Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
برێڤ…….شاته‌رێسه

برێڤ…….شاته‌رێسه

Closed
by September 26, 2008 گشتی

 برێڤ
 رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه‌
 شاته‌رێسه
 
 من که‌نارو زه‌یتونی دوورگه‌ی سیسلیا ناناسم، هه‌فته‌یه‌ک له‌ قوبرس نه‌ماومه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ وڵاتی کوبا ده‌زانم سسته‌مه‌که‌ی شیوعییه‌و چه‌ند سسته‌رێکیان له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی خۆمان کاریان ده‌کرد، ئێمه‌ شاره‌زانین… سه‌فه‌رمان نه‌کردووه‌، له‌ فیلمه‌کانا ئه‌هرامه‌کانی میسرمان دیوه‌، نازانین ئه‌و وڵاته‌ درێژه‌ی ناوی شیلییه‌ چۆن و بۆ وا به‌درێژی هه‌ڵکه‌وتووه‌. له‌ فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ (شاسته‌رێسه‌ _ سه‌فه‌ری به‌ گرووپ)و (پاکێت رێسه‌_ سه‌فه‌ری به‌ گرووپ به‌ هوتێل و به‌رنامه‌کانه‌وه‌)و (سسته‌میونیت_ سه‌فه‌ری دوا ده‌قه‌ که‌ هه‌رزان و خێرایه‌)و (هه‌فتانه‌ سه‌فه‌ر) نییه‌، که‌ره‌سته‌ی سه‌فه‌رمان نییه‌، تا ته‌مه‌نم گه‌یشته‌ سه‌رووی چل ساڵیش شێوه‌ی پاساپۆرتمان نه‌دیبوو، نه‌مانده‌زانی ڤیزا چۆن وه‌رده‌گیرا، سه‌فاره‌ته‌کان باره‌گه‌کانیان له‌ پایته‌خت له‌ کۆییه‌ …! چه‌ند مناڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێک ئه‌گه‌ر له‌ ئاماده‌یی پله‌ی باشی کولێژه‌کانیان نه‌بووایه‌ ده‌چوونه‌ پۆلۆنیاو رۆمانیاو بلغاریا، جاروباریش شیوعیه‌کان سه‌ردانی موسکۆو چیک و وارشۆیان کردبوو.
 ئێمه‌ سه‌فه‌رمان نه‌کردووه‌، فرۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگرمان به‌ ئاسمانی شاره‌که‌مان نه‌دیبوو، مناڵ بووین له‌ سه‌ربانه‌ نه‌وی و قووره‌کانمانه‌وه‌ ده‌مانبینی فرۆکه‌ی جه‌نگی چۆن گونده‌ نزیکه‌کانیان بۆمباباران ده‌کات، فرۆکه‌خانه‌مان له‌ شاره‌که‌ نه‌بووه‌، که‌سمان له‌ حه‌وت پشتیش فرۆکه‌وان نه‌بوو، نه‌مانزانیوه‌ یه‌ک که‌س له‌ قۆناخه‌کانی خوێندنمان کرابیته‌ فرۆکه‌وان، کیژێکمان قه‌ت نه‌ناسییوه‌ له‌ناو فرۆکه‌ خزمه‌تی کردبێت.
 ئێمه‌ سه‌فه‌رمان نه‌کردووه‌ دوورنه‌که‌وتینه‌ته‌وه‌، که‌ سه‌فه‌ریشمان کردبێت، که‌فیل و وه‌کیل و ده‌لیلمان هه‌بووه‌. که‌ یه‌کێکمان له‌ حه‌ج گه‌راوه‌ته‌وه‌، تا باسی سه‌فه‌رمان بۆ بکات، سه‌فه‌رمان کردووه‌ بۆ به‌غدا پێشوازییمان کردووه‌، بۆ هێنانه‌وه‌ی (کونیه‌)ی ته‌سریحبوونمان سه‌فه‌ری‌ به‌ێره‌و عشارمان کردووه‌‌، له‌گه‌ڵ کۆچره‌وو کۆره‌و سه‌گوه‌رو پێشره‌وو پاشره‌و سه‌فه‌رمان کردووه‌، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشێکی خۆمان سه‌فه‌رمان کردووه‌، دایک و باوکمان له‌ شاران گێراوه‌، بۆ نووشته‌و دوعاو بخوورو په‌رۆکی که‌سک و چوونه‌ سه‌ر مه‌زاره‌کان سه‌فه‌رمان کردووه‌. من مناڵ بووم له‌گه‌ڵ دایکم بۆ مه‌زاری ئیمام عه‌لی سه‌فه‌ره‌م کردووه‌، من به‌ناچاری له‌ به‌غدابوو، چوومه‌ته‌ سه‌ر مه‌زاری شێخی گه‌یلانی، وامانده‌زانی ئه‌ویش کوردبووه‌. باوکی زۆرمان مردو شاری ره‌واندوزی نه‌بینی، دایکم چاوه‌کانی نه‌مان و شارێکی تری نه‌بینی، کێنده‌رێمان دییوه‌، کێنده‌رێ شاره‌زایین… ئێمه‌ سه‌فه‌رمان نه‌کردووه‌، حه‌قمانه‌ نه‌زانین سیسیلیا له‌ناو کام ده‌ریایه‌، سه‌ر به‌ کام وڵاته‌، نه‌گه‌راوین، نه‌وێراوین، ترساوین، راونراوین…
 ئێوه‌ دایکتان پۆلۆنی و باپیرت چیکه‌، ئێوه‌ باوکتان له‌ هامبۆرگ ژنی هێناوه‌، پوورتان له‌ ته‌نزانیا له‌ که‌نیسه‌بووه‌، بۆ فێربوونی ئه‌سپانی چوونه‌ته‌ کوبا، بۆ زانینی مه‌له‌وانی بن ئاو چوونه‌ته‌ تایلاند، بۆ خواردنه‌وه‌ له‌ یۆنانن، بۆ رابوردن له‌سه‌ر پاپۆرن، بۆ مناڵ هێنانه‌وه‌ له‌ کۆلۆمبیان، بۆ باستۆو گه‌رماوی بوخاری گه‌رم له‌ فنلندان، بۆ… بۆ دیتنی فیل و پلینگ ده‌چنه‌ سه‌حرا، بۆ گه‌رماو تیشکی خۆر… بۆ ماچی زۆر… بۆ شه‌رابی سوور… بۆ مه‌رجانی ره‌نگ سوور… بۆ پیتزاو که‌نافه‌و بخوور… بۆ خوێندن و پرکتیک و سێکس و پوور… سه‌فه‌ر ده‌که‌ن.
 که‌ پیربووم و سه‌رم سپی بوو چاوه‌کانم کرانه‌وه‌، که‌ ددانم نه‌مان و که‌ شه‌کرو پاڵه‌په‌ستۆی دڵ و خوێنم بۆ هات، پاساپۆرتم وه‌رگرت، که‌ کارو مناڵ و مه‌سئولیه‌تم زۆربوو، ده‌توانم سه‌فه‌ربکه‌م، تازه‌ش ناوی شاره‌کان و دوورگه‌کان و خواردنه‌کانمان پێ ئه‌زبه‌ر ناکرێت.
 
 Sherzad.heini@gmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.