ئایندەى پەیوەندییەكانی كورد و عەرەب لە عێراقدا.. بەرەوكوێ؟
ئایندەى پەیوەندییەكانی كورد و عەرەب لە عێراقدا.. بەرەوكوێ؟
گۆران فەتحی
كورد و عەرەب وەكو نەتەوە لەرووی پەیوەندییە گرژیو ئالوزیو دوژمنایەتیەكى ئەوتۆیان نەبووە لەمێژووى كۆندا، ئەگەر ئەوە بەراورد بكەین بەهەمان پەیوەندی كورد لەگەڵ توركو فارسدا كە خاوەنی دوو دەوڵەتی زلهێزبوون بەبەردەوامی لەناوچەكەدا.
بەڵام ئەم پەیوەندییەى كورد لەگەڵ عەرەبدا بەتایبەتی لەعێراق، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەسەر دەستی بەریتانیا، كەمە كەمە گرژی تێكەوت، چەندین جوڵانەوەو شۆڕش لەكوردستانی عێراق بەرپابوو حكومەتی ئەوسای بەغداو بەیارمەتی بەریتانیا شۆڕشی شێخ مەحمودو جوڵانەوەكانی بارزانیان سەركوت كرد. ئەمەو هێنانی هۆزی عەرەبو كرێكارو فەرمانبەرى عەرەب بۆ ناوچە كوردییەكان لەلایەن حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی بەغداو زەوت كردنی مالو حاڵی كوردان، دواتر شەڕى نێوان شۆڕشی كوردو سوپای عێراق ئەو رق كینەیەى زیاتر كرد لەنێوان هەردوو نەتەوەدا.
هاتنە سەر حوكمی بەعسیەكانو پەیڕەوكردنی سیاسەتی قڕكردنی كورد ئاگری رقی زیاتر كرد دوای ئەوەى سەدان هەزار كوردی لەناوبردو زۆربەى خاكی كوردستانی سوتماكو وێران كرد. لەگەڵ ئەوەشدا هیشتا پەیوەندی هاوڵاتیانی ئاسایی بەتەواوی تێك نەدا، بچوكتریمن نمونەش دواى راپەڕین كورد ناوچە كوردییە تەعریبكراوەكانیان ئازاد كرد بەڵام ئەزیەتى هیچ ماڵە عەرەبێكیان لەسەر عەرەب بون نەدا و تەنها بەعسیەكان ئەكوژران ئیتر لەهەر نەتەوەیەك بووببن. ماوەى نزیكەی هەشتا ساڵ حوكمی عەرەب و سەركوت كردنی كورد متمانەى لەنێوان هەردوو نەتەوەدا نەهێشتووە، هەتا دوای ئەوەى رژێمی بەعسیش رووخێنرا، بۆیە دەبینی هەم كورد بەچاوی ترسو دڵە راوكێیوە دەڕوانێتە هەر بەهێزبوونێكى حكومەتی مەركەزی لەبەغدا هەمیش بەغدا لەبەهێزبوونی حكومەتى هەرێمی كوردستانو پێشمەرگە نیگەرانە.
دوای پێنج ساڵ لەئازادی و حكومەتى نوێ كە كوردو شیعەو سوننە بەشدارن تێیدا، بەڵام بەردەوام گرژییەكان بوونیان هەیەو ئەوەتا بەغدا هەر كە هەستى بەخۆى كرد تۆزێ هێزی پەیدا كردووەو تیرۆر رووی لەكزی كردووە، هەموو كێشەكانی ترى وەلا ناوەو كەوتۆتە وێزەى كوردو بەشێوازی تیرۆریستانو سوپای مەهدی دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگەو دەیەوێت لەناوچە كوردنشینو تەعریبكراوەكان دەریان پەڕێنێ..ئەو سیناریۆێیەش لەوەتەى دەوڵەتى عێراقی دروست بووە دووبارە دەبێتەوەو نا متمانەیى قووڵ تر دەكاتەوە.
بۆیە ئەگەر چارەسەر بۆ ناوچە تەعریبكراوەكان نەدۆزێتەوەو بەدادپەروەرى حوكمی عێراق نەكرێت یان ئەگەر سوپا جارێكی تر بۆ سەركوتكردنی هاوڵاتیانی عێراق بەكاربهێنرێت ئەوا لەكۆتاییدا شەڕێكى خوێناوی بەرپا دەبێت ئەمجارەشیان تەنها شەڕى نیوان سوپاو پێشمەرگە نابێت بەڵكو شەڕێكى نەتەوایەتى دەبێت لەنێوان كوردو عەرەب ئەوەش زۆر ترسناكترەو چارەسەركردنی زۆر ئەستەمە.