Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
چونكە ستایشخوازین ،لە جیاوازى و ڕەخنە دەترسین .!

چونكە ستایشخوازین ،لە جیاوازى و ڕەخنە دەترسین .!

Closed
by October 12, 2008 گشتی

  چونكە ستایشخوازین ،لە جیاوازى و ڕەخنە دەترسین .!
 حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

       (( كۆمەڵگاى ئێمە نەخۆش و  كۆنەپارێز و دواكەوتووە  : قەیرانى قبوڵكردنى ڕەخنەمان لە ئارادایە و .. هاندانى كەلتورى ستایشكردن وكاریزما پەرستن ، هەتا سەر ئێسقانمانە / ئەم ڕستەیە  لە عەلى وەردییەوە ئیحاى وەرگرتووە . ))
    
           هێشتاكە ئێمە زۆرمان ماوە لە مانا جیاوازەكانى ڕەخنە و  ڕانان و هەڵسەنگاندن  و بیروڕاى ئازاد دەربڕین لەسەر هەموو شتەكانى دەوروبەرمان  بە ئارەزووى خودى خۆمان بخەینە بەرچاو و نومایشی بكەین .. بیرۆكە و نوسین و وتارەكان .. هەرچییەك بن كردەیەكى  كاتى و شوێنەكى رۆشنبیرى و وشیارى مرۆڤن ، دەرهاویشتەى زاتێكن و سەبارەت بە بابەت و دیاردە و نیهادێكن كە ئاشنان بە مرۆڤــــ و بۆ مرۆڤیش دەنووسرێن .. هەموو هەوڵێكى ئادەمیزادیی ، هەموو چالاكییەكى زیهنیی و فیكریی  كە لە هەست و ( ڕەنگە لە نەستى ) مرۆڤەوە بێنە دەرێ ، شایانى  لەسەر نوسین و لێكۆڵینەوە و شرۆڤە و بەدواداچوون و تۆژینەوە و ڕەخنە لێگرتن و هەڵسەنگاندنە …!!!!
          وەكو ئیمانۆییل كانت فێری كردووین ، هەموو شتێك لە هەموو كون و كەلەبەرێكى ئەم دنیایەدا شایانى ڕەخنە  لێگرتنە .. كەم فەیلەسووف و بیریار و بیرمەند هەن لە دونیاى فەرهەنگ و فەلسەفەدا  كە  شایانى خوێندنەوە بووبن ، كە هاتبنە نێو كایەى  مەعریفییەوە ڕەخنە و ڕانانیان  دەربارە نەكرابێت …..! ئەفلاتۆن / پلاتۆ ، نیچە ، ماركس ، ئانیشتاین ،  دكتۆر عەلى وەردى ، ئێدوارد سەعید ، عەلى حەرب  و زۆریى دیكە لە  بیرمەند و فەیلەسوفان و لە زانایان و لە پڕۆفیسۆرانى دونیا ڕەخنە و ڕەخنەى زۆر توندیان لێگیراوە .. ….!! ڕەخنە هەرچۆنێك بنووسرێت هەر ڕەخنەیە و دەچێتە خانەى ڕەخنە و لێكۆڵینەوە و ڕانان و هەڵسەنگاندنەوە ……!!
         كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان ، كۆمەڵگاى كراوەن ، ماف بۆ مرۆڤـ دابینكراوە .. ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى نوسین و ئازادى لەسەر نوسین و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە فەراهەكراوە … پەروەردەى خێزانیی _ كۆمەڵایەتى  لەو كۆمەڵگایانەدا ، جیاوازى ڕەگەزى و نەژادى و ئایینى و بیروباوەڕ پیادەناكات لە گۆشكردن و بەخێوكردنى منداڵەكانیدا ..  تاك وەكو مرۆڤێكى ئازاد و سەربەست دروستدەكات .. تاك بیركردنەوەى تاكگەرایی خودی خۆى ئەژى .. …..!
         بەكۆمەڵكردنى تاك لە مێژە نەك خۆڵ بەردیشی لەسەر نیشتووە ، بەكۆمەڵكردنى تاك ، واتا تاك بەبێ كۆمەڵ  و كەسانی دیكەى كۆمەڵ بیرنەكاتەوە .. كۆمەڵ چۆن بیرى كردەوە ، تاكیش ( كە بوونى نییە ) وەكو كۆمەڵ و خێڵ و هۆز بیربكاتەوە ..هزر و بیرى  تاك زادەى هزرو بیرى كۆمەڵە ، كۆمەڵ چیدەڵێن ، تاكیش هەرئەوە دەڵێت و هیچ ئیزافەیەكى ئەوتۆی نییە سەبارەت بەو وتنە .. تاكى كوردى تاكێكى تەقلیدى و كلایكى دواكەوتووە .. ڕچەشكێن نییە ، خاوەنى بیرو هەڵوێستى دەرەوەى خێڵ و هۆزەكەى خۆى نییە ، بەڵام ئەگەر هەیبوو ، ئەوا دەبێت باجەكەى بدات .. ئەوا دەبێت سزا بدرێت و سەرزەنشت بكرێت ..!!!
         ئەو هێڵەى كە سوورە و بڤەیە و تابووە ، دەبێت تاكى هەناسەساردى كورد ئەو هێڵە بە هیچ جۆرێك نەبەزێنێت .. ئەگەر بەزاندى ، ئەوا شاربەدەر دەكرێت .. ئەوا دەبێتە خاینى وڵات و دەوڵەت .. لە میراتى نەتەوەش بێبەش دەكرێت .. !!! ئەگەر تاكێكى جەربەزە و نەبەز و ئازا و نەترس ، زۆر بوێرانە بیرو بۆچوونى ئازاد و تازەگەرى خۆى بڵاوكردەوە .. ئەوا لە هێڵی سوور لایداوە .. ئەوا كوفرێكى زۆر گەورەى كردووە .. سێدارەى بۆ هەڵدەخەن ..  لە هیچ شوێنێك نایەڵن ببێژێت و بیروڕاى خۆى دەرببڕێت .. ناو و ناتۆرەى زۆر قێزەون و بكوژى بۆ دەدۆزنەوە ..  ڕێگەكان و كەناڵەكانى بڵاوكردنەوە و چاپكردنى كتێب و وتارى لێدەتەنن .. سەرى دونیاى لێدێننەوە یەك … كونە مشكى لێدەكەن بەقەیسەرى ……!!!!
          ئەوە زۆر ئاشكرایە لاى زۆربەمان ، كە وڵات و نیشتمان ، یان هەر كۆمەڵگایەك لەم دونیایەدا هزر و بیرى بەوە پێشدەكەوێت و وەرچەرخان لە بیركردنەوەیدا ڕوو دەدات كاتێك كە تاكەكانى زۆر بوێرانە توانییان ئەو هێڵە سوور و بڤەیە (  كە كۆمەڵگاى مێگەل ئاسا بەبێ یاسا و ڕێسایەكى نوسراو و وەكو دابونەریت و نۆرمێكى دواكەوتوى كۆنەخواز چەسپاندووییەتى و تاكەكانى پێملكەچ دەكات) ببەزێنن.. ئیدى ئەو كەسە وەكو هەڵگەڕاوە و یاخى و سەرپێچیكار لە كۆمەڵگاى باو و دواكەوتوو  حسێبى بۆدەكرێت .. لە هەموو لایەكەوە نەفرەتى لێدەكرێت .. وەها لەم هەقبێژە دەكەن كە ئیدى جارێكى دیكە نەتوانێت تاقانە قسەیەك بكات .. هەموو فشارێك دەخەنە گەڕ بۆئەوەى كە وەكو جۆردانۆ برۆنۆ بیسوتێنن ..یان وەكوگالیلۆ پەشیمانى بكەنەوە !!
         ئەوى لەم بوارەدا زۆر پڕووكێنەرە ئەوەیە كە هێزى كۆنەپارێز  كۆنزەرفاتیڤ و موحافیزكار هێزێكى فشارهێن و بەزەبرە ، لەگەڵ دەسەڵاتدایە ..زۆربەى زۆرى دامودەزگا میرى و فەرمییەكان لەژێر دەستى ئەم هێز و چین و توێژانەدان .. بۆ نموونە : حیزب و دەسەڵاتى كوردى ، خۆى كۆنەپارێز و نیمچە تاكڕەو و سەردەست و بەزەبروزەنگە .. بەڵام ئیدیعاى دیموكراسی و شەفافییەت و ئازادیخوازیی دەكات ،كەچی زۆرێك لەوانەى كە ئازادیخوازن و تازەگەرن و بابەتى تازە و فەنتازیا ئامێز دەنووسن ، دەسەڵاتى كۆنەخوازى كوردى  زۆرێك  لەم نوسەرانە و  لەم بیرمەندانە  دەكڕێت و بە بۆڵدى گەورە نوسینەكان و وێنەكانیان بڵاودەكاتەوە …. كتێبەكانیان بە شێوازێكى زۆر ئۆرستۆكراسییانە و ئاغایانە و مۆدێرنانە بۆ بڵاودەكەنەوە و پاداشتى خەیاڵییان دەدەنىَ … زەوى و زارییان بەناوەوە بۆ تاپۆ دەكەن , ڤێَلایان بۆ دەكڕن و پارەو پلەو پایەیان  دەدەنىَ .!! لافییان پێوە لێدەدەن ، زوو زوو ناویان دەهێنن و بە فەیلەسوف و بە بیرمەندو بە منەوەرێكى بێوێنەیان ناوزەد دەكەن ..  لەتەلەفزیۆنەوە ، لە ڕادیۆوە ، لە رۆژنامەكانەوە ، باس باسی ئەم نوسەر و بیرمەندانەن .. !
 ***
 
         گرفتى سەرەكى ئێمە لەم رۆژگارەدا ئەوەیە كە هەردەم وەكو باووباپیرانمان بیردەكەینەوە ، هاوتا لەگەڵ جەماوەر و كۆمەڵ دەڕۆین بەڕێوە .. ستایش دەكەین و پیا هەڵدان پیشەمان دەبێت .. ئینشانوسین و نوسینى دەربار ، یەكێكە لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانمان .. كەس ناتوانێت بە ماست بڵێت سپی نییە و خۆڵەمێشییە .. كەس ناتوانێت دژى شەپۆل مەلە بكات .. نایەڵن كەسێكى بوێر و ئازا و ڕچەشكێن و سنوور بەزێن بێتە مەیدان و ڕٍەخنە لە باو و بڵاو و شیاو و نەشیاو بگرێت .. !!!!
         نایەڵن كەسێك هەبێت و بڵێت ئێمەى كورد خراپین و ڕەگەزپەرست و پیسین و مرۆڤكوژین و ژنكوژین و دیكتاتۆر و خۆپەرستین …. ڕەخنە بگرێت و ڕانان و هەڵسەنگاندنى هەبێت بۆ بۆچوون و نوسین و وتار و گووتارى ئاینى سەردەست و بیر و هزرى جەماوەر و كۆمەڵ .. ئیدى حسێبى دوژمنى بۆ دەكەن ، ڕەخنەكەى بە بێبنەما  و بێبناغە وێنا دەكەن ..خۆى بە نەخوێندەوار و كاڵفام و كافر و جوانكوژ و تازەگەركوژ لەقەڵەمدەدەن .. جێگەى نوسینەكانى ناكەنەوە .. ڕاستە ئیدیعاى جیاوازى قبوڵكردن و دیالۆگ و دێبات و ئارگومێنتخوازى دەكەن بەڵام لە ڕاستیدا وانییە .. هێشتاكە ئێمە بە نەستێكى پڕ لە ڕق و كینەوە دەنوسین و كاردەكەین و ڕەفتاردەكەین .. ئێمە چەندە زمانزان و دنیادیدە بین ، هێشتاكە هەڵگرى هەست و نەستێكى كۆنەخوازین و شەڕانگێز و حاقدین دەرهەق بەوەى كە ڕەخنەمان لێبگرێت …!!
        ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا كە  چەندەها ساڵ لە هەندەران فێرى دیموكراسی و ڕەخنە لەخۆگرتن و جیاوازى قبووڵكردن كرابین ، بەڵام لەناخەوە ناتوانین ، ڕەخنەگرانى نوسینەكانمان و وتارو كتێبەكانمان قبوڵبكەین …..!!!
          خوێنەرى بەڕێز : بەڕێزت هەتا نەبیت بە ڕەخنەگر هەست بەم حاڵەت و بەم  ڕەوشە ناجۆر و جەرگبڕە ناكەیت كە بەندە بۆت باسدەكەم ..لە زۆرێك لە رۆژنامەكانى شارەكەم ، خۆم و براكەم ، وتار و بابەت و نوسینمان بۆ بڵاو ناكرێتەوە … چونكە هەوادارانى فڵان و فیسار كەس و نوسەرێك كە ئێمە ڕەخنەمان لە شیعرێك .. یان رۆمانێكى گرتووە ، نایەڵن و ڕێنادەن كە نوسینەكانمان بڵاو بێتەوە و رووناكى وەبەربكەوێت ..نوسینەكانمان  زیندانى دەكەن و سریاندەبڕن .. فەلاقەیاندەكەن و ڕسوایان دەكەن .. لە زۆرێك لە دەزگاكانى شار ، نایەڵن كتێبمان بۆ بڵاو بكرێتەوە .. كە لەسەر شەقامەكان دەمانبینن ، مۆڕەى شەقاوەیەكمان لێدەكەن ….تف ڕۆدەكەنە سەرزەوى .. لەمبەر بین زوو دەچنە ئەوبەرو خۆیان گرژ ومۆندەكەن .. ئەو شیرو تیرەى ئێمە لێمان وەشاندوون ، ئاكامەكەى ئەوەیە كە زوریان دەچووزێتەوە ، بریندارن و بێدەنگن .. وەڵاممان نادەنەوە بە قەڵەم .. بەڵام چاڵمان بۆ هەڵدەكەنن ..!!
            ناچار وەكو حاڵەتێكى  دەروونى  ، پەنا بۆ سایتە ئازادەكان و پەنجەرە ئازا و بوێرەكانى هەندەران دەبەین … بەم گرانییەى كە لە بازاڕدایە و زۆرێك لە نوسەرە دەربارەكان و حیزبییەكان هەستی پێناكەن /چونكە ئەوان مووچەیان زۆر زۆرە و لەبننایەت و كرێچی نین / بەڵام  بەسەر ئێمەى ئازاد و سەربەستەوە ، خۆنەفرۆشەوە زۆر دەكەوێت .. كۆمپیوتەر و تەلەفۆنى نۆرماڵ و ئیتەرنێت و ئیمەیل ناردن زۆر گرانە بۆ ئێمەیەكى هەژار و كەمدەرامەت .. لەگەڵ ئەوەشدا كە لەناو شارەكەى خۆتدا :  دەرگا و مینبەرەكانت لێدابخرێت ، كارێكى گرانە و باجى گووتنى ڕاستى و ڕەخنە لەو كاریزمایەى بە هەزاران لە تاكى خاوەن هزر و بیر بەكۆمەڵ و هۆز و خێڵ بوونەتە هەوادارى هەروا ئاسان نییە …!
           بەڵام داخی گرانم و ئاشكرا و ڕوونە كە یەك لە دواى یەك ئەو سایتانەش كە بە نامە و بە تەلەفۆن بە ئیمەیل و ئاگاداریان دەكەنەوە و ڕایاندەسپێرن كە نوسی و وتارى ئێمە زۆرخەتەرناك و بڤەیە و جێی مەترسییە و ئاسایشی نەتەوەیی كورد و كوردستان تێكدەدات و ئەگەر وتارى ئێمەومانانى ڕەخنەگر و هەقبێژ و توێژەر بڵاو ببێتەوە .. ئیدى كابە كەچ دەبێت و ماڵى هەزاران نوسەر وێران و كاول دەبێت …..!!!! هەرچەندە من  یەك دووانێك لەو سایتان پێشوەخت خۆیان بە ئیمەیل نامەى پێشوازى و تكایان بۆ ڕەوانەكردووم كە وتار و نوسینیان بۆ ڕەوانە بكەم  _ كە ئیمەیلەكانم پاراستوون و بۆ رۆژى خۆیان هەڵمگرتوون _ ، بەڵام دواجار ئیمەیلیان بۆ كراوە و ڕایانسپاردوون كە بەقوربانە و بەساقەتان بین ، بابەتى ئەم برادەرە نەبینم لە سایتەگاندا ، ئەگینا تێكدەچم و شێت دەبم , بۆیە بەداخەوە وتار و نوسینمان بۆ دانابەزێنن !!!! 
         هەندێك لەو نوسەرانەى كە پێش ئێمە رەخنەیان گرتووە ، ناووناتۆرەى زۆر خراپیان بۆ خۆیان بۆ خێزان و هاوسەر و خوشك و دایكیان دروستكردوون .. ئەم جۆرە كەسانە كە هەرگیز ڕەخنە قبوڵناكەن و هەردەم داخوازن كۆمەڵ و مێگەل ستایش و پیاهەڵدان بە لێشاو ببارێنێ بەسەریاندا ، لە نەستیاندا نەخۆشییەكى شارراوە بەدیدەكرێت .. نەخۆشی نێو نەست لەگەڵ نەخۆشی نێو هزر و دەروون جودان لەوەدا كە نەخۆشی نێو نەست دیار نییە و شارراوەیە و پەنهان ئیشی خۆى دەكات .. ….!!
           ئەم ڕفتارانە ، ڕەفتارى قبوڵنەكردنى جیاوازى و پێكەوەنەژیان لەگەڵ  ئەنتى و ڕەخنەگردا و لە نێو توێژى نوسەران و بیرمەندو فەیلەسوفاندا ، زەنگێكى زۆر خەتەرناكە و خراپ دەشكێتەوە بەسەر كایەى رۆشنبیرى و فەرهەنگیماندا .. پێكەوەژیانى تەبایی و برایەتى تەنها لەگەڵ ستایشكاردا و هەوادارى خودە خۆتدا ، كارێكە تەنها  بەگ و ئاغا و سەرۆك خێڵ و سەرۆك حیزب و شێخ و مەلا و پیاوانى ئایینى و پیاوانى ڕیش سپی و پیاوە ماقووڵانى گوند و كۆمەڵى ڕاووشكار و فیوداڵى قبوڵى دەكەن …!!
         ئەو كەسەى نەتوانێت گوێ لە دەنگى دووەم و سێیەمیش بگرێت حەتمەن و بەڵگەنەویستە كە ئەم كەسە سیخناخە لە ئیشكالییەت و نەرگسییەت و سادییەت … ئەو كەسەى كە چاڵ بۆ ڕەخنەگر و ستایش ڕەفزكار و ئازادیخوا و یاخى و سەرچڵ و دژەباو هەڵدەكەنێت ڕەهەندەكانى بیركردنەوە و نوسین و چالاكى و ئەندێشەى زۆر تەسك و كورتخایەنن ……!!
        كۆمەڵگاى كوردى بە ستایشكردن و كاریزما پەرست و پیاهەڵدان و ئینشا نوسین بۆ دەربار و بۆ دەسەڵات و بۆ ئایدیۆلۆژیا ، پێش ناكەوێت هەمیشە لە گەرداو و لە گێژاوى  دیماگۆگییەتدا دەسووڕێتەوە …. ئەو میللەتەى كە ڕەخنەگر و ڕاستى بێژ و هەقبێژ و توێژەر و لێكۆڵەر بە دوژمن و بە كافر و بە سووك تەماشا بكات ، هەرگیز پێشناكەوێت .. لە نێو مۆدێلخوازى و كاریزما پەرستن و جۆرێك لە نوسین و گووتار و بیركردنەوەدا دەچەقێت و دەوەستێت ..!! 
       ئەو نوسەرانەى كە لە ڕەخنە دەترسن و ڕەخنەگر وەكو خایین و كافر و خراپ ناوزەد دەكەن و لە ژێرەوە جێگا و شوێن و دەزگا و مینبەر و پەنجەرەكانیان لێدەگرن و دادەخەن ، هەرگیز ئازادیخواز و ئازا و بوێر و شۆڕەسوار نین .. هەرگیز ناتوانن هەق بڵێن و هەوادارى ڕاستى و هەقیقەت بن …..!! ئەوانە ئەوەندە  تاریك و كورتبین و  خۆپەرستن ، ئەوەندە ئایدیۆلۆژیست و دیماگۆگن ، كە ناتوانن وەكو سپینۆزا و رۆسۆ و گالیلۆ كۆمەڵگا بستێك بۆ پێشەوە بەرن و گۆڕان دروستبكەن و وەرچەرخان بەرپابكەن …..!!!
      ئەوانەى دەنگى جوودا و ڕەنگى جوودا و بیروبۆچوونى جوودا و پڕۆژە و بەرنامەى جوودایان پێقبووڵ ناكرێت ، لەگەڵ وەهابى و سەلەفییەكاندا جووداناكرێنەوە … ئەوانەى  دەرگاى رۆژنامە و پەنجەرەى سایتە ئازادەكانى هەندەران لە ڕەخنەگر و نوسەرى بوێر و ئازاد و سەربەست دادەخەن زۆر ترسنۆك و بوودەڵ و گەندەڵن .. زۆر گرگن و بچووك و كەم ئەزموون و ئاست نزمن ..زۆر دوواكەوتوون و شارستانى نین … ئەوانەش كە هەردەم تەبان لەگەڵ ستایشكاران و ئینشانوسى و دەرباریان  زۆر تەمەن كورت و تاریك و نەرگسی و ماسۆشیستن …. ئەوانە ئەوەندە كورتەباڵا و قەزەمن كە ناتوانن لەسەرووى ئاستى چاوییانەوە ، نوسەر و بیر و وتار و گووتارێكى جووداتر لەخۆیان ببینن …….!!!!!
 (( ڕەنگە ئەم نوسینە بەپەلەیە ، درێژەى هەبێت و بكرێت بە نامیلكە/ نوسەر  ))
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.