
ئه‌وینێکی پایزه‌یی
ئه‌وینێکی پایزه‌یی
له پایزدا خۆشه‌ویستیه‌ک ده‌پێچمه‌وه
له مه‌لوولی گه‌ڵایه‌کی ئاڵتوونی ڕه‌نگ
وه‌ک سیگارێک دای ده‌گیرسێنم
له‌گه‌ڵ کزهبایهکدا
هه‌ڵی ده‌مژم
لهسیهکانمدا حه‌شاری ئه‌ده‌م
له پایزدا
چاوه‌کانی ده‌بنه خه‌زان
به‌سه‌رمدا داده‌که‌ن
له‌به‌ر پێمه‌وه عه‌جول و جرپن ڕاده‌که‌ن
منیش به‌هه‌موو عهیاریهکهوه
وه‌دویان ده‌که‌وم و
نازیان به‌سه‌ردا ده‌که‌م
به‌ده‌م خۆشبه‌ختی و ئاوێزانه‌وه
ده‌بینه هه‌زارو یه‌ک ڕه‌نگ
له‌گه‌ڵ هاتنی پایزدا
ورده بارانی ماچه‌کانی ته‌ڕم ده‌که‌ن
بۆنی خۆڵی دوای تاوێ
ده‌گرم
ده‌مشۆنه‌وه
بهعدهمێک
به‌هه‌واڵی مردنی خۆم به‌ئاگام دێننه‌وه
له‌به‌رۆکی ته‌مه‌نی دارێکم ده‌که‌نه‌وه
که ناوی خۆشه‌ویستیه‌کی
پایزه‌یی بوو
هه‌ڵده‌وه‌رێم و له‌به‌ر پێێ ڕێبواره‌کاندا
له‌دامێنی شۆسته‌کان
بێ ناسنامه
وردوخاش ده‌بم
له پایزدا
ڕۆژی له‌دایک بونم تۆمار کرا
له‌سه‌رده‌ستی
مامانێکی چاو هه‌نگوینی
قژ زه‌رد
گه‌ڵایه‌کی هه‌ڵقرچاو
لانکه‌و
هه‌ناسه‌ی ڕه‌شه‌بایه‌ک
لایلایه‌م بوو
ئه‌ڵقه‌ی دهستگیرانیشم
دوا هه‌مین ته‌لیسمی
خۆری پایز بوو
له‌پایزدا
به‌مه‌رگی خۆم شاد ده‌بم
ده‌ترسێم ئه‌و کاتیش
له‌خۆت نه‌بووری
و
به‌چه‌پکه گوڵێکی پایزه‌یی
نه‌یه‌یته
ژوانی ئارامگای
ئه‌وینێکی
پایزه‌یی
چه‌ندێ خۆشه ده‌نگی
ترپه‌ی پێت
له‌گۆڕ دام چڵه‌کێنێ
دڵم داخورپێنێ
باسی به‌خشنده‌ی خۆمت بۆ بکه‌م
که‌ساڵانێکی دوور‌و درێژه
ئه‌م ئه‌وینه پایزهییهم
خه‌رمانه کردوه
له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌کاندا
کپ و مات
وه‌ک ئه‌م مه‌رگه
ڕاکشاون
فریای خوێندنه‌وه‌یان نه‌که‌وتی
وه‌ک پایز
له‌وه‌رزی هه‌ڵوه‌ریندا
بونه تارمای.
پایزی
2008
فرمێسک مسته‌فا