی، تێیدایه. تێمگه‌یاند، كه من ڕووهكخۆرم و ئه‌وه‌تا له سه‌ر بلێتهكهیشم نووسراوه، كه ده‌بێ خۆراكێكی له‌و جۆره یا هه‌ر سه‌وزه و میوه و ئه‌وانه وه‌رگرم. پێی گوتم، كه یه‌ک خۆراكی ڕووهكی هه‌بووه ئه‌ویش كه‌سێكی دیكه وه‌ریگرتووه. گوتم، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بوو وه‌ریگرێت من بووم نه‌ک ئه‌وه‌ی دیكه. ئیدی قسه‌كانم چ سوودێكیان نه‌بوو و منیش خۆراكه‌كه‌م ڕاده‌ستی كرده‌وه و بێ شی‌و مامه‌وه. گه‌شتی ئاسمانی هه‌یه خۆراكی تێدا نییه، لێ ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌شتێكی ئاسمانی خۆراكی تێدا بێت، تۆ وه‌ک گه‌شتیارێک مافی خۆته چ جۆره خۆراكێک ده‌خۆیت و ئه‌و كۆمپانیایه‌ی گه‌شته‌كه‌ت ڕێكده‌خات به‌رپرسه له دابینكردنی ئه‌و خۆراكه بۆ تۆ. ئه‌مه له‌و گه‌شته‌ی مندا نه‌بوو، نه له چووندا بۆ كوردستان و نه له گهڕانهوهیشمدا بۆ سوێد.
له هه‌رچی گه‌شتێكی ئاسمانی و به هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ک تۆ سه‌فه‌ر ده‌كه‌یت و چ كۆمپانیایه‌ک ئه‌و گه‌شته‌ت بۆ ڕێكده‌خات، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی نێو فڕۆكه‌كه، له فڕۆكه‌وانه‌كه‌وه تا ده‌گاته ئه‌وانه‌ی خزمه‌ت ده‌كه‌ن و خۆراک ده‌به‌شنه‌وه و به نێو فڕۆكه‌كه‌دا دێن و ده‌چن، به زمانی ئه‌و وڵاته‌ی گه‌شته‌كه‌ی بۆ و لێوه ده‌كرێت قسان ده‌كه‌ن و جاروبار به زمانێكی دیكه‌یش، كه زۆر جاران ئینگلیزییه، قسان ده‌كه‌ن و ڕێنوێنییه‌كان په‌خش ده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ سه‌رنشینی فرۆكه‌كه‌دا ده‌دوێن. ئه‌وه‌ی له‌و فڕۆكانه‌ی ده‌چنه كوردستان و له كوردستانه‌وه دێن، نابینرێ، ئه‌وه‌یه، ئه‌و كارمه‌ندانه نه‌ک هه‌ر به زمانی كوردی قسان ناكه‌ن، به‌ڵكه یه‌ک وشه‌ی كوردییش نازانن. ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی من بۆ خۆم پێی چووم و هاتمه‌وه، كارمه‌ندانی به یۆنانی، كه تاكه یه‌ک نه‌فه‌ر لێی تێنه‌ده‌گه‌یشت و لێی تێناگات و به ئینگلیزییه‌كی شه‌قوشڕ و له‌نگ و كورت قسه‌یان ده‌كرد. ئه‌م دیارده‌یه له هیچ جێیه‌ک له‌م جیهانه‌دا نابینرێ.
له گه‌ڕانه‌وه‌مدا له هه‌ولێره‌وه بۆ ستۆكهۆڵم، نزیكه‌ی سێ(3) حه‌فته‌یه‌ک پێش گه‌شته‌كه‌م بلێتم كڕێ و هه‌مان كێشه‌ی خۆراكم بۆ كارمه‌ندی كۆمپانیاكه باس كرد و ئه‌ویش سه‌ری بۆ لهقاندمهوه، كه خه‌می ئه‌وه‌م نه‌بێت و پێی‌گوتم دوو ڕۆژ پێش گه‌شته‌كه‌م زه‌نگیان بۆ لێدهمهوه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم گه‌شته‌كه له كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێ یا گۆڕانی به سه‌ردا دێت و گوتیشی به سه‌ر ئه‌سینادا ده‌فڕین و له‌وێ بۆ ماوه‌ی 45 خولكه یا یه‌ك(1) كاتژمێر فڕۆكه‌كه ده‌وه‌ستێ و ئێمه‌ی گه‌شتیاران ڕه‌نگه دانه‌به‌زین و ڕه‌نگیشه و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بچینه ترانزێت و ته‌ماشایه‌كی پاسپۆرته‌كانمان بكه‌ن و ده‌سبه‌جێ سوار بینه‌وه.
ده‌بوو 21-7-2008 كاتژمێر 12.30 له هه‌ولێره‌وه بفڕین. ڕۆژی 18-7-2008 و له‌سه‌ر قسه‌ی كۆمپانیاكه زه‌نگم بۆ لێدان و گوتیان گه‌شته‌كه هه‌ر له كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت. ڕۆژی 19-7-2008 له كۆمپانیاكه‌وه زه‌نگیان بۆ لێدام و گوتیان گه‌شته‌كه پێش ده‌كه‌وێت و له‌بری 12.30 ی ڕۆژی 21-7-2008 ده‌بێته 01.30 ی ڕۆژی 21-7-2008 واته: یانزده(11) سه‌عاتێک پێش ده‌كه‌وێت. له نێوان كاتژمێر 22.30 و 23.00 ی 20-7-2008دا به خۆم و ساكێک و كۆڵهپشتێكمهوه چوومه نێو فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه و ساكهكهم ڕاده‌ست كرد و به خۆم و كۆڵهپشتمهوه له سه‌ر یه‌كێک له‌و كورسییه كه‌مانه‌ی نێو فڕۆكه‌خانه‌كه دانیشتم. منیش وه‌ک گه‌شتیاره‌كانی دیكه چاوه‌ڕێی كاتی فڕینهكهم ده‌كرد، له كاتژمێر 01.00 ه‌وه بوو به 02.00 و دواتر بوو به 03.00 و دواتر بوو به 03.30، ئه‌مه به بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی كارمه‌ندی فڕۆكه‌خانه‌كه یا كۆمپانیای خاوه‌ن گه‌شته‌كه له بڵندگۆیه‌كه‌وه قسه‌یه‌ک بكات یا ورته‌یه‌كی لێوه بێت. ئیمه ته‌نیا له تابلۆی كاتنیشاندهری گه‌شته‌كه‌وه و ئه‌ویش زۆر دره‌نگ دره‌نگ یا له ورته‌ورت و قسه‌ی گه‌شتیاره‌كانه‌وه و له‌پڕ خڕبوونه‌وه و تێکڕژانیانهوه، ئاگاداری ئه‌وانه ده‌بووین. ده‌وروبه‌ری 03.30 و 03.45 ، فڕۆكه‌كه‌مان فڕی و له ڕێگه خۆراكیان هێنا و بۆ من هه‌مان ده‌ردیسه‌ری بوو و به برسییه‌تی مامه‌وه.
كاتژمێر 06.15 ی هه‌مان ڕۆژ 21-7-2008 له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌سینا دابه‌زین و هه‌موو سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه، كه 160 كه‌س ده‌بوون، دابهزێنراین و پێیانگوتین بچینه ترانزێت، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک شتمان بۆ ڕوون بکه‌نه‌وه، که دوای چوونه ترانزێتمان چی ده‌که‌ین! ته‌نیا ئه‌وه‌ی نه‌بێ له یه‌کدیمان ده‌بیسته‌وه، که پاش كاتژمێرێک دێینه‌وه و سواری هه‌مان فڕۆكه یا فڕۆكه‌یه‌كی دیكه ده‌بینه‌وه و گه‌شته‌كه‌مان به‌ره‌و ستۆكهۆڵم درێژه‌پێده‌ده‌ین. چووینه ترانزێت و پاسپۆرتمان پێشاندا و دواتر براینه هۆڵێک و له‌وێ ئیدی چاوه‌ڕوانی بانگكردن بووین. كات ڕۆیشت و له 07.00 ه‌وه بوو به 08.00 و 09.00 و 10.00 و…به‌و جۆره تا گه‌یشته 15.00 و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر ده‌گوترا فڵانه كاتژمێر ده‌فڕین و هیچ نه‌بوو. له نێو ئه‌و هۆڵه‌دا ئه‌و 160 كه‌سه‌ی ئێمه، كه هاوگه‌شت بووین، ڕێک وه‌ک په‌ز به نێو یه‌كدا ده‌هاتین و ده‌چووین و هه‌ندێک له شهكهتیدا پاڵكه‌وتبوو و هه‌ندێک خه‌وتبوو و هه‌ندێکیش به‌و ناوه‌دا لۆژه‌لۆژ هه‌ر ده‌هات و ده‌چوو و ئه‌وانه هه‌موو تێکه‌ڵ به بێزاری و تووڕه‌یه‌کی زۆر و گازنده و وه‌ڕزبوون بووبوون، نه‌ک هه‌ر له گه‌شتی کوردستان، به‌ڵکه له کوردستان بۆ خۆیشی بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی تێکه‌وتبوو. خه‌ڵكه‌كه هه‌موو جۆره خه‌ڵكێک بوون، پیر، منداڵ، ژن، پیاو، لاو، كه‌مئه‌ندام، كورد، عه‌ره‌ب، موسوڵمان، عیسایی، سریان، کلدان، توركمان و… خه‌ڵکه تا بڵێی په‌ست بوون و جمهجم و ده‌نگه‌ده‌نگ له نێویاندا ده‌ستیپێكرد. هه‌ندێک پۆلیس هاتن و كه‌سێكی فڕۆكهخانهكهیش هات و گوتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه برسییانه، خۆراكیان بۆ دێنن. ئێمه چه‌ند كه‌سێک، وه‌ک شێوه مانگرتنێک، پێكهاتین له سه‌ر ئه‌وه‌ی، به هیج شێوه‌یه‌ک خۆراک نهخۆێن و به لای شته‌كانی ئه‌واندا نه‌چین. هه‌ندێک بابۆڵه و كۆكاكۆلا و ئه‌و شتانه‌یان هێنا و خه‌ڵكه‌كه‌یش وه‌ک كه‌سیه‌تیی و پیشه‌ی هه‌مووده‌م و جیاوازی خۆڕاگری و خۆڕانه‌گریان، به‌شێكی زۆریان "وه‌ک كوردی دۆ نه‌دیو" و به گوێره‌ی تیۆری"چفن بلاش من‌و مایموت(کفنی مفت کێ نامرێ!)" و وه‌ک "نه‌ریتێکی ڕه‌سه‌نی کوردانه‌یش"، په‌لاماری بابۆڵه و كۆكاكۆلاكانیان دا و نۆشی گیانیان كرد، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵێن و فشهفشهكانی خۆیان بیر بێته‌وه! ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 15.30-16.00 خه‌ڵكه‌كه‌یان خڕكرده‌وه و گوتیان ده‌تانبه‌ینه هوتێل. كه باسی هوتێل هاته گۆڕێ تیگه‌یشتین، كێشه‌كه‌مان، وه‌ک کێشه‌ی کورد و "شۆڕشه ههرهساوییهکانی"، درێژخایه‌نه و بیری زووكهوتنهڕێ تا ڕاده‌یه‌ک له خه‌یاڵ ده‌چێت. بردیانین بۆ هوتێلێک، كه هه‌ر به ته‌نیشت فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه بوو، هوتێلێكی گرانبه‌ها و چه‌ند ئه‌ستێره‌یی بوو و له‌وێ به سه‌ر ژووردا و به گوێره‌ی خێزان و منداڵدار و زگورتی بهشراینهوه. من به‌شبه‌حاڵی خۆم له ژیانمدا ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بوو پێ بخه‌مه هوتێلێكی ئهوتۆییهوه و ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره‌م نه‌بووایه بڕوا ناکه‌م هه‌رگیز ڕێم به وه‌ها هوتێلێک که‌وتبا. ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 17.00 بانگكراین بۆ ڕیستۆرانتی هوتێله‌كه و له‌وێ چه‌ندین جۆره خۆراک هه‌بوون، به‌شێكی زۆریشیان ڕووهكی بوون و بۆ من ده‌ستیان ده‌دا. دوروبه‌ری كاتژمێر 20.00 بانگراین بۆ نێو فڕۆكه‌خانه‌كه و به‌م ڕاڕه‌و و به‌و ڕارهودا گه‌یشتینه‌وه هه‌مان هۆڵ و هه‌مان ده‌رگا، كه پێشتر لێی بووین و له‌وێ ده‌بوو چاوه‌ڕوان بین بۆ فڕۆكه‌كه‌مان. ئیدی له سه‌ر تابلۆی كاته‌كان نووسرابوو، كه كاتژمێر 22.00 ده‌فڕین، نه‌خێر كات بووه 23.00 و 24.00 و 01.00 ی ڕۆژی 22-7-2008 و 02.00 و تاگه‌یشته 02.30 و ئیدی كراینه ژووره‌وه و سواری فڕۆكه بووین و بوو ڕاستی و فڕۆكه كه‌وته‌ڕێ و ده‌وروبه‌ری ده‌مه‌وبه‌یان گه‌یشتینه‌وه ستۆكهۆڵم.
ئێمه له ئه‌سینا نزیكه‌ی 21 كاتژمێر ماینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی كۆمپانیای به‌رپرسی گه‌شته‌كه‌مان ببینین و ئاگایان لێمان بێت و قسه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
ئه‌و گه‌شته‌ی ئێمه له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه تا ستۆكهۆڵم پتر له 31 كاتژمێری خایاند، كه هیج گه‌شتێک له‌م جیهانه‌دا و له ڕۆژگارێكی وه‌ک ئه‌مڕۆدا ئه‌وه‌نده ناخایه‌نێت.
تۆ له هه‌ر وڵاتێكی جیهان بیت و به فڕۆكه گه‌شتی هه‌ر كوێیه‌ک بكه‌یت، كۆمه‌ڵه مافێكت هه‌یه، كه هه‌موو گه‌شتیارێک ده‌گرێته‌وه و كه‌سی لێ بێبه‌ش ناكرێت و جیاوازییش له نێوان گه‌شتیاره‌كاندا ناكرێت، تۆ له كۆمپانیاكانی گهشتڕێكخهرانی كوردستان هه‌رگیز ئه‌و مافانه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ر ناكرێن و هیچ قانوون و ڕێسایه‌كی جیهان ئه‌و گه‌شتانه‌ی كوردستان ناگرنه‌وه.
گه‌شتی كوردستان(ته‌نیا كرێی فڕۆكه) گرانترین گه‌شتن به به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌شته ئاسمانییه‌كانی دیكه‌ی جیهاندا. ئه‌و گه‌شته‌ی كوردستان‌م چوون و گه‌ڕانه‌وه‌م 1300 دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكایی تێچوو.
ئه‌و فڕۆكانه‌ی گه‌شتیاران ده‌به‌نه‌وه كوردستان و له كوردستانه‌وه ده‌یانهێننه‌وه، زۆریان فڕۆكهگهلێكی بچووكن و مه‌ترسی لیقه‌ومان و تووشبوونی گرفت و كێشه‌یان له فڕۆكه‌كانی دیكه گه‌لێك زیاترن.
له هه‌موو گه‌شتێكی جیهانیدا تۆ مافی ئه‌وه‌ت هه‌یه 25-27 كیلۆیه‌ک قورسایی له‌گه‌ڵ خۆتدا ڕاده‌ستی فڕۆكه‌كه بكه‌یت و له‌گه‌ڵ خۆیشتدا 10 كیلۆیه‌ک سهرخهیته سه‌ر فڕۆكه‌كه و له‌گه‌ڵ خۆتدا بیبه‌یته ژووره‌وه و زۆرجارانیش چاوپۆشی له 2-3 كیلۆی زیاده ده‌كرێت، ئه‌مه له‌و فڕۆكانه‌ی كوردستاندا نییه و به نیوكیلۆیش حیسابت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و ده‌یان جار ساكهكهت ده‌كه‌نه‌وه و نیوكیلۆ زیادهكهت پێ ده‌ردێنن و ڕێگه‌ت ناده‌ن له‌گه‌ل خۆت بیبه‌یت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار کارمه‌ندانی کۆمپانیاکه یا فڕۆکه‌که وه به‌قاڵ، ته‌رازوویان پێیه و له به‌رده‌م هه‌موو گه‌شتیارانی وڵاتانی دیکه‌دا، وه‌ک به‌شێک له نه‌ریتی سووکایه‌تیکردن به خه‌ڵکی کورد، شته‌کانت ده‌کێشن.
من گه‌شته‌كه‌م بۆ كوردستان و له كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیای "ئه‌ترووش"دا كرد، كه نوینهرایهتییان هه‌م له ستۆكهۆڵم و هه‌م له هه‌ولێر هه‌یه و تاکه یه‌ک که‌سیشیان چ به ته‌له‌فۆنێک، نامه‌یه‌ک، ئیمایڵێک، فاکسێک یا هه‌ر شێوه‌یه‌کی تر، نه داوای لێبوردنیان له‌و خه‌ڵکه کرد، نه گوتیان هه‌ڵه‌یان کردووه و نه باسی گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌شته‌که یا بڕێک له پاره‌که‌یان هێنایه گۆڕێ!
له شێوه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهات و چیرۆکی لێقهومانانهم له خه‌ڵكانێکی زۆره‌وه ژنه‌وتووه و زۆریشم پێچه‌وانه‌یان، له‌مه‌ڕ گه‌شتی زۆر ئاسووده و هه‌موو شت بۆ مسۆگه‌رکراو و ڕێکخراو و ئارام و پڕڕێز و خۆشی، به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیشه‌وه بیستووه.
16-9-2008
* منیچ، به زاراوه‌ی هه‌ورامییه و ده‌كاته: منیش(كرمانجی خواروو/ كه‌لهوڕی و لوڕی) و من ژی/ ئه‌ز ژی(كرمانجی ژووروو).
** مه‌به‌ستم هاوسۆزی و هاوخه‌می و هاودهنگیمه له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ هاوڕێیه (عوسمان عه‌سكه‌ری و ئاكۆ موحه‌ممه‌د عه‌لی و هاوڕێ باخه‌وان)، نووسه‌رانی ئه‌و سێ گوتاره و هاوڕێ(جه‌لیل موحه‌ممه‌د)، که له گوتاره‌که‌ی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا ناوی هاتووه و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌و گه‌شتانه‌دا وه‌ک په‌ز و جه‌ڵه‌ب سه‌یر ده‌کرێن و وه‌ک مرۆڤ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵدا ناكرێت و ته‌نیا پاره و ده‌سه‌ڵات، ده‌كرێنه پێوه‌ر بۆ هه‌موو شتێک.