![له‌باره‌ی وته‌کانی شێخی هه‌ورامانه‌وه له‌باره‌ی وته‌کانی شێخی هه‌ورامانه‌وه](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/muhsenJwamer_big_874423593.jpg)
له‌باره‌ی وته‌کانی شێخی هه‌ورامانه‌وه
حکوومه‌تی کوردان پیاو ده‌کا به جووله‌که‌ش
له‌باره‌ی وته‌کانی شێخی هه‌ورامانه‌وه
موحسین جوامێر
له ژماره 26 ی ڕۆژنامه‌ی بۆچوون ـ دا دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ عه‌بدوڕه‌حمان هه‌ورامانیدا بڵاو کراوه‌ته‌وه، تێیدا ئه‌ویش سێبه‌سێ ئیعلانی ته‌ڵاق له کوردبوون، کوردایه‌تی و کوردستانییه‌تی خۆی و خۆیان ده‌کات، کاتێ ده‌فه‌رمێت : ( من ده‌ڵێم ئیمه نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆین و هه‌ورامی هه‌ورامییه و کورد نییه.. ده‌ڵێم من کورد نیم، من هه‌ورامیم، زمانم کوردی نییه، هۆرامییه )، ئامانجیشی له دامه‌زراندنی حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه : ( وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی هه‌ورامان بناسرێ و زمانه‌که‌شمان وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌سه‌ن بناسرێت..) هه‌روه‌ک ده‌ڵێت.
به‌نده وه‌ک له دوا په‌یام که بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمم نارد و له‌وێ خراوه‌ته نێو ته‌نه‌که‌ی زبڵه‌وه، زۆر به لووسوباریکی و ڕاشکاوانه، گوتوومه ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێسته پێی ده‌وترێ کوردستان، هێدی هێدی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و هه‌ر هێنده‌ت زانی بوو به چه‌ندین تیره، عه‌شره‌ت و میلله‌ت، واته ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش به‌کورد و کوردی ناو ده‌بریت، کاتییه و هیچی دیکه.. سه‌ره‌تای ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له دهۆکه‌وه ده‌ستی پێ کرد، مه‌گه‌ر له قه‌سری شیرین ته‌واو بێت، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ر دیالێکتێک بوو به زمانێک و هه‌ر شارێک به وڵاتێک.
که وڵاتێک بێخاوه‌ن بوو، شته پێرۆزهکانیش گره‌ویان له‌سه‌ر ده‌کرێت، زار و زمانیش یه‌ک له‌وانه‌یه که پێشێل ده‌کرێن و ده‌درێنه به‌ر سهرهسمکی قۆندهران.. ڕه‌نگبێ باکووری عێراق نه‌ک کوردستان، یه‌که‌م ده‌ڤه‌ر بێ که تێیدا ئه‌وه‌ی بێقیمه‌ت بێت؛ زمانه و ئاخر مه‌سه‌له که خه‌می بۆ بخورێت، که ناخورێت؛ هه‌ر زمانه، هاوکات یه‌که‌م شتیش که بێسڵه‌مینه‌وه پلانی شهتوپهتکردنی بۆ ساز بکرێت، دیسان زمانه.. تۆ بڕوانه، ته‌نانه‌ت گهردووننامهی جیهانی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ، پێمان ده‌ڵێت ده‌بێ مافی زاروزمانی هه‌موو گه‌لان بپارێزرێت، به‌ڵام بیری بۆ له‌هجه و درۆزلهی جووت‌ستاندارد نه‌چووه، مه‌گه‌ر کورد فێریان بکه‌ن.. که‌چی ئێمه‌ی گوایا کورد، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی دوو ئه‌ندام و نیومان بۆ زێده‌تر بێت، دێین له‌ڕێگه‌ی حیزبه‌کانمانه‌وه، مژده‌ی خوێندن به له‌هجان به کوردان ده‌ده‌ین و هه‌مووان لێکتر ده‌که‌ین به بێگانه. هه‌ڵبه‌ت تا هه‌نووکه بووینه سێ زمان، سۆرانی، بادینی و هه‌ورامی.
فه‌رموو، بزانه له وه‌رامی پرسیارێکی ڕۆژنامه‌ی ناوبراودا، هێژا شیخی ناوبراو چیمان پێ یه‌ژێت : ( له‌لایه‌ن پژاک و چه‌ندین حیزب و که‌سایه‌تیی دیکه‌وه، پشتگیریمان لێ کراوه، وه‌ک پارتی سازمانی خه‌باتی ئێران که به نامه‌ی شه‌خسیی حه‌سه‌نی قازی، باباشێخ حسێنی، سمکۆ یه‌زدان په‌نا ، حیزبی یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، دکتۆر فایه‌ق گوڵبی، پژاک و په‌که‌که‌ش له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه پشتیوانی‌یان لێ کردووین ).
من له‌م ڕۆژانه‌دا که کورد خۆی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه‌وه، سه‌خڵه‌ت و مشه‌وه‌ش کردووه و هیچیشی پێ ناکرێت، پێم عه‌نتیکه‌یه و گاڵته‌م پێ دێت.. ئه‌تۆ که وڵاتت لێ بوو به گه‌لان و په‌یتاپه‌یتا لێکتر نامۆ بوون، ئه‌وسا ته‌به‌عییه‌تی ئه‌م شار و ئه‌و دێ بۆ هه‌ولێر یان به‌غدا، چ له مه‌سه‌له‌که ده‌گۆڕیت.. من نامه‌ی ئه‌له‌کترۆنیم له هێندێ نووسه‌رانی دهۆکه‌وه بۆ دێت، به‌ته‌حه‌دداوه پێم ده‌ڵین که ئه‌وان و سۆرانییه‌کان، عه‌رز و عاسمانیان بهینه و منیش ته‌نیا سیر ده‌خۆم و زوڕنا لێ ده‌ده‌م.. هه‌تا یه‌کێک له‌وان ده‌فه‌رمێ هه‌موو زمانێک شه‌ریفتره له سۆرانی.
له‌سه‌رێکی دیکه‌وه، ئێمه‌یه‌ک که خۆمان پێ به‌ڕێوه ناچێت، بۆ لێ نه‌گه‌ڕێین ئه‌وانی دیکه به‌خێومان بکه‌ن و بمانئاژۆن، چ عێراقییه‌کان، چ ئێرانییه‌کان و چ تورکه‌کان، ماڵم هه‌قه چه‌ک هه‌ڵنه‌گریت؛ ناتکوژن.. کاتێ حیزبه‌که‌ی ئه‌حمه‌دی حاجی ( په‌ژاک ) مژده‌ی خوێندنی هه‌موو زار و زمانان به ئه‌قوامی کورد ده‌دات و ئێران و تۆرانیشت بۆ ده‌کا به چایخانه‌ی زمانان، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه ـ له‌گه‌ڵ حوکمدارانی ئه‌و وڵاته‌دا ـ ده‌که‌ن به گۆماوی خوێن، باشه داخوڵا بۆ مام حاجی و ئه‌وانیتر باشتر نییه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌دا ڕێک که‌ون، ئه‌ویش له‌سه‌ر به‌خشینی مافی خوێندنی ئه‌لفوبێی له‌هجه ـ نه‌ک زمان ـ بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێک له حه‌فته‌دا، بۆ هه‌ر تیره و قه‌بیله‌یه‌کی کوردان.؟ ماوه بڵێم، مه‌به‌ستم له‌م نووسینه‌دا ئه‌وه نه‌بووه بڵێم قسه‌ی شێخ، هه‌موو هه‌ورامییه‌ک ده‌گرێته‌وه، چونکه من ده‌زانم ئه‌وان له به‌نده کوردترن، جگه له‌وه‌ش من دڵنیام کوردایه‌تییه‌که‌ی خودی مامۆستاش وه‌ک گوڵی بێگه‌رد وایه، هه‌روه‌ک بیستوومه.. به‌ڵام ئه‌زبه‌نی، ئه‌م حکووموته بێسه‌روبه‌ره‌ی کوردان؛ پیاو له دین ده‌رده‌کا و ته‌نانه‌ت ده‌یکا بهجوولهکهش.!
2008/09/24
mohsinjwamir@hotmail.com