
کۆچ له نێوان گه‌رمیانی دڵ و کوێستانی چاودا
کۆچ له نێوان گه‌رمیانی دڵ و کوێستانی چاودا
حه‌مه سه‌عید که‌لای
2 /9 /2008
– 1 –
شنه‌بای چ خه‌یالێکی شیرینه بهمناوخته هه‌ڵیکردوه وا گوڵاوی مهحهبهتت لێئهرژێ؟
عه‌تری چ عهشقهسێوێکی حه‌رامه ژووری ته‌نهاییت پڕئه‌کا له ئاره‌زووی سه‌فه‌ر؟
ئه‌ی چاوبازی ڕه‌گه‌ز ڕه‌وه‌ند
تۆۆۆ هه‌تا که‌ی له مابه‌ین گه‌رمیانی دڵ و کوێستانی چا‌وا کۆچئهکهیت و ته‌نیا جارێ
بۆ عه‌سره چایه کی بۆنخۆش هه‌وار ناخه یت؟
ئه‌ی شه‌مامه ، سهرعێڵی غه‌م
بۆی هه‌ناسه‌ی ئه‌م سهفه ره‌ت ، چییه تامی
ههنگونی سافی باکوور و
مزریی و دوودڵیی هه‌ناری شاره‌بانی لێئه‌تکێ؟
ئه‌ی ئه‌وکه‌سه‌ی
هه‌موو شه‌وێ
چاوی چاوه‌ڕوانیم پڕئهکهی له ماچ و
رۆحیشم شه‌رابی ترێ .
-2-
ده‌مه‌و مه‌غریب
له گه‌رمیانی خه‌یاڵا هه‌وارێ ئه‌گرم
له‌ناو باخچه‌ی گوڵوهسوهسهی کهساسیما
کۆنه داغێ ئهمکرۆژێ و ههڵائهژێم
مه‌چه‌کی ته‌زیوی غه‌م ئه‌که‌مه سه‌رین
هه‌وری حوزنم خه‌رمانه‌ی مانگ دائه‌پۆشێ
رۆحێکی سه‌رابیی تێکه‌ڵ رۆحم ئه‌بێ و
دووچاوی پڕ سۆز و میهری دایکایه تی
حه‌زی منداڵێکی چه‌توون له ناخما ئه‌بزوێنێ
منداڵێک دڵ‌پڕ لهگریه
تینووی گه‌مه،
لاسارێکه، ئه‌مشه‌و دانامرکێته‌وه
هه‌تا تێر تێر
به‌ردی له‌زه‌ت له‌ناو له‌پی دهسبازییدا نهگوشێت و
پڕ به‌دڵی خۆزگه‌یه‌ک نه‌شارێته‌وه .
– 3 –
ده‌مه‌و به‌یان
ده‌ریاچه‌یه‌ک شینی غه‌مم
دوو سه‌وڵی عاتیفه مهنگییم ئه‌شڵه‌قێنێ
گوێ بۆ شه‌پۆله ئه‌وینێ هه‌ڵئه‌خه‌م و
گۆرانیه حه‌رامه‌کانی بڵنده‌ی شه‌و ئه‌چڕم
رۆحم دێته خرۆشان و سه‌رشێتانه
به ناوباخچهی تهڕبه شه‌ونمی ئاره‌زوو دێم و ئه‌چم
ئه‌و له‌وێنده‌ر ،
من چوزانم ئه‌شێ خه‌و بێ،
له‌وانه‌یه
سایه‌ی سامی باڵی مه‌لێ
بۆ بن ده‌ریاچه‌ی غه‌می من رایکێشابێ
کچی پێده‌شت
له سێبه‌ری به‌ردی مانگ پێی ههڵهکهوێ و تێئه گلێ
تۆقه پرچێکی په‌شۆکاو به‌ده‌م باوه پهخشئهبێ
چه‌پکێ زه‌رده‌خه‌نه‌ی تاساو
چنگێ مووروه مرواریی ئه‌شک
پۆلێ باڵنده‌ی وردیله و خه‌وتووی بن سێبه‌ری برژانگ
باوه‌ش به‌یه‌کدا ئه‌که‌ن و
وه‌ک فواره
به‌سینه‌ما
دائه‌چۆڕێ.
– 4 –
کاتێ هوزار په‌پووله‌یه‌ک راوئهکات و ئه‌گه‌ڕێته‌وه هێلانه
به‌ترپه‌ی ئیقاعی دوولهپ
نێڵه و قرچه‌ی سینه‌ی ته‌نوور ئه‌بم به پارچه‌یه‌ک سه‌ما
بۆی کولێره‌ی بر‌ژاو و جێپه‌نجه‌ی هونه‌ر
تامی شمڵی و دانه دانه ره‌شکه‌ی سپیی
رۆژووی ته‌مه‌نێ بێده‌نگییم ئه‌شکێنێ ،
ده‌مه‌و عه‌سرێکی دره‌نگوه‌خت
پاش بارانه تاوێکی نه‌رمی ته‌ماشا
رایه‌ڵه‌ی خۆری خۆشبهختییم
به‌نێو که‌پری په‌لکه‌زێڕینه‌ی ئاسمانی شهیدایما دزه‌ئه‌کا
به‌ناو گیا‌و گۆڵی به‌هاری ته‌مه‌نێکا رائه‌که‌م و
هه‌موو بوونم به نیگای گه‌رمی تهڕئهبێ
– 5 –
نیوه‌ڕۆیه و
کۆچه‌ڵه‌ی زام
زامی باڵای داره‌به‌نێ
دهمئهنێته برینی توێژبهستوومهوه
بۆنی بنێشتهتاڵهی مه‌رگ ئه‌چێژم و
ئه‌بم به قاپێ مه‌سته‌کی و
شووشه‌ی خه‌فه‌تێکی سه‌رمۆر ئه‌مخواته‌وه.
*
ئێواره‌یه و
کۆترێکی ره‌نگ شهککهریی
دهنووکمۆر میله‌و قاوه‌یی
له هێلانه‌ی به‌فرگرتووی سیینهدا کز هه‌ڵنیشتوه و
نهورهسێ تیماری ئه‌کا
منیش له‌وێ
له‌ودیو په‌رده‌ی شه‌رمه‌وه پارێز ئه‌گرم و
تاڤگه گمه‌ی سوور راوئهکهم
ده‌نووکی مهققاشیی نه‌وڕه‌س
کرمی لۆکه‌ی دهمیاقووتیی دهرهکێشێ و
ڕائه‌چڵه‌کێم
تنۆک تنۆک
عاتیفه‌م
ئه‌ڕژێته به‌ر پێ .
– 6-
شه‌و که‌رت ئه‌بێ
خه‌یاڵم تابلۆیهکهتۆخڕهنگ ڕه‌ونه‌قی لێئه‌چۆڕێ
چاوم شه‌وگڕ
له‌ناو جه‌رگه‌ی بۆقهقنهسی بایته‌ختی ئازارهکانما
تارمایی پیاوێ ئه‌بینم
شان به‌شان باڵایه تیشک هه‌نگاو ئه‌نێ
رۆحێ له‌تاریکیدا ئه‌دره‌وشێته‌وه
شوعله‌یه نوور شه‌قام ڕۆشن ئه‌کاته‌وه
ئه‌و پیاوه خۆمبووم دوێشه‌و پڕبووم له ئه‌وین
چۆڕ چۆڕ عه‌شقم لێئه‌چۆڕا و
لهکهللهما نه‌شئه‌ی فڕینێکی دوور سه‌ری هه‌ڵئه‌دا.
-7 –
ئه و زه‌مه‌نه
له وه‌رزێکی پهژارهما
کانییه‌ک لێورێژ له ئه‌وین
هاورێی سه‌فه‌ری سه‌ختم بوو
هه‌موو شه‌وێ غه‌م و مه‌راق
ترس لهفیراق
ئه‌یکرد به هه‌وری فرمێسک و
نمه‌ی باران.
ئه‌مێستاکه
ئا له‌م وه‌رزی سووتانهما
روبارێ هاوڕازی خه‌ممه و
تاو نا تاوێ
رۆحم رووتئهکاتهوهوئهمداته به‌ر ره‌حمه‌تی زریان.
-8-
ئه‌مشه‌و به‌ورێکی زامدارم
باڵای عشقم خوێنی سپیی ئه‌چۆڕێنێ
له قووڵایی برینه‌وه
پۆل پۆل وشهههڵۆی تووڕه ههڵئهفرێ
له سووچێکی ئه‌م بێشه دۆزهخینهدا
له سێبه‌ری ده‌وه‌نێکی دڕکاویدا
زمان به‌سه‌ر برینی رۆحما ئه‌هێنم .