گامبیتی شاژن….. دیدار مه‌سیفی
گامبیتی شاژن….. دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca
– بۆ کوڕ و کیژانی عه‌لی حوسێن سنجاری و ووریا قانع له هه‌ر شوێنێک بن
-شه‌تره‌نج ژیانه!
–ئه‌سپه‌که‌م بۆ هه‌ر ژنێک . . . . . !
ئه‌و دووانه‌ی سه‌روو گه‌ردێکن له ئاخاوتنی بێ ئه‌ژماری بۆبی فیشه‌ر که سه‌باره‌ت به ژیان و ژن و شه‌تره‌نج رۆژگارێک به‌ر له مردنی کردوویه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌رگێکی نوێ ده‌خاته به‌ر ئه‌و پیاوه زرینگ و بیر تیژه‌ی دونیای شه‌تره‌نج نه ئه‌و ئاخاوتنه سه‌یرانه‌ن، نه هه‌ڵویستی گه‌رم و گوڕی ئه‌و دژ به ووڵاتی دایک و ئه‌و سیسته‌مه‌ی زۆر سته‌مکار و نالۆژیکه کاتێک ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ره گه‌وره و هه‌ژاری له مێرووله بێده‌سه‌ڵاتر وه به‌رهه‌م دێنێت. به‌ڵکو رۆمانێکی نوسه‌ری به توانا و په‌راوێزخراوی ئه‌مریکی والته‌ر تێڤیزه، که له کارێکی ئه‌ده‌بی چڕ و پوخت دا هاتووه بۆبی فیشه‌رێکی مێینه‌ی خولقاندووه و ئاوێنه‌کی روونی داوه‌ته ده‌ست خوێنه‌ر که تێیدا ژیان و گوزه‌رانی که‌سێکی بێکه‌س له ئه‌مریکا دا ببینێت. والته‌ر تێڤیز له رۆمانی {گامبیتی شاژن} به جوانترین شێوه باس له ژیانی کیژۆڵه‌یه‌کی به‌هره‌داری ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵه ده‌کات که ده‌که‌وێته به‌ر شه‌قی زه‌مانه و له منداڵیه‌وه بێ دایک و باوک جێده‌مێنێت. به‌ڵام که نوسه‌ر ئه‌و کچه کز و ره‌نگ زه‌رده رۆژگارێک ده‌کات به یه‌که‌مین پاڵه‌وانی ژن له جیهان دا هه‌م گورزێکی له ئه‌سپه‌که‌ی بۆبی فیشه‌ر داوه و ناردویه‌تیه‌وه لای خاوه‌نه‌که‌ی، هه‌م رووێکی پڕ له راستیشی سه‌باره‌ت به ژیانێکی پڕ له ئێش و ئازار که گه‌لێک که‌س له ئه‌مریکا روو به رووی ده‌بنه‌وه.
{گامبیتی شاژن} جیا له‌وه‌ی ناوی ئه‌و رۆمانه‌ی تێڤیزه بریتیشه له یه‌کێک له پلانه به‌رچاوه‌کانی کرانه‌وه بۆ هێرش له شه‌تره‌نج دا، کاتێک سپی سه‌ربازێک ده‌نێرێته ناوه‌راست بۆ قوربانی. ئه‌لیزابێت هارمۆن پاڵه‌وانی رۆمانه‌که که تا کۆتایی به بێت گازی ده‌کرێت، دوای شکستی له به‌کارهێنانی کرانه‌وه‌ی سیسیلیا، گامبیتی شاژن ده‌کات به تاکه وه‌سیله بۆ هێرش. به‌تایبه‌ت کاتێک له مۆسکۆ ڤاسیلی بۆرگۆڤ ده‌به‌زێنیت و به‌و پلانه ده‌گات به شوێنێک که هیچ ژنێک له‌وانه‌ی بۆبی فیشه‌ر پلاریان لێده‌دات نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته.
کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و رۆمانه بریتین له پاڵه‌وانانی شه‌تره‌نج که له ساڵه‌کانی شه‌سته‌کان دا ناوبانگیان هه‌بووه، هه‌رچه‌نده تێڤز ناوه‌کانیانی وه‌ک خۆی نه‌نوسیووه. سه‌ره‌تا رۆمانه‌که به‌وه ده‌ست پێده‌کات که رۆژنامه‌وانان وێنه‌ی منداڵێک ده‌گرن که تازه دایک و باوکی به کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل مردوون. ئه‌و منداڵه دوای ئه‌و رووداوه ده‌گوازرێته‌وه بۆ هه‌تیوخانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌ت به ناوی مه‌توین که تێیدا ئه‌و کیژۆڵه‌یه کز و خه‌مناکه به دیوێکی سه‌ختی ژیانی ئاشنا ده‌بێت که که‌س بۆ هیچ منداڵێکی ناخوازێت.
له {گامبیتی شاژن} شوێن که‌نتاکی یه و کاتیش ساڵانی شه‌سته‌کانه کاتێک له ئه‌مریکا ره‌ش و سپی وه‌ک داشه‌کانی شه‌تره‌نج ناحه‌ز و به‌رامبه‌ری یه‌کتر بوون و سپییه‌کانیش هه‌رده‌م باڵا ده‌ست و هێرش به‌ر. سیسته‌می هه‌تیوخانه‌که زۆر سه‌خت و دژواره به تایبه‌ت له به‌رامبه‌ر منداڵه ره‌شه‌کان دا. بێت بۆ یه‌که‌م جار له نۆره‌ی وه‌رگرتنی حه‌ب و ڤه‌یتامینه‌کان ده‌وه‌ستێت، کچێکی دوازده ساڵه‌ی ره‌شپێست شه‌ڕه‌کانی ناو ناخی خۆی به پلار لێدان له ئه‌و به‌تاڵ ده‌کات و پێیده‌ڵێت "کێژێ، ئایا تۆ بیژیت یان چه‌تیوێکی ڕاسه‌قینه؟"
جۆلین دوازده ساڵانه و له‌گه‌ڵ بێت دا دواتر ده‌که‌ونه یه‌ک ژووری نوستن. شه‌وان به په‌یڤه ووشکه‌کانی له ناخی بێت ده‌دات و جار جاره‌ش لێی نزیک ده‌بێته‌وه و ده‌یه‌وێت به دونیایێک ئاشنای بکات که خۆی تازه تێیکه‌وتوه که ئه‌ویش هه‌رزه‌کارییه.
رۆژگاره‌کانی هه‌تیوخانه‌که بۆ بێت و جۆلین و ئه‌وانی دیکه گران و بێرارکه‌ر و ناجۆرن، به تایبه‌ت کاتێک بۆ سه‌رکوت کردنیان ئیداره‌ی هه‌تیوخانه‌که له‌گه‌ڵ ڤه‌یتامین جۆره حه‌بێکی ده‌روون ئارامکه‌ره‌وه‌یان پێده‌به‌خشرێت. بێت خوو به‌و حه‌بانه‌وه ده‌گرێت و تا گه‌وره‌ش ده‌بێت ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت و به سانایی بخه‌وێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی بێت له‌و ناخۆشیانه رزگار ده‌کات یاری شه‌تره‌نجه که رۆژێک به رێکه‌وت چاوی به خانه که‌سک و سپیه‌یه‌کانی ده‌که‌وێت. ئه‌و سه‌ره‌تا نازانێت ئه‌و شته چییه، به‌ڵام دواتر له رێگای شه‌یبێل که پیره پیاوێکی قه‌ڵه‌و و کڕه و ئه‌رکی پاك کردنه‌وه‌ی هه‌تیوخانه‌که‌ی له ئه‌ستۆدایه، به وانه‌کانی ئه‌و یارییه ئاشنا ده‌بێت.
شه‌یبێل سه‌ره‌تا ئاماده نابێت ئاوڕێکیش له بێت بداته‌وه که پرسیاری سه‌باره‌ت به یارییه‌که لێده‌کات، به‌ڵام دواتر له ئاست بیرتیژی بێت دا هیچ به‌رگری نامێنێت و ناچار ده‌بێت هه‌وڵی له‌گه‌ل بدات. بێت له ماوه‌یه‌کی کورت و خێرادا ده‌توانێت به‌سه‌ر شه‌یبێل دا سه‌رکه‌وێت، شه‌یبێل له پاداشتی ئه‌وه کتێبێک سه‌باره‌ت به کرانه‌وه‌ی مۆدێرن له شه‌تره‌نج به دیاری ده‌دات به بێت و دواتریش که‌سێکی له خۆی به‌هێزتر له شه‌تره‌نج به ناوی مسته‌ر گانز بانگی ژووره‌که ده‌کات. بێت به ئاسانی به‌سه‌ر ئه‌ویش دا سه‌رده‌که‌وێت که وای لێده‌کات له ئیداره‌ی هه‌تیوخانه‌که داوا بکات که بیباته ده‌ره‌وه تا به‌شداری له خولێکی شه‌تره‌نج بکات.
رۆژێکیان جۆلین کتێبه‌که له بێت ده‌شارێته‌وه و پاش ساڵانێکی دوور ئینجا ده‌یداته‌وه کاتێک بێت پاڵه‌وانی جیهانه له شه‌تره‌نج و ئه‌ویش ژنێکی بیرکراوه و باوه‌ڕبه‌خۆ.
له مه‌توین ئه‌وه‌ی جۆلین زۆر خه‌مناک و خه‌فه‌تبار ده‌کات ئه‌وه‌یه کاتێک ده‌بینێت سپییه‌کان هێواش هێواش له لایه‌ن که‌سانی بێ منداڵ به خودان ده‌کرێن، که‌چی ئه‌و تا ده‌بێت به ژنێکی ته‌واو له‌وێ دا ده‌مینێته‌وه.
بێت له لایه‌ن ژن وپیاوێکه‌وه به ناوی ویتلی به خودان ده‌کرێت و ده‌رگایێکی دیکه‌ی بۆ ژیان بۆ ده‌بێته‌وه. له‌و ماڵه بێئه‌وه‌ی هه‌ست بکات ده‌بێته داشی ناکۆکی نێوان ئه‌و ژن و مێرده، تا ده‌گات به‌وه‌ی مسته‌ر ویتلی به یه‌کجاری ماڵه جێبهێڵیت. مسس ویتلی تا دره‌نگ نابێته ئه‌و دایکه و که‌لێنێکی گه‌وره له ژیانی بێت پڕبکاته‌وه. ئه‌و به‌ده‌ست نه‌خۆشی و ئه‌لکهۆل و باری قورسی ژیان ده‌ناڵێنێت، و له به‌رامبه‌ر بێت دا گه‌لێک که‌مته‌رخه‌م ده‌بێت. کاتێک چاوی ده‌بڕێته ئه‌و بره پاره‌یه‌ی که ده‌وڵه‌ت بۆ مه‌سره‌فی بێت ده‌ینێرێت. بۆیه بێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند گۆڤارێک ده‌رباره‌ی شه‌تره‌نج بکڕێت ناچار ده‌بێت دزی له مارگرێتی هاوپۆلی بکات. دواتریش بۆ به‌شداری کردن له پاڵه‌وانیه‌تیه‌ک بۆ پێنج دۆلاری به‌شدار بوون په‌نا بۆ شه‌یبێل ده‌بات.
له {گامبیتی شاژن} والته‌ر تێڤیز کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌وه‌نده زیندوو دروست کردوون که خوێنه‌ر هه‌ست ناکات که به که‌سانێکی ناو خه‌یاڵ ئاشنایه. هه‌روه‌ها ئه‌و رۆمانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیوه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی باسکردنه له وورده‌کاری ئه‌و یارییانه‌ی که پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌کانی دا ده‌یانکات، ئه‌وه‌ش بۆ خوێنه‌رێک شاره‌زایی له شه‌تره‌نج نه‌بێت هیچ به‌ها و مانایه‌ک نابه‌خش. به‌ڵام له دیوێکی دیکه‌وه خوێنه‌ر پاش خوێنده‌نه‌وه‌ی ته‌واوی رۆمانه‌که هه‌ست ده‌کات چیرۆکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی درێژی خوێندۆته‌وه.
بێت کچێکی کز و سه‌رنج رانه‌کێشه که له پاڵ خه‌ونی گه‌وره‌ی به سه‌رکه‌وتن له شه‌تره‌نج، هه‌رده‌م که‌رتێکی ئه‌ندێشه و خه‌یاڵی به‌و شته گیراوه که هیچ هه‌رزه‌کارێک ناتوانێت لێی ڕابکات. به‌ڵام ئه‌و له نێو هه‌موو ئه‌و کوڕانه‌ی که ڕه‌قیبی ئه‌ون له شه‌تره‌نج و هه‌ندێکیان ده‌ست ده‌خه‌نه نێو شه‌وانی ئه‌و و ته‌ڵخی ده‌که‌ن. تاکه ئه‌ویندار و سوارچاکی خه‌ونه‌کانی یاری زانێکه به ناوی تاون که دواتر هه‌رگیز نایبینێته‌وه.
به بوونی بێت له ماڵه‌که‌دا، مسس ویتلی هه‌ست ده‌کات له پڕ بووه به خاوه‌نی مریشکێکی هێلکه زێڕ. به‌ڵام تا کات زیاتر به‌سه‌ر ده‌چێت و سه‌رکه‌وتنه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی بێت ده‌بینێت. ئه‌و پتر سۆزی دایکایه‌تی ده‌چێته ناخیه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه تا سه‌ر نابێت چونکه مسس ویتلی ئه‌و رۆژه به ته‌نیایی له ژووری ئوتێلک دا له مه‌کسیکۆ دا ده‌مرێت که بێت له هه‌مان کاتدا له خواره‌وه له به‌رامبه‌ر ڤاسیلی بۆرگۆڤی رووسی یاری کۆتایی ده‌دۆرێنێت. بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو خه‌مه‌دا خۆی له هه‌موو کاتێک ته‌نیاتر ده‌بینێت.
بێت په‌یوه‌ندی به مسته‌ر ویتلی ده‌کات به‌ڵام ئه‌و ئاماده نابێت هیچ یارمه‌تیێکی بدات، که‌چی دواتر که ده‌زانێت مسس ویتلی خانووه‌که‌ی به ئه‌و به‌خشیوه به خۆی ئه‌وقاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێیده‌ڵێت که ئه‌و کچێکی هه‌تیوه و هه‌رگیز ناتوانێت فێلی له بکات.
بێت چۆن له شه‌تره‌نج دا له به‌رامبه‌ر ره‌قیبه‌کانی داده‌نیشێت، به هه‌مان شێوه‌ش پاشه‌کشه به مسته‌ر ویتلی ده‌کات و وای لێده‌کات که واز بهێنێت و چیتر ده‌ست نه‌خاته ناو ژیانی ئه‌و. له‌و ماوه‌یه‌دا که بێت ده‌بێته خاوه‌نی خانووه‌که له ته‌نیایی په‌نا بۆ خواردنه‌وه ده‌بات و ئاستی دانایی له شه‌تره‌نج که‌مێک دێته خواره‌وه. بێنی واتس که رکه‌به‌رێکی پێشووی و پاڵه‌وانی ئه‌مریکا بووه، به هانای دێت و وای لێده‌کات که به‌شداری پاڵه‌وانی جیهانی بێت له پاریس و مۆسکۆ. له پاریس دووباره له به‌رمبه‌ر ڤاسیلی بۆرگۆڤ ده‌دۆرێت، که پسپۆره له به‌کارهێنانی به‌رگری سیسیلیا. جوانترین به‌شی ئه‌و رۆمانه به‌شی کۆتایی یه کاتێک بێت ده‌چێته مۆسکۆ پاش ئه‌وه‌ی یارمه‌تی گرۆپێکی مه‌سیحی ره‌ت ده‌کاته‌وه که پاره‌ی مه‌سره‌فی سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ ده‌ده‌ن به مه‌رجێک ئه‌گه‌ر له پاڵه‌وانیه‌تیه‌که سه‌رکه‌وت په‌سنی ئه‌وان بکات و کۆمۆنیسته‌کان بشکێنێت.
تێڤیز له دوا به‌شی رۆمانه‌که‌دا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ی گه‌یاندۆته ئاستێک هه‌م بتوانێت به‌سه‌ر پاڵه‌وانی جیهان سه‌رکه‌وێت و هه‌م باوه‌ڕێکی پته‌وی به خۆی هه‌بێت و خۆی نه‌کات به داشی ئاین یان ئایدیۆلۆژیا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دواجار وه‌ک برینێک له ناخی دا ده‌یهێڵیته‌وه ئه‌وه‌یه کاتێک له‌گه‌ڵ جۆلینی کۆنه هاوڕێی ده‌چنه دیار به خاک سپاردنی شه‌یبیلی قه‌ڵه‌و و پیر و بێکه‌س، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پێنج دۆلاره بوو که ئه‌و پیاوه پێشتر دڵفراوانه پێیبه‌خشیبوو. {گامبیتی شاژن} جیا له‌وه‌ی رۆمانێکی تایبه‌ته به دونیای شه‌تره‌نج، چیرۆکێکی خه‌مناکیشه ده‌رباره‌ی ژیانی که‌سانی به‌هره‌مه‌ند، که بێکه‌س و هه‌ژار و نامۆن ده‌بن له کۆمه‌ڵگا یان ڕێگری و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌یان ده‌خرێته ڕێ.