
وێنه‌یه‌کی سوریاڵی …. ڕووناك شوانی
وێنه‌یه‌کی سوریاڵی …. ڕووناك شوانی
ئاخۆ ئه‌و وێنه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ی ئاوێنه‌که خۆم بم ؟!! ئا ، ئه‌وه منم وا لێره‌دا له به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا وه‌ستاوم . به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک له من ناچێت !! به هه‌ردوو ده‌ستم سه‌رم گرت …
ئه‌مه ده‌م و چاوم …. ئه‌مه گوێم .
ده‌ستم به جه‌سته‌مدا هێنا ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی گه‌رمی ده‌سته‌کانمه‌وه هه‌ست به بوونم بکه‌م ، پێیه‌کانم له به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا له‌سه‌ر زه‌وی جێگیرن ،به‌ڵێ دڵنیام که ئه‌مه خۆمم !!. له‌وانه‌یه هه‌ڵه‌یه‌ك له ئاوێنه‌که‌دا هه‌بێت وا وێنه‌که‌می به‌یه‌کا شێواندووه . ده‌ستم برد بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێنه‌که پاك بکه‌مه‌وه ، شه‌پۆله‌کانی ده‌ستم له ده‌ریایه‌کی سه‌رشێت ده‌چوون له کاتی تۆفاندا ، له نێوان به‌رز و نزمی شه‌پۆله‌کاندا ، ده‌ستم له مه‌چه‌کم جیا بووه‌وه . شه‌پۆله‌کان دامرکان …. ده‌سته ئازاده‌که به‌ره‌و سه‌رووی وێنه‌که هه‌ڵکشا ….. هه‌ڵکشا …. په‌نجه‌کانم ده‌تگوت په‌نجه‌کانی شمشالژه‌نێکه و له‌سه‌ر شمشاڵه‌که سه‌ما ده‌که‌ن و، ئاوازی ناسۆرییه‌کانی ژیان ده‌ژه‌نن . نینۆکه‌کانم دوو که‌رت بوون و هه‌ر که‌رتێکی به ڕه‌نگێك بۆیه کرابوون ، هه‌ستم به ئازاری شه‌قاری نێوان له‌ته‌کان ده‌کرد .
ده‌م و چاوم ، تابلۆیه‌کی زۆر سه‌یرتری له ده‌ستم پێکهێنا، گۆناکانم دوو سێگۆشه‌ی گۆشه تیژیان به ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌م و چاوم دروستکرد و ، به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵکشان ، له دوو خه‌نجه‌ری نووك تیژ ده‌چوون ، زه‌رد …. زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان . چاوه‌کانم گه‌لێك له چاوه ئاساییه‌کانی خۆم گه‌وره‌تر بوونه‌وه، به شێوه‌یه‌کی هێلکه‌یی به‌ره‌و خواره‌وه داکشان و نیوه‌ی ده‌م و چاومیان داگیرکرد، په‌رده‌یه‌کی خۆڵه‌مێشی گلێنه‌کانمی داپۆشی و ، به‌شێکی زۆری سپێنه هه‌ڵبزڕکاوه‌که‌یان گر‌ته‌وه . تاوه‌کوو ده‌هات برژانگه‌کانم کاڵتر ده‌بوونه‌وه، ویستم به ماسکارا ڕه‌شیان بکه‌م ، له ژێر فرچه‌ی ماسکاره‌که‌دا ته‌ڵ ….. ته‌ڵ …. برژانگ له ژێر ده‌ستمدا به‌ره‌و ڕه‌گ کشایه‌وه …. برژانگه‌کان نوقوم بوووووون ….. له ماسکاره‌که که‌وتمه گومانه‌وه ، سه‌یری مارکه‌که‌یم کرد ، له‌سه‌ری نووسرا بوو لانکۆم ، پاریس ، وێنه‌ی گوڵێکی ئاڵتوونیشی له‌سه‌ربوو .
نێوچاوانم هێنده‌ی کتێبێکی قه‌باره گه‌وره ده‌بوو ، پێسته لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م خاڵی ….. خاڵی بوو، چه‌ندین پێسته لاپه‌ڕه‌ی دیکه به‌سه‌ر یه‌کدا که‌وتبوو ، که‌واته وه‌کو هه‌ر کتێبێکی تر جێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ته‌مه‌نێکی دوور و درێژی تێدا بووه‌ته‌وه !! بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌ی نه‌نکم که ده‌یووت " چاره‌نووسی مرۆڤ له نێوچاوانیدا نووسراوه و هیچ که‌س ناتوانێت بیگۆڕێت" ، پێسته‌که‌ی سه‌ره‌وه‌م لابرد بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌که‌ی ژێری بخوێنمه‌وه ، له‌به‌ر لینجی ژێر پێسته‌که ، هه‌موو وشه و ڕسته‌کان تێکه‌ڵ به یه‌کتر بوون و هیچچچچچم بۆ نه‌خوێندرایه‌وه ، له‌ملاو و ئه‌ولا چه‌ند ژماره‌یه‌کی په‌رش و بڵاوم به دیکرد ، ئه‌وه یه‌ك …. ئه‌وه سێ …. ، لاپه‌ڕه‌کانی تریش هه‌موو به یه‌که‌وه نووساون و هه‌ڵنادرێنه‌وه .
ڕاهێنه‌ری یۆگا ده‌ڵێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نت درێژ بێت ، ده‌بێت ڕۆژانه چه‌ند جارێك چاوه‌کانت دابخه‌یت و پڕ به پڕی سییه‌کانت هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ هه‌ڵمژیت و ، ئه‌م ڕسته‌یه له‌به‌ر خۆته‌وه بڵێیته‌وه " ماده‌م هه‌ناسه ده‌ده‌م ، که‌واته من ده‌ژیم ، من هه‌م " ، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ست به بوونی خۆی بکات و ژیانی به‌رده‌وام بێت ، پێویسته له ڕێگه‌ی هه‌ناسه‌وه وزه به ژیان ببه‌خشێت و خه‌می ڕۆژگار له بیر خۆی به‌رێته‌وه ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وزه‌یه به هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی له‌ش بگات ، باشتر وایه به مه‌شقی به‌رده‌وام فێربین که چۆن به هه‌موو جه‌سته‌مان هه‌ناسه بده‌ین . به‌ڵام من ئێستا ته‌نها دوو کونه لووتی داخراوم هه‌یه !! له‌م کونه‌لووته داخراوانه‌وه چۆن هه‌ناسه بده‌م ؟؟ چۆن وزه وه‌به‌ر ئه‌م ژیانه پڕ چه‌رمه‌سه‌ری و سارد و سڕه بخه‌مه‌وه ؟؟ هه‌ست ده‌که‌م هه‌ناسه‌م توند ده‌بێت …. خه‌ریکه سییه‌کانم ئۆکسژینی تێدا که‌مده‌بێته‌وه ……
قژم له باری ئاسایی خۆیدا بوو ، به مودێلی کلکه ئه‌سپ له دواوه به‌سترابوو ، خاو …خاو له‌سه‌ر شانمه‌وه بۆ خواره‌وه شۆر بووبووه‌وه ، هه‌روه‌كو چۆن که منداڵ بووم دایکم قژه‌که‌می توند … توند له‌سه‌ره‌وه ده‌به‌ست و ، به قردێله‌یه‌کی سپی ، گوڵیکی جوانی بۆم دروست ده‌کرد. مارگرێتی هاوڕێیشم ده‌هات و داوای له دایکم ده‌کرد که هه‌روه‌كو قژی من بۆ ئه‌ویش کلکه ئه‌سپ دروست بکات . مارگرێت … دوو چاوی شین و قژێکی کاڵی جوانی هه‌بوو ، ده‌نگێکی خۆشیشی هه‌بوو ، هه‌موو جارێ گۆرانی فه‌یروزی بۆمان ده‌ووت ، که گه‌وره بووین ئیتر له یه‌کتر دابڕاین ، وتیان ئاشقی کوڕێکی تورکمان بووه و بووه به موسڵمان و شووی پێکردووه ، دواتر که لێێ جیا بووه‌ته‌وه ، نه‌یتوانیوه ببێته‌وه به کریستیان ، ناچار بووه بۆ ئه‌مریکا کۆچ بکات .
له سه‌مایه‌کی ده‌روێشانه‌دا سه‌رم به چوار ده‌وری خۆمدا باده‌دا ، کلکه ئه‌سپیش به ئاره‌زووی خۆی ، شێتانه ، له هه‌ردوولاوه به‌ر ڕوومه‌ته سێگۆشه‌ییه‌کانم ده‌که‌وت و ئازاری به ده‌م و چاوم ده‌گه‌یاند . ئه‌مه له‌و کلکه ئه‌سپه میهره‌بانه ناچێت که دایکم بۆ من و مارگرێتی دروست ده‌کرد ، ئه‌م کلکه زۆر دڕنده‌یه و له قامچی ده‌چێت !! له‌به‌ر ئازاری ده‌م و چاوم ، سه‌رم به‌ره‌و خواره‌وه شۆڕ کرده‌وه ، له‌سه‌ر سینگم ، دوو بازنه‌ی گه‌وره‌ی داخراوم به‌دی کرد، به هێڵێکی سووری ئاڵ ، جوغزێکی ئه‌ستووریان به ده‌وردا کێشرا بوو ، له ناوه‌ڕاستی هه‌ر یه‌که‌یاندا خاڵێکی هه‌ڵتۆقیو به‌رز بووبووه‌وه . هه‌تا ده‌هات هه‌ناسه‌م توندتر ده‌بوو …
ده‌سته‌که له شمشاڵژه‌نین که‌وت ، نینۆکه‌کان هه‌ڵوه‌رین ، په‌نجه‌کانیش خوێنیان لێ ده‌چۆڕا . نووکی سێگۆشه‌کان له هه‌ڵکشان به‌ره‌و ژوور به‌رده‌وامن …. وه‌کو نووکی قه‌ڵه‌م تیژتر و تیژتر ده‌بنه‌وه. گڵێنه خۆڵه‌مێشیه‌کان به ته‌واوه‌تی ڕه‌نگی مه‌رگیان لێ نیشت ، برژانگه‌کان ، ته‌نها دوو هێڵی سوور …. سووریا‌ن لێ ماوه‌ته‌وه . نێوچاوانه‌که هێنده چرچ بووه‌وه ، له‌و نامه‌یه ده‌چێت که ناخوێندرێته‌وه و ، فڕێده‌درێته ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه. کلکه ئه‌سپیش له فه‌لاقه‌ی ده‌م و چاوم به‌رده‌وامه. ئه‌م تۆفانی هه‌ره‌سی جه‌سته‌یه هه‌ر به‌رده‌وام بوو ، زۆر له‌وه ترسام ڕۆچێته ناخمه‌وه و زه‌فه‌ر به ڕۆحم به‌رێت و بۆ هه‌تا هه‌تایه به‌ره‌و فه‌نا بوونم به‌رێت . باوه‌شم به سینه‌مدا کرد و به باڵه‌کانم پردێکم بۆ ده‌ربازبوونی ڕۆحم دروستکرد . له پڕ تۆڕێکی گه‌وره که‌وته سه‌ر سه‌رم … به‌رچاوم ڵێڵ بوو ، ئیتر هیچم نه‌بینی . .
زه‌نگی کاتژمێره‌که ڕایچڵه‌کانم ، ده‌بوایه هه‌ستم و خۆم بۆ پێشوازی ڕۆژێکی نوێ ئاماده بکه‌م …
13/8/2008 هانینگه