خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی…به‌شی سێیه‌م
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی
شێرکۆ کرمانج
کاندیدی دکتۆرا له بواری دیراساتی نێونه‌ته‌وه‌یی له زانکۆی ساوس ئوسترالیا
به‌شی سێیه‌م
خه‌باتی چه‌کداریی و شه‌ڕی براکوژی
ئه‌وه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره که خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه له شاخ و شاره‌کان به‌تایبه‌تی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه له وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی جه‌ماوه‌ر. به‌ڵام به چاوخشانێکی خێرا به مێژووی بزوتنه‌وه کوردییه‌کان دیارده‌یه‌کی کوشنده دێته‌به‌رچاو که کاریگه‌رییه‌کی زۆر نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌که داناوه و زۆرجاریش بۆته مایه‌ی داڕمانی متمانه به هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه. شۆڕشی ئه‌یلول له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی هاوچه‌رخی کوردایه‌تی ده‌کرێت به سه‌رتایه‌کی نوێ دابنرێت له خه‌باتی کوردستانیان، هه‌ر له‌و کاتیشه‌وه هێزی پێشمه‌رگه له‌و شۆڕش و له شۆڕشه‌کانی دوای ئه‌ویش چه‌نده چه‌که‌کانیان به دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه ئه‌وه‌نده‌ش له دژی یه‌کدی له شه‌ڕی براکوژیدا به‌کاریانهێناوه.
هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه نه‌یاره‌که‌ی تاوانبارده‌کات. له‌وانه‌یه که‌سانێکیش هه‌بن که هۆکه‌ی بگێڕنه‌وه بۆ ناوشیاریی خه‌ڵکی کوردستان و غهرقبوونیان له هه‌ستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی. هه‌شن که سه‌رکرده‌و ڕابه‌رانی حزب و ڕێکخراوه کوردییه‌کان به نامه‌سئول و کورتبین و پاوانخواز تاوانبارده‌که‌ن. ئی واش هه‌ن تاوانه‌که ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. ئه‌مانه و چه‌ندین هۆی دیکه هه‌موویان کاریگه‌ری خۆیان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێم ئه‌وه‌یه که خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی پێشمه‌رگه میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ. لانیکه‌م ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین که بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێکحاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی ساده ده‌گۆڕێت بۆ فۆرمێکی خوێناوی. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که پێکدادانی چه‌کدارانه کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه‌و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ئاڵۆزتر‌و برینه‌کانیش قوڵترده‌کات.
له فه‌زایه‌کی بێ چه‌ک ئاسۆی وشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتره و لایه‌نه ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که گومانی نوکهرایهتیان لێده‌کرێت له نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکراو ڕیسوابکرێن. به‌ڵام که به چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانه‌وه پشتیوانی سه‌ربازییان لێده‌کرێت و زه‌لکاوی شه‌ڕه‌کان قوڵتردهبن. چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی نه‌یارانی کوردستانیان زیندهبهچاڵدهکرێت، چونکه توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه کوردستانییه‌کانیان له‌ده‌ستده‌چێت. چه‌کداربوونی لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ زیندو ڕاده‌گرێت. ئێستاکه‌ش له کوردستانی باشور ئه‌گه‌ری شه‌ڕ له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی هه‌یه، مه‌گه‌ر هه‌ردوولا هێزه‌کانیان له‌ژێر سه‌رکردایه‌تییه‌کی دوور له ده‌سه‌ڵات و ئینتیمای حزبی کۆوهبکهن، ده‌نا دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕی براکوژی ئه‌گه‌ری سه‌ر ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌بێت. به‌کورتی حزبی چه‌کدار له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی و قۆناغی ده‌سه‌ڵاتدا گومانی ده‌ستبردن بۆ چه‌کی لێده‌کرێت.
ململانێی سیاسی له هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه و ده‌بێت، به‌ڵام چه‌ک ململانێکان به ئاقارێکی نه‌ویستدا ده‌بات. شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی و پارتی له شه‌سته‌کان، یه‌کێتی پارتی له حه‌فتا و هه‌شتاکان، یه‌کێتی و بزوتنه‌وه له نه‌وه‌ته‌کان، کۆمه‌ڵه و حزب له هه‌شتاکان، حزب و "لاده‌ره‌کان"، په‌که‌که و هه‌رێم، په‌که‌که و پارتی، په‌که‌که و یه‌کێتی، پارتی و یه‌کێتی له نه‌وه‌ته‌کان نمونه‌ی که‌می ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ن که له نێوان لایه‌نه کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه. خه‌باتی چه‌کداری نه‌با به دڵنیاییه‌وه نه‌ده‌گه‌یشته ڕاده‌ی خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی. به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداری له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه که مه‌ڵبه‌ندو گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حزبانه له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو که‌چی کێشه‌کان له شاره‌کان هه‌رگیز به چه‌ک یه‌کلانه‌کراونه‌ته‌وه.
ده‌ستبردنی زۆربه‌ی لایه‌نه کوردییه‌کان هۆی سه‌ره‌کی فرهلهشکرییه له کوردستان، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا پاڵنه‌رێک و هۆکارێکی سه‌ره‌کی شه‌ڕی براکوژییه. نه‌وشیروان مسته‌فا که چه‌ندان ساڵ له ناوجه‌رگه‌ی مه‌عمه‌عه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی ژیانی به‌سه‌ربرد له کتێبی په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن (ل 136) ده‌ڵێت "ڕاسته ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حزبه‌کان له‌شکری تایبه‌ت به خۆیانیان نه‌بوایه نه‌یانئه‌توانی په‌نابه‌رنه به‌ر شه‌ڕی چه‌کداری بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان."
له‌به‌رئه‌وه‌ی حزب و ڕێکخراوه کوردییه‌کان له په‌یڕه‌وکردنی ڕێوشوێنی دیموکراتییانه‌و پێکه‌وه‌ژیانی سیاسیانه که‌م ته‌جروبه‌ن بۆیه زۆرجار ناکۆکیی و ناڕێکییه‌کان له ڕێگه‌ی توندوتیژییه‌وه هه‌وڵی یه‌کلاکردنه‌وه‌یان ده‌درێت. به‌بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه ئاستی قڕکردنی یه‌کدی. بێجگه له‌مه بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن به‌ره‌و ئاقاره‌کانی پێکدادانیان ببه‌ن.
خه‌باتی چه‌کداریی و پاوانخوازیی
لایه‌نه کوردییه‌کان به گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له شانکردنیان وه‌ک رەمزی خه‌باتی کوردایه‌تیی ناساندوه، هیچ کامیشیان جورئه‌تی ئه‌وەیان نه‌کردوە که ئه‌و تێڕوانینه کۆن و ناوه‌ڕۆک خێڵه‌کییه بگۆڕن. ئه‌مه وایکردوه که ده‌سپێکردن یان ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه به ده‌رچوونی یه‌که‌م ته‌قه له تفه‌نگ بناسێنن. کاره‌سات له‌وه‌دایه ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه وایکردوه که هه‌ره‌سهێنانی بزوتنه‌وه چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به سه‌رنه‌که‌وتنی بزوتنه‌وه‌کان وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێن. بۆنمونه، نسکۆی 1975 ته‌نها وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازی نه‌ناسراوه به‌ڵکو وه‌ک ههرهسهێنێکی ته‌واوی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له عێراق پێناسه‌کراوه.
ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه له خۆ نیشانده‌دات ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته، که تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه. لایه‌نه کوردستانییه‌کان زیاتر خۆیان له ڕێگای ده‌سته چه‌کداره‌کانه‌وه ناساندوه و به‌گشتی له‌و شوێنانه توانیویانه خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه. بۆنمونه یه‌کێتی به گشتی له سۆران و پارتی له بادینان و حزب له موکریان و کۆمه‌ڵه له باشور و په‌که‌که له باکور هتد. بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که هێزه‌کانیانی لێیه هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه بۆ شوێنه‌کانی دیکه. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له 1978 له ناوچه‌ی هه‌کاری ڕویدا به‌شێکی له ئاکامی پاوانخوازیی له لایه‌ن پارتی و ناردنی هێزبوو له‌لایه‌ن یه‌کێتیه‌وه بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتی له بڵاوکراوه‌کان باس له‌وه ده‌کات که زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک له سوریاوه هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه بوو. هه‌رچۆنێک بێت، چ شکاندنی پاوانخوازی پارتی بێت چ گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه هه‌یه. به واته‌یه‌کی دیکه خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بوو، که برینه‌کانی تا ئه‌مڕۆش به ته‌واوی سارێژنهکراون. حزب و کۆمه‌ڵه‌ش بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد. بوونی چه‌کدارانی په‌که‌که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێکه‌وتۆته‌وه، ئێستاش ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر ماوه.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه که چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه، ده‌بێت لایه‌نه کوردستانییه‌کان گه‌شه به توانای ڕێکخستن و سازدان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سته چه‌کداره‌کان. کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کدار بن.
خه‌باتی چه‌کداریی؛ کوردستان کێڵگه‌ی شه‌ڕ
خه‌باتی چه‌کداری ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ کوردستانی له‌لایه‌ن هێزه داگیرکه‌ره‌کان و چه‌کدارانی کورده‌وه کردوه به کێڵگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی شه‌ڕ. ئه‌وه کۆمه‌ڵێک ئاکامی خراپی ئابوریی و په‌روه‌رده‌یی و سایکۆلۆجیی لێکه‌وتۆته‌وه. شه‌ڕی نه‌پساوه‌ی کوردستان کۆسپێکی گه‌وره‌یه له پێش گه‌شه‌ی ته‌ندروست و ئاسایی ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان. ئه‌مانه‌ش به‌سه‌ریه‌که‌وه بوونه‌ته مایه‌ی به دواکه‌وتوویی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی و کۆسپ له پێش گه‌شه‌کردن یان سه‌رهه‌ڵدانی چینی ناوه‌ڕاست (middle class)، که فاکته‌رێکی سه‌ره‌کیی به‌ره‌وپێشچوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که. شه‌ڕ له کوردستان بۆته ڕێگرێک له پێش دروستکردنی ژێرخانی ئابوریی و په‌روه‌ده‌یی و خزمه‌تگوزاریی. ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی له خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌کییه‌کان بێبه‌شکردوه، چونکه سه‌ره‌ڕای سستی ڕژێمه داگیرکه‌ره‌کان به‌ڵام دابینکردنی ئه‌م خزمه‌ت و پێداویستییانه له ژێر سایه‌ی شه‌ڕ ئاسته‌مه.
جه‌نگ له کوردستان کۆمه‌ڵێک گیروگرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابوریی (socio-economic) له ئامێزی خۆیدا به‌رهه‌مهێناوه، له‌وانه دیارده‌ی جاشایه‌تی و نۆکهرایهتیکردن. له‌وه‌ته‌ی پێشمه‌رگه هه‌یه له کوردستان جاشیش بوونی هه‌بووه. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی ناته‌ندروسته بگره بۆته مایه‌ی شه‌ڕێکی دیکه‌ی ناوخۆ. یان چاکتر بڵێم داگیرکه‌ران شه‌ڕی کوردستان و داگیرکه‌رانیان گۆڕیوه بۆ شه‌ڕی کوردی باش له‌گه‌ڵ کوردی خراپ.
له پاڵئهمانه، شه‌ڕی چه‌کداری بۆته زیاتر به‌هێزکردنی هه‌ستی شوڤینیی چ لای نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست چ لای کورد. ئه‌م هه‌له له‌لایه‌ن داگیرکه‌ران قۆزتراوهتهوه بۆ وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر له دژی بزوتنه‌وه کوردییه‌کان. گه‌شه‌کردنی هه‌ستی شۆڤێنیستی بۆته مایه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی دۆستی کورد له ناو نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست.
خه‌باتی چه‌کداریی و داگیرکه‌ران
ئه‌و وڵاتانه‌ی که کوردیان تێداده‌ژی یان کوردستانیان داگیرکردوه زۆربه‌یان له‌لایه‌ن ڕژێمێکی تۆتالیتاریی، سه‌ربازیی یان نیمچه سه‌ربازیی به‌ڕێوه‌ده‌چن. ئه‌و جۆره سیسته‌مانه بۆ شه‌رعییه‌تدان و به‌رده‌وامیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان حه‌زده‌که‌ن وڵاته‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له شه‌ڕو ئاژاوه گلابێت، چونکه مانه‌وه‌یان په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به درێژه‌دانی ململانێ و ئاژاوه سه‌ربازییه‌کانه‌وه هه‌یه. من له‌و باوه‌ڕه‌دام که جهنهراڵاکانی تورکیا حهزبهبوونی شه‌ڕ له باکوری کوردستان ده‌که‌ن، چونکه تا ئه‌و شه‌ڕه درێژه‌ی هه‌بێت ئه‌وانیش ڕیزیان سوارده‌بێت و ده‌توانن شه‌رعیه‌ت به خۆتێهه‌ڵقورتاندن له سیاسه‌ت بده‌ن، ئه‌و دیارده‌یه‌ی له هه‌شتاکانه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه. کێشه‌که‌ش له‌وه‌دایه هاتنه سه‌ر سه‌حنه‌ی سیاسی له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شه‌وه فه‌زای گه‌شه‌کردنی دیموکراسی له‌و وڵاتانه که‌مده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌زه‌ره‌ی کورد ده‌شکێته‌وه.
ئه‌رته‌ش حه‌زده‌کات لایه‌نه کوردییه‌کان ده‌ست بۆ چه‌ک ببه‌ن چونکه بێجگه له شه‌رعییه‌تدان به خۆتێههڵقورتاندان له سیاسه‌ت دڵنیایه له‌وه‌ی که له‌و جۆره زۆرانبازییه‌دا ده‌توانن زه‌فه‌ر به کوردستانیان بگه‌یه‌ن، چونکه شه‌ڕی چه‌کداریی وه‌ک له پێشتر گوتم به‌بنه‌ما له‌سه‌ر ته‌رازوی هێز یه‌کلاده‌کرێته‌وه نه‌ک باوه‌ڕو ئیمان.
له‌وانه‌ش گرنگتر داگیرکه‌رانی کوردستان پێیانباشه که بزوتنه‌وه کوردستانییه‌کان ده‌ست بۆ چه‌ک به‌رن، چونکه به‌مه ماهییه‌ته سیاسییه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌که ده‌گۆڕێت بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناوه‌ڕۆک سه‌ربازیی. ئه‌مه‌ش بۆ کورد به‌تایبه‌تی له ده‌ره‌وه زه‌ره‌رێکی زۆری هه‌یه. بۆ داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر ئاسانه که بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی تیرۆرستی به خه‌ڵکانی خۆیان و جیهان بناسێنن. ده‌وڵه‌تی تورکیا سه‌ره‌ڕای ته‌نگپێهه‌ڵچنین به‌ڵام نه‌یتوانیوه چالاکییه‌کانی پارته سیاسییه‌کانی کوردستانی تورکیا (HADEP، DEP و HEP) وه‌ک تیرۆریست بناسێنێت، به‌ڵام له ناساندنی په‌که‌که وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌مریکا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا په‌که‌که به تیرۆریست داده‌نێن، هۆی هه‌ره سه‌ره‌کی ده‌ستبردنی په‌که‌که‌یه بۆ چه‌ک.
بوونی خه‌باتی چه‌کداریی له کوردستان پاساوێکی چاکی داوه به ده‌ست داگیرکه‌ران که زۆربه‌ی ناوچه دێهاتییه‌کانی کوردستان ڕاگوێزن، وێرانبکه‌ن، تهختبهکهن و خه‌ڵکه‌که‌ش ئاواره بکه‌ن بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان. به‌مه‌ش ئه‌و هه‌وڵه‌ی که داگیرکه‌ران ده‌یده‌ن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان چۆته سه‌ر. هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان شایه‌دی ئه‌م گۆڕانکاریی و ماڵوێرانیهن. من لێره‌دا شه‌رعیه‌ت به‌و ناهه‌قییانه ناده‌م به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم که خه‌باتی چه‌کداری پاساو به داگیرکه‌ران ده‌دات. کورد ناتوانێت نیازی داگیرکه‌ران بگۆڕێت به‌ڵام نابێت ڕێگه‌خۆشکه‌ر بێت بۆ سیاسه‌تێک که خۆی تێیدا زه‌ره‌رمه‌نده.
خه‌باتی چه‌کداریی و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی چه‌ک
تا ئێستا باسی نه‌هامه‌تییه‌کان و کاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانی خه‌باتی چه‌کداریمان کرد له‌سه‌ر ڕه‌وشی کوردایه‌تی له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانییدا، له‌م برگه‌یه‌دا باس له کاریگه‌ریی ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات ده‌که‌ین له دوای ڕزگاریی نیشتیمانیی. دیاره به نیسبه‌ت کوردستانی باکور و ڕۆژهه‌ڵات ئه‌مه حاله‌تێکی گریمانکراوه، به‌ڵام بۆ کوردستانی باشور ده‌کرێت ئه‌و ئه‌زمونه‌ی ئێستا له ئارادایه ئه‌گه‌ر نه‌شکرێت به تێپه‌ڕبوو له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیی دابنرێت ئه‌وه ده‌کرێت وه‌ک ئه‌زمونێکی تایبه‌ت که زۆر له پێشتره له دوو به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی کوردستان، حیسابی بۆ بکرێت. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر وه‌ک ده‌وڵه‌تیش دانه‌نرێت ئه‌وه له په‌یوه‌ند به‌و باسه‌ی ئێمه له نیمچه ده‌وڵه‌ت تێپه‌ڕیکردوه، چونکه کیانه‌کی باشور زۆربه‌ی یه‌که و بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تی تێدایه، وه‌ک په‌رله‌مان، حکومه‌ت، دادگا، هێزی سه‌ربازی و پۆلیس. ئه‌وه‌ی لێره ده‌مه‌وێت باسی بکه‌م ئه‌و ئاکامه خراپانه‌یه که خه‌باتی چه‌کداریی له قۆناغی پێش ڕزگاریی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یگوازێته‌وه بۆ قۆناغه‌کانی دواتر. با بزانین چۆن؟
ئه‌و حزب و ڕێکخراوانه‌ی له ڕێگه‌ی چه‌که‌وه ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات له ده‌سه‌ڵاتیش ده‌ستبه‌رداری چه‌ک نابن، یان هێزه نیشتیمانییه‌کانی وه‌ک هێزه‌کانی به‌رگریی و پۆلیس به چه‌کداره‌کانی خۆیان ده‌ته‌ننه‌وه. خراپترین ده‌رئه‌نجامی ئه‌و حاله‌ته‌ش ئه‌وه‌یه که هێزه‌کانی به‌رگریی و پۆلیس ئینتیماو وهلائهتیان زیاتر بۆ حزب و ڕێکخراوه‌که ده‌بێت له نیشتیمان و نه‌ته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه ئێستاکانه له هه‌رێم به‌رچاوده‌که‌وێت. له‌پاڵ ئه‌مه گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری نه‌ک هه‌ر هاوشێوه‌ی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته له ڕێگای کوده‌تاوه به‌ڵکو له کرداریشدا هێزه چه‌کداره‌کان وه‌ک جه‌نه‌راڵ و سه‌ربازه‌کان ڕه‌فتار ده‌که‌ن. لایه‌نه چه‌کداره‌کان له قۆناغی ڕزگارییدا ڕووی چه‌که‌کانیان له نه‌یاران و دوژمنانی گه‌له، به‌ڵام له دوای ڕزگاریی لوله‌ی تفه‌نگه‌کانیان زۆرجار ڕوو له جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن. پۆلپۆت له که‌مبۆدیا دوای سه‌رکه‌وتن به هه‌مان ئه‌و چه‌کانه‌ی که شۆڕ‌شیان پێ‌کرد نزیکه‌ی دوو ملیۆن له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی که‌مبۆدیایان کوشت. ئه‌رته‌شی سور له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له چه‌ند ساڵی یه‌که‌می شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ردا زیاتر له شه‌ش ملیۆن که‌سیان کوشت. یه‌کێتی و پارتی چونکه هه‌ردوولا چه‌کداربوون دوای دامه‌زراندی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستانیش ئاماده‌ی چه‌ک دانان نه‌بوون. بۆیه زۆری پێنه‌چوو ئه‌زموونه ساواکه‌یان غه‌رقی گۆمی خوێن کرد. هه‌وری ڕه‌شی شه‌ڕی ناوخۆ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی حزبه‌کان چه‌ک داده‌نێن له ئاسمانی کوردستان ناڕهوێته. له به‌شی چواره‌م و کۆتایی پرسی داسه‌پاوی خه‌باتی چه‌کداری ده‌خه‌ینه ژێر زه‌ڕه‌بین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری وه‌ک به‌دیلی خه‌باتی چه‌کداریی ده‌خه‌ینه ڕوو.