چیرۆک…. جیهانێکی تایبه‌تی
چیرۆک…. جیهانێکی تایبه‌تی
1982
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
خۆر گه‌مێیه‌کی شه‌رابییه، ڕووه‌و که‌لی داراغا شۆڕده‌بێته‌وه. کۆتره شینکه‌کانی سه‌ر گومه‌ز و مناره‌کانی کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، پۆله شه‌پۆلی گۆمی دووکانن و پێکدا هه‌ڵده‌پژێن.. خه‌ڵکێکی زۆر، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ماڵیان له په‌ڕگه‌ی شاره، ڕێیان ده‌که‌وێته ئه‌م گۆڕه‌پانه، که له‌ڕاست و چه‌پێکی زه‌به‌لاح ده‌چێ.. ئێواران لێره‌دا پهنگدهخۆنهوه و پاسه شه‌ق و شڕه‌کان، جۆگه و بناوانیان لێ هه‌ڵده‌گرن و ده‌یانکه‌نه‌وه بهماڵهکانیاندا. جارێکی دی ده‌ست له‌ملانی گوێ ئاگردانی گه‌رم ده‌بنه‌وه. فرۆشیاره ده‌ستگێڕه‌کان په‌له‌یانه و به بابه‌تی خۆیاندا هه‌ڵده‌ده‌ن.. لێره‌وه، که‌لی داراغا نزیکتر دێته پێش چاو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌یلی به‌فره به‌رجه‌سته خۆی ده‌نوێنێ. هرووژمی با، تاوناتاوێک له سه‌ردا هه‌ڵده‌کات و مووی له‌ش ده‌کاته دڕکه که‌ڵه‌وێ.
هه‌ر پاسێک دهدردهکهوێ، نێرگزهجاڕێک چاو باوه‌شی بۆ ده‌کاته‌وه. دارستانێک پاوو پووز به‌پیرییه‌وه ده‌چێت.. به جانتایه‌کی سه‌فه‌ره‌وه تازه‌کی (مام که‌ریم) له‌ناو شه‌پۆلی چاوهڕانیکهراندا خۆی بینییه‌وه.. ده‌ستی به به‌رۆکیدا گێڕا، تا سه‌ره‌وه دوگمه‌کانی مرادخانییهکهی داخسته‌وه. ((په‌کوو، هه‌ر هه‌وای ئێره و هی ئه‌و گه‌رمیانه، ئاسمان و ڕێسمان، خۆ ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش بڕانه‌وه‌ی نییه…))
چاوێکی به‌ناو خه‌ڵکه‌که‌دا گێڕا، ئارامی و دڵنیایی گه‌ڕانه‌وه له‌شی ماندووی.. مام که‌ریم له‌گه‌ڵ زۆریاندا بۆ نۆبهبڕیی پاس پێشبڕکێ و ملانێی کردبوو.. له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا هه‌موویانی خۆشده‌ویست.. به‌تایبه‌ت ئه‌م ئێواره‌یه، به‌دیداریان هه‌ستی نامۆیی باری شانی سووک کرد و وایزانی له‌ماڵی خۆیانه.. شه‌که‌تیی ڕێگه‌شی بیرچۆوه.. ئه‌وه‌نده نه‌بێ کزه‌یه‌ک کنه‌ی له جه‌رگی ده‌کرد.
ده‌سته‌یه‌ک هه‌رزه‌کار به‌ده‌م پێکه‌نین و ده‌مه‌ته‌قێوه گه‌یشتنه وێستگه‌ی پاسه‌کان و ئاوه‌دانیی پتریان خسته ئه‌و ده‌ور و ناوه.. مام که‌ریم سه‌رنجی به‌ناویاندا گێڕا‌و لێیان چووه پێش. بۆسۆی هه‌ناسه‌یه‌ک ڕووه‌و ئاسمان سه‌ری کرد. (( هه‌موویان له‌و ده‌چن و هیچ کامیشیان ئه‌و نین، به بنده‌سته کتێب و وریایی و گاڵته مهزاقیانهوه کوتومت ئه‌ون، وه‌کو تریش که‌سیان تام و بۆی ئه‌و ناده‌ن، ناوه‌ڵڵا هیچ کامیان بڕبڕه‌ی پشته‌که‌ی من نین… جا کێ ده‌ڵی ئێستا وه‌ک جاری جاران له ماڵه‌وه به‌سه‌ر کتێبێک‌دا سه‌ری دانهژهندووه، تۆ بڵێی ئه‌وه ـ هۆگر ـ خۆی نه‌بێ، نه‌و له ـ هیوا ـ ی براده‌ری ده‌چێت، خۆزیا هیوا بوایه، له‌وانه‌بوو هه‌واڵێکی خۆشی پێبووایه…))
له‌م ده‌مه‌دا، قسه‌کانی ئه‌وکاته‌ی هیوای بیرکه‌وته‌وه:
((پێکه‌و له زانکۆوه هاتینهخوار.. هه‌ر پێکه‌وه‌ش سه‌ری قهیسهرییهکهمان دا. تا ئه‌و شوێنه‌ی له قه‌یسه‌رییه‌که دێیته ده‌رێ و تێکه‌ڵ بهجهنگهی بازاڕه‌که ده‌بی پێکه‌وه بووین.. به‌ناو سهوزهفرۆشهکاندا هاتین. کاتێ له‌به‌ر شاره‌وانیدا لامکرده‌وه، بینیم ئه‌وم له‌گه‌ڵدا نییه.. ئه‌ملا هۆگر، ئه‌ولا هۆگر.. نه‌بوو.. قه‌ده‌رێک له‌سه‌ری وه‌ستام، هه‌ر دیارنه‌بوو. به‌جێی خۆمدا گه‌ڕامه‌وه، نه‌مدۆزییه‌وه.. سه‌رێکی دی به‌وناوه‌دا چوومه‌وه.. ڕهشهڕا هات و چاوم پێینهکهوتهوه…))
گه‌ردنی هه‌ڵبڕی. له‌وده‌مه‌دا پۆلێک کۆتره شینکه، له ترۆپکی مناره‌کانه‌وه، بۆ سه‌ر گومه‌زه‌که هه‌ڵفڕین.. پۆلێکی دی له‌وێوه بۆ بان مناره‌کان.. مام که‌ریمیش له گۆڕه‌پانه‌که دوورکه‌وته‌وه بۆ نێو جیهانه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی.
((توند و تۆڵ به گوشه زبره‌کان ده‌ست و پێیان شه‌ته‌ک داوه، ده‌یه‌وێ به‌رگریی بکات و بۆی ناچێته‌سه‌ر، چونکه ئه‌و چه‌ند له هه‌وڵی خۆ ڕزگارکردندا بێ، گوشه زبرهکهش ئه‌وه‌نده به‌له‌ک و مه‌چه‌کی داده‌بڕێ و له‌وانه‌یه ئێستا گه‌یشتبێته سه‌ر ئێسک، کێ ده‌ڵێ وه‌ها نییه…))
قه‌ده‌رێک چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بوو. دیده‌ی پاسێکی بیست و یه‌ک نه‌فه‌ریی هێنایه‌وه نێو گۆڕه‌پانه‌که. لاوێکی باریکه‌له به ڕاکردن به‌شوێنییه‌وه بوو، گۆتێکی له‌م دا‌و جانتاکه‌ی له ده‌ست به‌ربۆوه سه‌ر قیره لیتاوییهکه.. مام که‌ریم زیاتر به‌خۆیدا هاته‌وه. سه‌رنجێکی پاسه‌که‌ی دا، فریای نه‌ده‌که‌وت. له شوێنی خۆی نه‌جووڵا و بێده‌نگه‌ی لێکرد. به‌ڵام چاوی له ده‌رگه‌ی پاسه‌که نه‌گواسته‌وه. ئه‌فه‌ندییه‌کی که‌ته، بهپاڵتۆ و چه‌تر و نایلۆنێک پرته‌قاڵه‌وه، چه‌ندی کۆشا پێیدا نه‌چوو. له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی لهسهرخۆیدا پاسه‌که یه‌قی کرده‌وه. ئه‌ویش زانایانه خۆی گه‌یانده‌وه سه‌ر قیره‌که.. به‌ده‌م گورگه لۆقه‌وه ڕۆیی و ده‌له‌رییه‌وه؛ تاکو خاو بۆوه و دوای چه‌ند هه‌نگاوێک له جێی خۆی چه‌قی.. له‌به‌ر خۆشییه‌وه هه‌ر دهیمرتاند.. دیاربوو جوێنی بۆکاکی شوفێر ده‌نارد.
مام که‌ریم قه‌ده‌رێک به قه‌ڵافه‌ته تێکسمڕاوهکهیدا ههڵیڕوانی و ورده ورده گه‌ڕایه‌وه نێو جیهانه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی:
((له خۆیدا میسری گۆشت بوو، ئێستا وه‌ک داسک و ده‌رزیی لێ هاتووه، ئێستا چێشتی ده‌ستی حهپسهیشی لێ بڕاوه، پێستی به‌سه‌ر ئێسکیدا وشکهه‌ڵاتووه، که‌له‌که‌ی ئه‌وه‌نده قوپاوه…)) چاوی گێڕا، ئه‌فه‌ندییه که‌ته‌که دیار نه‌مابوو. عه‌ره‌بانه ده‌ستگێڕه‌کانیش بڵاوه‌یان لێکردبوو.. دوانی به‌رگ به‌ڵه‌ک به‌ره‌وڕووی هاتن. مام که‌ریم زوو زوو ڕوانینی له‌میانه‌وه ده‌گواسته‌وه سه‌ر ئه‌ویان.. جووتێکی نێوچاوان به‌چرچ و لۆچ، ڕه‌نگ دێز و مۆن.. خاڵێک له‌سه‌ر لووتی ئه‌میان و کانهخورمایهک لاڕوومه‌تی ئه‌ویانی وێران کردبوو. شان به‌شان له‌سه‌ر ڕهزمێک ده‌هاتنه ڕێوه. له ئاستی مام که‌ریمدا خاویان کرده‌وه. لێک جیابوونه‌وه و مام که‌ریمیان دایهناو. هه‌ریه‌که‌و له لایه‌که‌وه له خۆی و جانتاکه‌ی ورد ده‌بوونه‌وه. ئه‌م دیمه‌ن و هه‌ڵسوکه‌وته، خه‌یاڵاتێکی ناخۆشی به‌سه‌ردا هێنا. وه‌رده ورده به‌ره‌و ژێرزه‌مینه تاریک و شێداره‌کان دووری خسته‌وه.
((له‌سه‌ر چیچکان ڕایانگرتووه. ته‌نێکی درێژکۆله‌یان له‌ژێر ناوه، به‌م زستانه سارده له شه‌رم و له حه‌ژمه‌تا، شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌یه، چه‌ند لێیان ده‌پاڕێته‌وه، دهخیلیان ده‌بێ، به‌قوربان و به‌ساقه‌یان ده‌بێ، بێهووده‌یه… جووتێک له‌م ڕه‌نگ و نیشانه به‌دیار سهرێوهن، له پڕێکا پێکه‌وه به‌رزه‌پێ هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه وهه‌ریه‌که خۆی به‌سه‌ر شانێکیدا ده‌دا، هۆگر، ژێرزه‌مینه‌که له ده‌نگ و فیزاح پڕده‌کا، که‌چی شه‌پۆلی ده‌نگ دڕ به‌چوار دیواره‌که نادا، ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر له ژێرزه‌مینه‌که‌دا ده‌نگ و فیزاحهکان کپ ده‌بن و ده‌مرن، هۆگر، به‌ده‌م تاو و تێی شه‌رم ئازاره‌وه پانتۆڵه‌که‌ی هه‌ڵده‌کێشێته‌وه، ده‌تلیسێته‌وه و ڕه‌هێڵ ده‌بێ…))
بایه‌کی سارد هه‌ڵیکردێ. به که‌له‌به‌ری جل و به‌رگه‌که‌یدا دزه‌ی کرد. موچوڕکێک به‌له‌شیدا هات و چوو. ددانه‌کانی هاڵ ده‌بوونه‌وه. له‌شی جقه‌ی ده‌رده‌کرد. ته‌نگه‌نه‌فه‌س و په‌رێشان ده‌ینواند، دوگمه‌یه‌کی مرادخانییهکهی ترازاند. سه‌رێک به به‌رده‌م چه‌تره‌که‌دا هات و چوو.. سه‌ری هه‌ڵێنا، په‌ڵه‌یه‌ک هه‌وری به‌رگن ئاسا به‌رزه‌فڕ تێده‌په‌ڕی. وه‌ک نیازی هه‌بێ له دوور بیبارێنێ. سه‌رنجی که‌وته شوێنیان. که‌چی وه‌ک دیارده‌یه‌کی چاوخهڵهتێن ته‌واو له‌وه ده‌چوو مناره‌کان بن به شینایی ئاسماندا ڕه‌ت ببن. له‌سه‌رخۆ که‌وته گهزکردنی قیرتاوه‌که و گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو جیهانه تایبه‌تییه‌کی خۆی:
((وه‌لبه له‌به‌ر چاوم پیره‌مێرد، ئه‌مانه هه‌رکه منداڵێکیان لێ ونبوو، ته‌که ته‌ک له‌بنی دنیاوه ده‌گه‌نه سه‌رمان و ده‌ماندۆزنه‌وه، بڕۆ ناوی وه‌هامان له‌لا نییه…))
هه‌ستی به ته‌ڕایه‌تی لووتی کرد. خۆشی نه‌یزانی داخۆ له سه‌غڵه‌تی و دڵه‌ی کهیلێوهیه یان له‌به‌ر کزه سارده‌که‌یه وا چاو و لووتی نمناکن. ده‌سڕه‌که‌ی له به‌رباخه‌ڵی ده‌رهێنا و چه‌ند جارێ به‌ڕوخسار و کهپوویدا هێنا و نایه‌وه جێی خۆی. جانتاکه‌ی به‌شانیدا هه‌ڵواسی. ده‌سته‌کانی ئاخنییه گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌ی. له‌سه‌رخۆ تا ده‌روازه‌ی مزگه‌وته‌که چوو. گه‌ڕایه‌وه و به‌چوار که‌ناردا ههڵیڕوانی. پاسی گه‌ڕه‌کی خۆیانی به‌دی نه‌کرد. ده‌یویست زوو بگاته‌وه ماڵه‌که‌ی خۆی.
دیسان گه‌ڕایه‌وه نێو جیهانه‌که‌ی خۆی ((تاوێکی دی ده‌گه‌مه ماڵه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ری کۆڵانه‌که ده‌رکه‌وتم حه‌پسه به هه‌ڵه‌داوان به‌پیرمه‌وه دێ و ده‌پرسێ:))
((ئه‌وه هه‌ر خۆتی پیاوه‌که؟.. ئه‌دی هۆگر کوا؟))
((با پشوویه‌ک بده‌م، له نووکه‌وه بۆت ده‌گێڕمه‌وه.))
((له‌وه‌تی ڕۆیوی چاوم ده‌فڕێ!))
((ئه‌گه‌ر بڵێی منیش دڵم پێیده‌وتم ئێستا له‌ماڵه‌وه، له‌گه‌ڵ حهپسهدا سه‌ری قسه‌یان دامه‌زراندووه!))
((ئه‌وه‌تا به‌شه کفته‌که‌ی هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستێ. وتم ئه‌وا له‌پڕ خۆی به‌ماڵدا کرد و برسیی بوو؟))
*
پووره حه‌پسه ته‌زبیحێکی ڕه‌شی ده‌رێژی پێیه. به‌رماڵێک ده‌کاته کۆڵی و توند له‌ملی گرێ ده‌دا.. کووڕ به‌ڵام زیته‌ڵ. ناوبه‌ناو تا ده‌رگه‌ی ده‌ره‌وه ده‌چێ. سه‌رێ به‌لای ڕاست و سه‌رێ به‌لای چه‌پێ کۆڵانه‌که‌دا لار ده‌کاته‌وه. دوای دڵنیایی ده‌چێته‌وه ژووره‌وه. ده‌رگاکه‌یش کلادهخات. ئه‌وا بۆ نزیکه‌ی ساڵێک ده‌چێ، تاکو سه‌عات نه‌گاته ده‌ی شه‌و و هه‌ورازتریش ده‌رگه‌ی حه‌وشه داناخات. له ژووره‌وه سه‌ماوه‌ری تێخستووه، قوڵه قوڵ ده‌کوڵێ. له‌ولایشه‌وه له‌سه‌ر خوانێکی چکۆله، دوو قابله‌مه سه‌ریان نراوه‌ته‌وه. ئه‌و خوان و سهماوهرهیش تا سه‌عات له ده‌ی شه‌وی ههڵنهبوێرێ کۆ ناکرێنه‌وه.. پووره حه‌بسه، چێشتهنگاوان بهزهمیلهیهکهوه ده‌گاته نێو بازاڕ. چه‌ندی بۆ هه‌ڵبسووڕێ سه‌وزه و میوه‌ی تێده‌کات و له ژێر عه‌بایه‌که‌ی ده‌نێ. دوو جاران له‌به‌ر شاره‌وانییه‌وه هه‌تا ده‌رگه‌ی قه‌یسه‌ری نه‌قیب ده‌چێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه. چاو ورد ده‌کاته‌وه… دواتر ده‌گاته چایخانه گه‌وره‌کانی شار. یه‌که یه‌که سه‌ریان پێدا ده‌کات و ئه‌م پرسیاره‌یان لێ دووپات ده‌کاته‌وه: (( ئه‌رێ دایکی خۆت به‌سه‌ده‌قه‌ی سه‌رت بێ.. کوڕێکی لاوچاک، تا ده‌ست هه‌ڵبڕی که‌ڵه‌گه‌ت، قژ لوول، گه‌نمڕه‌نگ، ڕووخۆش، بندهستێ کتێبی پێیه، چاکه‌تێکی نیلی و پانتۆڵێکی بۆری له‌به‌ردایه، داخۆ ئه‌مڕۆ ڕێی نه‌که‌وتۆته لات و چایی لێره نه‌خواردۆته‌وه؟))
*
مام که‌ریم گه‌ردنی هه‌ڵێنا.. له ڕوانینێکدا سه‌رنجی له‌سه‌ر دیواره‌که‌ی ئه‌وبه‌ر گیرسایه‌وه. به‌خه‌تێکی سووری تۆخ له سه‌ری نووسرابوو، به‌ڕه‌ش کوژێنرابۆوه.. دیسان گه‌ڕایه‌وه نێو جیهانه تایبه‌تییه‌که‌ی..
((کوڕی خۆم، شه‌وێ به‌خه‌به‌ربووم. وتم با له‌به‌ر چاوی هاوڕێکانی به‌خۆیدا نه‌شکێته‌وه…))
((بۆچیی خوانه‌خواسته هیچی خراپم کردووه؟))
((نه‌موتووه خراپ کوڕم.. به‌ڵام حه‌پسه بزانێ شێت و شبر ده‌بێ.. چاکت کرد ئێواره ڕاستیی سپرایهکهت له‌لا نه‌درکاند، ئه‌گینا مێشکی کون ده‌کردم. دوای ئه‌وش ئه‌نجامی ئه‌م کاره به‌چی ده‌گات؟))
((شڵه‌قاندنی گۆمێکی وه‌ستاوه. که جێده‌ستم دیاربووو ئه‌وسا هه‌ست به‌بوونی خۆم ده‌که‌م.. کاتێک به‌شه‌قامه‌که‌دا ڕه‌تده‌بم واده‌زانم باڵام له دارته‌له‌کان بڵندتره..))
مام که‌ریم به‌ده‌وری خۆیدا چه‌رخا. په‌نگاوی خه‌ڵکه‌که ته‌واو ڕه‌ویبۆوه. تاکو ته‌رایه‌ک له وێستگه‌ی پاسه‌کان مابوون. ڕێبواره‌کان به‌لایدا ڕه‌تده‌بوون و گورجتر هه‌نگاویان هه‌ڵده‌گرت. خۆر له‌وه‌دابوو که‌لی داراغا ماچ بکات.. سینگی به هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ کشا و دڕی بهمرادخانییهکهی دا..
له دوور هه‌رزه‌کارێک به‌دیارکه‌وت. مام که‌ریم ته‌واو لێی وردبۆوه.. ((ئه‌وه‌تا جانتاکه‌شی له بنده‌ستدایه، باڵای، ڕه‌نگی، ڕووی گه‌شی، ڕۆیشتنی، هه‌مووی خۆیه‌تی…))
مام که‌ریم نه‌ختێ چاوی گڵۆفت و وردتر بۆی ڕوانی.. له‌وه‌دابوو جانتاکه‌ی شانی فڕێبدات و باوه‌شی بۆ بکاته‌وه. کاتێ هه‌رزه‌کاره‌که پێیوت:
((به‌خێربێیته‌وه، هه‌واڵی هۆگرت چنگ که‌وت؟))
((ئه‌مه تۆی هیوا؟.. نازانم بڵێم چی.. ئه‌دی تۆ.. له‌م ماوه‌یه‌دا، که لێره نه‌بووم، هیچ سۆراخت نه‌کردوه؟))
((به‌داخه‌وه مام که‌ریم هه‌واڵی نازانم!))
مام که‌ریم تاس بردییه‌وه و سست بوو.. قه‌ده‌رێک بێئه‌وه‌ی ورته‌ی له ده‌م ده‌ربێت وشک وه‌ستا و به‌جووتێک چاوی کراوه‌وه سه‌رنجی دووری ده‌دا، ئه‌مجا ڕووی تێکرد و پێی وت:
((پاس نه‌ماوه، پێکه‌وه ده‌ڕۆینه‌وه.))
له دوور منداڵێک ده‌رکه‌وت.. ڕوه‌و وێستگه‌ی پاسه‌کان ده‌هات و هاواری ده‌کرد: ((ڕیشۆڵه، ئه‌و دانه‌یه‌م ماوه..))
مام که‌ریم له‌و هاواره دره‌نگوه‌خته منداڵانه‌یه سڵه‌مییه‌وه و ڕووی بۆ لای ده‌نگه‌که وه‌رچه‌رخاند.. منداڵه‌که له به‌رانبه‌ریاندا وه‌ستا. له سه‌رماندا لێوه‌کانی وشک هه‌ڵاتبوون.. توند پێیه‌کانی ڕیشۆڵه‌که‌ی له قولی مستیدا گرتبوو. ڕیشۆڵه باڵه‌کانی ته‌واو کرابوونه‌وه و ملی به‌لاره‌وه نابوو.. مام که‌ریم ماوه‌یه‌ک به‌سیمای منداڵ و ڕیشۆڵهکهیدا ههڵیڕوانی و وتی:
((بیده به‌مامی خۆت.))
((ده‌کاته سه‌د فلس.))
سه‌د فلسه‌که‌ی نایه قولی مستی و ڕیشۆڵه‌که‌ی لێ وه‌رگرت. چووه چه‌قی گۆڕه‌پانه‌که و تا هێزی تێدابوو هه‌ڵیدا.. ڕیشۆڵه‌که، سه‌رتا داهاتاوه، له‌وه‌دابوو ژێرسکی بدا له قیره‌که؛ به‌ڵام ورده ورده هه‌ڵسایه‌وه و ڕووی له مزگه‌وته‌که کرد. چه‌ند جارێک به‌لای ڕاست و چه‌پدا چه‌رخا، دواجار له‌سه‌ر گومه‌زی مزگه‌وته‌که تێکه‌ڵ به کۆتره‌کان بوو..
مام که‌ریم هاته‌وه سه‌ر پیاده‌ڕه‌وه‌که. ده‌ستی هه‌ڵبڕی. تاکسییه‌ک لایدایه که‌نار.. ده‌رگه‌ی پێشه‌وه‌ی کرده‌وه. جانتاکه‌ی له شوێن پێکانی دانا و (هیوا)ش ده‌رگه‌ی دواوه‌ی به‌یکدا دا.. دوای چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک ته‌واو دووری خستنه‌وه.
سلێمانی،1982
بڕوانه: نووسه‌ری کورد ژماره (10)، خولی دووه‌م، 1982
کاتی خۆی له لایه‌ن مامۆستا (ڕه‌وف عوسمان)ه‌وه به‌عاره‌بی کراوه و له گۆڤاری (الاقلام)دا بڵاوبۆته‌وه.
که‌لی داراغا: به‌شێکه له زنجیره چیای دارمازه‌ڵه، به‌سه‌ر دێی (داراغا)دا ده‌ڕوانێ و به‌ره‌و دیوی قه‌ره‌داخ کاروانه ڕێیه‌کی سه‌ختی پێچه‌ڵپێچی پێدا سه‌رده‌که‌وێ.
ڕهشهڕا هات: به‌یه‌کجاریی ونبوو، بزر بوو