
له باره‌ى میدیاوه….به‌شی دووه‌م
له باره‌ى میدیاوه….به‌شی دووه‌م
محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
رۆژنامه‌گه‌رى ئه‌هلى
مادامه‌كێ باسى ئازادى ده‌كه‌ین و پێمان وایه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئازادین، ده‌بێ خاوه‌ن میدیاى ئازادیش بین، بۆ ئه‌وه‌ى به ئاسانى بتوانین گوزارشت له بیر‌و بۆچوونى خۆمان بكه‌ین. كورد پتر له میلله‌تانى دیكه‌ى دونیا پێویستى به رۆژنامه‌گه‌رى ئازاد هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر خاوه‌ن میدیایه‌كى له‌و چه‌شنه بین، وێنه‌یه‌كى جوان پیشان ده‌ده‌ین.
هه‌موومان ده‌زانین له‌مێژوودا كورد زوڵمێكى زۆرى لێكراوه‌و به‌خراپترین شێوه چه‌وسێندراوه‌ته‌وه، كه‌واتا چۆن ده‌بێ میلله‌تێك خۆى قوربانى ده‌ستى سیسته‌مى داپڵۆسێنهرو سته‌مكار بێت، كه‌چى ئازادى راو ڕاى پێچه‌وانه‌ى قبوڵ نه‌بێ.
دیموكراسییه‌ت كه به‌رهه‌مى ئازادییه به رۆژنامه‌گه‌رى ئازاد جوانتر و گه‌شاوه‌تر ده‌بێ، به‌مانایه‌كى دیكه دیموكراسییه‌تى راسته‌قینه به‌رهه‌مى میدیاى ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه، هه‌روه‌ك (ژان پۆل مارپۆز)ى رۆژنامه‌وان پێى وایه"ئه‌وانه‌ى ویلهكانى ماشێنى دیموكراسى چه‌ور ده‌كه‌ن رۆژنامه‌نووسانن".
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ رۆژنامه‌گه‌رى ئازاد له‌سه‌رده‌ستى حزب له‌دایك نابێ، حزب میدیاى بۆ ئه‌وه پێویسته پڕوپاگه‌نده‌ى بۆ بكات، خه‌وش و كه‌م وكوڕییهكانى دابپۆشێ و روخسارى جوانتر ده‌ربخات. بۆیه ئه‌گه‌ر میدیاى ئازادمان مه‌به‌ست بێ، ده‌بێ پشتیوانى له رۆژنامه‌گه‌رى ئه‌هلى بكه‌ین و زه‌مینه‌ى دروست بوون و گه‌شه‌كردنى بۆ بڕه‌خسێنین.
ئیتر ئه‌گه‌ر نه‌بینه خاوه‌ن رۆژنامهگهرییهكى ته‌واو ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ زۆر شت ده‌دۆڕێنین، به‌ر له هه‌مووشیان ئه‌و په‌راوێزه ئازادیه‌ى كه بوونى هه‌یه ده‌كه‌وێته مه‌ترسى. كۆمه‌ڵگاى كوردى پێویستى به كه‌ناڵى ئه‌هلى هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ك پێویست زه‌مینه‌ى گه‌شه‌كردنى نییه، چونكه میدیا بهئابووریهكى به‌هێز له‌سه‌ر پایه‌كانى خۆى ده‌وه‌ستێ، بێگومان بنه‌ماى سه‌ره‌كى رۆژنامه‌گه‌رى سه‌رمایه‌یه، بۆ میدیاى ئه‌هلیش سه‌رمایه‌ى ئه‌هلى گرنگه. ئه‌گه‌ر میدیاى ئه‌هلى خاوه‌ن ئابوورییه‌كى سهربهخۆو خۆماڵى نه‌بوو، ناچار ده‌بێ چاوى له‌ده‌ستى ئه‌م و ئه‌و بێت، به‌مه‌ش ناتوانێ مه‌رجى سه‌ربه‌خۆبوونى خۆى مسۆگه‌ر بكات، چونكه هه‌ر چۆنێك بێت ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌كان.
په‌یداكردنى ئابوورى سه‌ربه‌خۆ بۆ كه‌ناڵى ئه‌هلى هێنده ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت له‌وڵاتێكى وه‌ك ئێمه كه تا ئێستا خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان بۆ میدیا ده‌ست كراوه نین. سه‌رمایه‌دارى ئێمه ئاماده نییه به‌بڕه پاره‌یه‌كى كه‌م ریكلام بۆ كاڵا‌و بازاڕى خۆى بكات، چجاى ببێته بهرههمهێنى كه‌ناڵى سه‌ربه‌خۆ، هه‌رچى خوێنه‌ریشه وه‌ك پێویست ئه‌گه‌ر ته‌نها بهكڕینى رۆژنامه‌یه‌كیش بێت پشتگیرى له میدیا ناكات.
هیچ رۆژنامه‌یه‌كى ئه‌هلى له كوردستان ناتوانێ به داهاتى ریكلام و فرۆشتنى رۆژنامه خۆى به‌ڕێوه‌ببات، بۆ رۆژنامه‌گه‌رى حزبیش ئه‌گه‌ر تیراژ‌و ههڕمێنى رۆژنامه گرنگ بێت، بۆ رۆژنامه‌ى ئه‌هلى سه‌د ئه‌وه‌نده گرنگتره، چونكه پێویستى په‌یداكردنى سه‌رمایه هه‌یه، بۆیه هه‌ر كه‌ناڵێكى میدیا بێ ئابوورییه‌كى سه‌ربه‌خۆ ناتوانێ به شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو مه‌رام بپێكێت.
میدیا ئه‌وكات ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ، له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌ر جۆره لایه‌نگرى حزبى و ئایدیۆلۆژى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ربكه‌وێت.
نابێ هیچ سانسۆرێكى پێشوه‌ختى به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت، له كاتێكدا له كوردستان هیچ كه‌ناڵێك ناتوانێ بێ هیچ مه‌رج و چاونهپۆشینێك كار بكات. خه‌وشى نییه ئه‌گه‌ر میدیاى ئه‌هلى یان سه‌ربه‌خۆ پاره له حكومه‌ت وه‌ربگرێت، به‌ڵام به شه‌فافى و بێ هیچ مه‌رجێكى پێشووه‌خته.
له زۆر له‌وڵاتان حكومه‌ت پاره به میدیاى ئازاد ده‌دات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى هیچ سنوورێكى بۆدابندرێت، ئاساییه تۆ پاره له حكومه‌ت وه‌ربگریت، به‌ڵام به‌پێى سیسته‌مێكى رێكخراو و شێوه‌یه‌كى ئاشكرا‌و روون.
ئیتر به پیشه‌یى هێشتنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى میدیا، پێویستى به رۆحێكى راستگۆ و بوێر‌و نه‌ترس هه‌یه، پێویستى به جورئه‌ت و به‌دواداچوون هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش له میدیاى ته‌واو سه‌ربه‌ست و ئه‌هلى ده‌دۆزرێنه‌وه، له میدیاى ئاراسته كرا‌و شوێنیان نابێته‌وه.
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین ته‌نیا سه‌ربه‌ستى رۆژنامه‌وانى پێداویستییه‌كانمان تێر ناكات، به‌ڵكو سه‌ربه‌ستى گه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌كانى زانیارى پتر ئه‌و مافه‌مان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
mehemedkerim@gmail.com