ڕه‌گوڕیشه سایكۆلۆجێکانی کۆمه‌ڵکوژی (جینۆساید)
ڕه‌گوڕیشه سایكۆلۆجێکانی کۆمه‌ڵکوژی (جینۆساید)
– به‌شی یه‌که‌م –
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان/ سیدنی
selah.germian@yahoo.com.au
مه‌به‌ست له‌م نوسینه ناساندنی ئه‌و ڕه‌هه‌نده سایكۆلۆجیانه‌یه كه بونه‌ته هۆیی به‌رپاكردنی ئه‌و تاوانه جه‌رگبڕانه مێژووی مرۆڤ به‌خۆیه‌وه بینیوێتی و ئامانجی قڕكردن و له‌ناوبردنی كۆمه‌ڵه ئه‌تنیك و ئاینی و مهزههبێكان بووه، یان ئه‌وانه‌ی بونه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی بارودۆخ بڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌نجامدانیان، یان بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تێوه‌گلێن له به‌جێهێنانی ئه‌و تاوانانه. نوسینه‌که باس له شێوه‌كانی كه‌سایه‌تی تاوانكارانی جینۆساید و بارودۆخ و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تێكان كه ئه‌و تاوانانه تیاندا به‌رپاكراون و ئه‌م ته‌وه‌رانه ئه‌خاته ژێر تیشكی باسه‌وه:
:: سایكۆلوجی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار
:: سایكۆلۆجی كه‌سایه‌تی سته‌مکار
:: سایكۆلۆجی شه‌ڕه‌نگێزی
:: سایكۆلۆجی جه‌ماوه‌ر
:: سایكۆلۆجی ملكه‌چی
له ڕوانگه‌ی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌وه، نوسینه‌كه تیشك ئه‌خاته سه‌ر تاوانه‌كانی دیكتاتور وڕژێمه لهناوچوهكهی عیراق له كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال له كوردستاندا.
به درێژاێی مێژوو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، شه‌ڕ و به‌گژداچوون و هێرشبردن و پێكدادان و کوشتاری زۆری به‌خۆوه بینیوه له نێوان هێزی ده‌سه‌ڵاتداره‌کان كه هه‌رده‌م له هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن خاک و ملكه‌چكردنی گه‌لان بوون و هێزه به‌رهه‌ڵستکار و نه‌یاره‌کانیاندا. سوپاكانی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌زن ته‌واوی وڵات و ده‌ڤه‌ره‌کانی نێوان ماسادونیا و هیندستانیان خسته ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه و له‌گه‌ڵ پێشهوهچونیان كوشتن وبڕین ئه‌بوه به‌شی ئه‌وانه‌ی كه به‌ره‌و ڕوویان ئه‌بونه‌وه یان ڕێیان لێ ئه‌گرتن. ده‌ست ودایرهی جه‌نگیزخان و تیمورلنگ و هۆلاكو، زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیایان داگیركرد ودهستیانكرد به كوشتن و تاڵان و سوتاندن و ێرانكردن. له ڕۆژئاوای مه‌سیحیه‌ت وله‌ژێر سێبه‌ری كه‌نیسه‌دا، چه‌ندین ملیۆن له خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌مریكا له لایه‌ن ئیسپانهكانهوه كه‌وتنه ژێر شاڵاوی كۆمه‌ڵكوژی له پاش دۆزینه‌وه‌ی كیشوه‌ری تازه‌ی ئه‌مریكا. پاش ئه‌وانیش ئینگلیزه‌كان بوونه ته‌واوكه‌ری پرۆسه‌ی له‌ناوبردنیان تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی بكه‌ونه قڕكردنیان به بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئاوڵه له نیوانیاندا.
هێزه داگیركه‌ره‌كان هه‌مان شێوه‌ی نامرۆڤانه‌یان به‌كارهێنا دژ به خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی مه‌كسیك و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌مریكای لاتین و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا. گه‌لانی ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین به‌وپه‌ڕی توندوتیژی و بێبه‌زه‌ییه‌وه خرانه ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه كۆلۆنیالیزمهكانی ئه‌ورپاوه، له پێشبڕكیاندا بۆ زه‌وتكردنی سامانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ر هه‌ڵمه‌تی داگیركردنیان ئه‌كه‌وتن. چه‌ندین ملیۆن مرۆڤ بونه قوربانی سه‌ره‌ڕۆیی و هه‌ڵه‌شه‌یی وتهماعكاری ئیمپراتۆر و پادشا وحاكم وفه‌رمانده‌ی هێزه سهربازێكان، به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی به‌رگریكردنی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه دژ به هێزه داگیركه‌ره‌كان. چه‌ندین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی كه‌م وێنه ئه‌نجامدران به‌مه‌ستی جینۆسایدكردنی گروپه ئه‌تنیك و ئاینی و مه‌زهه‌بییه‌كان.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ملیۆن ونیوێك ئه‌رمه‌نی به‌ده‌ستی توركه عوسمانێكان له‌ناوبران. نازێكان له ئه‌ڵمانیا، له نیوان ساڵاَنی 1938- 1945 قه‌سابخانه‌ی هۆلۆكۆستیان ئه‌نجامدا دژ به جوله‌كه‌كان، سلاڤێكان، كۆمۆنیسته‌كان، قه‌ره‌جه‌كان، هۆمۆسیكسوهڵهكانHomosexuals ، و دیله ڕوسه‌كان، که له ئه‌نجامدا شه‌ش ملیۆن قوربانی لێکه‌وته‌وه. ڕژێمی ستالین له ساڵانی 1932- 1933 هه‌ڵسا به له‌ناوبردنی حه‌وت ملیۆن له ئۆكرانێكان به برسیكردنیان تا گیان له‌ده‌ستدان. سه‌ره‌ڕای ده‌رچونی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتۆكان له ساڵی 1948 که به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له ئه‌نجامدانی تاوانی له‌ناوبردنی مرۆڤ بوو، تاوانی زۆر ناڕه‌وا ئه‌نجامدرا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابوردوودا. له لایه‌ن خومیره سووره‌كانه‌وه له كامبودیا كۆمه‌ڵكوژی دژ به نه‌یارانیان به‌رپاکرا. رژێمی دیكتاتۆری له‌ناوچووی عێراقیش شاڵاوی ئه‌نفالی له كوردستان بۆ له‌ناوبردنی گه‌لی كورد ئه‌نجامدا. له ئه‌فریقا چه‌كداره‌كانی هوتۆ كوشتاری به‌كۆمه‌ڵیان ئه‌نجامدا دژ به خیڵه‌كانی توتسی له ڕواندا. له ده‌ڤه‌ری دارفور هێزه‌كانی جه‌نجه‌وید به پاڵپشتی حكومه‌تی سودان تا ئه‌مرۆش به‌رده‌وامن له به‌رپاكردنی كۆمه‌ڵكوژی دژ به خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره.
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێشه‌کییه‌ی سه‌ره‌وه و به‌پێی پێناسه‌ی ڕافائیل لیمکین (1900-1959)Raphael Lemkin، جێنۆساید کرده‌وه‌یه‌کی پراکتیزهکراوی کۆنه له بره‌وپێدانی نوێیدا و بریتیه له به‌جێهێنانی کرده‌وه‌ی درێژخایه‌ن به‌مه‌به‌ستی وێرانکردنی بنه‌ما سه‌ره‌کێکانی ژیانی کۆمه‌ڵه نهتهوهێکان. ئه‌مه‌ش هه‌وڵدانه بۆ له‌ناوبردنی سه‌رتاپای ئه‌و کۆمه‌ڵانه.
کۆمه‌ڵکوژی و له‌ناوبردنی بنه‌ماکانی ژیانی هه‌زاران که‌س و وێرانکردنی شار و گونده‌کان و سوتاندنی ته‌ر و وشک، له توانای تاکه که‌سێک یان گروپێکدا نیه، گه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی به‌شدار نه‌بن تیایدا. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به ملکه‌چ بونیان بۆ بڕیاری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان، به‌بێ هۆشیاری و درککردنیان به پلانی دارێژراوی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، تاوانی کوشتن و قڕکردن ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. نه "نیرۆن"، نه "حه‌جاج"، نه "ته‌یمورله‌نگ و هۆلاکۆ، له سه‌رده‌می کۆندا، نه هیتله‌ری سه‌رکرده‌ی نازێکانی ئه‌ڵمان و مۆسۆلینی سه‌رکرده‌ی فاشێکانی ئیتالیا، نه سه‌ددامی دیکتاتۆر یان نه میلۆسۆڤیچی سه‌رۆک پێشووی سیربیا ، نه سه‌رکرده‌ی پۆلپۆت له کامبۆدیا، یان سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕواندا "هابری مانا"، له سه‌رده‌می نوێ‌دا که‌سیان به‌خۆیان یان له‌گه‌ڵ داروده‌سته‌کانیان هه‌ڵنه‌سان به‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان دابوو.
گه‌ر باش بڕوانینه ئه‌و هۆکارانه‌ی له پشت ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه‌وه‌ن که هه‌ر یه‌کێکیان جیاوازه له‌وی تریان به پێی ئه‌و سه‌رده‌م وبارودۆخه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تیایدا ڕوویانداوه، هه‌روا به گوێره‌ی شێوه و چۆنێتی ئه‌و ڕژێم و گه‌وره یاریکه‌رانه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یان به‌رپاکردوه، ده‌رئه‌که‌وێت که له پاڵ فاکتره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئابورێکانهوه، کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر و ڕه‌هه‌ندی سایکۆلۆجی هاوبه‌ش هه‌ن، رۆڵی سه‌ره‌کییان بینیوه له ڕوودان و به‌رپابوونی هه‌موو تاوانه‌کانی جینۆساید به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌کانی مێژوو و له هه‌موو کۆمه‌ڵ و کولتووره جیاجیاکاندا.
له تۆی برگه‌کانی ئه‌م نوسینه‌دا، تیشک ئه‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕه‌هه‌نده سایکۆڵۆجیه بنه‌ڕه‌تیانه که کاریگه‌رییان هه‌بووه له به‌رپاکردنی ئه‌و جۆره تاوانانه.
سایکۆڵۆجی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار
ده‌سه‌ڵات ڕژێمی تۆتالیتا‌ر و دیکتاتۆره‌کاندا توندترین رێبازی سه‌رکوتکردن و توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ دژ به نه‌یارانی ئه‌گرێته‌به‌ر له‌پێناو مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی. به‌هه‌موو جۆرێک هه‌وڵئه‌دات که به‌رهه‌ڵستکارانی ملکهچکات یان بیانکاته لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، چونکه تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بواره‌دان که تێیدا ئه‌ژین تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ئه‌بن به به‌شێک لێ. هه‌ر وه‌کو کیورت لێڤین (1890-1947)Kurt Lewin دامه‌زرێنه‌ری تیۆری سایکۆلۆجی "بوار" جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ئه‌کات که تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ له نیوان خۆیاندا له یه‌کتری جیان به‌گوێره‌ی جیاوازی و گۆڕانی ئه‌و بوارانه‌ی که تێیدان، به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ر مرۆڤێک ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بواره‌یه که ئه مرۆڤه تێیدایه له کاتی نواندنی هه‌ڵسوکه‌وته‌که‌ی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی رژێمێکی تۆتالیتاردا کارئه‌که‌ن، یان ئه‌وانه‌ی له بازنه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دان، شێوازێکی تایبه‌تیان پێوه ده‌رئه‌که‌وێت، کاردانه‌وه‌ی بواره‌کانی ده‌سه‌ڵات به سه‌ریانه‌وه دیاره و ئه‌بێته هۆی گۆڕانکاری له تایبه‌تمه‌ندی که‌سایه‌تییان به تایبه‌تی له‌سه‌ر کاسانێکی لاواز که تایبه‌تمه‌ندی ڕاڕایی و هه‌لپه‌رستی له که‌سایه‌تیاندا به‌دی ئه‌کرێت.
سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی توندوتیژی دژ به نه‌یارانی، ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کی سایکۆلۆجی ئه‌وتۆی هه‌یه جیای ئه‌کاته‌وه له شێوه‌کانی تری ده‌سه‌ڵات له‌وانه: بێ متمانه‌یی به جه‌ماوه‌ر، ترس و وریابوون، په‌نابردنه به‌ر فروفێڵ و مه‌کربازی، گوشارخستنه‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که دڵسۆزی نانوێنن تا ئه‌گاته ئه‌وه‌ی گۆشهگیریانکات و دوریانخاتهوه له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و کارتێکردن. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار خوڵیای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌که‌ن و بوونی ئه‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌کاتێکدا په‌نا ئه‌باته بانگه‌شه‌کردن بۆ په‌یڕه‌وکردنی دادوه‌ری و هه‌ڵدانی بانگی ئازادی، له‌هه‌مان کاتدا له‌هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی خۆپه‌رستی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیی، هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی له‌خۆیدا ئه‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دوفاقی له‌ناوخودی خۆیدا.
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕژێمه دیموکراتێکانهوه، ڕژێمه تۆتالیتاره‌کان بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتییان په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر سه‌ختترین جۆری توندوتیژی و نواندنی دڵڕه‌قی دژ به که‌س و لایه‌نه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ. زۆر جار یاسا‌و و بڕیاری ناڕه‌وا ده‌رئه‌که‌ن و بارودۆخی نائاسایی ئه‌سه‌پێنن و ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ربڵاو ئه‌سپێرن به داموده‌زگا سهرکورتکارهکانیان که ئه‌بێته هۆی دروستبوونی دابڕانیان له جه‌ماوه‌ر و تا دێت که‌لێنی نێوانییان پانتر ئه‌بێت (که زۆر جار که‌لینێکی ده‌روونییه) تا ئه‌گاته سه‌رهه‌ڵدانی حاڵه‌تی نامۆی له‌لای ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا.
ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر باوه‌ڕی به جه‌ماوه‌ر نیه، چونکه به ئاگایه له‌وه‌ی که خۆی سه‌پاندوه و جه‌ماوه‌ر هه‌ڵینه‌بژاردوه، بۆیه به‌رده‌وام له حاڵاتی ترس و هه‌ڕه‌شه‌دا ئه‌ژێت و له هه‌ر جووڵه و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی هه‌موو که‌س و لایه‌نێک سڵئهکاتهوه نه‌بادا ببیته هۆی ووروژاندنی جه‌ماوه‌ر. بۆیه به‌وپه‌ڕی توندوتیژییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره جووڵانه‌وانه ئه‌بێته‌وه به مه‌بستی تۆقاندن و چاندنی ترس له‌لای خه‌ڵکانی تر. زۆر جاریش په‌نا ئه‌برێته به‌ر شێوازی ده‌روونی بۆ تۆقاندن یانیش به شێوه‌ی بره‌وپێدان به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشتنی سۆز و پشتیوانیکردنیان. هه‌روه‌ها پهنائهباته به‌ر فڕوفێڵ و مه‌کربازی وچه‌واشه‌کاری و کۆنترۆڵکردن و جاسوسی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر له‌بری ڕاستگۆیی نواندن و شه‌فافییه‌ت و دیالۆگ له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌و دۆگما (Dogma)یه‌ی زاڵه به‌سه‌ر هرزی ده‌سه‌ڵاتداراندا که ڕێگره له‌سه‌ر داننان به ڕاوبۆچوونی جیاواز و نرخاندنی به‌رانبه‌ر، چونکه سڕینه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر و دابڕاندن ڵێیان یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندێکانی ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتانه.
موسكوڤیجی (1984) Moscovici ئه‌ڵێت حیزبی نازی دهنگدانهوهێکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی لای ئه‌ڵمانه‌کان وه‌ده‌ستهێنا به هۆی دوپاتکردنی په‌یامه‌کان و دروشمه‌کانیان بۆ ماوه‌ی نزیک له بیست ساڵ. کاتێک باری کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌رهات و زیاتر گونجاو بوو له‌گه‌ڵ په‌یامه نهگۆڕهکانیاندا، خه‌ڵکی مه‌یلی قه‌بووڵکردنی زیاتری هه‌بوو بۆ بانگهشهکردنهکانیان. نازێ‌کان هیچ درێخی‌یان نه‌کرد له‌م شێوازه تا لای ئه‌ڵمانه‌کان وه‌ک ڕاستگۆ ده‌رکه‌وتن. لاتانی Latane به پێی تیۆری کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داینامیک Dynamic Social Impact Theory پێی وایه که ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی که خه‌ڵکی له‌سه‌ر ئاڕاسته و باوه‌ڕ و هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌که‌س دایئه‌نێت، له ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه (پایه و ئه‌زمون) و دوورونزیکی (ماتریاڵی و کۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت، له گه‌ڵ چه‌ند کاریگه‌رییه‌کی تریش. له‌گه‌ڵ کات تێپهربووندا ، تا دێت باوه‌ڕهێنان زیاتر ڕوونتر و ئاسایی ئه‌بێت و قهبووڵئهکرێت له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار زۆر چاک ئاگاداری سایکۆلۆجی جه‌ماوه‌ره وئه‌زانێت که جه‌ماوه‌ر هه‌رکاتێک بارودۆخی شیاوی بۆ بڕه‌خسێت به‌ڕوویدا ڕائه‌په‌ڕێت، ئه‌وکاته‌ش زۆر سه‌خته بۆ داموده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕووبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ر بوه‌ستنه‌وه. بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار هه‌رچه‌نده خاوه‌نی داموده‌زگای سه‌رکوتکه‌ره، په‌نا بۆ هه‌موو شێوه ئامرازێکی تر ئه‌بات بۆ شێواندنی ڕاستێکان و به شێوه و ڕوخسارێکی دور له واقیع خۆی نیشان ئه‌دات به‌مه‌بستی پاساوکردنی کاره ناڕه‌واکانی و که‌مکردنه‌وه‌ی ئاستی شکست و دۆڕان که دووچاری ئه‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها که‌رسته‌ی میدیاکانی ئه‌خاته گڕ له‌پێناو مێشک شوشتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و سڕکردنی بیروهۆشیان.
رژێمه تۆتالیتارێکان سوود له به‌کارهێنانی میدیا وه‌رئه‌گرن بۆ شێواندنی هۆشی جه‌ماوه‌ر و بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنێته پای پاڵپشتیکردنی و ئاگری دوژمنکاری دژ به نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات تیایاندا ههڵئهگیرسێنێت. زۆر جار ده‌سه‌ڵاتداران په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر قۆرخکردنی فاکته‌ره سایکۆلۆجییه کۆمه‌ڵایه‌تێکان بۆ ئه‌نجامدانی پلانه‌کانیان، ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتووبن ئه‌وا له‌گه‌ڵ به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تێکان ئه‌گونجێن. گه‌ر بڕوانینه ڕاگه‌یاندن و ئه‌ده‌بیاتی ئیلیتی ده‌سه‌ڵاتداری ڕژێمه سته‌مکاره‌کان که تاوانی جینۆسایدیان ئه‌نجامداوه، به ڕوون و ئاشکرا قوربانیانی تاوانه‌کان، به یاخیبوون ئه‌خه‌نه‌ڕوو، نه‌ک هه‌ر به‌سووک وڕیسواییه‌وه ناویان ئه‌به‌ن به‌ڵکو وه‌ک که‌سانێکی شه‌ره‌نگێز سه‌یرییان ئه‌که‌ن و ئه‌یانخه‌نه خانه‌ی دوژمنانه‌وه.
میدیای سیربه‌کان وه‌ک نموونه، هانی خه‌ڵکی ئه‌دا به ووروژاندنی هه‌ستی ڕقی ڕه‌گه‌زپه‌رستێتی تیایاندا له ڕێگای چه‌واشه‌کردنی ڕووداوه مێژووییه‌کان و ههنووکهێکانهوه، له‌پێناو چاندنی ترس و گیانی دوژمنایه‌تی لای سیربه‌کان. له‌هه‌مان کاتدا خوێندکارانی قووتابخانه‌کان له‌رێگای وانه‌وتنه‌وه ئاگادارئهکرانهوه و فێرئهکران سه‌باره‌ت به‌و شهڕوکوشتارانهی له سه‌ده‌ی چوارده‌دا له کۆسۆڤۆدا ڕویاندابوو. ڕژێمی دیکتاتۆری له‌ناوچووی عێراقیش، به‌به‌رده‌وامی کوردی وه‌ک ئه‌و کافرانه پێشانئه‌دا که ئاینی ئیسلام داوای له‌ناوبردنیان ئه‌کات و ماڵ و حاڵ و ژن‌و مناڵیان حه‌ڵال ئه‌کات وه‌ک تاڵانی جه‌نگ به‌پێی ئه‌وه‌ی له سوره‌تی ئه‌نفال له قورئاندا هاتووه، جگه له ناووناتۆر به مه‌به‌ستی شێواندنی ڕاستێکان و ناوهێنانی کورد به خیانه‌تکار و نۆکه‌رانی بیانی و ئه‌و سه‌گانه‌ی پێوسته سه‌ریان پانبکرێنهوه و چه‌ندین ناووناتۆره‌ی ناشرین به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی بارودۆخه‌که و چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتی و پاساوکردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیزمییانهی ڕژێم.
تیڕوانینی به‌که‌مزانینی نه‌یاران ودوژمنان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی فیکری و ئایدیۆڵۆجی دروست ئه‌بێت و باڵئهکێشێت به‌سه‌ر هزری ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار و ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به لایه‌نه سه‌ربازی و ئابوورێکانهوه. به چه‌سپاندنی تیڕوانینی به‌که‌مزانین، ویژدان و پاڵپێوه‌نه‌ره ئهخلاقێکان ئه‌مرن و هه‌ستی مرۆڤایه‌تی نامێنێت و ئه‌بێته هۆی بته‌وکردنی ره‌گه‌زپه‌رستێتی له ئه‌نجامیشدا دورنیه له‌ناوبردنی به‌کۆمه‌ڵی بکه‌وێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌رکرده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار پێیانوایه که کرده‌وه‌یه‌کی شایسته ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. ئه‌و تیڕوانینی به‌که‌مزانینه هه‌مان تێڕوانینی هیتله‌ر و سه‌رکرده‌کانی حیزبی نازی بوو به‌رانبه‌ر جوله‌که‌کان و قه‌ره‌جه‌کان و سلاڤێکان و هۆمهسێکسۆلهکان له ئاگردانی هۆڵۆکۆستدا. تێڕوانینی سه‌ددام و سه‌رکرده‌کانی به‌عس و عروبهچێکانیش بوو به‌رامبه‌ر به گه‌ڵی کورد له قه‌سابخانه‌کانی ئه‌نفالدا، هه‌روه‌ها تهڕوانینی میلۆسۆڤچ و ناسیۆنالیسته سربێکان بوو به‌رانبه‌ر به بۆسنێکان و کرواته‌کان و تێڕوانینی سه‌رکرده‌ی خێڵه‌کانی "هۆتۆ"ش بوو به‌رانبه‌ر هاونیشتمانه‌کانیان له خێڵه‌کانی "تووتسی" له ڕواندادا.
ڕژێمی له‌ناوچووی سه‌ددام که پلانی له‌ناوبردنی کورد و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و سیسته‌می ئیکۆڵۆجی Ecosystem کوردستانی داڕشت و ئه‌نجامدا، به یه‌کێک له نمونه زه‌قه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دکتاتۆری تۆتالیتاری ئه‌ژمێردرێت. وه‌ک تووندوتێژ وخوێناویترین ڕژێمه دکتاتۆرێکان ئه‌ژمێردرێت، چونکه ئه‌وپه‌ڕی شیوه‌ی سه‌رکوتکردن و داپڵۆسینی دژ به مرۆڤی ئاسایی به‌کار ئه‌هێنا نه‌ک ته‌نیا دژ به نه‌یاره سیاسێکانی ڕژێم. زۆرجار پهنیای ئه‌برد بۆ ئه‌و کرده‌وانه ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی تۆقاندن تا که‌س بیر هیچ جۆره بیروبۆچوونیک دژ به سیاسه‌ته‌کانی ڕژێم به بیریدا نه‌یات و دژایه‌تی بڕیاره‌کانی ڕژێم نه‌کات. وه‌ک ئه‌و بڕیاره ناڕه‌وا و سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی له شیوه‌ی گوێبڕین و زمانبڕین و نیشانهکوتانی ناوچه‌وان که ڕژێمی له‌ناوچوو دهریئهکرد له کاتی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا. ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که ڕژێم په‌یڕه‌وی ئه‌کرد بریتیبوون له:
:: په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی تێوه‌گلان و تووشکردن و خستنه‌داوی به‌رپرسیاره‌تی و گرێدان به ڕژێمه‌وه، به‌و پێیه نێشانه و میدالی ئازایه‌تی ئه‌دا به‌و که‌سانه‌ی مه‌به‌ست بوون و ناساندنیان به خه‌ڵک له ڕێگای میدیاکانه‌وه، ڕواندنی ئه‌و جۆره هه‌سته له‌لای ئه‌و که‌سه‌ی خه‌ڵات ئه‌کرا، که چیتر به‌شێکه له‌و ڕژێمه و هاوکار و هاوبه‌شه له ئه‌نجامدانی سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته. ئه‌وه‌ش ئه‌بوه هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه ببێته که‌سێکی شێواو وداڕوخاو و گێرۆده‌ی ده‌سه‌ڵات، بێجگه له داکۆکیکردن هیچی تری بۆ نه‌کرێت، چونکه چاره‌نوسی به‌سترا به چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
:: به‌رپاکردنی هه‌ڵمه‌تی ئیعدامکرنی ئاشکرا به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه له گۆڕه‌پانه گشتێکان و یاریگا وهرزشێکان و زۆرلێکردن له خه‌ڵکانی ئاماده‌بوو بۆ چه‌پله‌لێدان و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی. ڕژێم هه‌ڵئه‌سا به هاندانی خه‌ڵک له ڕێگای خه‌ڵاتکردنیان به نیشانه‌ی ئازایه‌تی کاتێک ده‌سه‌ڵاتیان ئاگادار بکردایه‌ته‌وه له کوڕ و براکانیان له‌وانه‌ی دژ به ده‌سه‌ڵات ولاریبوون له‌وه‌ی ببن به سه‌رباز و ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ بکرێن. ئه‌و کرده‌وانه‌ش ڕۆڵێکی زۆری هه‌بوو له تێکدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تێکان و په‌یوه‌ندی تاکه‌کانی ناو خێزان.
:: داموده‌زگاکانی میدیای ڕژێم په‌یتاپه‌یتا دیمه‌نی تۆقێنه‌ری دهرگیرێکانی جه‌نگ و لاشه‌ی سه‌ربازه ئێرانێکانی پێشان به بینه‌رانی ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌دا له ساڵانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، به‌تایبه‌ت له کاتی ئێواراندا و زۆرجاریش له کاتی پیشاندانی به‌رنامه‌ی مناڵاندا. مه‌به‌ستیش له‌وه به ڕوونی چاندنی گیانی شه‌ره‌نگێزی لای خه‌ڵک و به‌تایبه‌تیش لا مناڵان و هه‌رزه‌کاران، تا نه‌وه‌یه‌کی جۆشکراو به بیروبۆچونی سۆڤینزم و شه‌ره‌نگێز بهێنێته کایه‌وه.
:: سه‌رانی ڕژێم هانی به‌رپرسه‌کان و سه‌ربازه‌کانی سوپایان ئه‌دا بۆ تاڵانکردن و ڕوتاندنه‌وه، ئه‌وه‌ش دیار و ئاشکرا بوو له کاتی داگیرکردنی شاره سنورێکانی ئێران و داگیرکردنی کوێت و شاڵاوی ئه‌نفالدا. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ڕژێمی دیکتاتۆر له سه‌ر ته‌واوی خه‌ڵکدا هه‌بوو. زۆر به زه‌قیش ده‌رکه‌وت له کاتی ڕوخاندنی ڕژێمدا که دزی و تاڵانکردن سه‌رتاپای داموده‌زگا دهوڵهتێکانی گرته‌وه تا ئه‌گاته موزهخانی نیشتمانی.
* * *
به‌شی داهاتوو؛
سایکۆڵۆجی که‌سایه‌تی سته‌مکار، سایکۆڵۆجی شه‌ڕه‌نگێزی، سایکۆڵۆجی جه‌ماوه‌ر و سایکۆڵۆجی ملکه‌چی ئه‌گرێته خۆ.