هێلكەیەك كەوتە خوارەوە
هێلكەیەك كەوتە خوارەوە قوبادى جەلى زادە سلێمانى _ دیمەشق
1
دڵتەنگ دڵتەنگ ..
پەپوولەیەك ،
بە باخچەیەكى هەڵوەریودا رەت دەبىَ !
2
هەتاوى ماندوو ،
پاڵى داوە بە قەدى كالیبتۆزێك .
3
هەمو گوڵەكان ،
پشتییان كردۆتە هەتاو
گوڵە بەرۆژە نەبێت .
4
هەور
بەسەر پشتى رووبارەوە ،
ماڵەكەى دەگوازێتەوە .
5
لەتۆزى راكردنى
دوو تانجى و كەروێشكێكدا ،
گوڵەكێویەكان وون بوون .
6
شەنگە بى ،
دەستى شۆڕ كردۆتەوە ناو رووبار
سەرقاڵى ماسى گرتنە .
7
مانگى دەمەداس ،
ناوێرى بچێتە دەریاوە
لە كانیلەدا مەلە دەكات .
8
باران دایكرد ،
چۆلەكەیەك خۆى خستە بن ،
گەڵا پانەكانى هەنجیر .
9
شەرابى هەنجیرى نۆشى …
بولبولێك بەسەر لقێكەوە ،
مەست مەست دەخوێنىَ .
10
(با) لەپڕتاو خۆى كرد بە باخچەیەكدا
گوڵ لێوى لەرزى
پەپوولەش ئەژنۆى !
11
بەم قرچەى نیوەرۆیە ،
سەراب
باڵندە تینوەكان ، دەخەڵەتێنىَ !
12
هێللانەیەك رما
هێلكەیەك كەوتە خوارەوە
بەزارى پشیلەیەكەوە ، كۆترێك .
13
جادەكان بلۆقیان كردووە .
ژاڵەكان هەڵقرچاون .
چۆلەكەیەك زات ناكات هەڵفرێت !
14
بەر لە هەڵكردنى پایز ،
گوڵە نازنازەكان
بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە .
15
ریزێك مێروولە
گۆشتى چۆلەكەیەكى مردار ،
دەگوازنەوە مێرووستان .
16
ئەو مریشكانەى
باران تەڕى كردن ،
هەڵمیان لىَ هەڵدەستێت .
17
خشپە خشپى بۆقە ..
بەسەر گەڵا ووشكەكاندا ،
رەت دەبێت .
18
هەتاو ،
شرینقەى شیرینى
دەدا لە رانى پەرسیلە .
19
كۆترەكە هەڵفرى ..
پۆلێك پەڕەمووچ ،
رژانە سەر دەم و چاوى پشیلەیەك !
20
چرایەك لە ژوورەوە دەسووتێت
پەروانەیەك سەردەكێشىَ ،
بە میناى پەنجەرەیەك .
21
باران خۆشى كردەوە
هەتاو هەڵهات
مێروو كەوتنەوە كۆڵكێشان .
22
شنەیەك هەڵى كرد
بۆنى گوڵە مێخەكەكانى
بردە دەرەوەى باخ .
23
دەستى لە قژى ( با ) گیركردووە
مانگ ،
تا لەدەریا پێى بێتە دەرىَ !
24
لەبن درەختێكدا كەرێك ،
مێشەگەنە
لەپاشەڵى دەردەكات .
25
( با ) لەچكى ى
لە گوڵە حیجاب پۆشەكان
داماڵى .
26
شنە ماڵى باخچەى وون كردووە
شوێن پێى هەنگ ،
هەڵەگرێت .
27
قەلەباچكەیەك ،
بەنێو دارستانێكى وەریودا هەڵەفڕىَ
دڵى درەختەكان دەداتەوە .
28
رووبار ،
پرچى شۆرەبى ناوە
لەكەف .
29
لەسەر رۆخى هەتاو
لەپەنا دیوارێكدا ،
سێبەر خەوى لىَ كەوتووە .
30
شەو ،
كراسێكى رەشى بەر خۆرەتاوە
ووردە ووردە سپى دەبێتەوە .
31
بۆ راوە ماسى ، مانگ
بەقووللاپى تریفە ،
شۆڕبۆتەوە ناو دەریا .
32
چۆلەكەكان ناوێرن
بەسەر دارتەلانەوە بنیشنەوە ،
هەتاو داغى كردوون .
33
بەردێك گڤەى دێت
چۆلەكەیەك بەسەر كەپرى مێوەكەوە ،
سەرەتاتكىَ دەكات .
34
گڕە ،
سمێڵى گوڵە گەنمەكانى
هەڵكرووزاند .
35
لەگەرمان ،
گوڵێك لە هۆش خۆى چووە
پەپوولەیەك باوەشێنى دەكات .
36
ماسیگرە بوومایە ،
دەنوكێكم دەدا لە مانگ
كاتىَ لەناو دەیادا پیاسە دەكات .
37
بىَ ئەوەى ( كات ) چاوەرىَ بكات ،
مێلاقەكان لە بێئاگایى دا
دەپشكوێن .
38
بەر لە گەڵارێزان بە چركەیەك ،
دەچمە ناو رۆحى گەڵایەك ،
تا تامى هەڵوەرین بچێژم .
39
حەزم كرد ئەمشەو
مانگ بگرمە باوەش .
هەورەكان نەیانهێشت .
40
مانگ كەوتە ناو دەریاوە .
ماسیەكان پەرت بوون .
كیسەڵەكان رایان كردە كەنار .
41
( با ) باوكى شنەیە
بارانیش دایكیەتى .
42
هەنگ مێردى گوڵ و
پەپوولەش ژن خوشكیەتى .
43
منو
موكرى و
عومەر عەبدولكەریم ،
چووینە سەر (( البحر المیت ))
(( الفاتحە ))
44
كەنارەكانى (( البحر المیت )) ،
دەبریقێنەوە:
لە توێكلە خوىَ
لە پوولەكەى ماسى مردار .
45
(( البحر المیت ) ،
درێژ ترین گۆر :
كێلێكى رووبارى ئوردون
كێلێكى ساراى سادووم .
46
لە عەمماندا ، هەموو شتىَ سپى
سپى سپى
تەنانەت رەژوش .
47
( با ) ییخخە ،
لە مێـــــگەلى هەور دەكات .
48
( با ) باوەشى كردووە بە قامیشێك ..
هەتا خەو دەیباتەوە ،
خۆى رادەژەنێت .
49
قەرسیل لە ترسانا ، كەروێشكە دەكات
وا دەزانىَ ( با ) ،
تاژى یە .
50
خۆر ئاوابوو ، شار كراسێكى رەشى پۆشى .
كەچى گلۆپى جادەكان ، بە دەنووكى رووناكى
دادڕ دادڕیان كرد .
51
تا ژنێك ،
سینگى رووت نەكردەوە ،
( با ) نەنووست !
52
كە ژنە روتەكە ،
چراكەى كوژاندەوە ،
ژوورەكە رووناكتر بوو !
53
گۆ ، چزووى مەمكە
بەناو لەپەوە دەدات .!
54
مەمك كۆترێكى دەنوك جەرگییە ..
تەنیا ( دان ) ى
گوڵە گەنمى پەنجە دەخوات .
55
هەنار لە گۆى مەمكییەوە
دەنكە سوورەكانى لەزەت ،
لەناو دەممدا ، دادەتەكێنێ .
56
باران ،
چاوى رشتوە بە خۆڵ .
57
كە خۆر تەمى لە خەو هەستان
قاچى لە قەراغ رووبارو
سەرى كردبوو بە رانى دارستان .
58
شەپۆل گەرەكیەتى
لە دەستى رووبار رابكات ،
كەچى گاشە بەردى كەنار
قاچەكانى دەشكێنن !
59
وەختى زاووزىَ كردنى درەختەكانە ..
سبەینان ،
جریوە جریوى گەڵا .