خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی…4
خه‌باتی چه‌کداری و نه‌هامه‌تییه‌کانی*
شێرکۆ کرمانج
کاندیدی دکتۆرا له بواری دیراساتی نێونه‌ته‌وه‌یی له زانکۆی ساوس ئوسترالیا
به‌شی چواره‌م و کۆتایی
خه‌باتی چه‌کداری داسه‌پاو یان ستراتیژ
که باس له داسه‌پاندن ده‌که‌ین ده‌بێت خه‌بات به‌گشتی و خه‌باتی چه‌کداری لێکجیابکهینهوه. من پێموایه کورد له‌به‌رئه‌وه‌ی مافه‌کانی زه‌وتکراوه خه‌باتکردن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م مافانه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاوه، به‌ڵام نه‌ک شێوازی خه‌باته‌که. دڵنیام له‌وه‌ی که زۆر که‌س له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی من نین. دیاره تا ڕاده‌یه‌ک ڕاستی له‌و بۆچوونه‌دا هه‌یه که ده‌ڵێت داگیرکه‌رانی کوردستان هیچ کونجێکیان بۆ کورد نه‌هێشتۆته‌وه بۆیه کوردستانیان په‌نایان بۆ چه‌ک بردوه. به‌ڵام له تێڕوانینی هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی دیاری ناو بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی وا ده‌رده‌که‌وێت که خه‌باتی چه‌کداریی ستراتیجێک بووه کورد پشتی پێبه‌ستووه بۆ ڕزگاریی نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن به ناچاری ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری هه‌ڵبژاردووه. نه‌وشیروان مسته‌فا که به خۆی پێیوایه ده‌ستبردنی کورد بۆ چه‌ک له‌به‌رنه‌بوونی ژیانی دیموکراتیی و خه‌باتی سیاسی بووه، که‌چی له‌هه‌مانکاتدا خه‌باتی چه‌کداری به به‌رزترین و باڵاترین پله‌ی خه‌بات داده‌نێت (بڕاونه: په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن، ل11، 245). ئه‌مه ده‌کرێت وا ته‌فسیربکرێت که شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات پله سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌باتن و مه‌به‌ست لێیان ڕێگه‌خۆشکردنه بۆ پله به‌رزه‌که؛ خه‌باتی چه‌کداریی. به‌هه‌مانشێوه، شاسوار جه‌لال (شه‌هید ئارام) بوونی له‌شکری شۆڕشگێر به کۆڵه‌که‌ی هه‌ره سه‌رکی شۆرشی رزگاریی نیشتیمانیی داده‌نێت (بڕاونه: هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له نوسینه‌کانی شه‌هید ئارام، ل 43). په‌که‌که‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باوه‌ڕیان به به‌کارهێنانی توندوتیژیی هه‌بووه، هه‌ربۆیه‌ش دامه‌زراندی په‌که‌که به چالاکییه‌کی پێشمه‌رگانه ڕاگه‌یه‌ندرا. ئه‌وان خه‌باتی چه‌کداریی به سه‌ره‌کی و ستراتیج داده‌نێن نه‌ک تاکتیک (بڕوانه: هه‌ڤاڵ جومعه، مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان، ل 258، 641). له‌مانه ده‌رده‌که‌وێت که نوخبه‌ی سیاسیی کورد وه‌ک تاکتیک ته‌ماشای خه‌باتی چه‌کداریی نه‌کردوه، به‌ڵکو ئه‌و شێوازه خه‌باته‌یان پێ زۆر له شێوازه‌کانی دیکه به‌رزتر بووه تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی که بڵێن پایه‌ی هه‌ر سه‌ره‌کیی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه.
به‌دیلی خه‌باتی چه‌کداری
پاش ده‌رخستنی لایه‌نه خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداریی واچاکه به‌دیلی ئه‌و شێوه خه‌باته‌ش ده‌ستنیشان بکه‌ین، چونکه بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی هیچ کام له پارچه‌کانی کوردستان به ئامانجی کۆتایی خۆی نه‌گه‌یشتوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یارانی کوردستان به گشتی ئاماده‌یی خۆیان بۆ چاره‌ی ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له خۆ نیشاننه‌داوه، به‌ڵام من پێموایه ده‌بێت کوردستانیان ڕێگه‌خۆشکه‌ر بن. چونکه ئه‌وه ئه‌وانن که سوودمه‌ندی سه‌ره‌کین له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌دا. مه‌به‌ست له چاره‌ی ئاشتیانه چۆکدادان و کۆڵدان نیه، به‌ڵکو گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌ییه له شێواز و نزیکبوونه‌وه‌ی کورد له خه‌بات و بزوتنه‌وه‌که‌ی.
پێشنیازی من لێره خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی و گفتوگۆیه. ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات ئه‌مڕۆ له دنیا باوه و کوردستانیان ده‌توانن له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌رچی زیاتر پشتیوانی و کۆمه‌ک بۆ گه‌له‌که‌یان فه‌راهه‌مبکه‌ن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که نه‌بوونی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی لاوازترین خاڵی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه. من له‌و باوه‌ڕه‌دام خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی یه‌که‌مین هه‌نگاوه بۆ زامنکرنی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی. به به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی خێرای ئه‌زموونی گه‌لانی دیکه ده‌چینه ناو باسه‌که.
ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فه‌له‌ستین دوای ده‌یان ساڵ له خه‌باتی چه‌کداریی دژی ئیسرائیل نه‌یتوانی وا له جوله‌که‌کان بکات که دان به مافی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێکی فه‌له‌ستینی بنێن. له کۆتایی هه‌شتاکان فه‌له‌ستینییه‌کان شێوازێکی دیکه‌ی نوێیان داهێنا بۆ خه‌بات که به "پورە الحجاره (شۆڕشی به‌رد)" ناسراوه، له ڕێگه‌ی به‌رده‌وه نه‌ک چه‌ک ئیسرائیل ناچار به دانیشتن کرا له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵیان. ئاکامه‌که‌شی داننان به مافی فه‌له‌ستینییه‌کان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیانی لێکه‌وته‌وه. خه‌ڵکی تیموری ڕۆژهه‌ڵات (ئیست تیمور) له دوای داگیرکردنی وڵاته‌که‌یان له‌لایه‌ن ئیندۆنیزیا له 1975 ده‌ستیان به خه‌باتی چه‌کداریی کرد. له ئاکامدا به‌شێکی زۆری وڵاته‌که‌یان کاول بوو و سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌که‌یان شهنانا گۆسماو (Xanana Gusmao) ـیش ده‌ستگیرکرا. دواتر قه‌شه‌یه‌ک به‌ناوی یۆزێ ڕامۆز-هۆرتا له ڕێگه‌ی خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ریی سه‌رتاسه‌ریی و ئاشتییانه توانی سه‌رنجی هه‌موو جیهان بۆ لای گه‌له‌که‌ی خۆی ڕاکێشت و خه‌ڵاتی نۆبلی ئاشتیش بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات. له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه بوو که ئیندونیزیا ناچارکرا ڕێگه به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بدات که ڕیفراندۆمێک له تیموری ڕۆژهه‌ڵات ساز بکات و ئاکامه‌که‌شی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی تیمورییهکانی ڕۆژهه‌ڵاتی لێکه‌وه‌ته‌وه. من بۆیه نمونه‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌م هێناوه‌ته‌وه چونکه هه‌ردووکیان له‌لایه‌ن کۆلۆنیالێکی ناوخۆییه‌وه داگیرکراون و که‌یسه‌کانیان له که‌یسی کورد نزیکه.
لێره پرسیارێک خۆی ڕاپێشدهکات، داخۆ مه‌به‌ست له خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی چیه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم هه‌موو شێوه خه‌باتێکی ئاشتیانه‌یه، له‌وانه: مانگرتن، خۆپیشاندان، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه، ئیمزاکۆکردنه‌وه، دانوساندن یان هه‌ر شێوه خه‌باتێکی دیکه‌ی شیاو و ئاشتییانه که ده‌کرێن ببنه هه‌وێنی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری گه‌وره. ده‌کرێ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی وڵاته داگیرکه‌ره‌کانیش شێوه خه‌باتێک بێت که له‌وێدا کورد پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی بخاته‌ڕوو و داوای چاره‌یان بۆ بکات. ئێستاکه هه‌م له تورکیا و هه‌م له عێراق ئه‌م بواره تا ڕاده‌یه‌ک فه‌راهه‌مکراوه که ده‌کرێت به قازانجی کورد که‌ڵکیان لێوه‌ربگیرێت. له په‌رله‌مانی تورکیا کوردستانیان 24 کورسی و له په‌رله‌مانی عێراق 58 کورسیان هه‌یه. ئه‌م هێزانه وه‌ک لایه‌نی کوردی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانیان کردوه. له ئێرانیش ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد هه‌ن به‌ڵام هێشتا له‌وێ ئه‌و بواره باش نه‌ڕه‌خساوه. ئه‌م شێوه خه‌باته ده‌کرێت کاری زیاتری له‌سه‌ر بکرێت.
یه‌کێک له‌و ڕه‌خنانه‌ی له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه که په‌یڕه‌وکه‌رانی ئه‌م ڕێبازه به سازشکار و ڕیفۆرمخواز داده‌نرێن. له ڕاستیدا ئه‌وه هه‌میشه هێزو لایه‌نه چه‌کداره‌کانن که مساوه‌مه له‌سه‌ر مافه‌کانی کوردستانیان ده‌که‌ن، چونکه ئه‌وان به بنه‌ما له‌سه‌ر توانای سه‌ربازیی و چه‌کداریی ڕۆژ مافه‌کانی کوردستانیان ده‌پێون. سوربوون و درێژه‌دان به خه‌باتی چه‌کداریی درزی نێوان لایه‌نه چه‌کداره‌کان و جه‌ماوه‌ر گه‌وره‌تر ده‌کات. جه‌ماوه‌ر هه‌ستێکی وای لا دروستده‌بێت که کوردستان ته‌نها به چه‌ک ڕزگاری ده‌بێت و ئه‌م ئه‌رکه‌ش له ئه‌ستۆی ئه‌ودا نیه به‌ڵکو ده‌یخه‌نه سه‌ر شانی پێشمه‌رگه. ئه‌وه‌شه وا له خه‌ڵک ده‌کات هه‌ر ههرسهێنانێکی شۆڕشه چه‌کدارییه‌که به هه‌ره‌سهێنانی بزوتنه‌وه‌که دابنێت.
ڕه‌خنه‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ری کوردستان خۆپیشاندان سازکات ئه‌وه خه‌ڵکه‌که تیرباران ده‌کرێن. لێردا ده‌کرێت بڵێین ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که زه‌ره‌وزیانی گیانییه ئه‌وه نه‌ماندیت ڕۆژێک پێشمه‌رگه گوڵبارانبکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئاماژه‌ی پێبکه‌ین ئه‌وه‌یه که هه‌ر که‌سێک له خۆپیشاندان بکوژرێت ده‌یان ڕێکخراوی جیهانی لێ بهجوابدێت، به‌ڵام سه‌دان پێشمه‌رگه بکوژرێن یان کیمیاباران بکرێن له باسکردنی وه‌ک هه‌واڵێک ده‌نا که‌س ئاماده‌نیه پشتیوانیان لێبکات.
له کۆتایی وا چاکه په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه دابنێین که کاریگه‌ریی باشتری خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات نیشانده‌ده‌ن. له هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه که خه‌باتی جه‌ماوه‌ری میکانیزمی یان دیالێکتیکی پشتبه‌ستن به دراوسێکان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی توانای ده‌رچوونی له بازنه‌ی گه‌مه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که و داگیرکه‌ران زیادده‌بێت. له‌م شێوه خه‌باته‌دا جه‌ماوه‌ر ڕاسته‌وخۆ به‌شداری له خه‌بات ده‌کات و پێشینه‌یه‌ک و ئه‌زمونێک بۆ خۆی په‌یداده‌کات که ده‌کرێت دوای قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیش که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێت. خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به پێچه‌وانه‌ی خه‌باتی چه‌کداریی پاساوی کاولکردنی کوردستان له داگیرکه‌ران ده‌ستێنێته‌وه. له‌هه‌مانکاتیشدا، نه داگیرکه‌ران نه نه‌یارانی کوردستان ناتوانن ناوناتۆره و له‌که‌ی تیرۆریستیی له ناوچه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بده‌ن. له ڕێی ئه‌م خه‌باته‌دا کوردستانیان ده‌توانن ڕای گشتی جیهانی به لای خۆیاندا ڕاکێشن. کوردستانیان له ئاکامی خه‌باتی چه‌کداریی سه‌دان ڕۆڵه‌ی قاره‌مانیان له ده‌ستداوه که زۆربه‌یان له نوخبه‌ی سیاسیی و ڕۆشبیریی بوون. خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی ئه‌گه‌ر چی بێ زیان نابێت به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌باتی چه‌کداریی به دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم زه‌ره‌ری گیانی که‌متره. به له‌ده‌ستنه‌دانی نوخبه پێشڕهوهکهش ئه‌وان ده‌توانن به‌شداری ڕاسته‌وخۆ و کاریگه‌ر له خه‌باتدا بکه‌ن دواتریش ڕۆڵی به‌رچاو ببینن له گه‌شه‌کردنی وڵات‌دا. له هه‌ر هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه که کوردستانیان بێجگه له جه‌ماوه‌ر دۆستێکی دیکه‌ی جێگه‌ی متمانه‌یان له دنیادا نیه، بۆیه ده‌تونم بڵێم ته‌نیا به وه‌گه‌رخستنی جه‌ماوه‌ر و سازدانی کوردستانیان ده‌کرێ له ڕزگاریی یه‌کجاره‌کی نزیکببنه‌وه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له ڕێ دوورکه‌وتنه‌وه له خه‌باتی چه‌کداریی و په‌یڕه‌کردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ده‌کرێت.
* هه‌ندێک له‌و بیرۆکانه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا باسکراون کاتی خۆی له دوو بابه‌تدا له گۆڤاری هه‌وار، ژماره 6 ساڵی 1999 و 8 ساڵی 2000، که له ئوسترالیا ده‌رده‌چوو، بڵاوبۆته‌وه.