
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی….به‌شی یه‌که‌م
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی
شێرکۆ کرمانج
به‌شی یه‌که‌م
كوردستان و خه‌باتی چه‌کداریی
ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵدانێکه بۆ تێگه‌یشتن له یه‌کێک له هۆیه هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی گه‌لی کوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان، ئه‌ویش په‌یڕه‌ویکردن بووه له خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک شێوازێکی خه‌بات بۆ ڕزگاری نیشتیمان. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ته‌رکیزی له‌سه‌ر ده‌کرێت ئاکامه خراپه‌کانی ده‌سبردنی حزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کانه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی. پاش ده‌ستنیشانکردنی ئاکامه خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری، شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات وه‌ک به‌دیلێک بۆ خه‌باتی چه‌کداری پێشنیازدهکرێن. ئایا خه‌باتی چه‌کداری له‌لایه‌ن نه‌یارانی کوردستانه‌وه سه‌پێنراوه یان لایه‌نه کوردستانییه‌کان به‌خۆیان هه‌ڵیانبژاردوه؟ ئه‌مه پرسیارێکه له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا تیشکی ده‌خرێته سه‌رو گفتۆگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت. گرنگی ئه‌م بابه‌ته له‌وه‌دایه که تاکو ئێستا له باکور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م شێوازی خه‌باته له‌لایه‌ن پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پژاک) و چه‌ندین لایه‌نی دیکه که‌م تا زۆر په‌یڕه‌وی لێده‌کرێت. له هه‌مانکاتدا ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و پێکدادانیش هه‌یه له‌نێوان حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه له هه‌رێمی کوردستان. بۆیه له‌م ڕۆژه‌دا پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به‌و شێوازه‌ی خه‌بات گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌نه کوردستانییه‌کان.
من پێموایه یه‌کێک له هۆیه هه‌ره سه‌رکییه‌کانی به ئاکام نه‌گه‌یشتنی شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان پشت به‌ستنیان بووه به وڵاتانی دراوسێ و گره‌وکردنیان بووه له‌سه‌ر کێشه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دهبهشکراوه. سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی چوارده ساڵه‌ی ئه‌یلول (1961-1975) به سه‌رکردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نمونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و دیارده کوشنده‌یه‌یه که توشی شۆڕشه‌کانی کورد بووه. بێجگه له‌مه هێشتا خه‌می نسکۆی 1975 نهڕهویبووهوه یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان (یه‌کێتی) که له دیمه‌شق دامه‌زرا بۆ پشتیوانی له شۆڕشی "نوێ" ئه‌وێیان به تاران گۆڕییه‌وه. پاشانیش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی جیوپۆلیتیکی و سه‌رنه‌گرتنی مفاوه‌زاته‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکان و زویر بوونی سوریا، یه‌کێتی بۆ پشتیوانی ڕوویکرده تاران. له کۆتایی حه‌فتاکان، پێش یه‌کێتی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران خۆش‌بوو و له خه‌باتیدا که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چڕببووه پشتیوانی له ئێران وه‌رده‌گرت.
له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران (حزب)و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران (کۆمه‌ڵه) دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه به‌ر فشاری هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران زوو بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی په‌نایان بۆ عێراق هێنا. به‌هه‌مانشێوه په‌که‌که دوای دامه‌زراندی له 1978 هه‌ر زوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بنه‌وبارگه‌یان تێکناو ڕوویانکرده سوریا. دواتریش دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی چه‌کداری له 1984 سوریای کرد به پشتیوانی سه‌ره‌کی خۆی و ده‌شتی بیقاعیشی له لوبنان کرد به مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و سازدانی گه‌ریلاکانی بۆ شه‌ڕ له کوردستان.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر له‌وه ئاگاداربکه‌مه که مه‌به‌ستی من له پشتبه‌ستن نۆکه‌رایه‌تی کردن نیه، له‌م بابه‌ته که باس له پشتبه‌ستن ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان تاوانبارکردنی نه سه‌رکردایه‌تی و نه بنکردایه‌تی ئه‌م لایه‌نانه نیه.
له په‌یوه‌ند به پشت به‌ستنه‌وه ده‌توانین ئاماژه به دیالیکتیکی هۆو ئه‌نجام بکه‌ین. به‌پێی ئه‌م دیاله‌کتیکه هه‌موو ئه‌نجامێک هۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هۆکه به‌هێزبێت ئه‌نجامه‌که حه‌تمی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ش بێهێزبێت ئه‌نجامه‌که‌ی به سودفه ده‌رده‌که‌وێت. به واتایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی باش ئاماده‌بکات بۆ تاقیکردنه‌یه‌ک ئه‌وه سه‌رکه‌وتنی شتێکی حه‌تمییه، ئه‌گه‌ریش که‌م یان هه‌ر خۆی ئاماده‌نه‌کات ئه‌وه سه‌رکه‌وتنی به سودفه‌یه. به بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپه ده‌توانین هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به خه‌باتی چه‌کداریه‌وه هه‌یه شیبکه‌ینه‌وه.
ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌وه‌دا هه‌بێت که هۆی هه‌ره سه‌رکی فه‌شه‌لهێنانی شۆڕشی ئه‌یلول پشتبه‌ستن بوو به ئێران زۆر که‌مه. گومان له‌وه‌شدا نیه که شۆرشی نوێی کوردستان له 1976-1988 به‌هه‌مانشێوه پشتبه‌ستن به ئێران به‌هه‌مان ئاکامی گه‌یاند. ئاشکراشه که پێکهاتنی سوریا و تورکیا له 1998، دواتریش ده‌رکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان سه‌رکرده‌ی شۆڕشی کوردانی باکور هه‌ردووکیان بوون به‌هۆی بێهێزبوونی بزوتنه‌وه‌که له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا. کاریگه‌ری پێکهاتنی سوریا و تورکیا له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی باره‌گاکانی په‌که‌که له لوبنان و پشبه‌ستنی به سوریا. هه‌رئه‌ویش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که سوریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له دیاریکردنی ئاراسته‌و دواڕۆژی بزوتنه‌وه‌که.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان بۆ پشت به داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌به‌ستن؟ به ده‌ربڕینێکی دیکه شۆڕشه‌کان چۆن ده‌توانن پشت به بێگانه نه‌به‌ستن؟ کورد چۆن ده‌توانێت به‌رانگژی تورکیا بێته‌وه‌و پشت به سوریا نه‌به‌ستێت؟ یان دژی ڕژێمی عێراقی یان ئێرانی خه‌باتبکات بێئه‌وه‌ی یارمه‌تی له ئێران یان عێراق وه‌رگرێت؟ ئایا ده‌کرێت شه‌ڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمه‌ک له ده‌روجیران وه‌رنه‌گیرێت؟ ئایا شه‌ڕ بێ ئازوقه ده‌کرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه ده‌بێت له پێش هه‌ر شتێک هۆکانی پشتبه‌ستن به ده‌روجیران (نه‌یاران) بدۆزینه‌وه، ئه‌وسا ڕێگه‌چاره‌ی خۆقوتارکردن له نه‌هامه‌تی پشتبه‌ستن به بێگانه ده‌ستنیشانبکه‌ین.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام بۆ ده‌ستپێکردن و درێژه‌دان به خه‌باتی چه‌کداری بزوتنه‌وه‌کانی کوردستان پێویستیی پشبه‌ستن به ده‌روجیران دێننه گۆڕێ. ئه‌مانه‌ش وا له بزوتنه‌وه‌کان ده‌که‌ن په‌نا بۆ ده‌روجیران ببه‌ن بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی و پشتیوانی. یه‌کێک له ده‌ره‌نجامه‌کانیشی له ده‌ستدانی جڵه‌وی بزوتنه‌وه‌کانه. جیرانه پشتپێبهستراوهکهش له مه‌وقیعی هێز داده‌نێت، بۆیه هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بخوازێت فوویه‌ک له "مه‌شخه‌ڵی" شۆڕشه‌کان ده‌که‌ن. ئه‌وه به‌و مانایه نیه که خه‌باتی چه‌کداری تاکه هۆی سه‌رنه‌کوتن یان سه‌رانگۆبوونی بزوتنه‌وه کوردییه‌کانه، به‌ڵکو یه‌کێکه له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌وسه‌رکه‌وتن و له‌ده‌ستنه‌دانی ركێفی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به وه‌لانانی خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ده‌ستپێده‌کات. کاتی ئه‌وه هاتوه بچینه قوڵایی باسه‌که‌و په‌نجه له‌سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری دابنێین و هۆکانی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان وه‌ک ئاکامێکی خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستنیشانبکه‌ین.
خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به بێگانه
گوتم خه‌باتی چه‌کداری میکانیزمی پشتبه‌ستن به دراوسێکان و له ده‌ستدانی جڵه‌وی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی دێنێته‌گۆڕێ. ڕێبه‌رانی بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌کان بۆ ئیدامه‌دان به خه‌باته‌که‌یان و په‌یداکردنی پێداویستییه مادییه‌کانی جه‌نگ (چه‌ک، تفاقی جه‌نگی، زه‌خیره بۆ پێشمه‌رگه، چاره‌سه‌رکردنی بریندار، هتد…) به خۆشی بێت یان به ناچاریی په‌نا ده‌به‌ن بۆ دۆستێک، لایه‌نێک یان وڵاتێک. له‌به‌ر واقعی جوگرافی کوردستان زۆرجار، یان هه‌میشه، ئه‌و لایه‌نه یان به‌ناو دۆسته داگیرکه‌ران یان نه‌یارانی کوردستانن. هه‌ڵکه‌وتی کوردستان وای کردوه که ئه‌گه‌ر دۆستێکی کورد به نیازی پاکیش بیه‌وێت یارمه‌تی بزوتنه‌وه کوردییه‌کان بدات ئه‌وه به‌ناچاری بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌که‌کان ده‌بێ له ڕێگه‌ی دراوسێیه‌کی کوردستان بیانگه‌یه‌نێت. مێژووش پێمانده‌ڵێت که دراوسێکان ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانیان یارمه‌تی کوردیان داوه‌و ده‌ده‌ن. دیاره ئه‌مه ته‌نیا له‌سه‌ر دراوسێ نه‌یاره‌کانی کوردستان جێبه‌جێنابێت، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه نیمچه سه‌ربه‌خۆیه‌ی کوردستانیش یان هه‌ر وڵاتێکی چاوه‌ڕوانکراو له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان، جێبه‌جێده‌بێت. چونکه هه‌رێمه‌که، وه‌ک هه‌رێمی کوردستان له عێراق یان وڵاته‌که، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه کاتییه‌کانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه کوردییه‌کان له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات. بۆیه ئه‌و فشاره‌ی که ئێستا هه‌رێم جارجار ده‌یخاته سه‌ر بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکور شتێکی چاوه‌ڕوانکراوه. چونکه ئه‌و کیانه کوردییه‌ی ئێستا له باشور بوونی هه‌یه له بۆشایی ناژێت. به کورتی له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به لایه‌نێکی ده‌رکی وه‌ک باسکرا دوو دیارده‌ی لێکجیانه‌کراوه‌ن. بۆیه بزوتنه‌وه کوردستانییه‌کان بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له پشتبه‌ستن ده‌بێت ده‌سبه‌رداری خه‌باتی چه‌کداری بن. له به‌شی دووه‌م و سێیه‌می ئه‌م باسه، نه‌هامه‌تییه‌کانی دیکه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ده‌خرێنه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه.
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی
شێرکۆ کرمانج
کاندیدی دکتۆرا له بواری دیراساتی نێونه‌ته‌وه‌یی له زانکۆی ساوس ئوسترالیا