کورد.. ته‌نیا یه‌ک زمانی هه‌یه
کورد.. ته‌نیا یه‌ک زمانی هه‌یه
موحسین جوامێر
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه : د. ئیبڕاهیم ئه‌حمه‌د شوان
ده‌م نا ده‌مێک له لایه‌ن که‌سێک یان که‌سانێکی بێناوه‌وه، یاداشتێکم به ده‌ست ده‌گات وتێیدا داوام لێده‌کرێ که بۆیان مۆر بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی دیالێکتهکهیان ببێته زمانى خوێندن و کارگێڕی له ناوچه‌ی وان‌دا، ئه‌مه‌ش ـ گوایا ـ له پێناو پیاده‌کردنی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئه‌و دیالێكته له له‌ناوچوون و بیرچوونه‌وه ..گوشاریش ده‌خه‌نه سه‌ر حکوومه‌تی کوردستان و په‌رله‌مان بۆجێبه جێکردنی داواکه‌یان و تۆمارکردنی له ده‌ستوری کوردستاندا.. زۆربه‌ی ئه‌م داوایانه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستانه‌وه ده‌نێردرێن .
له سه‌ره‌تاوه حه‌ز ده‌که‌م به خاوه‌نى ئه‌م داوایانه بڵێم که ئه‌و دیالێکتهى من پێی ده‌دوێم وه‌کوو دیالێکته‌که‌ی وان وایه، جیاوازیى له‌گه‌ڵ ئه‌و دیالێکته ڕه‌سمییه‌ی پێی ده‌نووسم و ده‌خوێنمه‌وه؛ هه‌یه.. وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکیشم له سه‌ر ئه‌م زه‌وییه که به دیالێکتێ ده‌دوێ و به یه‌کێکی دیکه ده‌نووسێ.. وا دیاره ئه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته ده‌که‌ن ته‌نیا لای ده‌ره‌وه‌ى مه‌سه‌له‌که ده‌بینن و چمکێکى لێ به‌دى ده‌که‌ن، ناشچنه قووڵاییهکهیهوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ڕاستییه‌که و بزانن ئه‌و جۆره هه‌وڵانه سه‌ره‌تایه‌کی ترسناکه ـ بۆ دابه‌شکردن و له‌تله‌تکردنی زمانی میلله‌ته‌که‌یان.. ئه‌و زمانه‌ی هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموودی حه‌فید 1922 وکۆماری کوردستان 1946 به سه‌رۆکایه‌تیی قازی محه‌مه‌د و هه‌روه‌ها شۆڕشی ئه‌یلوولی 1961 به سه‌رۆکایه‌تیی خوالێخۆشبوو بارزانی مسته‌فاوه تاکوو سه‌رده‌می سه‌رۆکی عێراق مام جه‌لال و سه‌رۆکی کوردستان کاک مه‌سعوود و ده‌وڵه‌تی سه‌رۆک وه‌زیران کاک نێچیرڤان، یه‌کگرتوو بووه وهێشتا یه‌کگرتووه.
جێبه‌جێکردنی خوێندن به‌م دیالێکته ڕه‌سمییه‌ی هه‌نووکه له ههرچوارپهڕی کوردستان له (1970)وه و له دوای به‌یانی یازده‌ی ئازار، سه‌لماندی که ده‌توانێ ببێته زمانی هه‌موو زانسته‌کان له هه‌موو ناوچه کوردییه‌کاندا، تا وای لێهات به هۆى ئه‌و هه‌موو وشه و زاراوانه‌ی که له دیالێکته‌کانی دیکه‌وه هاتنه ناوی، وه‌کوو دیالێکت سه‌یری نه‌کرێ و به شێوه‌یه‌کی فراوان په‌ره‌ی سه‌ند.
ڕه‌حمه‌تی خوا له شه‌هید سامی عه‌بدوڕه‌حمان بێت که یه‌کێک بوو له‌و پێشه‌وایانه‌ی هه‌میشه جه‌ختیان له‌سه‌ر ( یه‌کێتیی دیالێکت ) و پارێزگاریکردن له ( یه‌کێتیی نووسین ) ده‌کرد، ئه‌م هه‌ڵوێسته نیشتمانی و عاقڵانهشى له کۆنگره‌ی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان له شه‌قڵاوه له سه‌ره‌تاى حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ده‌رخست، ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی تێیدا هه‌موو مامۆستا و پهروهردیارهکان کۆک بوون له‌سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتوو.
هه‌روه‌ک چۆن خوای مه‌زن ( دوو دڵی نه‌داوه‌ته هیچ که‌س ) به‌مجۆره‌یش نابێ دوو دیالێکتی یه‌ک زمان ببنه دوو زمانی ڕه‌سمی له یه‌ک ده‌وڵه‌ت و بۆیه‌ک میلله‌ت، بێ ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها کێشه‌ی وای لێ بکه‌وێته‌وه که هه‌رگیز خزمه‌تی نه‌ته‌وه ناکات و که‌لێن ده‌خاته ناو ئه‌و خه‌باته‌ی دڵسۆزانی میلله‌ت ده‌یانه‌وێ پێیه‌وه بگه‌نه لووتکه.. له‌وانه‌یه ئه‌م گوته‌یه‌ی به‌رێ به‌ره‌و نائومێدیمان ببات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر زوو په‌نجه له‌سه‌ر ده‌رده‌که دابنرێ و به ڕوونى نه‌خۆشه‌که تێبگه‌یه‌نرێ ـ هه‌روه‌ک خده‌ی ئهوروپییهکانه ـ زۆر چاکتره له‌وه‌ی پیاو به هیوای چه‌ند ئامانجێکی خه‌ڵه‌تێنه‌ر بێ و ئه‌نجامه‌که‌ی بگاته مردن یان به‌ڵا و نه‌زۆکى، به تایبه‌تی کاره‌که زۆر پێوه‌نده به داهاتووی گه‌لێک که نایه‌وێ لێک دابپچڕێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که دیالێکته‌کانی دیکه فه‌رامۆش بکرێن، چونکه هه‌موویان له شوێنی خۆیان پیرۆز و به‌که‌ڵکن تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به ئیمانداران ده‌گوترێ ( ادخلوا الجنە أنتم وأزواجکم تحبرون ).
خۆ هاوخوێنه‌کانمان له بادینانی هێژادا که له حه‌فتاکانه‌وه به زمانی ئه‌ده‌بیى یه‌کگرتوو ده‌نووسن، هیچ کۆسپێکیان نه‌هاتۆته به‌رده‌م له نووسین یان تێگه‌یشتن یاخود گفتوگۆکردندا، بگره چه‌نده‌ها نووسه‌ر و کادیریان لیههڵکهوتووه، ئه‌مه‌ش چاکترین نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنی خوێندنه به‌م دیالێکته. خۆ ئه‌گه‌ر پیلانه‌که‌ی ڕژێمی له‌نێوچوو نه‌بایه له‌سه‌ر زمانی کوردی و له‌وێ قه‌ده‌غه نه‌کرابایه، ئه‌وا کورد له‌و بواره‌وه گه‌لێ هه‌نگاوی گرنگی ده‌هاوێشت وگه‌لێ نووسه‌ری مه‌زن په‌یدا ده‌بوون له وێنه‌ی مامۆستا سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی و شه‌هید نافیع ئاکره‌یى و مامۆستا هیشام ئاکرهییى سه‌رپه‌رشتیاری گشتیى ماڵپه‌ڕی ده‌نگی کوردستان، هه‌روه‌ک پێشتر و دواتر له ناوچه‌کانی دى گه‌لێ نووسه‌ری به توانا؛ زمانى کوردی‌یان به به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد، بۆ نموونه مامۆستایان : مه‌لا جه‌میلى ڕۆژبه‌یانى، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمى موده‌ڕیس، حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم، فاتیحى مه‌لا که‌ریم، سه‌لاحه‌ددین محه‌مه‌د به‌هائه‌ددین، حه‌مه‌که‌ریم هه‌ورامی، شێخ محهمهدهمینى کاردۆخى، کامیل به‌سیر، فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یى، فه‌همى کاکه‌یى..
ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستانمان له کوردانى باکوور ( تورکیا ) هه‌ندێ گرانى له فێربوونى دیالێکتى خواروو ده‌بینن، ئه‌وه له‌به‌ر قورسیى نییه ـ ئه‌گه‌رچى ئه‌م جۆره بۆچوونانه له ڕووى په‌روه‌ردییه‌وه له جیهانی فیربوون و فێرکردن‌دا په‌سند نییه ـ به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له ئه‌نجامی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ژادی و بێبه‌شبوون ـ دیالێکته‌که‌ی خۆشیان باش نازانن و زۆربه‌یان تورکی خاستر ده‌زان.. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شاری دیاربه‌کر بکا، هه‌ست به‌وه ناکات که له کۆنترین شاری کوردانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیاندا گرتووه و کوردی بووه‌ته زمانێکی بێگانه، به‌ڵکوو به‌پێی یاسا قه‌ده‌غه‌یه.!
له هه‌مان کاتدا بادینانییه‌ک نابینی ـ بۆ نموونه ـ که به‌لای که‌می له دیالێکتی ڕه‌سمی نه‌گات، هه‌روه‌ها گه‌لێ له کوردانی باکوور یاخود ڕۆژئاوای کوردستان ( سووریا ) که له ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌کاندا ده‌ژین.. به ڕاده‌یێ له سه‌ردانه‌کانی خۆمدا بۆ که‌ناڵی ڕۆژ ـ تیڤیی که پێشتر ناوی میدیا و مهدی هێژا بووـ که‌سیکم نه‌دی تیی نه‌گات یاخود نه‌یزانێت.
سه‌یری هه‌موو سه‌یران له‌وه دایه که هه‌ندێک فێربوونی زمانی خۆیان لا قورسه و زمانی بێگانه‌یان لا سانایه..! من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که فیربوونی زمانی کوردی له خوارووی کوردستان سه‌باره‌ت به منداڵێکی کوردی باکوور یاخود ڕۆژئاوای کوردستان قورس‌تر بێ له‌وه‌ی که منداڵێکی توونسی یان جه‌زائیری یان مه‌غریبی یان مۆریتانی یاخود به‌ده‌وی یان به‌ربه‌ری فیری زمانی عه‌ره‌بیی په‌تی بێت. بۆ نموونه، مناڵێکی بێگانه‌ی تازه‌هاتوو له سوێد به ماوه‌ی یه‌ک ساڵ فێرى زمانی سوێدی ده‌بێت، بگره تهرجومانییش بۆ دایه و بابه‌ی ده‌کا.
ناشبێ و نابێ، نه لۆجیکییه و نه له‌گینه دیالێکتێکی دیکه له شوێنی یان له ته‌ک دیالێکتی ڕه‌سمیدا دابنرێت ـ که نزیکی سه‌ده‌یه‌که ـ بووه‌ته دیالێکتی ڕه‌سمی و توانای هه‌یه شان به شانی کاروباره تازه‌کانی ژیان بڕوا، دوای ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ری ڕاهاتوونه و له‌خۆوه وه‌کو زمانێکی په‌تی ناسیویانه، به بیانووی ئه‌وه گوایا زمانی زۆربه‌ی کورد نییه.. خۆ زمانی که‌مینه‌ی کوردیش نییه.! ئایا هه‌موو زمانه ڕه‌سمییه‌کانی جیهان زمانی زۆرینه بوونه.؟ یاخود له هه‌ندێ باردا زمانی هه‌ڵبژارده‌و نوخبه یان پاشایه‌کان یاخود زمانی قه‌ده‌ر بوونه.؟
سه‌رم سوڕ ده‌مێنێ له‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ـ به فشه و گاڵته و ده‌مه‌ته‌قێ و بێ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی کار بگه‌ن ـ به‌ده‌ستی خۆیان ماڵه‌کانیان بڕمێنن و به کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزا هه‌ره‌س به مه‌زنترین کۆشکی زمانه‌وانیی کوردی بهێنن، هیچ گومانم له‌وه‌دا نییه ئه‌وانه به‌م کاره‌یان چه‌ند زمانێکی تازه په‌یدا ده‌که‌ن که ته‌نیا زمانی کوردی نه‌بێت.. ئه‌وه‌ی داوا ده‌کات دیالێکته‌که‌ی له ته‌ک زمانی کوردیی ڕه‌سمیدا ببێته زمانی نووسین، ئه‌وا پاش ماوه‌یه‌کی دی ده‌بیته زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و دنیا هه‌ڵبستێ ناتوانێ به‌ربه‌ستی بکات، یاخود ئه‌و که‌سه وه‌کوو ئه‌وه‌ی لێدێ عه‌ره‌ب واته‌نی ( هه‌ردوو ڕۆیشتنه‌که‌ی لێ تێک بچێ ) یا کورد واته‌نی ( له هه‌ردوو دینان ده‌بێت ). ناچێته عه‌قڵه‌وه هۆشمه‌ندانی کورد به‌م ئاژاوه دیالێکتییه قایل بن یان به‌خته‌وه‌ر، هه‌روه‌ها ناچێته عه‌قڵه‌وه سه‌رکردایه‌تیی کوردستان حه‌زی له‌وه بێت کوردستان بکرێته بازاڕی دیالێکتان.
له‌و کاته‌ی له نووسینگه‌ی خۆمدا له سوێد خه‌ریکی نووسینی ئه‌م وشانه‌ی سه‌ره‌وه بووم و کاتی خۆرئاوا و فتارکردنهوه بوو و زگم قۆڕه‌ی ده‌هات، ئا له‌و کاته‌دا گوێم له نازم غه‌زالی بوو که له گۆرانیی ( خایف علیها ) دا ده‌یوت : ( الوجه مبعپ روح والێدر مرمر )؛ له‌و باره‌دا وام هه‌ست کرد که وه‌سفی شیعر و ئه‌ده‌ب و زمانی شاعیرانی کورد ده‌کات نه‌ک ده‌م و چاو و سنگی مه‌ڕمه‌ڕیی یاره‌که‌ی.. ئه‌و خهوشانهیش که له سه‌رڕووی زمانی کوردیمانه، لای من ـ له‌و کاته‌دا ـ له سنووری (خاڵی سه‌رڕوو )ی یاره‌که‌ی نازم غه‌زالی تینهدهپهڕی.. ( فتبارک الله آحسن الخالقین ).!
2006