سهنتراڵبوونی مرۆڤ له دیدی ئازاد قه‌زازدا
سهنتراڵبوونی مرۆڤ له دیدی ئازاد قه‌زازدا
عه‌لی محه‌مه‌د زه‌ڵمی / به‌ریتانیا
پێشه‌کیه‌کی پێویست:
هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌گه‌رچی نه‌فه‌سێکی کورتیش بێت گفتوگۆیه‌ک سازبده‌ین له‌ته‌ک هه‌رسێ به‌رهه‌می ئازاد قه‌زازدا که له‌میانی ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دوایدا بڵاوکراونه‌ته‌وه ( سایکۆپۆلۆتیک2006، رۆحی کورد له‌بنده‌ستی ناسیۆنالیزم ، ئیسلامیزم و مارکسیزم دا 2007، مرۆڤ و ده‌سه‌ڵات 2008). هه‌روه‌ها هێڵی گشتی بیرکردنه‌وه‌ی نوسهرباس لێوه بکه‌ین ئیدی چ له میانی گفتوگۆی تایبه‌تیمدا بوبیت یاخود له‌میانی ئه‌و چاوپێکه‌وتن و وتارانه‌وه بێت کاک ئازاد ئه‌نجامی داون له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا له میدیا کوردیه‌کاندا بڵاوبونه‌ته‌وه. ئه‌مه‌وێت راستهیهکیش هه‌یه لێره‌دا بیخه‌مه روو بۆ خوێنه‌ران که ئه‌فسوس ئه‌م نوسه‌ره وه‌ک پێویست نه‌خوێنراوه‌ته‌وه ئیدی له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ک بوبێ ، بۆیه من لێره‌دا به‌ناچاری دوو هۆو گریمانه ئه‌هێنمه‌وه بۆ ئه‌م بێده‌نگییه گه‌رچی ئه‌وه‌ش ده‌زانم که نێوه‌ندی رۆشنبیری کوردی بێده‌نگێکی سامناک کوشتویه‌تی هه‌رچی زۆرینه‌ی ده‌نگی ره‌خنه‌ش هه‌یه به‌داخه‌وه یا پیاهه‌ڵدانه یان جنێوفرۆشتنه. هۆی یه‌که‌م ئاراسته‌ی بیرکردنه‌وه‌ی نوسه‌ر وێک نایه‌ته‌وه له‌ته‌ک کۆی گشتگهلی بیرکردنه‌وه‌ی کوردی واته ئه‌و ستایله حهماسیهیهی کورد و رۆشنبرانی کورد ئه‌مه‌ش بێگومان که‌نارگیری به‌دوادا دێت چونکه هه‌رده‌م خوێنه‌ر بۆ پهناێکی ئارام ده‌گه‌ڕێت پاڵی پێوه‌بدات ، به‌ڵام ئازاد دێت ئه‌م په‌نایانه تیک ده‌دات و به په‌نای نا ئۆرجیناڵ و ساخته ئهژمێریان ده‌کات. هۆی دووه‌م که زۆر دوورنیه له یه‌که‌مه‌وه ئازاد قه‌زاز نهکوتوهته به‌ره‌ی هێچ یه‌ک له‌گوتاری زاڵی رۆشنبیریی کوردی وه‌ک گوتاری ئیسلامی و گوتاری به‌ناو عه‌لمانی و هه‌روه‌ها گوتاری ئه‌و ده‌نگانه‌ی بانگه‌شه‌ی لیبراڵ و سه‌ربه‌خۆی ده‌که‌ن که شواریهکی توندیان بۆخۆیان کێشاوه که‌من به شورای هه‌یمه‌نه‌ی رۆشنبیری ناوزه‌دی ده‌که‌م.
ئێمه له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵمان داوه له روانگه‌ی میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌وه ( critical review ) ، که پشت ئه‌ستوره به هه‌ڵسه‌نگاندن و ئه‌نه‌لایزی چه‌مک و رێبازی نوسین و ئاماژه زمانه‌وانیه‌کان و له‌مانه‌ش گرنگتر دونیابینی نوسه‌ر. له‌بری ئه‌و شێوازه کلاسیکیه‌ی لای خوێنه‌ری کورد باوه بۆ خویندنه‌وه‌ی هه‌ر هزرو میتۆدیکی زانستی که مامه‌ڵه‌یه‌کی ماکرۆیانهیه له‌گه‌ڵ تێکستدا واته بێ وردبونه‌وه له ده‌قه‌که و باکگراونده‌که‌ی به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین زیاتر به‌ته‌نگیه‌وه بین زیاتر چه‌مک و هێڵی گشتی بیرکردنه‌وه‌یه. به مانایه‌کی دی ناسینه‌وه و لێکجیاکردنه‌وه‌ی گریمانه‌کانی نێو تێکسته‌کان له‌گه‌ڵ کامه‌ی فاکته، هه‌روه‌ها نێوانی ئایدیاکان و ده‌ستنیشانکردنی ئارگۆمینتی نوسه‌ر و دواجار پیشاندانی هه‌ر به‌ڵگه‌و داتایه‌ک ( گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یکی مه‌یدانی کرابێ ) بۆ ده‌رئه‌نجامی باسه‌که‌ی نوسه‌ر.
مرۆڤ و هۆشیاربوونه‌وه:
ئایا مرۆڤ پێش هۆشیاری دێت یان هۆشیاری له دوای مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤه‌وه سه‌هه‌ڵده‌دات ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه ئازاد قه‌زازی هه‌راسان کردوه له‌وێوه تێروانیی بۆ ئاین و ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه و ئازادی ئه‌خاته ڕوو. پرۆسه‌ی هۆشیاربووهنهوه کۆی کۆجیتۆی ئه‌م نوسه‌ره‌یه هه‌روه‌ک لای دیکارتیش وایه به‌ڵام ئه‌و به گومان یا بیرکردنه‌وه هه‌مان سهتنراڵبونی وه‌گرتوه. ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌نگی مه‌حه‌کی هه‌ر گۆڕانکاریه‌که که له تاک و جڤاتدا رووده‌دات ، به مانایه‌کی دی واته ده‌ستپێکردن له مرۆڤه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌و. کاتیک مرۆڤ خۆی نیه بیرده‌کاته‌وه و کۆمه‌ڵ بیری بۆده‌کاته‌وه ئیدی ئه‌و هیج نیه جگه له کۆپیک یا دانه‌یه‌کی ناو گروپێک.* مێژووی ئێمه لێوانلێوه له به‌سه‌رهاتی قاره‌مان و جه‌نگاوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتداران که ئه‌مانه ته‌نها له هه‌لومه‌رجێکی شوێنی‌دا واته هه‌نده‌کی -وه‌ک نوسه‌ر ناویده‌بات- هه‌ڵکه‌وته بوون یان زۆر جار هۆکاری دی پاڵپشتبوون. به‌ڵام ئه‌م مێژووه دیسانه‌وه خاڵیه له مرۆڤی عه‌وداڵ و گه‌ڕیده‌ی مه‌عریفه و عرفان چونکه گوتاری باوی ئاین و کۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵات هه‌رده‌م له‌م جۆره هه‌وڵانه تۆقاون چونکه ئه‌مان هه‌وێنی گۆڕانیان پێبوه به‌ڵام نه‌ک گۆڕانی شۆڕشئامێز واته مهزههرئاسا. پرۆسه‌ی هۆشیاربوونه‌وه له گومانکردنه‌وه ده‌ستپێده‌کات گومان له هه‌موو ئه‌و بونیاده رۆحی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یی مرۆڤه‌کان له‌سه‌ری به‌ندن . گومان له خودی خۆت و پرسیار خستنه سه‌ر پیرۆزیه‌کانت که بێگومان کاریکی له‌مجۆره هه‌روا ئاسان نیه و به شه‌ووڕۆژێک ئه‌نجام نادرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی شۆڕشه‌کان ئه‌یکه‌ن. مرۆڤ کاتێ به‌م پرۆسیسهدا تێده‌په‌ڕێت ئیدی هه‌موو سه‌رمایه رهمزیهکانی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه له ئینتیمای رۆحی و وه‌لائی نه‌ته‌وه و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ر خێڵ و گروپێک. هه‌ر ئه‌م هه‌وڵه گرنگه مهعرییفی و رۆحییه‌یه که ده‌رگا واڵا ده‌کات به‌ڕوویی پرسیارگه‌لێکی وابه‌سته‌ی که‌ینونه‌ی مرۆڤ به‌مانا پێکهاته‌ی رۆحی و ماددی مرۆڤ. ماهیه‌تی مرۆڤ له‌کوێدایه له ژیریدا یا رۆحی یا جه‌سته‌ی یا هه‌رهه‌موویان پاشان په‌یوه‌ندی مرۆڤ و سروشت و ده‌وربه‌ری واته پرۆسه‌ی مێژوو و شارستانیه‌ت. به‌جیا له زۆربه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی مرۆڤیان خوێندوه‌ته‌وه به‌هۆی دیارده‌کانه‌وه وه‌ک سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا ئازاد قه‌زاز خودی مرۆڤ خۆی ده‌کاته ده‌روازه‌ی چونه ناو ناسینی مرۆڤه‌وه له‌ویشه‌وه بۆ ناسینی دیارده‌کان. به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی سۆز‌و ئاوه‌ز و باره ده‌روونی و رۆحیه‌کانی مرۆڤ ئیتر چ وه‌ک تاک یا وه‌ک کۆنه‌ست ئه‌مانخاته ئه‌و گه‌مه مێژوویه‌یی ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات سازیکردوه تا په‌ی به حه‌قیقه‌تی رووداوه‌کان نه‌بریت و کێشه‌کان به رووکه‌شی چاره‌بکرێن. گه‌ر ئه‌م پهینهبردنه به‌م پرۆسه‌ی هۆشیاریه به‌وه پاساو بدرێته‌وه که مه‌رج نیه هه‌موکه‌س عارف و گه‌ڕیده بێت ئه‌وا به‌لانی که‌م ده‌بێت تاکه‌کان- لێره‌دا تاکی جڤاتی کوردی مه‌به‌سته- گه‌ره‌که به‌وه ئاشنابن که جیاوازی بکه‌ن له‌نێوان سه‌رکرده و جه‌نگاوه‌ری شۆڕشه‌کان و میری عارفدا، که مێژووی ئێمه خاڵیه له‌مه‌ی دوایی ده‌نا وه‌ک باوه هه‌رده‌م قوربانی زۆر دراوه و ده‌سهاتی که‌م بگره زۆربه‌ی جاریش دۆڕاندن له پێشهات و ململانیکاندا به‌شی بووه به‌تایبه‌تی له مێژووی دووسه‌د ساڵی خه‌باتی جه‌نگاوه‌رانه‌ی کوردا. هه‌ر هه‌مان مۆتیڤه واده‌کات له نوسه‌ر پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تی چه‌مکی سه‌ربه‌خۆی بکات لای ئه‌م سه‌ربه‌خۆی به‌رله‌وه‌ی سیاسی بێت پرۆسه‌یه‌کی رۆحییه و مرۆڤ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی خودی خۆی ده‌بیته‌وه نه‌ک دوژمن و دوژمنی داتاشراو. هه‌ر بۆیه ئه‌م نوسه‌ره پێشنیاری جۆریکی تر له خه‌بات و به‌رخودان ده‌کات له‌بری خوێنڕشتن و لۆمه‌ی ئه‌ویدی خۆناسین و ئه‌و ناسین که به‌داخه‌وه تاسهتوهختی ئه‌م نوسینه‌ش سه‌رکرده سیاسیه‌کانی کورد هه‌ر ئه‌و ستراتیژه شه‌ڕئامێزیان پێیه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه که ئه‌نجامه‌که‌شی یا بردنه‌وه‌یه یا دۆڕاندن یا سازشکردن که کورد هه‌ر ئه‌م دوانه‌ی دوای زۆرجار به‌شی بووه. به‌ڵام هه‌رچی کرده‌ی خۆناسین و ئه‌ویدی ناسینه له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌نجامه کتوپڕانه نه‌وه‌ستاوه به‌ڵکو خودی پرۆسیسه‌که ئه‌نجامه که له‌سایه‌یدا کاملی و دوژمن دانه‌تاشین و رێز بۆ مرۆڤه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. گرنگی ئه‌مجۆره له میتۆد و خوێندنه‌وه که له‌سه‌ر بنه‌مای خودی مرۆڤ وه‌ستاوه و ئه‌و چه‌قه‌که‌یه‌تی له‌وێوه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت که مرۆڤ چیدی رازی نیه به‌و پێناس و گروپبه‌ندی و ناسنامانه‌ی پێوه‌ی لکێنراون به‌بێ ویستی خۆی. به‌ڵکو ئه‌م پرۆسیسه کار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بونیادانه ده‌کات و ئامانجی پێکهاته‌یه‌که له که‌سیه‌تی خۆڕسک و ره‌سه‌ن نه‌ک هه‌ر دانه‌یه‌کی ناو کۆمه‌ڵ و هیچی تر و به‌و ئاقاره‌دا بڕوات باوانی پیا رۆشتوون و ئه‌و خه‌ونه ببینێت ئه‌وان بینویانه و هتد.
له ئاوها بهئاگاهاتنهوهیهکدا وه‌ک پێشتر به پرۆسه‌ی هۆشیاربونه‌وه ناوزهدممان کرد مرۆڤ ده‌ستکاری گشت مه‌نزومه فکری و ڕۆحیه‌کانی ده‌کات و گشت ئه‌و کایانه‌ی ئه‌میان ئاراسته کردوه وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی رۆحی ( ئاین ) و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ( ده‌وڵه‌ت ) و ده‌سه‌ڵآتی کولتوری ( کۆمه‌ڵگه) ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و لێکیان هه‌ڵده‌وه‌شێنێت. مرۆڤ به پرۆسیسیکی خۆپاککردنه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێت وه‌ک نوسه‌ر ناویناوه له‌دایکبوونه‌وه به‌ڵام له‌بری له‌دایک بوون له دایک ئه‌مجاره له خودی خۆت ( بڕوانه : قه‌زاز 2006،ل 25) . ئه‌م ئاسته له هۆشیاری ئۆقره له مرۆڤ هه‌ڵده‌گرێت بۆ زانینی په‌نهانه‌کان و سه‌رچاوه‌کان لێره‌دا ئه‌کرێت ئاماژه به گه‌وره عارفان بکه‌ین چ له مێژووی سۆفیگه‌ری ئیسلامی‌دا یاخود هه‌ر ئایێنکی ئاسمانی و زه‌مینی بێت که چۆن دوچاری گرفت بوون له‌ته‌ک ده‌سه‌ڵات و دامه‌رزراوه‌ی سیاسی و ئاینی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م دوانه‌شه‌وه له‌ته‌ک ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگه دا. چونکه بابای عارف رازی نه‌بووه به‌و بڕه زانیاری و مه‌عریفه‌یه‌ی وه‌ک جورعه‌یه‌ک پێدراوه له‌لایه‌ن پیاوانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌وه ناومان هێنان ، به‌ڵکو شه‌یداو وێڵی پرسیاره گرنگه‌کان بوون و به‌شوێن ره‌سه‌نایه‌تی و حه‌قیقه‌تی شته‌کاندا گه‌ڕاون. ده‌کرێت ده‌رمانخواردکردنی سوکرات سوتاندنی گالیلۆ و هه‌ڵواسینی حه‌للاج و کوشتنی سه‌هره‌وه‌ردی نمونه‌ی ئهوبهرخودانانه بن له مێژووی دوورونزیکی مرۆڤدا. ئه‌م راچڵه‌کینه مه‌رج نیه ته‌نها له مێژوی ئاینه‌کاندا بهرچاوکهوێت خوێنی عارفان ته‌نها له لایه‌ن ده‌سه‌ڵآتی ئاینیه‌وه رژێنرابێت به‌ڵکو هه‌ماهه‌نگی و گرێبه‌ست له نێوان ئه‌و سی ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌رده‌م دروست بووه دژ به‌و که‌سانه‌ی وه ئاگا هاتوون. وردتر بدوێین گه‌ر له رابردوودا پیرۆزی ده‌سه‌ڵاتی ئاین به‌تایبه‌تی له به‌ره‌ی سێ ئاینه ئاسمانیه‌کاندا ئه‌و ململانێیه‌ی به‌ڕێوه‌بردبێت به بیانوی ده‌ست نه‌بردن بۆ پیرۆزیه‌کانی خودا و کورتکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفه‌ی ئاینی ته‌نها له چه‌ند پیاویکی ئاینی و ئه‌میر و سولتان و پاشا ئمپراتورهکاندا ئه‌وا له دووسه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تی کردنه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌و مۆدێرنه‌وه ده‌کرێت. دروست له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا هه‌نووکه هه‌ر ده‌نگێک ئاراسته‌یه‌کی دژه‌باو وه‌رگرێت و قسه له‌سه‌ر پیرۆزیه‌کانی نه‌ته‌وه بکات ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکارێک بگرێته به‌ر بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کارایی ئه‌و سێ ده‌زگایه له سه‌ر بونیادی که‌سێتی -که تائیستاش هه‌ماهه‌نگن – ئه‌وا به ترسناک سه‌یرده‌کرێت ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئاستیکی تاکه‌که‌سیشدا بێت. که‌واته تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش هۆشیاربوونه‌وه وه‌ک پرۆسیسێکی مه‌عریفی و رۆحی نه‌ک ترس ده‌وروژینێت له رۆشنبریی کوردی‌دا به‌ڵکو شۆکیشه. چونکه تا هه‌نوکه‌ش کورد ئه‌و کاراکته‌ره‌یه له‌چوارچێوه‌ی شورایه‌کی ترس و بیمدا قه‌تیس ماوه و نه‌یتوانیوه خۆی بێت و جڵه‌وی خۆیبوون بگرێته به‌ر له‌به‌رامبه‌ر شوێنکه‌وته‌ی و تهبعیهت که توخبهکانی که‌سیه‌تی کوردی پێده‌ناسرێته‌وه بۆ چه‌ندین سه‌ده‌یه. وه‌ک نوسه‌ر له‌م سێ به‌رهه‌مه‌دا کاری بۆکردوه کردنه‌وه‌ی ده‌رگای گومان وه‌ک یه‌که‌م هه‌نگاوی ” هۆشیاربوونه‌وه” ئه‌و زامنیهیه بۆ تاکی کورد رێگای به‌ره‌و خۆیبوون بگرێته به‌ر به‌ڵام سه‌ربه‌خۆی بوونی رۆحی وه‌ک پێشمه‌رجێک بۆ سه‌ربه‌خۆی بوونی سیاسیش. ئه‌م ئارگۆمێنته‌ی ئازاد قه‌زاز وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی فیکریی له ئه‌نجامی به‌گه‌ڕخستنی چه‌ند میتۆدیکی زانستیه‌وه دروست بووه واته کرده‌یه‌کی زانستیه تا ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها گریمانه‌و و ئایدیاێکی رووت بێت. لێره‌وه ئه‌کرێت ئاماژه به چه‌ند میتۆدێکی به‌گه‌ڕخراو بکه‌ین ئه‌مه جگه له سه‌رنج و ئه‌زمونی که‌سیه‌تی – هه‌ڵبه‌ته وه‌ک نوسه‌ر خۆیشی ئاماژه‌ی پێکردوه- که دیسانه‌وه‌ش ئه‌مش ده‌چێته خانه‌ی ( personal observation ) له هه‌ڵسه‌نگاندنی داتا و گریمانه‌ی فکری له میتۆدلۆژیایی ئیسنۆگرافیک له‌زانسته‌کانی سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیادا، که باسگر و لێکۆڵه‌ر هه‌ڵده‌ستن به ئاماده‌گی مه‌یدانی له‌گه‌ڵ که‌سی باس لێوهکراو ئیتر ئایا کۆمه‌ڵ بێت یا تاک هه‌ڵبه‌ت زیاتر زاناکان ئه‌مجۆره له لێکۆڵینه‌وه له‌کاتی گفتوگۆ و چاوپێکه‌وتندا له‌گه‌ڵ تاککدا و ده‌رهێنانی گشت زانیاری و گرێه‌کی ده‌روونی لێ به سهرکوتوتر ده‌زانن. وێڕای چه‌ندین میتۆدیی دیکه له بواره‌کانی زانستی په‌روه‌رده و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی چ له‌سه‌ر ئاستی تاک بێت یا کۆ. که‌واته لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاکاری تاک و کۆ هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌روونی تاک و کۆ پاشان ره‌وتی سیاسی کۆمه‌ڵگه له مه‌یدانه‌کانی زانستهکانی فه‌لسه‌فه و په‌روه‌رده و ده‌رونناسی دا ئه‌و مهیدانانهن ئه‌م نوسه‌ره کاری تیاکردون. له‌مانه‌ش گرنگتر به‌لای نوسه‌ره‌وه به‌کارهێنانی رێبازێکی دیکه له خوێندنه‌وه و ناسینی دیارده‌کان که ئه‌کریت به رێبازی خوێندنه‌وه‌ی رۆحی ناوی به‌رین. له‌م مه‌نهه‌جه‌دا لێکۆڵار ئاتاجی به‌چه‌ند وێسگه‌یه‌کی ئه‌زموونی هه‌یه له ژیانی خۆیدا یا وردتر ئه‌زمونی رۆحی که به ئاقارێکدا تێپه‌ڕیوه و گه‌شتێکی رۆحی و مه‌عریفی ئه‌نجامداوه زۆربه‌ی جار ئه‌و جیهانه نامۆ‌و نا ئاشنایه به خه‌ڵکی. هه‌ربۆیه نوسه‌ر یا لێکۆڵه‌ر دێت له‌بری قسه‌ی وشکی ناو کتێبه‌کان و قه‌تیس بوون له دونیای ئایدیا‌و گریمانه زانستیه‌کاندا ئه‌زمونێکی ژیانی ته‌ڕو پاراو ئه‌گێڕێته‌وه و سه‌ربورده‌ی خۆی و ژیانی خۆی ئه‌هۆنێته‌وه. سهربوردهو ژیانێک که ئه‌کرێت به " دۆخی هۆشیاربوونه‌وه" پێناسه‌ی بکه‌ین و ریزبه‌ندی بکه‌ین له‌گه‌ڵ چه‌مکه گه‌لی فه‌لسه‌فی و فکریه‌کاندا.
مه‌عریفه‌ی خود، مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدی :
لێره‌وه ده‌رگا به‌سه‌ر بابه‌تێکی تر ده‌که‌ینه‌وه له‌و کڵاورۆژنانهی کاک ئازاد قه‌زاز کاری تیاکردون که ئه‌ویش مه‌عریفه‌یه یان ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفی که بریتیه له هه‌موو ئه‌و دونیابینی و چالاکی رۆحی و فکری و دامه‌زراوه زانستیانه‌ی چ له‌سه‌ر ئاستی تاک یا جڤاتێکدا بێت. مرۆڤی کورد چۆن بیرده‌کاته‌وه مۆتیڤه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی چیه، چۆن له مێژووی به‌ره‌وپێشچونی به‌شه‌ری گه‌یشتوه و پێناسه‌کانی بۆ خود و ئه‌ویتر چیه یان به‌واتایه‌کی تر چۆن ناسنامه ده‌بینێت. له‌وێوه‌ش چۆن له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌یشتوه و قۆناخه‌کانی نهتهویبوون کامانه‌ن و چۆن کورد ئه‌توانێت خۆیبیت و له‌سه‌ر میراتی مه‌عریفی ئه‌وانی دی خۆی بینا نه‌کات، ئه‌مانه ئه‌و مهیدانانهن که نوسه‌ر کاری تیاکردون ئیمه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین گه‌ر به‌خێرایش بێت گفتۆگۆی ئارگۆمینتهکانی بکه‌ین.
گفتوگۆکانی میشێل فوکۆ بیریاری فه‌ره‌نسی له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه ئاستێکی نوێن له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مک به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له سه‌رتاسه‌ری سه‌ده‌ی رابردوودا. فوکۆ به‌جیا له گشت هه‌وڵه فه‌لسه‌فی و سۆسۆلۆژیانهی پێش خۆی بۆ پێناس و ئه‌نالایزی ئه‌م دوو دیارده پڕ مشتومڕه‌ی مێژووی فکری مرۆڤایه‌تی هه‌وڵێکی ناوازه‌ی داوه بۆ ته‌فسیرکردنیان له‌کاتی خوێندنه‌وه‌که‌یدا به‌تایبه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات و چه‌مکی ده‌سه‌ڵات. فوکۆ له تهعریفهکهیدا بۆ ده‌سه‌ڵات ئاسته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ورد ورد کردوه‌ته‌وه له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵیداوه نه‌که‌وێته خانه‌ی کورتگهرا کان ( Reductionism ( به‌مانا له‌م کرده‌ی وردکردنهوهدا خودی ده‌سه‌ڵات فه‌رامۆش بکات. ئه‌و پێمان ده‌ڵێت هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندێکی وابه‌سته‌و سه‌یر هه‌یه له نێوان مه‌عریفه‌و ده‌سه‌ڵآتدا*، به‌جۆریک ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر مه‌عریفه وه‌ستاوه و دهسهڵآتیش مه‌عریفه به‌گه‌ڕده‌خات ، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵات مه‌عریفه وهبهرههمدێنێتهوه و چوارچێوه‌ی بۆ داده‌تاشێت به‌پێی ویسته‌کانی لێره‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات خۆیشی دروست ده‌کاته‌وه له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی مه‌عریفه‌وه. پرسی فوکۆ له ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا وه‌ک ده‌زگای زانستی ( زانکۆکان، میدیا،هتد) و ده‌زگای ده‌سه‌ڵات ( فه‌رمانڕه‌وای ، ده‌ستور ، سزادان هتد) دزگای ره‌مزی ( کولتور ، ئاین، هتد) له‌و سه‌رچاوه‌یه وه دێت که ئه‌م دوو چه‌مکه وردکاتهوه بۆ گشت ئاسته‌کانیان. بۆیه ئه‌کریت ئه‌و راستیه بدرکێنین تێگه‌یشتنمان بۆ هه‌رده‌سه‌ڵاتێک به‌نده به ناسینی مه‌عریفه‌که‌ی و ئاشنا بوون به‌هه‌ر دونیابینی و مه‌عریفه‌یه‌کیش جۆری دهسهڵاتهکهیمان بۆ ئاشکرا ده‌کات. لێره‌وه ئه‌کرێت پرسیار له‌سه‌ر کۆنه‌ستی گشتی بکه‌ین یا ناسنامه‌ی تاک له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و کلتوریکدا که ده‌رئه‌نجامی ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه‌که‌یه‌تی . له وێوه‌ش ئه‌کرێت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌ک کورددا ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه بخه‌ینه ڕوو که ئایا ئێمه تاکێکی ساغ مان هه‌یه یا نه‌خۆش. ئازاد قه‌زاز پرسیار ده‌خاته سه‌ر سه‌رچاوه‌کانی مه‌عریفه‌ی کوردی و به نائۆرجئناڵ ناویان ده‌بات واته خۆڕسک نیه هه‌ر ئه‌مه‌شه ده‌سه‌ڵاتێکی دانهمهرزراوی له‌رزۆکی به‌رهه‌مهێناوه. له‌زۆر شوێنی نوسینه‌کانیدا ئاماژه به‌وه ده‌کات که شه‌رمنی و مساوه‌مه‌ی سه‌رکرده کورده‌کان له‌سه‌ر زۆریک له کێشه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کورد ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌و مه‌عریفه ناخۆرسک و خوازراوه‌ی کورد. بۆ نمونه جورئه‌ت نه‌کردنی کورد له دابڕان له کولتوری عه‌ره‌بی له پراکتیکیه ئاینیه‌کان و سروتهکاندا یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ی کورد توانای خۆناسینی نیه و به که‌ره‌سه‌ی ئه‌ویتر خۆی ئه‌بینێت و پرۆسه‌و سروته رۆحیه‌کانی ئه‌نجام ئه‌دات. هه‌ر له‌م نێوه‌ندادا ده‌کرێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی پێشتر باسمان کرد له‌مه‌ڕ به‌گه‌ڕخستنی میتۆدی رۆحی بۆ خوێندنه‌وه و ئهنالایزکردن ئه‌و چه‌مکه‌ی که پێشتر به دۆخی هۆشیاربوونه‌وه ناومان برد. لێره‌وه ئاشنا کردنه‌وه‌ی کورد به ئه‌زمونه خۆرسکه‌کانی خۆی که مه‌به‌ستم ئه‌زموونه رۆحیهکانیهتی- نه‌ک گه‌ڕان به شوێن ئاینێکی تردا وه‌ک هه‌ندێ هه‌وڵ هه‌یه له‌م باره‌یه‌وه- ده‌رگا کردنه‌وه‌یه‌که بۆ فه‌راهه‌مهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌عریفی که له‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ری ئازا بنیات نه‌نرابێت به‌ڵکو له‌سه‌ر عارفی ئازا وه‌ستابێته‌وه. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌کرێت به پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه سه‌یربکرێت به‌تایبه‌تی که ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئێمه سیخناخه به حیکایه‌ت و پیاهه‌ڵدان و لاوانه‌وه به‌سه‌ر قاره‌مانه جهنگاوهرهکانماندا و وه‌لانانی عارفهکانمان گه‌ر ههمانبووبن. ره‌خنه‌ی ئازاد قه‌زاز له ئاین و سیستمی ئاینی له‌پاڵ سیستمی سیاسی که ئه‌و زۆرجار به هه‌ماهه‌نگ و ته‌واو کاری یه‌کتر ئهینبینێت -گه‌رچی له ڕواڵه‌تدا هه‌ندێ جار دژایه‌تی یه‌کتر ئه‌که‌ن- ئه‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌م دۆخه ناساخه و ئه‌و کێشه‌یه‌ی مه‌عریفه‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی تێکه‌وتوه که له‌وێشه‌وه تاک و جڤاتی ناساغی لێکه‌وتوه‌ته‌وه. ئه‌م دۆخه ناساغه بێگومان نیشانه‌ی هه‌یه و هۆکاریشه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌ردی دیکه هه‌روه‌ک چۆن سیستمی به‌رگری لاشه‌ی مرۆڤ بێهێزبوو ئیدی ورده ورده ڤایرۆس په‌ی به گشت شوێنێکی لاشه‌که ئه‌بات. به‌هه‌مان شێوه‌ش جه‌سته‌ی کۆی و یا کۆنه‌ستی کورد قه‌یراناویه به چه‌ندین گرفتی تروه که سه‌رچاوه‌یان له و گرفته‌ی سه‌ره‌وه وه‌رگرتوه له‌وانه‌ش دهرهدی ترس یا دڕدۆنگی -وه‌ک نوسه‌ر ناویبردوه- . کاتێک مرۆڤ ترس و بیمی خۆیبوون یه‌خه‌ی ده‌گرێت ناچاره په‌نا به‌رێته به‌ر هێزێکی تر و باڵاتر- که زۆرجار به وههم وا بینراوه باڵاتره- بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی پێوه بگرێت و خۆی باته په‌نای. ئیتر ئاین و حیکایه‌ته‌کانی ئاین و ئه‌فسانه‌کان ده‌رباره‌ی خوا‌و مرۆڤ و بوون و که‌ون ده‌بنه به‌شێکی دروستکه‌ر له پێکهاته‌ی ده‌روونی و رۆحی و که‌سایه‌تی به مانایه‌کی تر ئه‌وه مرۆڤ خۆیه‌تی حیکایه‌ته‌کان ده‌گه‌ڕیته‌وه و ئه‌شیان هۆنێته‌وه و سهرسامیشیان ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌مه رێگه ناگرێت له نوسه‌ر که دان به‌وه راستیه‌دا نه‌نێت که ئه‌م حیکایه‌تانه جیان له خودی" هه‌قیقه‌تی بوون " ئه‌کرێت مرۆڤ عه‌وداڵی پرسیاره‌کانی هه‌قیقه‌تی بوون ببێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وشه‌و کتێب و یا جۆرێکی تایبه‌ت له تێگه‌یشتن له هه‌قیقه‌ت.
پرۆژه‌ی خۆناسین له‌بری خۆ له‌یادکردن و یه‌کترناسین له‌بری ئه‌ویدی سڕینه‌وه له‌و که‌ره‌ستانه‌ن ئازاد قه‌زاز کاریتیاکردون. ئێمه بۆ تێگه‌ێشتن له‌و قه‌یرانه‌ی تاکی کورد و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی گیرۆده‌ی بووه سه‌باره‌ت ناسنامه هه‌روه‌ها بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره ڕایسیزمهی کورد و ڕۆشنبیریی کورد هه‌ڵگریه‌تی . هه‌وڵده‌ده‌ین بگه‌ڕێنه‌وه بۆ متۆدهکانی بیریاری سلۆڤینی سالڤۆی ژیژک و هه‌روه‌ها کاره گرنگه‌کانی له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و باره گرژه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتدا هات به‌تایبه‌تی دوای روخانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی جاران. ژیژک به پشت به‌ستن به تێزه‌کانی ده‌رونشیکاری فه‌ره‌نسی سه‌ده‌ی بیست جۆن لاکان و هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ تیۆری فه‌لسه‌فی دیکارت چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه‌ی گرنگی خسته‌سه‌ر هه‌گبه‌ی سۆسیۆلجیای سه‌ده‌ی بیست به‌تایبه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌کانی له‌مه‌ڕ گرژیه ئیتنکی و که‌لتوری و که‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی یوگۆسلاڤیای جاران به‌تایبه‌تی و گه‌لانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات دوای شکستی بلۆکی رۆژهه‌ڵاتی. که بێگومان له زۆر ڕووه‌وه هاوشێوه هاو کێشه‌ن له‌ته‌ک عێراقی دوای رژێمی سه‌دام و ته‌قینه‌وه‌ی گرژیه ئیتینکی و مهزهههبیهکانی گه‌لانی عێراق ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین له داهاتودا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌م به‌راورده به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها ئه‌و شوێنه‌ی نوسه‌ر وروژاندویه‌تی ئێمه له‌به‌ر رۆشنای تێزه‌کانی ژیژک که‌مێک روونکردنه‌وه ده‌ده‌ین. لای ژیژک پرسیارێکی ساده ده‌رگای کردنه‌وه‌ی چه‌ندین گرفتی گه‌وره‌یه بگره گرفتی خوێناوی له نێوان گه‌لان و که‌مه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کاندا. تۆ چیت ده‌وێت له من ؟ پرسیاریکه به‌چه‌ندین پرۆسه‌ی سایکۆلۆجی و سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه و ده‌رئه‌نجام له که‌ناڵێکی فه‌نتازیه‌وه ده‌بێته ‘واقیع’. سه‌ره‌تا ئه‌و دێت پرسیاره‌که شیده‌کاته‌وه و به‌مشێوه‌ی رێکده‌خاته‌وه که ناوی ده‌بات به قۆناغی حه‌زه‌کان یا غه‌ریزه که له راستیدا ئه‌وه هه‌قیقه‌تی پرسیاره‌که‌یه : من چیم ده‌وێت به‌ڵام په‌رده‌پۆشی ده‌که‌ن به‌وه‌ی که ‘ئه‌وان’ چیان ده‌وێت له‌من، پاشتریش که قۆناغی فه‌نتازیایه پرسیاره‌که ده‌گۆڕێته سه‌ر حه‌زی ئه‌وانی دیکه. بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسیسه ده‌کرێت ئاماژه به نمونه‌ی جوله‌که‌کان بکه‌ین له ئه‌ڵمانیا له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا ، ئه‌ڵمانیه‌کان گرفتی خۆیان بوو وه‌ک بێ ئیشی بۆ نمونه به‌ڵام ئه‌م گرفته‌یان گۆڕابوه سه‌ر جوله‌که‌کان که گوایا ئه‌وان ده‌یانه‌ویت ده‌ست به‌سه‌ر جیهاندا بگرن هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو جینۆسایدی ئه‌وانی لێکهوهتوه به‌ده‌ستی نازیه ئه‌ڵمانیه‌کان. ژیژیک پێوایه که ئیمه له رێگه‌ی دوو پرۆسه‌ی تره‌وه واقیع یا هه‌قیقه‌ت ده‌بینین که ئه‌وانیش خه‌یاڵ ( وێناندن) و فه‌نتازیا هه‌روه‌ک ده‌ڵێت : فه‌نتازیا ئه‌و چوارچێوه‌یه که ئێمه واقیعی پێده بینین” ( ژیژیک : 1993 ). بۆیه بۆ ئه‌م بیریاره هه‌رچی گرژی نێوان ره‌گه‌زه‌کان هه‌یه ئه‌وه ده‌رئه‌نجامی به‌ریه‌ککه‌وتنی فهنتازیهکانه*. ئه‌و ئاماژه ده‌کات به گه‌لانی ئه‌وروپی پێشکه‌وتوش که چۆن گیانی ره‌گه‌زپه‌رستی تیایاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات به دروستکردنی ئه‌و فه‌نتازیایه‌ی ناومان برد وه‌ک نمونه‌ی گه‌لی به‌ریتانی به‌رامبه‌ر په‌نابه‌رانی هیند و ئاسیای و گه‌لی فه‌ره‌نسی به‌رامبه‌ر جه‌زائیری و ئه‌فریکای و گه‌لی ئه‌ڵمانی به‌رامبه‌ر تورکه‌کان. که ئه‌مانه هه‌موویان یه‌ک شت کۆیان ده‌کاته‌وه که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ‘ئه‌وانی دی ‘ هاتوون ئیشه‌کانمان یا کچه‌کانمان یا… هتد بدزن بۆخۆیان . ئه‌م رۆحی دژایه‌تی کردنه‌ی ئه‌ویدی له مێژووی نزیکی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتو و دواکه‌وته‌کان کاره‌ساتی خوێناوی لێکه‌وتوه‌ته‌وه هه‌ر بۆیه چه‌ندین بیریار و کۆمه‌ڵناس و زانای جیاجیای بواره‌کانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه به گرنگیه‌کی زۆره‌وه کێشه‌گه‌لێکی وه‌ک ره‌گه‌زپه‌رستی و نهژادگهرای له داموده‌زگا ئه‌کادیمی و زانستیه‌کاندا توێژینه‌وه‌یان پێشکه‌ش کردوه.
ئه‌و دۆخه‌ی کاک ئازاد ئاماژه‌ی پێداوه له‌مه‌ڕ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی یه‌کترسڕینه‌وه له بری یه‌کتر ناسین و رێگه گرتن له نه‌ته‌وه‌گه‌رایی کوێرانه ئه‌و راستهیهمان بۆ ده‌رده‌خات سه‌باره‌ت به ناهۆشیاری رابه‌رانی سیاسی کورد له ئاست به‌رهه‌مهێنانی فه‌نتازیایه‌کی گشتی شه‌قامی کورد به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێ. که فهنتازیایهکه ته‌نها له خزمه‌تی خۆیاندا و بۆ به‌کارهێنانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی تاکی کورد ههروهختیک زانیان ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له مه‌ترسیدایه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆی وه‌ک سه‌روه‌تێکی خه‌وتوو. واته ئه‌وه خه‌یاڵی کوردی خۆیه‌تی فه‌نتازیا دروست ده‌کات و واقیعی پێده‌بینێت و ته‌فسیریشی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه نه‌ته‌وه‌کانی درواسێ په‌ری ئاسا بن له هه‌مبه‌ر کێشه‌ی کورد نه‌خێر ئه‌وانیش کوشته‌ی ده‌ستی هه‌مان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فه‌نتازیان. به‌ر له‌وه‌ی چه‌ند شتێک له‌سه‌ر نه‌ته‌وه بڵێن و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی چۆن گه‌ڵاڵه ئه‌بێت ئه‌مه‌وێت لێره‌دا به‌کورتی تێگه‌یشتنی خۆم له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه به جیاوازی له وه‌ی کاک ئازاد وه‌سفی ده‌کات بخه‌مه روو . لای کاک ئازاد نه‌ته‌وه‌بوون قۆناغێکه له قۆناغه‌کانی به مرۆڤ بوون ( بڕوانه: قه‌زاز:2007: ل13) بۆ من ئه‌م دێڕه زۆر ئشکالیهتی تیایه له‌وانه مرۆڤبوون که‌ی و چۆن ده‌ستی پێکردوه پاشان ته‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مکی نه‌ته‌وه زیاتر له دووسه‌د ساڵ تێپه‌ڕ ناکات . مرۆڤ پێشتر به ناسنامه‌ی خێڵ و هۆز ئینتیمای خۆی بۆ گروپه‌که‌ی دۆزیوه‌ته‌وه که زیاتر مه‌یله غهرییزیه سه‌ره‌تایه‌کان فۆرمی ئینتیماکهیان دروست کردوه به‌ڵام دواتر ئاین و زمان و دواتریش ده‌سه‌ڵات فۆرمی دیکه‌یان پێبه‌خشی. ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که له‌کارلێکی ئه‌وسیانه دروست ئه‌بێت دۆخێکی تازه‌ی ئینتیمایه زیادهڕۆێش ناکه‌م گه‌ر بڵێم به‌رهه‌می ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاته له کۆنتیکستی گه‌شه‌سندنی مۆدێرنه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ په‌لکێشی ئینتیمایه‌کی گه‌وره‌ی فه‌نتازیا ئاسا بکه‌ن و هه‌ست به بۆشایی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایته‌یه‌کان نه‌کات به‌تایبه‌تی له پرۆسه‌ی ئیندڤجوهلایسهشن به‌تاککردن دا.
به بڕوای ژیژک ناسینه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ستاوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پهیهوهندیهی نه‌ته‌وه هه‌یه‌تی له‌ته‌ک ”شت” دا واته شێوازی ژیان ، بۆیه لای ئه‌م نه‌ته‌وه چیه جگه له پرۆسه‌یه‌کی چیژوه‌رگرتن به‌و شیوازه تایبه‌ته‌ی ژیان به‌ڵام ئه‌و چێژه ”ئه‌وانی دی” هه‌رده‌م له که‌میندان بۆ ئه‌وه‌ی بیدزن. بۆیه دیسانه‌وه نه‌ته‌وه‌ش به پرۆسه‌یه‌کدا تێئه‌په‌ڕێت به‌مشێویه: نه‌ته‌وه > باوه‌ڕ > ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ، هه‌ر بۆیه ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌کرێت ئه‌مڕۆ به‌وه پێناسه بکه‌ین که رقلێبوونهوهیهکه له شێوازێکی تایبه‌ت له چیژ وه‌رگرتنی ”ئه‌وانی دی ”. که‌واته ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ جڤاتی کوردی پێ قه‌لسه بۆ ئه‌وانی دی ده‌وڵتیان هه‌یه ئیمه نیمانه ئه‌وان عهلمیان هه‌یه ئیمه نه‌و …هتد ئه‌مه‌ش تابێت رقی تۆ ئه‌ستور ده‌کات به‌رامبه‌ر ئه‌و بێ بیبنینی خۆت . هه‌ر وه‌ک چۆن بابای ئه‌ڵمانی سیستمی وڵاته‌که‌ی خۆی گه‌نده‌ڵ بوو بی‌کاری هه‌بوو که‌چی گازانده‌ی له جوله‌که‌یه‌ک ده‌کرد. ئازاد قه‌زاز جوان ئه‌و ده‌رئه‌نجامه ترسناکانه‌ی خسته‌وه‌ته ڕوو سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی گوتاری نه‌ته‌وه‌ی به بارێکی نێگه‌تیڤدا. که ئه‌و له‌سێ خاڵدا کۆی کردوه‌ته‌وه یه‌ک : گه‌شه‌سه‌ندنی رۆحی دوژمنکارانه به‌رامبه‌ر ئه‌ویدی له وێشه‌وه هه‌رده‌م دوژمن داتاشین بێگومان کورد ئه‌زمونێکی تاڵی زۆری هه‌یه له‌مباره‌وه. دوو: پێچه‌وانه بوونه‌وه ئامانج و هۆکار زۆر جار بۆ فه‌راهه‌مکردنی ئه‌و چیژه تایبه‌ته‌ی له ژیان له نه‌ته‌وه‌یکدا وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا مرۆڤی کورد خۆی ده‌بێته قوربانی. سێه‌م: له هه‌مویان ترسناکتر که به‌بڕوای ئێمه ده‌رئه‌نجامی دووانه‌که‌ی تره کێشه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌عره‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستیه. سۆسسیۆلۆجهکان دوو جۆر و تایپ له رهگهزپهستیان ده‌ستنیشانکردوه یا خود دوو مۆتیڤ له‌پشت ئه‌م دیارده‌یه‌وه ئه‌وانیش ئه‌و دووجۆرهن که ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یان هه‌یه: 1– ”ئه‌وانی دی ” ئه‌یانه‌وێت چیژهکانی ئێمه بدزن . 2– ”ئه‌وان” ئه‌وان شته‌کان وه‌ک ئێمه ده‌که‌ن – واته شێوازی ژیانه‌که‌یان-. زۆرن ئه‌و نوسه‌ر و مێژوونوسه کوردانه‌ی به سه‌دان ئارگیۆمنتیان خڕکردوهتهوه که کورد تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و ئه‌م ئاوازه ده‌چرن هه‌روه‌ها زۆریشن ئه‌و نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسانه که بوونه‌ته پاسه‌وانی سامانی که‌لتوری و نه‌ته‌وه‌یمان تا ”ئه‌وانی دی” لێمانی نه‌دزن. له کۆتایدا ئه‌کرێت ئه‌و به‌هایه‌ی ئازاد قه‌زاز پێمان ده‌ناسێنێ بیکه‌ینه دوا وشه‌ی ئه‌م وێستگه‌مان- به هیوای ئه‌وه‌ی بتوانین کاتیتر بێنه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه یا که‌سانی تر کاریتابکهن – ئه‌ویش به‌های یه‌کترناسین که ئه‌م کرده‌یه‌ش بێ پرۆسه‌یه‌کی هۆشیاربوونه‌وه مه‌حاڵه. هۆشیاربوونهوهیهک ئاسته‌کانی لاوانه‌وه و پیاهه‌ڵدان و رقگهرایی و دوژمن داتاشین تێپه‌ڕێنیت و به‌ره‌و که‌نارێکی خۆناسین و ئه‌ویدی ناسین و له‌سه‌ر پێ خۆ وه‌ستان بگیرسێته‌وه به‌ڵام له پرۆسه‌یه‌کی بزواو دا.
ته‌واو
په‌رواێزه‌کان :
1- The Need to Punish:The Political Consequences of Identifying with the Aggressor : Arno Gruen Translated by Hildegarde and Hunter Hannum.
2- Slavoj Zizek ( 1993) Tarrying with the Negative : Duke University Press.
3- Michel Foucault ( 1980) Power/Knowledge ( Ed. C. Gordon).