Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
برێڤ…..ڤال

برێڤ…..ڤال

Closed
by October 6, 2008 گشتی

 رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه‌
 Sherzad.heini@gmail.com

 ڤال
 
 به‌رێکه‌وت هونه‌رمه‌ندێکی ناسیارم له‌ ئاهه‌نگێکی خێزانی بینی، به‌گه‌رمی پێشوازییم لێکرد، زانیبووم، له‌م زووانه‌ گه‌یشتووته‌ سوید، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م به‌س بوو که‌ وتم، چۆنی، به‌رنامه‌و رۆژانه‌ت چۆنه.‌.. له‌ وه‌ڵامدا وتی، من بێزارم، ئه‌وه‌ی ده‌مبینی بۆ هاتی، که‌ی گه‌یشتی، له‌م وڵاته‌ ساردو تاریکه‌ چی ده‌که‌یت، ئێمه‌ ئیقامه‌و ره‌گه‌زنامه‌و ڤیلاو کارو ئوتومبێل و شه‌ریکه‌مان هه‌یه‌و بێزارین، تاقه‌تمان چووه‌، که‌ هاتین گه‌نج بووین، ئه‌و وڵاته‌ پیری کردین، که‌ هاتین جووت بووین، وا له‌و وڵاته‌دا تاکین و له‌یه‌ک جیابووینه‌وه‌، مناڵمان په‌تبوون، کیژو کورمان بێ دوارۆژ ده‌سوورێنه‌وه‌، هه‌مووم پێم ده‌ڵێن، ئێمه‌ وه‌ک به‌ کاروان هاتین، به‌کۆمه‌ڵیش ده‌چینه‌وه‌، به‌برسیه‌تی هاتین، به‌برسیه‌تیش ده‌چینه‌وه‌، چه‌ندی زووتر بچینه‌وه‌،  زۆرترمان قازانجه‌.
 منیش له‌ وه‌ڵامدا بۆم گێرایه‌وه‌، پێم وت:
 منیش وه‌ک تۆ که‌ هاتم، خه‌ڵکم زۆر ده‌بینی، شه‌وێکیان لای براده‌رێک بووم، مێوانێکی هات، به‌یه‌که‌وه‌ زۆریان قسه‌کرد، باسی یاده‌وه‌رییه‌کانی هاتنی خۆیان گێرایه‌وه‌، مێوانه‌که‌ باسی هاتن و سه‌ربرده‌ی  گه‌یشتنی براکانی گێرایه‌وه‌، وتی، له‌و دوو سێ ساڵه‌دا هه‌رسێ براکه‌م هاتن، زۆریان له‌گه‌ڵ ماندووبووم، دوو خوشکم هاتن، خوشکی سێیه‌م به‌خۆی و به‌مێرده‌وه‌ به‌رێگاوه‌ن، زاوایه‌کم هه‌یه‌، من نه‌مدییوه‌، بۆ گه‌یشتنی ئه‌ویش کارئاسانیم کردووه‌، براکانی ژنه‌که‌م، دوو پووری ژن‌ براکه‌م، مامی ژنه‌که‌م، خاڵی زاوایه‌کمان، ژن برای براکه‌م، ئامۆزای زاواکه‌م، پوورازیه‌که‌م کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ی برینداربوو، خوشکێکی بێوه‌ژنم هه‌بوو، به‌مناڵه‌وه‌، هاتوون.. زۆرن، به‌رده‌وام خه‌ریکیان بووم، باشه‌ وا ئێستا برایه‌که‌م و زاوایه‌که‌م مشووری نوێیه‌کان ده‌خۆن، ئوتومبێلیان بۆ ده‌کڕن، خه‌ریکی شوورکورتیان (ئیجازه‌ی شوفێر)ده‌بن، بۆ خانوو دۆزینه‌وه‌یان، بۆ نه‌خۆشخانه‌و کۆنه‌که‌و… من ماوه‌یه‌که‌ ئیسراحه‌تم کردووه‌، خه‌مخۆری تریان بۆ په‌یدابووه‌، من سه‌رم سووک بووه‌. زۆریان به‌ده‌سته‌وه‌ ماندووبوم، به‌ڵام سه‌د شوکر وا من…
 که‌ براده‌ره‌که‌م منی به‌ مێوانه‌که‌ ناساند، وتی ئه‌وه‌ش که‌سێکی خۆشه‌ویستی شاره‌که‌مانه‌، تازه‌ دوو سێ هه‌فته‌یه‌ هاتووه‌، هێشتا وه‌ڵام و ئیفاده‌و مقابله‌ی نییه‌. ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا زۆر به‌تووره‌یی و به‌فیزه‌وه‌، وه‌ک فیشکه‌ شێته‌ به‌رووما ته‌قیه‌وه‌و وتی:
 نازانم بۆچی دێنه‌ ئه‌و وڵاته‌، بۆچی ئه‌و کوردستانه‌ جوانه‌ چۆڵ ده‌که‌ن، له‌و وڵاته‌ سارده‌ چی ده‌که‌ن، زستانان به‌فری ناتوێته‌وه‌، بارانی به‌هاری نابڕێته‌وه‌، شه‌خته‌ی ناکرێته‌وه‌، براده‌رێک نادۆزێته‌وه‌، له‌به‌ر گرانی مه‌شروبی تێدا ناخورێته‌وه‌، ناوی بێگانه‌ت له‌سه‌ر ناسرێته‌وه‌. نازانم بۆ دێن ..! منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌و وتم:
 دیاره‌ پێتان ناخۆشه‌ هاتووین، تا شوقه‌و کارو شوێن، به‌ براکانت، به‌ خوشکه‌کانت، به‌ زاوای خۆت و ژن و براژنه‌کانت ته‌نگ نه‌که‌ین.! پاش ماوه‌یه‌کی زۆر کابرام دۆزییه‌وه‌، به‌گه‌رمی له‌ ئامێزی گرتم، به‌سۆزه‌وه‌، وتی باشت ده‌ناسمه‌وه‌، شه‌وه‌که‌ی له‌ ماڵی هاورێیه‌که‌م، تازه‌ هاتبوویت، به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنم کردیت، له‌ بیرمه‌… باش بوو ئێوه‌ش له‌و کۆمۆنه‌ن، ئێوه‌ش ناوتان له‌ لیستی ده‌نگده‌رانی ئێمه‌یه‌، تا ده‌نگی کوردان بگاته‌ پێگه‌کانی ده‌سته‌ڵات، با هه‌ر کوردان له‌و وڵاته‌ جوان و ئاوه‌دان و خزمه‌تگوزاره‌ زۆربن.
 منیش به‌ نه‌رمی وتم:
 ئه‌دی ئه‌وجاره‌ تۆ وتت، وا من ده‌چمه‌وه‌، چیتر له‌و وڵاته‌ سارده‌ ناژیم..! به‌خێرایی وه‌ڵامی دامه‌وه‌و وتی‌: له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ (ڤال)، ناوی منتان له‌ بیرنه‌چێت، یه‌ک ده‌نگ بۆ من زۆره.!‌
 

Previous
Next