گرەوى بەختى هەڵاڵە یان گرەوى كلتورەكان..رێبین كەریم بەرزنجى
میلان كۆندێرا دەڵىَ:"ئەقڵى ڕۆمان ئەقڵى ئاڵۆزیە: هەموو رۆمانێك بەخوێنەرانى دەڵىَ: شتەكان لەوە ئاڵۆزترن كە بیریان لێدەكەیتەوە، ئەمە حەقیقەتى ئەزەلى رۆمانە"، گرەوى بەختى هەڵاڵە نوىَ ترین رۆمانى كاك عەتا نەهایى رۆمان نووسەو لە لایەن چاپخانەى رەنجەوە چاپ و بڵاوكراوەتەوە، ئەگەرچى رووداوى سەرەكى رۆمانەكە، كە بریتییە لە خەنجەر لێدانى هەڵاڵەو شەڵاڵكردنى لە خوێندا لە لایەن شێرزادى كۆنە هاوسەرییەوە لە ستۆكهۆڵم پایتەختى وڵاتى سوئێد، وەلىَ بەشێكى زۆرى ئەم رۆمانە یادەوەرییەكانى پاڵەوانى سەرەكى رۆمانەكەیە واتا هەڵاڵە و یادەوەرییەكانى بەر لە سەفەر شوێنى یادەوەرییەكانیشى كە پانتاییەكى بەرفراوانى نێو دەقەكەى داگیركردووە كوردستانە، (شێرزاد دەیگوت: گرفتى گەورەى ئێمە ئەوەیە كە خۆمان لىَ گۆڕاوە. لە بیرمان چۆتەوە خەڵكى كوێین و، پشتمان لە وڵاتەكەمان و، ئەخلاق و رەفتارى خەڵكى وڵاتەكەمان كردووە. دەیگوت: ئێمە بەشێوەیەكى زەق و ناحەز لاسایى خەڵكى ئەم وڵاتە دەكەینەوە كە وڵاتى ئێمە نییە. شێرزاد ئەمانەى تەنیا بە هەڵاڵە نەدەگوت. بە مەجیدى براشى گوتبو) هەڵاڵە لەنێو كلتوورى سوئێددا دەتوێتەوەو كلتوورى سەرەكى خۆى لەیاددەكات، لە نێوان دوو كلتوردا كە یەكێكیان هەموو مافێكى بۆ ژن فەراهەم كردووەو كلتورێكدا كە ژن شەرەفى مێردەكەیەتى و دەبێت گوێرایەڵ و ملكەچى داخوازییەكانى بێت و خەون و خولیاو ئارەزووەكانى خۆى پشتگوىَ بخات، وەلىَ هەڵاڵەیەك كە لە زێدوو نیشتمانەكەى خۆیشیدا وێڕاى ئەو كلتوورە خاوەن كەسایەتییەكى ئازادوو سەربەخۆ بووە و باوكى واتە حەمە رەشید ئاغا خۆى رێگە بە هەڵاڵە دەدات لە رادیۆ كاربكات و گفتوگۆو نیقاش لەگەڵ پیاواندا بكات، هەر لە رادیۆ عاشقى برایمۆكى بێژەرى رادیۆ دەبێت، باوكى دەیەوێت پەروەردەیەكى كوڕانەى بكات وەلىَ دواتر پاشگەزدەبێتەوەو بەتێكەڵ بوونى زۆرى هەڵاڵە لەگەڵ پیاواندا نیگەرانییەكانى حەمە رەشید ئاغا پترتر دەبێت، ئەوەى زیاتر نیگەرانى دەكات پێداهەڵگوتن و باسكردنى برایمۆكە لەلایەن هەڵاڵەوە، ئەویندارى هەڵاڵەو برایمۆك دەگاتە رادەى ئاوێزانبوونى جەستەیى و لەسەر كانییەك واتە كانى عاشقان كە دەكەوێتە جێگایەكى نەدیوى نزیك لە بارەگاكەیان و جێگایەكى سەخت دەبێت لەلایەن كەسێكەوە دەبینرێن و گومانى ئەوەیان لێدەكات كەسانێكى سەربە دووژمن بن و بە بێتەل پەیوەندى بە دووژمنەوە بكەن كاتێك پێشمەرگەكان دێن هەردوو عاشق بەرووتى دەبینن دواى ئەوە برایمۆك بۆ ماوەیەك دیارنامێنێت و پاشان تەرمەكەى دەدۆزرێتەوە كە بەهۆى هەرەسى بەفرەوە گیانى لەدەست داوە، بەهۆى ئەو رووداوەوە هەڵاڵە ئیدى ناچێتەوە رادیۆ، روداوێكى لەو جۆرە كە نابێتە هۆى كوژرانى هەڵاڵە بەدەستى باوكى كراوەیى عەقڵیەتى باوكى دەگەیەنێت ئەگەرچى كەسێكى ناسیۆنالیستەو پیاوسالارى تارادەیەك لە ناخیدا ئامادەیى هەیە و دژى كوڕە كۆمۆنیستەكەیشێتى واتا مەجیدى كوڕى كە لە ئەنجامى نیقاشێكدا لەماڵ دەرى دەكات لەبەر ئەوەى دەیەوێت هاوڕێیەكى خۆى بكاتە هاوسەرى ژیانى وەلىَ ئاغاى باوكى توانجى لێدەدات (هاوڕێى حیزبى!؟ هاوڕێى كۆمۆنیست!؟ ئەوسا پێكەنى و، وەك هەمیشە بە توانجەوە درێژەى پێدا:"بۆ لە ناو ئێوەشدا ژن و ژنخوازى هەیە؟") كاتێك گوڵاڵەى خوشكى لێى دەپرسێت جوانە باوكى بە توانجەوە دەڵىَ " جوان بوایە لە بەر سەرۆكەكانیان بەر ئەم نەدەكەوت" مەجیدیش دەڵىَ:"سەرۆكەكانى ئێمە كچە دێهاتى كڵۆڵ فریو نادەن و لە خۆیانى مارە ناكەن" مەبەستى مەجید باوكێتى كە رەعناى كچى سۆفى حەمە كەریمى مارەكردبوو كە بەتەمەن زۆر لە خۆى منداڵ تر بوو، ئەگەرچى رەعنا دواتر لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ هەڵاڵە دەڵێت تاوانى باوكت نەبوو من خۆشم دەویست، لێرەدا ناكۆكییە هزرییەكانى نێو كۆمەڵگەى كوردیمان بۆ دەردەخات كە تەنانەت دەبێتە هۆى لەیەك ترازانى تاكەكانى خێزان و قوڵ بوونەوەى دژایەتیەكانى نێوان باوك و نەوەكانى ئەو باوكە وەكو زۆرێك لە باوكەكانى دیكە دەیەوێت نەوەكانیشى وەكو خۆى بیربكەنەوەو بە رێو رچەى خۆیدا بڕۆن وەلىَ كاتێك یەكێك لە كوڕەكانى رێبازێكى جیاواز لەو هەڵدەبژێرێت بەردەوام دەكەوێتە بەر تانەو تەشەرو تادەگاتە ئەو رادەیەى لە ماڵەكەیشیدا دەرى بكات.
ناكۆكییەكانى شێرزاد و هەڵاڵە هۆكار گەلێك بوون، هەڵاڵە لە بارەى شێرزادەوە لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ مەجیدى برایدا دەڵىَ پیاوێكى گەوج و ترسنۆكە، شێرزاد لەوە نیگەرانە هەڵاڵە وەكو ژنێكى سوئێدى مامەڵە دەكات و لەگەڵ كوڕە مامەكەیدا مەلە دەكات و شۆخى و گەمە دەكات، وەك ئافرەتێكى خاوەن ماف هەڵسوكەوت دەكات، هەڵاڵە سنوورە تابۆكانى كۆمەڵگەى شەرقى دەبەزێنێت و دیوارى نەریتى پیاوسالارى كۆمەڵگەكەى خۆى دەڕمێنێت ئەو پێى وایە كە"ژنى پەنابەر لێرە بە پێچەوانەى وڵاتى خۆى ئاگادارى مافەكانى هەیەو، بە مرۆڤ بوونى خۆى دەزانێت. كەواتە هەر كاتێك بزانىَ مافەكانى پێشێل دەكرێت و مێردەكەى وەك مرۆڤ سەیرى ناكات و وەك مرۆڤ لە گەڵیدا ناجووڵێتەوە، حازر نابێت لە گەڵى بژى و لێى جیا دەبێتەوە ". شێرزاد گومانى ئەوە لە هەڵاڵە دەكات كە شەیداى سەعیدى مامۆستاى بووبێت، ئەگەرچى سەعید لە تەمەنى باوكیشیدایە، هاوكات هەڵەیەكى دیكەى هەڵاڵە ئەوەیە كە باسى عەشقى خۆى بۆ برایمۆك لاى شێرزاد دەكات، سەعید دەیگووت:"نەدەبوو چیرۆكى برایمۆكت بۆ شێرزاد بگێڕایەوە، هەڵاڵە. پیاوى رۆژهەڵاتى هەرگیز ناتوانىَ لەگەڵ چیرۆكى عاشقانەى ژنەكەیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر ئەو چیرۆكە لە رابوردوودا روویدابێت و پاڵەوانەكەشى پیاوێك بىَ كە لە رابوردوودا مردبێت ". لە گفتووگۆیەكى نێوان مەجید و شێرزاد ا، مەجید كاتێك باسى رێژەى بەرزى جیابوونەوە ى ژن و میردى پەنابەر دەكەن، جیاوازى كەلتور بە یەكێك لە سەرچاوەى كێشەكان ناودەبات"من بێئەوەى ژن یان پیاو تاوانبار بكەم، دەزانم كە بەشێك لە كێشەى بنەماڵەیى پەنابەران لە جیاوازى كەلتوورى ئێرەو وڵاتەكەى خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت " پەندێكى رووسى دەڵىَ:"رۆحێكى غەریب لە دارستانێكى تاریك دەچێت" هاشم ساڵحى روناكبیریش پێى وایە"دەكرێت بڵێین شەڕە كەلتورییەكان وەكو شەڕە سیاسیەكان بێبەزەین، راستە هەندىَ جار كەمتر توندوتیژو زیاتر داناو ئەقڵانیترە، بەڵام هەمان ئامانجى هەیە ئەویش: شكاندنى نەیارەكەى و دەرخستنى خەوش و نەنگیەكانێتى بۆ ئەوەى شكۆو پیرۆزى نەهێڵێت"، درووستى ئەم دیدەى هاشم ساڵح بە روونى لە میدیاكانى ئەو وڵاتانەدا دەردەكەوێت كاتێك فاتیمەو هاوشێوەكانى لەلایەن پیاوانى هەڵگرى كلتورە جیاوازەكانەوە دەكوژرێت ئەوان دێن ئیش لەسەر ئەوە دەكەن ئەوانەى دەرەوەى خۆیان بەشێوەیەكى گشتى وەك بەربەرى و جەلادێكى تینوو بە خوێن و سادیزم نیشان بدەن وەك لە باسكردنى كوشتنى هەڵاڵەدا لە لایەن میدیاكانى ئەو وڵاتەوە دەخرێتەڕوو، وەلىَ كوشتن و ئەتك كردنى ژنان لە لایەن پیاوانى ئەو وڵاتەوە بەو جۆرە نا وروژێنرێت چوونكە ئەوان پێیان وایە كە خۆیان هەڵگرى كلتورێكى مرۆڤ دۆستانەن و ئەوانى دیكە واتا پەنابەران كلتورێكى مەرگ دۆستانەو دژە مرۆڤانەیان هەیە، دكتۆر عەبدول كەریم سروش پێى وایە:"شارستانییەتەكان وەكو پاشاكان وەهان و بە گوتەى شاعیرى گەورەمان سەعدى: دوو پاشا بەیەكەوە لە یەك نیشتماندا هەڵناكەن، هەر یەكەیان هەوڵدەدات ئەوى دیكەیان بكاتە دەرەوەو ببێتە تاكە بەرپرسى هەموو شتێك. لە كاتێكدا كلتورەكان وەكو كەسانى ئاسایى وەهان و دەتوانن هاوڕىَ بن و ئازیز و خۆشەویستى یەكدى بن. تەنانەت ئەگەر جار جارێكیش وەكو دوژمن ڕەفتار بكەن، دوژمنایەتییەكەیان شتێكى تێپەڕە" ، گفتووگۆى كلتورەكان و لە یەك نزیك بوونەوەیان خزمەت بە بەها مرۆڤایەتییەكان دەكات و لە برى پێكدادانى شارستانیەتەكان یان كلتورەكان كە مرۆڤایەتى دەخاتە مەترسیەوە گفتوگۆیەكى بەئاوەزانەى كلتورەكان و هەڵسەنگاندنى خاڵە هاوبەشەكان و دەرهاویشتنى لایەنە خراپەكانى نێو كلتورەكان دورخستنەوەى جەنگێكى كاول كارانەیە، ئەگەرچى لەناو هەندێك كلتوردا بە گیانێكى جەنگاوەرانەوە تاكەكان پەروەردە دەكرێن وەلىَ لەناو هەمان كلتوردا دیدو تێڕوانینى جیاواز سەرهەڵ دەدەن وەك لە نێو ئەم رۆمانەدا دەیبینین كە كەسانێكى وەك شێرزاد، هەڵاڵە، سەعید، مەجید، حەمە رەشید ئاغا، برایمۆك…
بە نووسینەوەى چەند دێرێك لە سەرەتاى رۆمانەكە كۆتایى بەم نووسینە دێنین:"ئەوە چارەنووسى تۆیە هەڵاڵە، كە خەنجەرێك شاخەو شاخ، شارەو شار و وڵاتەو وڵات شوێنت بكەوىَ، تا لێرە، لە ستۆكهۆڵم، لە گەڕەكى فلەمینسبێرگ، نهۆمى چوارەمى باڵەخانەى ژمارە هەژدە لە سنگت بچەقىَ"، ئەو خەنجەرەى كە لەلایەن باوكى هەڵاڵەوە پێشكەشى شێرزاد دەكرێت، دەبێتە وەسیلەى كوشتنى هەڵاڵە لێرەدا خەنجەر رەمزى پارێزگارى كردنە لە خود لە شەرەف بەمانا باوو تەقلیدیەكەى، دەشىَ ئەمە پەیامێك بێت لە لایەن حەمە رەشید ئاغاوە، لە لایەن باوكەوە كە سەرپێچى كردنى بەها كۆمەڵایەتیەكان و ئابڕووبردنى بنەماڵە تەنها بە خوێن رشتن قەرەبوو دەكرێتەوە ئەگەرچى لە رووداوى برایمۆك و هەڵاڵەدا ئەوە روونادات وەك لە پێشتردا ئاماژەم پێدا كە تا رادەیەك كراوەیەى عەقڵیەتى حەمە رەشید ئاغا پیشان دەدات، وەلىَ پیاوى رۆژهەڵاتى لە هەموو كاتێكدا ناتوانێت خۆى لە نەریتە باوەكان لابدات ئەگەر بڕوایشى پێى نەبێت.
1-گرەوى بەختى هەڵاڵە عەتا نەهایى
2-میراتى دانپێدا نەنراوى سێرڤانتس/ میلان كۆندێرا/ وەرگێڕانى لە ئەڵمانیەوە: كەریم پەرەنگ/ سەردەم ژمارە 23
3- شەڕ لە نێوان ئەقڵانیەت و نا ئەقڵانیەت لە هزرى ئەوروپیدا/ هاشم ساڵح/ وەرگێڕانى: سامان عەلى/ سەردەم ژمارە 18
4-دایالۆگى كلتورەكان لەبرى دایالۆگى شارستانیەتەكان/ چاوپێكەوتنێك لەگەڵ د.عبدالكریم سروش/ وەرگێڕانى: د.هادى محمد/ سەردەم ژمارە 51